Skip to Content

Friday, October 30th, 2020

ئایا ئێمه‌ بوونه‌وه‌ری بیرکه‌ره‌وه‌ین؟

Be First!
by February 14, 2013 گشتی

 

 

 

هه‌وڵێک بۆ خوێندنه‌وه‌یه‌کی گریمانیانه‌ی بیرکردنه‌وه‌

 

ئێمە چین و بەرهەمی چین؟ بۆ بەردەوام ڕوومان لە ئایندەیە و لە ئاست ڕابردووشماندا بونەوەری گریمانەکراوین؟ بۆچی دەیان شوناسی جیاوازمان بۆ خۆمان داهێناوە؟ ئایا ئەو شوناسانە چ ڕۆڵێکیان لە بوونی ئێمەدا هەیە؟ ئایا چی وا دەکات هه‌وڵی داهێنان بده‌ین؟ چی وا دەکات پاڵمان پێوه‌ بنێت بیر بکه‌ینه‌وه‌؟ ئایا ئێمە بیر دەکەینەوە؟ بیرکردنەوە چییە؟ بیرکردنەوە چی نییە؟ 

بەردەوام کۆجێکتەکەی (دێکارت) بە بەریەککەوتنی جیاوازەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، چونکە بەر لە هەر شتێک کۆجێکتی (من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم) لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی هۆ و ئەنجاممان دەکاتەوە. ئەنجامی هۆی بیرکردنەوە، هەبوونمانە. هەڵبەتە وابەستەکردنی بیرکردنەوە و بوون ڕەگێکی دێرینتری لە کۆجێکتەکەی دێکارت هەیە، کە بەر لەو (هیراکلیتۆس) ڕووبەرووی ئەو دەرئەنجامەمان دەکاتەوە. لای هیراکلیتۆس بوون و بیرکردنەوە یەک شتن، بیرکردنەوە و بوونەوە و بوونیش بیرکردنەوە. بۆچوونەکەی (هیراکلیتۆس) پێداگیرانەترە لە کۆجێکتەکەی (دێکارت)، چونکە ئەگەر لای (دێکارت) لە ڕێگەی بیرکردنەوەوه‌ بوون دەسەلمێندرێت، کە هەیە، ئەوا لای (هیراکلیتۆس) هەردووکیان یەک شتن. لە دەرەوەی هزری ڕاشیۆنالیزم چۆن دەتوانین بیرکردنەوە بناسین؟ ئایا ئێمە بیر دەکەینەوە؟ ئەگەر بیر دەکەینەوە، کەواتە بیرکردنەوە چییە؟ ئەگەری بیریش ناکەینەوە، ئەی ئەوە چییە، کە بە ناوی بیرکردنەوە پێیەوە سەرقاڵین؟ 

(هایدیگەر) لە بابەتی (ڕەسەنیەتیی کاری هونەری)دا دەڵێت: ئەمڕۆ چ ترسێک لە ترسی بیرکردنەوە گەورەترە؟ ئایا ترس لە بیرکردنەوە چ هۆ و ئەنجامێکی لە پاڵە؟ هەر (هایدیگەر) خۆی دەڵێت: ئەو شتەی زۆرترین بیرکردنەوەی ئێمەی لە تەمەنی هزریماندا لە خۆ گرتووە، ئەوەیە، کە تاکو ئیستا ئێمە بیر ناکەینەوە. قسەکەی (هایدیگەر) دوو ئەنجام بە دەستەوە دەدات، یەکەمیان، ئەوەیە، ئێمە بیر دەکەینەوە، دووەمیان، بیر دەکەینەوە، تاکو ئێستا بیر ناکەینەوە. ئەگەر بیر بکەینەوە، ئایا تاکە شت، کە بیری لێ بکەینەوە، ئەوەیە، بیر ناکەینەوە؟ ئەگەریش بیر ناکەینەوە، چۆن دەزانین بیر ناکەینەوە؟ هەڵبەتە سەرەتا دەبێت خۆمان لە تێکەڵکردنی بوون و بیرکردنەوە بپارێزین، چونکە بوون هەمیشە لە خۆدەرخستندایە. بوونی ئێمە دیاردەیەکی هەستپێکراوە. لە (هیراکلیتۆس)ەوە تاکو (کیاکەگۆرد Kierkegaard) بوون و بیرکردنەوە پێوەندییەکی لێکدانەبڕاویان هەیە. )کیاکەگۆرد(یش نەیتوانیوە ئەو دوالیزمە تێبپەڕێنێت، چونکە پێی وایە ئێمە هەین، تاکو بیر بکەینەوە. 

ئەوەی جێگەی گومان و تێڕامانە، بیرکردنەوەیە. ئەگەر زانیمان بیرکردنەوە چییە، ئەوا دەتوانین دیاردەکانیشی بناسینەوە, بەڵام کاتێ بیرکردنەوە نەناسین، چۆن دەتوانین بوونی دیاردەکانی بیرکردنەوە بسەلمێنین؟ زۆرترین هەوڵدان بۆ ناسینی بیرکردنەوە، هەوڵدان بووە بۆ دۆزینەوەی دیاردەکانی. بەو هۆیەوە تاکو ئێستا بیرکردنەوە مەتەڵێکی هەڵنەهێندراوە. بەریەککەوتنی ئێمە لەگەڵ بیرکردنەوە لە ڕێگەی زمانەوەیە، کەواتە زمان دەبێتە سێنتڕالی دۆزینەوەی پێناسی بیرکردنەوە. زمان، نەک تەنیا هێڵی بەستنەوەی بوونی ئێمەیە بە جیهان، بەڵکو خودی جیهانیشە بۆ ئێمە. هێماکان، کە پێکهاتەی گرنگی زمانن، هەمان ئەو دیاردانە دەخوڵقێنن، کە رۆژانە بەریان دەکەوین. بەڵام لە پێوەندیی زمان و بیرکردنەوەشدا ڕووبەڕووی کێشەیەکی فەلسەفی دەبینەوە. ئەگەر زمان ڕێگەی گەیاندنی بیرکردنەوە بێت (وەک ئەوەی دێکارت پێمان دەڵێت)، کەواتە چۆن زمان دەبێتە سێنتڕاڵ بۆ دۆزینەوەی پێناسی بیرکردنەوە؟ ئەگەر بیرکردنەوە چالاکییەکی ناو زمان بێت، ئایا بیرکردنەوە دەتوانێت بە بێ زمان خۆی دەربخات؟ ئایا هیچ دیاردەیەک هەیە بکەوێتە دەرەوەی زمانه‌وه‌؟ ئەگەر بوون وەکو (هایدیگەر) دەڵێت پێویستە خۆی دەربخات، ئەوا دەبێت هەوڵدان بۆ بیرکردنەوە چالاکییەکی زمان بێت بۆ خۆدەرخستن. (میگوال دی ئونامونۆ)ی فەیلەسووفی ئیسپانی لە شوێنکدا ڕووبەڕووی ئەو راستییەمان دەکاتەوە، کە ئێمەی مرۆڤ هیچ ناکەین، جگه‌ له‌ درۆ و خۆهه‌ڵکێشان. بە مەبەستی گەورەکردنی هەست و شێوەکانمان، قسەکردنمان داهێناوە، تاکو لە ئەنجامدا باوەڕمان بۆ ئەو شتانە لا دروست ببێت. کەواتە لای (ئونامونۆ) بەکارهێنانی زمان بۆ دروستکردنی باوەڕ و یەقینە. لەژێر ئەو رۆشناییەدا زمان دەبێتە پرۆسێسی هەوڵدان بۆ دژەبیرکردنەوە. پێوەندیی نێوان بیرکردنەوە و بوونی دیاردەکان هەڵگڕی دەیان نهینییە، کە لە چالاکییە هۆشییەکانی ئێمە لەنێو جیهاندا ڕووبەڕووی دەیان کێشەی هزریمان دەکاتەوە. هەموو ئەو کێشانە جۆرێک لە بەریەککەون لەگەڵ دیاردەکانی دەوروبەرمان دەخوڵقێنن. دەپرسین چ پاڵنەرێکە بووەتە هۆی خوڵقاندنی دیاردە جۆراوجۆرەکان؟ یان بوونی دیاردەکان بۆ ئێمە چ کاریگەرییەکی جێ هێشتووە؟ ئەوە دیاردەکانن، کە بوونەتە ئیلهامی بیرکردنەوە، یان ئەوە بیرکردنەوەیە بووەتە هۆی وێناکردن و داهێنانی دیاردەکان؟ لە کاتێکدا ئێمە ڕۆژانە بەر دیاردەکان دەکەوین و ڕووبەڕووی دەرکەوتەی جیاوازیش دەبینەوە. ئەمانە و چەندین پرسیاری دیکە لە ساتەوەختی تێڕامان لە بوونمان هەم لەناو مێژوو، هەم لەناو کایە ئاڵۆزەکانی ژیاندا، ڕووبەڕوومان دەبێتەوە.

ئەوەی تاکو ئێستا بۆ ئێمە ماوەتەوە دەرکەوتە و داهێنانەکانە، کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانین پەی بە هەندێک لە نهێنییە ئاڵۆزەکانی مرۆڤ لە زەمەنە جیاوازەکاندا ببەین، بۆ ئەوەی نهێنیی بیرکردنەوە و وێناکردن لای مرۆڤ بخەینە بەر باس.

دیاردەکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر توانای وێناکردنی مرۆڤ جێ هێشتووە، بەڵام تێڕامان بۆ ئەو دیاردانە، چەندین شیکردنەوەی جیاوازیان لە خۆ گرتووە. لە سەرەتادا مرۆڤ لە ئەشکەوتەکاندا ژیاوە، ئاگری بۆ رووناککردنەوە و خۆگەرمکردنەوە بە کار هێناوە. بوونی هێزی گەرمی و ڕووناکی لە ئاگردا بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بیر لەوە بکاتەوە بۆ شتی دیکە بە کاری بهێنێت. دیارە دەتوانین ئاگر وەکو دیاردەیەکی سرووشتی وێنا بکەین، ئەو دیاردەیە بۆتە هۆی ئافراندنی وێنەی جیاوازتر لە ئەندێشەی مرۆڤدا، تا وای لێ هاتووە ئاگر بووەتە پێویستییەکی ژیان. لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا گریکییەکان ئاگریان بە یەکێک لە چوار ڕەگەزە سرووشتییەکە داناوە و خستوویانه‌ته‌ پاڵ (خاک، هەوا و ئاو). دەتوانین نموونەیەکی دیکەش بهێنینەوە، ئەویش بیرکردنەوەیە لە خۆبەراوردکردن لەگەڵ ئاژەڵەکانی دیکەی سرووشتدا. کاتێ مرۆڤ سەرنجی داوە باڵندە دەفڕێت، ئەوا ئەو فڕینە بووەتە دیاردەیەک بۆ ئافراندنی وێنەی فڕین لە ئەندێشەیدا. ئەمەیش بووەتە هۆی بیرکردنەوە لە داهێنانی ئامرازی فڕین، چونکە سرووشتی جەستەی مرۆڤ توانای فڕینی نییە. جگە لەوە ئەوەی ڕەچاو کردووە بە هۆی فڕینەوە مەودا دوورەکان کەم دەبنەوە، بۆیە بیری لە داهێنانی ئامێری تایبەت بۆ ئەو مەبەستە کردووەتەوە، بەڵام سەیرکردنی ئەو کارە وەکو شتێکی نەگونجاو (impossible)  وای کردووە ئەو وێناکردنە تا چەندین هەزار ساڵ نەبێتە دیاردە، کە دەتوانین فڕۆکەی ئێستا بە دەستکەوتی ئەو وێناکردنە بزانین. ئەمەیش مانای ئەوەیە مرۆڤ لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە توانای کێشکردنی پەرە دەستێنێت. 

 لێرەدا کێشەی وێناکردن دێتە ناو بابەتەکەوە، کە لە پرۆسێسی گەیاندندا لەگەڵ بیرکردنەوە جۆرێک لە تێکەڵی دروست دەکات. مەبەستمان لە پێوەندیی نێوان بیرکردنەوە و وێناکردنە لەناو زماندا. قسەکردنی ئێمەیش لەبارەی ئەو دووانەوە تەنیا گەمەیەکی زمانەوانییە، چونکە ئێمە لە ڕێگەی گریمانەوە بە دوای دۆزینەوەی پێناسی بیرکردنەوەوەین، کە ئەو چالاکییە خۆی لەناو زماندا دەنوێنێت. پرۆسێسی دانەوەی وێنە یان هێنانەبەرچاو چالاکییەکی هۆشییە و لە ڕێگەی بەریەککەوتنی بینینمان لەگەڵ دیاردەکان ڕوو دەدات. پێویستیمان بەوە دەبێت بۆ کۆمەڵێک دیاردەی ڕۆژانەیی بگەڕێینەوە، چونکە هەموو دیاردە دەرەکییەکان، ئەنجامی کارلێکی ناوەکین. وەک ئاماژەمان پێ دا بوونی فرۆکە وەک دیاردەیەک، ئەنجامی وێنەی فڕینە، کە مرۆڤ بە هۆی فڕینی باڵندەوە لە لای خوڵقاوە. کەواتە ئەوەی وا دەکات (وێنەیەکی هۆشی)* ببێتە وێنەیەکی واقیعی، پرۆسێسی گەورەکردن و گۆڕانکاریی وێنە واقیعیەکانە لە هۆشدا بۆ شێوەیەکی جیاوازتر. ئایا دەتوانین به‌ پرۆسێسی بەدگۆڕانی وێنەی واقیعی بۆ وێنەی هۆشی و لەوێوە دووبارە بۆ بوون بە دیاردەیەکی واقیعی، بڵێن ئەوە کرداری بیرکردنەوەیە؟ ئەگەر بیرکردنەوە لەپاڵ ئەو پرۆسێسە نەبێت، کەواتە ئەو بەدگۆڕانە چۆن ڕوو دەدات؟ ئەگەر بیرکردنەوەیش ئامادەیی هەیە، ئایا بیرکردنەوە ناکەوێتە بەردەم هەڕەشەی پێوانەکردنەوە، بەوەی ئەو بیرکردنەوەیە سنووردارە و چالاکییەکانی تەنیا ئەوەن، کە خۆیان لە بە واقیعیکردنی وێنەی هۆشی ببیننەوە؟ 

بەردەوام دیاردەکان بوونەتە هۆی وێناکردنی جیاوازتر. ئەگەر لە ڕووی فینۆمێنۆلۆجیای مێژووییه‌وه‌ هەوڵی دۆزینەوەی کۆمەڵێک دەرکەوتەی جیاواز بدەین، ئەوا ئەو بۆچوونەمان بۆ رۆشنتر دەبێت. لە شێوازی ژیانکردن و تێڕامانیشدا دیاردەکان ڕۆڵی کاریگەری خۆیان بینیووە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ باوەڕی ئایینیی میسرییە کۆنەکان، کە لای ئەوان خوایەکی باڵادەست بوونی هەیە و پادشا یان فیرعەونیش کوڕی خوداوەندە، ئەوا پێوەندییەکی شاراوەی لەگەڵ ژینگە و بارودۆخی ئەو کاتی میسرەوە هەیە. میسرییە کۆنەکان نەک کێشەیان لەگەڵ خودادا نەبوو، بەڵکو خودا خاوەن فۆبیای تایبەت بە خۆی بووە. سەقامگیریی میسرییە کۆنەکان لەگەڵ خودادا پێوەندیی بە ژینگە و جیۆگرافیای میسرەوە هەیە. کاتێ دەبینین ڕووباری (نیل)  سەرچاوەیەکی گەورەیە بۆ کشتوکاڵ، ڕاوەماسی و بژێویی ژیان، ئەوا ڕووبار وەک دیاردەیەک سەقامگیری ژیانی هێناوەتە کایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێ ڕووباری نیل لە بەهاراندا هەڵدەستا، خەڵک ئاژەڵی دەکردە قوربانی بۆ خودا. بە هەمان شێوە کاتێ لە پاییزاندا ئاوی نیل کەم دەبووەوە، ئەوا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی ئەواندا جێ نەدەهێشت. جگە لەوەی جیۆگرافیای خاکی میسر لە ڕووی تۆپۆگرافییەوە خاکێکی دەشتایی به‌پیتە. بیابانیش کاریگەریی خۆی لەسەر شێوەژیان و بیرکردنەوەی میسرییەکاندا هەبووە. هەرچی لەبارەی میزۆپۆتامیایە، کە ناوەکە بە مانای نێوان دوو ڕووبار دێت، بەو پێیەی لەگەڵ ڕووباری (دیجلە) و (فوڕات)ە، ئەوا دیاردە سرووشتییەکان وێنەی جیاوازتر لە هۆشی مرۆڤدا دورست دەکەن. بە درێژایی وەرزەکانی پاییز و بەهار خەڵک لەژێر هەڕەشەی تۆفان و غەرقبووندا بوون، جگە لەوەی بەشێکی نێوان دوو ڕووبار دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی، ئەمەیش هەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی سەختیی سەرمای زستان، بۆیە فرەخوایی لە میزۆپۆتامیا گەشەی کرد. دەبینین خەڵكی نێوان دوو ڕووبار هەمیشە لەگەڵ خودادا لە ناکۆکیدان، چونکە خاوەنی ژیانێکی سەقامگیریانە نین. لە ئایینی سۆمەرییەکاندا ڕووبەڕووی چەندین خوداوەندی جیاواز دەبینەوە. (ئینلیل – Enlil)، کە خوای تۆفان، باوبۆران و زەوییە، بەڵام لە ئایینی ئەکەدییەکان کوڕی خوای ئاسمانە. باوکی (ئینلیل)، کە ناوی (ئەنشار – Anshar)ە، هاوسەرگیریی لەگەڵ خوشکی خۆی کردووە، کە ناوی (کیشار – Kishar)ە. خوای میسرییە کۆنەکان، کە ناوی (ئامون – Amun (ە، ئەوا خاوەنی دەستەڵاتی ڕەها بووە. لە بەرانبەر خودای ئامونی میسرییە کۆنەکان، سۆمەرییەکان خودای (ئانو – Anu)یان هەیە، کە خودای خوداکان و باوکی ئاسمانە. ناوەکانی ئەو دوو خوایە لە یەکترەوە نزیکن، بەڵام سیستەمی دەستەڵاتی خوا لای سۆمەرییەکان زۆر جیاوازە وەک ئەوەی لای میسرییە کۆنەکان هەیە، چونکە باوەڕی هەر یەک لەو دوو نەتەوەیە، بەندە بەو دیاردە سرووشتیانەی، کە لە ژینگە و شوێنی ژیانیان بەری کەوتوون. پێچەوانەی ئەوە، باوەڕی سۆمەرییەکان زیاتر لە ئەکەدییەکانەوە نزیکە، بەو پێیەی جیۆگرافیای ژیانیان تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەیە. هەڵبەتە هەر تۆفان یان باوبۆرانێک ڕووی دابا، ئەوا خەڵک دەیانزانی، کە سەرچاوەکەی لای (ئینلیل)ە. لە بەرانبەر هەر مەترسییەک لە (ئای یا – ay ah) دەپاڕانەوە، چونکە خوای پارێزەری و مرۆڤایەتی بوو. ئایا ئەگەر هەستکردنی مرۆڤ نەبێت بە پێویستیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەوڵی ئەوە دەدات خوداوەندێک  بۆ ئەو مەبەستە دابهێنێت و لێی بپاڕێتەوە؟ کاتێ دەبینین ساڵ لای سۆمەرییەکان کراوەتە دوو بەش، بەشێکیان کاتی ژیانە و بەشێکی دیکەیان تێیدا ژیان دەمرێت، مەبەست لە کاتی ژیان ئەو ماوەیەیە، کە تێیدا کشتوکاڵ دەکرێت و گژوگیا سەوز دەبێت، ماوەی مردوویش ئەو کاتەیە، کە تێیدا سەوزایی نامێنێت و بە هۆی ساردییەوە زەوی بۆ‌ کشتوکاڵ ده‌ست نادات. ئەو دابەشکردنە پێوەندیی بە پرۆسێسی لێکدانەوە و وێناکردنی دیاردە سرووشتییەکانەوە هەیە لە هۆشی مرۆڤ خۆیدا. لەبەر هەستکردن بە گرنگیی ڕۆڵی ژن، خوداوەندی (ئەشتار – Ashtar) لە دایک دەبێت. بۆچوونی جیاواز هەیە لەوەی، کە (ئەشتار) بە مانای چی دێت، بەڵام بە ڕای زۆربەی لێکۆڵەرەوان مانای هەسارەی (زوهرە) دەدات، کە لای سۆمەرییەکان پڕشنگترین ئەستێرەی ئاسمانە. ئەو لێکچواندنەی، کە لەنێوان ئەستێرەی ڤینۆس یان زوهرە و ژندا کراوە، جێگەی بایەخپێدان و هەڵوێستە لەسەرکردنە. ڤینۆس لە بەیانیاندا دەردەکەوێت و شەبەنگی ڕووناکییەکەی باڵ بەسەر هەموو ئاسماندا دەکێشێت، هەر بەو هۆیەیە، کە خوشکی خوداوەندی ڕۆژە. کاتێ دەبینین سرووشتی ژن خستنەوەی منداڵی لە خۆ گرتووە، ئەوا لە دایکبوونی هەر منداڵێک ئاماژەیە بە دەستپێکردن و بەردەوامیی ژیان لەسەر زەویدا، هەر وەک چۆنیش ئەستێرەی ڤینۆس بەیانیان دەر دەکەوێت و مژدەی دەستپێکردنی رۆژێکی نوێ دەدات. گوتەکانی ئەشتاری خوداوەند ئاماژەن بە فرەڕەهەندیی ژن، چونکە لە شوێنێکدا ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەو لە یەک کاتدا هەم ژنە و هەم خوشک، هەم پاکیزەیە و هەم سۆزانی.

دەکرێت لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ تێگەیشن لە رەهەندە شاراوەکانی وێناکردن لە هۆشی مرۆڤدا بیرکردنەوە بناسین، چونکە دەشێت بیرکردنەوە پرۆسێسی هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانی وێناکردنەکان بێت، کە لە ڕێگەی بەریەککەون لەگەڵ دیاردەکاندا سەرچاوە دەگرێت. وێناکردن، کە لە ئەنجامی بەریەککەوتن بە شێوەیەکی راستەوخۆ کارلێک لەگەڵ هۆشی مرۆڤدا دەکات، لە هەمانکاتدا هۆیەکە بۆ تیڕامان.

ئەگەر وای دابنێن لە پرۆسێسی وێناکردن و تێڕاماندا بیرکردنەوە ئاڕاستەی خۆی وەردەگرێت، ئەوا دەبێت لەبارەی ئەو دەرکەوتانەی، کە بیرکردنەوە دەیانخوڵقێنێت هەڵوێستە بکەین. لێرەدا ڕووبەڕووی کێشەی نێوان بیرکردنەوە و مەعریفە دەبینەوە. ئەگەر مەعریفە ئەنجامی بیرکردنەوە بێت، ئەوا بیرکردنەوە تەنیا خوڵقاندنی گریمانەیە. دەتوانین بپرسین چۆن؟ هەموو کایە مەعریفییەکان کار لەسەر بونیاندان و ناسینی ڕاستی دەکەن، بەڵام هەمیشە ئەو راستییە لەژێر هەڕەشەی ڕەتدانەوەدایە، چونکە بە هۆی گەشەکردنەوە وێنەکان لە هۆشی مرۆڤدا گۆڕان بە خۆیانەوە دەبینین. ئەگەر تاکو سەدەکانی ناوەڕاست مرۆڤ باوەڕی بەوە بووە، کە زەوی تەختاییە، بەڵام لەو کاتە بەدواوە ئەو ڕاستییە ڕووبەڕووی ڕەتدانەوە دەبێتەوە. ئایا ئەگەر ڕوانینی ئێستامان پێوەر بێت بۆ هەڵسەنگاندنی راستییەکانی ڕابردوو، کەواتە راستییەکانی ئێستاشمان لە بەردەم هەڕەشه‌ی پێوەرەکانی ئایندەدا نین؟ گۆڕان لە ڕوانینی ئێمە بۆ ڕاستییەکان پێوەندیی بە گەشەکردنەوە هەیە، گەشەکردن دیوێکی هەرە نهێنیی سرووشتە. بە سەرنجدانمان لە مێژووی زەوی و مرۆڤ هەست بە بەرەوپێشچوونێکی بەردەوام لە شێوەژیانی مرۆڤ و ژینگەکەیدا دەکرێت. خودی ئەو گەشەکردنە پێوەندیی بە گۆڕان لە وێنەکان و پێوەرەکانی ژیانکردنەوە هەیە. هەموو ئەو پێوەرانەی بە ناوی ئایین، نەریت، ئایدۆلۆجیا، پاراستن و بەرگیرکردنەوە داندراون، هەمیشە لە بەردەم هەڵوەشاندنەوەدان، چونکە تاکو ئێستا هیچ ڕاستییەکی حاشاهەڵنگر بوونی نییە. هەڵبەتە ئەوانەیش هێزی خۆیان لەوە وەردەگرن، کە خۆیان وەکو تاکە هێزی ڕاستی نمایش بکەن. چاکە و خراپە، ویژدان و بێویژدانی، خۆشەویستی و رق، ژیان و مردن، دۆست و دوژمن، بوون و نەبوون و دەیان دوالیزمی دیکە، تەنیا لەسەر گریمانە وەستاون. هەر خوێندنەوەیەکی ئێمە تەنیا گریمانەیەکە. لە گفتوگۆیەکدا لە (گاستۆن باشلار Gaston Bachelard) دەپرسن فەلسەفە چییە؟ ئه‌و ئاماژە بەوە دەدات، کە بە دروستی نازانێت فەلسەفە چییە، بەڵام دەشێت هەوڵێک بێت بۆ بیرکردنەوە. لەو بۆچوونەی (باشلار)دا جەخت لەسەر گریمانەبوونی شتەکان کراوەتەوە. 

هەرچی لەبارەی گەشەکردنی شێوازی ژیانەوە هەیە، ئەوا دەکەوینە بەردەم بەریەککەوتنی جیاواز. کاتێ تەکنیک دەبێت بە داهێنانی کەرەستەی نوێ، ئەوا وێنە هۆشەکییەکان بە خێراییەکی زۆرەوە ڕووبەڕووی بەدگۆڕان دەبنەوە، چونکە ئەوەی لە ڕێگەی ئەندێشەوە وێنا کراوە، بە هەمان شێوە بووەتە دیاردەیەکی واقیعی. کاتێ بمانەوێت لەسەر کورسییەک دابنیشین، ئەوا راستەوخۆ وێنەی کورسی یان فۆرمی کورسیمان بیر دێتەوە. لێرەدا تەکنیک هەوڵێکە بۆ خێراکردنی بە واقیعکردنی وێنە هۆشەکییەکان. تێڕامان کەمترین زەمینەی هەیە، چونکە هەموو شتێک بە خێڕایی ڕاگوزەرانە دەڕواتە پێشەوە. لەگەڵ تەکنیکدا مرۆڤ تەنیا دەتوانێت سەیر بکات و هیچی دیکە. هەموو وزەکان ئاڕاستەی بەرهەمهێنان و بیر- کردنەوە لە داهێنانی ئامێری دیکە کراوە. هەموو ئەو تەکنیکانەش بە سیستەم کراون. لێرەدا سیستەم ڕۆڵێکی ترسناک دەبینێت، چونکە سیستەم بەر لە هەر شتێک ڕێکخراییەکی دژەدەرچوونە. لە سیستەمدا ڕووبەڕووی دەیان دەستەڵاتی لاوەکی دەبینەوە. مامۆستا لە پۆلدا خاوەنی دەستەڵاتی لاوەکییە، کە هەوڵ دەدات زۆرترین پانتایی لە ئەندێشەی فێرکاردا داگیر بکات، کە بە ناوی بەخشینی زانیاری و فێرکردنه‌وه‌ مافی دەرچوون یان تێڕامان لە دەرەوەی ئەو سیستەمە داگیر دەکات. مامۆستا لێرەدا سیمبۆڵی جێبەجێکردن و بەرگریکردنە لە سیستەم. هەر کەسە و بە شێوەیەک لە شێوەکان بەرگری لە مانەوەی سیستەم و پەرەپێدانی دەکات. دەتوانین بڵێین مامۆستایەک لەناو سیستەمدا توانای ئەوەی هەیە بڕیاری خۆی بدات، بەڵام هەموو هەوڵەکانی ئەو بۆ گەشەپێدانی سیستەمە، نەک دەرچوون لێی. دەستەڵاتی لاوەکی لە سیستەمدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، چونکە سیستەم بە تەنیا بە دەستەڵاتی سەرەوە ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، بەڵکو پێویستی بەوە هەیە خۆی لە هەموو یەکە جیاواز و لاوەکییەکان بچەسپێنێت. تێڕامان و ژیان لە ئاست بیرکردنەوەدان، بۆیە ئەو لاوەکیبوونە لە ئاست دنیابینیی کەسە لاوەکییەکاندایە. چ کاتێک دەتوانین بڵێن بیرکردنەوە هەوڵێکە بۆ دژەبیرکردنەوە؟ ئەگەر وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە لە سەدەکانی پێشووتر قورس بووبێت، ئەوا ئێستا ئاسانتر دەتوانین بۆ وەڵامەکەی بچین. کاتێ بیرکردنەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ داهێنان، ئەوا خودی داهێنان دەرکەوتەی دژەبیرکردنەوە لە خۆی دەگرێت. لە زمانی کوردیدا دەستەواژەیەکی گونجاو بۆ بیرکردنەوە داندراوە. دەستەواژەی (بیرکردنەوە) لە ناوی (بیر) و کرداری (کردنەوە) پێک هاتووە. (بیر) بە شوێنێک دەگوترێت، کە قووڵ بێت. (کردنەوە) کرداری ئەنجامدانی کارێکە. ئەگەر بەو شێوەیە بێت بیرکردنەوە واتە هەڵکەندنی شوێنێک تاکو دەگەینە قووڵاییەکەی. لەو هاوکێشەیەدا بیرکردنەوە بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی قووڵاییی شتێک، چونکە لەو قووڵاییەدا نهێنی دیکە دەردەکەون. کەواتە بیرکردنەوە پرۆسێسی ئافراندن یان داهێنان نییە، بەڵکو دۆزینەوەی نهێنی و قووڵاییی دیاردەکانە. ئایا بیرکردنەوە تەنیا دۆزینەوەیە؟ ئەگەر وابێت، کەواتە شتێک نییە بە ناوی داهێنان، ئەوەی هەیە تەنیا دۆزینەوەیە. 

بۆچی دەبێت بیر بکەینەوە؟ بۆ دەبێت شتێک ئەنجام بدەین، کە نەزانین چییە؟ بۆ دەبێت هەست بکەین، کە نازانین؟ ئەگەر هەستمان کرد، کە نازانین، دەبێت بزانین شتێک هەیە بە ناوی زانین. ئایا ئەو زانینە لە کوێوە هاتووە؟ دۆزینەوە دەبێتە کرداری دەرخستن. گرنگیی دەرخستنی نهێنی بۆ ئێمە لە چی دایە؟ ئەگەر پەییمان بە نهێنییەک برد، کەواتە چی لە بوونمان دەگۆڕێت؟ مرۆڤ توانیویەتی نهێنیی مانگ بدۆزێتەوە. توانیویەتی چەکی ئەتۆم دروست بکات، کە دەستەڵاتی ئەوەی هەیە دنیا لە چەند دەقەیەکی کەم لە ناو ببات. لێرەدا داهێنانی چەکی ئەتۆم بە هۆی دۆزینەوەی دەرکەوتەی جیاوازەوە بووە. مرۆڤ توانیویەتی شتێک دابهێنێت، کە دەستەڵات و توانای ئەو شتە لە خۆی گەورەترە. کەواتە دۆزینەوە بە هۆی بیرکردنەوە گەورەترین ترسناکییە. دەتوانین پاکانە بۆ بیرکردنەوە بکەین و لەو گوناهبارییە ڕزگاری بکەین، بەڵام خودی ئەو پاکانەیە تەنیا گەڕانەوەیە بۆ دوالیزمی چاکە و خراپە، کە هەر لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە داهێندراون. بیرکردنەوە زۆر جار هەوڵێکە بۆ چەسپاندن. ئەگەر بڵێین بیرکردنەوە لە خۆیدا هەڵگری دژەکەیەتی، ئەوا دووبارە ئەو دژیەکییە هەوڵێکی دیکەیە بۆ پەرەپێدانی دژەکەی خۆی. با نموونەیەک بهێنینەوە. (مارکس) بە فێڵەکانی کەپیتاڵیزمان ئاشنا دەکات، لەو ڕاستییەدا خودی ئاشکراکردنی ئەو فێڵانە خوڵقاندنی فێڵی دیکەن. ئەگەر (مارکس) بخوێنمەوە و پەی بە فێلەکانی کەپیتاڵیزم ببەم، ڕەنگە ئاسان ببمە سەرمایەدار، چونکە فێڵەکانی بوون بە کەپیتاڵیستم لە بەردەستن. کەواتە دۆزینەوەکەی (مارکس) دەبێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی کەپیتاڵیزم. دەشێت ئێمە باس لە ڕۆحێکی شەڕانگێز یان دێوێکی خەوتوو بکەین، کە بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە ژیان بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە ببات، بەڵام دووبارە هەموو ئاڕاستەکان گریمانەی دیکەی ئێمەن بۆ دنیا. ناکرێت بە دروستی باس لە جیهان بکرێت، نەک لەبەر ئەوەی ئاڵۆزە، بەڵکو باسکردنێکی دروست یان نادروستمان نییە. هیچ شتێک جێگیر نییە، زانستی فیزیایش پێمان دەڵێت گەردوون جێگیر نییە و هەمیشە لە ڕۆیشتندایە. لێرەدا دەتوانین بڵێین بۆشایی بوونی نییە، ئەوەی هەیە کۆتاییەکی نادیارە، خودی ئەو کۆتایییە جۆرێکە لە خوڵانەوەی بەردەوام، کە ئەگەری وەستانی هەیە. گریمان وەستا، ئایا هەست دەکەین، کە وەستاوە؟ پێوەری ئێمە چییە بۆ بەردەوامی و ڕۆیشتن بەرەو نادیار؟ ئەگەر گەردوون ئەنجامی تەقینەوە گەورەکە بێت، ئەوا مانای ئەوەیە گەردوون لە وێرانبوون و پارچەبوونی شتێکەوە خوڵقاوە. دەبێت گەردوون دیاردەیەکی هەر لە خۆوە بێت. زەوی لە خۆیدا هەڵگری دژەکانی خۆیەتی. ئەتۆم شتێک نییە لە دەرەوەی گەردوونەوە هاتبێت، بەڵکو بەرهەمی زەوی خۆیەتی. ئەتۆم دەتوانێت جیهان وێران بکات، کەواتە هەموو دروستبوونێک واتە وێرانبوون لە فۆرمێکی دیکە. ڕێککاریی مەزن، وێرانبوونێکی مەزنیشە. ئەگەر بونیادی ئەتۆم گۆڕانێکی بچووک بە خۆیەوە ببینێت، دەگەڕێتەوە بۆ هەمان خەسڵەتە ڕەسەنەکەی خۆی، کە وێرانبوونە. چیتر پێویست ناکات بڵێین ئاگایی سەرچاوەی هەستکردنمانە بە بوون، بەردێکیش لە خۆیدا هەستیارە، مادام هەموو شتەکان بونیادیان ئەتۆمە. هەموو شتەکان لە بۆشاییدا دەخولێنەوە، بۆشاییەک، کە ناوی گەردوونە. گەردوون بۆشاییەکی پڕە. لەو بۆشاییەدا شتەکان دژ بە یەکن، بەڵام مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە ئەو دژیەکانە پێکەوە دەبەستێتەوە و کار لە خەسڵەتە ڕەسەنەکانیان دەکات. مرۆڤ زیاتر لە خۆی هەیە. بیرکردنەوە پرۆسێسی لە-خۆ-زیاتربوونە. بەو مانایەی ئەو پرۆسێسە بەرزکردنەوە یان نزمکردنەوەی مرۆڤە بۆ کەمتر یان زیاتر لە خۆی. هەموو ڕێگاکان دەمانبەنەوە سەر ئەوەی، کە بیرکردنەوە گەمەی هۆش (Mental) و زمانە. هەموو کایەکان بەشێکن لەو گەمەیە. چیتر ناکرێت ئەدەب و هونەریش بە دیاردەی پاک بزانین، لە کاتێکدا ئێمە دیاردەی پاکمان نییە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئێمە زیاتر گەشە دەکەین، بەڵام ئایا گەشە واتە چی؟ مرۆڤ فێری زۆر شت بووە، کە ئەو فێربوونە بەشێکە لە پرۆسێسی گەشەکردن. ئەمڕۆ مرۆڤ گاڵتە بە ژیانی پێش شارستانی دەکات. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە پێی گەیشتوون، بریتییە لە گۆڕانی شێوازی ژیان. دروست نازاندرێت لە کوێوە بۆ کوێ دەڕۆین، بەڵام لە ئێستادا هەین بۆ ئەوەی نەبین. گۆڕان لە هەموو کایەکانی ژیانی ئێمەدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لە جەوهەردا هیچ شتێک لە بونیادی ژیان نەگۆڕاوە. یەکەم مرۆڤ هەستی بە حەقیقەتی مردن نەکردووە، هەر لەبەر ئەوەشە تا چەندین هەزار ساڵ مرۆڤ پەنای بۆ ئەوە نەبردووە لە ترسی مردن ژیان خێراتر بکات. هونەر دیوە هەرە ڕووخێنەرەکەی ژیانە. ئایا تەکنەلۆجیا هونەر نییە؟ ئەگەر لە جەوهەردا لە تەکنەلۆجیا بڕوانین، ئەوا هەست بەو حەقیقەتە دەکەین تەکنەلۆجیا نەک هونەرە، بەڵکو هونەر تەکنەلۆجیای ئاڕاستە کردووە. بۆچی؟ چۆن دەتوانین بیڕوڕایەکی هێندە کوشندە بڵێین؟ بۆ ئەوە زیاتر لەو باسە قووڵ ببینەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کامە بەرهەمی تەکنەلۆجیا ڕەگێکی ناچێتەوە سەر هونەر؟ بەردەوام لە هەوڵی ئەوە داین پاکانە بۆ گشت ئەو بوارانە بکەین، کە بیرکردنەوە خوڵقاندوونی. پێناسەیەکی دیکەمان بۆ بیرکردنەوە نییە. ئەگەر بیرکردنەوە ئەوە نەبێت، کەواتە بیرکردنەوە بوونی نییە، یان پێی نەگەیشتووین. هەموو بەشەکانی جەستەی مرۆڤیش، یارمەتیدەری ئەوەن مرۆڤ ببێتە بوونەوەرێکی دۆزەرەوە. هێندەی بونیادی هۆش، جەستە لە دەرکەوتەکانی ژیانی مرۆڤ ئامادەیی هەیە. بەردەوام مرۆڤ لە هەوڵی ئەوە دایە ببێتە بوونەوەرێکی گەردوونی. هەموو بەهاکان لێرەوە سەرچاوە دەگرن، چونکە هەستی بوون بە شت، خودی هەڵکشانە بۆ زیاتر لە خۆ بوون. هەڵکشان دیوی تاریکی بوونە، چونکە هەرچەند زیاتر هەڵدەکشێین، هێندە زیاتر ژیان خێراتر دەکەین. ئەم هەموو خێراییە بۆ؟ مرۆڤ بوونەوەرێکی ناسەقامگیرە، چونکە ژیان بە شایەنی خۆی نازانێت، بۆیە چەند دەستی پێوە دەگرێت، دوو ئەوەندە ترسی لە دەستدانی ژیان پەرە پێ دەدات. 

تا ئێستا ئەنجامێکمان بە دەستەوە نەداوە، لە کاتێکدا لەوە ناچێت ئەنجام بوونی هەبێت. دوان لە بارەی ئەو بابەتەوه‌ وەک ڕۆیشتنێکی بەردەوامی بێئەنجام وایە، بەڵام هەرچەند بەردەوام بین، هێندە زیاتر قووڵ دەبینەوە، لە قووڵاییشدا هەموو شتەکان یەک ئاڕاستەیان هەیە، ئەویش مردنە. مردن کۆتاییە بۆ فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی بوون. بوونی ئێمە یەکسانە بە کارلێکی ئەتۆمەکان، مردنیشمان بریتییە لە گۆڕانی دۆخی ئەتۆمەکان. بەو پێیە بێت نەبوون بوونی نییە، بەڵکو ئێمە هەمیشە لە دۆخی گۆڕانی بەردەوام داین.

 

سۆران ئازاد 

(وێنه‌ی هۆشی)م له‌ به‌رانبه‌ر وشه‌گه‌لی ئینگلیزیی وه‌ک (concept، Vista، Mental Image، Mental Vision) داناوه‌.

 

 

Previous
Next

Leave a Reply