Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئاوی خواردنەوەی سەرۆك و ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان

ئاوی خواردنەوەی سەرۆك و ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان

Closed
by September 8, 2008 گشتی

 ئاوی خواردنەوەی سەرۆك و ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان
 هێمن مەحمود / دەربەندیخان
 
 گومانم لەوە نیە هەندێك كەس هەن هێندە بەپیرۆز سەیری دەكەن و  لەبەرئەوەی سەرۆكە  بڕوایان وەهایە كە ئاو ناخواتەوە چ جای ئەوەی ئاوێكی ژەهراوی  وەك ئەوەی دەربەندیخان بخواتەوە.
 بەڵام من لەو جۆرە كەسانە نیم و ( رێزم هەیە بۆ بیروڕای ئەو جۆرە كەسانە) سەرۆك بەپیرۆز نازانم بەڵام ئەوە دەزانم ئەویش وەك ئێمەی مرۆڤ ئاو دەخواتەوە بەڵام چ جۆرە ئاوێك، ئاوێكی كانزایی پاكی وەها كە بەهەزار پشكنین مادەیەكی زیان بەخشی تیادا نادۆزرێتەوە.
 نەك دەربەندیخان بەڵكو زۆربەی شاروشارۆچكەكانی دیكە ئەگەر ئاوێكی خواردنەوەیان دەست بكەوێت ئەوا پاك نیە و بۆ خواردنەوە ناشێت، ئەمە لەوەش گەڕێین ئەگەر پرۆژەیەكی ئاو بكرێت بەچەند ساڵێك تەواونابێت و كە تەواویش دەبێت مەپرسە چ كەموكوڕییەكی تیادایە و چی گەندەڵیەكی تیادا دەكرێت.
 ئێمەی دەربەندیخانی روبارێك و دەریاچەیەك بەتەنیشتمانەوە چەندین گەڕەكمان هەیە ئاویان نیە یاخود هەر ئاویان بۆ نەڕۆشتوە، خەڵكانێكیشمان هەیە رۆژانە بەپارە ئاو دەكڕن و نەتوانراوە تا ئێستا (مەێفیە)یەكی چاك بۆ ئەو ئاوە دابین بكرێت و سود لەو ئاوە وەربگیرێت و بەشێوەیەكی زانستیانە دابەشبكرێت.
 وەك ئەوەی ئاوی خواردنەوەش دەستناكەوێت، ئێستا ئاوی دەریاچەكە بەپێی دوو پشكینینی جیاواز لەلایەن نەخۆشخانەی گشتی دەربەندیخان و تیمێكی زانكۆی سلێمانییەوە دەركەوتوە ئەو ئاوەی دەرخواردی خەڵك دەدرێت ژەهراوییە و چەند مادەیەكی وەك (قورقوشم، جیوە..هتد)ی تیادایە كەراستەوخۆ دەبنە هۆی شێرپەنجە.
 دانیشتوانی قەزایەكی 50 هەزار كەسی ئێستا لەو ئاوە دەخۆنەوە وژیانیان لەمەترسی دایە كەچی سەرۆكی حكومەتیش خەمی نیە.
 من پێم سەیرە لەم وڵاتەی ئێمەدا رۆژی سەدەها رودوای ناخۆش و شكستی سیاسی یەك لەدوای یەك و شكستی ئیداری و خراپی دۆخی ئابوری و فێڵكردن لەموچەی فەرمانبەران و مامۆستایان دەبینین كەچی سەرۆكی حكومەت وەك دەڵێی نەبای دیبێ و نەباران لەشوێنی خۆیەتی و دەست لەكارناكێشێتەوە.
 ئاخر بڵاوبونەوەی كولێرا و فەسادی تەشەنەسەندوی ناوفەرمانگەكان و چۆڵكردنی ناوچە كوردییەكان و گرانی بازاڕ بەس نیە بۆ ئەوەی ئەم سەرۆكە دەست لەكاربكێشێتەوە.
 من دەزانم رەنگە سەرۆك بەساڵی جارێكیش ناوی قەزایەكی وەك دەربەندیخانی بیرنەكەوێتەوە لەبەر سەرقاڵی پرۆژە ئابورییەكانی خۆی، بەڵام ئاخر جەنابی سەرۆك ئێمەش هاوڵاتیەكی حكومەتەكەی ئێوەین، شارەكەی ئێمە نەبێت كارەبای كۆشكەكانتان روناكنابێتەوە، ئاوی كارگەی كانزایی بانیخێڵان نەبێت ئێوە ناچار ئاوی توركی دەخۆنەوە.
 جەنابی سەرۆك ئێستا 50 هەزار كەس لەو ئاوە دەخواتەوە و چاوەڕێی مەرگێكی هێمن و لەسەرخۆن.
 جەنابی سەرۆك تاكەی لەو بورجی عاجە نایەیتە خوارەوە تابزانی میللەتەكەت چۆن دەژین، من دەعوەتی شارەكەی خۆمت دەكەم، دەعوەتت دەكەم ئەگەر كاتت هەبێت پێكەوە لەو ئاوە دەخۆینەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر مردین هەمومان پێكەوە بمرین چونكە خۆت دەزانی كە میللەتێك مرد ئیدی سەرۆك پێویست نیە چونكە كەس نامێنێ سەرۆكایەتی بكات، من لێرەوە دەعوەتی دەربەندیخانت دەكەم جەنابی سەرۆك!.
 
 Hemnm1979@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.