Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

ئاسۆ دۆزینەوە و خۆقوورتارکردن لە ڕابردوو

Be First!
by August 31, 2011 فەلسەفە

ئاسۆ دۆزینەوە و خۆقوورتارکردن لە ڕابردوو
بەپێوەندی بە ئایاری 1968 ی پاریسەوە

ڕووداوی ئایاری 1968 ی پاریس ئەو وێنەیەی لای ئێمە، و بگرە بەشێ لە توێژەرەوانیش، دروستکردوە کە پاریس لەپاش ئایاری 1968 ە وە دەبێ بە پاریسێ تر. ئەمەوادەکات ئەوانەی ئەو وێنەیەیان لادروستبووە باوەڕییانبەوەیە دەکرێ باس لە دوو پاریس کرێت، پاریس پێش ئایاری 1968 و پاریس پاش ئایاری 1968. ئەم دابەشکردنەی پاریس بەمانای جیاکردنەوەی ئەو ئێستایەدێت کە ئایاری 1968 دروستیکرد لەچاو پێش ئایار کە دەچێتەخانەی ڕابردوەوە. ئەمەش لەبەرئەوەی ئایاری 1968 تەقانەوەێ کۆمەڵایەتی پێویست بوو کە کۆمەلگەی فەڕەنسی فڕێدایە ناو دوو مێژوەوە ، مێژووی پێش ئایاری 1968 و مێژووی پاش ئایاری 1968. هۆی جیاکردنەوەی ئەو ئێستایەی پاش ئایاری 1968 دەستیپێکرد لەو ڕابردووەی پێش ئایاری ناوبراو زالبوو پێوەندی بەو ئاسۆیانەوە هەیە لاوان و بەتایبەت قووتابیان دۆزییانەوە. ئەلبەتە هێنانەدی ئاسۆکان هەنگاوبوون بۆ بنیاتنانی ئەو جیاکردنەوەیە. گومانیشی ناوێت، جیاکردنەوەی دوو کات لەیەکتر و کردنی ئەو دووکاتەش بە دژەجەمسەرییەکتر بەهۆی ئەو بزووتنەوەیەوە کرا شیاوکرێت کە لەسەر شەقامەکانی پاریسا لەماوەی 6 هەفتەی نێوان ئایار و حوزەیرانی 1968 وەگەڕخرا.
لەم حالەتەدا بەدگومان نیین گەر بێژین، ئایاری 1968 ، کە شەپۆلێ یاخیانەی گەورەی لێپێکهات، بنکەکەی فەڕەنسا و ئەمجار پاریسیش بوو، هەولێکبوو بۆ دۆزینەوەی ئاسۆگەلێکی نوێ و نزدیک لەساتەوەختیشەوە. بازووی ئەو یاخیبوونە قووتابیانی زانکۆکانبوون و مەشخەلی بەرەنگاربوونەوەکانی ئەو دەمەش بوون، کە ئەمەش  تا ناوەندی حوزەیرانی 1968 ی خایاند. گشت ئەوەش لەو ماوەیەدا، کە 6 هەفتەێک بوو، لە شەقامەکانا ڕوویدا بۆ ئازادکردنی ئاسۆ چەپێنراوەکان بوو، کە گەردەلوولی ڕووداوەکانی ئایار دەیویست کاریان لەسەرکات. بەپێی زۆربەی ئەو ئەدەبیاتە سیاسیانەش بێت تایبەت بەم ڕووداوە قووتابیانەییە نووسراوە یاخیبوونی ناوبراو پەرچەکرداریێ تووندی چەپەکانی پاریس و ئەورووپا بوو. ئەمەش لەبەرئەوەی ئەو دەمە هێزی سیاسی چەپ بێوێنە و ماناداربوو ، ئەلبەتە هۆ بۆ ئەو بێوێنەی و مانادارییەی چەپەکان زۆرن، بۆ نموونە: زالبوونی سێستەمی سەرمایەداری جیهانی و بەپرسیاری ئەم سێستەمە لە دروستکردنی دیاردەی وەک ڕەگەزپەرستی، شەڕبازی ، داگیرکاریەکانی ئەم سێستەمە لەفۆڕمی کۆلۆنیالیزم و گەڕانەکانی بەدووی بازاڕی نوێ، زیادبوونی ڕادەی چەوسانەوەی ئابووری و بڵاوبوونەوەی بێکاری و بێمافی و هەژاری و نامۆی لە کۆمەلگە و ..هتد.
لەگەلێ ڕووەوە ئەوی لایسەرەوە ووتمان پێوەندی بەو لێکۆلینەوانەوە هەیە تایبەت بە بزووتنەوەی ئایاری 1968 کراون. چونکە زۆربەی ئەوانەی لێکۆلینەوەیان بۆ بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی فەڕەنسی کردووە دان بەو ڕاستییەدا دێنن کە قەیرانی ئابووری ئەودەمەی فەڕەنسا ماناێ زۆری بۆ سەرهەلدانی ئەو بزووتنەوەیە هەبووە. ئەو قەیرانە بێئاسۆی لە کۆمەلگەی فەڕەنسی بەرجەستەکردبوو. ئەو قەیرانە ئابوورییە کە نادادپەروەریێ کۆمەلایەتی گەورەی لە کۆمەلگەی ئەودەمەی فەڕەنسی دروستکردبوو بببوو بە بناغە بۆ ڕوودانی ئایاری 1968 ی فەڕەنسی و یەگرتنەوەی قووتابیانی زانگۆکانی فەڕەنسا لەگەل چینی کرێکار و جووتیاران لەسەر جادەکانا. بە چاوپیاخشانێکیش بە ئەرشیفی ئەو سەردەمە و داواکاری و دروشمەکانی قووتابیان بۆمان دەردەکەوێت کە لە دروشمەکانیانا زۆرجار لە سنووری سیاسی و دۆزی ئابووری فەڕەنسا چوونەتە دەرێ و دەنگی یاخییانەیان بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ڤێتنام و چەندین کێشەی سیاسی تری نێودەولەتی بەرزکردۆتەوە. ئەلبەتە وەزیری پەروەردەی ئەو دەمەی فەڕەنسا وەک هەموو وەزێرێکی پەروەردەی گشت ولاتێ ڕەفتاریکردووە و پۆلیسی پاریسیش تابلێی زەبری بەکاربردووە و زانگۆی سۆربۆن و دەوروبەرەکەشی لەودەمەدا بووە بە شوێنی کۆبوونەوەی قووتابییە یاخییەکان و مندالدانی پێکدادانەکان. ئەلبەتە ئەم قووتابیانە ئەو توێژە بوونە کە پتر لەگشت توێژ و چینەکانیتر لە دووری ئەو ئاسۆیانە تێگەیشتنوون کە دەکرا لەڕێگای ئەم بزووتنەوەیەوە بێتەچێکردن. بەپێیئەوەی تەنیا گۆڕینی سیاسی و هەڵاوگۆڕانی کۆمەڵایەتی دەیتوانی ئەو ئاسۆ نوێیانە بەخێوکات کە ئەم توێژە هیوایان بە هاتنەچێبوونی هەبووە بۆیە ئەم توێژە کاریان لەسەر گۆڕینی ئاقاری سیاسی فەڕەنسی ئەو ساتەوەختە کردووە کە پێویستبووە بگۆڕدرێت. ڕاستە ئەمە وەک خۆی و بەتەواوەتی بۆ ئایاریەکان نەهاتە دی و دەسەڵاتی بۆرژوازی دۆگۆلی فەڕەنسی سەرلەنوێ کەوتەوەسەر کار بەڵام ئەو بزووتنەوەیە و ئاسۆکانی بۆ نەوەی دواتر و بۆ ئەوانەش کە پاش ئەم بزووتنەوەیە ویستویانە شەقام بکەن بە دالدەێ بۆ مانگرتن و ووتنی “نەخێر” وانەێ سیاسی و کۆمەڵایەتی مەزن بووە. بەپێی ئەو پێشەکییەش بێت فڕانسوا باربۆ François Barboux بۆ کتێبی””تامێ ڕاستەقینەی بەختەوەری”” نووسیوە تامی بەختەوەری ئەو کاتانەی ئایاری 1968 ڕوویدا ، تامی پێکەوەبوون و پێکەوە قسەکردن ، هەرگیز دووبارەنابێتەوە (1). ئێمەش لێرە لەسەر قسەی یەکێ لە ڕابەرانی ئایاری 1968 بۆئەوەدەچین کە جوانی مانگی ئایار بەرپرسیاری و موڕالی تازەی لەتەک خۆدا هێنا(2). هەروەها ئەو بەرپرسیاری و موڕالە تازەیەی تائێستا کۆمەلگەی فەڕەنسی دەیژێت ،کە بەری بزووتنەوەی ئایارە، پەرەپێدەرە بەو ئاسۆیانەی ئایاریەکان خەونیان بە هەبوونیەوە دەبینی. کەمترین شتێکیش کە لێرە دەشێ باسیلێکرێت وەک نیشانەێک لەسەر ئەو موڕالە مەسەلەی بایەخدانە بە لاوان لە کۆمەلگەی نوێی فەڕەنسیدا. واتە گەڕانەوە بۆ لاوان و گرنگیدان بە لاوان بەشێکە لەو دەستکەوتانەی بزووتنەوەی ئایار کاری لەسەر کرد.
هەر لەسەرەتاوە بۆ ئایاریەکان ، بۆ لاوان و قووتابیانی سەر جادەکان ، گۆڕان و ڕیفۆڕمی ڕاستەقینە هیوابوون و ئەو ئاسۆیەشبوون کە شایانی کارلەسەرکردنبوون، ئەو ئاسۆیەی کە هیواهەبوو دژ بە ئاسۆ کەنەفت و بێئایندەکانی ناو دامەزراوەکانی کۆمەلگە(خێزان، زانگۆ، کارگە و …) بەکارببرێن. بینینی ئەو ئاسۆیانەش نە شتێ ئاسان بوون و نەش بێ بناغە. بۆیە یەکێ لەو خەسلەتانەی ئایاری پێیناسراوە بایەخدانە بە بەدیهێنانی ئەو هیوایانەی بتوانێ گۆڕان لە کۆمەلگە بخاتەوە. وەکیتریش چاوقایمی و ووردەکاری لاوان و قوتابیان لەو کاتەدا ئامرازێ بوون بۆ کارکردن لەسەر بەدیهێنانی هیواکان. ئەوەتا پاش تێپەڕبوونی ساڵانێ زۆر بێرنار کۆشنێر Bernard Kouchner ، کە یەکێکە لە ڕابەرەکانی بزووتنەوەی ئایاری پاریس، لەو پێشەکیەی بۆکتێبی “” ئایاری 68: مێژوو  لە فۆتۆ دا”” نووسیوە، بەمجۆرە لەم لایەنە دێتەگۆ: لەلایەن ئایاریەکانەوە کار بۆئەوەکرا ئاسۆکانی 1968 لەوانە:  بەڕەوایکردنی سێکس، لەباربردن ، بەئازادیکردنی زانیاری ، بەدیموکراسیکردنی کۆمەلگە و قووتابخانە و نەخۆشخانە و کارگە بەیاسایبکرێت (3). 
ئەم لایەنەی لایسەرەوەش بۆ ئێمە ئەوە دەگەێنێت کە ئازادی و مافی مرۆڤ و ئایاری 1968 پێکەوە گرێدراوبوون. ماهیەتی گشت ئەو پێکەوەگرێدانەش بریتیببون لە دروستکردنی ئاسۆی نوێ، جیا لەو ئاسۆیانەی لە ڕابردوودا لە کۆمەلگەدا هەبوون. چونکە ئەو ئاسۆیانەی پێشتر، پێش ئایاری 1968 ، هەبوون بێ ڕیشە و ناقولبوون، تەموومژاوی و گومڕابوون، توانای تێهزرینی لەناو لاوان و قوتابیان کوشتبوو.
وێرای ئەوی لایسەرەوەش ووترا، گەر بویسترێت قسە لەهەندێ لەو ئاسۆیانە بکرێت کە بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس لەپشت دروستکردنیەوە بوو ،بێهیچ ڕاڕایێک ، پێویستە ئاماژە بەو جۆرە ئیتیکە یاخییانەییە بکرێت بزووتنەوەی ناوبراو لەتەک خۆیداهێنای، کە ئەم ئیتیکە تائێستاش لە کۆمەلگەی فەڕەنسی کاریگەرە و کاریخۆیدەکات. ئەم ئیتیکە کە خۆی لەسەر “نەخێر” دامەزراند ئیشی ئەوەبوو “بەرپەچ”ی ئەوەبداتەوە کە لەتەک دۆزی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی و ئابووری قووتابیان و کرێکاران یەکناگرێتەوە. بۆیە هەلەناکەین گەر بلێین: بەبۆچوونی زۆربەی ئایاریەکان بزووتنەوەی ئایاری 1968 ی پاریس گۆڕانکاری لەتەک خۆدا هێنا ئەم گۆڕانکاریانەش ئاسۆیان لەبەردەم تاک لە کۆمەلگە، بەهەموو دامەزراوەکانیەوە، دروستکرد. هەروەها پێشیان وایە ئەو قووربانییانەیدایان ئەوەیدەهێنا و لەسەر زۆربەی ئاستەکانیش ئەو گۆڕانکاریانە دیارە: گۆڕینی شوێنی ئافرەت لە مالەوە ، گۆڕینی تێگەیشتن بۆ مانای تاکبوون و واتای ئازادی و ئازادی جەستەی ئەم تاکە و …هتد.
ئەلبەتە پێشئەوەی ئایاری 1968 بێتەدونیاوە بێئاسۆیێ زۆر لەنێو تاک و کۆی ئەورووپای زالببوو و ، هەربۆیە کە ئایاری 1968 هاتەچێکردن زۆر بەسەر ئەو مێژووەدا تێنەپەڕیبوو کە هاوڵاتیانی ئەورووپای تیایا کاتێ سەخت و دژوارییان بەدەست ئەو دوو جەنگە دڕندە جیهانییەوە بەسەربردوو کە شەکەت و نامۆی کردووبوون. ئەمەش وایکردبوو نەوەی تازەی ئەورووپا ، و بەتایبەت لاوان و قووتابیانی چ پاریس و چش پایتەختەکانی تری ئەورووپا ، بەرامبەر بە ڕژێمەکانیان بێڕادە داخلەدلبن و کۆی سێستەمەکانی خۆیانیان پێهەلە و بەد بێت. ئەمەش والە ئێمە دەکات کە بلێین ئەوی لە ئایاری 1968 دا لە پاریس و لە شارەکانی تری فەڕەنسا و ئەورووپا ڕوویدا ڕاستە شتێ خۆرسکی پێویست و  چرکەی بوو، شتێبوو بەرهەمی تێگەیشتنێ هەنووکەی و پەلە و کتوپڕ بوو بەڵام لەهەمانکاتدا هەلگری ئازارەکانی ڕابردوو و برینە کۆنەکان و هەلە کوشندە سیاسی و ئیدیۆلۆژیە لەوەوبەرەکانیش بوو. بۆیە گەڕانی ئایاریەکان لەناو گشت ئەو برین و ناتەباییانە بەدووی ئاسۆیێ نوێ شتێ نە ئاسان بوو و نەش چاوەڕێنەکراو.
بەشێتر لەو بەرپرسیاری و موڕالە تازەیەی لایسەرەوە وەک لایەنێ لە ئاسۆکانی بزووتنەوەی ئایاری 1968 دەخوازین ئاماژەیپێبدەین مەسەلەی شۆڕشکردنە لە پەروەردە. چونکە بۆ گەلێ ئاشکرایە ڕووداوەکانی ئایاری 1968 چ لە پاریس و چ لە شارەکانیتری ئەورووپا (بەرلین، ستۆکهۆلم، تۆکیۆ و..) لە زانگۆکانەوە دەستیپێکرد. ئەم جۆرە دەستپێکردنە بەخۆی دواتر بوو بەئاماژەێک بۆ زۆربەی ئەوانەی کە پاش 20 و یان 30 و 40 سالێک هاتوونەتەوە سەر شیکردنەوەی ڕووداوەکانی ئایاری پاریس بە دۆزی پەروەردە و ئەکادیمی و باری گوزەرانی قووتابیان لەو دەمەوە بیبەستنەوە.
ئاشکرایە فەڕەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەدالدەی ڕۆشنگەری دادەنرێت و بابەتی پەروەردە هەمیشە گرینگی خۆی لای بیرمەندان و ڕوناکبیرانی سیاسی ئەم وڵاتە هەبووە وەلی ئایاری 1968 ی پاریس ویستی ئەو وێنەیە هەلوەشێنێتەوە یان ویستی ئەوە نیشاندات کە پەروەردەی ڕۆشنگەری لە فەڕەنسا لەسەرەمەرگدایە و لە بێباری زیاتر شتێئەوتۆی لە کۆمەلگە دروستنەکردووە. ئەوەبوو زۆربەی قووتابیانی زانگۆکانی پاریس و بەتایبەت زانگۆ گەورەکەی شاری پاریس کە دەکات سۆربۆن بوو بە مندالدانی ڕووداوەکانی پاریس و شوێنی پێکدادان لەنێوان قووتابیان و پۆلیس دا. بۆیە هەلەناکەین گەر پێگیری لەوەکەین کە یەک لەو شتانەی بزووتنەوەی قووتابیانی ئایاری 1968 لەتەک خۆیا هێنای گومانکردنبوو لە وانەی مامۆستاکان و لەو پەروەردەیەش  باوکەکان و گشت ئەو دابونەرێتەی قووتابخانە و کلێسە و خێزان پشتگیریلێدەکرد. هەروەها هەر ئەو پەروەردەیەش بوو وایکردبوو کوڕان پێش ڕووداوەکانی ئایاری 1968 بۆیان نەبێت بچنە بەشی ناوخۆی کچانەوە(4) و پێوەندی نێوان نێر و مێش لە حەرەمی زانگۆ پڕبێت لە یاساغی و تابۆ. بۆیشە قووتابیانی سۆربۆن و فاکولتێتی نانتێر بەلایەنەوە مەبەست بوو گۆڕان بخرێتە وانەکانی یان مێتۆدی وانە ووتنەوە لە بواری زانستە مرۆیەکان (زانستە کۆمەڵایتیەکان) هەربۆیشە قووتابیانی فاکولتێتی نانتێر لە ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکانی فاکولتێتی نانتێر دا کێشەیان لەگەل مامۆستایانی بەشی کۆمەلناسی فاکولتێتی ناوبراو ( بۆنموونە ئێدگار مۆران Edgar Morin، ئالان تورێن  Alain Touraine ، و…..) دا هەبوو.
 ئێمە لەمیانەی ئەو چەند ووتنەی لایسەرەوە ویستمان ئەوەش بلێین کە، سێستەمی پەروەردە لە کۆمەلگەی فەڕەنسی پێش ئایاری 1968 بێبەها و نەزۆک بوو. چونکە ئەو پەروەردەیە لە کۆمەلگەێ ڕاستڕەوی داخراودا کاریخۆیدەکرد کە ئامرازێکیشبوو بۆ دوبارەدابەشکردنی کۆمەلگەی فەڕەنسی بەسەر دوو چین دا و ، دوورخستنەوەی ئافرەت و پیاو لەیەکتر و پەرتکردنی تواناکان و کردنی زانگۆ بەبەشێ لە کارگە و لە بەندیخانەکان ئامانجی سەرەکی ئەم جۆرە پەروەردەیەش بوو. هەربۆیە ڕاپەڕینی ئایاری 1968 زۆرجار وەک ڕاپەڕینێ قووتابیانەییانە دەبینرێت کە تێکڕای داواکانیش لە گەرووی قووتابیانەوە هاتەدەرێ.
گەر ڕوونتر تایبەت بە کێشەی پەروەردە لە سەرووەختی پێش بزووتنەوەی ئایاری 1968 بدۆین دەلێین: بەپێیئەوەی زانگۆکان لە پاریس و لەگەلێ لە شارەکانی تری ئەورووپا ببوون بە مۆلگەی ناتەبای کۆمەڵایەتی و جیاوازی چینایەتی ئەم لایەنە دۆزی پەروەردەی شێواندبوو و هەروەها نێوەندی ئەکادیمیش لەژێرکاریگەری ئەم بارە ناهەموارە لەتوانایا نەبوو توێژینەوەی زانستی باش بەرهەمبهێنێ و یان قووتابیانی زانگۆکان لەبەر سەختی باری گوزەرانیان نەدەپەرژانە سەرئەوەی گەشە بە ئاستی زانستی خۆیانبدەن بۆیە ڕووبەرڕووبوونەوەی قووتابیان لەتەک دەسەڵاتی سیاسی و دامودەزگاکانیا ببوو بە ئامانج و ئایاری 1968 ی لێکەوتەوە. ئەلبەتە بەتەماشاکردنێکی ئەفیش و درووشمی قووتابیان لەماوەی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 دژایەتیکردنی کەسی پەروەردەکار و مامۆستا و تەنانەت بیرمەندیشی پێوەدیارە. کەواتە شکستی قووتابخانە و زانگۆکان لەڕووی پەروەردەییەوە و ، دەستەوەستانی پەروەدەکار لەئاست کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان ببووە هۆیئەوەی قووتابیانی زانگۆکان لە سێستەمی پەروەردەی فەڕەنسی تووڕەبن و زانگۆکان بکەن بەبنکەی خۆپیشاندانەکان و زۆربەی ڕابەرانی خۆپیشاندانەکانیش قووتابیانی زانگۆکان بن (دانێل کۆهن – بندیت  Daniel Cohn-Bendit ، ئالان ژێسمار Alain Geismar ، و… ).
وێرایئەوە دەششێ ئەوەش بلێین، ئەو جیاوازییە چینایەتیەی لە کۆمەلگەی فەڕەنسی ووردە ووردە ئەستوور و جۆرراوجۆردەبوەوە لە نێوەندی ئەکادیمی و زانگۆکانی فەڕەنسا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو و ، زانگۆکانیش ڕۆلی خۆیانیان لەبەهێزکردنی جیاوازیە چینایەتیەکان بەئاشکرا دەبینی. چونکە قووتابیانی چینە هەژارەکان نەدەگەیشتنە قۆناغی زانگۆ و یانیش نەیاندەتوانی لەو بەشانەدا بخوێنن و تیایا ببن بە پسپۆڕ کە زارۆکی خێزانە دەولەمەندەکان دەیانتوانی. بۆیە هەژارەکان پاش تەواوکردنی خوێندنی زانگۆش هەر وەک هەژار و دەستکورت دەمانەوە و هەمان ئەو جیاوازیە چینایەتیەیان دووبارە بەرهەمدەهێنایەوە کە نەوەی پێشتر دووبارەبەرهەمیهێنابوەوە.
ئەوی لایسەرەوە ووترا پشتگیرییە لەو بینینەی  ژان – فرانکلین نارۆدێتسکی Jean- Franklin  Narodetzkiگوزارەیلێدەکات لەو پێشەکیەی بۆ کتێبی “”ئایاری 68 لە بەکاربردنی کەمتر لە 20 سال”” نووسیوە و کە پێیوایە ئایاری 1968 بریتیبوو لە یاخیبوونێ دژ بە سێستەمی سۆسیال (5). جێووتنیشە ، هەر ئەو دژایەتیکردنەی سێستەمی سۆسیالی فەڕەنسی بووە هۆکاری ئەوەی ئەو ئاسۆیانە لە کۆمەلگەدا بەرهەمبێن کە ئەمڕۆ دەبینرێن. بۆنموونە یەک لەو ئاسۆیانەی ئایاری 1968 لەتەک خۆیا هێنای، کە بەشێکیشە لەو دژایەتیکردنەی سێستەمی سۆسیالی فەڕەنسی، بەنێوەندبوونی لاوان بوو وەک هێزێ سیاسی و کۆمەڵایەتی. هەروەها ئەوەش کە چۆن کوڕەلاوەکان کچەلاوەکانیان لەتەک خۆیانا ڕاکێشایە ناو خۆپیشاندانەکان و، شەڕی سەرجادەکانیشیان ،لەتەک ئاسایشی فەڕەنسی، لەتەکیەکاکرد.ئەلبەتە تێکەلبوونیش لەتەک بێگانە و داننان بە مافەکانی بێگانە و دالدەدانی بێگانەکان لایەنێکی تری ئەو شەڕەبوو ئایاریەکان لەتەک سێستەمی سۆسیالی فەڕەنسیدا کردیان. چونکە ئەو دەمە لە فەڕەنسا و لە پاریس بێگانەکان لە ژیانێ نالەبار دەژیان و دیاردەی ڕاسیزم (ڕەگەزپەرستی) کۆمەلگەی فەڕەنسی کردبوو بە دالدەبۆخۆی و کێشەی سیاسی بێگانەکانیش لە وڵاتانی خۆیان (بۆنموونە ئەلجەزائیر) لەبەر ڕەفتاری سیاسی هەلەئامێزی فەڕەنسیەکان بارێ دەروونی و کۆمەلایەتی ناهەمواری بۆ دروستکردبوون بۆیە هەرکە قوتابیانی فەڕەنسی کەوتنە سەر شەقامەکان بێگانەکانیش هاوشان لەتەک قووتابی و کرێکاری کارگە گەورەکان کەوتنە سەر جادەکان و ، شەریش لەتەک پۆلیسی فەڕەنسی لەو دەمەدا بوو بە بابەتی هەموان. ئێستا کە لە فەڕەنسا قووتابیێ بێگانەی زۆر لە زانکۆکان دەخوێنن و بگرە زارۆکی توێژە کۆمەڵایەتیە هەژارەکانیش توانیویانە بگەنە زانگۆ  ئەمە بۆخۆی لەگەلێ سەرەوە بەری بزووتنەوەی ئایار و ئەو ئاسۆ تازانەن لە کۆمەلگەی هاوچەرخی فەڕەنسی پاش ئایار هاتنەکایەوە. تەنانەت ئەوەش کە بێگانەکان لە هێلی پێشەوەی سیاسەتکردندا دەبینرێن (بۆنموونە بوونی نیکۆلای سارکۆزی Sarkozy N. بە سەرۆککۆماری فەڕەنسا) و ، یان بەگشتی سیاسەت دەیەوێ دەرگای بۆ بێگانە و غەیرە فەڕەنسیەکان لەسەر پشتبێت هەندێ ڕووی ئەو ئاسۆ نوێیانەن لە کۆمەلگەی تازەی فەڕەنسی ، کە دەکات کۆمەلگەی فەڕەنسی پاش ئایاری 1968، دەردەکەون. بەواتاێتر، بەپێی تەماشاکردنی کۆشنێر بێت ئەوە ئایاری 1968 ە کە وایکردوە ئەم دیموکراسیەتەی ئەمڕۆ هەیە بیژێین(6). ئەمەش دیسانەوە بەلگەێترە بۆ پێگیریکردن لەسەر ئەوەی کۆمەلگەی هاوچەرخی فەڕەنسی لە گەلێ جەمسەرەوە بەری تەقەلا و خەباتەسەر شەقامیەکانی ئایاریەکانە و ، بەری ئەو کۆششانەشە ئایاریەکان بۆ جیاکردنەوەی کۆمەلگەی فەڕەنسی لەو کۆمەلگەیە داویانە کە ئاسۆ کوژ و نەوە ئازار دەربووە(7).

 

  ئازاد حەمە/پاریس

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان:
1.Claude Schwartz. Un certain goût du bonheur: Mai 1968-juin 1969 Editions Findakly 1998،p.3.
2.Göksin Sipahioglu. Mai 68 : l’histoire en photos. Preface de  Bernard Kouchner. Avant – propos de Jean Bertolini. Scali، 2008، 10.p.
3. هەمان سەرچاوەی پێشوو و هەمان لاپەڕە.
4.Gérard Guégan. Mai 68 à l’usage des moins de 20 ans. Textes choisis et présentés par Gérard Guégan. Préface de Jean-Franklin Narodetzki، Babel، série Révolutions، n° 323، 1998، p.14.
5. هەمان سەرچاوەی پێشوو ، لا 25-23.
6. بڕوانە هەمان سەرچاوەی ژمارە 2 و هەمان لاپەڕە.
7. لەم نووسینەی لایخوارەوە نووسەران هەولدەدەن وێنەێکمان لەسەر کۆمەلگەی سویدی و ئەورووپای پێش ڕووداوەکانی ئایاری 68 بدەنێ و ئەوەش نیشاندەدەن چۆن نەوەی 68 دژ بە نەرێتە کۆنەکان خەباتیانکردووە و ویستوشیانە دیموکراسیەت شوێنی گشت شتە هێراکییەکان لە کۆمەلگەدا بگرێتەوە:
 Ulf Bjereld och Marie Demker. I Vattumannens tid? En bok om 1968 års auktoritets¬uppror och dess betydelse i dag”. Hjalmarssson & Högberg 2005.

Previous
Next

Leave a Reply