Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
ئایا چاودێریی پارلەمان لەسەر بودجە تەنها لەكاتی پەسەندكردنیدایە؟

ئایا چاودێریی پارلەمان لەسەر بودجە تەنها لەكاتی پەسەندكردنیدایە؟

Closed
by February 16, 2013 گشتی

 

 

 

 

بودجە، كاریگەرترین ئامرازە كە حكومەت لەڕێگەیەوە كۆی سیاسەتەكانی خۆی لەبوارە جیاوازەكانی ئابوری، دارایی، بازرگانی، زانستی، كۆمەڵایەتی، سەربازی، رۆشنبیری، …هتد جێبەجێدەكات، چونكە بودجە نەك تەنها یاسایەكە ساڵانە لەلایەن پارلەمانەوە پەسەنددەكرێت، بەڵكو پلانی حكومەتیشە كە كۆی داهات‌و خەرجیە خەمڵێنراوەكانی وڵات لەخۆدەگرێت‌و، لەو ساڵەدا جێبەجێیان دەكات.

مافی پارلەمان بۆ پەسەندكردن‌و چاودێریكردنی بودجە مێژوییەكی كۆنی هەیە، سەرەتاكەی بۆ وڵاتی بریتانیا‌و ململانێی نێوان پادشاو خانەدانەكان لەو وڵاتەدا دەگەڕێتەوە، كە سەرەنجام بوەهۆی دەرچواندنی پەیماننامەی ماگناكارتا لەساڵی 1215‌و، تێیدا پادشا پابەندكرا بەوەرگرتنی رەزامەندیی پارلەمان لەكاتی سەپاندنی هەر باجێكدا، لەدوای ئەویش چەندین پەیماننامەیتر دەرچون، كە جەختیان لەسەر ئەو مافەی پارلەمان دەكردەوە، گرنگترینیان بەیاننامەی ماف‌و هاوڵاتیی فرنسیە، كە لەدوای شۆڕشی 1789 دەرچو، تێیدا جەخت لەمافی هاوڵاتیان لەڕێگەی نوێنەرەكانیانەوە لەدڵنیابون لەچۆنێتیی وەدەستهێنان‌و داهاتەكانی وڵات دەكردەوە.

هەروا چاودێریی پارلەمانی كوردستان لەسەر بودجە بەشێوەیەكی كاریگەر بۆ خولی سێیەمی دەگەڕێتەوە، چونكە لەخولی یەكەم‌و دوەمیدا بەهۆی بارودۆخی شەڕی ناوخۆو دو ئیدارەیی، بودجە لەلایەن حكومەتەوە نەدەنێردرایە پارلەمان بۆ پەسەندكردن، بەڵام لەخولی سێیەم‌و دوای دەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن، بودجە بەشێوەیەكی بەردەوام ساڵانە لەلایەن حكومەتەوە نێردراوەتە پارلەمان، هەرچەندە لەكاتی دیاریكراوی یاسایی نەگەیشتۆتە پارلەمان، كە سەرەتای تشرینی یەكەمی هەمو ساڵێكە.

چاودێریی بودجە لەلایەن پارلەمانەوە بەشێوەیەكی گشتی لەڕوی كاتی چاودێریكردنەكەوە دابەشدەبێت بەسەر سێ قۆناغدا: قۆناغی یەكەم قۆناغی پەسەندكرنی یاسای بودجەیە، لەلایەن حكومەتەوە ئامادەدەكرێت‌و بەمەبەستی پەسەندكردنی بۆ پارلەمان دەنێردرێت. لەم قۆناغەدا مامەڵەی پارلەمان لەگەڵ پڕۆژەیاسای بودجە وەك پڕۆژەیاساكانی تر نیە، چونكە بودجە كۆمەڵێك ژمارە لەخۆدەگرێت، پلانی حكومەتە بۆ ساڵی داهاتو، بۆیە پارلەمان دەبێت بەشێوەیەكی ورد مامەڵە لەگەڵ ئەو پڕۆژەیاسایەدا بكات، كە تاچەند پابەندە بەو بەرنامەیەی لەسەرەتای متمانەپێدانییەوە لەلایەن پارلەمانەوە رایگەیاندوە. 

قۆناغی دوەمی چاودێریی بودجە لەلایەن پارلەمانەوە قۆناغی كاتی جێبەجێكردنی بودجەیە، كە لەم قۆناغەدا پارلەمان لەكاتی جێبەجێكردنی یاسای بودجەدا‌و لەماوەی ئەو ساڵەدا چاودێریی حكومەت دەكات، ئەویش بەئاراستەكردنی پرسیارو داواكردنی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە‌و بانگهێشتكردنی وەزیرەكانی حكومەت بۆ لێپرسینەوە. 

هەرچی قۆناغی سێیەمیشە، بریتییە لەقۆناغی دوای جێبەجێكردنی بودجە، كە لەم قۆناغەدا حكومەت ژمێرەی كۆتایی ئامادەدەكات‌و دەینێرێت بۆ پارلەمان، كە كۆی خەرجی‌و داهاتە فیعلیەكانی حكومەت لەخۆدەگرێت لەماوەی ئەو ساڵەدا. ژمێرەی كۆتایی گرنگترین ئامرازە كە پارلەمان بەهۆیەوە دەتوانێت دڵنیابێت لەوەی كە حكومەت پابەندبوە بەیاسای بودجەوە، كە لەلایەن پارلەمانەوە رێگەی پێدراوە یان نا.

 

بەسەرنجدان لەچاودێریكردنی پارلەمانی كوردستان لەسەر بودجەی گشتی، بۆمان روندەبێتەوە زیاتر چاودێریی پێش جێبەجێكردنی بودجەیە، لەكاتێكدا چاودێریی دوای جێبەجێكردن، كە خۆی لەپەسەندكرنی ژمێرەی كۆتاییدا دەبینیێتەوە، كاریگەرترە، چونكە لەژمێرەی كۆتاییدا هەمو سەرپێچی‌و پابەندنەبونەكانی حكومەت لەسەر بودجەی گشتی بەئاشكرا دەردەكەون، كە دەكرێت لەكاتی بونی پارلەمانێكی بەهێزو چالاكدا حكومەت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت‌و متمانەی لێبسەندرێتەوە.

 

 

هێمن رەسوڵ*

* خوێندكاری دواقۆناغی ماستەر لەبواری تەشریعاتی داراییدا.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.