Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

ئاماژەکانی دروشمەکانی ئایاری 1968 ی پاریس

Be First!
by June 10, 2011 فەلسەفە

49. “”خۆشیەکانی سبەی ناخۆشیەکانی ئەمڕۆ ناسڕنەوە.””

ئێمە ئەم ئەفیشەی ئایاریستەکانی سەر شەقامەکانی پاریس بەرەو ئەو تێڕامانەمان دەبات بلێین: شەستوهەشتیەکان دەیانەوێت گومان لە دواترکەن و گومان لەو شتەشکەن پێیدەووترێت خۆشی، ئەو خۆشیەی پاشان دێت، ئەو خۆشیەی گوایە بەڕێوەیە. چونکە بە ئەفیشەکەدا دیارە ئەوانەی کەوتوونەتە سەر جادەکان قووربانین و ستەمێ زۆریان دیووە و ئەو چاکسازیەش کە دواتر دێت ڕەنگ نییە ناخۆشیەکانیان بسڕێتەوە. هیچ دووریش نییە گومانی خۆپیشاندەران لە سبەی ، لە داهاتوو، واینەکردبێت خودی مەسەلەی خۆشی بە شتێ لاواز بزانن لەچاوی ئەوی چەشتویانە. بۆیە ئێمەش دەنگمان دەخەینەپال ئایاریستەکان و جەغت لەوەدەکەین کە ، لەبەرئەوەی ڕابردوو پڕبووە لە نادادپەروەری و کەلەگابازی هیوایئەوە نییە کە دواتر، پاشەڕۆژ، خۆشیهێنەر بێت. خۆشیئەوەیە کە لەئێستادا ،ئەو دەمەی شۆڕش لەدەمووەختی هەلگیرساندایە، گشت پێکەوە کار بۆ تێکشکانی ئەو سێستەمە ئابووری و سیاسییە بکەن خۆشیەکانی ناشتووە. ئەو سێستەمەی پەروەردە تێکدەر و ئابووری وێرانکەرە. ئەوە بەدگومانی نییە کە ئایاریستەکانی پاریس مژەدەکان ڕەتدەکەنەوە نایانەوێت خۆیان وەک هەلخەلەتێنەر ببینن. ئەوە نانیشتیمانپەروەری نییە هاولاتیەکانی سەرجادەکانی پاریس لە گۆشەنیگاێ ترەوە دەیانڕوانیە ئایندە و دواتر. ئاخر نایانەویست وەک باوکەکانیان ئابووری لاواز و ڕۆح کەنەفت بژین. لاوانی پاریس بە کوڕ و کچانەوە هەلسەنگاندنێ تریان،جیایان، بۆ خۆشی هەبوو. بۆ ئەوان خۆشی شتێ سەرپێی و لاوەکی نەبوو.
خۆشی ئەو دەمە خۆشیە کە بۆ هەمووان بێت و لەکات و شوێنێ پێویست و سرووشتیش دا نەشونماکات. خۆشی شتێ کۆلێکتیڤە(دەستەجەمعیە) و لەهەمان کاتیشدا تاکییشە وەلی خۆشی بەردەوام و بێ بڕینە. بۆیە کە مژدەی خۆشی دەدرێت دەبێ بە گومانەوە بڕوانرێتە ئەم خۆشیە. تاکەکانی کۆمەلگە پێویستە بەوپەڕی گومانەوە بڕواننە ئەو خۆشییانەی دواتر دێن، ئەو بەلێنانەی لە فۆڕمی خۆشیهێنان خۆیاندەردەخەن. خۆپیشاندەران ئایاریست بن یان هەرشت و کەسێ تر پێویستە خۆیان لەسەر گومانکردن ڕابێنن و گومان لەسەر گومان بکەن. گومان لەوی هەیە و گومانیش لەوی دێت، لەوی بەڕێوەیە و لەداهاتووش. ئەوە چ جەهلێکە بێیتە سەر شەقام و دواتر بەدەستبەتالی و بێ دەستکەوت بگەڕێیتەوە. ئەو چ غەیبێکە لە زەینی خۆپیشاندەرانا دەخولێتەوە کە جارێ ناکارن جیاوازی لەنێوان ئێستا و پاشانا بکەن کەچی ئامادەشن خۆیان بە کوشتن بدەن. خۆبەکوشتندان لەپێناو هیچیدا، لەپێناو خۆشیێ کاتی و کەمتەمەن ، خۆکوشتنێ گەوجانەیە. ئەم جۆرە خۆکوشتنانە ناشێ وەک قووربانی تەماشکرێ بەلکو دەبێ وەک ئەوە تەماشاکرێت کە خۆکوشتن لەپێناو پڕکردنەوەی بۆشایدایە. یان لەپێناو بوون بەفسفسپالەوان و بە ڕابەری گرگنی ،یاخود بۆ سڕینەوەی پەلەی گەندەلی و گەڕانەوەی ئابروو. ئەوە چ خۆشیێکە پێویستتبەوەبێت بۆماوەێ قارەمانبیت وەلی بۆ هەمیشە کۆیلە و گرگن. بۆیە بەپێویستی دەزانین لێرە جەغت لەوە بکەین کە ئایاریستەکانی پاریس بێوێنە و شاکار ڕەفتاڕبوون. ئەمانە نەهاتبوونە سەرجادەکانی پاریس تا ئابرووی دۆڕاوییان بگەڕێننەوە. هەروەها 68 یەکان خۆیان تێکەل بە خەلک و کرێکاران نەدەکرد بۆ خۆشی و بۆ هەوەس  بەلکو پێویستێک ، هزرێک، لەپشت ئەم خۆتێکەلکردنەوە بوو کە ئامانجی سەرەکی لێی نانەوەی گۆڕان و هەلوەشانەوەی باو بوو.

50. “”شەرم دەژەشۆڕشە.””

بەبێگومانەوە ئایارییەکان، قووتابی و کرێکارانی سەرجادەکانی پاریس، چاکی بۆچوونە کە شەرم تەگەرەیە لەبەردەم شۆڕشکردندا و شەرم شتێکی زۆر ناشۆڕشگێڕانەشە. شەرم گشت ئەو چالاکی و هێزە بزووێنەرانە دەکوژێت کە ئامانج لێی گۆڕان نانەوەبێت. ئەوانەی کە لە شەرم سوودمەندن هێزە بەد و تاریکەکانن. ئەو هێزانە هیچ ڕێزێکیان بۆ شەرم نیە و شەرمی خەلک تائەوپەڕی بەکاردەبەن.
شەرم ڕەنگە شتێ ئیتیکی جوان بێت وەلی لەدەمووەختی شۆڕشدا شەرم زیانئامێزە و ئەوانەی هەولی کوژانەوەی گری شۆڕش دەدەن بۆمەبەستی خۆیان بەکاریدەبەن. بۆیە شەرم تووڕهەلدان لەکاتی شۆڕشسازیدا زێدە پێویستە و ئەرکێ ڕەوشتیشە(ئیتیکیشە). ئەو دەمەش کە شەرم ئاوادەبێت شەرمێ دی دێتەکایەوە کە پڕە لە جورئەت و بەرەنگاربوونەوە. شەرمی دژەشۆڕشانە شەرمێ بێمانا و ترسنۆکئامێزە. ئەم جۆرە شەرمە هیچینیە کە لەتەک چاوقایمی و هەستی سەرخابوونا بیبەستێتەوە.
هەروەک ووتمان شەرم شۆڕش کوژە و مەترسیشە لەسەر هەستی سەوزبوونی بەرخوردان و ڕاپەڕین. ئەوانەش کە دژە شۆڕشن باس لە شەرم و ئابروو دەکەن و لەڕێگای ئەوانەوە دەیانەوێت تاکەکانی کۆمەلگە کۆیلە و بندەستکەن. هەربۆیشە ئافەرین لە 68 یەکانی پاریس دەکەین کە ئەو جۆرە دروشمەیان بەرهەمهێناوە کە ئەتوانێ ببێت بە بناغە بۆ سازاندنی بیری بزووتنەوە و پێکدادان لەتەک هێزە بەدەکانا. چونکە هێزە بەدەکان کە باس لە شەرم و ئابروو دەکەن لەبەرئەوە ئەم باسەدەکەنەوە تا لەڕێگای ئەوەوە کۆمەلگە کۆیلە و بندەستکەن. هێزە بەدەکان لەبەردەم بێشەرمی خۆپیشاندەرانا پاشەکشەدەکەن و سەرئەنجام قسە لەچاکسازیدەکەن و بەلێنی گەورە گەورە دەدەن. بۆیە و بێ چەندوچوون شەرم لەچرکەساتەکانی شۆڕش و ڕابووندا زیانبەخش و ناشرینە و شتێ نا-کۆمەڵایەتیشە.

51. “”نامۆی لەغوکەنەوە.””

ئێمە وایبۆدەچین کە، لێرە دەربڕینی “نامۆی لەغوکەنەوە” لە زەینی ئایاریستەکانا تەنیا ماناێ ئابووری ڕووت ناگەێنێت بەلکو کۆمەڵایەتی و سیاسیش. چونکە نامۆی لەودەمەی ئایاریستەکان لە فەڕەنسا بەسەر شەقامەکانەوە بوونە گەلێ جەمسەری هەبووە و لەگەلێ لاوە هاتووە، نامۆی ئابووری، نامۆی سێکسی و نامۆی کۆمەڵایەتی و ..هتد. بەشێ لە ئەدەبی فەڕەنسیش پێش ڕووداوەکانی ئایاری 1968 (لەوانە کامو) قسەی خۆی لە نامۆی کردووە و نامۆی وەک شتێ ترسناک و تاک ڕووخێنەر نیشانداوە.  هەلوەشانەوەی نامۆیش ،کە یەکێکبووە لە خەونەکانی ئایاریستەکان، کە مانای بۆ بزووتنەوەکەیان هەبووە جەغتێ زۆری لەسەرکراوە. ئەو شوێنانەش کە ئەوکات نامۆییان لە کۆمەلگەی فەڕەنسی سازاندووە جگەلە زانگۆ و قووتابخانەکان ، یان بابلێین بواری پەروەردە، خێزان و کارگە و تەنانەت کلیسەکانیش گرتۆتەوە. بۆیە داوای خۆپیشاندەرانی 1968 بۆ لەغوکردنەوەی نامۆی (ئیغتیراب) پێویستیێکی زەینی و کۆمەڵایەتی و ڕۆحی بووە بۆ ئەو ساتەوەختە.
بەرەنگاربوونەوەی نامۆیش بەرەنگاربوونەوەی ئەو چەواشەکاریانەبوونە سێستەم لە کۆمەلگەدا بەرجەستەیکردوە. سێستەمەکان کە بەرپرسیاری ئەوەل و ئەخیرن لە نامۆی هیچ هەنگاوێکنانێن بۆ چارەسەرکردن گەر کۆمەلگە تێکڕا و پێکەوە نەقیژێنن و نەڕژێنەسەرجادەکان.

52. “” با کارگەکان لە خزمەتی مرۆڤ بن نەک مرۆڤ لەخزمەتی کارگەکانا بێت.””

چەند مەسەلەێ دژوارە مرۆڤ ژیانی لەپێناو سەرکەوتنی کارگەکانا بەختکات و کارگەکان هیچ هەستێکیان بەرامبەر بە مرۆڤ نەبێت. بەدلنیاییەوە ئەمەش زۆرئاسایە لەو جیهانەی پێیدەلێن جیهانی سەرمایەداری. ئەوەش کە وایلە ئایاریەکان کردبوو بەمجۆرە بیرکەنەوە ئەو بارە نامرۆیی و نالەبارەبوو کە کارگەکان لە فەڕەنسا بۆ کرێکارانیان دروستکردبوو. زۆربەی ئەوانەش قسەیان لەسەر ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس کردووە دانبەوەدادەنێن کە دیمەنی نادادپەروەری لە بواری کار زۆرترین هۆبووە بۆ هاتنەسەرجادەی ملیۆنەهاێک لە کرێکاری کارگە گەورەکانی فەڕەنسا. کرێکارانیش بۆئەوەی دەنگی خۆیان بە دەسەڵاتی سیاسی و ئەو هێزانە بگەێنن کە بازاڕییان قۆرخکردووە لەتەک قووتابیان و جووتیارانا بەشداریان لە مانگرتنەکانا دەکرد و ، بگرە زۆرجار بێئومێدی کرێکاران لە سەندیکاکان دۆزی واشی دەهێنایەپێشەوە کرێکاران هەست بە تەنیای بکەن وەلی سووربوونی قووتابیان لەسەر مانگرتنەکان و  بەردەوامبوونیان لەسەر داواکانیان بارێ تەواو جیای لەو کاتەدا دەهێنایەپێشەوە و دەرفەتێ زۆریشی بۆ خەباتی سیاسی و ئابووری کرێکاران دەکردەوە. تەنانەت قووتابیانی زانگۆکانان لەگەلێ لە پۆستەرەکانیانا پشتگیرییان لە کێشەکانی چینی کرێکاران دەکرد و ، هوتافی جۆراوجۆریان لەسەر دۆخی کارگەکان و باری نامرۆی ئەو کارگانە دەخستەبەرچاو ڕای گشتییەوە. بۆیە هەر لەو دەمەدا گەلێ لافیتەی هاوشێوەی ئەوی لایسەرەوە (“”پاش کارگە و زانگۆکان با ڕای گشتی مسۆگەرکەین””، “”کارگەکان داگیرکەن”” ، “”مەلێ کارکەم بەلکو بلێ بەندیخانەکەم”” و …..) لەسەر جادەکانی پاریس بەرزدەکرایەوە کە هەرهەمووی باسی لە باری تەمومژاوی کرێکاران دەکرد و وێنەی ئەو دۆخەیان لە هوتافەکانا دەنەخشان کە بتوانن ئەو تەماشاکردنانە لەناو خەلک دروستکەن کە کرێکاران پێویستیان بەزۆرترین ماف هەیە.
لێرە پێویستە ئەوەشبیرخەینەوە کە ئەوەی وایدەکرد ئەوکات لە پاریس کرێکار و دۆزی کرێکار بابەتی گفتووگۆی ناو قووتابیان و یان سەرجادەکان بێت ئەوەبوو کە تیۆریە سیاسیی و ئابوورییەکان لەودەمەدا بەسەر هۆشمەندی چ کرێکاران و چش قووتابیانی زانگۆکانەوە زالبوون و ، گومانیشی ناوێت کە بلێین: ئەو تیۆریە سیاسی و ئابوورییانەی لەو ساتەوەختەدا کاریگەربوون تیۆرییە چەپگەرائامێزەکانبوون کە ئەمانەش لەبنڕا تێزی خۆیان لەسەر ململانێی چینایەتی و گرینگی فاکتەری ئابووری دادەمەزراند، بۆنموونە تیۆریە ئابووریەکانی تیۆریزەکەری ترۆتسکیەکان بیرمەندی بەلژیکی ئەرنێست ماندێل یەک لەو تیۆرییانەبوو کە لەناو 68 یەکانا زالبوو. وەکیتریش لەوساتەوەختەدا قووتابیانی زانگۆکان تێگەیشتنی فەلسەفی و ئابووری خۆیان بۆ کێشە ڕۆژانەییەکان هەبوو و بەدگومانیشبوون لەو گەشبینییەسیاسییەی دەسەڵات دەیەویست لەناو لاوانا گشتیکات. گەشبینی سیاسی چ مانا و ناواخنێکی دەبێ هەبێت کە دەسەڵات نووقمی گەندەلی سیاسی بێت و نێوەندی پەروەردەش لە هەژاری زانستیدا بگەوزێت.  

 53. “”ئێمە هەموو جوولەکەی ئەلمانین.””

بە جوولەکەبوون لەدەمووەختی جەنگی جیهانی دووەم هەمیشە هەڕەشەێ بووە بۆسەر تاکی جوو. هولۆکۆستیش بچکۆلەترین نموونەیە لەسەر ئەو ڕووداوانەی لەوماوەیەدا بەدەستی هێزە بەدە نازیەکان هاتەسەر جووەکان. لەپاش ئاوابوونی تارمای نازیەکان دیاردەی هولۆکۆست (فەتلوعامی جوەکان) لەنێو ڕوناکبیر و بیرمەندانی ئەورووپای هەمیشە بابەتێ هەنووکەییبووە بۆ گفتووگۆکردن. سەرنجڕاکێشی ئەو گفتووگۆیانە لەوەدا بووە ئەوی دانی بەو دیاردەیە نەهێنابێت و پشتگیری لە کێشەی جووەکان نەکردبێت بە دژەجوو (ئەنتیسمیتیک) لەفەلەمدراوە و ، ئەوەش لەگەل کاتا لە نێوەندە سیاسی و ڕووناکبیری یان ئەکادیمیەکان لە ئەورووپا ووردە  ووردە ڕووی لە ئالۆزیناوە و پەرچەکرداری گەورە گەورەی هزری و سیاسی لێکەوتووەتەوە.
لەڕێگای ئەو پۆستەری لایسەرەوەشەوە ئایاریستەکان ،کە بەشێ لە ڕابەرەکانیان، لە نێوەندی ئەکادیمی وەک دانیێل کۆهن- بندیت، ئالێن ژیسمار و…..، جووبوونە و لەگەلێ بۆنەشدا هێزە ڕاستڕەوەکان ،دیگۆلیستەکان ،ئەودەمە لە فەڕەنسا لە مێدیاکانیانا دەربڕینی هەلە و ناشایستەیان دژ بە جووەکان یان ئەوانەی وەک ڕابەری قووتابیان دەردەکەوتن بەکاردەبرد بۆیە بەرزکردنەوەی دروشمی “”ئێمە هەموو جووی ئەلمانین”” یاخود “”ئێمە هەموو جووین و ئێمە هەموو ئەلمانیین”” بەشێکە لەو خەباتە سیاسی و هزریەی قوتابیان لە دەمووەختی ئایاری 1968 لە پاریس کاریانبۆدەکرد. ئەمە و خودی فەڕەنسا لەماوەی جەنگی جیهانی دووشدا کە کەوتە ژێرکاریگەری هێزە نازیەکان بەشێ لە وڵات لەژێرناوی “دەولەتی فەڕەنسا” یان “حوکومەتی فیشی ” بە ڕابەرایەتی مارشال فیلیپ پێتان لەتەک نازیەکانا کەوتە پەیمانبەستن بۆ ڕاونانی جووەکان و دروستکردنی هێلێ نازی دژ بە بەرەی نیشتیمانی و دژە نازیەکان. ئەم جۆرە مێژووە لە ڕۆژێکی وەک ڕۆژەکانی ئایاری 1968 سەرلەنوێ خۆی دووبارەدەکاتەوە و هەستی بەشێ لە خۆپیشاندەرە شۆڕشگێڕەکان ،کە بە ڕەچەلەک جوو بوون، دەووروژێنێ و بەزیهاتنەوە بە جوو و ڕەتکردنەوەی گشت دیاردەێکی دژەجوو بەگشتیدەکات.  
لەبەرئەوەی هەستی بەرپرسیاریەتی لە خۆپیشاندەراندا لەئاستێ باڵابوو دەپەرژانەسەر ئەوەی گەلێ دروشمی جیاجیای پێویست بەرزکەنەوە کە لەتەک دۆزی سیاسی و ئیدیۆلۆژی ئەوکاتدا بگونجێت. هەربۆیشە گەلێ دروشمی دەبینرا کە تیایا جەنگی ڤێتنام یان جەزائیریان ڕیسوادەکرد و لەهەمانکاتدا ئەو دیاردە ناشرینانەشیان ڕیسوادەکرد کە ئیدانەی مافی ئافرەت و بێگانە و ….ی دەکرد. بۆیە هەلەناکەین دەرهەق بەو ساتەوەختەی بزووتنەوەی ئایاری 1968 هێنایەدونیاوە بلێین کە ئەوی لە گەرووی ئایاریستەکان دەهاتەدەر بڕوبیانوو نەبوو یان هەلسەنگاندنێ هەلەئامێزانەی ئەو دۆزە نەبوو کە تیایدەژیان بەلکو هەولێ بوو لەڕێگای دروشم داڕشتنەوە دەستنیشانی نالەباریەکانی ناو کۆمەلگەیان دەکرد و، بەهۆی ئەو پەیڤانەی لەسەر دیوار و سەر لافیتە کاغەزین و پەڕۆدارەکانیان دەیاننووسی دەیانویست وێنە لەسەر بێدادیەکان دروستکەن.

  54. “”شمەک ئەفیونی گەلانە.””

دروشمی “”ئاین ئەفیونی گەلانە””ی مارکس لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 وە کراوە بەوی کە لایسەرەوە دەیبینین. هۆیئەوەش کە ئەمان وابیردەکەنەوە ئەوەیە کە شمەک جێی ئاینی گرتۆتەوە و هەرلێرەشەوە خەتەری شمەک خۆی دەردەخات. ئەوەش کەوایکردوە شمەک ئەو هێزەی هەبێت ئەوەیە کە پێیدەلێن سەرمایەداری جیهانی. چونکە سەرمایەداری جیهانی بێ بەرهەمهێنانی شمەک ناژی و بەستنەوەی بوونی مرۆڤیش بەو گەشەیەی سەرمایەداری ئەیهێنێتەسەر شمەک بەرهەمهێنان یەکێکە لە لاوازیەکانی مرۆڤی سەردەم.
لە ئەفیشەکەدا ئەوەشدەبینرێت کە وابەستەبوونی خۆپیشاندەران بە خەباتە سیاسی و ئابووریەکانەوە هەمیشە مانای خۆی بۆ بزووتنەوەکەیان هەبووە و ،ئەو مانایەش هەلوێستی گەورە گەورەی لێبەرهەمهاتووە و وێنەی شۆڕشگێڕانەشی لەسەر دۆزی خۆپیشاندەران ،بە کرێکار و قووتابی و جووتیارانەوە، دروستکردووە.
لەئێستاشدا و پاش تێپەڕبوونی 43 سال بەسەر ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ئەوە بەباشی بۆگشت لاێک شیبۆتەوە کە ژیانی تاک لە ڕۆژئاوا بووە بە بەشێک لەو سێستەمی بەشمەکبوونەی ئەم تاکە تێیکەوتووە و سەرمایەداری جیهانیش کە تابلێی لەم ڕوەوە سوودمەندە دۆزێ ئەوتۆی هێناوەتەکایەوە کە پێوەندیێکی ڕۆحی لەنێوان تاک و شمەکدا دروستکات. ئەو ژیانە بەرخۆریەش (ئیستهلاکی) کە لەئێستادا لە کۆمەلگەی هاوچەرخی ڕۆژئاوا لەسەرپێیە قەوارەی بەمرۆڤبوونی مرۆڤی لەمیانەی ئەو سێستەمی بەشمەکبوونەوە دەستنیشانکردووە کە کارگە گەورەکان ڕۆژانە بەرهەمیدێنن.
هەروەها لەڕێگای ئەو ئەفیشەوە خۆپیشاندەران ڕەنگە بیانەوێت ئەوەش بلێن کە ئەوی مەبەست و ئامانجە ژیانی تاکە لە کۆمەلگە نەک شمەک چونکە ئایاریستەکان بەئاگان لەوەی کە بۆ کارگەکان و بۆ بازاڕی کار تەنیا شمەک و بەرزکردنەوەی ڕادەی بەرهەمهێنان گرینگە و لە لێکسیکۆنی سەرمایەدار و خاوەن کارگەکان دا شتێک نییە پێیبلێن پشوو و ڕۆژەکانی حەوانەوە و ،یان ژیان لەدەرەوەی کاتی کارکردن.   
 
55. “”چێژ بۆ وێرانکردن چێژێ خولقێنەرە- باکونین.””

ئەم گوزارەیە گووتەی “میخائێل باکونین”ە کە بە یەکێ لە دامەزرێنەرەکانی ئەنارشیزم(ئاژەوەگەریی ، فەوزەویەت) لەقەلەمدەدرێت و یەکێ لە ئەفیشە سیاسیە بەرچاویەکانی ئایاریستەکانی پاریسیش پێکدێنێت. ئەلبەتە ئەم ئەفیشە ئەودەمە لە پاریس لەفۆڕمی تریشدا ((وێرانکردن واتە خولقاندن)) لێرە و لەوێ هەلواسرەوە بەڵام لەتەک ئەوی سەرەوەدا لەناواخندا هەمان مانا دەگەێنێت.
باکونین ئەو گوزارەیەی( واتە “”چێژ بۆ وێرانکردن چێژێ خولقێنەرە””) دەرهاویشتەی ئەو سەروتارەی بووە کە لە ئەلمانیا بەناوی “پەرچەکرداری لە ئەلمانیا” بڵاویکردۆتەوە و ، ئەوەش یەکەم نووسینی باکونین بووەپاش ئەوەی ڕووسیای جێهێشتووە و ڕوویکردۆتە بەرلین. بائەوەش بلێین کە، گشت پڕۆژەی سیاسی باکونین لەوەدا خۆی چڕکردبوەوە کە دەولەت پێویستە هەلوەشێتەوە و لەمڕوەوە کێشەی سیاسی و فەلسەفی لەگەل گەلێ لە بیرمەندانی سەردەمی خۆی هەبووە لەپێش هەموویانەوە مارکس. ئەگەرچی باکونین “مانیفێستی کۆمۆنیستی” مارکسیشی وەرگێڕاوەتە سەر ڕووسی وەلی بۆچوونی بۆ دەولەت و حیزب لە مارکس جیابووە و بۆیە بینینە سیاسیەکانی سەبارەت بە کۆمەلگەێکی سۆسیالیستی ئاڕاستەی تری وەرگرتووە.
ئەوی لەم ڕوەوە بە ئایاریستەکانەوە تایبەتە ئەوەیە کە گەلێ لە قووتابیانی زانگۆی سۆڕبۆن و مەعهەدی نانتێر لەژێر کاریگەری بۆچوونە شۆڕشگێڕانەکانی باکونین و پرودۆن(کە ئەنارشیستێکی فەڕەنسی بووە) بوونە و تەماشاکردنی خۆیان بۆ دەولەت هەبووە و بەشێ زۆر لەو تەماشاکردنانە لە لێکدانەوەکانی ئەو دوو ئەنارشیستەوە (باکونین و پرودۆن ) نزدیک بووە تا بۆچوونی لینینییانە یان مارکسیانە بۆ دەولەت کە ئەوکاتە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی کەوتبووە ژێر سیحری ئەو بۆچوونە مارکسی لینییانەوە. بۆیە گومانیناوێت گەر بلێین: لەناو ئایاریستەکانا هەوادارانی فەلسەفەی سیاسی باکونین یان پرودۆن هەبوونە و لە شەقامەکانا دید و بۆچوونیانیان وەگەڕخستوە و لەگەل هەندێ دیدی سیاسی تر دا (ترۆتسکی، ڕۆزا لوکسمبۆرگی، ماوی) تێکەلیانکردوە و چرکە سیاسییەکانی خۆیانیان لێبەرهەمهێناوە.

 56. “”ئەم جیهانە ڕاگرن. دەمەوێت دابەزم.””

لەم پۆستەرەدا جیهان بە شتێک شوبهێنراوە (بۆنموونە وەک شەمەندەفەرێک یان هەرشتێکیتر کە بڕوات) کە مرۆڤ نایەوێ ئیدی لەناو ئەم شتە بمێنێتەوە و تاکۆتای لەتەک شتەکەدا بڕوات. ئەو دابەزینە لەو شەمەندەفەرەی ژیان وەرسبوونە لەگشت ئەو ڕۆتینانەی لەناو ئەو شەمەندەفەرەدا هەیە. هەروەها لێرە دابەزین هێماشە لەسەر بڕین و نابەردەوامی ئەلبەتە لێرە لەو دابەزینە ئومێدێکیش بەدیدەکرێت کە تەنیا ئەو ئومێدە لەگەل دابەزین لەو شەمەندەفەرە دەشێ دەستپێکات.
ئەوەی کە جیهانیش ڕاگیرێت لێرە خۆپیشاندەران دەیانەوێت گشت ئەو مانایەی جیهان دەیەوێت بیپێکێت پێویستە سەرلەبەر بەتالکرێتەوە و جیهان بە مانای تر بارگاویکرێت کە لە ئێستاوە نزدیکبن و ئەو مانایانەش بە ژیانی مرۆڤ و بەوی دواتر مرۆڤ دەیژێت وابەستەبێت. کەواتە خۆپیشاندەران نایانەوێت لەسەر هەمان ڕیتمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتدا ڕێکەن و بەهەمان ئەو وێستگانەشا تێپەڕنەوە کە پێشتر پیایا تێپەڕیوون. بۆیە داوادەکەن جیهان، جیهانی ئێستا، ڕاگرن و لێیبێنەخوارێ و سواری جیهانێ تازە و شتێ نوێبن.

57. “”لاوبە و بێدەنگبە! “”.

ئەم ئەفیشە یەکێکە لە ئەفیشە هەرە ناودارەکانی ئایاری 1968 ی پاریس و تەنانەت لەئاستێ نێودەولەتییشا ناسراوە. بەهۆی ئەم ئەفیشەوە خۆپیشاندەرانی پاریس دەیانەوێ بلێین بەلاوبوون شتێ ترسناکە و هەڕەشەشە بۆسەر دەسەڵات. ئایاریەکانی پاریس بەجۆرە مەغزاێکەوە ئەفیشەکەیان داڕشتووە کە نزدیکە لە ڕاڕای دەسەڵاتەوە. بۆ دەسەڵات گەر لاوبوون لە کۆتایدا گرفتاوینەبێت ئەو دەمە گرفتاوییە کە لاو دێتەگۆ. هاتنەگۆی لاو مەترسی دروستدەکات و ژیانی سیاسی دەخاتە ژێرپرسیارەوە. بۆیە لە ئەفیشەکەدا پۆلیسێک دەستیناوەتە سەر دەمی لاوێک و دەیەوێت نقەی لێببڕێت. پۆلیسەکە ، لە ئەفیشەکەدا، بەجۆرێ دەستیناوەتە سەر دەمی کەسە لاوەکە کە دەیەوێت هەناسەی لێببڕێت. کەواتە ئەم ئەفیشە، و ڕەفتاری ئەو پۆلیسەش، ئەوە دەگەێنێت کە بەلێ: تۆ لاوبە وەلی نقە لەخۆتببڕە. چونکە هێزە سیاسییە گەندەل و نادادپەروەرەکان لەوەبەئاگان کە ئەو وەختەی لاوان دێنە نقە هەژان دروستدەبێت و شەقامەکان پڕدەبن لە هێزە تازە و بەگوڕەکان. بۆیە بۆ دەسەڵات کە تۆ لاویت ئەوە کێشە نییە بەلکو ئەوە کێشەیە کە تۆ لاوێ بەدەنگ بیت و لەگشت شتێک بێیتە نقە بۆیە فەلسەفەی دەسەڵات و دامەزراوەکانی ئەوەیە کە ئاساییە تۆ لاوبیت وەلی لاوێ بێدەنگبە و نقە لەخۆت ببڕە. یان تۆ ئەو دەمە لاویت کە دەنگت لەخۆت بڕیوە و هەقی هیچت نییە.

  58. “”جورئەت مەترسیترین چەکی شۆڕشگێڕانەیە.””

خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 ی پاریس لەگەلێ لە پۆستەرەکانیانا وشەی شۆڕش و شۆڕشگێڕی بەکاردەبەن. بەگشتیش لەودەمەدا زۆرترین جەغتکراوەتەسەر کاری شۆڕشگێڕانە و بگرە جیاوازیش لەنێوان کردەی شۆڕشگێڕانە و بیرکردنەوەی شۆڕشگێڕانەشدا کراوە. هەروەها بەپێیئەوەی زۆربەی هێلەکانی خۆپیشاندان لە ئایاری 1968 دا ئەوکات دەچوەوە سەر کاری شۆڕشگێڕانە بۆیە ئایاریستەکان هەمیشە جیاوازێکییان لەنێوان ڕەفتاری شۆڕشگێڕی و ڕەفتاری ناشۆڕشگێڕیدا کردووە. ئەلبەتە لەڕێگای ئەم ئەفیشەوە ئایارییەکان ڕاشکاوانە دەخوازن دیمەنێ تر بۆ بیرکردنەوە شۆڕشگێڕانەکانانیان بدۆزنەوە و هەربۆیشە جورئەت دەکەن بە چەکێ مەترسیئامێز بۆ کاری شۆڕشگێڕانە. گومانیشیناوێت بلێین کە، تێگەیشتنی ڕادیکالانەی ئایاریەکان بۆ واتای شۆڕش وایکردبوو لە جورئەتدا ئەو توانایە ببیننەوە و بیشیکەن بە چەکێ بۆ کردەی شۆڕشگێڕی. دیاریشە جورئەت خالێ زێدەبەهێزە لەکاری سیاسیدا و بەتایبەت لەدەمووەختی خۆپیشاندانا و بگرە بناغەشە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەتەک هێزە بەدەکانا. ئەوانیش، واتە قوتابی و کرێکارە شۆڕشگێڕەکان، بۆئەوەی سەرسەختانە تەشەنەبەوە بدەن کەپێیهەستاون گرینگی بە خەسلەتی جورئەت دەدەن و دەیکەن بە ئامرازێ بۆ دروستکردنی دۆزێ ڕابووناوی لەسەر جادەکانی پاریس.
   
59. “”دیوارەکانیش پەیڤیان هەیە.””

دیوارەکان تەنیا گوێییان نییە بەلکو پەیڤیشیان هەیە. دیوارەکان لەکاتی ئایاری 1968 دا شوێنی گوزارشت بوونە و ڕوبەرێکیشەبوونە بۆ دەربڕین. لەسەر دیوارەکانا زۆرترین پەیڤ و دربڕینی قووتابیان و کرێکاران نووسرابوون کە هەر هەموو بانگەشەبوون بۆ قسەکردن لەسەر دۆزی نالەباری کۆمەلگە. بۆیە کاتێ خۆپیشاندەران جەغت لەسەر ئەوە دەکەن کە دیوارەکانیش پەیڤیان هەیە ئەمە تەنیا بەو مانایە ناێت کە دیوارەکانیش پێویستە گوێیانلێگیرێت بەلکو بەو واتایەشدێت کە دیوارەکانیش بەشێکن لە ئێمەی خۆپیشاندەران و ئەوی ئێمە دەمانەوێت بیلێین لەڕێگای ڕووبەڕی دیوارەکانی شارەوە دەیلێین. بەواتاێتر، بەشێ زۆر لەو دەربڕین و ووتنانەی ئایاریستەکان لەماوەی خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1968 دا دەویستران بە گوێ دەسەلاتی بدەن لەسەر دیواری ساختمانە گشتی و یان زانگۆ و قووتابخانە و کارگەکانا دەنووسران. هەروەها هەر گرووپە و بۆچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیدەنووسی و لەگەل تۆخبوونەوەی چرکەکانی خۆپیشاندان و داواکانی خۆپیشاندەرانا نووسینی سەر دیوارەکان زیادیدەکرد.
 
60. “”هەچ بیرێ چۆکدادات بۆگەندەکات.””

بەپێی ئەم بانگەوازەی ئایارییەکان بێت ئەو بیرانەی ناکارن لەبەرەنگاریدابن دووچاری تێکشکاندەبن و ئەوەش بەلگەیە لەسەر ئەوەی هەچ بیرێ نەکارێ لەسەر سەرخابوون و بەرەنگاربوونەوە بەردەوامبێت بۆگەندەکات. ئەمان بۆئەوەی بکارن دژی بیری باو و نەرێتی ببنەوە ،کە ساتەوەختی خۆیانی هەراسانکردبوو، پێویستیانبەوە بووە کە هەلگری بیرێ جیابن. ئەو بیرەی قوتابیان و کرێکاران لەدەمووەختی ئایاری 1968 دا دوایکەوتبوون بیرێ شۆڕشگێڕانەبوو و بناغەێکیشبوو بۆ هەلڕەخساندن بۆ دۆزێ تەواوجیا لەوی ئەوکات سەردەستبووە. چونکە بۆ شەستوهەشیەکان زێدە گرینگببوو بەپێچەوانەی تەوژمی کاتی خۆیان بیرکەنەوە و چۆک بەگشت ئەو خوڕەووشتە سیاسی و ڕۆشنفکرییەشبێنن کە لەناو خێزان و زانکۆ و شوێنی کاردا زالەببوو. بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی 1960 کان نەک هەر لە پاریس بەلکو لەگەلێ لە پایتەختەکانی تری ئەورووپا لە جەوهەردا بزووتنەوەگەلێ شۆڕشگێڕانەبوون و، هەروەها خەونبینینیشبوون بە گۆڕان و چاکسازیەوە. بۆیە ئەم ئایارە لە بەرواری ناوبراودا لە بیروەری سیاسی و تەنانەت ڕوناکبیری ئەوروپایدا شوێنی خۆی هەیە. بەمجۆرە، ئایاری 1968 واتە بەهاری 1968 ئەم بەهارەش لە مێژووی سیاسی ئەورووپایدا دەکرێت بە سیاسیترین بەهار لەقەلەمدرێت. چونکە ئەم بەهارە خۆپیشاندانەکانی قووتابیانی پاریس و پایتەختەکانیتری جیهانمان (بەرلین، ستۆکهۆلم، شیکاگۆ، دەکار، مەکسیکۆ، تۆکیۆ، لەندەن، ڕۆما، پراگ و….) بیردەخاتەوە هەروەها ئەو خۆپیشاندانانەشمان بیردەخاتەوە دژ بە جەنگی ڤێتنام و ئیمپریالیەتی ئەمەریکی و داگیرکردنی پراگ لەلایەن لەشکری سووری سۆڤیەتیەوە و هەروەها خۆپیشاندان دژ بە کوشتنی مارتن لۆتەر کینگ لێرە و لەوێ دەکران.

61. “”ئێستا ئەوان دەترسن.””

بێگومان وایە و شەستوهەشتیەکان باشی بۆچوونە کە ئەوی ئێستا دەترسێت ئەوە ئەوانن، واتە دەسەڵات، نەک خۆپیشاندەران. ئەم گوزارەیە کە یەکێ لە پۆستەرەکانی ئایاری 1968 پێکدێنێت ئەوە بیردەخاتەوە کە ڕەنگە قووتابیان و کرێکاران سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە کۆبوونەوە لەسەر جادەکان ترسابێتن، جا ئەوە لەبەرئەوە بووبێت کە نەبا لە شوێنی خوێندن و کارەکانیان دەرکرێن یان لەبەرئەوەی نەبا دووچاری کێشەی یاسای ببنەوە، وەلی پاش بەردەوامبوونی ڕاپەڕینە ملیۆنیەکەی خەلک لەسەر شەقامەکان ئەو جۆرە ترسانە لە شەستوهەشتیەکانا نەما و بەلکو خۆپیشاندەران گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەوانەی ڕووبەرڕووی هەقیقەت کراونەتەوە دەترسن. بەخۆشی هەروایە ئەو کاتەی زۆربە دەڕژێنە سەرجادەکان ئەم مەسەلەیە دیاردەێک لەتەکخۆی دێنێ کە دەکرێت ناونرێت تۆقانی دەسەڵات لە جەماوەر و مێژووش لەمڕوەوە گەلێ نموونەی زەقی تیایە. بەڵام ئەم تۆقانە لەخۆڕا دروستنابێت و پێویستی بە بەئەنجامگەیاندی چالاکی و جەفاێ زۆرە.

62. “”هەچجارێک کە دلداریتکرد ئارەزووی شۆڕش دەکەیت و هەچجارێکیش شۆڕشتکرد ئارەزووی دلداری دەکەیت.””

لەگەلێ شوێن لە ئەفیشەکانی ئایاری 1968 ی پاریس دا گرینگی بە بابەتی وەک “هەوەس” ، “ئارەزوو”، “خۆشی”، “چێژ” و “ئەوینداری” و …هتد دراوە و زۆربەی ئەو بابەتانەش تێکەل بە دیدی سیاسی و ئەو زەبرەوەکراوە کە چەوسانەوەی ئابووری لە کۆمەلگەدا دروستیدەکات و ئەلبەتە ئەو نامۆیەش کە شوێنی کار لە تاکەکانا بەرجەستەیدەکات. دلداریکردن (خۆشەویستیکردن) ، کە لەم گوزارەیەدا خۆی لەتەک واتای شۆڕش دا تێهەلکێشدەکات، پێوەندیێ زۆری بە دۆزی پێوەندی نێوان نێر و مێ لە کۆمەلگەی فەڕەنسیدا هەبووە جا ئەوە نێوەندی زانگۆ بێت یان شوێنی کار و یاخود ناو خێزان و بەگشتیش گشت کۆمەلگە. 
ڕاستە شەستوهەشتیەکانی سەر جادەکانی پاریس  لەهەموو ڕووێکەوە دژی سێستەمی پەروەردەی باوی وڵات بوون و هەروەها دژی هێزە بۆرژوازیە لۆکالی و نێونەتەوەییەکان بوون و لەوڕوەشەوە بەشێ زۆرییان لەژێر کاریگەری دیدە ئابووری و سیاسییەکانی بیرمەندی ئەو وەختەی ترۆتسکییەکان بەناوی ئەرنێست ماندێل بوون وەلی شەستوهەشتیەکان  و بەتایبەت قووتابیانی زانگۆی سۆڕبۆن و مەعهەدی نانتێر ئاگایان لە شۆڕشە سێکسیەکەی هەردوو بیرمەندی ئەلمانی فیلهێم ڕایش و تیۆریزەکانی هربێرت مارکۆز  تایبەت بە تێمای ئیرۆس هەبووە و، بۆیە لە دروشمەکانیانا گەلێ گوزارەی وەک ((دلتان بکەنەوە، شێوازی تر لە ناچووستی(شزوزی) سێکسی بدۆزنەوە، بۆلەمەولا مەلێ خوشکم بلێ ئەوینەکەم، سێکسبکە و سەرلەنوێ دەستپێکەوە، لەتەکیەکدا دلداری بکەن، لە ژوورەکانتانا سێکسمان کرد – قووتابیانی مەعهەدی نانتێر ئەم دروشمەیان بەرزکردۆتەوە و مەبەستیشیان ژوورەکانی خوێندن بووە- ،و  ….)) بەدیدەکرا.   
مایەوە لێرە تایبەت بەملایەنە ئەوەش بلێین کە، بێجگەلە فەلسەفەی فەیلەسوفە فەڕەنسیەکان کە مانایان بۆ داڕشتنی بیرۆکەی گەلێ لە ئەفیش و پۆستەرەکانی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 هەبووە فەلسەفەی فەیلەسوفهاێکی ئەلمانی وەک فیلهێم ڕایش و هربێرت مارکۆزیش مانایان بۆ ئەو ڕووداوانە هەبووە. بەرهەمە ناودارەکەی مارکۆز “”ئیرۆس و شارستانی 1954″” ماناێ زۆری بۆ هاوار و تووڕەییەکانی قوتابیانی زانگۆکانی بەرلین و پاریس و ….هەبووە ، ئەلبەتە ئەو نووسینەش کە مارکۆز (مرۆڤی تاکڕەهند ، 1964) پاش نووسینی “”ئیرۆس و شارستانی”” نووسی، بوو بە ئینجیلی بەشێ زۆر لە قوتابیەکانی سەر شەقامەکانی ئەورووپای ڕۆژئاوا  و کاریگەرێ زۆریشی لەناو لاو و خوێندکارانا خستەوە.

63. “”لێمانگەڕێن با گشت شتێک بخەینەژێرپرسیارەوە.””

هاتنەسەرجادەی خۆپیشاندەران لەو دەمەدا، لە ماوەی ئایاری 1968 دا، لەخودی خۆیدا سەرەتاێکببوو بۆ خستنەژێرپرسیاری ئەو ژیانەی لەناو خەلکدا چوارچێوەی وەرگرتبوو. هەروەها ئەم هاتنەسەرجادەیەش وەکیتر تەقەلاێکببوو بۆ پرسیارخستنەوە و خۆڕاهێنان لەسەر کارکردن لەسەر پرسیارسازی. خودی ئەو پۆستەرانەش کە لەماوەی ڕووداوەکانا لێرە و لەوێی شار دا بەرزکرابوونەوە پرسیارببوون لەسەر هەنووکەی ژیانی تاک و کۆمەلگە و ژینگەی سیاسی و ئەکادیمی لە فەڕەنسای ئەوکاتدا. بۆیە یاخییەکانی سەرجادەکانی پاریس برسی پرسیارخستنەوەببوون و پێیشیانواببوو تەنیا بە خستنەژێرپرسیاری گشت شتێک بەئاکامدەگەن.
بۆ زۆربەمان ڕوونە کە، لەهەگبەی گشت دۆخێکا پرسیارگەلێ قایمە کە تەنێ شارەزایان لەو دۆخە بۆیانهەیە ئەو پرسیارانە بخەنەڕوو. پرسیار کە لەخۆڕا ناخرێتەڕوو زۆرجار لە بارێکا لەدایکدەبێت کە وەلامێ دیاریکراو بۆخۆی نادۆزێتەوە. ئەو پرسیارانەش کە لە دۆخەوە دورن نەک هەر ناتوانن ژیانی تاک بکەنە بابەتی تێڕامانەکانیان بەلکو نێوانێ زۆریش لەنێوان پرسیارەکان و دۆخەوە هەیە. جا بۆئەوەی ژیانی تاک لە کۆمەلگە لەناو بازنەی هیچگەرایدا خولنەخواتەوە گرینگە جەغتلەوەکرێت کە هەمیشە پێویستی بۆ خستنەڕووی زۆرترین پرسیار شیاوە لەئارابێت. پرسیارەکان دەکارن لەو هەلومەرجانەدا هەلوێستە لەسەر دۆخکەن کە ژیانی مرۆڤ تیایا ئاڕاستەی چەوت وەردەگرێت، لەم دەمانەشدا تەنیا پرسیارسازی مەرجە نییە بەلکو ئەوە مەرجە، و بگرە مەرجەگەورەکەشە ، کە کار بۆ هێنانەدونیای پرسیاری تازە بکرێت و، بەجۆرێکیش ئەو پرسیارانە وەبەربهێنرێن کە لە دۆخی تاکەوە لە کۆمەلگە نزدیکبن.
ئەو پرسیارسازیەی ئایاریستەکان خۆیان لەسەر ڕاهێنابوو پێوەندیێ گەورەی بە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و زانستی وڵاتەوە هەبوو. بۆیە پرسیارەکانیان لەسەر باری ئافرەت یان پەروەردە یاخودیش ئاین و خۆشەویستی و گەلێ واتا و دیاردەی تر تاکە ڕێگاێکبوو لەبەردەمیان بۆ گومانکردن لەو چرکەیەی تیایدەژیان. بۆیە بەلایانەوە گرینگببوو کە بەردەوام پرسیارکەن و  ئەو دۆخە بخەنەژێرگومان و لێخووردبوونەوەوە. ئەلبەتە دروشم هەلدان و یان نووسینی ئەو دروشمانە لەسەر دیوار و لافیتەکانا بەشێ بوون لە کردەی ئەو پرسیارسازیەی ئایاریستەکان باوەڕییان پێبوو. شایانیباسیشە کە، ئەم لایەنە باوەڕێ بێ نرخ نەبوو و هەروەها ناکاریگەیش نەبوو. 

64. “”ئافرەتە لاوە سورەکان هەمیشە جوانن.””

ئایاریەکان لەسەر جادەکانی پاریس ئافرەتێ زۆریان لەگەلدا بوو. ئافرەتەکان بەشێکیان ئەوانە بوون کە لە کارگەکانا کاریاندەکرد و بەشە هەرە گەورەکەش ئافرەتانی زانگۆکانان و ئامادەییەکان بوون. ئافرەتانی سەردەمی ئایاری 1968 لە ئافرەتانی ئەمڕۆ بڕێزۆر جیاوازتربوون چونکە ئافرەتان ئەو دەمە لەژێرزەبری بێمافی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی دەیانناڵاند. بەواتاێتر، ئافرەتان ئەوکات لەلاێ لەلایەن نەرێتە کۆنەکانەوە لە زانگۆ و کارگە و مالەوە پەراوێزدەکران و لەلاێتریش ئافرەتان وەک ئەوانی ئێستا نەیاندەتوانی بەشداری لە سیاسەت کەن ، یان ببن بە بەشێک لە کەسایەتیە دیار و بەرچاویەکانی ناو دەزگاکانی دەولەت. بۆیە ڕووداوەکانی ئایاری 1968 تابلێی مافێ زۆری بۆ ئافرەتان دابینکرد و شوێنپێگەی ئافرەتانی لە بوارە جیاکانی کۆمەلگە چەسپاند. بۆیشە زۆرجار لە مێدیاکانا لە فەڕەنسا باس لە ئافرەتی فەڕەنسی پێش / و پاش ئایاری 1968 دەکرێت.
ئافرەتان کە لەدەمووەختی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 زۆر سەرسەختانە دەهاتنەسەر جادەکان و کاریان بۆ بەتالکردنەوەی نەرێتە ئاینی و سیاسیە پیاوسالارییەکان دەکرد ئافرەتهاێکی پڕ لە پرنیسپبوون و گەلێکیشیان مەیلی سیاسییان هەبوو و ، یان خاوەنی ئیدیۆلۆژیاێکی دیاریکراوبوون. بەبۆچوونی ئێمە یەک لەو شتانەی ئافرەتانی ئەو کات لە ئافرەتانی پاش ئایاری 1968 ، لە فەڕەنسا و بگرە لە وڵاتانی ئەوروپاش، جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئافرەتان ئەوکات خاوەنی کەسایەتی مێییانەی خۆیان بوون و وێلی چارەسەرکردنی پرسیارە پرنسیپیەکان بوون و ، ئەمەو ئافرەتانی ئەوکات پاێکیان لەناو ئیدیۆلۆژیا بوو و پایەکەیتریان لەناو ئەو ئاڕاستە مێییانەبوو کە پرسیارە ڕیشەییەکانی لە بەرژەوەندی ئافرەتان بەرزدەکردەوە. بۆیە هەلەناکەین بلێین ئافرەتی ئەورووپای لەئێستادا لەگەلێ ڕوەوە قەرزاری خەباتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئافرەتانی ئایاری 1968 ی پاریس و شارەکانی تری ئەورووپان (بەرلین، ڕۆما، ستۆکهۆلم و …….). هەروەها هەر تایبەت بەملایەنە دەشکرێ ئەوەش بلێین کە دەرهاویشتەکانی ئافرەتانی ئایاری 1968 لەئێستادا بەگەلێ جۆر کاریلەسەر دەکرێ و بوارێ بەرینیشە بۆ وەبەرهێنان و سەرخستنی پرسیارە جەوهەریەکان لەسەر دۆزی ئافرەت لە کۆمەلگەی هاوچەرخی ئەورووپایدا.
هەروەک لایسەرەوەش ووتمان ئافرەتانی دەمووەختی ئایاری 1968 دەکرێ چەند جۆر و بەشێکبووبێتن و بەڵام بەشێ زۆریان مەیلی سیاسییان هەبووە و سەربە گرووپە سیاسیەکانی ئەو کات بوونە و شانبەشانی کوڕە لاوەکانی زانگۆکان خۆیان لەقەرەی سیاسەت داوە و ئەودەمەش سیاسەتکردن لە نێوەندە کرێکاری و زانگۆیەکانا سیاسەتکردنێ چەپگەراییانە بووە و بۆیە ئایاریەکان بەو پۆستەرەی لایسەرەوە (“”ئافرەتە لاوە سورەکان هەمیشە جوانن””) دەیانەوێت جیاوازی بخەنە نێوان ئافرەتانی ئەودەمەوە ، ئەو ئافرەتانی ئەوکات لەسەر جادەکانا بەشداریان لە بەگەرموگوڕکردنی ڕووداوەکان دەکرد. ئافرەتەکان لە دەمووەختی ئایاری 1968 دا هەر هەموو وەک یەک نەبوونە و ئاستی تێگەیشتنیشیان بۆ کێشەکان وەک یەک نەبووە بەڵام زۆرینەیان لەوە حالیببوونە کە باری ئافرەت لە کۆمەلگە پێویستی بە چاکسازی بنەڕەتییە.   
  
65. “”لێگەڕێن با ڕابەڕەکان نەگۆڕین – لێگەڕێن با خۆمان ببین بە ڕابەڕ.””

بەپێی تێگەیشتنی ئێمە، ئەم لافیتەیە یەکێکە لە لافیتە پڕناوەخنەکانی سەر شەقامەکانی ئایاری 1968 ی پاریس. هەروەها ئەم جۆرە دروشمە ، کە لەلایەن ئایارچییە شۆڕشگێڕەکانەوە بەرزکراوەتەوە، شایانی ستایش و نرخاندنە و قسەش لە هۆشێ سیاسی باڵادەکات. چونکە ئەوپەڕی گەوجیە هاتنەسەر جادە و قووربانیدان بۆ گۆڕینی ناو و بچمەکان. شۆڕش بۆ گۆڕینی ناو و بچم ناکرێت. شۆڕش بۆئەوە دەگرێت کە ئەوی هەیە لابرێت. گەر ئەمەش بێت تێگەیشتن بۆ شۆڕش دەبێ ئایاریستەکان بەوە قایلنەبن چەند ناوێ لاچێ و چەند ناوێکی تر شوێنیان پڕکەنەوە. هەروەها ئەوەی وای لە شەستوهەشتیەکان کردووە بەوجۆرەی لایسەرەوە بیرکەنەوە باوەڕبوونیانبووە بەخۆیان.
بەڵام بۆچوونی ئایاریستەکان بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەمەی فەڕەنسا بەوجۆرە نەبووە کە لەم دروشمەی لایسەرەوەیە. چونکە خۆپیشاندەرانی پاریس بانگەشەیان بۆ قلپکردنەوەی دەسەڵات و گۆڕینی تێکڕای دەمووچاوە سیاسییەکانی وڵات نەکردووە. ئەو ڕەخنەیەی تائێستاش لە نێوەندی سیاسی و ڕوناکبیری فەڕەنسی لە شۆڕشی قووتابیانی فەڕەنسی دەگیرێ ئەوەیە کە ئامانجیان سەروژێرکردنی دەسەڵاتی سیاسی فەڕەنسی سەردەمی ژەنەڕال دی گۆل نەبووە. هەربۆیشە بەو گۆڕانکاریانەی ژەنەڕال دی گۆل بانگەشەی بۆکرد ئایاری 1968 دامرکایەوە و هەریەکە گەڕایەوە سەر کار و خوێندنی خۆی.

66. “”با ڕۆژنامەوانەکان کۆتاییانبێت ، ئەوانەش کە پشتگیرییانلێدەکەن.””

ئەوی ئایاریستەکان لەڕێگای ئەم گوزارەیەوە دەیلێن بۆ ئەو دەمەی فەڕەنسا و پاریس ماناداربووە. چونکە ڕۆژنامەوانەکان لەسەر شەقامەکانا بۆ سوالکردنی هەوال و قسە و وێنە دەخولانەوە و ئەوەش کە ئەوان دواتر پەخشیاندەکرد دادی خۆپیشاندەرانی نەدەدا و کێشە سەرەکیەکانی کۆمەلگەی ئەوکاتەی فەڕەنسی چارەسەر نەدەکرد. ڕۆژنامەوانەکان ، کە هەمیشە و لەگشت کات و شوێنەکانا، لەهەوای خۆیاندان ناکارن ئەوی هەیە وەک خۆی بیگەێنن و زۆرجار بێلایەن نیین و یان لەژێرفشاری گەر دەسەڵاتیشدا نەبن لەژێر فشاری گرووپ و تاقمی دیدان بۆیە ئایاریستەکان لەڕێگای لافیتەکانیانەوە داوای ئەوە لە گشت دەکەن کە پێویستە لە هەلومەرجێکێ ئاوادا کە گشت ڕژاوەتەسەر جادەکان ڕۆژنامەوانەکان و ئەوانەش کە یارمەتیاندەدەن پشتگوێخرێن و نەبن بەجێی هیوا و پشتیشیانپێنەبەسترێت.
ئەوەی ڕاستیبێت ، لە کاتی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 دا چاپەمەنی و تەلەفزیۆنەکان دژایەتیێکی زۆری خۆپیشاندەرانیان دەکرد و ناوناتۆرە و قسەێ زۆریان بۆ ڕابەرانی خۆپیشاندانەکان هەلدەبەست و وێنەی ناشرینیان لەسەر خۆپیشاندەران دروستدەکرد، بۆنموونە بەجوولەکە و بێگانە ناویاندەبردن و گەلییان دییان هاندەدا.

67. “” واقیعیبن : داوای نەشیاوکەن!””

ئەو پۆستەرەی لایسەرەوە کە یەکێکە لە دەربڕینەکانی ئایاری 1968 باس لە بارێ ئالۆزدەکات و بەرەو ئەو بینینەشماندەبات لەوەحالیبین کە چۆن ئایاریستەکان دەیانڕوانییە بەواقیعیبوون. بۆ ئایاریستەکان بەواقیعیبوون واتە پێداگیرکردن لەسەر داواکردنی نەشیاوەکان(موستەحیل). پێداگیریکردن لەسەر نەشیاوەکان یان ئەستەمەکان پێداگیریکردنە لەسەر شتێک کە مسۆگەرکردنی مەحالە و بەواقیعیبوونیشی لەبەردەم گەلێ ئالۆزیدایە.
هاواری ئایاریستەکان بۆ هێنانەدی ئەو خوازیاریانەی ئەستەم و ساکار نیین سەرەتای شەڕێ کۆمەڵاتیبوو لەتەک دەسەڵاتدا. هەروەها بایەخدان بە نەشیاویش لەخودی خۆیدا بایەخدانە بەوشتەی ڕوون نییە چەند بەدیهێنانی شیاوە. بەتایبەت، جەنگی نێوان شیاو و نەشیاویش لەو کۆمەلگانەی بەدەست نادادپەروەریەوە دەنالێنێ هەمیشە بەوە مەحکوومە کە لەگەل کاتدا هێنانەدی نەشیاوەکان ئەستەم و ئەستەمتربێت. بەڵام بەردەوامی ئایاریستەکان لەسەر خۆپیشاندان و خووگرتن لەسەر کۆبوونەوە لەسەر جادەکان و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات گەیاندییانی بەوەی ئەوی ناشێ بێتەدی بکرێ بهێنرێتەدی.   

68. “”ئازادی بۆ دوژمنانی ئازادی نییە.””

لەم ئەفیشەدا ڕەهایەتێک لە بینین بۆ ئازادی هەیە کە پێوەندی بە ڕقی خۆپیشاندەرانەوەیە لە دوژمنانی ئازادی و ئەم ڕقەش خۆی لەسەر بناغەی تێگەیشتنێ بونیاددەنێ کە دوژمنانی ئازادی مافی ئەوەیان نییە ئازاد بن. ئازادی کە مافی هەموانە بەپێی ئەم لافیتەیە بۆ ئەوانە نییە کە ئازادییان قۆرخکردووە. تێگەیشتنی ئایاریستەکان بۆ ئازادی تێگەیشتنێ سەرپێی و لاواز نەبووە بەلکو تێگەیشتنیان بۆ ئازادی پێوەندی بە ژینگەی سیاسی و ئابووری و ئەکادیمی وڵاتەوە هەبووە. ئەودەمەی خۆپیشاندانەکان لە ئایاری 1968 دا دەستبەکاربوو زۆرترین بایەخ بە واتای وەک “ئازادی” و “شۆڕش” درا و جەغتی بەردەوامی خۆپیشاندەرانیش لەسەر مانای تاک و شوێنی ئەم تاکە لە کۆمەلگە بەهەموو دامەزراوەکانیەوە (خێزان، زانگۆ، کارگە) جۆرە کۆششێبوو بۆ دەربازکردنی تاک لەو ستەم و نامۆییەی ئەو دامەزراوانە ڕۆژانە دووچاریدەکەن. بۆیە دوژمنانی ئازادی بەبۆچوونی خۆپیشاندەران شایانی ئەوەنین لەژێرئاسمانی ئازادیدا هەناسەبدەن و وەک گشت لەو ئازادیە سوودمەندبن کە ڕەهێلەی مانگرتن و خۆپیشاندان لەتەک خۆیدا دەیهێنێت. 
 
69. “”ڕەنگە ئێستا شتەکان جوان دەرنەکەون وەلی ئەوی کە جوانە ئەوەیە بژی لەبڕیئەوەی لە ژیانا بمێنیتەوە.””

بەدلنیاییەوە ئەو کاتەی شۆڕش دەستپێدەکات و زۆربە دەڕژێنە سەر جادەکان جۆرە ژیانێ یان شێوازێ لە ژیانی ناجۆر و ناڕێک دەستپێدەکات بەڵام ئەو چرکانە گشت ژیان نیین و دوا وێنەشمان لەسەر ئەوە نادەنێ کە دواتر چۆن خۆیان نیشاندەدەن. کەواتە لەگەل سەرهەلدانی گشت مانگرتن و خۆپیشاندانێ دەشێ هەندێ دیاردەی ناشرین یان شێواو لێرە و لەوێ لەدایکبێت بەڵام ڕۆژەکانی دواتر دەتوانن ئەوەمان نیشاندەن کە ئەوی ویسترا بکرێت لەپێناو ئەوە نەبوو کە تەنێ شتی یان دیاردەی ناشرین یان شێواو لەدایکبێت. هەروەها بەشێ تر لە لافیتەکە ئەوەشمان پێدەلێت کە ئێمەی بوونەوەر بۆئەوە نیین کە لە ژیانا بمێنینەوە بەلکو بۆئەوە هەین کە مانای ژیانبژین. مانای ژیانژیان ئەوە دەگەێنێت کە مرۆڤ بۆ ژیان نەژیت بەلکو  ژیانی خۆی بژیت. ژیانژیان بەو واتایەش دێت کە مرۆڤ ژیان بۆ دروستکردنی مانا بەکاربەرێت و لەوەبگات کە ژیانی مرۆڤ شتێ بەبەها و ناواخندارە و لەکۆتایشدا ئەم ژیانە بە مرۆڤبوونەوە مانادارە. مرۆڤیش کە بەمجۆرە بژیت ناکارێ نە گەندەل بێت و نەش ئامادە دەبێت ستەم و جەور قبولکات. بۆیە وەک بەشێ لە بەرپرسیاریەکانی ژیانژیانی مرۆڤ پێویستە مانا بە بوونی خۆی لە ژیانا بدات. واتە خود لە خودیەتی خۆی بگات و ماناێک بە بوونی ژیانی خۆی بدات.
ئەلبەتە ئەمە یەکەمجاریش نییە کە ئایاریستەکان لە پۆستەرەکانیانا جەغتلە مانای ژیان دەکەن و سەرنجی خەلک بۆ بەهای ژیان ڕادەکێشن. خۆپیشاندەران لە گەلێ بۆنەیتردا ئەمەیانکردووە و هەمیشە لە لافیتە و گوزارەکانیانا شوێنێکیان بۆ دەربڕین لە واتای ژیان و ئەرکی مرۆڤ لە ژیانژیان و لەبیرنەکردنی ژیان تەرخانکردووە.

70. “”ئیدیاکانتان دیوارەکان پیسدەکەن وەلی هەوا پاکدەکەنەوە.””

دیوارەکان لە دەمووەختی خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1968 دا شوێنی تەختەڕەشی(سەبووڕە) زانگۆ و قووتابخانەکانی گرتبوەوە. چونکە لەو ساتەوەختە شۆڕشگێڕییەدا دیوارەکانی زانگۆ و کارگە و شوێنە گشتیەکان تاکە ڕووبەرێ بوونە لەبەردەم مانگرەکان بۆ گوزارەکردن لە تێگەیشتن و خەونەکانیان. ئەلبەتە خۆپیشاندەران هۆشمەندیشیان لەسەر ئەوە هەبووە ئەوی ئەمان دەیکەن دیوارەکان پیس و ناشرین دەکەن بەڵام زۆریپێێناچێت ئەم دۆزە بەسەردەچێ و ئەمانیش لەوەدەکەون ئیدیا لەسەر دیوارەکانا پەخشکەن و ، ئەمەو خۆپیشاندەران پیسکردنی دیوارەکانیش وەک هەواپاکەرەوەێک دەبینن. مەغزای ئەوەی ئایاریستەکان ئاوا بیردەکەنەوە خۆی لەو سێرکردنەدا چڕدەکاتەوە کە چارەسەرکردنی بێدادیەکان و ئەو جەورە کۆمەڵایەتی و ئابووریەی لە وڵاتا سەروەرە هەوای وڵاتی پیسکردوە و بە نووسینی ناڕەزایەکان لەسەر دیوارەکانا وڵات لەو بێدادی و جەورە پاقژدەکەنەوە.

71. “”بە ڕابەرەکان پێبکەن – هیچ وەڵامێکیان پێنییە.””

لەکاتی قەیرانە سیاسییەکانا ڕابەرە سیاسییەکانی وڵات هەولدەدەن زۆرترین وتار بێژن و گشت ڕێگاکانیش بۆئەو مەبەستە دەگرنەبەر و  کۆبوونەوە و هەڤپەیڤینی تەلەفزیۆنی یان ڕادیۆی جۆراوجۆر سازدەکەن و تیایا ووتن لەسەر دۆزی وڵات دەهێننەپێشەوە. لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1968 دا سەرەک وەزیرانی ئەوکاتەی فەڕەنسا ژۆرژیۆ پۆمپیدۆ و سەرەککۆماری فەڕەنساش ژەنەڕال دی گۆل گەلێ کۆبوونەوەیان سازکرد و هەولیاندا بەگەلێ شێوازی سیاسی خۆپیشاندەران ساردکەنەوە و یان لە شەقامییان دوورخەنەوە بەڵام سووربوونی خۆپیشاندەران لەسەر داواکانیان و بەردەوامیدان بە مانگرتنەکان لە کارگە و زانگۆ و قووتابخانەکانا دۆزێ ئەوتۆی هێنایە پێشەوە دەسەڵات بانگەشە بۆ چارەسەرسازی پەلە و ڕیشەی بکات. بەڵام پێشئەوەی دەسەڵاتی سیاسی فەڕەنسی ئەو هەنگاوە ڕیشەییانە بنێت مانگرەکان لەسەر جادەکانی پاریس بێگوێدانە هەولە سیاسییەکانی ئیدارەی سیاسی وڵات لەسەر چالاکیەکانیان بەردەوامبوونە و گوێنەدەریشبوونە بەو گفت و بەلێنانەی ڕابەرەسیاسیەکان بانگەشەیانبۆکردووە. چونکە ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆپیشاندەران ئەوەی فێرکردوون کە لەکاتی قەیرانەکانا، لەوکاتانەی ملیۆنەها دەڕژنە سەر شەقامەکان گوێ لەدەسەڵات نەگرن و گەمەش بەو بەلێنانەبکەن کە دەسەڵات بانگەشەی بۆدەکات.  

72. “” دلتان بکەنەوە .”” یان “”پەنجەرەکانی دلتان بکەنەوە.””

لەم دوو گوزارەیەدا ،کە لایەنێ لە لافیتەکانی سەرجادەکانی پاریس لەماوەی خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1968 پێکدێنن، ڕێگاێتر بۆ پێوەندیکردن و بیرکردنەوە دەبینین ئەلبەتە ئەوەش لەڕێگای دل کردنەوە و بایەخدان بە دونیای دل. دلکردنەوە هەر بەمانای گوێگرتن بە دل ناێت بەلکو کارکردن بە دلیش دێت. دلکردنەوە مەغزای دلداریکردن و خۆشەویستیکردنیش دەگەێنێت. دلەکان کە پێش ڕووداوەکانی ئایاری 1968 داخرابوون یان دل ئەو شوێنەی لەژیانی تاکەکانی ناو کۆمەلگەی فەڕەنسی نەدەدی لەگەل داگیرسانی ئاگری شۆڕشی لاوان خێرا کیژ و کوڕەکانی سەر شەقامەکانی پاریس بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم ئاگرە تێکەلیەکدیدەبوون و بەبەردەفڕکێکانیان و بەدەم ڕووبەڕووبوونەوە لەتەک پۆلیس و ئاسایش دلیان بۆیەکتر دەکردەوە و لەتەکیەکا ئەوینیان دەگۆڕیەوە. ئەمەو گەلێ لە دروشمەکانی ئایاری 1968 ی پاریس جەغتی لە ئەوینداریکردن و هەوەسوەرگرتن و دەستلەملانێی نێر و مێ دەکرد و بەگژ ئەو نەرێتە کۆنە دیگۆلیە (شارل دی گۆل مەبەستە)شدا دەچونەوە کە سێستەمی سیاسی لەناو خێزان و کارگە و بواری پەروەردە گەشەی پێدەدا.

73. “”ڕێفۆڕمیزم ماسۆشیزمی ئەمڕۆیە .””

ماسۆشیزم بریتیە لەبەدەستهێنانی خۆشی سێکسی لەڕێگای ئازاروەرگرتنەوە. واتە تۆ ئازاردەدرێت بەو ئازارە ئارەزووی سێکسی خۆتپڕدەکەیتەوە. ئەم دیاردەیە کە بۆ شیکەرەوانی دەروونی بە نەخۆشیێ دەروونی و جەستەی بەرچاوی لەقەلەمدەدرێت بۆچوونی جیاوازی فەلسەفی و دەروونناسی لەسەرە. خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 پێیانوابوو گوێگرتن لە چاکسازیەکانی دەسەڵاتی فەڕەنسی کارێ ماسۆشیستیە و بۆیە خودی ئەو چاکسازیەی (ڕێفۆڕمیزم) دەسەڵاتی فەڕەنسی وەک ماسۆشیزمێ وێنەدەکەن، ئەمەش لەخودی خۆیدا نیشانەیە لەسەر پووچکردنی گشت هیواێک کە دەشێ بەو چاکسازییە بکرێت. چاکسازیش کە دەبێ بە کارێ ماسۆشیستانە هیچ متمانەێک بەو گۆڕانکاریانە ناکرێن کە لێرە و لەوێ لە کۆمەلگە لەژێرسایەی دەسەڵاتێ سیاسی نامرۆی و گەندلکار بەڕێوەدەبن. هەروەها ئەوەی کە چاکسازی بە پرۆسەێ لە ماسۆشیزمی لەقەلەمبدرێت ئەوە دەرگا داخستنە لەسەر گشت کردەێ بەتەندروستی دەروونی یان کۆمەڵایەتی.

74. “”فەڕەنسا دەولەتێکی پۆلیسیە.”” یان “”گشت دەولەتێک دەولەتی پۆلیسە.””

ئەم دوو دەبڕینە کە هاوناواخنن ڕەخنەی دەولەتدەکەن، دەولەت وەکئەوەی کە دەبێ بە دەزگاێ پۆلیسی و، دەولەتیش کە دەبێ بەم دەزگایە لە تووندی و زەبری زیاتر شتێ ئەوتۆ بەرهەمناهێنێت. دەولەتی فەڕەنساش لەکاتی خۆپیشاندانەکانا زۆرترین زەبری دژ بە خۆپیشاندەران و خەلکی سیڤیل پراکتیزەکرد. هەروەها ئەوەش کە دەولەت ئامرازێکە بۆ داپلۆسان و چەوسانەوە لەماوەی مانگرتنەکانی ئایاری 1968 دا لەناو چەپ و لاوە میلیتانتەکان(سەربازی یان جەنگاوەر) دا بۆچوونێ سیاسی باو بووە. ئەم بۆچوونەش دیسانەوە ڕەنگدانەوەی ئیدیۆلۆژی خۆی هەیە و بەتایبەت ئەو چەپانەی ئەو دەمە لە کۆمۆنیزمی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بێزار ببوون پێیانواببوو بوونی دەولەت چارەسەر نییە و کێشەی تاک و خەونەکانی ئەم تاکە تەنێ بە دروستبوون و هەبوونی دەولەت ساڕێژنابێت. جگەلەوە ئەوی دەولەت ،دەولەتە تۆتالیتاریەکان، لەماوەی جەنگی جیهانی دوودا پراکتیزەیان کرد گشت مانا باشەکانی دەولەتی ناشرین کرد و دەولەت لەژێرسایەی ئیدیۆلۆژیا هەمەیی و گشتخوازەکانا زۆرترین مەینەتی بۆ تاکەکانی کۆمەلگە هێنا. بۆیە ئەزموونی سیاسی و ڕوناکبیری گەلێ لە خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968  ئەوە نیشاندەدەن کە تێگەیشتنی سیاسیانەی خۆیان بۆ چەمکی دەولەت هەبووە و هیچکات دەولەتیان پێ فریشتە نەبووە و وەک دەزگاێکی دادئامێز و یەکسانگەراش نەیانڕوانیوەتەوە دەولەت.

75. “”جوانی لە شەقامە””

ئەو وێنەیەی کە گوزارە لەم ئەفیشەی ئایاریستەکان دەکا وێنەی کیژۆلەێکی لاوە کە بەردەهەلدەات. ئەم لافیتەیە تائێستاش وەک هێماێک بۆسەرخابوون بەکاردەبرێ و ئەو چرکە هەژێنەرانەش بیردەخاتەوە کە شەقام لە تاکەکانی کۆمەلگەدا دروستیدەکرد.
هەروەها مەغزای قەشەنگی والەسەر شەقام ئەوەش ڕووندەکاتەوە کە ئافرەتانی کۆمەلگەی فەڕەنسی لەوە حالیبن قەشەنگی لە خۆئارایشتکردن و خۆڕازاندنەوەدا نییە بەلکو لەوەدایە چۆن ئافرەتان شانبەشانی پیاوان بەرەنگاری دەسەڵات ببنەوە و بەشداری لە بەرد توڕهەلدان و کۆبوونەوە و چرکە ڕابووناویەکانا بکەن.
ڕاستە گشت چرکەێک جوانی خۆی هەیە و بەپێیپێویست ئەو چرکەیە جوانی بەخشە بەڵام جوانیەکانی کاتی شۆڕش جیاوازن و سەرچاوە لە ئامراز و شێوازی ترەوە هەلدەگرن و دووری تریش بە جوانکاری دەبەخشن. بۆیە ئەو جوانکاریەی شۆڕش دەیهێنێت ناواخن جیایە و بیرنەچوەوەشە. 
بەدلنیایشەوە دەلێین کە جوانی لەساتەوەختەکانی شۆڕش و ڕووبەڕووبوونەوە لەتەک هێزە تاریک و بەدەکانا تەنێ لەسەر جادەکانا ئامادەیە و تەنێ کۆبوونەوە و سەرپێچی و سەرچلیەکانی خۆپیشاندەران دەکارێ جوانی ڕاستەقینە و بێ ئاڕایشت لە زەینی تێکڕای تاکەکانی کۆمەلگەدا بۆهەمیشە بنەخشێنێ.
  
76. “”سەندیکاکان سۆزانیخانەکانن.””

بۆهەموان دەشێ شتێ ڕوونبێت کە، توڕەیێ زۆر بەم لافیتەیەوە دیارە بەڵام پێویستە بزانین بۆ، بۆ ئایاریستەکان بەمشێوەیە بیردەکەنەوە؟ ئاشکرایە کە بەشێ لە سەندیکا قووتابی و کرێکارییەکان (وەک: یەکیەتی نیشتنیمانی قووتابیانی فەڕەنسی – ئی ئێن ئێ ئێف- ، کۆنفیدڕالیەتی گشتی کار -سێ گێ تێ- ، یەکیەتی قووتابیانی کۆمۆنیستی -ئی ئێ ئێس- ، سەندیکای نیشتیمانی پەروەردەی باڵا- ئێس ئێن ئی سیپ- ) لە خۆپیشاندانەکانی ئایاری 1968 ی پاریس چالاک و بزووێنەربوون و قسەکەری قووتابیان و کرێکارانیش بوون. واتە، قسەکەری ڕێکخراوە سەندیکای و سیاسییانەییەکانی قووتابیانبوون. ئەو بەشەی لێدەرچێت کە لایسەرەوە ئاماژەیپێدرا ئەوانیتر و بەتایبەت ئەو ڕێکخراو و سەندیکایانەی دەمڕاستی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی بوون لە هێلی قووتابیان و کرێکارانەوە دووربوون. لەبەرئەوەش کە ئەم جۆرە ڕێکخراو و سەندیکایانە هیوایێ زۆریان بە ڕژێمی سیاسی ڕاستڕەوی ژەنەڕال دی گۆل بوو ئەم لایەنە بێ هیوایێ گەورەی لەناو خۆپیشاندەران بە سەندیکا گەورەکان دروستکردبوو و ، بەتایبەت بە وانەی دژی پرۆسەی ئایاریستەکان بوون و بەهانای پەیامە سیاسیەکانی قوتابیان و کرێکارانی سەر جادەکانی پاریس نەدەهاتن. بۆیە تێکڕای ئەو جۆرە سەندیکایانە بەر ئەو دروشمەی لایسەرەوە دەکەون و لەڕیزی ئەو سەندیکایانەش ڕیزدەکرێن کە دژی خواستەکانی کرێکار و جوتیار و قووتابیانن. هەروەها هەلەی کوشندەی گرووپە سیاسیە کۆمۆنیستیەکان، ئەوانەی لەژێرڕکێفی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیدا بوون، ڕۆلێ زۆریان لە لاوازبوونی بەرەی چەپ و کەرتبوونی بزووتنەوە ئەنتی سەرمایەداری و بۆرژوازیەکان دی. ئەلبەتە ئەو سەندیکا و ڕێکخراوە سیاسی و قووتابیانەییانەی چالاک و بزووێنەربوون ئەوانەبوون کە دژی سیاسەتی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی بوون، کە ئەوەش بزووتنەوە سیاسییە ترۆتسکی و ماوی و تشیڤارایەکان بوون، کە ئەمانەش بزووتنەوە سیاسییە ئەنتی سۆڤیەتی و ئەنتی ئیمپریالیەکان بوون، هەروەها ئەو بزووتنەوانەشبوون کە دژایەتی زۆرداری ئەمەریکاییان دەکرد و دژی شەڕی ڤێتنام و کاولکاریەکانی کۆلۆنیالیستە ڕۆژئاوایەکان و لەشکری سوور لە وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات بوون، گومانیشیناوێت بلێین کە، ئەم جۆرە بزووتنەوانە لەنێو لاوان و قووتابیانی زانگۆ و کارگە گەورەکانا (وەک کارگەی ئۆتۆمۆبیلی رۆنۆ) جەماوەریان تابلێیت زۆربوو و گەرایێ شۆڕشگێڕانەشیان لەسەر جادەکانی پاریس دانابوو.

77. “”گشت ئەوی گفتووگۆئامێزە بۆ گفتووگۆیە.”” 

ئایاری 1968ی پاریس ئایارێ زێدە گفتووگۆئامێزە و تائێستاش گفتووگۆی گەرمی لێرە لە پاریس و لەگشت شوێنێکیتری ئەم جیهانەی ئەمڕۆمان لەبارەوە لەسەر دەکرێت. ئایاری ناوبراو کە ئێستا 43 سالێکی بەسەردا تێپەڕیووە لە مێدیای فەڕەنسی و ئەورووپای زوو زوو باسدەکرێت و گشت سالێکیش بەگەلێ شێوە یاددەکرێتەوە و وەک نموونەێکیش لەسەر هەژانی شەقام و تووڕەی چینە خەسێنراوەکانی کۆمەلگە بەرباسدەخرێت و گفتووگۆ لەسەر لاوازی و کێشەکانی و هەروەها ئاکام و پاشماوەکانیشی دەکرێت.
بۆ فەڕەنسیەکان و گەلێ لە نەتەوەکانی تری ئەورووپا ئەوە ڕوونە کە ئەم ئایارە گەلێ شتی لەتەک خۆ هێنا و یەک لەو شتانەش ئەم ئایارە مەزنە لەتەک خۆیڕاهێنای خۆڕاهێنانبوو لەسەر گفتووگۆ کە ئەمەش بۆ ئایارچیە شۆڕشگێڕەکان ڕەخنەکردنی دەگەیاند. ئەم ڕەخنەکردنە ئاڕاستەی جیای لێبوەوە وەلی زۆربەی جەمسەرەکانی ئەو ڕەخنەکردنانە خۆی لە ڕەخنەکردنی دامەزراوەکانی ناو کۆمەلگەی فەڕەنسی چڕدەکردەوە. هەروەها ئایاری پاریس ئەو دەمە و دواتریش گفتووگۆی کرد بە بناغە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریەکان هەربۆیشە بۆ ئایاریستەکان ، هەروەکئەوەی لەو گوزارەیەی لایسەرەوە دیارە ،کە یەکێ لە لافیتەکانیان پێکدێنێت، ئەوی شایانی گفتووگۆیە با گفتووگۆی لەسەر کرێت. بەپێی ئەم لافیتەیەبێت هەندێ شت هەن شایانی گفتووگۆ نیین یان شایانی ئەوە نین لەئێستادا گفتووگۆکرێن. وەکیتریش دەمووەختی شۆڕش و چرکە ڕابووناویەکان ئەوە داوادەکات کە ئەو شتانە گفتووگۆکرێن پێویست و هەنووکەین ئەمەش بەمانای ئەوەدێت ئەوە گفتووگۆکرێت کە لەئێستادا کاریگەرە و ڕەنگە گفتووگۆکردنەکەی ئاکام بخاتەوە و گۆڕانکاری لەتەک خۆدا بێنێت.
خۆڕاهێنان لەسەر گفتووگۆکردن خۆ ڕاهێنانە لەسەر کولتووری ڕەخنەکردن ئەو دەمەی ئەم جۆرە کولتوورە زالدەبێت ئەو شتانە دەبن بە بابەتی گفتووگۆکردن کە پەیامێک دەگەێنن و خواستێ لەخۆڕاحەشاردەدەن. بۆ ئایاریستەکان گفتووگۆکردنی ناسەقامگیری کۆمەلگە و بەتایبەت باری ناهەمواری کرێکاران لە کارگەکان و دۆزی پەروەردە لە قووتابخانە و زانگۆکانا لەو بابەتە زێدە هەستیارانەبوون کە گفتووگۆئامێز و هەنوکەی بوون. چونکە دیوێکی تر ئەو باسانەی گفتووگۆئامێزن و قابیلن بە گفتووگۆی قوول ئەو باسانەن کە هەنووکین و قسە لە هەنووکە دەکەن. چونکە لەکاتی قەیرانەکانا قسەکردن لە هەنووکە و کردنی بە بابەتی گفتووگۆ ڕێگا لەبەردەم ئاسۆکانا دەکاتەوە کە بێنەدی و پەیامەکانیش بگەنە شوێنی مەبەست. واتە، تەنێ بەهۆی گفتووگۆی شتە هەنووکەیەکانەوە شێوازە هەلەکانی حوکمڕانی و چەوتیەکانی بازاڕی کار و باری زانست لە کۆمەلگە دەخرێتە ژێرگفتووگۆە و بناغە بۆ بەپێوەربوونی شتەکانیش دادەنرێت.

78. “”مامۆستاکان ئێوەش وەک کولتوورەکەتان وەک مۆدێرنیزم کۆن بوونە، مۆدێرنیزمەکەتان بریتیە لە مۆدێنیزەکردنی پۆلیس ، و کولتوورەکەش تەواو تێکشکاوە.””

یەکێ لە شەڕەکانی قووتابیانی قووتابخانە و زانگۆکانی دەمووەختی ڕووداوەکانی مانگی ئایاری 1968 بریتی ببوو لە بەیەکاچوونەوە لەتەک سێستەمی پەروەردە. ئەلبەتە ئەوەش کە زۆرینەی قووتابیانی ئەو دەمەی هێنابووە سەر شەقامەکان نالەباری سێستەمی زانستی ،لاوازی ئاستی ئەکادیمی و بێ توانای توێژینەوە، ببوو لە زانگۆکانا. بۆیە ئەم دەربڕینەی لایسەرەوە ،کە گوزارە لە تێگەیشتنی پێداگۆگی قووتابیە ئایاریستەکان دەکات، کاردانەوەی قووتابیان بوو بەرامبەر بەو دۆزەی زانین لە کۆمەلگەی فەڕەنسی دەیژیا. هەروەها لەدەمووەختی ڕووداوەکانی مانگی ئایاری 1968 دا لە گەلێ بۆنە و کۆبوونەوەدا قوتابیانی زانگۆی سۆڕبۆن و مەعهەدی نانتێر ڕەخنەی تووندییان لە مامۆستاکانی زانگۆ دەگرت و بەوە تاوانباریانیان دەکردن وانەکانیان هیچ نەگۆڕن و توانای دروستکردنی قووتابی شۆڕشگێڕانەیان نییە و بشگرە لەتەک دۆزی ڕاستەڕەوانەی شێوازی حوکمڕانی سیاسی دیگۆلیەکان ڕێدەکەن و لە شکستهێنانی ئەکادیمیش بەولاوە شتێتر بەرهەمناهێنن.
هەر لەو دەمەدا کە بانگەشە بۆ مەرگی مامۆستایانی زانگۆ و بۆ وانە ڕاستڕە و نەرێتیەکانیان دەکرا گەلێ لە مامۆستاکانی زانگۆ و قووتابخانەکانی پاریس لە مانگرتنەکانا بەشداربون و شانبەشانی قووتابی و کرێکارە خۆپیشاندەرەکان هووتافیان دەدا و بەگژ هێزی پۆلیسدا دەچوونەوە. ئەمەو بەشێ زۆر لە مامۆستاکانی دانیشگا گەورەکان (سۆڕبۆن، کۆلێژی دۆ فرانس، ئینستیتوونی نانتیێر)، کە ڕوناکبیرە دیارەکانی ئەو دەمەی فەڕەنساش بوون ، لەسەر جادەکانا خەریکی خەبات و ڕووبەڕووبونەوەبوون لەتەک دەسەڵاتدا.

ماویەتی…………….

Previous
Next

Leave a Reply