Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

ئاڕاستەکانی ڕاپەڕین…. سۆران ئازاد

Be First!
by March 18, 2013 گشتی

 

 

ڕاپەڕین یەکێکە لەو ڕووداوانەی، کە کۆمەڵگای ئێمەی هەژاند. ڕەنگە هیچ ڕووداوێک هێندەی ڕاپەڕین لە سەدەی بیستەمدا کاردانەوەی بەسەر ئەزموونی دیموکراسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبووبێت، بۆ نەتەوەیەکی کەمینە لە دەوڵەتێکی دروستکراودا. بەر لە هەر شتێک گرنگیی ناوەڕۆکی ڕاپەڕین خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبێنێتەوە. یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە، کە  یەکلاکەرەوەی گوتاری ناسیۆنالیستی بوو. ئەزموونی پێشووتری ئێمە بریتی بووە لە داگیرکاریی نەتەوەیی. بەرەنگاربوونەوەی ناسیۆنالیستی، پانتاییەکی گەورەی لە فەنتازیا و شێوەژیانی مرۆڤی کورددا داگیر کردووە. ئەو پانتاییە مێژووییە، بەشێکی پێوەندیی بە سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەییەوە هەیە. لێرەدا دەوڵەت دەبێتە هێما بۆ تەواوی و ناتەواویی نەتەوەیی. بەو مانایەی تا نەتەوەیەک دەوڵەتی سەربەخۆی نەبێت، لە ڕووی وجودییەوە ناتەواوە. بوونی دەوڵەت لە مۆدێرنەتییەدا ئاماژەیەکی وجودیی لە خۆ گرتووە. ئەو تێڕامانە لە نەتەوە و بەستەوەی بە دەوڵەت لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیڵ زیاتر خۆی دەچەسپێنێت. عێراق، کە بەرهەمی کۆڵۆنیزەیشنی بەریتانیایە، بە دروستبوونی کۆمەڵێک کێشەی هەم چارەسەر کرد هەم زەقتریشی کردەوە. لێرەدا عێراق دەبێتە چەقی ڕۆڵگێڕانی کۆڵۆنیزەیشن لە خۆرهەڵاتدا. شوێنی جوگرافیای عێراق بۆ ئەو مەبەستە چەند بڵێی گونجاوە. بەڵام کێشەیەکی مێژوویی، کە بەردەوام بە شێوەی جیاواز خۆی دەرخستووە، کێشەی کورد بووە. لێرەدا منداڵە ساوەکەی بەریتانیا (عێراق) بەر لەوەی بێتە سەر پێی خۆی، منداڵێکی نەخۆشە! لە ڕووی ناسیۆنالیستییەوە بە تەواوەتی ناتوانین بڵێن عێراق یەکسانە بە عەرەب، چونکە عێراق بەرهەمی پلانێکی دەرەکییە، لە لایەکی دیکەوە بکەری دروستبوونەکەیشی عێراقییەکان نین. جگە لەوە ئەو ڕووبەڕەی عێراقی لەسەر دامەرزراوە، بە درێژایی مێژوو شوێنی کۆمەڵێک شارستانیەتی جیاواز بووە. عێراق لە مێژوودا دەیان شارستانیەتی جیاوازی لە یەککاتدا لە خۆ گرتووە. هەر لەبەر ئەوەشە بە درێژایی مێژوو عێراق شوێنی ململانێ و بەیەکدادانی شارستانییە جیاوازەکان بووە. بۆیە بە دروستبوونی عێراق، خۆرئاوا حوکمی بەسەر تەواوی مێژووی کەلتوور و شارستانییە جیاوازەکان دا. لەسەر ئاستی ئۆڕێنتالیزمیشدا خۆرئاوا مامەڵەی لەگەڵ چەق و ناوەڕۆکی میژووی چەند هەزارساڵەی عێراقدا کرد. ڕەنگە دروستبوونی هیچ دەوڵەتێک هێندەی عێراق و ئیسڕائیل جێگەی تێڕامان نەبێت، چونکە ڕۆڵگێڕەکان هەم جیاوازن و هەم جیاوازیش نین، لە کاتێکدا هەردووکیان زادەی یەک زەمەن و دۆخن. نە کوردەکان نە پێکهاتەکانی دیکە، خۆیان بە خاوەنی عێراق نەدەزانی. ئەو هێزەی عێراقی بە ڕێوە دەبرد، بریتیبوون لە کۆمەڵێک ئۆبجێکت، کە بە ئاسانی بە کار هێنراون. لەگەڵ سەرهەڵدانی بەعسدا، هاوکێشەکان تەواو پێچەوانە دەبنەوە. دەتوانم بڵێم عێراق بۆ یەکەمجار ناسنامەیەکی خۆرهەڵاتی وەردەگرێت. نەبوونی شوناسێکی خۆرهەڵاتی هۆکاری سەرەکیی بووە بۆ ململانێ جیاوازەکان. ڕاستتر وایە بڵێن چونکە دروستبوونی عێراق کەلتوورێکی خۆرهەڵاتی لەپاڵ نەبوو، نەدەزانرا عێراق چییە و چۆن مامەڵەیشی لەگەڵدا بکرێت. بەعس هاوکێشەکانی تەواو پێچەوانە کردەوە. سەدام کارەکتەرێکی تاسەر ئێسقان خۆرهەڵاتی بوو. خودی کارەکتەری سەدام حسێن جێگەی پرسیار و تێڕامانە. ئەو پاڵپشتی هێزی خۆرئاوایی ڕەت نەدەکردەوە، بەڵام لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە بەشێک نەبوو لەو سیستەمە. سەدام هەوڵی دەدا سێنتڕاڵی خۆرهەڵات بگرێتە دەست. ئەوەی کەلێنێکی گەورەی خستە پڕۆژەکەی سەدام، دەمارگرژیی نەتەوەیی بوو. پڕۆژەکەی سەدام دەیتوانی هاوکێشەکانی خۆرهەڵات بگۆڕێت و عێراق لەو بێشوناسییە ڕزگار بکات. لێرەدا قسەیەکی مارکس تەواو تەفسیری دۆخی سەدام دەکات، ئەویش ئەوەیە: “هەموو ئەو شتانەی ڕەقن، لە هەوادا دەتوێنەوە”. سەدام دەیویست لەسەر خۆڵەمێشی خۆرهەڵات، شوناس بە عێراق بدات. سەدام کارەکتەرێکی بێئاگا نەبوو، بەڵام هەڵە کوشندەکانی ئەو پێوەندیی بە خودی سایکۆلۆجیای خۆی و ئەو گەمەی هەبوو، کە ئەوانی تر سەبجێکتی بوون. بۆیە جەنگی کەنداو گرێ سایکۆلۆجییەکەی سەدامی بەرانبەر بە بکەرە جیاوازەکان زیاتر دەرخست. هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول ڕووداوێکی هەژێنەرە. ئەو هەرەسە تەواو سایکۆلۆجیای تاکی کوردی تووشی داڕوخان کرد. سەرهەڵدانەوەی شۆڕش، جۆرێک بووە لە دەستپێکردنەوە لەسەر خۆڵەمێش. لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە، سەرهەڵدانەوەی شۆڕش، پێوەندیی هەم بە سەقامگیری و هەم ناسەقامگیریی نەتەوەییەوە هەیە. سەرهەڵدانەوەی شۆڕش تەکانێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە بوو. دەتوانم بڵێم شۆڕش بریتیبوو لە درێژکردنەوەی ماوەی ناسەقامگیری. بەر لە ڕاپەڕین، شۆڕش جۆرێک بووە لە ئەپدەیتی کەلتووری. ماوەی شۆڕش بە تەنیا بریتیی نەبووە لە شەڕکردن لە شاخ و بەرزکردنەوەی دروشمی نەتەوەیی، بەڵکو لەو ماوەیەدا کەلتووری ئێمە ئەپدەیتی بە خۆوە بینیووە. لێرەدا دەتوانم بڵێم ئەو ناسەقامگیرییەی شۆڕش درێژەی پێ دا، زەمینەیەک بوو بۆ ئەپدەیتی کەلتووری. بەشێکی زۆری ئەو هەوڵانە لە دەرەوەی شۆڕش بوونە. ڕاپەڕین بەرهەمی درێژکردنەوەی ئەو ناسەقامگیریەیە. ناسەقامگیرییەک، کە دۆخی توڕەبوونێکی مێژوویی خوڵقاند. ماوەی شۆڕش، بریتییبوو لە خوڵقاندنی زەمەنی توڕەبوون! ڕاپەڕین دەتوانین وەک تەقینەوە گەورەکەی تووڕەبوون پێناسەی بکەین. تەقینەوەیەک ئەنجامی تووڕەبوونێکی درێژخایەنە. لە ڕاپەڕیندا هەموو دەستەڵاتەکان دەبن بە یەک. ڕاستتر وایە بڵێن بکەری سەرەکی دەستەڵاتی خەڵکە. شەقام دەبێتە سێنتڕاڵ بۆ مانیفێستکردنی توڕەبوون. ڕووداوێک ئاڕاستەکان بەرەو لایەکی تر دەبات. نەتەوەیەک بڕیار لەسەر خۆی دەدات. ڕاپەڕین سەرەتای بڕیاردانە بۆ خۆیەکلاکردنەوەیەکی نەتەوەیی. لێرەدا کۆمەڵگای ئێمە بۆ یەکەمجار لە دوای دروستبوونی عێراقەوە دەکەوێتە بەردەم وێنەکەی خۆی. ئەو خۆبینینە خاڵێکی گرنگە بۆ هەستکردن بە بۆشاییەکان. ئەو بۆشاییانەی تاکو ئێستایش لە فۆڕمی جیاواز دەردەکەون. ئەگەر پێشووتر بە هۆی دەستەڵاتی دەرەکی، کەلتووری ئێمە پرسیاری جەوهەری بە خۆیەوە نەبینەوە، تەنانەت بووە بە ئامرازێک بۆ هەستی ناسیۆنالیستی، ئەوا لەپاش ڕاپەڕینەوە کەلتووری ئێمە دەکەوێتە بەردەم وێنەی خۆی. ڕاپەڕین لە خۆیدا دژەکانی خۆیشی پێشان دایەوە. سەرهەڵدانی گرووپی دینی بەشێکن لەو هێزە شاراوەی کۆمەڵگای ئێمە، کە لەپاش ڕاپەڕیندا وردە وردە دەرکەوتن. بۆیە ڕاپەڕین بە تەنیا ڕووداوێکی ناسیۆنالیستی نییە، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا زەمینەی بۆ گشت بۆشاییەکان خۆش کرد، بە مەبەستی خۆدەرخستن. ڕاپەڕین لەگەڵ هەموو ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی دروستبوونی، بەڵام لە ناوەوەدا پەیامی خۆیی بوو.

Previous
Next

Leave a Reply