Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئاماژەکانی دروشمەکانی ئایاری 1968 ی پاریس

ئاماژەکانی دروشمەکانی ئایاری 1968 ی پاریس

Closed
by April 22, 2011 فەلسەفە


ى  “”مرۆڤ نە ژیرە و نەش گەمژە بەلکو مرۆڤێ ئازادە و بەس””.
 ئایاریستەکان ،خۆپیشاندەرانی پاریس لە 1968 دا، گرینگیێ زۆریان بە واتای وەک مرۆڤ و ئازادی و یان سەربەستی تاک دەدا. ئەلبەتە ، لەگەل ئەم تێگەیشتنەی لایسەرەوەش ، کە یەکێکە لە پۆستەرەکانیان،  زۆربەی سەرنجەکانیان ڕوەو ئەوەدەچێ کە گرینگە مرۆڤ وەک مرۆڤ باسکرێ و پۆلنەکرێتە سەر مرۆڤی زیرەک و مرۆڤی گەوج. چونکە ئەو جۆرە پۆلکردنە تەنێ لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی سیاسیدایە و کارێ مەترسیداریشە بۆ سەر ئایندەی مرۆڤایەتی. بۆیە بۆ خۆپیشاندەران زێدەماناداربووە ئەوەلەبیرکەن کە کۆمەلگە دەبێ ببێ بە شوێنێ بۆپەرەدان بە بوونی مرۆییان. لەبەرئەوەی دابەشکردنی واتای مرۆڤ بەسەر مرۆڤی زیرەک و نازیرەک یان دەبەنگ ڕێگاێکە بۆ چەوسانەوە و پەراوێزکردنی مرۆڤە دەبەنگەکان و بەنێوەندکردنی مرۆڤە زەرەنگەکان. بەڵام ڕووی زمانەوانی تری ئەفیشەکە ئەوەشمان پێدەلێت کە مرۆڤ پێویستی بە پۆلکردن نییە چونکە ئەوەی مرۆڤ پێویستییەتی سەربەستیە. بۆیە بۆ خۆپیشاندەران گرینگەبوو جەغتلەوەکەن کە مرۆڤ تاکێ ئازادە و هەر ئەم ئازادییەشە تاکە شتێکە مرۆیی مرۆڤ دەپارێزێ. ئازادی کە لای فەڕەنسیەکان واتاێ هێژایە یەکێکە لەو واتایانەی شۆڕشی فەڕەنسی و بزووتنەوەی ڕۆشنگەری فەڕەنسی جەغتیلەسەرکردووە.
لەهەندێ سەرچاوەی تردا گوزارەی لایسەرەوە بەجۆرێتریش داڕێژراوە بۆنموونە: “” مرۆڤ نە ژیرە و نەش دەبەنگ – مرۆڤ یان ئازادە و یانیش نائازاد “”، کە ئەوەش بەلگەیە لەسەر ئەوەیە کە دروشمەکان بە شێوازیتریش داڕێژراون و  بەڵام لەناوەڕۆکدا یەک مانا دەبەخشن و یەک ئامانج دەپێکن ئەوەش ئەوەیە کە شتێ زێدە پەسەندنەکراوە دابەشکردنی مرۆڤ بۆسەر دوو پۆلی جیا، زیرەک و گەمژە، ئەلبەتە، بەم ئەفیشەشدا دیارە کە بەبۆچوونی چالاکەڤانە سیاسیەکانی 1968 هەچ جۆرە دابەشکردنێ لەوجۆرەش هەبێ بە قازانجی دەسەڵات دەگەڕێتەوە و دەسەڵات لەوەدا زێدە سوودمەندە کە کەسانێ هەبن ناژیر بن و ، ئەم کەسانە بەوجۆرە دەسەڵات مەبەستیەتی بەکارببرێن و کۆیلە و ژێردەستچییان لێدروستکرێت.

آ “”ستالینیەکان کوڕەکانتان وا لەگەلمانا””.
ئێمە بەشبەحالی خۆمان لەم پۆستەرەدا سیاسەتکردنێ زۆر بەدیدەکەین. چونکە زۆربەی ئایاریستەکان بەتایبەت ڕابەرەکانیان (بۆنموونە دانیێل بینسەعید، دانیێل کۆهن- بندیت، ئالێن گێشمەر و…….هتد ) چالاکەوانی سیاسی ماوی و ترۆتسکی ئەنتی مارکسی- لینینی بوونە و زۆربەشیان دژی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیش بوونە ،کە لەو کاتەدا پارتی ناوبراو دژی خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا بووە.
دەشێ ئەو سیاسەتبازیەش لەو دروشمەی لایسەرەوە ببینین کە، ئەوانەی ئەمڕۆ لەسەر جادەکانن نەوەی ئەو باوکانەن کە لەڕابردوودا مارکسی-لینینی ، لەسەر شێوازی سۆڤیەتی، بوونە و ئەوڕۆ مندالی ئەو باوکە ستالینییانە ئەو منالە یاخیانەیان لێبووە ، کە دوژمنی گشت سیاسەتێکی باوکەکانیانن و نایانەوێ لەسەر ڕەوتی چەوتی سیاسی باوکەکانیان بڕۆن. ئەم لایەنەش ، بەبێگومانەوە، پرسیارگەلێ زۆر دروستدەکەن کە ئێمە لایخوارەوە گفتووگۆیدەکەین و دۆزی سیاسی و هزری ئەو دەمووەختە ژێرباسکردن دەخەین کە پێوەندی بە دروشمی لایسەرەوە هەیە. چونکە مێژووی سیاسی و هزری فەڕەنسی لەساڵانی پاش جەنگی جیهانی دوو بەولاوە مێژوویێ زۆر ئالۆزە و قابیلە بە توێژینەوەی جۆربەجۆری قوول و فڕەئاقار.     
 دەسەڵاتی سیاسی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران جۆرە دەسەڵاتێ سیاسیانەی وشک و زبری بەرهەمهێنابوو کە کاریگەریخۆی لەسەر زۆربەی پارتە کۆمۆنیستەکانی ئەورووپا و جیهانی دەرەوەی ئەورووپاش بەجێهێشتبوو و زۆربەی ئەو پارتانە و سەندیکا کرێکاری و چالاکیە کرێکاریەکانی سست و ناکاریگەر کردبوو بۆیە بەشێ هەرە زۆری گرووپە سیاسییەکانی ئایاری 1968 ی پاریس دژی سیاسەتی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران بوون. لێرە هیچ تازەگەریێ لە ووتنیشدا ناکەین گەربلێین ئەوی مۆسکۆ بیووتایە لەلایەن پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهانەوە بەبێ گفتووگۆ کاوێژدەکرایەوە و ، هەروەها چەند سەرمایەداری جیهانی لەودەمەدا دەگەی جۆراوجۆری لەبیری مارکسی یان بزووتنەوەی چەپگەرای دا هەرئەوەندەش خودی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران لێیدا. پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی جاران کە دەشێ وەک بەرپرسیار لە داتەپاندنی ئیدیۆلۆژیای مارکسیزم و بەکۆیلەکردنی پارتە کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی مۆسکۆ تەماشاکرێت کاریگەریێ زۆری لەسەر ئەو ئینشیقاق و لەبەریەکهەلوەشانەوانەش هەبوو کە دووچاری پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهان دەبوەوە.
بەواتاێ تر، لەکاتی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 یەکیەتی سۆڤیەت بۆ خۆپیشاندەران بریتی بوو لە هێزێ نامرۆی و سەرکەوتکەر. ئەوی لەشکری سوور لە بۆدابست (لە 1956) کردی و پێشتریش ڕۆلی ئەم لەشکرە سوورە لە دامرکانەوەی مانگرتنی کرێکارانی کرۆنشتاد و دواتریش دەستی لەشکری ناوبراو لە دروستکردنی بەهارە خوێناویەکەی پراگ هەموو ئەوانە ناحەزی دژ بەم لەشکرە لەگەلێ شوێن لە جیهانا دروستکردبوو. 
سەرباری ئەوی ووترا، قووتابیانی سەرشەقەمەکانی پاریس لە ئایاری 1968 دا هەلوێستیان بەرامبەر تۆتالیتاریەتی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی جاران و هەولی ئەم پارتە بۆ دەستبەسەرکردنی پارتە کۆمۆنیستەکانی دەرەوەی سۆڤیەتی جاران زۆر ڕوونبوو. بۆیە لە درووشمی خۆپیشاندەراندا ئەوە دەبینرا کە چۆن دژی ڕەفتاری سۆڤیەتی و پارتی کۆمۆنیستی مەجەری(هەنگاری)بوون لە داپلۆساندنی ئەو یاخیبوونەی لەنێوان 23 ئۆکتۆبەر و 4 نۆڤەمبەری 1956 دا لە هەنگاریای ئەودەمە، کە ڕژێمێ کۆمۆنیستی لەسەر حوکمبوو ، دامرکێنرایەوە. بۆیە زۆربەی ئەو ڕوناکبیر و بیرمەندە فەڕەنسیانەی لە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسیەوە دووربوون دژایەتی هەلوێستی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی جاران و پارتی کۆمۆنیستی هەنگاریان کرد تەنانەت هەلوێستی ناشرینی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی کە لەگەل هەلوێستی سیاسی ئەودەمەی مۆسکۆ کۆکبوو بووە هۆیئەوەی گەلێ ڕوناکبیر و بیرمەندی فەڕەنسی لە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی لە 1956 بێنەدەرێ (لەوانە ئەندرێ گلۆکسمان، ژان- پۆل سارتەر و ..هتد   ).
جێیسەرنجە ئەوەش بووترێت کە، چەپی ئایاری 1968 ی پاریس چەپێ پەرت و و پەرشوبڵاوبوو بەڵام خاوەنی سەرچلی و دەنگی سیاسی خۆشیبوو ئەمەشتەنیا لەبەرئەوەی دەنگێ سیاسی پێویست بوو چونکە دژی دەسەڵاتی سەرمایەداری و گشت هێزە سیاسییە تەکنۆکراتیە هەمەییەکان بوو ،جا ئەوەی دەسەڵاتی ئابووری سەرمایەداری جیهانی بێت یان دەسەڵاتی سیاسی هەمەیی (تۆتالیتاری) سۆڤیەتی جاران. بەواتێ تر، وەستان بەڕووی سەرمایەداری و هێزە تۆتالیتاریەکان یەکێ بوو لەو پرنسیپانەی قووتابیانی زانگۆی پاریس و مەعهەدی نانتێر و کارگەکان وێلیبوون.
هەروەک پێشتریش ووترا، گەلێ لە چەپەکانی سەرشەقامەکانی پاریس ئەو دەمە ناوی چەپەفەوزەیەکانیشیان پێدەووترا چونکە گەلێ لە چەپەکانی ئایاری 1968 ی پاریس سەر بە ڕێکخراوێ سیاسی دیایکراو نەبوون و زۆرینەیان دژی سیاسەتی پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی بوون و لەهەمانکاتدا دژی سیاسەتی ئەودەمەی مۆسکۆش بوون هەربۆیشە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی دژی ئەو خۆپیشاندانانەبوو و پێیشیوابوو ئەوی لەسەر جادەکانا لە پاریس و شارەکانیتری فەڕەنسا (تولوز، ستراسبۆرگ ، نانت و…..)دەگوزەرێت لە خزمەتی ئیمپریالیەتدایە. لەڵاێترەوە دەکرێ ئەوەش بلێین کە، چەپەکانی ئایاری 1968 ی پاریس چەپگەلێ دژە چەپی پێشخۆیانبوون یان بابلێین دژی مامۆستا سیاسیەکانیانبوون و بەگومان بوون لەو وانە سیاسییانەی لەوانەوە فێریببوون. چونکە وانە سیاسیەکانی پێشوو یان ئەوی باوکەکانیان لەسەری ڕاهاتبوون وانەگەلێ سیاسی بێفەڕبوون و  پڕیشبوون لە بێدەنگ و لە شت شاردنەوە. زۆریش دوورنیە ئەو کێشەیەی تایبەت بە تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس کەوتە نێوان لوی ئالتیسێر و قووتابیەکەیەوە،ژاک ڕانسیێر، پێوەندی بەملایەنەوە نەبووبێت. چونکە لوی ئالتیسێر ئەو کات و دواتریش سەرقالی خوێندنەوەی نوێ بوو لەتەک ڕانسیێر و بالیبار تایبەت بە بیری مارکس و هەروەها خوێندنەوەی “سەرمایەی” مارکس. 
بەلام ئەوی لایسەرەوە ووترا داوای ئەوەشمان لێدەکات جیاوازی لەنێوان دوو جۆر چەپداکرێت: ئەو چەپەی کە چەپی ناو پارتەکان بوو لەپێش هەموویانەوە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی و هەروەها ئەو چەپەی کە لەسەر شەقامەکانا بوو (لەوانە مارکسیە ئەنتی سۆڤیەتیەکان و ترۆتسکیەکان،ماویەکان و… ) کە خۆی بە قووربانی هزری چەپی باو دەزانێ و لەهەمانکاتدا دژی دەسەلات و هێزی سەرمایەداری نێودەولەتی بوو. بۆیە بۆ چەپە ئەنتی چەپەباوەکان ، بۆ چەپە ئەنتی سۆڤیەتیەکان، ئەوی لە کۆمەلگەدا پراکتیزەدەکرا بەرهەمی بیری سیاسی نەک هەر دەسەلاتی سیاسی بۆرژوازی ڕۆژئاوای بوو ،کە فەڕەنسیش بەشێک بوو لەو دەسەڵاتە، بەلکو بەرهەمی ڕێکخراوە سیاسییەکانیش بوو کە لەبنەڕەتدا خۆیان بە دژە دەسەڵات دەزانی ، لەپێش هەموویانەوە چەپەکانی ناو پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی، کەچی ڕەفتاری سیاسی پڕبوو لە چەوتی و هەلەی گەورەگەورەی سیاسی. بۆیە بێتوانای چەپ لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی کاریگەرێ زۆری هەبوو بەسەر هاتنەسەرشەقامی قووتابیان و کرێکاران لە ئایاری 1968 دا و ، هەروەها پشتکردنی چەپی سەرشەقام لە چەپە حیزبییە دەمارگیر و هزر داخراوەکان.
بۆئەوەی لێرە دیوارێک بخەینە نێوان تێگەیشتنی سیاسیانەی چەپی ناو پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی و چەپە یاخی و بیرکراوەکان، کە ئەمانە بەزۆری ئەو قووتابی و کرێکارانەبوون کە لەسەر شەقامەکان بوون و زۆربەشیان تروتسکی و ماویەکان بوون دەبێ پیێلەسەر ئەو ڕاستیە هزری و سیاسیە داگرین کە ئەگەر ئەم جۆرە چەپانە نەبانایە ئایاری 1968 ی پاریس لەدایک نەدەبوو. ئەم چەپانە لەو دەمەدا نە فریوخواردووبوون و نەش وابەستە و کۆیلەی هیچ جەمسەرێ سیاسی بەلکو هێزێ بوون پڕ لەهەڕەشە لەسەر ستالینیزم و سەرمایەداری و ئەمەریکانیزم. ئەم چەپانە ئەو منالە بێکار و بێئاسۆ و بێکات و  بێنازانەبوون کە لەگشت لاێکەوە پەراوێز و فەرامۆشدەکران و نە خێزان و نە دانیشگا و نەش کۆمەلگە وەک ئەوەی هەبوون دەیانیگرتە خۆ. بۆیە لانەی ڕاستەقینەیان سەرجادەکان و چەکی دەستیشیان پەیڤ و بەرد و هاوار (قیژە) بوون.
بۆیە ئێمە بەشبەحالی خۆمان گەیشتوینەتە ئەو سێرکردنەی کە، ئایارچیەکان لەڕێگای ئەو دروشمەی لایسەرەوە(“”ستالینیەکان کوڕەکانتان وا لەگەلمانا”” ) ، کە یەکێ لە پۆستەرە سیاسیە بەهێزەکانیان پێکدێنێت، دەیانەوێ بە نەوەی پێش خۆیان بلێن ئێمە لەئێوە ناکەین و ئێمە جیاواز بیردەکەینەوە و ئێمە مولکی خۆمانین و کەس ناتوانێ هیچمان بەسەر فەرزکات و لەدوورەوە فریوماندا و بمانجوولێنێ و بەئارەزووی خۆشی بێدەنگمانکات و یان بەوجۆرەی دەیەوێت ڕێنومایمانکات و دەنگمانلێوەدەربێنێ. هەروەها لە ڕۆژەکانی ئایاری 1968 لە گەلێ شوێن لەسەر جادەکانی پاریس و لەناو حەرەمی زانگۆکانا بەگەلێ شێوە وێنەی ستالین بەشێوازی جیا ڕیسوا دەکرا و وەک دیکتاتۆر پێشاندەدرا و لەهەماکاتدا و لەگەلێ لە ناوچەکانی تری شاردا وێنەی مارکس لەتەک وێنەی تشی ڤارا و ماو و لینین و هۆشی مینا هەلدەواسرا و وەک هێزگەلێ شۆڕشگێڕانە نیشاندەدرا و وتە و گوزارشتیان بەکاردەبرا. ئەمەش لەلاێترەوە پێوەندی بەوەوەبوو کە گرووپە سیاسییەکانی ئایاری 1968 چ لە پاریس و چش لەباقی شارەکانی تری ئەورووپا گرووپهاێکی جیاو جۆراوجۆربوونە و خەیالی سیاسییان ناهاوشێوە بووە، وەلی دژایەتیکردنی ستالین و ستالینیەکان و هەروەها ڕەتکردنەوەی ئیمپریالیەت و لەپێش هەمووشیانەوە ئیمپریالیەتی ئەمەریکی و هێزە سەرمایەداری و ڕاستڕەوە ناوخۆکان بۆ گشت گرووپە سیاسیە جۆراوجۆرەکان هەمان شت بووە. ئەلبەتە ناشێ گومان لەوەدا کرێ کە لەڕووی سیاسیەوە لە شوێنێ وەک ئەو دەمەی پاریس گرووپە سیاسیە ترۆتسکی و ماویەکان و تادەگاتە برۆدۆنی و باکۆنینیەکان (کە دەکات فەوزەویەکان) زۆر بڵاو و کاریگەرئامێزبوونەوە و شەعبەیەتیان لەناو کرێکار و جووتیار و بەتایبەت و قووتابیانی زانگۆ (پاریس و نانتێر) بێئەندازە ماناداربووە هەربۆیشە پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی ئەو کات لە بەیاننامە و ڕۆژنامەکانیا دژایەتێ زۆری ئەو جۆرە گرووپە سیاسییانەی دەکرد و بە “ئاژاوەچی” و “نۆکەری ئیمپریالی” لەقەلەمدەدان.
    
ى  “”ڕاکە هاوڕێ جیهانە کۆنەکە وا لەپشتتەوە””.
 لێرە قووتابیانی زانگۆکان دەیانەوێت بەیەکتر بلێن خۆت لە ژیانی ڕابردوو دەربازکە و بگە ئەو شوێنەی ژیانە تازەکەی تیایە. ئەوی هەیە ئەوەیە کە لەپشتەوەیە و ئەوی دێ ئەوەیە کە ئەوان، واتە قووتابیانی زانگۆکان ، لەڕێگای مانگرتنەکانیانەوە دەیسازێنن. ڕاکردن لێرە ئاماژەیە لەسەر جۆرە پەلیێک کە ئامانجلێی ڕاکردنە لە ڕابردوو و ئامێزکردنەوەیە لە داهاتوو. بەواتێتر، کەوتنەناو ژیانێ ترەوە، ئەو ژیانەی کە دێت ئەوە ئەوەیە کە ئەمان بەخۆیان سازییانکردووە. وەکیتریش،  واتە ڕاکە هاوڕێ تافریاکەوین، فریای ئەو ژیانە نوێیەکەوین وا لەسەرپێیە. هەروەها بۆ ئایاریەکان ڕاکردن هێمای خێرایکردن و کاتپارێزیە کە ئەمان نایانەوێ چیدی کاتیان بەفیڕۆبڕوات و لەناو بێکاتیا کات بەسەربەرن. لە “ڕاکردن”دا دەشێ ئەوەش ببینرێتەوە کە پشتلەوەکەی کە هەیە و ڕووەو ئایندە ڕێکەی. بۆ نەوەی ئایاری 1968 شکستیەکان وانلەپشتەوە و خەسلەتی ڕابردووش ناشێ بگوێزرێتەوە ناو ئایندە و ناو ئەوەی بەڕێوەیە. چونکە ئەوکاتەی تالیەکانی ڕابردوو تێکەل بە داهاتوودەکرێت بەوە کۆسپ لەبەردەم گشت تەشەنەێ نوێ دادەنرێت.
شەستوهەشتییەکان ،کە چالاکەڤانە سیاسیەکانی ئەو دەمەی خۆیانن، هەلسەنگاندنەکانیان بەرهەمی تەماشاکردنە سیاسی و ڕۆشنفکرییەکانیان بووە و ئەوەش دابڕاو نەبووە لە خوێندنەوەی دۆزی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەک هەر فەڕەنسا و یانیش ئەورووپا بەلکو جیهانی غەیرە ئەورووپایش، بۆنموونە ئەوی لە جەزائیر بەدەست سەربازە فەڕەنسیەکان ڕوویدا ، هەروەها ئەوی ئەمەریکاییەکان لە ڤێتنام و کوبا بەسەر خەلکیان هێنا. بۆیە زۆرجار خۆپیشاندەران لەسەر جادەکانی پاریس ئەوی دەیانوت یان لەسەر دیوارەکان دەیاننووسی مەغزای خۆی هەبووە و گەلێ شیکاری جۆربەجۆری لەخۆدا حەشاردەدا. هەربۆیشە گوزارەی وەک “ڕاکە” یان “پەلەکە” و گەلێکیدیش کە لەو دەمەدا وتراونەتەوە و کاریانلەسەرکراوە دەشێ وەک ئاماژەێک بۆ دووربینی و فڕەبینینیی ئایارچیەکان لەسەر دۆخی سەردەمی خۆیان ببینرێت. لەسەردەم تێگەیشتن و وەرگێڕانی ئەو تێگەیشتنە بۆسەر ئەو زمانەی دەکارێ زمانێ شیکارئامێزبێت پێویستێکە ناشێ چالاکەڤانان لەهیچ شوێن و وەختێکدا پشتگوێیخەن. بەواتێتر، زمان، زمانی گوزارشت و دەربڕین،پێویستی بەوەیە جۆرە پەلەکردنێ بەخۆوەببینێ تا بکارێ لەوەختی خۆیدا پەنجەبخاتەسەر ڕووداو و دیاردەکان و لێنەگەڕێت ئەو ڕووداو دیاردانە بگوزەرێن بێئەوەی زمان دەرهاویشتەی خۆی لەبارەیانەوە نەخاتەڕوو. هەرلەبەرئەوە دەکارین بێژین زمانی ئایاری 1968 زمانێ تابلێی گورج و خەمخۆربووە و لەشوێن وکاتی خۆیدا هاتۆتەگۆ و هەلوێستی خۆی نیشانداوە و تیشکی خستۆتەسەر شەو شوێنانەی دەمێک وەختبووە لە تاریکیدا گەوزاوە.

ى “”تەنیا ڕاستی شۆڕشگێڕانە بوونی هەیە””.
بەهۆی ئەم دروشمە زێدە سیاسییەوە دەگەینە ئەو بینینەی کە خۆپیشاندەران پێییانوایە ڕاستی جۆراوجۆرە بەڵام لەنێو ئەوانەدا تەنیا جۆرێکیان لەئێستادا پەسەندکراوە ئەوەش ڕاستی شۆڕشگڕانەیە. ئەم دروشمە کە بەری هزری سیاسی گرووپە سیاسییە چەپە شۆڕشگێرانەکانی ئایاری 1968 بوو، بەتایبەت تروتسکی و ماویەکان، لە شوێنێ وەک پاریس دەکرێ بەجۆرێتریش شیکرێتەوە. چونکە لە شوێنێ وەک پاریس ، کە یەکێکە لە پایتەختەکانی هزری فەلسەفی هاوچەرخ، تیایا تیۆریزەێ زۆر بەسەر واتای ڕاستییەوە کراوە بۆیە دروشمێ لەمجۆرە (واتە تەنیا ڕاستی شۆڕشگێڕانە بوونی هەیە) هەولێکیشە بۆ تووڕهەلدانی گشت ماناکانی تری واتای ڕاستی. ئەم دروشمە ئەوەشمان فێردەکات کە نەوەی ئایاری 1968 تاقەتی ئەو ڕوونکردنەوانەیان نەماوە بۆ واتای ڕاستیدەکرێ.  چونکە ئەو ڕاستیەی لە دەمووەختی ئایاری 1968 لە کۆمەلگە دەخولایەوە ڕاستیێ ناشۆڕشگێڕانەبوو یان ڕاستی زۆر تیۆری بوو و تەنیا لە هۆلی زانگۆکانا قەتیسمابوو. ئەم ڕاستییە کە لەبەرژەوەندی دەسەڵات و هێزە ڕاستڕەوەکانابوو نەیدەتوانی دۆزی هەنووکە بگۆڕێت. بۆیە بۆ قووتابیانی سەر شەقامەکان ئەوە ڕاستیبوو بێنە سەر شەقام و بەشداری لە ناڕەزاییکردندا بکەن. قووتابیان(لەگەل جووتیار و کرێکارانا) کە ڕۆلی پێشەنگیان لەسەر شەقامەکانی پاریس دەبینی پێیانوابوو تەنیا ڕاستێک هەبێت ڕاستی شۆڕشگێڕانەیە. ئەو کاتەش کە ئەم دروشمە لەسەر دیوارەکانا دەنووسرا ئومێد بە واتای شۆڕش و شۆڕشگێڕی زۆربوو. هەروەها باڵادەستی سیاسی ئەمەریکای و سیاسەتە ڕەشەکانی لە ئەمەریکای لاتین و ئامادەبوونی لە ڤێتنام و داگیرکردنی پڕاگ لەلایەن لەشکری سوورەوە و پێشتریش لە بۆدابست ، هەموو ئەوانە هێزێ شۆڕشگێڕانانەیان لەناو قووتابیانا دروستکردبوو کە ئامادەبوون کاتەکانیان لە بەرهەلستکاریدا لەسەر جادەکان بەسەربەرن. زۆربەی ئەوانەش پێیاندەوترا ئایاریستەکان ئەوانەبوون کە باوەڕییان بە جۆرە خەباتێ شۆڕشگێڕانەهەبوو کە وەکیتر لە مێدیای فەڕەنسی پێیاندەوترا میلیتانتەکان (جەنگاوەرەکان).

ى “”کێ خولقێنەرە؟ وە بۆ کێ؟””.
  بۆ شەستوهەشتییەکان پێویستبووە ئەوە بۆیەکتر شیکارکەن کێیە ئەوەی پێیدەوترێت داهێنەر و هەروەها ئەم داهێنەرە لەپێناوی چی و کێ دا داهێناندەکات.چونکە شەڕی ئایارییەکان لەگەل هێزەڕاستڕەو و بۆرژوازیەکانا سەرەتاێکبووە بۆ ئەوەی دواتر بەریڕەنجی کرێکاران و بەرهەمهێنەران بەفیڕۆ نەچێت و دەرفەت لەبەردەم سەرمایەداریەت بۆ بەکارهێنانی خولێقێنەران نەهێلنەوە. ئەمجۆرە پرسیارانەش دۆخێکی لەسەر شەقامەکانی پاریس هێنایەکایەوە کە ، خۆپیشاندەرانی سەر شەقامەکانی پاریس لە ستاتۆسی کۆمەڵایەتی خۆیان تێبگەن و لەوەش تێڕامانبکەن کە ئەوە ئەوانن کارگەکانیان ڕاگرتووە و بەبازووی ئەوانیش بازاڕ پڕلەبەرهەمدەبێت. ئەم جۆرە دروشمە بەو واتایەش دێت کە دۆخی بەرهەمهێنان بە کرێکارانەوە گرێدراوەتەوە و هەچ چاکسازێکیش کە دەکرێت پێویستە دۆخی کرێکاران ، کە خولقێنەری ڕاستەقینەن لە کۆمەلگە، لەبەرچاوبگرێت. بۆیە کاتی ڕژێمی ژەنەڕەل شارل دی گۆل کە ویستی کۆتای بە یاخیبوونەکان بێنێت چەندین بەلێننامەی لەگەل نوێنەری کرێکارانا مۆرکرد و بەلێنی چاکسازی پەلە و جۆراوجۆریدا.  

ى “”دەنگدان تەلەێکە بۆ گەمژەکان””.
مافی خۆیانە ئاریستەکان بەمجۆرە بیرکەنەوە. چونکە دەسەڵاتە گەندەل و بێبارەکان هەمیشە پاش ئەوەی زۆربەی خەلک دەڕژێتە سەرجادەکان دەستبە پەیام دان دەکەن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی یانیش بانگەشەبۆ هەلبژاردن دەکەن. بۆیە خۆپیشاندەران لە ئایاری 1968 دا بەو دەرهاویشتەیە گەیشتبوون کە هەلبژاردن کە لەڕێگای دەنگدانەوە دێتەبەرهەم کارێکە بۆ خەلەتاندنی هاوڵاتیان و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ئەوی هەیە. چونکە ئەمان بێگومانن لەوەی کە، دەسەڵات ئەوەندە وریا و زۆرزانە دەکارێ لەڕێگای هەلبژاردن و دەنگدانەوە جارێتر خۆی بەرهەمبهێنێتەوە و ڕێگا لەگشت جوولە و فشارێک بگرێت کە ناحەزانی دەسەڵات دەیانەوێ پراکتیزەیکەن.  بۆیە ئایاریەکان زۆر ڕاشکاوانە دەیانەوێ ئەوانە بە گەمژە لەقەلەمدەن کە باوەڕیان بە دەنگدانەو هیوا بە هەلبژاردن دەبەستن. 

ى “”نامەوێ ژیانم لەپێناوی پەیداکردنی بژێوی دا بەسەربەرم “”.
بۆلەمەولا خەلک ،چ قووتابیان و چش کرێکاران و جووتیاران، نایانەوێت ژیان تەنیا لەپێناو ئەوەدا بەسەربەرن کە بژێوی ڕۆژانەیان مسۆگەرکەن. بەفیعلی وایە و ، ئەوە کەی ژیانە تۆ گشت تەمەنت لەوەدا سەرفکەیت سەرگەردانی بژێوی بیت، سەرگەردانی ئەوەکرێت بژێوی ڕۆژانەت پەیدایکەت! تۆی کرێکار و یان جووتیار کە قایلدەبیت بەوەی هەموو تەمەنت لەپێناوی پەیداکردنی بژێوی دا بەسەربەریت ئەمە وادەکا تۆ ئەوانیتر بژێنیت. بەمجۆرە زۆرینە کاردەکەن تا بژین و ئەوانیتریش بژێنن و بەلام کەمینەێک بێئەوەی کارکەن لەسەر ڕەنجی شانی ئەو زۆرینەیە دەژین کە سەرقالی بژێوی پەیداکردنن. ئەمەبەخۆی فشارێکە کرێکاران دەیخەنەسەر خاوەنکارەکان کە بۆلەمەولا بیرلەوەبکەنەوە چۆن کرێکاران جگەلە لە کار شتی تریشیان لەژیانا هەبێت. لەڕێگای ئەم دروشمەوە خۆپیشاندەران دەیانەوێت ئەوەبدەن بە گوێی خاوەنکاردا کە پێویستیان بەوەیە پشوویان هەبێت و گشت عومریان لە بەندیخانەکانی کارگەکانا بەسەر نەبن کە هیچ خەسلەتێکی مرۆیی تیا نەماوە.
شوێنی خۆیەتی هەر لێرە و تایبەت بەم پۆستەرە هزریە ئەوەش بلێین کە خۆپیشاندەران کە بڕێ زۆر لە قووتابی زانگۆکانی تیابوو لەوە حالیبوون کە زۆر ناخاێنێت دەبن بە کارمەند و یان کرێکار لە گەلێ کارگە و یان لە دامەزراوەکانی دەولەت دا بۆیە دەیانویست ئەو جۆرە گوزارانەش لەکاتی خۆپیشاندانەکانیانا بەرزکەنەوە و بیکەن بە داوا کە قسەلەسەر داهاتوویان دەکات. ئەلبەتە داتەپینی نێوەندی زانگۆ لەڕووی زانستیەوە و کارگەکانیش لەڕووی گشت خەسلەتێ مرۆییەوە واینەکردبوو کە قووتابیان و کرێکاران تەنیا خەمیان چاکسازی زاانستی و کۆمەڵایەتی یان ئابووری کورت کورت و سەرپێی بێت بەلکو لایەنە هەرە مرۆییەکانی تریش بێت لەپێش هەمووشیانەوە پشوو و چێژوەرگرتن لەکات و بەکاربردنی کاتەکانی حەوانەوە بەبێ گرفت.
هەربۆیشە وەک پەرچەکردارێک بۆ ئەو مەینەتیانەی کار و شوێنی کار دروستیدەکردن و ژیانیان لە گشت ماناێ خستبوو لە کاتی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 گەلێ دروشمی هاوشێوەی ئەوی لایسەرەوە دەبینران (“”هەرگیز کارمەکە””، “”بۆهەمیشە دەمانەوێ لە پشوودابین””، “”ئێمەش دەمانەوێ بژیین”” و…..) کە دەیانویست هەمان تێگەیشتن و سێرکردن دروستکەن کە لایسەرەوە ڕاڤەمانکرد.
مایەوە ئەوەش بێژین کە ، شۆڕشی ئایاری 1968 لە حوزەیرانی 1968 دا کۆتایپێهات و ئەوەش بە مسۆگەرکردنی ئەو داوایانەی کرێکاران و قووتابیان خستیانە بەردەم ئیدارەی سیاسی ئەودەمەی فەڕەنساوە کە لەژێرسایەی ژەنەڕال دی گۆل دا بوو. گەلێکیش لەئێستادا و پاش تێپەڕبوونی 43 سال بەسەر ڕووداوەکانی ئایاری 1968 فەڕەنسا پێیانوایە گەلێ لەو مافانەی کرێکار و جووتیار و قووتابیان پێیگەیشتوون کاریگەری ئەو ڕووداوانەی ئایاری 1968 ی بەسەرەوەیە. 

ى”” ماف لە ژیانا وەردەگیردرێت و سوالناکرێت””.
ئەو چاکسازیەی خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 داوایاندەکرد بێتە بەرهەم بەشێ بوو لەو مافەی داوایان دەکرد. مافەکان کە لەنەڕەتدا جۆراوجۆربوون بۆ ئایاریەکان ئەو مافانە تەنیا بە هاتنەسەر جادەکان و بە قیران و بە دەنگبەرزکردنەوە دێتەکایەوە. کەوابێت، ئەمان لەبەرئەوە لەسەر جادەکانن تا مافە زەوتکراوەکانیان بەدەستبهێنن و پێیشیانوایە ئەو مافانە وەردەگیرێت و سوالناکرێت. مەبەستیشلەوە زۆر بەکورتی ئەوەیە کە، ماف بەدەستپانکردنەوە مسۆگەرناکرێت و پێویستە خەباتی بۆبکرێت تا وەرگیرێت. ئەمەش لەخودیخۆیدا بەو تێگەیشتنە دێت کە، ئەوەی وایکردووە شەستوهەشتیەکان لەسەر جادەکانی پاریس خڕبنەوە بۆئەوەیە تا مافەکانیان بەدەستبهێنن و دەستیش لەکەس بۆ مسۆگەرکردنی پاننەکەنەوە.
ماف، کە پێوەندیێ زۆری بە گەلێ لە خۆپیشاندانە سیاسیەکانی جیهانەوە هەیە، بابەتێ زێدە وروژێنەرە و گەلێ گفتووگۆ هەلدەگرێت. یەک لەو لایەنانەی کە دەشێ تایبەت بە بابەتی ماف بەرباسخرێت ئەوەیە ماف لەبنڕا بابەتێ بووناویە و پێوەندی بە بوونیەتی بوونەوەرەوە هەیە. ماف بۆ ئەوەی بەدەستبهێنرێت پێویستە کاریبۆبکرێت و ئەم کارکردنەش ڕەهەندی زۆرە و دەشکرێ کۆسپێ زۆر بێتەڕێی. وەلی وانەکانی مێژوو لەوبارەوە گەلێ شتیسەیرمان لەسەر ماف پێدەلێت کە ڕەنگە یەکێکیان ئەو دروشمەی ئایاریستەکانی لایسەرەوە بێت. بەپێی هێپۆتێزی (گریمانی) ئایاریستەکان ماف بۆئەوەی بەدەستبێت پێویستە ئەوانەی کار بۆ بەدەستهێنانی دەکەن لە بەرهەلستکاریدا بن. خودی ئەو بەرهەلستکاریەش دەشێ لەسەرێترەوە ئەو سێرکردنە دروستکەن کە ماف وەردەگیرێت و نادرێت. واتە زۆر ئەستەمە تۆ مافەکانت لەخۆڕا و بێ بەرامبەر بەدەستبێنیت. ماف کە لەئێستادا وەردەگیرێت بەرامبەر بەو ئەرکەیە کە ئەنجامدراوە وەلی ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 مەبەستیانە لە واتای ماف لێرە ، ئەو مافەیە کە ئەوان پێویستییانە کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی و خاوەن کارگە گەورەکانەوە زەوتکراوە نادرێت و پێویستە ئەمان بەخۆیان داوایکەن و ئەلبەتە ڕێگاش زۆرە بۆ داواکردنی ئەو مافە یەک لەوانە هاتنەسەرجادەیە. بەمجۆرە، ئەمان کە بەو ئەندازە زۆرە ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی پاریس مەبەستیان لەوە مەجبوورکردنی هێزە سیاسی و ئابووریەکانە بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانیان. کەوابێت، ئەمان گەر نەڕژانایەتە سەر جادەکان ئەستەم بوو بگەن بە مافەکانیان و هیچکات ئەو هێزانە بیریان لەوەنەدەکردەوە ئەو مافانە بە کرێکار و جووتیار و قووتابیان بدەن.  

ى “”پیرۆز (موقەدەس) ئەوشتەیە کە دوژمنە””.
 هەردەبایە یەکێ لە ئەفیشەکانی ئایاری 1968 ی پاریس ئەم بینینەی لەخۆبگرتایە. چونکە ئەو ئەفیشە هیچنەبێت بۆ ئێمە بینینێکە تاڕادەێ زۆر فەلسەفەی فەڕەنسی تائەودەمەی ئایاری 1968 بەرهەمهات کارێ زۆری لەسەر کردووە. جێیسەرنجیشە لێرەدا ئەوەش بووترێت کە ، کوشتنی پیرۆزی هەمیشە بەشێکبووە لە هەولە هزریەکانی بیرمەندانی پاریس. بۆیە خۆپیشاندان کە وەکیتر ڕەتکردنەوەی پیرۆزییە تێکشکانی مەحالیشە. ئەو پێوەرانەی پیرۆزی لە کۆمەلگەی فەڕەنسی پەروەردەکرد ئەو هێزە سیاسیە ڕاستڕەوانەبوو کە هەر خەریکی دابەشکردنی کۆمەلگە بوون بەسەر باش و خراپ، هەژار و دەولەمەند دا. قووتابیان ئایاری 1968 باش لەوەحالیببوون کێ و چۆن لە دامەزراوەکانی کۆمەلگەدا(دانیشگا، قووتابخانە، خێزان) پیرۆزی بەخێودەکا و لە پیرۆزی ئەفسانەی سیاسی و سەروەری بۆ کەسی سیاسی و ئاینی دروستدەکات. کۆماریەکانی سەردەمی ژەنەڕال دی گۆل ، کە هەموو ڕاستڕەو و کاتۆلیکی بوون، پێوەندییان لەتەک پیرۆزیدا بەهێزبوو. بۆیە پیرۆزی کە شتێ ئاینیە لەم حالەتانەدا بەئاسانی دەبێ بەشتێ سیاسی و لەوەش وێنەی سەیرسەیری نەتەوەی و ڕەگەزپەرستی لێپێکدێت.  
لەگەلێ لەو نووسینانەش لە مێدیای دەسەلات تایبەت بە ئایاری 1968 ی پاریس لەو کاتەدا دەنووسران ئایارچییەکانیان وەک ئاژاوەگێر(فەوزەوی ، ئەنارژیست) وێنەدەکرد بەڵام وەڵامی خۆپیشاندەران بۆ ئەو جۆرە وێنانە ئەوەبوو کە ئەمان هاتوونەتە سەرجادەکان تا دژایەتی نەرێتە کۆنەکانی ناو حەرەمی زانگۆکان بکەن و ئەو ڕەووشتە ئابوورییە و کۆمەلایەتیە ڕەتکەنەوە کە کارگەکانی تەنیوەتەوە و گشتی خستۆتەناو دونیاێک لە تێگەیشتنی تابۆ و پیرۆزئامێز کە نەوەکان یەک لەدوای یەک لاواز و ژێردەستدەکات. 
بەخێوکردنی پیرۆزی دەکرێ گەلێ شوێن و بوار لە ژیانا بگرێتەوە وەلی ئەو پیرۆزیەی خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 مەبەستیان بوو ڕیزێ پیرۆزی بوون کە خێزان و زانگۆ و شوێنەکانی کاری تەنیبوەوە. پێوەندی نێوان نێر و مێ لە کارگەکانا و ئەلبەتە لەپێش هەمویانەوە لە زانگۆ و قووتابخانەکانا گەلێ زەرەرمەندبوو لەو پیرۆزیەی لە کۆمەلگەدا کاریدەکرد. بۆیە لەگەلێ حالەتی تر و لەگەلێ لە لافیتەکانیتردا ئایاریستەکان دژایەتی ئاین و کلیسە و کاریگەری ئەوانەش بەسەر نێوەندی ئەکادیمیەوە دەکرد.
هەر تایبەت بە کوشتنی پیرۆزی لەو نووسینانەی تایبەت بە ڕووداوەکانی ئایاری 1968 نووسراون گەلێ دروشمی دی بەرچاودەکەون کە زۆربەیان لەوێوە دێنەگۆ کە ئەوی پێیدەلێن کلیسە و نەرێتی ئاینی ڕەتدەکرێتەوە بۆنموونە: “”بۆلەمەولا بەووریاییەوە لەتەک کلیسەدا مامەلەبکە””، “”با زانگۆی سۆڕبۆن لە مەسیحای پاککەینەوە”” و چەندینی تر.

ى “” گشت وانەکان دژەشۆڕشگێڕین””.
لێرەوە بەرەو ئەو سێرکردنە دەچین کە وانە زانگۆیەکان هیچ ماناێکیان نییە لە ڕوانگەێ شۆڕشگێڕانەوە. یان بەواتاێتر ، زانگۆ کەسی ناشۆڕشگێڕ دروستدەکات و توانای یاخیبوون و بەرهەلستکاری لەتاکدا دەکوژێ. زانگۆش کە کاری سستکردن و بندەستکردنی قووتابی بێت، ئەم قوتابییەش کە  تاکی دوا ڕۆژە پێویستە کودەتا بکرێتەسەری. بۆیە ڕاپەڕینی ئایاری 1968 کودەتاێکە بۆ گۆڕینی سێستەمی وانە ووتنەوە و زانین. هەرلەم دەمووەختەدا بوو زانین لەناو ڕوناکبیرانی فەڕەنسی زۆرترین شتیلەبارەوە وترا و ئەوەش ئاشکراکرا چۆن زانین لەلایەن دەسەڵاتەوە بندەست دەکرێ و دەسەڵات زانینێ تایبەت بەخۆی بەرهەمدێنێ.
بائەوەش بلێین کە، ئەو دەمەی ئایاریەکان هاتنەسەر شەقام دەمێ سیاسی شۆڕشگێڕانەبوو. لەم دەمەدا باوەڕ هەبوو و شێوازی سیاسی جۆراوجۆریش هەبوو بۆ پیادەکردنی ئەم باوەڕە. بۆ ئایاریەکان چرکە شۆڕشگێڕانەکان پێوەرێبوو بۆ گۆڕینی شتەکان و پالنەرێکیشبوو بۆ یەکبوون و هاوڕابوون. بۆیە ئایاریەکان پێیانوابوو کە وانەکانی زانگۆ لەتەک ئەو دەمەدا ناڕوات و پێویستە توڕدرێن و لەبڕیئەوانە وانە شۆڕشگێڕانەکان بووترێنەوە. چونکە تەنیا ئایاریەکان لەوەدەگەیشتن کە وانە شۆڕشگێڕانەکان چەند فریادڕەس و کاریگەرن.  
بەپێی ئەوەبێت لایسەرەوە باسکرا ، بەرەنگاربوونەوەی وشکی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکێبوو لەو ئامانجانەی درووشمەکانی خۆپیشاندەرانی سەرشەقامەکانی ئایاری 1968 کاریانبۆدەکرد و ، خۆپیشاندەرانی سەرشەقامەکانی پاریس لە ئایاری 1968 دا لەگەلێ لە دروشمە سیاسیەکانیانا دژی سیاسەتیش بوون ئەمەو دژی ئەو بیرمەندە فەڕەنسیانەش بوون کە سالەهایە هزر بەرهەمدێنن و دەیخەنە ناوخەلکەوە. خولانەوەی هزر لە کۆمەلگە وەک شمەک یان بوونی هزر بە شمەک ،وەک گشت شمەکەکانی تری بازاڕ، خۆپیشاندەرانی ئەوەندەیترتووڕە و پەستکردبوو. بۆیە زۆر ئاسایە لەو دەمووەختەدا جۆرە پۆستەرێ لەوجۆرەی لایسەرەوەمان بەرچاوکەوێت کە دەیەوێت جیاوازی لەنێوان ئەوی شۆڕشگێڕانەیە و ئەوی نا –شۆڕشگێڕانەیە بکات. چونکە، و زۆر بەکورتی، بۆ ئایاریستەکان تەنێ ئەوی شۆڕشگێڕانەیە دادیان دەدا و لەو دۆخە نالەبارەی لە نێوەندی ئەکادیمی و لە کارگەکانا لە نەشونمادایە دەربازییان دەکات. 

ى “”ئەی کرێکارانی جیهان لەخۆتان بپرسن””.
ئەوانەی بەشداری ڕووداوەکانی ئایاری 1968 یان کرد تەنیا قووتابیانی زانگۆکان نەبوون بەلکو کرێکاری کارگە گەورەکانیش بوون(جگەلە جووتیارانیش). هەروەها زرۆجار و لەکاتی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 دا خۆپیشاندەران، کە بەشێ چاک لە قووتابیانی زانگۆکانی تیابوو ، مەیلی سیاسییان هەبوو. ئەو مەیلە سیاسییە ،کە لایسەرەوەش دەستنیشانمانکرد مەیلێ سیاسییانەی چەپ بوو ، لەزۆر ڕووەوە پشتگیری لە مافی کرێکاران دەکرد و شانبەشانی کرێکارانی کارگە گەورەکانی فەڕەنسا خۆپیشاندانیان سازدەکرد. بۆیە قووتابیانی زانگۆکان لە لافیتەکانیانا داوایان لە کرێکاران ئەوەبوو کە خۆیان بناسن و لەداواکانیان دەستهەلنەگرن و لەسەر خەباتی سیاسی خۆشیان بەردەوامبن ئەمەش تەنێ بۆئەوەی نەبن بە قووربانی سێستەمی سەرمایەداری. بەواتاێتر ، بۆ خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 گرینگ بوو لەخۆیان بپرسن ئەوان کێن و چیشیاندەوێت. چونکە ئەوەی کە کرێکاران یەکگرن ڕەنگە بۆلەمەولا و پاش ئایاری 1968 دروشمێ کلاسیکبێت و بەسوودی چینی کرێکاران نەگەڕێتەوە کە بوونە بە لاوازترین چینی کۆمەلگە. ئەلبەتە دیوێکیتری ئەم دروشمە ئەوەیە کە ئامانجی قووتابیان ڕێنومایکردنی کرێکارانە و بەئاگاهێنانەوەشیانە لەسەر داواکانیان و کارکردنیان بۆشکستهێنانی سێستەمی سەرمایەداری لە کۆمەلگەی فەڕەنسی و ئەو زەبرەی بازاڕی کاری فەڕەنسی پیادەیدەکات.

ى “”ئالێرەدایە زانگۆێکی بۆرژوازی (سۆڕبۆن)””.
بۆئەوانەی لەنزیدکەوە ئاگایان لە ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس هەیە لەوە حالین کە سەکۆی خۆپیشاندانەکان و گشت جوولە سیاسییەکانی قووتابیانی پاریس لەلاێ “” زانگۆی سۆڕبۆن “” بوو ، کە دەکەوێتە ئەو گەڕەکەوەی کە پێیدەلێن “”گەڕەکی لاتین””، لەلاێتر مەعهەدی””نانتێر”” بوو کە تاڕادەێک پێش ئایاری 1968 جموجۆلی شۆڕشگێڕانەی تیا لەدایکبوو (ڕووداوەکانی 22 ی ئاداری و دواتر).
ئەوی لێرە مەرجە سەرنجی بخرێتەسەر ئەوەیە کە، خۆپیشاندانەکانی ناو زانگۆی سۆڕبۆن بەدەست هێزە سیاسییە چەپەکانی ئەوکاتەوە بووە کە لە چەند هێلێ چەپی سیاسی جیاجیا پێکهاتبوون کە بەشێکیان لە زانگۆی ناوبراو بوون و بەشەکەیتری لەهەندێ شوێنی تر (وەک نانتێر). بۆئەم هێزانە زانگۆی ناوبراو دالدەی قووتابیە بۆرژوازیەکانە و گشت ئەو نەرێتە پەروەردەیەش لەم زانگۆیەدا پیادەدەکرێت بەسوودی دەسەڵاتی سیاسی دەگەڕێتەوە. هەربۆیە لەسەر تەختەڕەشی زانگۆی سۆڕبۆن ئایارییەکان چەند گوزارە و دەبڕینێ لەوجۆرەی لایسەرەوەیان نووسیبوو کە هەرهەمووی دژایەتی سێستەمی پەروەردە و فێربوونی ئەم زانگۆیەی دەکرد. ئەلبەتە کە زانگۆ بۆرژوازی بێت پەروەردەش بۆرژوازی دەبێت و بەمەش ئەوانەی توانای ئابوورییان نییە نە دەکارن بگەنە قۆناغی زانگۆ و نەش سوود لەو نەرێتە زانگۆییە وەردەگرن لە سێستەمی پەروەردەی زانگۆکەدا پەنهانە.
سەرباریئەوە، شۆڕشی قووتابیانی ئایاری1968 ی پاریس لەو شۆڕشە جوتیارانەیەی نەدەکرد کە لە گوندێکەوە سەرهەلدەدات و ڕووەو شار دەکەوێتەڕێ، بەلکو ئەم شۆڕشە شۆڕشی لاوە بێ ئاسۆکانی شار بوو، ئەو لاوانەی نەیاندەتوانی بگەنە قۆناغی دانیشگا یان بۆیاننەبوو لە گشت دانیشگاێک بخوێنن هەروەها کە دەشیانخوێند لەتوانایانا نەبوو ژیانێ قووتابیانەی ئاسای بێ تەنگوچەلەمە بژین و پاش تەواوکردنی دانیشگاش بەزەحمەت دەیانتوانی کار وەدەستبهێنن. هەندێ کار کە ئەستەم بوو بەدەستیبێنن لەبەرئەوەبوو کە بۆیان نەبوو لەو دانیشگایانە بخوێنن کە زۆربەی قووتابیەکانی منالی بەگزادەکان بوون. بۆیە غەمی قووتابیان کە بریتی بوو لە باشترکردنی باری گوزەرانیان و بەدەستهێنانی کار لە غەمی کرێکارانەوە دوورنەبوو کە بریتی بوو لەباشترکردنی باریگوزرەرانیان لە کارگەکانا. هەرلەبەرئەوە و لەبەرئەوەش کە زانگۆ ببوو بە دالدەێک بۆ بەخێوکردنی بیری سەرمایەداری و پەرەدان بە نەرێتی بەگزادەیی زۆربەی ئەوانەی پێییاندەووترا خۆپیشاندەران ،کە لاوە شۆڕشگێڕەکانی زانگۆیان پێکدەهێنا، زانگۆکانی خۆیانیان بە شوێنێ شایستە نەدەزانی و پێیانوابوو ئەو شوێنە پێویستە لەبەریەکاهەلوەشێتەوە.

ى “”پەلەکە!””.
ئەوەی پەلەکەیت و دوانەکەویت ئەمە لەخودی خۆیدا هزرە و هۆشیاریشە لەسەر تێگەیشتن لە کات. کات پێویستە ڕێزیلێبگیرێت و لەشوێن و وەختی خۆیدا وەک ئەوەی هەیە بەکارببرێت. کات بۆئەوەهەیە کە وەک ئەوەی هەیە وەگەڕخرێت و کات نەشێلرێت و نەهێلرێت بکەوێتەژێرپیێوە.
لەبەرئەوەی ئایاریەکان ترسیان لەوەهەیە لە کاروانی ژیان دواکەون و فریای گشت ئەوانەنەکەون دەکرێ بکرێت یان بەکارببرێت بۆیە داوا لە هەڤالانیان دەکەن پەلەکەن و کەمترخەمینەکەن. دەشێ مەغزایتریش لەو ووتنەدا ببینرێتەوە وەک:  بڕۆ و مەوەستە، فریاکەوە تا کات بەدەستەوەماوە، ئەوەی پێیدەلێن کات ئێستایە و هەروەها کات لێرەوە لە گەڕەکی لاتینەوە دەستپێدەکات، لەوشوێنەی کە هەموان کۆبینەتەوەلێی.
لە پەلەکردندا دەشێ ئەوەش ببینینەوە کە ناشێ تاک لە شوێنێکا و لەیەک زەمەندا چەقبەستووبێت. ئەم تاکە بۆ ئەوە نییە کە بوەستێت و جوولە لەخۆی ببڕێت. تاک بۆئەوەی وەک فریادڕەسێ هەبێت پێویستی بەوەیە زانیاری لەسەر کات و شوێن هەبێت. چونکە بۆ زالبوون بەسەر شکستیەکان لە شوێندا پێویستمان بە بەکاربردنی کاتە. کات پێویستە وەک ئەوەی هەیە بەکاربرێت و لە شوێنی خۆشیدا ئەم بەکاربردنە مەیسەرکرێت. هەموو کاتێ شوێنێکی خۆی هەیە بۆیە بۆئەوەی ڕەوش بگۆڕین ، بۆئەوەی پەیامبدەین پێویستمان بەوەیە خێرا ئەوە بکەین کە پێویستە بکرێت. خێرای لە شوێندا مەرجە چونکە خێرای گشت سستیێک دەکوژێ کە لە شوێندا بنجەبەستە.
لەلاێترەوە دەشێ ئەوەی لایسەرەوە سەبارەت بە دروشمی ناوبراوی لایسەرەوە ووتمان بەسەر ئەم دروشمەشدا پێڕەوکرێت کە بەمجۆرە داڕێژاوە: “” با بێکات کوشتن بژیین “”. چونکە ئایاریستەکان کاتیان زۆر بەلاوە گرینگ بووە و لە دروشمەکانیانا جەغتێ زۆریان لە خێرای و کاتپارێزی و هەلقۆستنەوە کردووە ، کە ئەوەش لەسەرێترەوە هەموو بەلگەن لەسەر ئەوەی کە ئەو چرکەیەی ئێستا لە سەرشەقامەکانا لەسەر پێیە وەک خۆی بەکارببرێت و کەمترخەمی لە وەبەرهێنانی کات دا نەکرێت.

ى “” سەربەستم مەکە بەخۆم بەوکارە هەلدەستم””.
ئەوەی مرۆڤ قایلنەبێت بەوەی سەربەستکرێت و خۆی بەو کارە هەستێت کردەێ پڕ لە هۆشمەندیە و مێژوویێکیش لەپشت ئەم هۆشمەندیەوە هەیە کە پێویستە شیکردنەوەی ووردی بۆ بکرێت. چونکە لە هەگبەی گشت مێژووێکدا گێڕانەوەێک تایبەت بە مەسەلەی سەربەستی هەیە بەشێ زۆر لە گێڕانەوەکان تایبەت بەو لایەنە سەرچاوە لەوەدەگرن کە سەربەستی سەربەستبوونە لە شتێک و هاتنەدرەوەشە لەو شتەی سەربەستی داگیرکردووە. هەروەها سەربەستبوون کە لەخودی خۆیدا ڕووداوە ئەم ڕووداوە گرێدراوە بەوی ئەم سەربەستبوونە بۆخۆی مسۆگەردەکات. لێرەوە دەکرێ ئەوە بلێین کە، سەربەستبوون پەرچەکرداریە. لەو شوێنەی کە کەسێ سەربەست دەبێت بە دەیەها بە ناسەربەستی دەمێننەوە بۆیە سەربەستی کێشەێ ئەبەدییە و پێوەندی بە بەمرۆڤبوونی مرۆڤەوە هەیە.   
بەپێی ئەو سێرکردنەی لایسەرەوەی ئێمەبێت ، بەدلنیایەوە دەلێین کە، لەو دروشمەی لایسەرەوەدا ئاماژەێ زۆر بەدیدەکرێت لەپێش هەمووشیەوە تێگەیشتنێ تایبەت بە سەربەرزی لە دروشمەکەدا پەنهانە کە سەربەستی دەکا بە شتێ ئیندڤیدوال. ئەمەو ئەم دروشمە ئەوەشمان پێدەلێت کە سەربەستی ناشێ لە شوێنێک و لەسەر یەک ئاست چەقبەستوکرێت. کردەی سەربەستبوونی تاک شتێ سانا نیە و کارایێ زۆریش لەسەر کۆمەلگە دەخاتەوە. ڕاستە ئەوەی کە سەربەستبیت گەلێ ڕەوش دەگۆڕێت بەڵام هەمیشە ئەم کردەیە شتێ خۆیە و نادرێت یان وەرناگیرێت.  چونکە سەربەستی پەیامێکە خەسلەتەکانی زۆر تایبەتن و تەنێ ئەوانەی سەربەست نیین لێیتێدەگەن بۆیە ئایاریەکان کە خۆیان بە سەربەست نازانن دەیانەوێ ئەویتر لێیانگەڕێت و سەرباستیان نەکات چونکە سەربەستبوون لەو دۆزە ناهەموارە کاری خۆیانە و بەخۆیان پێیهەلدەستن بۆیە زۆرڕاشکاوانە ڕەتی گشت کۆمەکێ لەوبارەیەوە دەکەنەوە و سەربەستبوون بە ئەرک و کاری خۆیان دەزانن.
ى “”سنوورەکان بە چەوسانەوە یەکسانن (سنوور= چەوسانەوە)””.
بۆ ئایارییەکان سنووردانان واتە کپکردنی ئازادیەکان و بەمەش چەوسانەوە دەستپێدەکات. کپکردنی دەنگی ئازاد و وشەی ئازاد سەرەتای سنووردانانەکانە. سنوورکان کە دادەنرێن واتە چوارچێوە بۆ گشت ڕەفتار و کردەێک دادەڕێژرێ و بەمەش ئەوەی پێیبلێن جەربەزەی و ئازایەتی بوونی نامێنێ. تائەودەمەی سنوورەکان هەبن نە ئازادی دەکارێ هەناسەبدات و نەش چەوسانەوە بنەبڕدەکرێت. خەساندنی ئازادی لەلایەن هێزە ڕاستڕەوەکانەوە کۆششێکە بۆ کوشتنی سەربەستی ڕادەبڕین و گوزارەلەخۆکردن. بۆیە تێکشکانی سنوورەکان تێکشکانی ئەو چوارچێوانەیە بۆ ئازادی تاک و کردەکانی دادەنرێت. بەپیی تێگەیشتنی ئێمە لە جیهانبینی ئایاریستەکان ئەوەی بۆ ئەوان گرینگبووە دۆخ لەپاش ئایارەوە بگۆڕدرێت و ئەم دۆخەش ئەوانە وایانبینیووە کە تەنێ بەنەمانی سنوورەکان لەناودەچێت. 
ئەو دەمە ، پێش ئایاری 1968، سنوور لەنێوان ئافرەت و پیاو ، کرێکار و خاوەنکار، مامۆستا و قووتابی، خێزان و کۆمەلگە تابلێ گەورەبوو. هەموو ئەو سنوورانەش کە دانرابوون لەبنەڕەتدا بۆئەوەبوون کە ڕێژەی چەوسانەوە بەرزکرێتەوە و کۆسپ لەبەردەم تەشەنەسەندنی هەژاری لابرێت. بۆیە ئایاری 1968، کە لەخودی خۆیدا پرسیار بوو لەسەر ئاسۆی سەربەستی تاکەکەس لە کۆمەلگەی فەڕەنسی، دەبایە تێڕامانی خۆی لەسەر ئەو شتە هەبێت کە پێیدەووترێ چەوسانەوە. ڕاستە بابەتی چەوسانەوە تائێستاش لە فەڕەنسا بابەتێ بەهێزە بۆ گفتووگۆی ڕۆشنفکری بەلام خودی ئەو ئاسۆیەش کە نەختێ پێش ئێستا باسمانکرد تاهەنووکەش لە کۆمەلگەی ناوبراو بابەتی پرسیارە و تاکی فەڕەنسی هاوچەرخ بەردەوام کار لەسەر ڕاڤەکردنی دەکات.

ى  “”مارکس بەکارمەبە بەلکو لەتەک ڕوانینەکانیا بژی””.
بۆئەوانەی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 ی پاریس ژیاون و یان توێژینەوەیان لەبارەوەکردووە ئەوە لایان زۆر ڕوونە کە گرووپە سیاسییە جیاوازەکانی سەرشەقامەکان بە جیاوازی ئاڕاستەکانییانەوە تاڕادەێکی زۆر گەورە گرووپگەلێ مارکسی بوونە (تروتسکی، چینی کە دەکات ماوی، کوبای کە دەکات تشی ڤارای، و….). وەلی بۆ نەوەی ئایاری 1968 زۆرگرینگبووە کە هزری سیاسی و فەلسەفی مارکس پاش تێخوێندنەوە خۆیلەپڕاکتیکدا ببینێتەوە. کەواتە لەم پۆستەرەدا ئەو بینینەش دەشێ بەدیکرێت کە، مارکسیەکان پێویستەلەوەبکەون مارکس بەکاربەرن و بەقەدئەوەی کە گرینگە دیدە سیاسی و فەلسەفیەکانی مارکس بژین و، خۆلەوە بەدووربگرن ئەم دیدە بەرخۆریکرێت و یان کاوێژی بیری مارکس بکەن. ئەوەشمانبیرنەچێت ئەو دەمە لە پاریس بیریارهاێکی وەک سارتەر پێیدەووترا فەیلەسوفە سوورەکە و فوکۆ و دولۆز و ئالتیسێریش (قووتبیانیشی وەک ڕانسیێر و بالیبار و ….) زۆر لەم ژینگەیەوە دوورنەبوون. هەروەها یەکێ لە خەسلەتە سەرەکیەکانی فەلسەفەی فەڕەنسی لەم ساتەوەختەدا ئەوەبوو کە بیری مارکس ئامادەبوونی خۆی لە وتاری بیریاران و تیۆریزەکەرانی سیاسیدا هەبوو. هەرلەم دەمەدا بوو گەلێ لە هزرەڤانانی فەڕەنسی قسەیان لە کاریگەری سێکوچکەکەی هزری ئەلمانییش دەکرد (مارکس، نیچە و فرۆید) و ئەمەو مارکس مانای بۆ سەرهەلدانی بزووتنەوەی بنەماخوازی (ئالتیسێر) بێئەندازە گەورە هەبوو. بەشێ زۆر لە بیرمەندانی ئەلمانیش (هربێرت مارکۆز، ڤێلهم ڕایش تادەگاتە ئەدرنۆ و هۆکسهایمەریش) ، کە کاریگەریان بەسەر ئایارچیەکانی بەرلین و پاریسەوە هەبووە، لە ژێر کاریگەر مارکس گەلێ بینینی خۆیان دەخستەڕوو. هەر بەگشتیش لەوکاتەدا ئەوی لەسەر نامۆی دەوترا بەدەر نەبوو لە تیۆریە ئابووریەکانی مارکس و ، خودی بابەتی ململانێی چینایەتیش کە بابەتێ گەرم بوو ئەوکات لەناو ترۆتسکیەکان (لای بیرمەندێ وەک ئەرنێست ماندێل و دانیێل بینسەعید و…) و تەنانەت ماویەکان (بۆنموونە ئالێن بادیو) و خودی لینینیەکانیش دیسانەوە سەرچاوەێ مارکسی هەبوو.
ئەمەو هەلوێستی تووندی سیاسیانەی مارکسیستە فەڕەنسیەکان (بەتایبەت ئەوانەی ناو پارتی کۆمۆنیستی فەڕەنسی) جۆرە کاردانەوەێکی نێگەتیڤانەی ئەوتۆی لەسەر خۆپیشاندەران دروستکردبوو کە ئایاریستەکان بیر لەو دروشمەی لایسەرەوە بکەنەوە و ، داوای ئەوەش لە خوێنەرانی تێکستە سیاسی و فەلسەفیەکانی مارکس بکەن کە بیری مارکس تێبگەن و ئەم تێگەیشتنەش لەتەک دۆزی هەنووکەدا هاوشانکەن. ئەمەش لەبەرئەوەی بۆ خۆپیشاندەرانی ئایاری 1968 تیۆریەکانی مارکس قابیل بە گفتووگۆ و تەنانەت گۆڕینیش بوو. بۆ ئەمان، واتە بۆ ئایاریستەکان ،تێکستی مارکس شایانی تێخوێندنەوە و بەکاربردن بوو بەڵام دەکرا ئەمە لەچوارچێوەی ئەو دۆزە بکرێت کە تێکستەکانی تیا دەخوێنرێتەوە. ئەمەش لەخۆیا ڕێگاێکبوو بۆ تێکشکانی پیرۆزی تێکست و بیروبۆچوون. 
زۆریشی نەخایاند هەر لە پاریس تەوژمی هزری پاش بنەماخوازی سەریهەلدا (بۆنموونە دێریدا و هەلوەشانەوەگەریەکەی) کە جۆرە ڕەتکردنەوەێکی فەلسەفیانەی شێوە زمانەوانی هەولە ئەنترۆپۆلۆژیەکانی کلۆد لیڤی- شتراوس و یاوەرە بنەماخوازەکانی بوو. چونکە هەولی دێریدا لەوێڕا بۆ تێکشکاندنی ئیرۆسێنتریزمی (نێوەندگەری ئەورووپای) بوو و هەروەها جۆرە تەقەلاێ هزریش بوو بۆ پووچکردنەوەی ئەو جۆرە خوێندنەوە داخراوانەی پێشخۆی بۆ وتار، تێکست و عەقل دەکران.  

ى “”بیری شۆڕشگێڕانە بوونی نیە ئەوی بوونی هەیە تەنیا کرداری شۆڕشگێڕانەیە””.
 ئایاریەکان لەڕێگای ئەم دروشمەوە تێگەیشتنێ لەسەر واتای شۆڕشگێڕی دروستدەکەن کە بیر و کرداری ئەم واتایە هاوشێوە نییە. تۆ دەشێ بیرت شۆڕشگێڕانەبێت وەلی ڕەفتارت بەوجۆرە نەبێت بۆیە بۆ ئایاریەکان لە ئایاری 1968 دا گرینگ بوو گشت شۆڕشگێڕانە ڕەفتارکەن و بەکردەوە شۆڕشگێڕانەبن. تائەو شوێنەی کە بیر و کرداری شۆڕشگێڕانە هاوڕێی یەکدەبن بیری شۆڕشگێڕانە شایانی ڕێزە بەڵام کاتی ئەم دوو شتە ،بیر و کرداری شۆڕشگێڕانە، لەیەکدی دادەبڕدرێن تەرکیز تەنیا لەسەر کرداری شۆڕشگێڕانە دەبێت.
جێیسەرنجە، ئەو دۆزەی پاریس لەودەمە تیای ژیاوە ئەم خوازریاریەی بەسەر بیرکردنەوەی خۆپیشاندەرانا زالکردووە. دواتر لە 1960 کانا لە فەڕەنسا و لە گەلێ وڵاتانی تری ئەورووپایش (ئیسپانیا، ئیتالیا) بیری چەپگەرای و بەتایبەت بیری سیاسی شۆڕشگێڕانە زۆر باو بووە و بەشێ سەرەکیش بووە لە هزری سیاسی پاش جەنگ.
ئەلبەتە لەهەندێ شوێنیتری شارا لەکاتی ئایاری 1968 گەلێ دروشمی هاوشێوەی ئەویسەرەوە بەرزکراونەتەوە کە جەغتکردنێکی تیا بەدیدەکرێت تایبەت بە واتای شۆڕشگێڕی لەوانە “”ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە چ پێدەکرێت؟ هەمووشتێک””، کە ئەوەش دیسانەوە ئامانج لێی شیرینکردنی تێگەیشتن بووە بۆ واتای شۆڕشگێڕی و ئەوشتەی لەو واتایەوە دێتەبەرهەمهاتن. ئەلبەتە گوزارەێکی وەک “”بابژیت شۆڕش!”” یش یەکێکە لەو گوزارانەی بۆ ئایاریەکان مانای خۆی هەبووە و شوێنی لە زەینی سیاسییانا داگیرکردووە. یان “”تەنیا ڕاستی شۆڕشگێڕانە بوونی هەیە”” ، هەروەها “” گشت وانەکان دژەشۆڕشگێڕین””.
بەمجۆرە ، ئەوکات سەرنجێ زۆر لەسەر واتای شۆڕش هەبووە و باوەڕێ گەورەش بە کرداری شۆڕشگێڕانە لەئارادابووە. هۆی ئەوە گەلێ زۆر لەوانە بوونی تیۆری شۆڕشگێڕانە و ئەزموونی شۆڕشگێڕانە. زۆرێک چاویان لە ئەزموونی ماوی یان کوبای بوو هەروەها دۆزی جیهانیش کە خۆی بەسەر دوو جەمسەری سیاسی دابەشکردبوو کارێ ئەوتۆیکردبوو خەلک نەکارێ دەستبەرداری شتە پرنسیپیەکان بێت ، یاخود بەواتاێکیتر شتێ هەبوو پێیدەووترا ئیدیۆلۆژیا و باوەڕ بە ئیدیۆلۆژیا زۆر بەهێز بوو. چونکە ئیدیۆلۆژیا متمانەی پێدەکرا و شوێنی باوەڕ بوو ئەمەو جگەلەوەی پێویستیش بۆ بوونی ئیدیۆلۆژیا لە کۆمەلگە و بەگشتیش لەژیانا لەئارادابوو. بۆیە زۆربەی توێژەرەوان پێیانوایە زۆر سەختە ئایاری 1968 ێکیتر سەرهەلدات. نەک هەر لەبەرئەوەی ڕابەر بوونی نییە یان ئەوە باوی نەماوە کە ئەزموون لاسایکرێتەوە یان نەرێتی  ئیدیۆلۆژی هەلگیرێتەوە بەلکو لەبەرئەوەش کە شتە پرنسیپیەکان مانایان لەدەستداوە و هیچگەرای ژیان کارێئەوتۆیکردووە خەلک بەئارەزووەوە هیچگەرابژیت. ئەمەو تراژیدیایەکە لەوێدایە کە خەلک دەزانێ هیچگەرایە و بگرە زۆرینەێکیش بە ئاگاییەوە هیچگەران، و هیچگەرایانە ژیان دەگوزەرێنن. لێرە و تایبەت بەم لایەنە هیچ دورناڕۆین گەر بپرسین کوان ئەو نووسینانەی کە بە لێشاو لەسەر سەرمایەداریەت دەدوێن؟
بۆیە ئاساییە بلێین سەختە و زۆریش ئەستەمە بیرلەوەکەینەوە 1968 ێکی تر لەدایکبێت. بەڵام زۆر ئاساییە بزووتنەوەی تر و فۆڕمی تر لە بەرهەلستکاری سەرهەلدەن وەلی ناتوانن نە ئیدیۆلۆژی بن و نەش ئیدیۆلۆژیا بخەنەوە و ئەمەو ناکارن هزر بەرهەمبهێنن و بەڵام دەکارن ئەوی بەرهەمهاتووە کاوێژکەن و مەیدان بگۆڕن.
ى “”گشت دەسەڵاتێکی گەندەل دەسەڵاتێ ڕەهایە و گەندەلیەکەشی ڕەهایە””.
 دەسەڵات گەندەلە بۆیشە ئەمان ،بە کرێکار و قوتابیانەوە، هاتوونەتە سەر جادەکان و داوای گۆڕینی ڕەوشەکە دەکەن. گشت دەسەڵاتێکیش لەناخیا ڕەهایە بەڵام ئەو دەسەڵاتەی کە گەندەلە ڕەهایەتێکەی مەترسیدارە چونکە بەرژەوەندی تاقمێک دەپارێزێت. مەحالیشە دەسەڵاتێک گەندەلبێت بێئەوەی ئەم دەسەڵاتە ڕەها نەبێت. لێرەوە دەکرێ شتێ تر بووترێت ئەوەش پێوەندی بە کۆمەلگەی فەڕەنسی پێش ئایاری 1968 ەوەیە کە ئەوەش لەزۆر ڕوەوە پێوەندی بە باری پەروەردە لە قوتابخانە و زانگۆکان و گوزرەانی کرێکاران لە کارگەکانەوە هەیە چونکە ستاتۆسی کۆمەڵایەتی کرێکاران و قووتابیان لەناو کۆمەلگەی فەڕەنسی لەودەمەدا پێویستی بە زۆرترین چاکسازی هەبوو. ئەو وەختەی کە چاکسازیەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە بوو بە کردار ئەوە لەبیرکرا دەسەڵاتی گەندەل ئامادەیە لەپێناوی مانەوە و پاراستنی ڕەهایەتی خۆی گشت چاکسازیێکبکات. وەلی لێرە مرۆڤ دەکارێ ئەسەفی ئەوەبخوات چۆن کرێکاران و قووتابیان کە مەشخەلی ئایاری 1968 ی پاریس بوون بە جێبەجێکردنی داواکانیان دەستیان لە داڕمانی ئەو دەسەڵاتە گەندەلە هەلگرت کە گشت خەسلەتەکانی دەسەڵاتێ ڕەهاێ تێدابوو؟ 

ى “”لەناخی گشت یەکێکمانا پۆلیسێک دەژی کە پێویستە بکوژرێت””.
ئەم گوزارەیە مانای ئەوەیە پێویستە کۆنتڕۆل لەناخمانا بمرێنرێت و ڕێگابەخۆماننەدەین زەبر دژ بەخۆمان و دژ بەویتر پیادەکەین.پۆلیس لێرە ماناێ تێگەتیڤی هەیە و لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە کۆنتڕۆل و سانسۆڕ دەگەێنێت. بۆیە مانەوەی ئەم کەسە لە ناخی گشت کەسێکا لە مانای وێرانسازی زیاتر شتێتر ناگەێنێت. بائەوەشمان بیرنەچێت کە لەدەموەوەختی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 پاریس پۆلیسی فەڕەنسی ناشرینترین ڕۆلی گێڕا و بۆهەمیشە وێنەی پۆلیسی لە کۆمەلگە بەدکرد.
ئایاریەکان ئەو کات ڕقی دنیایان لە پۆلیس بوو. دەیانزانی پۆلیس پیادەکردنی زەبر دەگەێنێ و ئەم زەبرەش ناشێ لەناخمانا بۆهەمیشە پیاسەبکات. ئەو پۆلیسەی ئایاریەکان باسیلێوەدەکەن کە لە ناخی گشت یەکێمانا هەیە ئەو هێزە سانسۆریە کە تاک دەکا بە چاودێر لەسەر خۆی و لەسەر ئەویتریش. چاودێری کە بریتیبێت لە کۆنتڕۆلکردنی ناخی خود و بندەستکردنی ئەم خودە لە چاودێری شتی نێگەتیڤ زیاتر شتێ ئەوتۆیتر بەرهەمناێت.

ى  “”چێژ لێرە وەرگرە و هەرئێستاش””.
 چێژوەرگرتن لە خۆپیشاندان و خەباتی سەرشەقام چێژوەرگرتنێ وەختییە وەلی سەرەکی و ڕەهەندئامێزە. لەو شوێنەی خۆپیشاندان دەکرێ، لەو شوێنەی هەموان کۆدەبنەوە ، نیاز ئەوەیە گۆڕانێک بەدەمەوەبێت. گەر ئامانجیش ئەوە نەبێت ئەو هەمووە پێکەوە لەوێدا کۆنابنەوە. ئەو کۆبونەوەیە و ئەو ئامانجەش چێژن و خۆشیهێنەرن. ئەمەو ڕووداوی ئاوا، ئەوەی هەموان لەیەک شوێندا بۆ پێکهێنانی یەک ئامانج کۆببنەوە زوو زوو ڕوونادات. هەربۆیە خۆپیشاندەران لەڕێگای ئەم دروشمەیانەوە جەغتلەوەدەکەن کە پێویستە لەم شوێن و لەم چرکەساتەی هەموویانی کۆکردۆتەوە هەوەس وەرگرن و مومارەسەی هەوەسیخۆیان بەوجۆرەی دەیانەوێ بیکەن.
چێژ کە دەکەوێتە سەر جادەکان ئەم چێژە تەنێ لەسەرەوەختی تەنگژەکانا ڕوودەدات. ئەوانەش کە تەگەرە دەخەنەبەردەم چێژوەرگرتنەکانەوە بە بەرد وەلامدەدرێنەوە. بۆیە ئایاریەکان پێیوانوابوو بەردتووڕهەلدان چرکەی چێژوەرگرتنە و خەسلەتی سەرەکی ئەم چێژەش لەوەدا خۆیچڕدەکاتەوە کە هەموان هەمانشتدەکەن. واتە هەموان بەرد لە نەیارانیان دەگرن. بۆئەوەی ئەمەشبکرێت پێویستیانبەوەیە هەموو تێکڕا بڕژنە سەرشەقامەکان و ئەوەبکەن کە چێژی لێوەردەگیرێت. ئەلبەتە گشت شتێکیش کە دەکرێت دەبێ چێژێکی تیابێت ئەگەرنا نەکردنی چاترە. ئەو دەمەش چێژ پالنەری شتەکان دەبێت ئارەزووکان تابلێیت زیندوو و کاریگەر دەبن. ئارەزوو و چێژ پێکەوە یەک شت وێنەدەکەن ئەوەش بەکاربردنی ئەو چرکەیەیە کە هەیە بۆیە ئایاریەکان داوادەکەن هەرئێستا ئەوەبکەن کە دەیانەوێت بیکەن و چێژیش لەوە وەرگرن کە دەیکەن. ئەمەش دیسانەوە سیگنالێ تاکییە و ئایاریستەکان خوازیارن ئەوە بەیەکتربلێن: “تۆ” بەوەی کە لەسەر جادەکان لەگەلمانا کۆبوویتەتەوە بە ئارەزووی خۆت ئەمەتکردوە و کەس ئیجبارینەکردویت بەوەی دەیکەیت بۆیە چێژ لەوە وەرگرە کە دەیکەیت وەلی ئەمە هەر ئێستا بکە و لەشوێنی خۆشیدا.
جێیتێڕامانە، شەستوهەشتیەکان لە گەلێ لە لافیتە و پۆستەرەکانی تریانا وشەی چێژیان بەکاربردووە و بایەخێ زۆریان بە وشەی ناوبراو داوە و پێیانوابووە کە “چێژ” ،جا ئەوە چێژوەرگرتن بێت لە پشووی پاش کار یان خۆشەویستی یاخود هەرشتێکیتر، شتێ سەرکیە لەژیانا و ناشێ مرۆڤ دەستبەرداری چێژەکانیبێت.  


“”با زانگۆی سۆڕبۆن لە مەسیحایەت پاککیەنەوە””.
 لەڕێگای ئەم دروشمەوە خۆپیشاندەران دەیانەوێت زانگۆکەیان لە بیری ئاینی کە بالی کێشابوو لەو دەمەدا بەسەر پەروەردە و زانین لە زانگۆی سۆڕبۆن ڕامالن و زانگۆ لە ئاین جیاکەنەوە و زانگۆ بە زانینەوە سەرقالبیێت و کلیسەکانیش بە ئاینەوە. ئاشکرایە لەو دەمەدا بیری سیاسی ڕاستڕەو لە فەڕەنسا پشتگیریێ زۆری بیری ئاینی (کاتۆلیکی) دەکرد و گەلێ لە ڕەفتارە کۆمەڵایەتیەکانیش سەرچاوەی ئاینییان هەبوو هەر لەپێوەندی خێزانییەوە تادەگاتە پێوەندی نێوان ئافرەت و پیاو و ئەمجار بواری پەروەردە. ئەلبەتەئافرەت لەم ساتەوەختەدا پتر لەگشت تاکەکانی تری کۆمەلگە زیانی زالبونی بیری ئاینی بەرکەوتبوو. ئەلبەتە، لەژێر کارتێکردنی دینی ئاینی پێوەندی نێوان نێر و مێ لە زانگۆ و قووتابخانەکانا زۆر دیاریکرابوو و ئەمەش دۆزێ کۆمەڵایەتی تووند و داخراوی لە بواری پەروەردە دروستکردبوو.
ى “”نابێ بکەوینە خۆشەویستی ڕێژەی نەشونماوە””.
لێرە خۆپیشاندەران دەیانەوێت ڕیالانە (واقیعییانە) .بیرکەنەوە. هەروەها لە زەینی ئەم دروشمەدا ئەوەش دەبینرێ کە خۆپیشاندەران تێگەیشتنێ ئابووریان بۆ ئابووری وڵات هەیە و نایانەوێت بە درۆکانی گەشە و نەشونمای ئابووری وڵات بخەلەتێن چونکە ئەو گەشە و نەشونمایە ئەوانی قووتابی و کرێکار و جووتیار لێی بەسوودمەند نابن. بۆیە لەم حالەتە ئەوەی کە دەسەڵات باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەشونمای ئابووری دەکا هیچ ئومێدبەخش نییە و دۆخەکە ناگۆڕێت. ئەمانی کرێکار و جووتیار و قووتابی کە لەبەردەم دۆڕیانێکی بەردەوامدان یان بەرەو بێ دەرامەتی دەیانبات یانیش بێ ئایندەی بۆیە نایانەوێت چیدی گوێ لە سترانی بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ڕێژەی نەشونما بگرن. هەربۆیە هاتنەسەر شەقام تاکە چارەسەرێکە بەدەست قووتابیان  و کرێکارانەوە. دلنیاشنلەوەی کە هەچ گۆڕانێ ئابووریش بێتەکایەوە بەسوودی خاوەنکار و سەرمایەدارە گەورەکان دەگەڕێتەوە. بۆیە لەمحالەتەدا تاکە چارەسەر خۆپیشاندانە.    
ى “”بەرەوپێشەوە: ڕەنگە تێکبشکێین وەلی هەرگیز چۆکدانادەین””.
لەمجۆرە گوزارەیە لە ماوەی ڕووداوەکانی ئایاری 1968 پاریس زۆربەرچاودەکەوێت. گشت ئەو گوزارانەش باس لەوەدەکەن کە پێویستە بەردەوامبین و ئەگەرچی ئەم بەردەوامیە ڕوون نییە بەچیمان دەگەێنێت. ئەم جۆرە خەباتانەی کە پێیدەلێن خەباتی سەر شەقام خەباتی خەلکانێکە خاوەنی تانک و تۆپ و تەقەمەنی قوورس نین و ئەوی هەیانە پەیڤ و بەردە. بەردەوامبوونیش لەسەر کاری سیاسی لەمجۆرە پێویستی بە سەبر و خۆڕاگریە چونکە بەرەوپێشەوەچوون و سووڕبوون لەسەر داواکان کارێ ئاسان نییە و دەششێ پرۆسێسەکە لەبنڕا هەلوەشێتەوە بۆیە ئامانج پێویستە چۆکدانەدانبێت و بەردەوامی لەسەرئەوی دەستیدراوەتێ. 
ى “”با تەلەفزیۆنەکانمان داخەین و چاوەکانمان بکەینەوە””.
 بێئوێمدبوون لە ڕاگەیاندن کارێوایکردبوو قووتابیانی زانگۆکان لەسەر دیوارەکان ئەم دروشمە بە گەورەی بنووسن. چونکە ئەوی ڕۆژانە لە تەلەفزیۆنەکانەوە دەووترێ و دەبیسترێ مایەی خۆشحالینین و هەولێکیشن بۆ هێشتنەوەی دۆزی کرێکاران و جووتیاران و قووتابیان لە کۆمەلگەی فەڕەنسی وەک خۆی. هەروەها ئەوەی نەوەی ئایار پێویستی پێبوو مێدیای دەسەڵات نەبوو بەلکو ڕژانەسەرجادەکان بوو بە هوتافی جیاوە و بۆئەوەش پێویستیان بەوەبوو چاوەکانیان بکەنەوە و تواناکانیان بۆ بینین یەکخەن. ئەگەرچی بوارەکانی مێدیا لەوکاتەدا وەک ئێستا بەرفڕاوان نەبوو  وەلی لە ڕێگای تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکانی سەربە دەسەڵاتەوە هێرشێ زۆر دەکرایە سەر خۆپیشاندەران و بە گێرەشێوێن و ئاژاوەچی ناودەبران. بۆیە دانیشتن بەدیار تەلەفزیۆنێکەوە کە هێرشی بەردەوامت دەکاتەسەر و بە فەوزەوی و نابەرپرسیارت لەقەلەمدەدات شتێ بەتەندروست نییە. 

ى “”چاخی زێڕین ئەو چاخەیە کە زێڕ تیایا باڵادەستنەبوو””.
ئەوە دەبێ چ چاخێ بێت ئەوشتەی پێوەیناونراوە تیایا بێهێزبووە؟ ئایاریەکان لێرە بەئاشکرا دەیانەوێ پێمان بلێن کە ، گەشە و پەرەسەندنی ئابووری وڵات بەئێمەچی کە ئێمە لەم گەشە وپەرەسەندنە مەحروومبین. بۆیە بۆ ئەوان مانا بەخش نییە گەشەی وڵات کە لە پەراوێزی گەشەی وڵاتدابن. وڵات کە بە بازووی کرێکاری کارگە و جووتیاران و نەوە لەپاش نەوەی زانگۆکان دەچێتەپێش ئەم توێژانە لە هەموو کەسێ زیاتر لە کۆمەلگەدا مەحروومن. بۆیە ئەوەی بۆئەمان جێیگومانە لە کۆمەلگەیەک ژیان بەسەر دەبەن کە تیاباڵادەستنین.
ى “”ڕزگارکردنی مرۆڤ یان بەتەواوەتی دەبێت یانیش نابێت””.
ئەم پۆستەرە دروشمێ بە مانا لەخۆیڕا حەشاردەدات چونکە وانەێکە لەسەر ئازادی و سەرفرازی تاک لە کۆمەلگە. خۆپیشاندەران پێیانوابوو کە ڕزگاری ئەوشتەیە لەنێوان بوون و نەبووندایە. ڕزگاری یان هەیە و یاخودیش نییە ئەو دەمەش کە دەبێ پێویستە بەتەواوەتی هەبێت نەک بەنیوەچلی. چونکە ڕزگاری تاک شتێ نیمچەی نیە و پێویستە ئەمان خۆیان لەوڕوەوە یەکلاکەنەوە ڕزگاری کە دەبێت یان بەجۆرێ گشتی و سەرتاسەری دەبێت و گشت و زۆرینە دەگرێتەوە و یانیش ڕزگاری بوونی نییە: کەواتە بۆ خۆپیشاندەرانی 1968 ی پاریس ناشێ ئەو ڕزگاریەی دەبێت بکرێ بە دوو کەرتەوە یان ڕزگاری ناکرێ شتێکی بدرێت و یان هەبێت و ئەویدیشی نەبێت.
تێگەیشتنی ئایاریستەکان بۆ واتا گەلێ وەک ئازادی، سەربەخۆی، سەرفرازی و تەنانەت بەختەوەری و شادیش تێگەیشتنێ فەلسەفیانەبووە و ئەو تێگەیشتنە دیوی سیاسی خۆشی هەبووە. هەروەها ئایاریستەکان وەک نەوەی شۆڕشی فەڕەنسی لەوەحالین ئازادی لەژیانی تاک دا چەند کاریگەر و وروژێنەرە بۆیە پێیانوابووە دەستهەلگرتن لە ئازادی ئەستەمە و سنوورێ لەنێوان بوون و نەبوونی ئازادیدا هەمیشە هەیە کە ئەوەش ئەو مانایە دەبەخشێت کە ئازادی یان هەیە و یانیش نییە کە ئازادیش نەبوو ئەوا شتێ دی لەبڕی ئەوە دەبێت کە نائازادییە.
ى “”مەتاریسەکان(بەریکادەکان) ڕێگاکان دەگرن وەلی  ئاسۆ لەبەردەم دواڕۆژا دەکەنەوە””.
ئاشکرایە ئەو دەمەی خۆپیشاندان دێتەکردن لەگشتلاێکەوە مەتاریسەکان دادەنرێن و ڕێگا لە گشت جوولە و بزاڤێ دەگیرێ کە ئامانج لێی پەرەدانبێت بەو خۆپیشاندانە. مەتاریسەکان بۆئەوەهەن ڕێگری دروستکەن وەلی هێمای ئەوەشن کە دەسەڵات ترسێکی لەو بزاڤ و جوولە کۆلێکتیڤیە هەیە کە لەسەر جادەکانا هاتۆتە کردن. بۆ ئایاریستەکان ئەوەی مەتاریسەکان بە چواردەوریانا چڕبۆتەوە ئاسۆ دروستکەرە و هێمایە لەسەر داهاتوێکی تر. ڕەنگیشە چ زۆربوونی مەتاریسەکان و چش کەلەکەبوونی بەرد و دار لەسەر جادەکان دەوروبەر ناشرینکەن بەڵام ئەوانە هەموو شتی کاتین و داهاتوو کە ڕۆشنبێت هەموو ئەو شتانە بیردەچنەوە.

ى “”ژیانیڕۆژانە سەربەستکە””.
لە دیدی ئایاریستەکانا ژیان لە کۆمەلگەی ڕۆژئاوا ،کە کۆمەلگەی فەڕەنسی بەشێکەلێی، بێ سەربەستی دەگوزەرێت. مرۆڤی ڕۆژئاوا کە ژیانی لەژێرزەبری کارکردنێ زۆردا دەنالێنێ، مرۆڤ بەدەگمەن پشوویێک لەناو ئەم ژیانەدا دەبینێتەوە بوونی خۆی تیا مومارەسەبکات. ژیانی ڕۆژانە لەلایەن کارگەکانەوە خەسێنراوە و مرۆڤ لەناو ژیانا تەنیا سەرقالی کارکردنە و کارکردنیش جانەوەرێکە لە مرۆڤ،لە ژیانی مرۆڤ، نابێتەوە. بۆیە خۆپیشاندەران لەگەلێ لافیتەی تردا (وەک “”ئێمە دەمانەوێت هەمیشە لە پشوودابین”” یان “”هیچوەخت کارمەکە”” و”” ناکارم هەناسەبدەم! “”و “” لێمانگەڕێن با بژین “” و “”  ئێمەش دەخوازین بژین “” و…  ) موعاناتی خۆیان بەدەست زۆرکارکردن و نەبوون شتێک بەناوی کات بۆ ژیان لە هەندێ تێگەیشتنی هاوشێوەی دیدا وێنەدەکەن و ئەوەنیشاندەدەن کە گشت ژیان خەریکە دەبێت بەکارکردن و کارکردنیش دەبێت بە مەترسێک لەسەر بوونی مرۆڤ.
ئایاریستەکان کە قووتابیان و جووتیاران و کرێکاران بوون هەموو ئەمانە پێویستیان بەوەیە تامی ژیانکەن و لەوەبگەن کە پێیدەووترێت ژیان. چونکە ژیان هەر ئەوە نییە کارکەیت، یان بەبژێوی پەیداکردنەوە سەرقالبیت و ئەمەو ژیانی تاک تەنیا ئەوە نییە قووتابی بێت و سەرقالی وانەکان بێت ، بەلکو ژیان هەموو ئەوانەیە و لەگەل شتیدیش. ئەو شتە دییانەکە ڕەنگە بەشێکی بریتیبێت لە کاتی حەوانەوەی دوای کارکردن ، کات بۆ خۆشەویستی و دلداری هەروەها کات بۆ چرکە نەشئەبازیەکان و بەدەستهێنانی خۆشی ، لە کۆمەلگەی فەڕەنسی هەموو ئەمانە ڕووی لە نەمان کردبوو و ، هەروەها ژیان بەمانای وشەکە تەنێ لە کارکردن و بوون بە قووتابی و بەس بریتیکرابوو.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.