Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئاوازی چۆڵیی … فەرهاد چۆمانی

ئاوازی چۆڵیی … فەرهاد چۆمانی

Closed
by December 21, 2012 ئەدەب

 

 

 

 نازانم من کێم، تەنیا ئەوە نەبێت لە ئەزەلەوە هەم و هەردەمیم. لە رۆژگاری درووستبوونی گەردوونەوە، لە رۆژگارە بەیار و خۆڵینەکانی زەوییەوە هەم، ئەم دونیایە شتێک لە خواستی من و هەناسەیەک لە ژیانی منی تێدایە، نیوەی لە رەنگی منە و نیوەی لەکردە و فەساڵی خەللاق. لە چاوێک دەکەم رامانی بەسەر هەموو شتێکەوە هەبێت، بێئەوەی بۆ ساتێک خەفڵەتگیر و ناگان ببم لە هەموو شوێنێکدام، لە هەموو قوژبنێک ئامادەییم هەیە و لە روانگەی هەموو چاوێکەوە رادەمێنمە شتەکان، ئەگەر چی حاکمی سەرزەمین و هەرێمێکی تاریک و لاتەری ئەم سەرزەمینەم، بەڵام لە راستیدا من حیکایەتخوانی راستەقینەی زەمەنم، دونیا هیچ نییە جگە لە خواستی سەرکەش و رامنەکراوی من، هەموو ئەوانەی لەم چیڕۆکەدا قسەدەکەن بەشێک لە قسەکانیان هی منن، لەرینەوەی هەر سۆزێک و هەر وەدەنگهاتنێکی ئەوان بڕێک لە لەرەی ژێیەکانی دەنگی منی تێدایە، قسەکردنی ئەوان دەنگدانەوەی خواستەکانی منە لە ئەواندا، هەموو ئەوانەی لەم چیڕۆکەدان  بە رایەڵێک بە منەوە بەستراونەتەوە، دەمەوێ  لەسەرەتاشەوە ئەوە بڵێم غرووری پۆزبڵندی و خۆ بەسەروو زانم لە هەموو هەستەکانی ترم پێخۆشترە لە خۆمدا، خۆشیم لەوە دێت خۆمم دڵنیاکردۆتەوە لە مرۆڤەکان داناترم و هەمیشەییم. خەنیی دەبم کە بە درێژایی زەمەن مرۆڤەکان زاتی ئەوە ناکەن خواستی هەمیشەیی بوونیان هەبێت، سەر بۆ مەلەکووتی ناکۆتا هەڵببڕن و داوای نەمری و ژیان بکەن. هەر لە رۆژگاری بۆنگەنبوونی زەمین بە هاتنی مرۆڤەکان و هێڵنجهاتنەوەم بەو بیچمە ناجوور و کردە دەبەنگانەییەکانیان هیچ شتێک نەیتوانیوە بمخاتە سەر دڵنیایی لەوەی؛ کاتێک ئەو دەعبا بزۆز و پۆخڵانە دەمرن ئاخۆ دەبێ دڵگوشاد بم و پێبکەنم یانخۆ قەهر بمگرێ و هێلنج بدەم و نەفرەت بکێشم بە بەریان، من لەوە تێناگەم مرۆڤەکان عەوداڵی دەستڕەسی چ شتێکن و سەرقاڵی چ یارییەکی بێمانان –ژیان-.

رۆژگارە سەرەتاکانی زەمەن، کاتێک لەنێوەندی بیابانی گێژەنگرتوودا چاوم بڕیبووە ئەو رەشەبایەی کە بێدەربەست غوبار و تۆزی بیابانی بەدونیادا دەگێرا، بەسەرنجەوە لەنێو گێژەنی بیابانی بابردوودا  لە ”حەوا”م دەڕوانی، لێی نزیکدەبوومەوە، هێند نزیک بتوانم لە سەر روخساری غەمگینی ئافرەتێکی کەتنکەر و دڵشادی و خەندەیەکی ئیبلیسانە بخوێنمەوە، کە لەچاخەکانی دواتردا لەسەر رووخساری ئەو ئافرەتانەدا دەمبینی، کە سەردەکەن بەودیوی پەردەکان و نهێنییە گەورە و گەردوونییەکان بێمفا دەکەن.

”ئادەم”م دەبینی لەسەر کێو و سەرزەمینی سەرندیب دەیگوت” خودامان… ئێمە زوڵممان لەخۆمان کرد.. ئەگەر نەمانبووریت و بەزەییمان پێنەکەی، لەدۆڕاوان دەبین” ئەمەی بە خەمێکی قووڵ و حەسرەتی پیاوێکی رەتێنراو و تەری دەگوت، چاوەکانی لەئاسمان بڕیبوون ئەوکات، لەوەی دەکرد لەمن بڕوانێت و بمبینێت.

من  بەر لە مرۆڤ یەکەم خۆرهەڵاتنم بینی، ئەو ساتەم بینی بۆجارێک خۆر بەرووی زەمیندا رۆشنکرا، ئەوکات خۆر هێشتا هەڵمی تازەیی لێهەڵدەستا، لەبیرمە یەکەم خۆرهەڵاتن هێندەی لە ئاوابوونی دەچوو هێندە لە هەڵهاتنی نەدەچوو. خۆرهەڵاتنێکبوو وەک خۆرئاوابوونی ئەو ئێوارانەی لەناو غوباردا بەئاستەم و و کزۆڵ وەک برینێکی دەمواڵا بەئاسمانەوە دیار بوو، هێندەی غەمگینی ئاوابوونی لێنیشتبوو هێندە شەبەنگ وپڕشنگەی هەڵهاتنی نەبوو، لەوەدەچوو هێشتا خۆر کاری خۆی نەزانێت.

من یەکەم شەوم بینی، پەرشبوونەوەی یەکەمجاری هەزارەها ئەستێرە، هەڵکردنی یەکەم ”با”، یەکەم رێژنە باران، چەکەرەکردن و نەمامبوونی یەکەم درەخت، یەکەم باغ، لەدایکبوونی یەکەم منداڵ، یەکەم خوێنڕێژی و هەڵاییسانی یەکەم جەنگ و یەکەم مردنم بینی.. ئاهـ ..یەکەم مردن، مردنێک کە خۆشبەختییەکی گەورە و سەرەتایەکی شادیهێنبوو بۆ من.

لەرۆژی تۆفانی گەورەدا هەستمکرد بۆجارێک گەردوون بە خواستی من دەچەرخێت و خواستی لەناوچوونی مرۆڤەکانم دێتە دی. من لەوێبووم، ئەو رۆژەی مرۆڤەکان کەشتییەکیان درووستدەکرد، لەوێبووم، رۆژێکی خۆشبوو بۆ من، بەختەوەری ئەوەم تێدا هەبوو سوپاسگوزاری تۆف و لەهی بکەم، لەبەردەم لەبەردەم هێزی زریان و شەستەبارانەکان کڕنووش ببەم و پێبکەنم، کڕنووش ببەم و نەفرەت لە بەدنیهادی ئەو کەسە بکەم کە هەواڵی هاتنی دەهشەت و کارەساتی ژینقڕکەری دابووە مرۆڤەکان، تف لەو رازە بکەم کە لە نیهانی ئاگایی مندا درابووە ئەو پیرەپیاوەی، بە ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکی گەردوونییەوە ” کەشتی ژیانی”ی درووستدەکرد. دەمبینی شەپۆل و گاپێلی ئاو چۆن لەهەموو قوژبنێکەوە دنە دەدەنە گوڕیان و هەموو زەمین وەژێر خۆیان دەخەن. لەبەرزەوەڕا، شەستەی ئەو بارانانەم دەبینین کە چ کەس لە ژێریاندا هەناسەیان بۆ نەدەدرا، بەزوویی پێدەشتەکان دەکەوتنە ژێر لافاو، تەپۆلکەکان وەکئەوەی شەپۆلەکان قوتیان بدەن دیارنەدەمان، دارستانەکان لەژێر بروسکەرێزاندا دەبوونە زوخاڵ و رەشەباکان دەیانفراندن.

من، وەکئەوەی یاری بکەم لەگەڵ شەپۆلەکان دەهاتم و بەدەم رەشەباکانەوە دەچووم، لەگەڵ رێژنە بارانەکان دادەباریم و لەناو گڕاوەکاندا دەردەقوڵیم. وەک جوانوویەکی سڕک، ئەسپێکی بزۆزی کاتی سڵەمینەوە،  لافاوەکان بەگاپێلی بەرز و گوژمی ژینشێوێنەوە خۆیان بەکێوەکاندا دەکێشا، تۆفەکان کەشتییەکەیان لەسەر زەمین دەفڕاند و دەیاندایە دەم رەشەباکان، کەشتییەکە پڕبووبوو لە مرۆڤ کە بەدوای یەک و دەم دەم یەکە یەکە دەکەوتنە ناو شەپۆلانەوە، دەخەنیمەوە.. فیکەم دەکێشا و هەڵدەبەزیمەوە، هێندە خەنیی دەبووم کە بینیم بستێک لە زەوی نەماوەتەوە کەشتییەکە لەنگەری لێبگرێ، هەستێکی شەیتانکرد دەیخستمە سەر کەڵکەڵەی قاقاکێشان، شەپۆلەکان تووڕەهاتتر و باران بە رێژنەتر دەباریی…

بەڵام دواجار نەژادی مرۆڤەکان هەر نەبڕایەوە و نەبڕایەوە، کەشتییەکە بەسیحرێکی گەلەک سەیر و بەخواستێکی زۆر قوڵی مرۆڤەکان لەسەر کێوێک لەنگەری گرت.. دەهری بووم، زەمین ئارامبووەوە و سێ منداڵ وەک رەشەبا بەدونیادا بڵاوبوونەوە و بوونەوە نەژادی مرۆڤایەتی..

سەردەمی چاخە بەردینەکان، چاخی سەرما و سەهۆڵینەکان، چاخی ئاگر و چاخە خوێنین و سەردەمەی شەڕوان و جەنگاوەرانی شەڕ، سەردەمی تاعوون و ئافاتەکان، هەر بەخواستی ئەوە بووم زەمەن لە شوێنێک میقات بکات و هەناسەکان لە سییەکاندا بوەستن، ئەو رۆژانەم بینین کە بۆ یەکەمجار مرۆڤەکان چوونە ئەشکەوتەکان و لەژێر کەڤر و تارمایی کێوەکاندا گیرسانەوە، ئەوکاتانەی یەکەم شێوەیان لەسەر لاکێوی ئەشکەوتەکان کێشا و کڕنووشیان بۆ برد..

رۆژی درووستبوونی یەکەم ماڵ و یەکەم کۆڵان و یەکەم شار، یەکەم گۆڕ و یەکەم گۆڕستان هەموویان.. هەموویانم بینین.

لەکەرنەڤاڵی لەخاچدانی ”عیسا” کەڤاڵی لەخاچدانم بینی، لەسەر زەوی لەنزیک مێخەککوتەکانەوە بووم، ئەودەمەی مێخەکان لەلەپی دەستی دەکوتران و رۆدەچوون، چەشنی هەڵواسینی کەڤاڵێک، بەوێنەی ئەوەی باوەش بۆ ئاسمان بکاتەوە بە خاچە دارینەکەوە توندیان کردم هەموویان رۆیشتن من هەر لەوێ بووم، لەگەڵ ئەو پۆلە باڵدارەی لەبەیانی ئەو رۆژەوە بە ئاسمانەوە دەسوڕانەوە، تابلۆیەکبوو لە هەناسە و خوێن، ئەو بەسەر خاچەکەوە، لەناو شەبەنگی سووری خۆر ئەو کاتەی لە دوندی شاخە دوورەکانەوە دوایین تیشکە نارنجی وزەعفەرانییەکانی لەنێو تاریکی قەترانیدا دەتواندەوە، ئاویلکەی دەدا. هەورە شۆرابەییەکان بە رەنگی ئەو خوێنە سوور دەبوون کە لەناو لەپی دەستی عیساوە دەتکان..

عیسام بەسەر خاچەوە جێهێشت بە دونیادا گەڕام، ساڵگارێکی زۆر گەڕام و هەرێمی نەدەیدە و نەدۆزراوەم بینین، هەرەسی چاخەکان و هاتنی رۆژگاری ترم بینین، بەسەر دوندی چیا بەرزەوکانەوە رۆیشتم و شەوانە لە دامێنیاندا گیرسامەوە، بەسەر جەنگەلە چڕ و خەیاڵکردەکاندا فڕیم و لەکەناری دەریاکاندا بێنم دەدا، لەگەڵ بابەلیسک و رەشەباکاندا ئەودەمەی گەردی بیابانەکانیان بە دونیادا پەرشدەکردەوە، دەگەڕام. ئەو دەمەی دەریاکان  دەبوونە قاقڕ و ساراکان دەبوونە مێرگەڵان، دوندەکان دەبوونە پێدەشت وتادەهات چۆڵەوانی زەمین پڕدەبوو لە نەژادی بەدی مرۆڤەکان..

بەڵام خەریکە هەموو شتێک تەواو دەبێت، مرۆڤەکان تەواو دەبن و زەمین پاکدەبێتەوە، رۆژانێکی کەم ماون بۆ وەدیهاتنی خەونی گەورەی خۆم، هەموو شتێک تەواو دەبێت و زەمین دەگەڕێتەوە رۆژگارە سەرەتاکانی خۆی.. ئەو رۆژگارەی کە خۆر هێشتا کاری خۆی نەدەزانی..” چاخی پەپولەکان” ”چاخی خامۆشبوونی تەقینەوە گەورەکە” هەرشتێک بێت دیسانەوە دەستپێدەکاتەوە و دونیا پردەبێتەوە لەنەژادی هەزاران پەپولە و ئاوازی دوای خامۆشی، وەک کۆتاییهاتنی لەپڕی ئاوازێک، وەک خامۆشبوونەوەی دەهشەتێک و ئارامبوونەوەی زریانێک دیسانەوە هەموو دەنگەکان لەبێدەنگی بەر لەدەستپێکردن کپدەبن و بێدەنگی هەمیشەیی دەستپێدەکاتەوە.. بەڵام ئێستا هیچ مەبیستن، تەنها ئەوە بزانن هێند نەماوە بەدونیادا هاوار بکەم و دەنگم وەک رەشەبا بەدونیادا هەڵبکات و لەوسەری دونیا وە گوێم لە دەنگدانەوەی خۆم ببێتەوە، زەوی خاڵی بێتەوە لە ژیان .. رۆژانێکی کەم ماون.. زۆر کەم.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.