Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

ئازادى پێش سەربەخۆیى …..شاخەوان عومەر سلێمان

Be First!
by March 15, 2008 گشتی

 دەگوترىَ ماف دەسەندرێت نا درێت، ئەم تێگەیشتنە لە رابردوودا بۆ ماناى ئازادیش جێگاى خۆى گرتووە و هەمان شتە، تێكۆشان و بەرگریكردن و وەستانەوە لە روى دەسەڵاتى ستەمكار، چ لە ئێستا، و چ لە رابردوو،  لە داهاتووش، ئەو راستییە دەچەسپێنىَ، كە شۆڕشەكان چەندە بۆ دەستخستنى مافەكانى مرۆڤ بەرپاكراون، دەهێندەش لە پێناو شكاندنى كۆتى دیلى و بازوى داگیركەر و هەڵدانى ئاڵاى ئازادى سەریان هەڵداوە، هەرچەندە داننان بە مافەكانى مرۆڤ بۆخۆى بەشێكە لە وەرگرتنەوەى مافە زەوتكراوەكانى مرۆڤ كە ئازادیش ئەو مەبەستەدەگرێتەوە، بەڵام وەكو باسدەكرێت پانتاییەكانى ئازادى رادەربڕین و سەربەستى بیركردنەوە و دەرفەتى تێفكرین ئەوندە فراوان و بەرینن شوێنى چنینەوەى زۆر دەسكەوتى دیكەى كۆمەڵگاى تێدا دەبێتەوە.
 لەوەتاى چەمكى ئازادى پەیدابووە، ( مرۆڤ بە ئازادى لە دایك دەبێت) لاپەڕەكانى مێژووى جیهانیش زیاتر بە خوێن و كوشتن و بڕین و یەكترى سڕینەوە، خۆسەپاندنى میر و گەدا و فەرمانڕەواكان رەشكراوەتەوە، ئەو وڵاتانەى بە سەرچاوەى  سامانە سروشتیەكان دەوڵەمەندن و خاك و ئاو هەواى بەپیت و بەرەكەتیان هەیە، هەمیشە زۆر ترین ئەو شوێنانە بوون كە لە جوگرافیاى دنیادا مەیدانى بەیەكدا هەڵپژان و روبەڕوبوونەوەى سەخت و وێرانكەر بوونە، كەواتە هیچ سەردەم و چەرخ و زەمانێك بەفەڕى و زەنگینى سروشتى هەر وڵاتێك نەك نەبۆتە مایەى بەرقەراربوونى ژیانێكى ئاسوودە بۆ دانیشتوانەكەى، بەڵكو بەردەوام ئەو هۆكارانە پاڵنەرى سەرەكى هەلپەرستانى سیاسى و سەركردەى چڵێس و چاوبرسی بووە لە زەوتكردن و قۆرغكردنى مافى  هەژار و نەداران.
  لە فیرعەون و نەمروود و ناپلیۆن و مۆسۆلۆنى….. وە زنجیرەى پێشێلكردنى ئازادى و مافەكانى مرۆڤ دەستی پێكردووە،  تاوەكو ئێستاش ئەو فیلمە بىَ كۆتاییە درێژەى هەیە و وەكو (( ئاش)) جەستەو كەرامەتى تاكەكان دەهاڕێت، هەمیشە ئازادى ئەو داواكارییە بەڕەواجە بووە كە دروشمى شۆڕش و راپەڕینەكانى قۆناغەجیاوازەكان بووە و لە ژێر پەرچەمى ئەو دەستەواژە پڕمانایەشدا بە ملیۆنان كەس خوێنیان بەخشیوە و قوربانیان داوە، سەیرەكە لەوەدایە سەركێشى و ملنەدانى دەسەڵاتداران ئەنجامى سەرخواردنى خۆیان و شەرمەزاربوونى مێژووەكەیانى لێكەوتۆتەوە، كەچى ئەوان  ئامادەبوونە وڵاتەكەیان بكەنە گەورەترین شانۆگەرى شەڕ و كوشتار و كاولكارى، بەڵام  نەیانتوانیوە مافێك سادە بەڕەواى میللەتەكانیان ببینن، كە لە بنەمادا هەر ئەو خەڵكە بوونەتە سوتەمەنى وەگرتنى كورسى دەستەڵاتى ئەوان، لاى ئێمە بەعس كەلەشەقترین و ئینكارترین دەسەڵاتى پیادەدەكرد، كە ئامادەی دروستكردنى ترسناكترین كارەسات و وەیشومە بوو، باكى نەبوو دەست لەگەڵ ناحەزترین وڵات تێكەڵ بكات و یارمەتى لە شەیتانیش بخوازێت، بەتەنیا بۆ لە ناوبردن و لە گۆڕنانى داواكارى كورد، لە كاتێكدا چەندین جار سەركردایەتى شۆڕشەكانى كورد دووپاتیان دەكردەوە كە ئەوان دووژمنى سەدام نین ، بەڵكو بۆ ماف و ئازادى خۆیان چەكیان هەڵگرتووە و لەترسى ئەو چوونەتە شاخ، بەلاى هەندێك سەركردەى بوغراو لێگۆڕا و بەتامو چێژترین كارێك، داگیركردنى ئازادى و رادەربڕینى گەلەكەیتى، واتا گەر لاى خەڵكى چەوساوە و بىَ ماف خۆشترین و ئاسودەترین ئاواتیان وەرگرتنى مافەكانیان و ئازادبوونیان بێت، لاى دەسەڵاتە كەیان پێچەوانەكەى راستە.
 راستە دیرۆكى مرۆڤایەتى بە تێكۆشان لە پێناو سەربەخۆى زەخرەفەكراوە، بەڵام گەر تۆ ئازاد نەبیت با هەر سەربەخۆبیت ، ئەو دەسكەوتە چ بەهایەكى هەیە، (( ئێستا زۆربەى وڵاتانى عەرەبى بە پێى یاسا نێودەوڵەتیەكان سەربەخۆن و لەلایەن خەڵكانێك حوكم دەكرێن، كە لە زمان و ئاین و كەلتور و رەچەڵەكیان هاوبەشى گەلەكانیان))، شا عەبدوڵاى ئەردەن خەڵكى ئەمریكانییە، موعەمەر قەزافى عەرەبە خۆ تورك نییە، ئەسەدى كوڕ عەرەبى عەلەویە، كەچى لە دەستورو و رێساكانیان، ئازادیەكان تەنگترین و بەرتەسكترین سنوری نەفەسدانیان پێدراوە.
 گەلى ئازاد ئەو گەلەیە بچوكترین مافى دەربڕین و نمایشكردن و بیركردنەوە و رەفتاركردن و هەڵوێست وەرگرتنى رێ لىَ نەگیرابێ و بتوانێت و بوێرىَ ئەوەى دەیەوێت و ویستى پێیەتى بیكات و بیڵێت، بەڵام بەمەرجێك چوارچێوەیەكى یاسایى و دەستورى ئەو مافانە پۆلێن بەندبكات،  تائەو ڕادەیەى رێگاى رۆشتنى ئاراستەى ئازادیەكانى تۆ بدات، كە ئەو دەرفەت پێدانە نەبێتە مایەى پێشێلكردى مافى ئەوانى دیكە یان ئەوى تر.  

                        
          
Shakawan77@yahoo.com
 
 

Previous
Next

Leave a Reply