Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئایا دەکرێ دیموکراسی ئیسلامی هەبێت؟

ئایا دەکرێ دیموکراسی ئیسلامی هەبێت؟

Closed

 

 

ئایا ئیسلام و دیموکراسی لەگەڵ یەکدی دەگونجێن؟ نووسینگەلێکی زۆر بەڵگەی ئەوەیان دەهێنایەوە کە ئیسلام سەرجەم بنەماکانی دەوڵەت و کۆمەڵگای مۆدێرنی تێدایە. زۆرێک لەڕۆشنبیرانی ئیسلامی هەوڵی سەلماندنی ئەوەیان دەدا کە ئیسلام بەهای دیموکراسی بەپیرۆز دائەنێ. بەڵام لەبری بەدەستەوەگرتنی دیبەیتەکە، زۆرجار شرۆڤە تایبەتییەکانی خۆیان بە ئاماژە بە زاناکانی خۆرئاوا ئامادە دەکەن، ئەوانەی خۆیان دەدەنە پاڵ ترادیسیۆنی ڕۆژهەڵاتناسی بۆ بیردۆزەکانی بیردۆززانی ئەدەبی و پۆلیمیستێکی وەک ئێدوارد سەعیدی کۆچکردوو، بۆ شێواندنی بەڵگەکان لەپێناو جێخستنی بیردۆزەکانیان. بەڵام ئەم هەوڵانە بۆ؟ بۆ شڕۆڤەکارانی خۆرئاوا وەڵامەکە لە نێو هەردوو سیاسەت و زۆر ئارەزووی سوودبەخش بۆ ڕازیکردنی بەرفراوانترین جەماوەر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدایە. بۆ ئیسلامییەکانیش هەرچەندە ئەوە پاڵنەرێکە بۆ لابردنی ئەو گومانەی دەربارەی سروشت و ئامانجی بزووتنەوە ئیسلامییەکان لەچەشنی ئیخوان موسلمین و تەنانەت حیزبوڵڵاش.

 

لایەنگری خۆرئاوایی

هەندێ لە لێکۆڵەرەوانی خۆرئاوا پاڵپشتی لە داوای ئیسلامییەکان دەکەن بەوەی دیموکراسی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی نەک تەنها لەگەڵ یاسای ئیسلامدا دەگونجێن، بەڵکو ئیسلام خۆی هاندەری دیموکراسیشە. ئەمەش بە یەک دوو ڕێگا ئەنجام دەدەن. یان پێناسەکان با دەدەن تا ڕێک بێنەوە لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی ئیسلامی – دەستەواژەکانی لەچەشنی دیموکراسی ئەبێتە ڕێژەیی- وەیان ژیانی واقیعی لەوڵاتە ئیسلامییەکان دەنوشتێننەوە تا ڕێک لەگەڵ تیئۆرییەکانیان بگونجێت.

لەنێو دیارترین بانگهێشتکەرانی بیرۆکەی ئەوەی کە ئیسلام هاندەری دیموکراسییە و دەگونجێ لەگەڵیدا جۆن ل. ئیسپۆسیتۆیە، بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری مەڵبەندی “وەلیدی کوڕی تەڵاڵ” بۆ تێگەیشتنی ئیسلامیی – مەسیحی ناو زانکۆی جۆرج تاون دانەر و بڵاوکەرەوەی زیاتر لە سی(30) کتێبە دەربارەی ئیسلام و بزووتنە ئیسلامییەکان. ئیسپۆسیتۆ لەگەڵ چەندین دانەری تر مشتومڕەکانیان (ئەرگیۆمێنتەکانیان) لەسەر  پشتگیری گریمانەیەکی پەڕپووتی وەک ” دیموکراسی مانای زۆر و جۆراوجۆری هەیە”[1]” هەر کلتورێک مۆدێلێکی سەربەخۆی حکومەتی دیموکراتی بەرهەم دەهێنێ”[2] وەیان “ئەشێ دیموکراسییەکی ئایینی گەشە بکات”[3].

ئیسپۆسیتۆ دەڵێ ” بزووتنەوە ئیسلامییەکان گووتاری دیموکراسییان لە میانی چەمکەکانی شورا (ڕاوێژکردن) و ئیجماع ( یەکێتی بیروباوەڕ) و ئیجتیهاد ( بڕیاری ڕوونی سەربەخۆ)وە کردۆتە بەشێک لەخۆ و ئیستیعاب کردووە [4] وەلەوەشدا کۆتایی پێدێنێت کەدیموکراسی لەدونیای ئیسلامیدا بوونی هەیە” جا وشەی دیموکراسی بەکار بهێنرێت یان نا”[5].

ئەگەر ئارگیۆمێنتەکانی ئیسپۆسیتۆ ڕاست بن، ئەی بۆچی دەمودەست دیموکراسییەکی ڕوون و ئاشکرا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نایەتە بوون؟ ماڵی ئازادی بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و بەردەوام وڵاتانی عەرەبی ئەوانەی کەمترین دیموکراسییان تێدایە لەهەر شوێنێک بن، ڕیزبەند دەکات.[6]. ئیسپۆسیتۆ بۆچوونی ئێدوارد سەعید وەردەگرێ کە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی خۆرئاوا و پێوانە گشتییەکان لەبنچینەدا لایەندار و سەرزەنشتکردنی ئەو زانایانەن کە ئەو بڕیارانە تێدەپەڕێنن بەبێ هیچ شارەزاییەک لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان [7] و ئەوانەی لایەنگری عەلمانیەتن لەبەرامبەر ئیسلامدا [8].

بۆ نموونە لە ئیسلام و دیموکراسی،[9] ئیسپۆسیتۆ و جان ڤۆڵ یاریدەدەری بەڕێوەبەری مەڵبەندی شازادە ئەلوەلید پرسیاری ئەوە لە هەوڵەکانی خۆرئاوا دەکەن بۆ مۆنۆپۆڵکردنی پێناسەی دیموکراسی و ئاماژە بە گۆڕانگاریی مانای دەستەواژەکان دەکەن بەسەر کات و شوێندا. ئەوان دەڵێن هەموو کلتورێک ئەتوانێ مۆدیلێکی سەربەخۆ لە حکومەتی دیموکراسی دابڕێژێ کە پەیوەست بێ یان پەیوەست نەبێ بە بیرۆکەی لیبرالیزمی خۆرئاواوە[10].

تەنها بەتاڵکردنەوەی مانای دیموکراسی وەک تێگەیشتنێکی گەشە کردوو هەڵهێنجراو لەئەفلاتون و ئەرستۆی یۆنانی کۆن لەڕێگەی تۆماس جێفەرسۆن و جەیمس مادیسۆن لەسەدەی هەژدەهەم لە ئەمریکا، ئەوسا ئیسپۆسیتۆ و هاوگەشتیارانی توانیان بیردۆزی گونجاندنی نێوان بزووتنەوەی ئیسلام و دیموکراسییان تیا سەر هەڵبدا.

بەو پێیەی ئەرگیۆمێنتەکانی ئیسپۆسیتۆ لەوانەیە لەچوارچێوەی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جەماوەری بێتەوە، تیئۆریستەکانی (بیردۆززانانی) دیموکراسی ئارەزوویان بەلای دوورخستنەوەی ئەم ڕێژەییە هەیە.لاری دایەمۆند سەرپەرشتیاری گۆڤاری دیموکراسی،و لیۆنارد مۆرلینۆ پسپۆر لە سیاسەتی بەراوردکردن لەزانکۆی فلۆرەنسا، حەوت بنەما و خەسڵەت دەدەنە پاڵ هەر دیموکراسییەک :  ئازادییەکانی تاک و ئازادییە مەدەنییەکان، باڵادەستی یاسا،بەرزترین دەسەڵات بگەڕێتەوە لای خەڵک، یەکسانی هەموو هاووڵاتیان لەبەرامبەر یاسادا، گرفتە ئاسۆیی و ئەستونییەکانی لێپرسراوانی دەوڵەت، حکومەتکردن بە ڕوونی بۆ داواکانی خەڵک بێ، هەلی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیان.[11] ئەم شێوازە زۆر گرنگە چونکە جەخت لەسەر ئازادییە مەدەنییەکان و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان دەکات لەبری پشی بەستن بە هەڵبژاردن و دامودەزگا دەوڵەتییەکان. [12]

ئیسپۆسیتۆ ئەم بنەما سەرەکییانەی دیموکراسی فەرامۆش دەکات و لەجیاتی ئەوە ئیلهام لەو بیرمەندانە وەردەگرێت وەک فەیلەسوفی هیندی مەحەمەد ئیقبال(1877- 1938)، سەرکردەی ئایینی سودانی حەسەن ئەلتورابی (1932-……) و زانای کۆمەڵناسی ئێرانی عەلی شەریعەتی(1933- 1977) و سەرۆکی پێشووی ئێران محەمەد خاتەمی(1943-…) کەئەڵێن ئیسلام چوارچێوەیەک بۆ کۆکردنەوەی دیموکراسی لەگەڵ بەها ڕوحییەکان فەراهەم دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ڕوحییە باڵادەستەی دیموکراسی خۆرئاوا.[13] ئەوان هاوسۆزی بۆ ئەو ڕایەی خاتەمی دەردەبڕن کە دەڵێ دیموکراسییەکان پێویستی بە پەیڕەوکردنی شێوازێک نییە و ئەو دەتوانێ کاری خۆی بکات نەک تەنها لە سیستەمێکی لیبراڵی بەڵکو لە سیستمەکانی سۆشیالیزم و ئایینیشدا. ئەوان گرنگترین دەستەواژەی لێکدەرەوەی (شیکەرەوەی) سەدەی بیستەمی هیندی و (دواتر پاکستانی) ئەبو ئەلعەلا ئەلمەودودی”دیموکراسی ڕێژەیی” وەردەگرن [14] کە سێ مەبدەئی تەوحید (یەکبوونی خوا) و رسالە( پێخەمبەرایەتی) و خیلافە (جێنشین)ن کەدەبنە بنچینەی سیستەمی ئیسلامی سیاسی [15].

بەڵام مەودودی ئەڵێ هەر سیستمێکی حوکمڕانی ئیسلامی لەسەریەتی باڵادەستی شەریعەتی ئیسلامی بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی و ئایینیدا هەبێت[16] بەدەگمەن تێگەیشتنی دیموکراسی ئەوەمان دەداتێ کە شەریعەتی ئیسلامی یەکسانی لەنێوان سەرجەم هاووڵاتییان لەبەردەم یاسادا فەراهەم بکات بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز(جێندەر) و ئایین. وە هەروەها فۆرمۆڵەسازی لەم چەشنە مافی بنچینەیی هاوڵاتیان لە بڕیاردان لەسەر یاساکانیان، کە تێگەیشتنی بناغەییە بۆ دیموکراسییەت ڕەت دەکاتەوە. مەودودی هەرچەندە دەستەواژەی دیموکراسی ڕێژەیی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بڵێت ئیسلام چەند بنەمایەکی دیموکراسی تێدایە. مەودودی خۆی سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دیموکراسی ئیسلامی ئەبێ دژ بەخۆی بێ. دەسەڵاتی خوا و دەسەڵاتی خەڵک دوولایەنەی تایبەتە. دیموکراسی ئیسلامی ئەبێتە دژەبەرەی دیموکراسی عەلمانی خۆرئاوا.[17]

ئیسپۆسیتۆ و ڤۆڵ ئاوا بەرپەچ ئەدەنەوە بە وتنی ئەوەی کە مەودودی و هاوچەرخانی دیموکراسی زۆر ڕەت ناکەنەوە وەک چوارچێوەیەک لەسایەی تێگەیشتن لە یەکێتی خوا. دیموکراسی ڕێژەیی بەمانای دیکتاتۆری دەوڵەت نییە،بەڵام ئەوان ئەڵێن لەبری ئەوە دەسەڵاتی هاوبەشە لەلایەن هەموو موسوڵمانەکانە، بەهاووڵاتییانی ئاساییەوەش.[18] ئیسپۆسیتۆ لەوەش واوەتر ئەڕوات و ئەڵێ سیستمی ئیسلامی مەودودی ئەشێ دیموکراتی بێت تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتی خەڵکیش پشی گوێ بخات بەو مەرجەی ڕێگا بدات بە گردبوونەوە ڕاوێژکارییەکانی ملکەچ بە شەریعەتی ئیسلامی. [19]

هەرچەندە ئیسپۆسیتۆ و ڤۆڵ ئەڵێن کە دیموکراسی ئیسلامی لەسەر بنەماکانی ڕاوێژکاری(شورا) و هاوڕایی(ئیجماع) و بڕیاری شیکردنەوەی سەربەخۆ( ئیجتهاد) دامەزراوە و هەندێ موسوڵمانی تر حاکمیا( پلەوپایە)ی بۆ زیاد دەکەن.[20] بۆ پشتیوانی کردن لە چەمکی دیموکراسی ئیسلامی، ئیسپۆسیتۆ و ڤۆڵ پشت دەبەستن بە محەمەد حەمیدوڵڵا (1908- 2002) و زانای سۆفی هیندی بۆ ئیسلام و یاسای نێو دەوڵەتی، ئایەتوڵڵا باقر ئەلسەدر (1935- 1980) ، پیاوی ئایینی شیعە مەزهەبی عێراقی، محەمەد ئیقبال (1877- 1938) ، شاعیر و فەیلەسوف و سیاسەتمەداری هیندی خورشید ئەحمەد جێگری سەرۆکی ڕێکخواری جەماعەتی ئیسلامی پاکستان،و تەها ئەلئەلوانی زانای فیقهەی ئیسلامی عێراقی [21] ئەم لەگەڵدابوونەی ئەلوانی ناڕاستی بیردۆزەکانی ئیسپۆسیتۆ دەردەخات. لەساڵی 2003 ئێف بی ئای (دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمریکا) ئەلئەلوانی وەک سەرۆکێکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی و سەرچاوە داراییەکەی دەست نیشانکرد.[22]

هەروەک چۆن ئیسپۆسیتۆ مانای دیموکراسی لەمانای خۆی دادەبڕێ بۆ توانا پێدانی تێزەکەی، لەبەر ئەوە ئەمەش بەلاڕێدابردنی چەمکە ئیسلامییەکانە. شورا ئەنجومەنێکی ڕاوێژکارییە نەک بەشداربوویەک. ئەوە کەلەپورێکی خێڵەکییە نەک پلەوپایە.[23] ئیجماعیش گوزارشت نییە لە هاوڕایی کۆمەڵێکی فراوان، بەڵکو تەنها سەرکردە دروست دەکات. [24 ] وەک بڕیاردانی سەربەخۆش، زۆرێک لە زانایانی سوننە لەو بڕوایەدان کە ئیجتهاد لە سەدەی یازدەهەمەوە داخراوە.[25]

 

گەورەکردنی ئیسپۆسیتۆ

ئارگیۆمێنتەکانی ئیسپۆسیتۆ  نەتەنها ناوەندە ئەکادیمییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتەوە بەڵکو وابەستەییان لەمیانی ئەو کتێبانەی کە ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی بواری سیاسەت دەینووسن لەگەڵ ڕۆشنبیرانی خەڵک زیادی کردووە.

لە وتارە ڕۆژنامەوانییەکان و هەروەها لە کتێبەکانیدا وەک گریمانەیەکی بنچینەیی لەمیانی ڕیپۆرتاژەکانیدا ڕۆبین ڕایتی پەیامنێری دیبلۆماسی لۆس ئەنجلس تایمزی جاران و واشنتۆن پۆستی ئێستا ئەڵێت بزووتنەوەی ئیسلامی ئەتوانێ بگۆڕدرێتە شێوازێکی زۆر دیموکراتیتر. بۆنموونە لەساڵی  2000ڕۆبین لە کتێبی”شۆڕشی مەزنی ڕابردوودا” ئەڵێت ئاڵوگۆڕێکی قووڵ لەئێراندا ڕوویدا کەبووە هۆی ئەوەی پراگماتیزم جێگای بەها شۆڕشگێڕەکان گرتەوە ولەخۆباییبوون بواری بۆ ڕیالیزم کردەوە و هەروەها پاشەکشەی حکومەتی خودا بوو بۆ دەسەڵاتی عەلمانی[26] جگە لەوەی زۆر دوورتر لەوەی دیموکراتیتر بن سەرباری ئەوەی ڕابەر و پاسەوانانی شۆڕش دەسەڵاتییان بەدەستەوە بوو: ئازادییەکان هێشتا دوورن لە بەدیهاتنەوە، زیندانییە سیاسییەکان هێشتا گیراون و دیموکراسیش وەهمییە.

کاری بناغەیی ڕایت ئەو بیرۆکەیەیە کە نە ئیسلام و نەکلتووری ئیسلامی کۆسپێکی(بەربەست)ێکی گەورە نین بۆ مۆدێرنیزمی سیاسی. ڕایت هەم بۆچوونەکانی قوتابخانەی ئیسپۆسیتۆی قەبوڵە لەبارەی شورا و ئیجماع و ئیجتیهادەوە لەو پێوانەیەی کەوا لەئیسلام دەکات بگونجێ لەگەڵ پلورالیزمی سیاسی [27]. هەمیش کۆکە لەگەڵ بۆچوونی جۆن ڤۆڵ کە دەڵێ ئیسلام بەشێکی لێکجیانەبووەوەیە لە جیهانی مۆدیرن. [28] و هەروەها دەڵێت درامای ناوەندی ڕیفۆرم هەوڵدانێکە بۆ ئاشتکردنەوەی ئیسلام ومۆدێرنە بە دا‌نانی جیهانبینییەک کە لەگەڵ هەردووکیاندا بگونجێت.[29]

لە وتارێکیدا بەناوی” ئیسلام و دیموکراسی لیبڕاڵی” رایت پرۆفایلی دوو بیرمەندی ئیسلامی بەناوبانگ ڕەشید ئەلغەنوشی ڕابەری لەمەنفا ژیاوی حیزبی ئەلنەهزەی تونسی و فەیلەسوفی ئێرانی و زانای کیمیاگەر عەبدولکەریم سروش دەخاتە بەردەم. ڕایت وەختێ ئەمە ئەڵێت کە بۆچوونەکانیان نیشانەی خاڵی بەیەک گەیشتنی واقیعیەتی ئیسلام و دیموکراسییەتە[30]. ڕایت نە پێناسەی دیموکراسی دەکات و نە بەچاوێکی بێئومێدییەوە دەڕوانێتە لێکۆڵینەوەکانی. غەنوشی چەمکە دیموکراسییەکان بەبێ قەبولکردنیان و تێگەیشتنیان بەکار دەهێنێت. غەنوشی نەک وەک مۆدێرنیستێک بەڵام وەک ئیسلامییەکی ئایینناس دەمێنێتەوە.

ڕایت ئەوە فەرامۆش دەکات کە سروش هەوڵی ئەوەی ئەدا ڕۆشنبیرە لیبراڵەکان لەسەروبەندی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئیسلامی لە زانکۆکانی ئێران داببڕێت.[31] ئەو کاتەی سروش لەسەر مافە مەدەنییەکان و لێبوردەیی قسەی دەکرد، دەستکەوتگەلی لەو جۆرەی تەنها بەسەر بەشداربووانی دیموکراسی ئیسلامی جێبەجێ دەکرد. [32] هەروەها سروش ئەیگووت هەرچەندە ئیسلام مانای “خۆبەدەستەوەدانە” کەوابوو هیچ ناکۆکییەکی لەگەڵ ئازادییە لەخۆوە تیابووەکانی(زگماکییەکانی) دیموکراسیدا نییە. ئیسلام و دیموکراسی نەک هەر بەیەکەوە دەگونجێن، بەڵکو پەیوەندییان بەیەکەوە لەقسان نەهاتووە. لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا یەک بەبێ ئەوی تریان ناتەواوە. سروش ئەڵێت ئیرادەی زۆربە دەوڵەتێکی ئیسلامی نموونەیی دەخولقێنێت.[33] بەڵام لەکردەوەدا ئەمە ڕوو نادات. وەک لە ئێران  ئیسلامییەکان سنووریان لەبەردەم پرۆسەی دیموکراسیدا دانا و کۆمەڵگەی مەدەنییان پلیشانەوە. ئەوانەی چەکیان بەدەستەوەیە نەک ژمارە، شێوازی دەوڵەت دیاری دەکەن. لەنێوان دەوڵەتە عەرەبییە – ئیسلامییەکان تەنها ڕژێمی سەرکوتگەر و سەرکردایەتی بەمیرات بەجێماو هەیە. دەستەی سوێندخواران هێشتا نازانن کە ئایا عێراق سەقامگیرییەکی نائاسایی بەخۆوە دەبینێ یان نا. بەڵام سروش لەگەڵ خۆیدا ناکۆکە. ئیسلام پێویستە ئاینێکی کراوە بێت و پارێزگاری لە گەوهەری خۆی بکات. بیانووەکانی سورش ئەوەیە کە شەریعەتی ئیسلامی توانای فراوانبوونەوەی هەیە کە ئەمەش لەلایەن زۆرێک لەو هاوچەرخانەی کە ئەڵێن هەندێک یاسای شەریعەتی ئیسلامی توانای گۆڕانیان نییە، وەکو کفر وایە. ئەوەی ئەکەوێتە دەرەوەی چوارچێوەی بەرژەوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی شۆڕشگێڕ لە ئێڕان بەرەو خۆرئاوا قوچاندیان. هەندێکجار ئەکادیمیستەکان بەتەنها لە بورجی ئایڤییەوە ڕووبەڕووی فریودانێکی ڕووکەش دەبنەوە وەختێک ڕووداوەکان ڕووبەڕووی واقیعیان دەکاتەوە.

غەنوشی و سروش لەچیدا هاوبەشن (کۆکن)وە چی بەدروستی لای بەرپرسە ئیسلامییەکان دەمێنێتەوە، گەر وابێ بەلەبەرچاوگرتنی هونەری زمان ئارەزوویان لە ڕێکەوتنی نێوان ئیسلام و نوێگەری نییە، بەڵام ئارەزوویان لەگۆڕینی سیسیتمی سیاسی هەیە. ئیتر ئاسانترە پشت بەستن بە هونەری زمانی دیموکراسی، وەک لە بنەماکانی.

لەکاتێکدا زەمەن نیشانیدا ڕایت هەڵە بوو، کەچی ڕوونکردنەوەکانی ئیسپۆسیتۆ کۆڵیان نەدا. هەر چەند ساڵ جارێک دەموچاوێکی تازە بەدەردەکەوێ بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئارگیومێنتە کۆنەکان. تازەترینیشیان نوح فیلدمانە (موعەلەق)ڕوونکەرەوەی میدیا و مامۆستای یاسای زمانی عەرەبییە لە زانکۆی هارڤەرد. لەساڵی 2003 دا فیڵدمان کتێبی ” دوای جیهاد” بڵاو کردەوە: ئەمەریکا و خەبات لەپێناو دیموکراسی ئیسلامی کە ئاسۆکانی دیموکراسی لە جیهانی ئیسلامی دەدۆزێتەوە.[34] تێزەکانی فێڵدمان کتێبی 1992 ی ئیسپۆسیتۆ چارەسەری ئیسلامیانە؛ ئەفسانە یان ڕاستی؟ [35] و کتێبی هاوبەشی ئیسپۆسیتۆ و ن ڤۆڵ ئیسلام و دیموکراسی دادەڕێژێت.[36] تەنانەت دوای پەلاماری تیرۆریستی یانزەی ئەیلول فێڵدمان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە تەمەنی یان سەردەمی توندوتیژی جیهاد لەڕابردوودا و بزووتنەوەی ئیسلامی بەڕەهەندی نوێ و ئاشتییانە و دیموکراسییانە گەشە دەکات [37] کە لەلیستەکەی فێلدمان ئیسلامی دیموکراتی وەک یوسف ئەلقەرەزاوی] 38] و بیرمەندی ئیسلامیی کەپاڵپشتی پەلاماری خۆکوژی و کوشتنی هۆمۆکانی دەکرد، تێدابوو. [[39 

لەکاتێکدا زۆربەی دیبەیتەکانی ئەکادیمیستەکان ناگەنە دەرەوەی پۆلەکانی خوێندن، دیبەیت لەسەر گونجاندنی ئیسلام و دیموکراسی کاریگەری بەسەر سیاسەتەوە هەیە. فێڵدمان ئەو ئەنجامە هەڵدەهێنجێنێت کە هەڕەشەی ئیسلامی ئیسلامی وەهمە. بەم پێیەش ئەڵی بزووتنەوە ئیسلامییەکان ئەبێ چانسی حکومەتکردنیان هەبێت.[ 40] فێڵدمان بەو وەسفە کۆتایی پێدێنیت کە “داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکا ئەبێ هەڵوێستێکی گشتی لەبەرامبەر ئیسلامی سیاسی وەربگرن. وە ڕوونی کردەوە کە “ئایین جێگیرە و ڕق لێبوونەوە لە باوەڕی ئایینیدا نییە کەبەرخورد لەگەڵ کەمایەتییە ئاینییەکانی تردا دەکات و لەوانەیە یەکسان بێت بە ڕێکەوتنی تەواو لەگەڵ دیموکراسی.” چاوپێکەوتنی مانگی ئەیلولی ساڵی 2003 [41].

شیرین هەنتەر دیپلۆماتی پێشووی ئێرانی کەئێستا بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئیسلامییە لە مەڵبەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی نێونەتەوەیی، لەکتێبەکەیدا داهاتووی ئیسلام و خۆرئاوا : پێکدادانی شارستانەکان یان پێکەوە ژیانی ئاشتیانە؟[42]جارێکیتر و بەشێوەیەکی قەشەنگتر ئارگیومێنتەکانی ئیسپۆسیتۆ دادەڕێژێتەوە، و لەم دواییانەش لە کتێبی بەمۆدێرنکردنی دیموکراسی و ئیسلام [43] کەبەهاوبەشی لەگەڵ هوما مالیک ، یاریدەدەری بەڕێوەەبەری مەڵبەندی وەلید بن تەلالی ئیسپۆسیتۆ بۆ لێکگەیشتنی ئیسلام و مەسیحی لەزانکۆی جۆرج تاون، بڵاوی کردەوە. شیرین لە هەردوو کتێبەکە هەڕەشەی ئیسلامییەکان ڕەت دەکاتەوە و لەهەوڵی ڕێکەوتنی نێوان وانەکانی ئیسلام و بەهاکانی خۆرئاوا دایە. شیرین هەوڵی ڕووبەڕوو بوونەوەی بەیەکدادانی شارستانەکانی [44] سامۆییل هەنتگتۆن دەدا و هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ڕێژەیی هۆکارەکانی هەریەک لە ململانێ و هاریکاری پەیوەندی نێوان ئیسلام و خۆرئاوا دەکات. شیرین دەڵێ لێکهەڵپێکرانی ڕوحی و زەمەنی ئیسلام لەئاینەکانی تردا، زۆرتر نییە. بۆیە ناکرێ هەنگاوی هیواشی بەدیموکراتیکردنی وڵاتە ئیسلامییەکان بدرێتە پاڵ ئیسلام خۆی. هەرچەندە شیرین هەنتەر دان بەوەدا دەنێ کە دەوڵەتە ئیسلامییەکان تۆمارێکی دەستکورتیان هەیە لە بەمۆدێرنکردن و دیموکراسی، بۆ ئەمەش گلەیی لە هۆکارە درەکییەکان دەکات لەچەشنی کۆڵۆنیالیزم و سیستەمی ئابووری نێونەتەوەیی.[45]

زاناکانی تر کێن کە بوغزەکان دەبەنە ئاستێکی تر، ئانا جۆردن ئەوەی هیچ زانیارییەک سەبارەت بە پسپۆڕییەکەی نادات بەدەستەوە بەڵام بەشێوەیەکی بەربڵاو لەسایتە ئەلەکترۆنییە ئیسلامییەکان [46] نووسینەکانی بڵاو دەکاتەوە، دەڵێت قورئان پشتیوانی لە بنەماکانی دیموکراسی خۆرئاوا دەکات هەروەک لەلایەن ولیەم ئێبنستەین و ئێدوین فۆگڵمان دوو پرۆفیسۆری زانستی سیاسی کە جەغد لەسەر ئەو بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژییە دەکەنەوە کە دیموکراسی پێناسە دەکات.[47] لەڕێگەی بەکارهێنانی ئایاتی قورئانی جیاجیاوە، [ [48 ئانا جۆردەن ئەوەی بۆ دەرکەوت کە کتێبی پیرۆزی ئیسلام پاڵپشتی لێکدانەوەی ئیمپریسیزم و مافەکانی تاک دەکات، بەو پێیەی دەسەڵاتی کۆتاییەو دەوڵەت ڕەت دەکاتەوە. ئازادی پەیوەستبوون بەهەر کۆمەڵەیەکی ئایینی پەرە پێدەدات، ئەو بیرۆکەیە قەبوڵ دەکات کە دەوڵەت دەبێ ملکەچی یاسا بێت وەڕێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێتە بەر و یەکسانی بنچینەیی قەبوڵ بکات.

سەرباری ئەوەی زۆربەی بەڵگەهێنانەوەکانی شیرین هەنتەر پاڵپشتی دەرئەنجامەکانی ناکەن و لەهەندێ حاڵەتدا پێشنیاری پێچەوانە دەکات. بۆ نموونە لەبری پشتیوانیکردن لە لێکدانەوەی ئیمپریسیزم، سورەتی 17 : 36 تەواوی دەسەڵاتەکان دەداتە خوا. هەندێ بەڵگەی تر هیچ پەیوەندییەکیان بە باسەکەی و کرۆکی قسەکانییەوە نییە. پێداگریەکەشی لەسەر ئەوەیە کە قورئان پێ لەسەر “یەکسانی بنەڕەتی نێوان سەرجەم مرۆڤەکان” دادەگرێ، ئەو ئایەتانەی ڕێبەرایەتی یەکسانی لەنێوان موسوڵمانەکان و تەنها موسوڵمانەکان دەکات. ئەمە جگە لە ئەو ئایەتانەی کە وشیاری دابەشبوونی موسوڵمانان دەدەن.

هەروەها گوردون کرامەریش سەرۆکی پەیمانگای “لێکۆڵینەوەی ئیسلامی” لەزانکۆی ئازاد لەبەرلین، تێزەکەی ئیسپۆسیتۆی پێ پەسندە. کرامەر ئەنووسێ کە ڕەوتی ناوەندی(سەرەکی) لەئیسلام ” ئەبێ توخمە زۆر گرنگەکانی دیموکراسی سیاسی پەسند بکات: فرەحیزبی و بەشداری سیاسی، کێشەی حکومەت و سەروەری یاسا، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ” بەڕای کرامەر ڕێبازی ئیسلام بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی زۆر پێشکەوتووترە لەوەی خۆرئاواییەکان دانی پێدا دەنێن.[49]


پاشگەزبوونەوەی ئیسلامییەکان لە بیردۆزەکەی ئیسپۆسیتۆ

سەیر لەوە دایە کە وەختێ زاناکانی خۆرئاوا  تێدەکۆشن بۆ سەلماندنی گونجان لەنێوان دیموکراسی و ئیسلامدا، گەورە زانایانی ئیسلام دەڵێن دیموکراسی لەگەڵ ئاینەکەیاندا ناگونجێت. ئەم دەرئەنجامەشیان لەسەر دوو بناغە وەستاوە : یەکەم، ساغبوونەوە و قایلبوون لەسەر ئەوەی کە شەریعەتی ئیسلامی چالاکییەکانی باوەڕداران لەهەموو بوارەکانی ژیان ڕێکدەخات، و دووەم، کۆمەڵگەی ئیسلامی باوەڕداران سەرجەم ئامانجەکانی جێبەجێ دەبێ ئەگەر باوەڕداران بەڕێگای خودادا بڕۆن.[50] بێجگە لەوەش هەندێ زانای ئیسلامی لەوەش واوەتر دەچن و هەموو ئەو شتانە ڕەت دەکەنەوە کە ڕەگیان لە قورئاندا نییە. [51]

حەسەن ئەلبەنا(1906- 1949) دامەزرێنەری ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین[52] هەوڵی لەنێوبردنی کاریگەرییەکانی خۆرئاوا دەدات، ئەو وای دەبینی کە ئیسلام تاکە چارەسەرە دیموکراسیش وەک ناپاکی وایە بەئیسلام[53] سەید قوتب (1906- 1966) بیردۆززان (مونەزر)ی سەرەکی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین بەتەواوەەتی بەگژ بیرۆکەی دەسەڵاتی خەڵکیدا چۆوە و ئەو وای دەبینی کە دەوڵەتی ئیسلامی پێویستە پشت بە قورئان ببەستێت کە ئەڵێ پێشکەشکردنی سیستمێکی تەواو و بەئاکار پێویستی بەهیچ یاسایەکی تر نییە.[54] ڕاوێژکردنیش لەمانای ترادیسیۆنی ئیسلامیدا لەبری ڕێگای هەڵسەنگاندنی ئیسپۆسیتۆ، بەس نییە.

مەودودی وەک لەلایەن ئیسپۆسیتۆوە بەکار دەهێنرێت، ئەڵێ ئیسلام پێچەوانەی هەر دیموکراسییەکی عەلمانی خۆرئاوایە کە پشت بەدەسەڵاتی خەڵک دەبەستێت.[55] و بناغەکانی دیموکراسی خۆرئاوای ڕەت کردۆتەوە [56]. زۆرێک لە ئیسلامییەکانی ئەم دواییانە وەکو قەرەزاوی، ئەڵێ دیموکراسی وەک بناغەیەک بۆ دەسەڵات پێویستە پەیرەوی قەبوڵکردنی خوا بکات. هەڵبژاردنی دیموکراسی کفرە و لەوکاتەوەی ئایین یاسا دادەڕێژێت دەستەی یاسادانەران هیچ پێویست نییە.[57] ئامانجی نەخشەکەی دانانی دەوڵەتێکی ئیسلامییە لە ئەندەنوسیا. ئەبوبەکر بەشیر پیاوێکی ئایینی ئیسلامی و سەرکردەی ڕێکخراوی شورای موجاهیدینی ئەندەنوسی هێرش دەکاتە سەر دیموکراسی و خۆرئاوا و داوا لە موسوڵمانان دەکات کە جیهاد لەدژی ڕژێمە دەسەڵاتدارەکانی جیهانی ئیسلامی بەرپا بکەن. وە ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت” ئەوەی دەمانەوێت دیموکراسی نییە، بەڵکو کورسییەکانی خوایە”[58].

هیچ لەمانە بەمانای قەبوڵکردنی ستراکتۆری بناغەیی خۆرئاوایی دیموکراسی نییە. لەژێر سێبەری ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی، جمهوری ئیسلامی دەستوور و پەرلەمانی پێکهێنا. بەڵام بەبوونی ئەو ئێران زیاتر دیموکراسی نەبۆوە. لەڕاستیدا خومەینی بەردەوام  دەسەڵاتی بەرزی پیادە دەکرد ئەویش بە پێکهێنانی ژمارەیەک دەستە – بۆ نموونە دامەزراوە شۆڕشگێڕەکان – کەلەسەرووی یاسای دەستوورییەوە مانەوە.

 

ئایا دیموکراسی ئیسلامی دەگونجێت ڕووبدات؟

جیهانی ئیسلامی ئامادە نییە بۆ وەرگرتنی بەها بنچینەییەکانی مۆدێرنیزم و دیموکراسی. هێشتاش ڕابەریکردن تەنها کاری نوخبەیەکی لەسەرکارە. سەرکردایەتیکردنی عەرەبی و ئیسلامی سەرکردایەتیکردنێکی بە میرات و  ستەمگەر و زاڵمانەیە. بنەما سەرەکییەکانی دەسەڵات و یاسادانان ، بەشداری سیاسی و فرە حیزبی، ئەو مافی تاک و ئازادییانەی پێویستن بۆ دیموکراسی، بوونیان نییە لەو سیستمانەی کە ئیسلام سەرچاوەی بنچینەیی یاسایە.

شکستە دیموکراسییەکان لە پەیوەست بەپیادەکردنیانەوە لە غەزە و عێراق بەڕەوا نیشاندانی بۆچوونی هەریەک لە سامۆئێل پ. هەنتگتۆن لەساڵی 1984 و وتەی دەیەیەک دواتری گیڵیز کەپەر، شڕۆڤەکاری فەرەنسی ناسراو و لێکدەرەوەی ئیسلامی رادیکاڵ کە پێیانوایە ترادیسیۆنی کلتوری ئیسلامی ڕەنگە ڕێگر بێت لەبەردەم گەشەی دیموکراسی.[59] 

مامۆستای مێژووی زانکۆی ئیمرتوس پرینسیتۆن، بێرناند لویسیش دروستە لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چەمکی دیموکراسی زۆرجار بەهەڵە بەکار دەهێنرێت. لە گەلێ جێگای سەیردا بەرچاو کەوتووە – ئیسپانیای سەرکردە فرانسیسکۆ فرانکۆ، یۆنانی ئەنجومەنی سەربازی، پاکستانی فەرماندەکان، ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی قۆمیسەرەکان – کەهەمیشە چەند سیفەتێکی ماقوڵ (شایستەبوون)ی پێوە لکێنراوە وەک “ڕابەری کرا”، “بناغەیی”، ” بنچینەیی”، ” جەماوەری” یان وشەگەلی لەو چەشنە کەئەبێتە هۆی ڕوونکردنەوە و وەرگێران و تەنانەت  پێچەوانە کردنەوەی مانای وشەکەش.[60]

ئیسلام لەوانەیە لەگەڵ دیموکراسیدا بگونجێت،بەڵام ئەوە دەوەستێتە سەر چۆنیەتی تێگەیشتن لە ئیسلام. ئەمەش هەموو کۆک نین لەسەری و هەروەها ئەمەش بە ئومێدەوە بەندە نەک لەسەر ئەرزی واقیع. تورکیا و وڵاتانی ئەفریقای خۆرئاوای مالی دیموکراسین هەرچەندە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکەکانیان ئیسلامن. بەڵام ئیسلامی سیاسی لەڕێگەی ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین و ئیسلامییەکانی تردا  لایەنگری دوورکەوتنەوە لە دیموکراسی لیبڕاڵ بوون.

سەرباری ئەمەش ئەگەر زمان کاریگەری هەبێت بەسەر بیرکردنەوەوە، ئەوسا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەنها بەهیواشی و لەسەرەخۆ دیموکراسی دەستەبەر دەکات. لەترادیسیۆنی عەرەبی و تورکی و فارسی هیچ وشەیەک بۆ هاوڵاتی نییە جگە لەو وشە هاوبنچینانەی کەلەتێکستە کۆنەکاندا بەکارهاتوون. لەعەرەبیدا “مەواتن” و لە تورکیدا “ڤەتەنداش” و لەفارسیدا”شەهروەند”بەدوای یەکدا دێن و ئەمەش لەمانادا نزیکترە لە وشەی ئینگلیزی ” هاونیشتمان” یان ” هاوڵاتی”. عەرەبییەکە و تورکییەکە لە وەتەنەوە هاتوون کەبەمانای نیشتمانە، مواتن وشەیەکی داتاشراوە کەلەکاتێکدا هێمای پێشکەوتنە، تێگەیشتنی خۆرئاوا بۆ ئازادی – تێگەیشتنە وەک توانای بەشداریکردن لە دامەزراندن و بەڕێوەبردن و لابردنی یاسایی و حکومەت گۆڕین – لەزۆر ناوچەدا وەک بێگانەیەک دەمێنێتەوە.

ئیسلامییەکان خۆیان دیموکراسی لیبڕاڵی بەسووک تەماشا دەکەن. ئەوان ئامادەن وەک هۆکارێک بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی قەبوڵی بکەن بەڵام وەک تەنها ڕێگایەک و بەس.[61] هیشام شەرابی (1927- 2005) لێکۆڵەرەوەی بەئۆتۆریتەی فەلەستینی و چالاکوانی سیاسی ئەڵێ فەندەمانتاڵیزمی ئیسلامی گوزارشت لە هەستی بەکۆمەڵ و بیروڕای ئایدیۆلۆژی نە ناسیونالیزم و نە سۆشیالیزم (وە ئەتوانین دیموکراسیشی بۆ زیاد بکەین) دەکات، ئەو ئایدۆلۆژییەی کەلەتوانایدایە تا ئەمڕۆ درێژەی هەبێت [62].

دەرئەنجام

ئەی دە کەواتە بۆچی زۆرێک لە توێژەرەوە خۆرئاواییەکان سوورن لەسەر نیشاندانی هاوکۆکی نێوان ئیسلام و دیموکراسی؟ پۆپۆلیزمی پۆست کۆلۆنیالیزم و پۆست مۆدێرنیزم لەنێو دەزگا ئەکادیمییەکان ئارەزوو دەکەن ڕۆشنبیران ڕێبازی ئیسلامی قەبوڵ بکەن. سیاسەتی دروست، بەربەستی زۆرێک لەو دیاردە نێگەتیڤانەی (نەرێیانە)ی نێو کلتووری بێگانە دەکات. ئەوەش بەچاک دەزانرا بۆ سەلماندنی هاوکۆکی نێوان ئیسلام و دیموکراسی کە ناوی ناوە “ئیسلامۆفۆبیک” یان ڕایسیست کەدەرخەری ناهاوکۆکبوون یان دەرخەری جیاوازی نێوان لێکدانەوە ئەرێ و نەرێ پۆزەتیڤ و نیگەتیڤەکانە بۆ ئیسلام.

زۆرێک لە داڕێژەرانی سیاسەتیش ململانێ- ناپەسندن. ئیسلامییەکان حەزی ڕۆشنبیری خۆرئاوا وەسوود دەهێنن بۆ هاوکۆکی لەگەڵ بیرمەندەکانی خۆرئاوا و هەوڵی داڕشتنی سیاسەتی باشترکردنی بارودۆخی جیاوازییەکان دەدەن و بەتێکۆشان لەپێناو بەدیهێنانی زەمینەی هاوبەش لە پێناسەکان نەک لەسەر ئەرزی واقیع.

لەم تیکەڵییەوە پروپاگەندەی ئیسلامی پەیدا دەبێ(سەرهەڵدەدا) ، نیشاندانی ئیسلام وەک ئاشتیخوازێک کە مافە مەدەنییەکان و تەنانەت لەشێوەی نالێبوردەیی کەمدا، هاوکۆک بێت لەگەڵ سەرجەم بەهاکانی دیموکراسی. کێشەکە ئەوەیە کە جیهانی ئازاد فەرامۆشی ئەو لەتوانادابوونە دەکات کە ئیسلامی سیاسی دەتوانێ هەڕەشە لە دیموکراسی نەک تەنها لە کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لەخۆرئاواش، بکات. هاویشتنەسەری یاسادانان بۆ ئیسلامی سیاسی ڕێزێکی دیمکراتیانەیە بۆ ئەو ئایدیۆلۆژی و ڕژێمی سیاسییە کەدژ بە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسییە.

ئەو ڕاگەیاندنەی ئیسپۆسیتۆ کە دەڵێ” وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێویستە دەست بەهەڵوێستی یەک ڕەهەندی بۆ دیموکراسی بگرێت و دان بەڕەگەکانی دیموکراسی ڕاستەقینە لەئیسلامدا بنێت.[63] کە نیشانەی نەزانینێکی بنەڕەتییە لە دیموکراسی و ڕێنوێنییەکانی ئیسلام. ئەم دەرئەنجامانەش لای ئیسپۆسیتۆ کەڵەکە دەبێ وەختێ ئیسپۆسیتۆ پەنچەی سەرزەنشی ئاراستەی شەڕانگێزی و تیرۆریزمی فەندەمانتالیزمی ئیسلامی لە خۆرئاوا و ڕۆژهەڵاتبوونی ئیدوارد سەعید، دەکات. ئەوە تەنها شتێکی هەڵەیە لەپۆلەکانی قوتابخانە، بەڵام ئەشێ زۆر مەترسیدارتر  بێت کاتێک ئەم بیردۆزە هەڵانە کاریگەری بەسەر سیاسەتی گشتییەوە دادەنێن.

 

سەرچاوەکان : 

1- Middle East Quarterly  Spring 2007 pp.71-79

2- http://www.meforum.org/1680/can-there-be-an-islamic-democracy

3- http://en.wikipedia.org/wiki/David_Bukay

 

تێبینییەکانی وەرگێر :

1- لەم دەقەدا لەبری وشەی شەهرەوەند نووسراوە شاروناد. بەبۆچوونی من لەوانەیە هەڵەی چاپ بێت، یان هەڵەی فۆنەتیک بێت کە وا نوسراوە و من وەک مانا فارسییەکە نووسیومەتەوە و ڕاستم کردۆتەوە.

2- من لەو خاڵەی کە دەیڤد بوکەی وڵاتی تورکیا بە دیموکراسی ناو دەبات ناکۆکم لەگەڵیدا. چونکە واقیعی ژیان لە وڵاتی تورکیا لەبەڕێوەبردنی وڵات بەشێوەی ستەمگەرانە و پێشێلکردنی ئازادییە سیاسیەکان و بێبەشبوونی نزیک بە بیست میلیۆن کورد لە بچووکترین مافە سەرەتاییەکانیان نیشانەی نادیموکراتیبوون و دیکتاتۆربوونی ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییەیە لەتورکیا کەدەسەڵات بەڕێوە دەبات. هەروەها وڵاتانی خۆرئاوای ئەفریقیاش ئەگەر هەر ناوێک لەخۆیان بنێن بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع نەدیموکراتین و نەمافی مرۆڤیان تیا پارێزراوە.

3- بورجی ئایڤی بورجێکە لە شاری نیویۆرک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

 

 

 

                            دەربارەی دەیڤد بوکەر

 

دەیڤد بوکەر مامۆستا لێکۆڵینەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەراست لەزانکۆی حەیفا. دانەری کتیبی فەندەمەنتاڵی ئیسلامی و سیاسەتی کلتووری عەرەب ، پسپۆڕ لە ململانێی نێوان عەرەب و ئیسرائیل، پەیوەندییەکانی ناوخۆیی عەرەب و پرسی ئیسرائیل، تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و فاندەمەنتاڵی ئیسلامی کێشە تیئۆرییەکان و پانتایی سیاسەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی دەرەوەی سوریا بەڕووی ئیسرائیل و لوبنان.

دەیڤد بوکەی پشتیوانی تێزی بەیەکدادادانی شارستانەکانی سامۆییل هەنتگتۆن دەکات. دەیڤد کۆمەڵی کتێبی بەچاپ گەیاندووە لەوانە:

1- تێکڕای تیرۆریزم بەناوی خوا : دەرکەوتنی فەندەمەنتاڵیزمی ئیسلامی نوێ، مەڵبەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەتە گشتییەکان ، ئەیرێڵ  2002.

2- کلتوری سیاسی عەرەبی – ئیسلامی مەڵبەندی لێکۆڵینەوەی سیاسەتە گشتییەکان ، ئەیرێڵ  2003 .

3- ئێد : ئەژدیهاکانی محەمەد ڕابەری سەرتاسەری ڕادیکاڵی ئیسلامی بۆ گوێگرانی خۆرئاوا، گرین فۆرست، کتێبی بەلفۆر 2004.

4- عەرەفات و بزووتنەوەی نیشتمانی فەلەستینی و ئیسرائیل، سیاسەتی دەمامک و دژبەیەک، نیویۆرک، چاپخانەی مێڵن 2005 .

5- لە محەمەدەوە تا بن لادن، سەرچاوە ئایینی و ئایدیۆلۆژییەکانی دیاردەی خۆکوژی نیوبرۆنزویک، نیوجێرسی، 2008.

 

وتارەکان

1- زایۆنیست، پۆست زایۆنیست و بسیودو زایۆنیست، هۆکارەکانی ڕاگەیاندنی چەپی ئاڵۆز و ڕاپەڕینی ئەلئەقسا، لە س شاران، ئیسرائیل و پۆست زایۆنیست، بریغتۆن، چاپخانەی ئەکادیمی سەسێکس، 2008 .

2- گروپی ئایارشی ئیسلامی نوێ لە دی بوکەی، ئەژدیهاکانی محەمەد.

 

ژێدەرەکان : 

 

1- جان ل. ئیسپۆسیتۆ، چارەسەری ئیسلامیانە ئەفسانە یان ڕاستی؟ چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لاپەڕە 211 – 212 ؛ جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 18-21 .

2- جان ل. ئیسپۆسیتۆ، چارەسەری ئیسلامیانە ئەفسانە یان ڕاستی؟ چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لاپەڕە 211 – 212 ؛ جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 18-21 .

3- جان ل. ئیسپۆسیتۆ، چارەسەری ئیسلامیانە ئەفسانە یان ڕاستی؟ چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لاپەڕە 211 – 212 ؛ جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 18-21 . جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی)  بڵاوکراوەی هیومانیتیس تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی 2001.

4- جان ل. ئیسپۆسیتۆ و جەیمس پیسکاتۆری، ئیسلام و دیموکراتیزەیشن،” میدیڵ ئیست جۆرناڵ هاوینی 1991 لاپەڕە 434 . جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ ” گەوهەری دیموکراتی ئیسلام” وەرزنامەی میدیڵ ئیست ئەیلولی 1994 لاپەڕە 7 – 8 . جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 27 – 30 و 186 ؛ جان ل. ئیسپۆسیتۆ، چارەسەری ئیسلامیانە ئەفسانە یان ڕاستی؟ چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لاپەڕە 49 – 50؛ جان ل. ئیسپۆسیتۆ ئیسلام ڕێگای ڕاست نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 45، 83، 142 تا 148. 

5- جان ل. ئیسپۆسیتۆ ” خەڵکی دەیانەوێ چی دەربارەی ئیسلام بزانن”  چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 2002 لاپەڕە 159 – 161 . جان ل. ئیسپۆسیتۆ ” ئیسلامی هاوچەرخ” جان ل. ئیسپۆسیتۆ ئۆکسفۆردی مێژووی ئیسلام ) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1999 لاپەڕە 675 – 680. جان ل. ئیسپۆسیتۆ و جەیمس پیسکاتۆری، ئیسلام و دیموکراتیزەیشن،” میدیڵ ئیست جۆرناڵ هاوینی 1991 لاپەڕە 440.

6- خشتەی وڵاتە سەربەخۆکان 2006 ” ئازادی لە جیهاندا،2006 ( واشنتۆن، دی سی: ماڵی ئازادی، 2006.

7- جان ل. ئیسپۆسیتۆ، چارەسەری ئیسلامیانە ئەفسانە یان ڕاستی؟ چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لاپەڕە 203 – 204.

8- جان ل. ئیسپۆسیتۆ ” لایەنگرانی سکۆلاری لە زانایان” تۆماری مێژوویی خوێندنی باڵا،26 ی ئایاری 1996.

9- نیویۆرک : چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996.

10- جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 6-8 و 27 – 30.

11- لاری دایەمۆند، دیموکراسی لەوڵاتە پێشکەوتووەکان  لەندەن چاپخانەی ئەدەمەنتاین 1988 لاپەڕە 218-260 ؛ لاری دایەمۆند و لیۆناردۆ مۆرلینۆ ” چۆنایەتی دیموکراسی” گۆڤاری دیموکراسی تشرینی یەکەمی  2004؛ ڕۆبەرت ئ.داهی ، ئیان شاپیرۆ، و هۆسەی ئەنتۆنیۆ شیباب، دیموکراسی کتێبی سەرچاوە کامبریچ چاپخانەی MIT ، 2003.

12- بڕوانە ڕۆبەرت ئەی.داهی دەربارەی دیموکراسی نیو هەڤن چاپخانەی زانکۆی یڵ، 1998 .

13- . ئیسپۆسیتۆ ئۆکسفۆردی مێژووی ئیسلام ) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1999 لاپەڕە 661- 667؛ جان ل. ئیسپۆسیتۆ ئیسلام ڕێگای ڕاست نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 137، 141 ، 181- 183، 231 ، 245- 246، جان ل. ئیسپۆسیتۆ و جەیمس پیسکاتۆری، ئیسلام و دیموکراتیزەیشن،” میدیڵ ئیست جۆرناڵ هاوینی 1991 لاپەڕە 436- 437.

14- ئەبو ئەلعەلا ئەلمەودودی بیردۆزەی سیاسی ئیسلام لەگەڵ خورشید ئەحمەد ئیسلام : مانا و پەیام لەندەن شورای ئیسلامی ئەوروپا 1976 لاپەڕە 159- 161.

15- ئەبو ئەلعەلا ئەلمەودودی ڕێگای ئیسلامیی ژیان دەلهی کتێبخانەی گشتی ئیسلامی 1967 لاپەڕە 40 . جان ل. ئیسپۆسیتۆ و جەیمس پیسکاتۆری، ئیسلام و دیموکراتیزەیشن،” میدیڵ ئیست جۆرناڵ هاوینی 1991 لاپەڕە436- 437 ، 440؛ جان ل. ئیسپۆسیتۆ، چارەسەری ئیسلامیانە ئەفسانە یان ڕاستی؟ چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لاپەڕە 125-126 ؛ جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 23- 26.

16- محەمەد یوسف، مەودودی : قۆناغی پێکهاتن کەراچی پەیامی گەردوونی 1979 لاپەڕە 35.

17- ئەبو ئەلعەلا ئەلمەودودی بیردۆزەی سیاسی ئیسلام لەگەڵ خورشید ئەحمەد ئیسلام. جان ج. دۆناهو و جان ل. ئیسپۆسیتۆ ئیسلام لە کلتووردا : ڕوانینی ئیسلامی   نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1928 لاپەڕە 253.

18- جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ کرۆکی دیموکراسی ئیسلام  لاپەڕە 7.

19- جان ل. ئیسپۆسیتۆ، چارەسەری ئیسلامیانە ئەفسانە یان ڕاستی؟ چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لاپەڕە 126.

20- تەقییەدین ئیبن تەیمیە مسئة فی عقل والنفوس مجموعة فتوات شیخ الاسلام ابن تیمیة  ریاض مطبعة الحکومة 1996 جلد 9  لاپەڕە 47- 49. ئەلعەلا ئەلمەودودی بیردۆزەی سیاسی ئیسلام لەگەڵ خورشید ئەحمەد ئیسلام لاپەڕە 149- 151. سەید قوتب معالم في الطریق ئیندیانپۆلیس بڵاوکردنەوەی ئەمەریکەن تراست   1990 لاپەڕە 111- 113، 130- 137 .

21- جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی) نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 27- 30 ، 186 ؛ جان ل. ئیسپۆسیتۆ، چارەسەری ئیسلامیانە ئەفسانە یان ڕاستی؟ چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد لاپەڕە 49 – 50 ، جان ل. ئیسپۆسیتۆ ئیسلام ڕیگای ڕاست نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1996 لاپەڕە 45 و 83 ، جان ل. ئیسپۆسیتۆ و جەیمس پیسکاتۆری، ئیسلام و دیموکراتیزەیشن،” میدیڵ ئیست جۆرناڵ هاوینی 1991 لاپەڕە 434 .

22- بۆ نموونە بڕوانە جەی مایکڵ وۆڵەر پرۆفیسۆری ئەننبێرگ بۆ پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان، پەیمانگای سیاسی جیهانی ،بەیانامە لەبەردەم لیژنەی فەرعی دەربارەی تیرۆر و تەکنەلۆجیا و ئاسایشی نیشتمانی، لیژنەی ئەنجوومەنی پیران دەربارەی دەسەڵاتی قەزائی چواردەی تشرینی یەکەمی 2003.

23- کلیفۆرد ئێدمۆند بۆسوۆرس ئینسکلۆپیدیای ئیسلام لەیدەن ئی جەی بریڵ 1960 بەرگی نۆیەم دەربارەی شورا.

24- ئێم بێرنارد بۆسوۆرس ئینسکلۆپیدیای ئیسلام لەیدەن ئی جەی بریڵ 1960 بەرگی سێیەم دەربارەی ئیجماع.

25- جۆزیف شاخت ئینسکلۆپیدیای ئیسلام لەیدەن ئی جەی بریڵ 1960 بەرگی سێیەم دەربارەی ئیجتهاد.

26- ڕۆبین ب. ڕایت شۆڕشی مەزنی ڕابردوو پشێوی و گۆڕان لە ئێران لەندەن 2001 لاپەڕە 256- 273 و 292 – 299.

27- ڕۆبین ب. ڕایت ئیسلام و دیموکراسی لیبراڵی دوو ڕوانین بۆ ڕیفۆرمکردنیان گۆڤاری دیموکراسی نیسانی 1996 لاپەڕە 65- 67.

28- جان ئۆ ڤۆڵ : ئیسلام بەردەوامی و گۆڕان لەجیهانی مۆدێرن سیراکۆس چاپخانەی زانکۆی سیراکۆس 1994 لاپەڕە 378- 387.

29- ڕۆبین ب. ڕایت ئیسلام و دیموکراسی لیبراڵی دوو ڕوانین بۆ ڕیفۆرمکردنیان گۆڤاری دیموکراسی نیسانی 1996 لاپەڕە 67.

30- هەمان سەرچاوە لاپەڕە 67- 75.

31- عەبدولکەریم سروش لەنێوان ئەوان و دژدا، چاوپێکەوتن، زانکۆی تاران حوزەیرانی شانزە و حەڤدەی 1998 ؛ جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ نیشانکەرانی ئیسلامی هاوچەرخ، ئۆکسفۆرد، چاپخانەی ئپکسفۆرد 2001 بەشی حەوتەم.

32- عەبدولکەریم سروش هۆکارو ئازادی و دیموکراسی لە ئیسلامدا، نووسینە بنچینییەکانی عەبدولکەریم سروش، ئۆکسفۆرد  چاپخانەی ئۆکسفۆرد  2000  لاپەڕە 123- 155.

33- هەمان سەرچاوەی پێشوو   لاپەڕە 245- 274.

34- نیویۆرک ؛ فارار، ستراوس و جیرۆکس،  2003.

35- ئۆکسفۆرد : چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد.

36- نیویۆرک : چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد  1996.

37- فێڵدمان. دوای جیهاد  لاپەڕە 222- 227؛ دیموکراسی ئیسلامی لەعێراقی نوێ : چاوپێکەوتن لەگەڵ نوح فێڵدمان  فرۆنتلاین خزمەتگوزاری وەشاندنی گشتی ئەیلولی 30 ی 2003.

38- هەمان سەرجاوەی پێشوو لاپەڕە 182.

39- فەتواکانی یوسف ئەلقەرەزاوی  وەرزنامەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  هاوینی 2004 لاپەڕە 78- 80.

40- فێڵدمان   دوای جیهاد  لاپەڕەکانی 210-221 و 228- 230 و 234.

41- فێڵدمان. دوای جیهاد  لاپەڕە 222- 227؛ دیموکراسی ئیسلامی لەعێراقی نوێ : چاوپێکەوتن لەگەڵ نوح فێڵدمان  فرۆنتلاین خزمەتگوزاری وەشاندنی گشتی ئەیلولی 30 ی 2003.

42- نیویۆرک : پرایگەر  1998.

43- نیویۆرک : پرایگەر  2005.

44- سامۆییل هەنتگتۆن ، بەیەکدادانی شارستانییەکان دووبارە دروستبوونەوەی جیهانی نوێ  نیویۆرک  سایمن و شوستەر، 1996.

45- شیرین هەنتەر ، داهاتووی ئیسلام و خۆرئاوا  لاپەڕەکانی 19- 28 و 106- 114.

46- ئانا جۆردن پرنسیپەکانی دیموکراسی خۆرئاوا و ئیسلام  سایتی (Submission.org ) کانوونی یەکەمی 1998، لە تشرینی دووەمی 2006 بینراوە.

47- ولیەم ئیبنستین و ئێدوین فۆگلمان تەدابیری کۆمەکی نێونەتەوەیی کۆمۆنیزم، فاشیزم، سەرمایەداری ئیمگلوود نیوجێرسی برێنتس هۆڵ 1980 لاپەڕە 170- 178.

48- قورئان 2:190-3; 2:215; 2:272; 3:26; 3:159; 3:195; 4:49-50; 4:52-3; 4:73; 4:71; 4:76; 4:100; 4:135; 9:20; 9:120; 10:98-9; 17:36; 17:53; 25:55; 31:18-9; 38:22-4; 38:26; 42:38; 45:18; 49:11-3.

49- گودرۆن گرامەر تێگەیشتنە ئیسلامییەکان لە دیموکراسی ڕاپۆرتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەمموز- ئابی 1993.

50- فارس جەدعان تێگەیشتنەکانی دەوڵەت لە نووسینە سیاسییەکانی عەرەبی هاوچەرخ چاپی لوسیانی . دەوڵەتی عەرەب لەندەن ڕاوتلێچ 1990لاپەرە 247- 283. حامد عینایەت بیری سیاسی ئیسلامی مۆدێرن ئەوستن چاپخانەی زانکۆی تیکساس 1982 لاپەڕە 69- 139.

51- ئەحمەد ئیسلام مانا و پەیام لاپەڕە 159-161.

52- ڕیجارد میشێڵ کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1969لاپەڕە 209- 294.

53- حەسەن ئەلبەنا پێنج  نامیلکەکەی حەسەن ئەلبەنا بێرکلی چاپخانەی زانکۆی کالیفۆرنیا 1978 لاپەڕە 142- 154.

54- سەید قوتب معلم علی الطریق کاراچی بڵاوکراوەی ئیسلامی نیونەتەوەیی 1988 لاپەڕە 73- 78، 80- 81، 112. سەید خەتاب بیری سیاسی سەید قوتب   بیردۆزی جاهیلیەت   لەندەن  ڕاوتلێچ  2006.

55- ئەبو ئەلعەلا ئەلمەودودی  بیردۆزەی سیاسی ئیسلام  لاهۆر لەبڵاوکراوەی ئیسلامیی  1976  لاپەڕە 13، 15-17، 38، 75- 82.

56- ئەبو ئەلعەلا ئەلمەودودی  خۆکوژی شارستانی خۆرئاوا  لەگەڵ وەقار ئەحمەد غاردیزی و عەبدول وەحید خان خۆرئاوا ڕووبەڕووی ئیسلام  نیودەلهی لەبلاوکراوەی نێونەتەوەیی ئیسلامی 1992 لاپەڕە 61- 73.

57- جنێڤە عەبدۆ  لا ئیلاهە ئیللەللاه   میسر و سەرکەوتنی ئیسلام   ئۆکسفۆرد   جاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد  2000 لاپەڕە 107- 136.

58- پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەراست بۆ لێکۆڵینەوەی میدیا زنجیرەی تایبەت  ژمارە 1285 ئەیلولی .2006

59-  سامۆئیڵ پ هەنتگتۆن  ئایا وڵاتانی تر دەبنە دیموکراسی  وەرزنامەی زانستی سیاسی  هاوینی 1984 لاپەڕە 214. گیڵ کەپەڵ  تۆڵەی خوا  زانکۆی پارک چاپخانەی زانکۆی پێنسڤێلیا  1994 لاپەڕە 194.

60- بێرنارد لویس ئیسلام و دیموکراسی لیبراڵی کورتەیەکی مێژوویی  گۆڤاری دیموکراسی نیسانی 1996 لاپەڕە 52.

61- هەمان سەرچاوەی پێسوو  لاپەڕە 53- 57.

62- هیشام شەرابی نیوپاتریراشی بیردۆزی لەنێوبردنی گۆڕان لەکۆمەڵگای عەرەبی  نیویۆرک چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد 1988 لاپەڕە 136.

63- جان ئۆ ڤۆڵ و جان ل. ئیسپۆسیتۆ (ئیسلام و دیموکراسی) نیویۆرک  چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد  1996  لاپەڕە 31.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.