Skip to Content

Wednesday, December 1st, 2021

ئازادی نووسین و ئەتەکیەتی نووسین،….. .

Be First!
by September 17, 2009 گشتی

ئازادی نووسین و ئەتەکیەتی نووسین،ئەنارشیزمی حیزبی و ڕۆژنامەگەری

     چەند ڕۆژە رۆژنامەو لاپەڕەکانی ئنتەرنێتی کوردی وچەندین ڕێکخراو و کەس باسی ئەتەکیەتی ڕۆژنامەگەریان کردۆتە سەردێڕی خۆیان،ئەم باسەو   گرنگی پێدانی دوای یەکدوو جەولەی تاوانبارکردن وناشیرین کردن دێت لەلایەن دەسەڵات و لەبەرانبەریشدا ئۆپۆزیسۆن و ڕۆژنامە ئەهلیەکان، ئەگەر ئەمە هەرکەف و کوڵی هەڵبژاردن بووایە نەدەبووە جێی باسی من چوونکە تێگەیشتن لەوەی کە لەکۆمەڵگایەکی لەگرێژەنەچووی وەک کوردستان و بوونی سەدان چەکدارو چەندین دەزگای ئاسایشی حیزبی و چەندین دەست و بەرژەوەندی ناوخۆو دەرەکی کەهەریەکەیان بەدوای بەرژەوەندی خۆیەوەیەو لەسەر سفرەکە خەریکی کاگەغەزێنی خۆیەتی دیارەو ناکرێت چاوەڕوانیەکانمان زۆر لەسەردابنێن، سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و حکومەتیش وەک تەرەفێک ئێستا هاتوونەتە مەسەلەکەوەو دەیانەوێت قسەیان هەبێت و لە شێوازدا وادەردەکەوێت کە هەموو بەدوای ڕێگاچارەدا دەگەڕێن بەڵام لەناوەرۆکداو بەکەمێک لێوردبوونەوە ئاسان ئەبینین هەرکەسەو ئامانج و ئەجندای خۆی هەیە.سەیرترین شت ئەوەیە هەموو لایەنەکان بەهەمان تۆمەت یەکدی تۆمەتباردەکەن (ڕێزنەگرتن لە مافی خەلک و تایبەتیەکانی و بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت و شتی شەخسی ونا پرۆفیشناڵبوون و لەدواجاردا یەکدی تاونبارکردن بە گەندەڵ وقەڵەمی شەڕانی وبێمەعریفە!)

کە لەڕووی دەرەوەی ئەم بابەتە ووردئەبینەوە و بە زاهیر و شەن و کەوکردنی زۆر لەجێی خۆیدا دێتە بەرچاو!،ڕەنگە زۆر خۆماندوو کردنی نەوێت ئەگەر بڵێین دیالۆگ و گفتوگۆی کراوەلەسەر پرسێک باشترین ڕێگایە و خراپترین شتی کۆمەڵگای ئێمە ڕەنگە ئەوەبێت دوای ئەوەی شەڕ و خوێن  تەواو شەکەتمان دەکات و بڕستمان لێدەبڕێت دێین باس لەدانووستاندن و دیالۆگ دەکەین، زۆرینەی دانوستاندنەکان و گفتوگۆکانی چەندین ساڵی کۆمەڵگای ئێمە دوای کوشتارە گەورەکان و یان دوای کەلەپارچەکردنی فیزیکی و مەعنەوی یەکدی بووە،جێگەی پرس و تێڕامانی قووڵە و لەهەمان کاتدا پێوانەیەکی گرنگمان دەستدەکەوێت وەختێک سەرنووسەر و بەڕیوەبەرانی چواردەزگای ڕاگەیاندنی ئەهلی لەدەستپێکی هەڵبژاردندا چاوپیکەوتنەکەی مەسعودبارزانی سەرۆکی هەڕێمیان ڕەتکردەوە لەبەرانبەریشدا سەرۆکی هەرێم بۆجاری چەندەمین لەبەردەم میدایاکاندا کەوتە تەنەلێدان و گاڵتەپێکردن بەمیدیاکان و بە نەخوێندەوار لەقەڵەمیدان ،ڕەنگە ئەمە جەمسەری كڵپەساندنەوەی کێشەکان بێت ،ئەم دەزگایانە هیچیان خۆیان لەسەربەخۆو دەزگای ڕاگەیاندنی پرۆفیشناڵ بەکەمتر نازانن و بەخوێنەرانیان ئەڵێن کە بەدوای ڕاستی و هەواڵ و داتای ڕاستدا وێڵن،بەڵام خۆیان ڕێگا لەخۆیان دەگرن ونایانەوێت بچن و پرسیارەکانی خۆیان ئاڕاستەی بارزانی بکەن و لەپشتی پەردەوە ڕووپێوی کۆنگرەکە دەکەن،کەلەدونیای واقێعدا ناوەندە خەبەرییەکان هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و چاوپیکەوتنی ڕووبەڕوو بۆهەندێک چاوپێکەوتنی گرنگ و داتای زیندوو پارەیەکی زۆر سەرف دەکرێت تا لەدونیای واقیعدا بواری ئەوەبکەیتەوە کەدەستت بەزانیاری ڕابگات ،دیارە فاوڵێکی عەنتیکەتر لەمە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کردی کەدەزگایەکی حیزبی وێران و بێهێزەو خۆی وەک نوێنەری ڕۆژنامەنووسان دەناسێنێت،کە نەقیبی ڕۆژنامەنووسان بە جێی پرسیارو باس و ڕەخنەوبەرگری کردن لەڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەگەری  لەگەڵ بارزانیدا کەسەرۆکی هەڕێم بوو،نەک هەر پرسیاری نەدەکرد بەڵکو وەک عەبدێکی سەرۆک دەستی لەملی ئەدا بۆ قسەکانی سەرۆک.

ڕەنگە باشتر بێت کەمێک ڕۆبچینە مێژووی ٢٠ ساڵەی خۆمانەوە و لەوێوە نیگایەک بدەین، لە سترەکچەری خێزانی و سیاسی کۆمـەڵگای خۆمانەوە ئاستی گەشەو بەشداری تاک لەکۆمەڵگای ئێمەدا،نوخبەی سیاسی و نوخبەی ڕۆشنبیری،دەوری کۆمەڵگاو سترەکچەری خێڵ و بەهێزی ئەم کۆڵەکەیە و پەیوەندی حیزب و خێڵ،ئاستی بەرهەم هێنانی کۆمەڵایەتی و بەشداری لە کاری کۆمەڵایەتیدا،مەسەلەی هاوڵاتی بوون و مافی هاوڵاتی و خۆبە هاوڵاتی زانین ،جێگەو ڕێگای ژن و مەسەلی ژنان وستەمی کۆمەڵگا،مەزهەب ومەزهەبی بوونی کۆمەڵگاو دەوری مەزهەب و مزگەوت،ناوەندەکانی پەروەردەو پێگەیاندن وخوێندی باڵا،کاری سیاسی و دەوری سیاسەت و کارکردی لەسەرکۆمەڵگاو بەپێچەوانەوەش دەوری کۆمەڵگاو رەنگدانەوەی وکاردانەوەی لەسەر بەراست و چەپدابردنی پرۆژەو کاری سیاسیەکان،من ناچمە بەش بەشی ئەم مێژوو پرۆسانەوە،بەڵام لەباسەکەی خۆمدا حسابیان لەسەردەکەم.

ئەو وێنە جوانەی کەلەکۆمەڵگای کوردی پێشان ئەدرێت و وەک خەڵکی نموونەیی و شۆڕش گێڕو کراوەو میوان دۆست وخاوەن قسەو کۆمەڵگای شاریی و…هتد ئامادە بۆدونیای مۆدێرن و دیموکراتی بەمانای گشتی خۆی زۆر جێگەی تێڕامانی منە، بەهەمان شێوەش وێنە پێچەوانەکەی کۆمەڵگاش کە خۆی لە تەنها ئیمانداری و کۆنسەرڤاتیف و دێهاتیبوون و خێڵایەتیدا ئەبینێتەوە دیسان جێگەی تێڕامانە،ڕاستی بوونی شارو پەیوەندیەکانی ژیانی شارو بەرهەم هێنان و ژیانی کۆمەڵایتی بەمانا مۆدێرنەکەی لەلای ئێمە دەکرێت زۆر ببێتە جێگەی قسە، تێکەڵی ی فەوزای سیستەمی بەرهەم هێنان و ساغنەبوونەوەی لەنێوان سەرمایەداری و دەرەبەگایەتیدا و ڕەنگە بتوانێت والێکبدرێتەوە کە سەرجەم کۆمەلگاش لەم ناوەندەدا وەستاوەو بەو هۆیەشەوە سەرجەم ڕایەلەکانی تری ژیان و بەڕێوەبردن لەژێر سێبەری ئەم فەوزایەدا داناڵێنن،کوێرانەترین لایەنی ژیانی ئێمە حەماسەت و عاتیفەیە،ئەمە ئەوەیە کە ڕێک لەبەرانبەر مەنتیق و بیرکردنەوە بەکارهێنانی هوشیارانەی عەقڵ و کاری بەدواداچوون ولێکۆڵینەوەدا دەوەستێتەوە،ژیانی ئێمە تەژیەلەم دوو ڕەگەزە نامەنتقیە، گرنگی ئەمە دەتوانین لەسەرجەمی کونوکەلەبەرەکانی ژیانی خۆماندا ببینین،بێئەمانە ئێمە ئەو باڵندە تەنهایەین کە خۆمان دەکوژین،ئەم دوو عونسورە هەمیشە دەمانخەنە گیژاوەوە وهەر کەسێک یان شەیتانە یان فریشتە،بۆهەرهەڵەیەک و ڕایەکی جیاواز دەکرێت ئەم وێنەیە بگرۆڕێت،ئەمە لەوەدا زۆر تۆخدەبێتەوە کە ڕۆشنەبیرەکانیشمان گرنگی زۆری پێدەدەن وسیاسیەکانمان ماڵی سیاسی و ژیانی خۆیان لەسەر بنیاتدەنێن.

گرنگی ئەو جەند قسەیەو چاولێکردنی ئەو تێرم و وێنانە بواردەدات کەهەندێک واقعی و لەکات و شوێن و بەناسینێکی واقعیانەوە قسەبکەین وخۆمان لەقسەو لایەنگری کوێرانە بپارێزین و لەم ڕاستایەوە دوو قسەی دروستبکەین،ئەوەی کەدەسەڵات لە ١٨ساڵی ژیانی خۆیدا کاری گەورەی نەکردووە،پاوانکاری کردووەو کۆمەلگای لەشەڕو ململانێدا غەرقکردووە و سەرجەم بەرهەم هێنان و داهاتی کۆمەڵایتی و بوونی نەبوونی ئەوانی بەخۆیەوە شەتەکداوەو هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی قۆرخکردووە،سەرکەوتوونەبووە،ئازادی پێشێلکردووە وکۆمەڵگای نەبردۆتەپێش وهەنگاوی گرنگی لەم فرسەتە گرنگانەدا نەناوەو و خەریکی خۆ پفدان و گیرفانی خۆی و قاسەکانی حیزب بووە،زۆر قسەهەڵناگرن،بەوهۆیەی هەموو ئەمە ئەزانین و دەسەلات خۆشی ئەمە ئەڵێت و لە موناسەبەو بێ موناسەکانیشدا باسی ئەکات!. ئەوەش کە ئەم هەموو داگیرکاریە و توندوتیژیە سیاسیە لەبەرانبەرداو لەناو کۆمەڵگاوە پەرچەکرداری دەبێت وخەڵکیش بە ڕاست و چەپ وبەهەمان کەلتوری بەرانبەر هەمان تیرۆرو ناڕەوایی ئەنجام دەدات هێشتا دەکرێت قسەی لەسەربکەین،لەدونیای واقعی و لەکۆمەڵگای دیموکراسیی و کراوەدا تەنها هێزە زۆر کۆنسەرڤاتیڤەکان دەست بۆهەمان چەکی ناڕەوا دەبەن بۆ وەڵام دانەوە وخستنە ژێر زەڕەبینی ئاکارو ژیانی شەخسی‌ و پریڤاتی بەرانبەر.لەم جەنگەدا کەمتر ڕەوایەتی کۆمەڵگا بەدیدێنن،پێچەوانەکەی لەکۆمەڵگای کوردیدا ئەبینین،هەموو بەکەم و زیادەوە پەنا بۆ دەمکوتکردن و سەرکوتکردن ئەبەن ،بەهێزەکان بەتوانان و کەم هێزەکان کەم تواناتر بەڵام لۆجیک هەمان شتە،لەبەرانبەر توندوتیژی دەسەڵاتدا،لەبەرانبەر تاڵانکاریدا،لەبەرانبەر بەربەریەتی نووسین و ڕۆژنامە حیزبیەکانیدا،بەرانبەر میدیای بەناو ئەهلی و سەربەخۆ کەلە ڕاستیدا ئەمانیش گروپ و حەڵقەی چووکەڵەو کۆمپانیان و بە قسەی خۆشیان بۆفرۆشی زۆری ڕۆژنامەکە گەورەترین تایتڵدادەنێن،با ئەو سەردێڕە هیچ پەیوەندی بەبابەتەکەوەش نەبێت، خۆی دەکاتە نوێنەرو ڕیشسپی جەماوەرو هەموو ڕەوایەتیەک بەخۆی ئەدات. دەبێت ئەوەش لەیادنەکەین کەئەم ڕۆژنامانە دەوریشیان بووە و نابێت لە کارەکانیان کەم بایەخ بڕوانیین بەڵام رەخنە لێرەوەیە کە ئەمانیش ئەرکی خۆیان لەبیرکردووەو دەوری سیاسی و ڕیکخراوەیی بۆخۆیان بەگرنگتر ئەزانن و لێرەشەوەیە کە بەم ئاسۆیەوە ئەچنە ئەم کێشەیەوە،ئەمڕۆی نوسین و ڕۆژنامەگەری کوردی پێچەوانەی خۆی و ئامانجەکانی کاردەکات و خۆی ئەخاتە گێژاوەوە،کێ زۆرزبرو ڕاستڕەو و لیبراڵ دەنوسێت و ئێسقان ئەشکێنێت و بەهۆی هەرهەڵەیەک یان کێشەیەکەوە ئیسنانبوونی بەرانبەر ژێرپێدەنرێت ئەوە ڕەواج و رەونەق پەیدائەکات.

کاغەز ڕەشکردنەوەو ماوس بادان و هەندێک جار بێکاری و فێرنەبوونی پیشەیەک و دەوربوون لە بەرهەم هێنان و بەڕێوەبردن کۆمەڵگاو ئاوارەیی و دابڕانی واقعی لە کۆمەڵگاو  بوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بێکارو و پارەی سۆسیال و پاڵدانەوە لەچەند ساڵی ڕابردوودا هیچ کەسایەتیەکی بۆ ووشەو نوسین نەهێشتەوەو،نووسینی کرد بەشەڕە جوێن و پێکداهەڵپڕژان و شەرە دەنووک، ئەمانە خەریکە بەبارە خراپەکەشیدا دەبنە بار بەسەر ڕۆشنبیریەوە،بەجێگای ڕۆشنبیرو نوسەرو لیكۆڵینەوە و هەواڵ و ڕاستی وەیشومەی چەقاوەسویی و سەرەتاتکێ لەهەموو شوێنێک و بە خراپ و باش ناو هاتن و لەسەر دەم و لاپەڕەکان بوونە دیاردەیەکی هێندە زەق هەرکەس بەدوایی زانیارەوە بێت دەبێت بچێت لە شوێنێکی تر پەیدای بکات نەک لەم میدیایانەدا!

ئەگەر لە ١٨ ساڵی ڕابردوودا دەسەڵات تاوانباری ئەوەیە کەبەرهەم هێنەرەوەی کلتوری توندوتیژی و درێژە پێدەری مۆدێلی بەعسیزمی و شمولیەتە،ئەم چەندساڵەی دوایی لەبەرانبەرداو لای ئەوانەی کەپێیان وایە و یان وانیشان ئەدەن کەڕەخنەیان هەیە،هەمان کەلتورو ڕیسا دەگرنەوە،لەبەرانبەر بەرپسری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارتی و یەکێتیدا کە زۆر نەشیاو دەنووسن و خەڵک و خوێنەرو بەرانبەریان ئەکەنە بە ئاژەڵ و نەزان و بێعەقڵ…..،بەرانبەرەکانیان بەتوندی و بەهەمان ئاواز لە میدیائەلەکترۆنیەکان ولە ڕۆژنامە ئەهلیەکاندا وەڵام ئەدەنەوە.ڕەگەیاندن و نووسین لەو هۆکارە گرنگەی کەدەبوو هۆکاری دیالۆگ و ڕێگای مەنتق بێت،لەئێستادا ڕەنگە پێشڕەوی نامەنتق و هۆکاری شەڕو پەشێوی بێت،کەم نین ئەوانەی لەم کایەیەدا هەم لەناودەسەڵات و هەم لەدەرەوەی دەسەڵات و میدیای سەربەخۆدا لەپاڵ ئەم کارەدا ولەم بارودۆخە بەهرەمەندن و لە پێبەخشینی تۆمەت و ناڕاستی و نامەنتق خێرەومەندن و ژیانی شاهانەیان دابین کردووە و بوونەتە ناوێک ،زەرەرمەندی یەکەم خەڵک و خوێنەرە،ئەوان دەبێت هەواڵ و زانیاری ڕاستیان بەدەستبکەوێت،زەرەرمەندێکی تر نووسەرەکانن،ئەوانەی بەڕاستی نووسەرن وخۆیان بەزانیاری وداتاکانەوە ماندووئەکەن و لەهەر وێرگول و خاڵێکی نووسینەکانیان ووردئەبنەوە.

لێرەوە جێی خۆیەتی دوو قسە لەسەر ئەوهەوڵانە بکەین کەباس لەبەرگرتن بەم بارودۆخەدەکات،دەسەڵات دەیەوێت بەم ڕێگایە دەمی خەڵک بگرێت وخەڵک بێدەنگ بکات تاچاو لەوهەموو ناعەدالەتیانە بپۆشیت کەدەیکات بەرانبەر بەهاوڵاتیان و سەرجەم پرسەکۆمەڵایەتی و سیاسیەکان و دەیەوێت بچێتە شوێنێکی هێند بڵندو عاسی کەکەس نەیگاتێ و نەوێرێت سەرنجیبدات، بەرانبەر دەیەوێت بەربەوقەلدڕی و دەمهەراشیەی دەزگای ڕاگەیاندی حیزبی و حکومی بگرێت،بەڵام خۆشی بەهەمان چەک ئەچێتە ئەو جەنگەوە کە یان ڕەنگە ڕاستتربڵێم خۆی داهێنەری یەکەم یان دووەمی ئەم بارودۆخەیە،سەندیاکای ڕۆژنامەنووسان کە ناوەندێکی ئیفلیج و حیزبیەو لەڕیزەکانیدا خەڵکانێک هەن کەسەرقافڵەن لەم هەموو وێرانکاریەدا،نوزەیەک دەکات و دەیەوێت واپیشانبدات کە ئەمیش هەیەو ناوبژیکەرە!

رەنگەر سەیرنەبێت کە ئەوە بڵێین،کەسەرجەم ئەم هەوڵە بەڕوکەش و ئەم قسانەی کەدەکرێن،بەئاقاری بەرەو باشتربوون نین،بەپێچەوانەوە بۆ خۆ نەبانکردن و بێتاوانیشاندان و پێشخەڵک و خوێنەرکەوتنە!
کۆمەڵگاو سیستمێک کەسەرجەم داهاتی نیشتمانی  لەناو حیزبەکاندا دابەش بکرێت و دەزگای راگەیەندنی گەورەگەورەی ملیاردی لێدروست بکرێت،کە تەنها بە بەرژەوەندی کۆمپانیاکان و حیزب ئەچەرخێت و بە جێی بەرهەم هێنان وبەخشینی زانیاری وهونەر و مۆسیقا،خەریکی دابەزاندنی زەوق و سەلیقەی خەڵک و خوێنەرو بیسەربن و لەشکرێك تێیاندا بەهرەمندبێت و پارەیان ڵیوەربگرێت،لەبەرانبەریشدا ئەوانەی کەڕەخنەیان لەم ناڕەواییە هەیە بەهەمان ڕێچکەداو بەڵام بەناوی ئازادبوون و سەربەخۆبوون و ئەهلی بوونەوە بەگۆشەیەکی جیاوازتر خەڵک و خوێنەر سەرکوێردەکەن.
سەرجەمی ئەوانەی باسمکردن تەنها شتێک دەتوانێت ڕیکیان بخات و بیانخاتە جێگەی خۆیان،دەوڵەتی مۆدێرن ویاساو دیموکراتە،بەبێ ئەمە سەرجەم کایەکانی بەڕیوەبردن و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا دەبنە گاڵتەجاڕ و تەنها لەبەرژەوەندی گروپ و تاقمێک دەسوڕێن، ئەوە یاساو دەوڵەتی دیموکراتە کەدەپرسێتەوە سەرۆک و پەرلەمان و ئەندامانی چیان کردووە و چەندین کاریان ڕاپەڕاندووە لەو کارانەی کە بۆیتەرخانکراون  چەندسەرکەوتووبوون ،نەک پێچەوانەکەی کە هەمیشە لێڵ کردنی گۆمەکەو بەکار هێنانی دەسەڵات و تواناکان بۆ قۆرخکردن و ۆدەوڵەمەندکردن بووە . بەبێ ئەمەو چوارچێوەیەکی مۆدێن و ڕێکخەر کەهەرکەس دەکرێت بۆ مافی خۆی داوابکات و لەسەبێڕێزی و داشۆرین دادگابگرێت هەر هەوڵێک کەدەدرێت ئەگەر ئامانجی باشیش بۆخۆی دیاریبکات کایەکەی لە لایەن دەسەلات و خێڵ و هێزەکانەوە تێکدەدرێتەوەو نیوەناچڵ دەبێت.

hangau@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply