Skip to Content

Saturday, January 16th, 2021

ئایا خه‌ڵکی کوردستان ئاماده‌یی گۆڕانیان تێدا هه‌یه‌؟

Be First!
by May 14, 2009 گشتی

 

چۆنیه‌تی چوونه‌ ناو داخوازی به‌ره‌و گۆڕان له‌ نێو هه‌لومه‌رجی ئێستای کوردستاندا به‌ شێوازی جۆراوجۆر باسی لێوه‌ ده‌کرێت. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شێوازه‌ پراکتیکی و تیۆریه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بینیان، ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی سیاسی کوردستان له‌ ماوه‌ی مێژووی ڕابردوودا، بووه‌ به‌و هۆکاره‌ی که‌ خه‌ڵکی کوردستان ناڕازی بن له‌ شێوازی حوکوم ڕانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ و  ئومێدیان هه‌بێت به‌ شێوازێکی تر له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی.به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا خه‌ڵکی کوردستان ئاماده‌یی گۆڕانیان تێدا هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر توانای ئه‌م گۆڕانه‌ له‌ مه‌یداندا هه‌یه‌ چۆنه‌ و به‌ره‌و چ ئاسۆیه‌ک هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێت؟  ئایا خه‌ڵکی عێراق و کوردستان پێش ئه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس بڕوخێنرێت، به‌ زۆرینه‌ ئاواته‌ خوازی ئه‌وه‌ نه‌بوون ئه‌گه‌ر بکرێت به‌هه‌رچ شێوازێک بێت ته‌نها ئه‌و ڕژێمه‌ داپڵۆسێنه‌ره‌یان له‌ کۆڵ ببێته‌وه‌؟ دوای ئه‌وه‌ هه‌رچیه‌ک ڕوو ده‌دات گرنگ نیه‌؟! ئاخۆ ده‌کرێت بیر کردنه‌وه‌یه‌کی ئاوا بۆ ئیستای ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردستانیش شیاو بێت؟ زۆر جار بینراوه‌ و مێژووی ڕابردویش گه‌واهی ئه‌وه‌ی داوه‌، که‌ خه‌ڵکانی ژێر ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌ تاکڕه‌ودیکتاتۆره‌کان، بۆ ڕزگار بوون له‌و جۆره‌ ژیانه‌ی هه‌یانبوه‌ به‌ سه‌دان شێوازی ڕه‌نگاوڕه‌نگ خه‌باتیان کردوه‌ و له‌ نێو خۆ به‌قوربانیدان و تا ده‌گات به‌وه‌ی بیر کراوه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌رجۆره‌ خه‌بات کردنێک ته‌نها به‌خاتری ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ خوێناویه‌ سه‌ره‌ونگون بکرێت؟ به‌ڵام دواجار بێئه‌وه‌ی له‌ ئیختیاری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که‌ خۆی کرد به‌قوربانی بۆ له‌ گۆڕنانی ئه‌و ڕژێمه‌ دڕنده‌یه‌، جۆرێکی تر له‌ ڕژێمێکی دیکه‌ و له‌ ژێر ناوێکی دیکه‌دا به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌و هه‌ڵسورانه‌دا بووه‌ دیسان وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی کۆتاپیهاتوو، بگره‌ خراپتریش خه‌ریکی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بووه‌ که‌ دوێنێ خۆی له‌پێناویدا  کرد به‌قوربانی ؟ هه‌روه‌ک ئه‌و ڕژێمه‌ ئیسلامیه‌ی ئێستا له‌ ئێراندا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ده‌ستدایه‌ و زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئازادیخواز و کرێکار و زه‌حمه‌تکێشی ئه‌و وڵاته‌ بوون به‌ سوته‌مه‌نی بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ کۆنه‌پارێز و دڕنده‌یه‌؟ ئاخۆ ئه‌م رووداوانه‌ ده‌رئه‌نجامی وشیاری کۆمه‌ڵگایه‌ یاخود ده‌رئه‌نجامی بێزاریه‌کی خۆبه‌خۆیانه‌یه،‌ خه‌ڵکی وایان لێدێت ته‌نانه‌ت خۆزگه‌ بخوازن به‌هه‌رچ ده‌سه‌ڵاتێک به‌ مه‌رجێک ئه‌م ده‌مووچاوه‌ی ئێستا نه‌بیننه‌وه‌؟ بیگومان له‌ بارودۆخێکی ئاوادا و به‌م تێفکرینه‌وه‌، هه‌میشه‌ ده‌رئه‌نجامه‌کان به‌ سلبی کۆتایی پێدێت.
خه‌ڵکی کوردستان له‌ مێژووی ئیستا و ڕابردوشیاندا، دیاره‌ مه‌به‌ست خه‌ڵکه‌ ئازادیخواز و زه‌حمه‌تکێش و شۆڕشگێڕه‌که‌یه‌، چونکه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و چینه‌یه‌ ده‌توانێت داینه‌مۆی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش و به‌ره‌و پێشچونه‌کان بێت، ئیتر یان به‌ قازانجی خۆی ته‌واوی ده‌کات (ئه‌گه‌ر بێت و خاوه‌ن ئیراده‌ و بڕوای به‌ بوونی خۆی هه‌بێت) یان به‌قازانجی ئه‌و توێژه‌ ته‌واو ده‌بێت که‌ له‌ ڕووی تیۆریه‌وه‌ ده‌بن به‌ ڕابه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه‌ و دواجار به‌ جۆرێکی دیکه‌ شێوازی ژیانی ڕابردوو، بۆ خه‌ڵکی زیندوو ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ک ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ عێراق و کوردستاندا ده‌بینرێت و به‌ ملیۆنان خه‌ڵکی کران به‌ قوربانی ده‌سته‌ و تاقمێک که‌ تا دوێنێ گۆرانیان به‌باڵای ژیانێکی پڕ له‌ که‌رامه‌ت ترو دوور له‌ چه‌وساندنه‌وه‌یان ده‌وت بۆ خه‌ڵکی. به‌ڵام له‌ کۆتادا وانه‌بوو، بگره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوو. ته‌نها له‌به‌ر یه‌ک هۆکار ئه‌ویش ، ئاستی ئه‌و ده‌رکه‌ لاوازه‌ خۆبه‌خۆیه‌ی خه‌ڵکی هه‌یانبوو بۆ گۆڕان و نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆر.
 خۆ ئه‌و ئاسته‌ له‌ ناڕازی بوون و یاخی بوون له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕابردوو بۆ خۆی جێگای ئه‌و په‌ڕی حورمه‌ت و وه‌فاداریه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی ئێستا خۆیان به‌ نوێنه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه‌ بزانیایه‌؟ ئێستاش هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ی دوێنێ قوربانی دا له‌ بارودۆخێکی ناله‌بارتردا ده‌ژینو به‌ شێوازێکی تر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ژیانیان ده‌کرێت. هه‌روه‌کو ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گۆڕانه‌کان ته‌نها ده‌سه‌ڵاتداران و بنه‌ماڵه‌کانیان داینه‌مۆی ئه‌و گۆڕانه‌نه‌ بن.

 به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ داماوی خه‌ڵکی کوردستان و عێراقه‌ هه‌میشه‌ کراون به‌سوته‌مه‌نی نێو دنیای به‌رژوه‌ند خوازی نێو چینه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان. بۆیه‌ تا ئێستا ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ شێوازی جوۆراوجۆر گورگانه‌ خوارد ده‌کرێن و هه‌ر وه‌کو مه‌ڕوماڵات چۆن خواردنیان ده‌درێتێ تا گه‌وره‌ ده‌بن ئه‌نجا به‌ره و قه‌سابخانه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌کرێن، تا ئێستا به‌م په‌روه‌رده‌ کردنه‌ خه‌ڵکی ڕاده‌هێنرێت و ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست نه‌بێت کارنه‌کردنه‌ له‌ پێناو به‌ئاگا هێنانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا له‌ خۆناسینی خۆی و ئه‌و ئیراده‌ به‌توانایه‌ی هه‌یه‌تی. لێره‌دایه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و تێکشکانانه‌ی خه‌ڵکی به‌چاوی خۆی ده‌یبینێ بۆ ئه‌و هه‌موو فیداکاریه‌ی داویه‌تی تا ئه‌مڕۆی به‌دست هێناوه‌ و خۆیشی وه‌ک سواڵکه‌رێک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ خێری پێده‌کرێت.
 ڕه‌نگه‌ بڵێن ئه‌مه‌ زیاده‌ڕۆییه‌ من ده‌یڵێم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بچینه‌ نێو بارودۆخی ژیانی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه‌ به‌ته‌واوی تێده‌گه‌ین له‌سه‌ر چ به‌رنامه‌یه‌ک کار ده‌کرێت تا ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی نه‌توانێت ئیراده‌ی خۆی بناسێت. ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م عێراق و کوردستاندا، به‌ پرۆگرامێک کار ده‌کرێت و خه‌ڵکی به‌لایدا ڕاده‌کێشرێت، له‌ دوا ستوندا خه‌ڵکی خۆی لێون ده‌بێت و مه‌یلی ڕاکه‌ ڕاکه‌ بۆ پڕ کردنه‌وه‌ی پێداویستیه‌کانی ژیان و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌رچ نرخێک بووبێت خۆت بکه‌یت به‌ خاوه‌نی سه‌روه‌ت و سامانێک که‌ ئه‌ویتر نه‌یبێت. ڕاهێنانی خه‌ڵکی له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ تا دێت خه‌ڵکی به‌ره‌و هه‌ڵدێری زیاتر ده‌بات و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی کورت ماوه‌دا، ئاینده‌یه‌کی پرشنگ داری له‌ بیر ده‌برێته‌وه‌، که‌ زۆر زیاتر گرنگتره‌ له‌مه‌ی ئێستای چ بۆخۆی بێت یان بۆ نه‌وه‌کانی ئاینده‌ی.
 دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌یه‌کی چینایه‌تی کار ده‌کات و به‌شوێن ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی بخزێنێته‌ نێو ئه‌و گه‌مه‌ سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی خۆی مه‌به‌ستێتی. بۆئه‌م ئامانجه‌ش ده‌سه‌ڵات درێخی ناکا و له‌م پێناوه‌دا هه‌رچی بۆ بکرێت کاری زیاتری بۆ ده‌کات. ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه‌ ده‌بوا تا ئێستا په‌روه‌رده‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خه‌ڵکی کوردستانیان له‌و نه‌هجه‌ کۆنه‌ ده‌رکردایه‌ و له‌ جێگایدا که‌لتورێکی ته‌مه‌دونیان پێبدانایه‌، ئه‌گه‌ر چی خه‌ڵکی بۆخۆی لانی که‌می ئه‌و مه‌ده‌نیه‌ته‌ی تێدا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ کار له‌سه‌ر کوشتنی ئه‌و مه‌ده‌نیه‌ته‌ ده‌کات و هه‌رچی ڕه‌گه‌زی دواکه‌وتوقێزه‌ونه‌ زیندوی ده‌کاته‌وه‌ بۆ سه‌ر گیانی خه‌ڵکی و، په‌ره‌ به‌ که‌لتورێک ده‌دات که‌ هه‌میشه‌ خۆی وه‌ک به‌خشنده‌یه‌ک و خه‌ڵکیش وه‌ک ره‌عیه‌تێک ببینرێت. لێره‌دایه‌ ده‌بینین ده‌سه‌ڵات شه‌ڕی ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیدا ده‌کات که‌ جاده‌ و چه‌ند قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ و چی و چی کردۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌خه‌ڵکی ڕاناگه‌یه‌نێت که‌ ئه‌وه‌ کاری هه‌ره‌ سه‌ره‌تایی هه‌رچ ده‌سه‌ڵاتێکه‌ که‌ ده‌بێت بیکات، ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت به‌رو ژیانێکی باشتر هه‌نگاو بنێت.
 ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتێک، ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی نوێنه‌ری خه‌ڵکی بێت، ده‌بێت هه‌رده‌م کار له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ بکات، چۆن خه‌ڵکی  وشیار بکرێنه‌وه‌ تا هه‌نگاو هه‌ڵنێن به‌ره‌و دنیا بینیه‌کی یه‌کسانی خوازی و نه‌مانی په‌رده‌ له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکدا. ئاخۆ هه‌ر ئیراده‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ نه‌بوو ئه‌مێستای بۆ به‌رقه‌رار کردوون؟ یان ده‌ڵێن ئه‌وه‌ ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌مریکای زلهێز بوو ئه‌م دنیایه‌ی ئاوا سه‌ره‌ولێژ کردووه‌؟ ئێوه‌ش به‌ئارامی تێیدا له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات دانیشتوون.  ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا به‌رهه‌می ئه‌و خواسته‌ ئه‌مریکایه‌ بووه‌، ئه‌ی ئه‌و هه‌زاران ئینسانه‌نه‌ کێ بوون له‌ ڕابردوودا خۆیان کرد به‌ گیان به‌خت کردوویه‌ک بۆ گه‌شتن به‌ ئێستا؟ ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانێکی واقعی و به‌به‌رهه‌م بهێنرێته‌ دی، خه‌بات کردنه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری ئه‌م که‌لتور و فه‌رهه‌نگه‌ باوه‌ی ئێستا هه‌یه‌، ده‌بێت خه‌بات بێت له‌ پێناو سه‌ره‌ونگون کردنی ئه‌و  بارودۆخه‌ی که‌ ژنی تێدا به‌رده‌باران ده‌کرێت و به‌به‌رچاوی میدیاو خه‌ڵکه‌وه‌ سوکایه‌تیان پێده‌کرێت و بکه‌رانیشیان وه‌ک به‌رزه‌کی بانان تێی ده‌ته‌قێنن و، ده‌سه‌ڵاتیش تا ئێستا ئاماده‌ نه‌بوه‌ کارێک له‌و پێناوه‌دا بکات، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئه‌م جۆره‌ له‌ ڕیسوابوون نه‌درێته‌وه‌ به‌ نێو چاوانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌وانه‌وه‌!!
 خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا له‌سه‌ر نه‌هجێکی پێشکه‌وتن خوازانه‌ کاری بکردایه‌، بێگومان ئه‌و هه‌موو ژنه‌ به‌ڕێزانه‌ نه‌ده‌کران به‌قوربانی حه‌زوئاره‌زوه‌کانی پێوانی دڵڕه‌قی دواکه‌وتوی نێو که‌لتوری خێڵ و عه‌شیره‌ت؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی هه‌وڵێکی جیدیانه‌ی بدایه‌ له‌ پێناو باشتر کردنی ژیانی خه‌ڵکی گوند نشینان و به‌رهه‌می کشتوکاڵی به‌ره‌و باشتر بوون بڕۆشتایه‌ ئێستا خه‌ڵکی کوردستان پێویستیان به‌وه‌ ده‌بوو له‌ده‌ره‌وه‌ سه‌وزه‌ و میوه‌ بهێنن؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ خۆی به‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک ده‌زانێت ئه‌وه‌ چ هۆکارێکه‌ که‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵک ناڕازین له‌ بارودۆخی ئێستا؟ تۆ بڵێی ئه‌و خه‌ڵکه‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌کردنێکی موسته‌هله‌کی گۆشکرابێتن و ته‌نها چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بن ده‌سه‌ڵات پاروه‌که‌ش بکا به‌ده‌میانه‌وه‌؟ یان ئه‌وه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و جیاوازیه‌ گه‌وریه‌ که‌ له‌ نێوان خه‌ڵکی و به‌رپرساندا ده‌بینرێت و هه‌رکه‌س بۆخۆی خه‌ریکی خواردنی ئه‌وی به‌رانبه‌ریه‌تی؟ ئه‌مه‌ چ که‌لتورێکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا ده‌خوازێت ئاینده‌یه‌کی دوور و گه‌ش بۆ خه‌ڵکی کوردستان بنیات بنێت؟
 خه‌ڵکی کوردستان خاوه‌ن هه‌قن له‌ زۆر شتدا که‌ ده‌بوا وه‌ک کارێکی زۆر سه‌ره‌تایی ده‌سه‌ڵات خۆی پێی هه‌ستایه‌ نه‌ک ببوایه‌ به‌داواکاری ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی. داواکاری دابین کردنی ئاو و کاره‌با و سوته‌مه‌نی و خواردنی ته‌ندروستو، رێگاو بانی شیاو پێداویستیه‌کانی دابین کردنی قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌، ئه‌م پێداویستیانه‌ هی هه‌رچ ده‌سه‌ڵاتێکه‌ که‌ بێ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی بۆی بێنه‌ سه‌ر جاده‌ ده‌سه‌ڵات خۆی پێی هه‌ستێت و به‌ خێر و به‌ره‌که‌تیش نه‌یداته‌وه‌ به‌ نێو چاوانی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا. ئه‌رکی سه‌ره‌کی خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ خه‌بات کردن ببه‌ن، ده‌رکردنیانه‌ به‌ ئیراده‌ی خۆیان، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی نه‌توانێت ئیراده‌ی خۆی بناسێت و ته‌نها وه‌ک ڕقێک له‌ بارودۆخی ئێستا جارێکی تر خۆی بکاته‌وه‌ به‌ قوربانی ئاینده‌یه‌ک که‌ نه‌زانێت له‌کام مه‌نزڵدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، کارێکی ئاوا ده‌بێته‌ مایه‌ی ڕه‌نج به‌خه‌سار بوونێکی دیکه‌. بۆیه‌ پێش ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناڕازی کوردستان ده‌نگ به‌هه‌رچ لایه‌ن و گروپێک بده‌ن، ئه‌رکیانه‌ بزانن له‌ هه‌گبه‌ی ئه‌و لایه‌ندا چ شتێکی تێدایه‌. به‌کام به‌رنامه‌ و گۆڕانه‌وه‌ ده‌خوازێت بێته‌ مه‌یدان. هه‌رده‌م زۆری و بۆریش سه‌رکه‌وتن نیه‌ بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ک ئاستی وشیاری و ڕۆشنبیری له‌ دوا بێت. ده‌رکردن به‌ خۆناسین ئه‌و کاته‌ ده‌بێت که‌ بزانیت ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک ئاماده‌یه‌ بچێته‌ ژێر دابین کردنی داخوازیه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه‌، ئاخۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتێکی چینایه‌تی بێت، یان ده‌بێت به‌رهه‌می سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگا به‌ خاوه‌ندارێتی گشتی کۆمه‌ڵگا بزانێت و لێره‌وه‌ کار له‌سه‌ر ئه‌و ئاینده‌یه‌ بکات که‌ دنیایه‌کی یه‌کسانی خوازی و بێچه‌وساندنه‌وه‌ دێنێته‌ کایه‌وه‌، ته‌نها به‌ بیر کردنه‌وه‌یه‌کی ئاوا ده‌توانرێت ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگا بگۆڕدرێت و کۆمه‌ڵگا له‌ نێو که‌لتوری دیکۆراتی و ئه‌نانیه‌تی سه‌رده‌م ده‌رباز بکرێت، ئه‌گه‌ر نا کارکردن به‌و نه‌هجه‌ی ئێستا هه‌یه‌ ناکرێت ببێته‌ جێگای زۆر  ئومێد و به‌خته‌وه‌ری  بۆ خه‌ڵکی کوردستان.

تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
11/05/2009
هۆڵه‌ندا

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply