Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئاخۆ باز لەسەر شانی خەڵك دەنیشێتەوە؟

ئاخۆ باز لەسەر شانی خەڵك دەنیشێتەوە؟

Closed
by August 19, 2012 گشتی

 

 

زۆر جار لە چیرۆك و ئەفسانە و حیكایەتەكاندا شتگەلێك هەن، كە مرۆڤ لە قۆناغێكی ژیانییدا وا دەزانێت ئەو شتانە جگە لە خەیاڵ و بەسەرهاتی ناواقیعی هیچی دیكە نین. لەو قۆناغەدا مرۆڤ ناتوانێت لەوە تێ بگات ئەو چیرۆك و ئەفسانە و حیكایەتانە هەر لەخۆوە و بەبێ‌ مەبەست و هەڕەمەكی نەچنراون. ئەو چیرۆك و ئەفسانە و حیكایەتانە بە شێوەیەكی رەمزی، هەندێ‌ ڕاستییمان بۆ دەگێڕنەوە كە لە ناو واقیعدا ڕوویان داوە. یەكێك لەو بەسەرهاتانە كە لە قۆناغی هەرزەكاریمدا خەیاڵی دەبزواندم و دوای قۆناغی هەرزەكاری تا چەند ساڵێكیش وام دەزانی تەنها ڕووداوێكی دروستكراوی خەیاڵە و ئەگەری ڕوودانی لە ناو واقیعدا، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، بێگومان ئەگەرێكی زۆر زۆر لاوازە، حیكایەتەكانی ئەو بازانە بوو كە گوایە هەڵ دەدران و لەسەر شانی هەر كەسێك بنیشتنایەتەوە دەبوو بە پاشا.  ئاسان نییە مرۆڤ بڕوا بەوە بهێنێت، كەسێك كە لە ژیانییدا هیچ بەرپرسیاریەتییەكی نەبوو بێت و ڕادەی ئەزموونی سەركردایەتی سفر بێت و توانای بیركردنەوەی تا ڕادەیەكی زۆر سنووردار بێت و ئازایەتی بڕیاردانی تێدا نەبێت، هەر بەوە كە بازێك لەسەر شانی دەنێشێتەوە ببێت بە پاشا. هەر بۆیە من نەم دەتوانی بڕوا بە راستێتی ئەو چیرۆكانە بێنم. پێم وا بوو ئەو چیرۆكانە جگە لە سەرمەستكردنی گوێگر و تێپەڕاندنی كاتەكانی دەستبەتاڵی، نە هیچ حیكمەتێكیان تێدایە و نە لە هیچ بارودۆخێكدا، ئەگەری ڕوودانیشیان هەیە. بەڵام ئێستا زۆر باش دەزانم ئەو كەسە گومناوانەی ئەو چیرۆك و حیكایەتانەیان چنیووە، ویستوویانە بەو شێوازە ڕەمزییە رەخنە لە واقیعێك بگرن، كە تیایدا خەڵكانێك كراون بە پاشا، كەمترین پێداویستییەكانی پاشایەتییان تێدا نەبووە. ئێستا دەزانم ئەو چیرۆك و حیكایەتانە نەك هەر لە كاتی خۆیاندا شتگەلێك نەبوون لە دەرەوەی واقیع، ئێستاش لە ناو واقیعدا بوونیان هەیە و بە شێوازی دیكە چەندبارە دەبنەوە. وردبوونەوە لە ئەدا و كار و كردەوە و قسەكردن و ئەتەكێتی هەندێك سەركردە و وەزیر و پەرلەمانتاری ئەم سەردەمە، بە ڕوونی پێمان دەڵێت: بەڵێ‌ ئێستاش خەڵك هەن باز لە سەر شانیان دەنیشێتەوە و دەیان كات بە سەركردە و وەزیر و پەرلەمانتار! 

 

*گۆشەی راز و نیاز، كوردستانی نوێ‌، ژمارە (5859)  17/8/2012

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.