Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

ئایا نه‌بوونی یاسا رێگره‌ له‌ده‌رنه‌كه‌وتنی هێزی ئۆپۆزسیۆن؟….ستاره‌ عارف

Be First!
by February 25, 2009 گشتی

ئایا نه‌بوونی یاسا رێگره‌ له‌ده‌رنه‌كه‌وتنی هێزی ئۆپۆزسیۆن؟
ستاره‌ عارف
دیموكراسی له‌پێگه‌ی خواره‌وه‌ بۆ هه‌ڕه‌م هه‌ڵده‌كشێت، له‌هه‌ڕه‌مه‌وه‌ نایه‌ته‌ خواره‌وه‌ كه‌واته‌ ده‌سه‌ڵات جیا له‌وه‌ی كه‌ده‌بێت خزمه‌تكاری خه‌ڵك بێت‌و گوێ بۆ داواكانیان بگرێت، به‌ڵام له‌سیسته‌مه‌ نادیموكرات‌و تۆتالیتاریه‌كاندا كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر هه‌ن له‌م خزمه‌ته‌یان دوور ده‌خاته‌وه‌، بۆیه‌ ئاماده‌ نیه‌ دیموكراسی‌و مافی هاوڵاتیبوون بكاته‌ دیاری‌و به‌خه‌ڵكی ببه‌خشێت، واته‌ له‌م باره‌دا ماف نادرێت ده‌ستێنرێت.
چیبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ل بگاته‌ ئه‌م ئاسته‌و هه‌وڵی دیموكراتیزه‌كردنی ده‌سه‌ڵات بدات‌و چاودێر بێت به‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانیه‌وه‌؟ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌هه‌رێمدا نه‌چۆته‌ پێشه‌وه‌، به‌هۆی نه‌بوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن‌و چاودێری نه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، واته‌ هێزی ئۆپۆزسیۆن بێجگه‌ له‌وه‌ی چاودێریی ده‌سه‌ڵات ده‌كات‌و رێگره‌ له‌هه‌ڵكشانی گه‌نده‌ڵی به‌م راده‌ ترسناكه‌ی ئه‌مڕۆی كوردستان، لایه‌نێكی سه‌ره‌كیشه‌ بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌‌و به‌رچاوو روونی خه‌ڵك.
18ساڵه‌ لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ده‌سه‌ڵات ته‌نها سه‌یرچین‌و له‌م كۆتاییانه‌دا كه‌نزیكی هه‌ڵبژاردن ده‌بینه‌وه‌ باس له‌چاكسازی‌و پاراستنی مافی ئۆپۆزسیۆن بون ده‌كه‌ن به‌رای من هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی كه‌مه‌به‌ستی گۆڕانی ریشه‌یی‌و سوود گه‌یاندن به‌خه‌ڵك بێت، پێویسته‌ بێ جیاوازی‌و گوێدانه‌ هیچ ئینتیمایه‌كی رامیاری‌و حیزبی پێشوازی لێبكرێت، به‌ڵام ئه‌و حیزبانه‌ له‌م دواییه‌دا وه‌ك چاوبه‌سته‌كیه‌كی خه‌ڵك‌و كاركردن له‌سه‌ر ناڕه‌زاییه‌كانیان تازه‌ پڕۆژه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن‌و له‌وه‌ڵامی كه‌سانی رۆشنبیر‌و سیاسیشدا ده‌ڵێن بێده‌نگیمان تا ئێستا به‌فاكته‌ری نه‌بونی یاسایه‌ك بوه‌ بۆ پاراستنی مافی ئۆپۆزسیۆنبوون، ئه‌م وته‌یه‌ من زۆر قه‌ڵس ده‌كات چونكه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات زاڵه‌ به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌ گرنگه‌كاندا، له‌به‌رامبه‌ردا حیزبه‌كانی به‌شدار له‌ده‌سه‌ڵاتدا هیچ رۆڵێكی كارا‌و دیاریان نه‌بوه‌‌و هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م خواست‌و هه‌نگاوه‌كانی هه‌ردوو حیزبدا بێ ده‌نگ‌و قبوڵكه‌ر بوون.
كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا كۆیكردونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌م حیزبانه‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كان نه‌یبزواندوون، ئه‌وه‌نده‌ی به‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكه‌وه‌ خه‌ریك بوون دووربین‌و خاوه‌ن بیرۆكه‌ی گۆڕان نه‌بون یان راستتر له‌قازانجی ئه‌وانیشدا نیه‌ خه‌ڵك هوشیار‌و به‌رچاوو رون بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانیش له‌هه‌مان پێكهاته‌ نه‌گۆڕه‌كه‌دان كه‌ئامانجیان گۆڕانكاری نیه‌‌و له‌ستراتیژیه‌ت‌و زه‌هنیه‌تی نوێكارییدا هه‌ژارن.
له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری قۆناغ كه‌ ڕوه‌‌و هه‌ڵبژاردن‌و چاره‌نوسێك ده‌ڕۆین ده‌ستنیشانكردنی خاڵی لاوازی ئه‌م حیزبانه‌ گونجاو نه‌بێت، به‌ڵام به‌بڕوای من باشترین كاته‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاندیه‌كانی ئاینده‌مان بناسین‌و نه‌ت‌و بێ رووپۆش بكه‌ونه‌ به‌ر چاوی خه‌ڵك.
كه‌شه‌قامی كوردی باس له‌نه‌كرده‌ییان ده‌كه‌ن‌و ره‌شبینن به‌رامبه‌ر پڕۆژه‌كه‌یان هه‌ڵبه‌ته‌ لایه‌نێكی راستی هه‌یه‌، چونكه‌ شێوه‌یه‌كی جیاواز له‌هه‌ردوو حیزبه‌كه‌یان نیشانی خه‌ڵك نه‌داوه‌، ده‌سه‌ڵات بودجه‌‌و دارایی‌و سامانی ئه‌م خه‌ڵكه‌ی قۆرخ كردوه‌، به‌ڵام گه‌ره‌نتی چیه‌ ئه‌م حیزبانه‌ش هه‌مان شت دووباره‌ ناكه‌نه‌وه‌؟ ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی‌و نیشتمانی زۆرترین سازشی كردوه‌‌و مادده‌ی140ی له‌ده‌ستدا‌و به‌رامبه‌ر تۆپبارانكردنی خه‌ڵك‌و دێهاته‌كان بێده‌نگه‌‌و دڵی داگیركه‌ران له‌خۆی ناڕه‌نجێنێت، له‌هه‌ر سه‌ردانێكدا بۆ كه‌ركوك كۆمه‌ڵێك ئیمتیاز له‌كورد ده‌ستێننه‌وه‌، به‌ڵام گه‌ره‌نتی چیه‌ ئه‌مانیش هه‌مان كار ناكه‌ن، له‌كاتێكدا سێ حیزبیان پشت قایم‌و هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی ئێران‌و سعودیه‌‌و ئه‌فغانستان‌و هتد…
له‌لێدوانی یه‌كێك له‌سكرتێری چوار حیزبه‌كه‌دا "به‌و په‌ڕی نائومێدیه‌وه‌ باس    له‌وه‌ ده‌كات، كه‌برٍِیاره‌كان مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ك په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌په‌سندكردنی بودجه‌ بده‌ین كاریگه‌ر نابێت، چونكه‌ بڕیار له‌په‌رله‌مان نیه‌" به‌رامبه‌ر به‌م هه‌ڵوێسته‌ی هه‌ردوو حیزب چه‌ندجار هه‌ڵوێست‌و خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییتان كرد، بۆ ئه‌و كاته‌ ده‌ستتان له‌حكومه‌ت نه‌كێشایه‌وه‌ تاخه‌ڵكیش هه‌ستی به‌بوونی پاڵپشتێك بكردایه‌، كشانه‌وه‌‌و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن ئه‌گه‌ر مه‌رام‌و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی‌و تاكه‌كه‌سی رێگه‌بدات ئاسانه‌.
ئیدی خه‌ڵك به‌ئه‌زمون‌و سه‌لیقه‌ی خۆی له‌م سیناریۆیانه‌ تێگه‌یشتووه‌‌و توانای بڕیار دان‌و خۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی هه‌یه‌، كه‌واته‌ نه‌بونی یاسای پاراستنی مافی ئۆپۆزسیۆن له‌زه‌قكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌ زیاتر‌و به‌هانه‌یه‌ك هیچی تر نیه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ كاتێك پێكدێت كه‌هێزێكی فشاری كارا‌و خاوه‌ن ده‌ركه‌وتوو له‌مافه‌كانی گه‌ل به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌و كاته‌ ده‌سه‌ڵات ناچار ده‌كه‌ن بیر له‌داڕشتنی ده‌ستور یان ئاكتیڤانه‌ كار بۆ ته‌واوكردنی ده‌ستور‌و یاسای حیزبه‌كان بكات‌و مافی ئۆپۆزسیۆن دیاری بكات هه‌روه‌ك یاساناسان‌و شاره‌زاییان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ده‌ستوور‌و یاسای حیزبه‌كان توانای دیاریكردنی یاسای ئۆپۆزسیۆن بونی هه‌یه‌‌و ده‌ڵێن له‌هیچ شوێنێك یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌پاراستنی مافی ئۆپۆزسیۆن بونی نیه‌ هه‌تا له‌سویسراش كه‌نمونه‌ی دیموكراسی‌و پێكه‌وه‌ ژیانی نه‌ته‌وه‌‌و زمانه‌ جیاوازه‌كانه‌0
له‌كاتێكدا ئه‌وان له‌م سه‌رده‌می ته‌كنیك‌و جیهانگیرییه‌دا پشت به‌دیوه‌خان‌و پڕهێزكردنی عه‌شیره‌ت‌و خێڵ ده‌به‌ستن، ده‌بێت كام چاكسازی بێت كه‌باسی ده‌كه‌ن؟ پێده‌چێت له‌كاتی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌، ئه‌و كاته‌ بڵێین"سه‌د خۆزگه‌م به‌كفن دز".
له‌دواییدا ده‌ڵێم پێویسته‌ ئێمه‌ی  ژنان لامان ئاشكرا بێت، كه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ ده‌ستیان بۆ فره‌ژنی له‌دژی ئێمه‌ی ژنان به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستیشیان به‌رزنه‌كردبێته‌وه‌ عه‌قڵی فره‌ژنی‌و خێڵه‌كیان په‌سند‌و جێبه‌جێكردوه‌، جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وان به‌م شێوه‌یه‌ش باس له‌چاكسازی‌و مافی ئۆپۆزسیۆن بون ده‌كه‌ن كام چاكسازی‌و ئۆپۆزسیۆن؟ له‌كاتێكدا به‌درێژایی 18ساڵ نه‌یانتوانی كچان‌و كوڕانی گه‌نجی ئه‌م وڵاته‌ له‌لادان‌و بێ به‌رنامه‌یی رزگار بكه‌ن‌و كه‌مێك بۆ باری ئاسایی خۆیان بگه‌ڕێننه‌وه‌، ده‌بێت باس له‌كام تازه‌گه‌ری بكه‌ن؟.
بۆیه‌ به‌قه‌د ده‌سه‌ڵات حیزبه‌كانی به‌شداریش تاوانبارن، لاوازی ئه‌وان بوه‌ هۆی به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر ده‌نگ‌و فشاری مه‌ده‌نیانه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌بوایه‌ ئه‌وانیش توانای ده‌ست به‌سه‌راگرتنی هه‌موو كایه‌ سیاسی‌و ئابوری‌و سه‌ربازییه‌كانیان نه‌ده‌بو‌و قه‌یرانیش تا ئه‌م راده‌یه‌ قووڵ نه‌ده‌بوه‌وه‌.
Stare-arif@hotmail.com
   

Previous
Next

Leave a Reply