Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

ئاسۆى دۆرِانێكیتر له‌پشت وێكهاتنه‌وه‌ى بازنه‌ى ئازادىدا…..ئیرۆن عومه‌ر

Be First!
by January 8, 2008 گشتی

 بۆ ئازادى ته‌نها یه‌ك مانا هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤه‌كان هه‌ست بكه‌ن كه‌ ئازادن، ئه‌و گوزارشته‌ چه‌ند ته‌فسیرو شیكردنه‌وه‌ى جیاجیا هه‌ڵده‌گرىَ هێنده‌ جێگاى بایه‌خ نییه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌ رِوانگه‌ى بینینى سنوورى ئازادییه‌كانى خۆمان لێى ده‌رِوانین، چى له‌باره‌ى ئازادى گوتراوه‌و نوسراوه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ى خۆمان له‌ قسه‌كردن له‌باره‌ى بێدادىو نه‌بوونى ئازادى له‌ ژیانى خۆمان هه‌ڵیده‌هێنجین له‌ تێگه‌یشتنى واقیعىو رِاستییه‌كانى سه‌رگۆرِه‌پانه‌كه‌ نزیكمان ناكاته‌وه‌، چاره‌نوسى ئازادى كۆمه‌ڵ و نیشتمان به‌ستراوه‌ به‌ چاره‌نوسى ئازادى هه‌ریه‌كىَ له‌ ئێمه‌وه‌، چاره‌نوسى دۆرِان و له‌ده‌ست چونى خه‌ونه‌كانى نه‌ته‌وه‌ش به‌ستراوه‌ به‌ تێگه‌یشتنى ده‌سه‌لاَتدارانى ولاَت له‌ باس وخواسى ئازادى له‌سه‌ر زمانى هه‌ریه‌كى له‌ ئێمه‌.
     سه‌ركرده‌كانى كورد كه‌ كلیلى كردنه‌وه‌ یان داخستنى ده‌رگان به‌سه‌ر ئازادییه‌ فه‌ردىو گشتییه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ هێزى یه‌كه‌م و به‌رپرسى یه‌كه‌من له‌وه‌ى دواى چاوه‌رِوانییه‌كى زۆرى پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و هه‌وڵێكى زۆرى خۆیان و هاریكارى ته‌واوى گه‌له‌كه‌یان، نیشتمان له‌ چیدا فۆرمالیزه‌ ده‌كرێته‌وه‌، له‌ رِزگاربوون و كوردیبوونه‌وه‌یدا  یان له‌ مانه‌وه‌ى له‌ ئیختیارو چاوه‌رِوانى برِیارى ئه‌وانه‌یتردا!، مه‌گه‌ر ده‌كرێت به‌بىَ بوونى ئازادى مرۆڤه‌كان له‌ رِووى ژیانى كۆمه‌لاَیه‌تییه‌وه‌ نیشتمانێكى ئازاد به‌دیبێت له‌رِووى سیاسییه‌وه‌، لانى كه‌م بۆ ئێمه‌ى كورد هه‌رگیز نا كه‌ هێشتا خاوه‌ن سنورێكى سیاسى دانپێدانراو نین، چونكه‌ ماناكانى ئازادى نیشتمان به‌رله‌وه‌ى له‌وێنه‌كێشانى سنووره‌ سیاسییه‌كان بۆیان بگه‌رِێین له‌ناو نمایشه‌كانى ئازادى خه‌ڵك به‌رجه‌سته‌ ده‌بن، نیشتمانێكى ئازاد چ مانایه‌كى هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كانى ناو ئه‌و نیشتمانه‌ له‌بنچینه‌دا ئازاد نه‌بن.
      ئه‌مرِۆ ئه‌ورِوپاو خۆرئاوا هێزى یه‌كه‌من له‌رِێكخستنه‌وه‌ى هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان له‌ جیهاندا، چاوى خۆرئاوا جۆرێك له‌ كورد ده‌رِوانى كه‌ تا چه‌ند تواناى په‌سندكردنى ده‌ركه‌وته‌كانى ژیانى هاوچه‌رخ و رِوخساره‌كانى ژیانى خۆرئاواییان هه‌یه‌، خۆرئاوا ئاماده‌گییه‌كى ته‌واوى هه‌یه‌ له‌ناومانداو له‌ سه‌دان كه‌ناله‌وه‌ چاودێریمان ده‌كات، داخستنى گۆڤارێك و سزادانى رِۆژنامه‌نوسێك به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت كه‌ ناكرێت له‌ چاوى چاودێران به‌دووربێت پێشكه‌ش كردنى وێنه‌یه‌كى ناشیرینى ئه‌زموونى كوردییه‌ به‌ خۆرئاوا له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاَته‌وه‌، ئه‌ى ده‌بێت په‌سندكردنى یاسایه‌ك به‌ناوى رِێكخستنى كارى رِۆژنامه‌نووسى كه‌ له‌سه‌ربرِینى ئازادى رِۆژنامه‌نوسى به‌ولاوه‌ شتێكیتر نییه‌ چ وێنه‌یه‌كمان لىَ بداته‌ ئه‌و لایه‌نه‌ چاودێریكه‌رانه‌،  سه‌رۆكایه‌تى كورد به‌تایبه‌تى سه‌رۆكى هه‌رێم ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ به‌و شێوازه‌ په‌سند بكات كه‌ له‌په‌رله‌مان په‌سند كرا ده‌بێت ئه‌وه‌ى له‌ بیر نه‌چێت كه‌ مێژوو ده‌نوسێت له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌لاَتى ئه‌و سه‌رۆكه‌ یاسایه‌كى دژ به‌ ئازادى رِۆژنامه‌گه‌رى له‌كوردستاندا په‌سند كراوه‌.
    نابێت له‌ ساته‌وه‌ختى ئێستادا سه‌ركردایه‌تى كورد چاره‌نوسى ئازادى رِاده‌ربرِین و ئازادى رِۆژنامه‌گه‌رى كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئایینده‌ى چاره‌نوسى كورده‌وه‌ هه‌یه‌ بداته‌ ده‌ست شێخ و مه‌لاو سه‌رۆك هۆزه‌كانى ناو په‌رله‌مان، ئه‌وانه‌ى به‌ ئازادى ده‌ربرِین و رِه‌خنه‌گرتن رِانه‌هاتوون، خه‌ڵكى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌نگى به‌ حیزبه‌كانیان نه‌دا تا پیاوه‌ عه‌شایه‌رو نه‌ریتخوازو ئایینىو سیاسییه‌ نابه‌رچاورِوونه‌كان بنێرنه‌ ناوپه‌رله‌مان و ئه‌مانیش ئه‌مرِۆ چه‌قۆ له‌ ملى ئازادى رِۆژنامه‌نوسیمان بخشێنن، بۆ ئه‌وه‌ ده‌نگیان پێدان تا كه‌سه‌ رِۆشنبیرو یاساناس و تێگه‌یشتوانى گۆرِانى هه‌ڵومه‌رجى دونیا بنێرنه‌ ناو ئه‌و په‌رله‌مانه‌و خه‌ڵك له‌ سێبه‌رى برِیارو یاساكانیان ئومێد به‌ ئایینده‌یه‌كى باشتر په‌یدا بكات، كه‌سانێك له‌وێنه‌ى ئه‌و چه‌ند په‌رله‌مانتاره‌ ئازاو هه‌ستیارانه‌ى شایسته‌ى هه‌ڵگرتنى ناوى په‌رله‌مانتارین و ده‌نگیان به‌ په‌سندكردنى یاساى قه‌ده‌غه‌كردنى ئازادى رِۆژنامه‌نوسى نه‌دا.
     كۆت وبه‌ندكردنى ئازادى ده‌ربرِین به‌ بیانووى له‌به‌رچاوگرتنى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یىو دابونه‌ریتى گشتى به‌بىَ شیكردنه‌وه‌و پێناسه‌كردنى ئه‌وچه‌مكانه‌ چ مانایه‌كى هه‌یه‌ جگه‌ له‌ مه‌رام و خواستى ئه‌وانه‌ى خۆیان پاسه‌وان و پارێزه‌رى هه‌ره‌توندرِه‌وى نه‌ریته‌ كۆن و به‌سه‌رچووه‌كانى نێو كۆمه‌ڵگاى داخراو و ترادسیۆنالن، كه‌ هه‌رگیز ناكرێت باوه‌رِمان وابێت ئه‌و نه‌ریتپارێزانه‌ له‌ چالاكترین و هۆشیارترین توێژى كۆمه‌ڵگاى كوردى كه‌ نوسه‌ران و رِۆژنامه‌نوسانن پتر به‌ته‌نگ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى كوردییه‌وه‌ بن، كه‌ پێناسه‌یه‌ك بۆ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى له‌كوردستاندا هێشتا له‌گۆرِێدانییه‌ چۆن برِوا بێنین به‌وه‌ى كه‌ ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى له‌كوردستان تێكهه‌ڵكێشى ئاسایشى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى پارته‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كان ناكرێت و به‌ بچوكترین رِه‌خنه‌گرتن له‌ سیاسه‌ت و رِه‌فتاره‌كانى حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كان یان هه‌ڵسوكه‌وت و گوتارى سه‌ركرده‌كانیان رِۆژنامه‌نوس به‌ره‌ورِووى قورسترین سزاى سه‌پێنراو نابێته‌وه‌، داب و نه‌ریتى گشتى كه‌ له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستورێكى نیشتمانى پێناسه‌یه‌كى بۆ نه‌كراوه‌ ئه‌گه‌ر بۆ دواجار له‌ نێو یاساكه‌ جێگیر بوو نوسه‌رێك یان رِۆژنامه‌نوسێك نادۆزینه‌وه‌ بتوانێت له‌سه‌ر ئیشكالیه‌تى ناوده‌قه‌ ئایینیه‌كان و نه‌ریته‌ دژه‌ مه‌ده‌نییه‌كانى ناو ئایینه‌كان و نه‌ریته‌كانى خێل و هۆزى خاوه‌ن هه‌زاران پیاوى ده‌مارگیرو شێخ و مه‌لاى دژ به‌ مه‌ده‌نیه‌ت و نامولته‌زیم به‌ رِه‌وتى پێشكه‌وتن و رِیشسپىو نورانییه‌كان و رِێزلێنراوه‌كان و له‌وه‌ش واوه‌تر دواكه‌وتوویىو كۆنه‌پارێزى هه‌ندىَ له‌پێكهاته‌كانى ناو خه‌ڵكى كوردستان له‌هه‌مووشى هه‌ستیارتر ناسیۆنالیزمى كوێرانه‌ى كوردى قسه‌ بكات و نه‌كه‌وێته‌ به‌ر رِه‌حمه‌تى سزاى قورسى ئه‌و یاسایه‌.
   سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و هه‌ردوو ده‌سه‌لاَتى یاسادانان و جێبه‌جىَكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌كاتى ئێستادا به‌رپرسیارن له‌وه‌ى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وله‌تى به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى قورساییان هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌مانداو كاریگه‌رییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر گۆرِانكارییه‌كانى داهاتوو چۆن ده‌رِواننه‌ ئارِاسته‌ى سیاسه‌ت و خواسته‌كانى كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌رپه‌رسیارن له‌وه‌ى كه‌ ئه‌وان رِووى گه‌شى كرانه‌وه‌و هه‌وڵى به‌مه‌ده‌نیبوون و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ و په‌ره‌پێدانى كلتورى دیموكراسى له‌كوردستاندا ببینن و به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ پشتگیریمان دودڵنه‌بن، یان ته‌سكبوونه‌وه‌ى سنووره‌كانى ئازادىو پارێزگاریكردن له‌ نه‌ریت و به‌ربه‌ست خستنه‌ به‌رده‌م گۆرِان و گوێرِاكێشانى رِۆژنامه‌نووسان رِه‌چاو بكه‌ن و ببێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى رِومان لىَ وه‌رگێرِن، جێگیربوونى ئه‌وپرِۆژه‌ یاسایه‌ى به‌ناو رِێكخستنى كارى رِۆژنامه‌نووسى وێرِاى ئه‌وه‌ى بێزمانكردنى رِۆژنامه‌نووسان و كوشتنى حه‌زى داهێنانه‌ له‌ بوارى رِۆژنامه‌گه‌رىو دابرِاندن و ته‌ریككردنیه‌تى له‌ كارنامه‌و وه‌زیفه‌ى كارى رِۆژنامه‌نووسى له‌هه‌موو دونیا، بێزمانكردنى هه‌موو ئه‌و كه‌س و رِێكخراو و هێزه‌ نێوده‌وله‌تیانه‌شه‌ كه‌ تاكو ئێستا سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانمان له‌گه‌ڵمان هاوده‌نگ بوون، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ سه‌لمێنراوه‌كانى سه‌رنه‌كه‌وتنى كورد له‌ ئه‌زموونى دیموكراسیدا. 
eron_umer@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply