Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

ئایا کۆتایی بەشار ئەسەد وەک کۆتایی ژیانی قەزافی دەبێت یان وەک هیتلەر؟

Be First!
by December 3, 2012 گشتی

 

 

 

ڕەنگە زۆرێک لە خەڵکی وای دانابێت ڕوخانی ڕژێمە دیکتاتۆریەکەی بەشار ئەسەدی سوریاش هەر هێندەی ڕوخانی ڕژێمەکەی حوسنی موبارەک یان بن عەلی و عەلی عەبدوڵڵا دەخایەنێت، چونکە لەو وڵاتانەش هەر هێندەی ناڕازیانی ڕژێم هاتنە نێو شەقامەکان و یەک دەست داوای ڕوخانی ڕژێمیان دەکرد، بەریەک کەوتن و خوێن ڕژانەکان بەو ئەندازەیە نەبوو کە دەکرا چاوەڕوان بکرێت، لەوەی ڕوخانی ڕژێمێکی دیکتاتۆر چ ئەستەمێکە بۆخۆی. بەپێچەوانەوە لەو ڕاپەڕینە جەماوەریانەی ئەو وڵاتانە کە دواجار بەرهەمەکەی کەوتە دەستە لایەنە ئیسلامیەکان، نیشانی دا ئەوە ڕاپەڕینی مەدەنیانە بوو دژی ڕژێم و دەستە دەرەکیەکان نەیان توانی بەئەندازەی وڵاتێکی وەک سوریا هێرشی پێچەوانەی چەکداری تێدا بێننە جێبەجێ کردن و خەڵکی چەکدار بکرێن بەرانبەر بە سوپا و هێزولایەنە چەکدارەکانی تری ڕژێم.

 

لیبیا تاکە وڵاتێک بوو هێزی دەرەکی ناتۆ و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بە چەک و هێز بەشداری ڕاپەڕینە جەماوەریەکەیان کرد و توانیان ڕژێمەکەی قەزافی بروخێنن. بەشداری کردنی حیلفی ناتۆ لەو جەنگەدا تا دەگات بە بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا، نەک لەبەرخاتری جەماوەری ڕاپەڕیوبوو، بەپێچەوانەوە تەنها ئامانجێک لەو جەنگە کاولکاریەدا وەدەست هێنانی زیاتری دەست بەسەردا گرتنی کانە نەوتیەکان بوو، چونکە ئەو وڵاتە لە ڕووی بەرهەمی نەوتیەوە خاوەن ئیمکاناتێکی زۆرە. دواتر بینرا خودی قەزافی و منداڵ و هاوەڵەکانی نەیان خواست ڕوو بکەنە وڵاتێکی دەرەکی، لەبەر ئەوەی ؛ خودی ئەو سەرانەی دەسەڵاتی لیبیا لەلایەن دادگای نێو دەوڵەتی لاهایی بڕیاری گرتن و بەدادگایی کردنیان بۆ دەرکرابوو، چونکە ئاستی قەتڵ و عامەکانی خەڵکی سیڤیلی وڕاپەڕیوو چوو بوە قۆناغێکی ترسناک و لەلایەکی تر بۆ ئەوەی وەک لوت شکاندنێکیش بۆ کۆی وڵاتانی جیهانی ژێر دەستی زلهێزان بسەلمێنرێت کە دەرچون لەژێر ڕەفتار و بەڵێنەکانی ئەوانی زلهێز، دواجار خۆ ئینتیحار کردن دەگەیەنیت بۆ سەرانی دەسەڵاتدار. خۆ قەزافی ئاستی نیشتیمان پەروەری و یەکسانی خوازیەکەی نەبوو کە ببێتە هۆکارێک تا دواجار لە وڵاتدا بمێنیتەوە و بەرگری لە خۆی بکات، بەپێچەوانەوە نیشان دانی ئاستی ئەو پلە بەرزەی دەگەیاند لە کەسایەتیەکی دیکتاتۆر و دژ بە کۆمەڵگا. لە لیبیایەکی دەوڵەمەندا زۆرینەی خەڵکەکەی هەژار بوون، ئازادی دەربڕین و مافی هاوڵاتی بون، بوونی نەبوو، ئەوەی تەنها سەروەر بوو خودی قەزافی خۆی بوو! قەزافیەک هەر کەسەو لێکدانەوەیەوکی تایبەتی هەبوو بۆ کەسایەتیە سیاسیەکەی و خودی ئەو لێدوانانەی دەیدا لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا، چونکە خاوەن کەسایەتیەکی تایبەت بوو وە لە سەرۆکەکانی دیکەی ناوچەکە، نەدەچوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دیکتاتۆرە هەر هێندەی هەلومەرجەکان بە بارودۆخێکی تایبەتدا کەوتەوە، ئامادەیی هاتنە مەیدانی کۆمەلگا لە دژی ڕژێمەکەی قەزافی بەرەوپێشچونی خێرای بەخۆوە دی، خودی ئەو ڕاپەڕینە بە ئەندازەیەک بوو، دواجار ناتۆ و دەسەڵاتی ئەمریکا کەوتنە پەلەکردن لەوەی خواستە جەماوەریەکەی خەڵکی ڕاپەڕیو سەرەونگون بکەن، بۆئەوەی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان نەکەونە بەر تیاچون. کۆتایی ژیانی قەزافی بەو شێوازەی کە بینیمان لە ڕێگای میدیا بینراوەکانەوە، دەری خست کە قەزافیش هیچی کەمتر نەبوو لە سەدام و دارودەستەکەی و گەرنا دەیتوانی جەنگ ڕابگرێت و ئامادەش بێت بچێتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی بۆ بەرگری کردن لەخۆی، بەڵام دیکتاتۆرەکان لە جۆرێکی زۆر تایبەتن وئامادە نین گوێ لە هیچ کەس و لە هیچ دادگایەکیش بگرن. دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت کە خودی ئەم کەسایەتیە دیکتاتۆرانە هەر هەمویان پەیوەستن بەو هەلومەرجەی کە سیستەمی سەرمایەداری وڵاتانی زلهێز، بەپێی بەرژەوەندیە تایبەتەکانیان دەروستیان کردن و دەستیان هەبوە لە کۆمەک کردنیان تا دوا ساتی ژیانیان.

 

هیتلەر یەکێک بوو لەو کەسایەتیە دیکتاتۆر و فاشیست و ڕەگەز پەرستەی کە فەلسەفەی نازیستی داهێنا و هەر خودی خۆیشی دەرئەنجامی ئەو خواستە داگیرکاریە بەرفراوانەی هەیبوو بۆ جیهان، توانی سەرکردایەتی هەلگیرسانی جەنگی دوەمی جیهان بکات، جەنگێک کە بێجگە لەوەی زیاد لە ٥٠ ملیۆن ئینسانی تێدا بوو بەقوربانی، کۆی بونیاتی کۆمەڵگاشی لەگەڵ خۆیدا وێران کرد. دیارە هۆکاری هەڵگیرسانی ئەو جەنگە جیهانیانە هەردەم پەیوەستی تەواوی هەیە بە خودی سیستەمی حاکم ڕەواوە، خودی سیستەمیش سیستەمی سەرمایەداری قازانج پەرستە، بۆ ئەو کاتی جیهانیش هێشتا لە قەیرانی ئابوری جیهانی ساڵی ١٩٢٩ ڕزگاری نەبوبوو، ئەڵمانیای ئەو سەردەمەش بەدەر نەبوو لەو بارە قورسەی لەسەر ژیانی ملیۆنان لە خەڵکی کرێکار و هەژاری کۆمەڵگا هەبوو، دەسەڵاتەکەی هیتلەریش دژی کۆی لایەنە سیاسیە چەپەکانی ئەو سەردەمەی ئەڵمانیا بوو کە لەهەوڵی ئەوەدا بوون دژایەتیەکانی سەر هیتلەر زیاتر بکەن و بتوانن بیڕوخێنن، بەشێکی تر بوون لەو خواستانەی کەسایەتیەکی دیکتاتۆری وەک هیتلەر کۆمەلگا بخاتە نێو جەنگێکی کاولکاری جیهانیەوە. ئەوەی لیرەدا بۆمن گرنگە خودی کەسایەتی هیتلەرە لە دوا ساتەکانی ژیانیدا، کە بە چ شێوازێک هات کۆتایی بەژیانی خۆی و هاوەڵەکانی هیناوە لە ١ ئایاری ساڵی ١٩٤٥ دا،(پەرتوکی خەباتی من کە لەنوسینی خودی ئەدلۆف هیتلەرە، ئەو ڕاستیانە دەخاتە ڕوو، وەک ئەوەی من لەسەرەوە باسم کردوە) هیتلەر بۆخۆی دۆڕاوی نمرە یەک بوو لە جەنگەکەدا کە دژی یەکێتی شورەوی ئەو سەردەمە بەرپای کردبوو، وە زۆریش دژایەتی خواستی سۆسیالیزم و ئەو بزوتنەوە کرێکاریانەی دەکرد، چونکە ئەڵمانیا وڵاتی پڕ لە ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان بووە. کۆتایی هاتنی ژیانی هیتلەر بەو شێوازە تایبەتەی خۆی تا ئێستاش لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت. بەڵام گەر بڵێین هیتلەر ڕایبکردایە و ئەو شێوازەی هەڵنەبژاردایە بۆ کۆتایی هێنان بەژیانی، ئاخۆ دەبوە ئەو کەسایەتیە تایبەتەی کە دوای خۆی شیکردنەوە و لێکدانەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت؟ ئاخۆ گەر هیتلەر بدرایەتە دادگای نوێرمبێرگی دوای جەنگ وەک کەسایەتیە سەربازیەکانی دیکە ڕوبەڕوی سزای لە سێدارەدان نەدەبوەوە؟ یان کۆی هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگی نەدەکەوتە ئەستۆ؟ جەنگێک دواجار کۆی نەخشەی پێشوی نێو وڵاتانی خاوەن زلهێزی هێنایە ئاڵوگۆڕێکی تایبەت و خودی ئەوروپاش چوە قۆناغێکەوە جەنگی بۆ هەمیشە لە خۆی دوور خستەوە.

 

ڕژێمە دیکتاتۆریەکەی بەشار ئەسەدیش وا پێدەنیتە زیاتر لەساڵی نێو ڕاپەڕینی جەماوەری دژی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەیو تا دێت قەتڵوعامی خەڵکی ڕاپەڕیومەدەنیش ڕوو لە زیاد بونە. خودی بەشار و سەرانی ڕژێمەکەی لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیەوە تاوانبار کراون بەوەی لە ڕەشەکوژی کۆمەڵگاکەی درێغی نەکردوە و بەردەوامیشە لەو شێوازە دەسەڵاتداریەتیەی زەمەنێکە لەسەری دەڕۆن. خودی جێگاو ڕێگای سوریاش بە شێوەیەکە نە لە تونس دەچێت وە نە لەمیسریش. ئێستا بارودۆخەکە بە شێوەیەکە هەر وەک جەنگێکی نێودەوڵەتی دەبینرێت کە خودی ڕژێم هاوپەیمانیەتێکی بەهێز ئیدامەی دەکات کە پێک هاتوە لە دەوڵەتی ڕوسیا و چین و ئێران تا دەگات بەو هەوڵە ناڕاستەوخۆیەی دەوڵەتەکەی مالیکی لەڕێگای ئێرانەوە بە ناڕاستەوخۆ کۆمەک بۆ ئەو ڕژێمە دەنێرێت، وە خودی حیزبەکەی حەسەن نەسروڵاش لە لوبنان هەمان دەور دەبینێت کە مالیکی و موقتەدا دەیبینن لە کۆمەک کردن بە بەشار و ڕژێمەکەی. بەرەی ئۆپۆزیسیۆنیش ئەو جەنگە بەوەکالەتە دەبەنە پێشەوە کە خودی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و ئەوروپا دەیخوازن بە سەرکردایەتی دەوڵەتەکەی ئەردۆگان. ئەم هاوکێشەیە بەوجۆرەیە کە بارودۆخەکە دەمێکە لە ئاست مەسەلەی ڕاپەڕینی جەماوەری چوەتە دەرەوەو، خۆی خستۆتە نێو قۆناغێک کە ناڕاستەوخۆ زلهێزان دەوری سەرەکی تێدا دەبینن. بۆیە پێدەچێت ئایندەی ژیانی بەشار ئەسەد لەو دوو شێوازەدا بێت کە هیتلەر و قەزافی بە نسیبیان بوو، وە ناتوەانین بەتەواوەتی بڵێین چارەنوسی وەک کامیان دەبێت! بەڵام ئەگەرەکان وادەبن کە یەکێک لەو دوو شێوازە ببێت بە چارەنوسی کۆتایی ژیان. چونکە  بارودۆخەکان بە شێوازێکن ڕێگا نادات بەوەی بەشار هەڵبێت بۆ وڵاتی دوەم، ئەوە نەک بەوەی بەشار خۆی بڕیاری داوە وڵات بەجێ نەهێڵێت و تا دوا سات ئامادە بێت بەرگری لە خۆی و دەسەڵاتەکەی بکات، بەڵکو لەو ڕێگایەوەیە کە دەبێت بۆ دواجار گەر بەشار هەڵهات ڕوبەڕوی دادگای نێو دەوڵەتی بکرێتەوە، لەو کاتەشدا تەنها شکستێکی زیاتر دەخاتە نێو ئەو مێژوە تاریکەی تا ئێستا هەیبوە  لە دەسەڵاتەکەیدا.

 

قەیرانی دارای ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨ وە بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی هێنایە دەرەوە، دواتر خودی ئەو قەیرانە نەک هەرچارەسەر نەکرا لەو وڵاتەدا بەڵکو هەروەک نەخۆشی سەرەتان کۆی جیهانی سەرمایەداری گرتەوە و بە ئەندازەیەکی زۆریش زەرەرەکەی تەنها بۆسەر شانی چینی کرێکار و خەڵکی هەژاری ئەم جیهانە بوە. ئاڵوگۆڕەکان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریقادا، بۆخۆی پەیوەندیەکی لە پچڕان نەهاتوی هەیە لەگەڵ ئەو قەیرانە گەورەیەی کە بە قەیرانی دارایی ناسراوە. هەلومەرجی ئاڵۆزی ئێستای سوریاش، پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بەو هەلومەرجە نێو ددەوڵەتیە قەیران گرتوەی سیستەمی سەرمایەداریەوە هەیە. دیارە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات کە ئێستا دابەش کراون بەپێی یان لە ڕێگای بەکار هێنانی مەزهەبیەوە بۆ دوو بەرە، بەرەی سونی گەرایی و بەرەی شیعی، بۆخۆی هێندەی تر خواستێکی کوێرانە دەدات بە ئاڵوگۆڕەکان و، هەر وەک ئەوەی خەڵکی زەحمەتکێش و بەرهەم هێنەر ئەسڵی مەسەلەکەیان لەسەر کێشە مەزهەبیەکان بێت لە بەرانبەر ڕژێمەکانیاندا!. ئەوە بۆخۆی پرۆژەی گڵاوی سەرمایەداریە کە دەتوانێت هەر جارەو بە جۆرێک مەسەلە نەتەوەیی و مەزهەبیەکان بۆخۆی بەکار بهێنێت و جەنگە چینایەتیەکە بەوە پەردە پۆش بکات. ئاستی ستراتیژی وڵاتی سوریاش بۆ بەرژەوەندیەکانی زلهێزانی جیهانی تەنها گرنگیەکەی لەو خاڵەدایە کە بە ئاسانی توانرا خودی ڕاپەڕینە جەماوەریەکە سەرەونگون بکەن و دابەشی بکەن بەسەر بەرەی شیعی سەربەدەسەڵات و بەرەی سونیدا کە زیاتر باڵی ئۆپۆزیسیۆن دەگرێتەوە. ئەم کارەش، تەنها بۆ هەردولای زلهێزان بەسودە. ئایا دەتوانین بڵێین باشترە پشتگیری لەبەرەی هیدایەت داری دەسەڵاتەکەی بەشار بکەین باشترە یان لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆن کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا تا دەگات بە هاوپیمانە ناوچەییەکانیان؟ بێگومان پشگیری کردن لە هەریەک لەم دوبەرەیە بۆخۆی پشتگیری کردنە لە بەرژەوەندیە ناعەدالەتیەکانی ئەو زلهێزانەی سیستەمی سەرمایەداری خاوەنداریەتی دەکەن. دیارە دەتوانین بڵێێن ڕژێمەکەی ئەسەد بۆدواجار دەبێت بکەوێت و بەرەی هیدایەت کاریشی شکست دەخوات گەر جیهان نەخەنەوە نێو جەنگێکی دیکەی نێونەتەوەیی وەک دوو جەنگە کاولکاریەکەی تر، وە لەگەڵ کەوتنی ڕژێمەکەی بەشاریشدا، نەخشە ڕێگاکان بۆ دابەشکردنەوەی وڵاتانی ژێر نفوسی زلهێزانی جیهان بە ڕابەرایەتی ئەمریکا  و بەتایبەتیش پاراستنی هەیمەنەتی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، کە گرنگیەکی تایبەتی هەیە لەم هەلومەرجەی سوریادا،دەگۆڕدرێت و وەکیلەکانیان لە ناوچەکەدا ڕۆڵی نوێیان پێدەدرێت، ڕۆڵ بینینێک بۆ ئەوەی جارێکیتر لە ژێر ناوی گۆڕانی کۆمەڵگا بەرەو کرانەوە و دیموکراسیەت، خۆڵ بکەنەوە بە چاوی ئەو زۆرینەیەیی کە خواستی ژیانێکی ئازاد  و بی ترسی هەیە و بۆ جارێکی تر سیستەمی فرە دیکتاتۆریەتی بخەنە جێگای سیستەمی تاک دیکتاتۆریەتی لە ناوچەکەدا. 

تاهیر حاجی حەسەن

١/١٢/٢٠١٢

 

Previous
Next

Leave a Reply