Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئاپۆ لە ڕۆما  – مەلابەختیار چۆن مێژوو دەنوسێتەوە ؟ –

ئاپۆ لە ڕۆما – مەلابەختیار چۆن مێژوو دەنوسێتەوە ؟ –

Closed
by February 25, 2013 گشتی

 

 

 

 

     کلتوری مێژوو نووسینەوە لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆی کوردستان دووچاری زۆر جۆر لە ئافاتە . ڕەنگە زۆر خوێنەر دڵنیابێ لەوەی کە دێتە سەر مێژوو نووسینەوە چ وەکو دەق ، چ وەکو گێرانەوە لەبەردەم مایکی ڕادیۆ و کامیرای تەلەفزیۆندا ، هیچ  گرفتمان نەبێ لە هەبوونی بەرهەمی زۆری بێ ئەندازە ، بەڵام خەوشی سەرەکی لە چۆنیەتی مامەڵەدایە لە گەڵ مێژوو، بە تایبەتی خستنە ڕوو و گواستنەوە .

     ڕۆژ نییە لەمیدیادا بابەتی مێژوویی لە پەیوەند بە سیاسەتدا ساغ نەکرێتەوە بەسەرکۆمەڵگەدا ، ئەم ساغ کردنەوەیە بەشێکی هەوڵی جدین کە یارمەتی بیرتیژی فکرو زانیاری و سیاسەت دەدا ، بەشێکیشی بریتیە لەو بێ سەروبەریەی خۆی جێگیرکردووە بە جۆرێک کە ڕوون نییە ” بەهای مێژوو ” لە کوێ ی لە بیرچوونەوەو لە کوێ ی بیرهێنانەوەدا ڕاستیەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ بە یەک گرێ دەدا ؟ ڕوون نیە کام گۆشەی مێژوو شایەنی ڕێزگرتنەو کامەشی شایەنی فەرامۆش کردنە ؟

 چونکە لێک ترازانێکی گەورەی ئینتیما بوون و بەرژوەندە هەمەجۆرەکانی :- کۆمەلایەتی ، سیاسی ، حیزبی ، تەنانەت شەخسیش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە نەک تەنیا لە هەڵبژاردنی بابەتی دیاری کراو لە خانەی مێژوودا ، بەڵکو لە میتۆدی ئیش کردن و شێوازی خستنە ڕووی ئەو بابەتە .

کاک مەلابەختیار یەکێکە لە لیدرەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە زۆرترین تێکەڵاوبوونی هەیە لە گەڵ دونیای میدیاو نووسین و دەست بردن بۆ مێژوو . دەست بردنی ئەو بۆ مێژوو لەم ساڵانەی دوایدا زۆرتر لە جاران ڕوو لەسەرە .

 ئەم دەست بردنە هەڵگری چەند تایبەتمەندیەکە ، کە دیارترین خاڵی لاوازی ئەو دەست بردنە ئەوەیە ئەو کە دەچێتەوە ناو مێژوو بەو ڕوانگەیە ناچێ کە وێنە گشتی ڕوداوەکە یان قۆناغەکە وەکو خۆی بۆ خوینەر یان بینەر کۆکاتەوە ، ئەو بە شێوەیەکی ئینتیقائی  Selectively بژاری یەک خاڵ دەکاو دەیکا بە سێنتەری گێڕانەوەی یەک لایەنەی تەنیا گۆشەیەک ، یان دەیکا بە فورسەتی دروست کردنی وێنەیەکی پۆزەتیڤی خۆی و جێ وشوێنی خۆی لە ڕوداو یان لە وەرچەرخانی دیاری کراوی مێژودا . 

هەموو ئەمەش لە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ دایە لە ئەجێندای دروست کردنی بەلانس و پێویستی بۆ ئۆتۆریتەیەکی یەکسان لە نێوان دوێنێ وئەمڕۆی خۆی ، بە تایبەتی کە لە ئەمڕۆدا بەشێکی زۆر لە سیاسیەکان شەڕەکان و ئەجێنداکانی خۆیان لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ مێژوو دەکەن ، میدیاش سودێکی زۆر لەم گەڕانەوەیە دەبینی و بەرهەمی زۆری دەست دەکەوێ بۆ بڵاوکردنەوەو بۆ پەخش .

     دوا دەست بردنی کاک بەختیار بۆ مێژوو بریتیە لە نووسینی سەر وتارێکی سەرەکی بۆ ڕۆژنامەی چاودێر، بە نێوی (دانوستانی ئیمرالی‌‌و هاوكێشه‌ سیاسیه‌كان ) کە لە ژمارە 408 لە ڕۆژی دووشەمە 2013/02/18 بڵاوکرایەوە . لە وتارەکەی کاک بەختیار پەرەگرافێکی تێدایە ، زۆر دژە مێژوە بە مانا فراوان و مەعریفیەکەی مێژوو . پەرەگرافێک کە ئەستەمە ناونیشانێکی بۆ دابنێیت کە هاوشانی ئەو ناحەقیە قوڵە بێت کە  بە ڕوداوێکی گەورەی مێژوی دەکات . ئەم ڕوداوە بریتیە لە ڕفاندنی عبداللە ئۆجەلان ” ئاپۆ ” سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان P.K.K لە 14 ساڵ لە مەوبەر . لەم پەرەگرافە مەلابەختیار تەنیا وەکو گێڕانەوەی مێژوو نادوێ ، ئەو بە تۆنی ” ستراتیژناسێک ” دەدوێ لە سەر هەڵەیەک گوایە ئۆجەلان لە ڕێگای پێشنیاری ڕاوێژکارەکانی دەوری تووشی بوو ! 

لەم پەرەگرافە کاک بەختیار دەڵێ :- (( ئاپۆ گه‌یشته‌ رۆماو به‌هه‌ڵه‌یه‌كی‌ كوشنده‌ی‌ خۆی‌‌و راوێژكاره‌ لێنه‌زانه‌كانی‌ ، رۆمای‌ به‌جێهێشت‌و ده‌ره‌تانی‌ دا، دوای‌ چه‌ندین وڵات ته‌یكردن ، سه‌ره‌نجام له‌ نێرۆبی‌ بكه‌وێته‌ داویی‌ پیلانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و، یۆنانیش ده‌ستی‌ هه‌بوو له‌م پیلانه‌ شه‌رمه‌زاریه‌دا‌و، ترس‌و  به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان بیریان بردبوه‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌ده‌ی‌ هه‌ژده‌هه‌مدا، خۆیشیان له‌ خه‌باتی‌ رزگاریدا بوون دژی‌ عوسمانیه‌كان ))

هەموو ئەو خوێنەرانەی کە ئەو دەمە مناڵ بوون و هیچ زانیاریان نییە لەسەر ئەو ڕوداوە ، ئەمڕۆ بە گەنجێتی  ئەم وتارە دەخوێننەوە وێنەیەکی زۆر شێواویان پێدەگا نەک تەنیا لەسەر ڕاستی ڕوداوەکە ، بەڵکو وەهمێکی زۆرگەورەشیان لەلا دروست دەبێت لەسەر هەموو بەشداربوانی ئەم ڕوداوە ، وەکو: تورکیا ، سوریا ، ڕوسیا ، ئەمریکا ، دەوڵەتانی ئەوروپا بە گشتی و یۆنان و ئیتاڵیاش بە تایبەتی . 

کەس وکاری ئەو 100 کەسەی تا ئێستا خۆیان بۆ ئازادی ئۆجەلان سوتاندووە بە دڵنیایی توشی شۆک دەبن کە ڕۆڵەکانیان  لە پێناوی ” هەڵەی کوشندەی ” ئۆجەلان و ڕاوێژکارە لێنەزانەکانی خۆیان سوتاند ، هەموو ئەو هاوڵاتیە کوردانەی کە 14 ساڵ لەمەوبەر ژیانی خۆیان و دەوروبەریان دووچاری دەیان گرفت کرد دونیایان تەنی بە خۆپیشاندان و ناڕازایەتی هیچ دڵیان خۆش نابێت ئەگەر ئەسڵی ڕوداوەکە بەم شێوەیە بووبێت .

     ئەم ڕوداوە وەرچەرخانێکی گرنگ و گەورەی سەردەمی خۆی بوو ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە پرسیاری ستەمی نەتەوایەتی سەر میلەتی کوردبوو لە تورکیا ، کە لە توێ ی ئەم ڕوداوە ئەم پرسیارە خرایە بەردەم زۆربەی زلهێزەکانی دونیاو ئەوانیش بە کردەوە لەبەرامبەر ئەم پرسیارە نەک تەنیا بەشێک بوون لە سیناریۆ و پیلانگێڕی ، بەڵکو لەبەرامبەر ئەوبەهاو بناغانەی پەیوەستن بە ڕۆژئاواو دەوڵەتەکانی خۆیان ئەوان سوکایەتیان بە زۆر پرەنسیب و مافی تایبەت و گشتی کرد ، سوکایەتیان بە پرسی میلەتێک کرد .

      لە زۆربەی ئەدەبیاتی سیاسی و سەرخانە ئایدیۆلۆژیەکانی  مامەڵە کردنی دەوڵەتانی ئەوروپاو ئەمریکا دەرحەق بە پرسی کورد چاومان بە دەستەواژەی ” کوردی خراپ ” و ” کوردی باش ” دەکەوێ ، کە تا ڕادەیەک تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە . کوردی باش بە هێزە سیاسیەکانی وەکو یەکێتی و پارتی دەوترێت و زۆرجاریش وەکو بەشێک لە پێناسەی ئەوبارودۆخە بەکاردێت کە لە ساڵی 1991 وە لە کوردستانی باشور یان بە زمانی ئەوان لە باکوری عێراق دروست بووە . کوردی خراپیش ئاماژە بووە بۆ P.K.K پرسی کورد لە تورکیا ، ڕەگ داکوتانی ئەم دابەشکاریە ئەوەندە بە هێزبوو لە دەیەی نەوەدەکان کە دەرهێنەرێکی ئەمریکایی Kevin McKiernan  لەسەر پرسی کورد بە تایبەتی لە تورکیا دۆکۆمێنتەریەکەی خۆی ناو نا  Good Kurds, Bad Kurds . کە ئۆجەلان لە ڕۆما گیری خواردبوو ، ” کوردە باشەکان ” بوون بە بەشێک لە فشارو بە پێ ی جێ و شوێنی خۆیان بوون بە هاوبەشی ئەو پیلانگیریە نێو دەوڵەتیە وەکو ئەو یۆنانیانەی کە کاک بەختیار دەڵێ ” بیریان چووبوو” لە سەدەی هەژدە له‌ خه‌باتی‌ رزگاریدا بوون دژی‌ عوسمانیه‌كان . 

    کاتێ P.K.K بەرەو ڕووی دەرکردنی ئۆجەلان بوونەوە لە سوریاو پاشان ئۆجەلان دووچاری هاتوچۆی ناچاری بۆ ڕوسیا و یۆنان و ئیتاڵیا و گەڕانەوەی بۆ یۆنان و چونی بۆ کینیا بوو، دوو ڕاستی گرنگ هەیە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت . یەکەم : چ لە زاری ئۆجەلان خۆی چ لە زاری بەرپرسەکانیتری پەکەکەدا لەو سەردەمەدا ئەوان خۆیان دانیان بەوەنا کە وەکو حیزب بە هیچ شێوەیەک ئامادەگی دەرکردنی ئۆجەلانیان نەکردبوو ،تەنانەت لە قۆناغی سەرەتا جۆرێک لە پەشێوی و شڵەژان و هەندێ هەڵوێستی ناکۆکیشیان نیشان دا .

 دووەم : پاش گەیشتنی ئۆجەلان بۆ ڕوسیا هەر ئەوانەی دەوروبەری ئۆجەلان لەوێ چارەسەری عەمەلی و گونجاویان دۆزیەوە بۆ ڕزگارکردنی لەم پلانە نێودەوڵەتیە . بەڵام ، لەم دوو ڕاستیەش گرنگتر ئەو حەقیقەتەیە کە تەنانەت ئەگەر پەکەکە ئامادەگیشی کردبا بەر لە دەرکردنی ئۆجەلان لە سوریا ئەو پلانە بەرفراوان و نەخشە کێشاوە نێو دەوڵەتیە کە زلهێزو موخابەرات نەما بەشداری نەکا هەمان ئەنجامی دەبوو .

 بە کورتی کێشە لە ئۆجەلان و بڕیارەکانی یان لە ئەوانەی دەوربەری نەبوو ، بەڵکو لە ماتماتیک و ناهەوسەنگی واقیعێکی زۆر عەینی بوو ، کە لەم واقیعە زیاتر لە نیوەی زلهێزەکانی دونیا لە بەرامبەر لیدەرو حیزبێک و بزوتنەوەیەکی دیاری کراو بەرەیەک دروست دەکەن و ئامانجی خۆیان دەپێکن . ئەم پلانە ئامانجە کۆتاییەکەی گرتنی ئۆجەلان بوو ، بەڵام لە توێ ی جێ بەجێکردنیشیدا کۆڵی حیساباتی سیاسی و هاوکێشەی ستراتیژی نێوان لایەنە بەشداربوەکانی یەکلاکردەوە . 

     کە ئۆجەلان لە سوریا بوو ، خۆی و ئەوانەی دەوروبەری بیریان لەوە کردبۆوە کە بچێ بۆ چیای (قەندیل) تەنانەت کە لای ئەوانیش هێشتا بە ڕوونی دەرنەکەوتبوو کە هەڕەشەو فشاری تورکیا لەسەر سوریا ، ڕووی یەکەمی پلانێکی گەورەترە کە بە گرتنی ئۆجەلان کۆتایی دێت . بەڵام ، چوون بۆ قەندیل دەبوایە لە ڕێگای سنوری سوریا تورکیاو هەرێمی کوردستان بوایە کە بە دڵنیایی بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی شەڕی پارتی و یەکێتی دژ بە پەکەکە و دەست ڕۆیشتوویی سوپای تورکیا ئەم چوونە موغامەرەیەکی گەورە دەبوو بە دڵنیایش سەری نەدەگرت . 

کە ئاپۆ لە ڕوسیا بوو ئەوانەی لە دەوروبەری بوون ناسنامەی جیاوازیان بۆ ئامادە کردو هەموو ئەو پێویستیە لۆجیستیانەشیان ئامادە کردبوو تا ئاپۆ بچێتە ئەرمینیاو لەوێوە لە ڕێگای پەکەکە بگوازرێتەوە بۆ قەندیل . ئەم پلانە سەری نەگرت چونکە ڕوسیا نەک تەنیا نەیهێشت بڕوا بۆ ئەرمینیا بەڵکو نەیانهێشت بچێ بۆ ئێرانیش تا لە وێوە بڕوا بۆ قەندیل . ئەوان هێشتیانەوە تا بتوانن لەم رێگایەوە دەست کەوت فەرز بکەن بە سەر تورکیا . ئەوەبوو توانیان بگەن بە ڕێکەوتنێک کە بە پێ ی ئەم ڕێکەوتنە : تورکیا دەست تێوەردانی خۆی و پاڵپشتی لە ئیسلامیەکانی چیچان دەکێشێتەوە ، لەبەرامبەریشدا ڕوسیا نابێ مافی پەنابەری بدات بە ئاپۆ و دەبێت لە ڕوسیاش دەری بکات ، ئەوەبوو دۆمای ڕوسیا فۆرمی داواکردنی پەنابەری ئاپۆی داخست و داوایان لێکرد کە ڕوسیا جێ بهێڵێت . 

لە 1998/11/12 دا ئۆجەلان گەیشتە شاری( ڕۆما ) ی وڵاتی ئیتاڵیا . ئەو هاتبوو بە یەکجاری لەوێ بمێنێتەوەو خۆی ڕادەستی پۆلیس کردو داوای مافی پەناهەندەیی کرد . چوار ڕۆژ دوایی گەیشتنی ئۆجەلان سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمەی ئیتاڵیا D’Alema سەرەڕای ئەوەی لە ژێر فشارێکی توندی چەپەکانی نێو پێکهاتەی ئەو ئیتیلافە سیاسیەکەی خۆی بوو بۆ ئەوەی ئەو مافە بدات بە ئاپۆ ، سەرەڕای ئەوەی کە دەستوری ئیتاڵیا ڕێگە نادات کەسێک ڕادەستی ووڵاتێک بکاتەوە کە هێشتا ئیش بە سزای لە سێدارە دان دەکات ، بەڵام ، نەک ئەو مافەی نەسەلماند بەڵکو لە یەکەم کاردانەوەی فەرمی لەسەر ئەم پرسە ڕایگەیاند (( ئێمە ڕێکخەرێکی تیرۆریستمان ناوێت لە ئیتاڵیا )) .

 دوای 20 ڕۆژ ئاپۆ سەرلەنوێ فۆرمێکی تری مافی پەناهەندەیی پێشکەشی دام و دەزگا حکومیەکانی ئیتاڵیا دەکا ، هەر ئەو ڕۆژەی کە ئەو فۆرمە پێشکەش دەکا چەند سەعاتێک نابات کە وەزیری بەرگری ئەوسای ئیتاڵیا Carlo Scgnmiglo لێدوانێکی توندی داو ووتی :- ( ئۆجەلان دەبێ دەسبەجێ لە ئیتاڵیا دەربکرێت ) . 

هەر لە ڕۆژانی یەکەمی گەیشتنی ئاپۆ تا دوا ڕۆژی جێهێشتنی ڕۆما ، ئەمریکا لە ڕێگای سەفارەتی خۆی لە ئیتاڵیا و لە رێگای پەیوەندیە نهێنیەکانی دەزگا سیخوڕی دیبلۆماسیەکان لەسەر خەتبوو ، فشارێکی زۆری خستبووە سەرحکومەتی ئیتاڵیا کە بە هیچ شێوەیەک نابێت مافی پەناهەندەیی پێبدات و داوای دەکرد ڕادەستی تورکیا بکرێت .

بارودۆخێکی پڕ لە فشار لە سەر وڵاتی ئیتاڵیا دروست ببوو  کە زۆر ڕووی لە خۆی گرتبوو ، بە تایبەتی لە لایەن تورکیاوە کە تەنیا سیاسی نەبوو بەڵکو ئابوریش بوو . بایکۆت کردنی شت ومەکی ئیتاڵی لە تورکیا بووە بووە حەملەیەکی گەورەی حکومەت کە توانی بەشێکی گەورەی ڕای گشتی هاوڵاتیانی تورکیا بەشدار بکا ، بە ڕادەیەک تەنیا لە یەکەم مانگی ئەم بایکۆتە 200 ملیۆن دۆلاری زیانی گەیاندە کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا . بەڵام ، لەم بایکۆتەش گرنگتر ئەو کۆنتراکتانە بوو کە هەردوو وڵات ئیمزایان کردبوو بۆ دروست کردنی چەند پۆلێک کۆپتەری جەنگی لە لایەن کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا بۆ سوپای تورکیا کە لە حاڵەتی هەڵوەشانەوەیدا ملیارەها دۆلاری زیان دەبوو بۆ ئابوری ئیتاڵیا ، ترسی هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرێبەستانە بووە ترسێکی زۆر واقیعی کاتێ وەزیری بەرگری ئەوسای تورکیا لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز داو ووتی 🙁 ئێمە وا چاو بەو گرێبەستانە دەخشێنینەوە).

سەفارەت و کۆنسڵخانە ئیتاڵیا نەمابوو لە دونیا کۆمیونیتی تورکی و لایەنگرانی حکومەتی تورکیا خۆپیشاندانی لەبەردەم نەکەن ، هەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئیتاڵیا و ئەوروپا زۆر بە ووردی ڕوماڵی هەموو ئەم چالاکیانەیان دەکردو فشاری نەگەتیڤی لەسەر ئەم پرسە زیاتر دەکرد .

 لە ئاستی ناوخۆشدا (بەرلسکۆنی) کە ئەوسا سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی دەکرد یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ڕای گشتی جۆش دەدا دژ بە مانەوەی ئۆجەلان ، بێجگە لە وەش بڵاوکردنەوەی ڕاپرسیەک لەلایەن میدیای ناوخۆ کە ڕایانگەیاند بە پێ ی ئەم ڕاپرسیە لە 61.59% هاوڵاتیانی ئیتاڵیا لەگەڵ دەرکردنی ئۆجەلان دان وای نیشان دەدا کە رای گشتی لەگەڵ دەرکردنی ئەودان . دەنگی کوردیش ،کوردی هەرێمی کوردستان فشارێکیتری سەر ئەم کەیسە بوو . یەکێتی وپارتی هەردووکیان هەڵوێستیان دژ بەم پرسە بوو،نموونەش هەڵوێستی وەزیری دادی ئەوسای هەرێم کە نامەی فەرمی نارد بۆ وەزارەتی دادی ئیتاڵیاو  لە نامەکە تەئکید لە تیرۆریزم دەکاتەوە . نموونەیەکیتر ئەوە هەڵوێستە عەمەلیە بوو کە نوێنەری ئەوسای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنقەرە بۆ ئاژانسی ئەنادۆلیای ڕاگەیاند (( ئێمە هەر لە مانگی ڕابردوو لە کوردستان هەرچی بارەگاو ئۆفیسی سەر بە پەکەکە هەیە دامانخستووە )) ئەمانەی باسمان کرد هەموو تەنیا کورتەیەکن لە پانۆرامای ئەو هەموو دەرگا داخستنەی بە ڕووی ئەم کەیسە لە ئارادا بوو .

بۆ دەرچوون لەم تەنگەژەیە ئیتاڵیا بە ڕەسمی داوای لە ئەڵمانیا کرد کە بێ تا ئۆجەلانی ڕادەست بکات ! چونکە پێشوتر ئەڵمانیا یاداشتی یاسایی بۆ گرتنی ئۆجەلان دەرکردبوو ، وەڵامی ئەڵمانیا ئەوەبوو کە ئەوان ناتوانن ئۆجەلان وەربگرن چونکە لە ئەڵمانیا شەڕی هەردوو کۆمیونیتی کورد و تورک دەست پێدەکات و کۆنترۆڵ ناکرێت . 

ئیتاڵیا ویستی ئەم کەیسە ببا بۆ دادگای نێو دەولەتی ، کە ئاپۆش ئەم چارەسەری پێ باش بوو چونکە لەو باوەڕە بوو کە بتوانێ لە دادگا هەم ئازادی خۆی و هەم پرسی کوردیش لە تورکیا بوعدی نێودەوڵەتی پێبدا . لە کۆبوونەوەی یەکێتی ئەوروپاش ئەم ڕێگاچارەیە ڕەتکرایەوەو تەئکید لە تەسلیم کردنی کراوە بۆ تورکیا . 

ئۆجەلان لە وەسفی ئەم حاڵەتدا ، لە دوا وتوێژی ڕۆژنامەگەری کە ڕۆژنامەی Le point بڵاوی دەکاتەوەو دواتر دەقە ئینگلیزیەکەی لە گۆڤاری Middle East Magazine Theبڵاودەبێتەوە دەڵێت : –

(( ئێمە لە بارودۆخێکی زۆر نامۆ دەژین ، کە ڕەنگە پێشوو وێنەی نەبووبێ . من نە ئازادم نە دەست بەسەرم . من لەوانەیە لە دونیا تاقە پیاو بم کە ئەستەمە شوێنێک لەم جیهانە بۆ خۆم بدۆزمەوە . تورکەکان دەڵێن هەر سزای دەدەین لە هەر کوێیەکی دونیا بم . هەڕەشە لەسەرم زۆرزۆر جدیە ، رەنگە نەتوانرێ زەفەرم پێ ببەن ئەگەر لە ئەوروپا بمێنمەوە ، بەڵام ؛ لە دەرەوەی ئەورپا، بە یارمەتی ئیسرائیل دەتوانن زەفەرم پێ ببەن . ئێمە ویستمان دەرگاکانی ئەوروپا بکەینەوە ، بەڵام ئیتاڵیا ڕوبەڕوی زەحمەتی وتەنگەژە بۆتەوە . شوێنێکی وەکو ئەفریقیا بۆ ئێمە زۆر خەتەرناک دەبێ )) 

ئەوندەی نەبرد سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ووتی (( ئیتاڵیا سەرلەنوێ ئۆجەلان دەداتەوە دادگا بەتۆمەتی تیرۆریزم ئەگەر بێتوو ئیتاڵیا بە جێ نەهێڵێ )) . هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچوون کە ئیتاڵیا لە ژێر فشاری ئەمریکاو تورکیاو ناوخۆ لە سیناریۆیەکدا ڕەنگە ئاپۆی ڕادەستی تورکیا کردبا . ئاپۆ دەرکی بەم وەزعە دەکردو بەناچاری جارێکیتر گەڕایەوە یۆنان .

کە گەڕایەوە یۆنان ، لە فڕۆکەخانە کاربەدەستان نەیانهێشت لە فڕۆکەکە دابەزێت . سەرۆکی ئەوسای دەزگای هەواڵگری یۆنان Dimitris Starrakakis دەچێتە لای ئاپۆ لە فڕۆکەکەو پێ ی دەڵێت کە ناتوانی لە یۆنان بمێنیتەوە . بۆ بەیانیەکەی ئۆجەلان بە ناچاری بە فڕۆکە دەڕوا بۆ هۆڵندا . فڕۆکەکەی ئاپۆ هێشتا لە ئاسمان بوو کە حکومەتی هۆڵندا ڕایانگەیاند کە ئەوان قبوڵ ناکەن بێ بۆ ووڵاتەکەیان وناهێڵن فڕۆکەکە لە خاکی هۆڵندا بنیشێتەوە ، بە ناچاری فڕۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەسینا .

 لە ڕۆژی 1998/02/02وەزیری دەرەوەی یۆنان بە فڕۆکەیەکی تایبەت ئاپۆ دەنێرێ بۆ نایروبی لە ئەفریقیا ، هەمان ئەو کیشوەری کە ئەو خۆی ترسی لێ هەبوو . ناردنی ئەو بۆ نایروبی ڕێکەوتنی دەزگا هەواڵگریەکان بوو ، چونکە بە هۆی تەقاندنەوەی سەفارەتی ئەمریکا لە نایروبی ، ئەوێ لێواو لێوبوو لە دەزگا ئەمنی و سیخوڕیەکانی ئەمریکا لە بابەتی CIA,FBI . 

یۆنانیەکان ماڵێکیان بۆ ئاپۆ تەرخان کردبوو وەکو پەناگەیەک . بەڵام ، ئاپۆ داوا لە سەفیری یۆنان دەکا کە بێتە ماڵەکەی ئەو ، پاش مانەوەیەکی چەند ڕۆژی چوار دەوری ئەو شوێنەو رێگاوبانەکان گەمارۆ دەدەرێن . یۆنانیەکان لە ڕێکەوتنێکدا ئاپۆ و هەڤاڵەکانی دەردەکەن لە سەفارەت ولە ماڵی سەفیر  بەناچاری دەردەچن و ڕێگای فڕۆکەخانە دەگرنە بەر ، ئەوەندە ناڕۆن کە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆ دەدرێن و ئاپۆ لە هەڤاڵەکانی جیا دەکرێتەوەو دەرزی بێ هۆشی لێدەدەن ڕادەستی دەزگا ئەمنیەکانی تورکیای دەکەن کە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گواستیانەوە بۆ تورکیا . ئەمانە کورتکراوەی وێستگە گرنگەکانی پرۆسەی ڕفاندنی ئۆجەلانن کە دورو نزیک پەیوەندی بەو پەرەگرافەی کاک بەختیار نییە کە لە بەردێکی کێش و ڕەزا قورس دەچێت ، کە بێ باکانە خرابێتە سەر بەرگی پرسێکی گرنگی ستەمی نەتەوایەتی و کێشەیەکی چارنەکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

 

orezgar@yahoo.ca

ڕزگار عومەر

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.