Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

ئایا كۆلن پاول و رۆژنامە ئەمەریكییەكان دەستی بێگانەیان لەپشتە؟!

Be First!
by October 26, 2008 گشتی

 ئایا كۆلن پاول و رۆژنامە ئەمەریكییەكان دەستی بێگانەیان لەپشتە؟!
 پەند و پرسیار بۆ كاربەدەستانی كورد
 
 سەنگەر زراری

 sangarzrary@gmail.com

 هەڵبەت لە دنیای سیاسەت و سیستەمی دیموكراتی لە هەر وڵاتێك، هیچ شتێك بەقەدەر هەڵبژاردن چارەنووسساز نییە، لە ئەمەریكا بەگوێرەی هەموو پێشبینی و ئەو راپرسیانەی ئەنجام دەدرێن "باراك ئۆباما"ی رەشپێست و كاندیدی پارتی دیموكرات، دەبێتە سەرۆكی داهاتووی ئەو وڵاتە و بەسەر "جۆن مەكین"ی كاندیدی كۆمارییەكاندا سەردەكەوێت، تا ئێرە شتێكی ئاساییە، ئەوەی نائاساییە، یان راستتر بڵێم ئەوەی لای ئێمە بە نائاسایی دێتە بەرچاو (دەنا لە بنەڕتدا زۆر ئاساییە) پاڵپشتیكردنی چەند كەس و لایەنێكی چاوەڕواننەكراوە بۆ "ئۆباما"، لەوانەش: هەریەك لە رۆژنامەكانی "واشنتۆن پۆست" و "لۆس ئەنجلس تایمز" و "شیكاگۆ تریبۆن"، لە كاتێكدا كە هەردوو رۆژنامەی "لۆس ئەنجلس تایمز" و "شیكاگۆ تریبۆن"، یەكەمجارە پاڵپشتی كەسێكی دیموكراتی بكەن و پێشتر (واتا لە هەڵبژاردنەكانی پێشتر) پاڵپشتی كاندیدی پارتی كۆمارییان كردووە، ئەمانە رۆژنامەی سەربەخۆن و ئارەزووی خۆیانە كە لایەنگری كێ بكەن، بەڵام لە لایەكی دیكە، بەرپرسێكی گەورەی پارتی كۆماری بەناوی "ستیڤ لۆمباردۆ"، گومانی خۆی ئاشكرا كرد بەوەی كە "جۆن مەكین" بتوانێ بەسەر "ئۆباما"دا سەركەوێ، بێگومان ئەمەش كاریگەرییەكی خراپ دەكاتە سەر سایكۆلۆژییەتی لایەنگرانی پارتەكەی خۆی، بەوەی كە بەرپرسێكی گەورەی پارتەكەیە و گومان دەخاتە سەر لایەنگری پارتەكەی و گوێش ناداتە ئەو هەستیاری و چارەنووسەی كە لەبەردەم پارتەكەیدایە.
 لەمانە سەیرتر ئەوەبوو كە "كۆلن پاول"ی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریكا، پاڵپشتی خۆی بۆ "ئۆباما"ی سەر بە پارتە نەیارەكەی خۆی راگەیاند و گوتی "ئۆباما لە جۆن مەككین بەتواناترە و دەتوانێ بەسەر ئەو قەیرانە داراییەشدا زاڵبێت كە ئەمەریكا تێی كەوتووە".
 "پاول" كەسێكە چوار ساڵان لەسەر لیستی كۆمارییەكان وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە، تەنانەت بەمدواییە و بەرلەوەی مەكین، سارا پالین وەك جیگری خۆی دیار بكات، قسەی ئەوە هەبووە كە "كۆلن پاول" وەك جێگری خۆی دەسنیشان دەكات، ئەمەش واتای ئەوەیە كە تەواو لەیەك نزیكن، جگە لەوە "پاول" نزیكەی (25) ساڵە هاوڕێی نزیكی "مەككین"ە، كەچی ئێستا لە دژی ئەو و لە دژی پارتەكەی ئەو (كە دەكاتە پارتەكەی خۆشی) دەنگ هەڵدەبڕێ! ئایا ئەمە مانای ئەوەیە كە "كۆلن پاول" و ئەو بەرپرسە كۆمارییەی تر كە گومان لە بردنەوەی پاڵێوراوەكەی خۆیان دەكات و رۆژنامەكانی پشتگیری "ئۆباما" دەكەن، هەموویان دەستی تێكدەر و ناحەز و بێگانەیان لە پشتە و دەیانەوێ پارتی كۆماری لەناو ببەن؟! ئایا ئەمە كودەتایە لە دژی پارتی كۆماری و مەبەستیان لەناوبردنی ئەو پارتەیە؟! بێگومان ئەگەر ئەم دۆخەی لەوێ هەیە، لێرە لە كوردستان بووایە، بەڵێ بە هەموو ئەو شتانە و زیاتریش لەقەلەم دەرا، بەڵام بۆ ئەوێ وا نییە. لەوێ ئەمە پیشاندانی زیاتری سیمای دیموكراتی و تێگەیشتنە لە پرەنسیپەكانی دیموكراسییەت و پیشاندانی ئەوەیە كە نەك تەنها هاووڵاتیان، بەڵكو بەرپرسە حزبییە گەورەكانیش خەمی یەكەمیان گەل و وڵاتە، نەك پاڵێوراوەكەیان و حزبەكەیان.
 مەبەستی من لەو بابەتە ئەوە نییە كە بڵێم بۆچی ئەوان وان و ئێمە وانین؟ لەبەرئەوەش نا كە پێویست نەبێ ئەو پرسیارە بكەین؟ بەڵكو لەبەرئەوە جارێ پرسیارێكی لەو جۆرە ناكەین، چونكە دركی ئەوە دەكەین كە ئەم دۆخەی ئەوێ باكگراوندێكی مێژووی و كەلتووری دووردرێژی هەیە و وا بەئاسانی دروست نەبووە، بۆیە وا بەئاسانیش لای ئێمە دروست نابێ، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئێمە دەستەوەستان بین و چاوەڕێی دروستبوونی دۆخێكی وەها نەبین، دەبێ هیوامان بەوە هەبێ كە كاتی دروستبوونی ئەو باكگراوندە رۆشنبیری و كەلتووریە بۆ ئێمەش دێت، بەڵام كاتی دەوێ و دەبێ كاری بۆ بكەین.
 ئەوەی من لێرە مەبەستمە ئەوەیە: ئەو بەرپرسە سیاسی و حزبیانەی زوو زوو چینە جیاوازەكانی جەماوەر و رۆژنامەكان بەوە تاوانبار دەكەن كە دەستی بێگانە و تێكدەریان لە پشتە، با واز لەو تاوانباركردنە بێنن تا بەتەواوەتی روون دەبێتەوە، كە روونیش بووەوە كێ دەستی ناحەزی لەپشتە دادگایی بكەن، نەك ئەوەی هەر قسەیەكیان بەدڵ نەبوو، بێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و هۆشداری بدەنە خەڵك كە ئاگاداری خۆیان بن لەدەست ئەو تێكدەرانە، چونكە كورد لەلایەن خەڵكی بێگانە ئەوەندە زوڵمی لێكراوە، باوەڕناكەم بەقسەی هیچ كەسێك دژی دەسەڵاتەكەی خۆی بووەستێتەوە. هەر شتێكیش كە داوای دەكات، حەقی خۆیەتی نەك دوژمنایەتیكردنی "بەرژەوەندی نیشتمانی" و "ئاسایشی نەتەوەیی"، كە ئێوەش ئەوندە لە خەمی ئاسایشی وڵاتەكەتانن، داواكاری خەڵك جێبەجێ بكەن با دەستی بێگانە كاری تێ نەكات!!!
 

Previous
Next

Leave a Reply