Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئاخۆ بەڕاستی مرۆڤەكان مەترسین بۆ سەر یەك؟

ئاخۆ بەڕاستی مرۆڤەكان مەترسین بۆ سەر یەك؟

Closed
by May 27, 2012 گشتی

 

زۆر جار بیر لەوە دەكەمەوە مرۆڤەكان بۆچی یەكدی قبووڵ ناكەن؟ ئاخۆ بەڕاستی مرۆڤەكان بەو ڕادەیەی كە خۆیان بیری لێ‌ دەكەنەوە مەترسین بۆ سەر یەك؟ من هەست دەكەم هیچ كار و كایە و بوارێك ئەوەندە بچووك و بەرتەسك نییە كە مرۆڤەكان، یان راستتر، هەندێ‌ لە مرۆڤەكان بیری لێ‌ دەكەنەوە. تاكە شوێنێك كە زۆر تەنگ و بچووكە، ئاسۆی بیركردنەوەی ئەو جۆرە مرۆڤانەیە. كێشەی ترسان لەیەك و هەوڵدان بۆ سڕینەوە و ناشرینكردنی یەك، كێشەیەكی كۆن و فرە ئاست و فرە رەنگە، لەوانەیە لە بواری سیاسییدا ئەم كێشەیە لە هەموو بوارەكانی دی زەقتر خۆی نمایش كردبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە تەنها لە سیاسەتدا قەتیس بكرێت. ئەم كێشەیە لە بواری ئەدەب و داهێنانیشدا بەزەقی دەبینرێت. زۆرجار شاعیر و نوسەرەكان زۆر خراپ لەدژی یەك قسە دەكەن. زۆر سەیرە هەندێجار بەئاشكرا هەست بەوە دەكەیت شاعیرێك، چیرۆكنووسێك، ڕەخنەگرێك، ئەوەندەی بە ڕوخاندنی ماڵی هاوڕێكانییەوە سەرقاڵە، نیو ئەوەندە بە درووستكردنی ماڵێكەوە بۆ خۆی، خەریك نییە. هەندێك لە شاعیر و چیرۆكنووس و ڕەخنەگرەكانی ئێمە، لەبەردەم گەورەیی هاوڕێكانیاندا هەست بەبچووكی دەكەن. لەبەر ئەوە هەموو هێزی خۆیان بۆ بچووككردنەوەی هاوڕێكانیان تەرخان دەكەن. من بڕوام بەو فەلسەفە زۆر سادە و سەرەتاییەی یۆنانییەكان هەیە، كە دەڵێت بەراوردكردن باشترین ڕێگای تێگەیشتنە لە شتەكان. ئەوان بڕوایان بەوە هەبووە هەر شتێك تا پێچەوانەكەی نەناسی خۆیشی ناناسی. ئەگەر نەزانی شەو چییە، چۆن دەتوانی لە ڕۆژ تێ بگەیت؟ بەڵام بەبڕوای من ئەمە بۆ ئەدیبەكان ڕاست نییە، ئەوان نابێت خۆیان بە هیچ كەسێك بەراوورد بكەن، چونكە ئەدەب شوێنی دەركەوتنی جیاوازییەكانە نەك لێكچوونەكان. لەئەدەبدا گرنگترین كارێك مرۆڤ ئەنجامی بدات پێشكەشكردنی جیاوازی و تایبەتمەندییەكانی خۆیەتی. لە ئەدەبدا هەر كەسە بە جیاوازی و تایبەتمەندییەكانی خۆی دەناسرێتەوە. كەس ڕاستەوخۆ پەیوەست نییە بەكەسێكی دیكەوە، كەس مەترسی نییە بۆ سەر كەسێكی دی. تەنها شتێك كە مەترسی بێت بۆ سەر ئەدیبێك بەرتەسكیی بیركردنەوەی خۆیەتی.

•    گۆشەی ڕاز و نیاز، كوردستانی نوێ‌، ژمارە (5787)  25/ 5/ 2012

محەمەد كوردۆ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.