Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ک‌

Be First!
by March 4, 2008 ئەدەب

پشکۆنه‌جمه‌دین……

سه‌رماێتی به‌فر!
کزۆڵ کزۆڵ ده‌خزێته‌ ژێر شڕه‌پاڵتۆی پێشمه‌رگه‌یه‌ک
 په‌نجه‌ ڕچیوه‌کانی له‌ سنگی ئاگراویی کیژێکی قه‌ندیل ده‌نێ
به‌فر ئاهێکی پێدا دێته‌وه‌
به‌فر سوورهه‌ڵده‌گه‌ڕێ!

* * *
له‌ به‌رزه‌فڕیی خۆی ناڕازییه‌ ته‌وار
ئه‌زموونی به‌رز‌فڕین له‌ کیژه‌کانی قه‌ندیل
فێرده‌بێ
ته‌وار له‌ ته‌هی ئاسماندا چاو هه‌ته‌ری ناکا و
سێڕه‌ی چ ڕاوچییه‌ک نایبینێ!

* * *
قه‌ندیل له‌ بڵندیی باڵای دوودڵه‌
دڵکرمێیه‌ له‌ ڕژدیی که‌پکه‌کانی
قه‌ندیل له‌ سه‌رشانی کیژێکی خۆی داده‌نیشێ و
هه‌زار لوتکه‌ی لێ سه‌وز ده‌بن
دارستانێ که‌پک و زنار لێک ده‌ئاڵێن!
* * *
له‌نێو دۆزه‌خی دووکه‌ڵدا کوێره‌ هه‌تاو
هۆن هۆن ده‌گری
هه‌تاو هانا بۆ کیژێکی قه‌ندیل ده‌با
کیژی ئاشق
سه‌ری زمانی له‌ چاوی هه‌تاو ده‌خشێنێ
هه‌تاو قاقا پێده‌که‌نێ
چیا ده‌بێته‌ چلچرا!
* * *
من له‌مێژه‌ "ئاشوماش"م له‌گه‌ڵ تفه‌نگدا کردووه‌
من ده‌زانم سبه‌ی له‌گه‌ڵ کازیوه‌دا
له‌ ده‌ره‌یه‌کی قه‌ندیلدا بزر ده‌بم
گوورگێک په‌لامارم ده‌دا
کیژێک ده‌بێته‌ فریادڕه‌س
چه‌کێکم به‌ دیاری ده‌داتێ
من به‌ ئه‌شقی دێرینمه‌وه‌
نێوچاوی کیژه‌که‌ و
ڕووخساری چه‌که‌که‌ش ماچ ده‌که‌م.

ی فیبریوه‌ریی 200828

Previous
Next

Leave a Reply