Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

ئازادى …… محەمەدى مشیر

Be First!
by July 12, 2008 گشتی

هەرچەند لە سروشتى هزرى و دەروونى پێکهاتە و تاکەکانى ئەو کۆمەڵگەیەى لەمەڕ خۆمان رادەمێنم و سەرنجى دەدەمێ، دەبینم هەرچى دەمى دەکاتەوە باس لە ئازادى و ئازادى رادەربڕین و رێزگرتن لە مافى ئەوى دیکەى جیاواز و لێبوردەیى و…تاد، دەکات، کەچى زۆرێنەى ئەوانەشن هەر لەگەردى بەیانەوە تا زەردەى خۆرئاوا بە شێوازى جۆراوجۆر و لە شوێنە تایبەت و گشتییەکان ئازادى پێشێل و ئەنجن ئەنجن دەکەن.هەن تامەزرۆیى ئازادین و هەرچى بکەن بە ئازادیى دەزانن، هەن ئازادى لەوەدا دەبیننەوە کە ئازادانە هەرچى بیانەوێ بە خەڵکى بکەن، هیدیکەش هەن لەو نێوانەدا ئازادانە خۆیان بە کۆیلەى ئەم و ئەو دەکەن، هەموو باس لە ئازادى دەکەن بەڵام زۆربەیان پێشێلیدەکەن. حزبە باڵادەستەکان لەهەموو کۆڕو کۆبوونەوە تایبەتەکانیان یان لە بۆنەو مەراسیمە فەرمییەکان ئازادى بەخەڵک و ئەندام و لایەنگرانیان دەفرۆشن و (ئازادیان) دەکەن، کەچى ئازادى ئەندامانى حزبێکى دیکەیان قەبووڵ نییە تەنانەت ئەگەر ئەو حزبە لە تێهزرین و بەرنامەکانیشدا جیاوازییەکى ئەوتۆى نەبێت لە گەڵیاندا، گەورە بەرپرسان زۆرئازادانە و بێ سانسۆر هەموو قسەیەک دەکەن، بەڵام رازى نین رۆژنامەنووسێک رەخنەیەکى بەجێیان لێبگرێ، زۆربەى وەزیر و پەرلەمانتار و بەرپرسە حزبى و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە رەوتار و نووسینى رەخنەگر و بنیاتنەرانەى رۆژنامەنووسان ناڕازین و دڵیان دەگوشرێ، بەڵام زۆر ئاساییە بە لایانەوە لە لێدوانێکى زۆر ئازاددا دڵى هەموو خەڵک بڕەنجێنن، هەندێ لە بەرپرسان ئازادانە و بێخاترانە تەواوى کۆمەڵگە بە نەزان و کاڵفام و…دەزانن، بەڵام ئەگەر تاکە ئەندامێکى سادەى ئەم کۆمەڵگەیە ئازادانە گلەیى لەو رەوتارەیان بکات بە گێرەشێوێن و سەرەڕۆ و ئاژاوەچى لە قەڵەمى دەدەن.
ئازادانە لە پڕۆسەى بنیاتنانەوەى عێراقى نوێ بەشداریمان کرد، ئازادانەش ئەم رۆڵەی ئێمەیان بەهەند وەرنەگرت،لە نێو خۆماندا بۆ یەکتربڕین و ناشرینکردنى یەکودوو زۆر ئازادین، لە دانوستان و گفتوگۆیەکانى دەرەوەشدا (دۆستەکانمان) داوامان لێدەکەن خۆمان سەخڵەت نەکەین و ئازادانە لە مافەکانمان خۆشبین، هەمووى هەر ئازادییە، بەڵام گەلۆ زۆر لەوە دەترسم وەک چۆن ئازادانە دەستمان پێکرد هەروا ئازادانەش کۆتایى بە هەموو شتێک بهێنین! 

 

Previous
Next

Leave a Reply