Skip to Content

Friday, January 15th, 2021

ئایدیۆلۆژیاکان و گێلکردنی مرۆڤ…3

Be First!


ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم

لەڕووی تیۆرییەوە، ناسیۆنالیزم یەکێکە لە قورسترین ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی کە پێویستیی زۆری بە مەعریفەی سیاسیی و کولتووریی هەیە، تا بەتەوایی راڤە بکرێ. ئێمەی کورد کەمترین زەخیرەی فیکرییمان لەبەردەستدا نییە، نە بە تێکست و نە دیسکۆرسی سیاسیی، بۆیە بە دڵنیاییەوە بابەتێکی فیکریی زۆرقورسە بۆ لێکدانەوە. پێویستبوو کتێبخانەی کوردیی خاوەنی لای کەم سەتان کتێبی کوردیی و وەرگێڕدراو بووایە.  ناسیۆنالیزم وەک بەرهەمی مۆدێرنیزم سەیر بکرێ یان وەک ئایدیۆلۆژیایەکی مۆدێرن بۆ دەمەزەردکردنەوەی خەباتی رزگاریخوازیی کورد، لە دیدی ئەنتۆنی سمیسەوە، دەبووایە سەری ( لۆکاڵیزم، ناوچەگەرایی، شێخ و تەریقەت، بەرەبابیی و بنەماڵەیی، خێڵ و دایەلێکت و خزمخزمێنە …….تاد)ی بەتەواویی پانبکردایەتەوە. وەک دیفاکتۆ، ناسیۆنالیزمی کوردیی نەک ئەو سەرپانکردنەوانەی نەکردووە لەپێناوی رەهەندێکی نەتەوەیی بەرین و مەودا فراواندا، بەڵکو خودی ناسیۆنالیزمی کوردیی هاوچەرخ، دەرگیری ئەو تاعوونانە بووە. ( بەسیاسیی و حیزب و ئەکادیمیستەکانیشیەوە).
ناسیۆنالیزمی کوردیی، فۆرمی جیاواز جیاوازی لە خۆگرتووە. ئیڕیدێنتیزم Irredentism  خراپترین فۆرمی خۆخۆرەوە و کڕووزاوەی ناسیۆنالیزمی کوردییە، جگە لەوەی یەک هەنگاوی عەقڵانیی نەهاویشتووە. لە ناوچەکەدا، کوەیت بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبیی (عێراق) ناو بەناو ئەم ئیڕیدێنتیزمە دەلاوێنێتەوە. هەروەها ئیڕیدێنتیزمی ناسیۆنالیزمی تورکیی پۆست عوسمانییەکان جاروبار باسی ویلایەتی موسڵ دەکەن. پەکەکەش، سەردەمێ ئایدیۆلۆژییانە کوردستانی گەورەی دەسازان و ئێڕیدێنتیزمی  کوردستانی چوار پارچەی بۆ ئەجێندای حیزبیی دەلاواندەوە. لەئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، وێڕای زەوتکردن و دابڕانی بەشێکی زۆری خاکی کوردستان لەلایەن ناسیۆنالیزمی عەرەبییەوە، وێڕای حەقانییەتی گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە وەک ویستی خەڵکەکەی، بەڵام ناسیۆنالیزمی بنەماڵەیی و عەشایەریی  کورد بۆ بازاڕگەرمیی سیاسیی، ناوبەناو لەگەڵ هەندێ ئەکادیمیستی کورددا گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان وەک شیعاری سیاسیی، لە دوو توێی ئیڕیدێنتیزمی کوردییدا دەورووژێنن.
لە لایەکیترەوە، ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرای(تاراوگەی) کوردیی، لە خراپترین فۆرمی سیاسیی و کولتووریی و کۆمەڵایەتییدا دەردەکەوێ. بەشێکی بۆ بێئاگایی و ناهۆشیاریی و نەدانیی( لەڕووی مەعریفەوە) ئەو تاک و گرووپانە دەگەڕێتەوە، بەشێکێشی بۆ کەللەوشکیی و حیقدێکی کوێرانەی ناسیونالیستیی دەگەڕێتەوە. دروستتر ناسیۆنالیزمی تاراوگەی کوردیی زیاتر لە زینەفۆبیاوە  xenophobia( بە مانیفێستکردنی ترس) نزیکترە تا لەچەمکە فڕانسییەکەوە کە بە شۆفینیزم chauvinism، یان لە چەمکە ئینگلیزییەکەشەوە، جینگۆییزم jingoism  ناسراون، چونکە شۆڤینیزم و جینگۆییزم هەردووکیان بەخۆوەنازینێکیان self-esteem لەچەمکە نەتەوەییەکان تێدایە، کەچیی ناسیۆنالیستە زینەفۆبیاکانی کوردستان و تاراوگەی کوردیی خۆیان جەهلیان لێ دەچۆڕێتەوە، خۆخۆرن لەناو یەکترییدا، زۆربەیان لە سادەترین ئەرک و مەودا فیکریی و سیاسییەکانی دۆکترینی ناسیۆنالیزم نەگەیشتوون، وێڕای ئەو سەرگەردانییانەش، بێ سێ و دوو رقیان لەنەتەوەکانی عەرەب و تورک و فارسە. بەکورتییەکەی ناسیۆنالیستبوونەکەیان بە رادیکاڵیزمی رقبوونەوە لەنەتەوەکانی تر دەسەلمێنن.

Walter Lecquer پێیوایە، یەکێک لە ناشیرینییەکانی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم ئەوەیە، کاتێ بەنەتەوەکەی خۆیەوە نازیی و ئەوانیتری بە چرووک سەیرکرد، ریاڵیزم دەخاتە لاوەو ئایدیالیزم بەرچاوی دەگرێ و لە ئەفسانە داتاشیندا باڵادەست دەبێ. ئەم ئایدیۆلۆژیایە، بە مەغزا شۆڤینیەکەی، دەرەتانی بیرکردنەوەو گەشەکردنی ئاسایی لە مرۆڤ دەبڕێ. مرۆڤ لەچوارچێوەیەکدا قەتیس دەکات و دنیا بەڕەشوسپیی دەبێنێ و هەموو رەنگەکانی تر  لەچاویدا کاڵ دەبنەوە. ناسیۆنالیزم تەنیا هزری بەلای خاک و ئاو و وڵات و خوێن و رەگەز و زمان ( لەناو ناسیۆنالیستە زینەفۆبیاکانی کورددا ئەمە بۆ خەڕەکی زاراوەکان ورد کراوەتەوە)……………تاد دەڕوات. هەموو جوانییەکانی ژیان و مرۆڤایەتیی لای ناسیۆنالیزم پیسن و هەموو پیسییەکانی خۆیشی بە جوانیی دەبینێ و دەناسێنێ. بەکورتییەکەی ناسیۆنالیزم وەک کۆیلەی کەفوکوڵ و عاتیفیی، ناز دەکات و دژایەتی ئینتیلێکچواڵەکان و خەڵکانی مرۆڤدۆست و راشنالیزم دەکات. بەمپێێە ناسیۆنالیزمی کوردیی مێژوویەکی لە گەندەڵکردنی مێژوودا هەیە، مێژووی کوردی ناشیرین کردووەو قێزەون پیشانی جیهانی دەرەوەی دەدا.
 لەڕووی تیۆرییەوە، بۆ ئەوەی مۆخی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەباشیی کاربکات و خۆی تەواو خەستوخۆڵ بکاتەوە، پێویستە لای کەم وەک بێنەدیکت ئەندەرسن لەسەر تیۆریی ناسیۆنالیزم پێیوایە، نەتەوەی ساغڵەم بەواتا سیاسییەکەی  لە تاک و گرووپە وابەستەکانی ئەو نەتەوەیە پێک دێت کە ئینتیمایان بۆ یەک خاک و یادەوەریی هاوبەش و زمان هەیە. کورد لەڕاستییدا، لە ئاستی پارچەکانی کوردستاندا خاکێکی یەکگرتووی نییە و باشتریشە مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیعدا بکات، تا بەسەفسەتەو ئەندێشەسازیی، دەوڵەتێکی زیهنیی دابمەزرێنێ. یادەوەریی هاوبەشیش ئەگەر هەیشبێ بەڵام بەحوکمی دابڕانی کولتووریی و سیاسیی لە چاڵدێرانەوە و نەبوونی قەوارەیەکی سیاسیی بۆ تێکئاڵانی یادەوەرییەکان، دابڕانێکی کولتووریی گەورەی لەنێوان کوردەکاندا دروستکردووە. زمانیش وەک یەکێک لە رەگەزە سەرەکییەکانی نەتەوە، زۆر بەشەرمەزارییەوە کورد تا هەنووکە زمانێکی فەرمیی ددانپێنراوی بە بڕیارێکی سیاسیی دووربینانە، لای کەم لە هەرێمی کوردستاندا نییە. خودی ئەوانەی ئیدیعای ناسیۆنالیستبوون دەکەن، زمانی کوردییان بەسەر کۆمەڵێ دایەلێکتدا دابەشکردووە.
وەک فاکت، بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی  کوردستانی رۆژهەڵات، ئینتیمایان بۆ ئێران و پانئێرانیی هەیە، ئەمەش مافێکی ئازادانەی خۆیانە و تا ڕادەیەکیش عەقڵانییەتی تێدایە کە کورد و فارس وەک دوو رەگەزی سەرەکیی ئێرانیی تێکەڵاوییەکی مێژوویی قووڵیان هەیە. کوردەکانی کوردستانی باکوور، تووشی دۆخێکی سەختی دابڕانی کولتووریی بوونە. ئەوەی بە بەشەکانی ترەوە بیانبەستێتەوە، هەلومەرجی جێۆپۆلیتیکی قەندیلەو پێداویستیی زەمانە وایانی لێکردووە کە حیزبی پرۆکسیی لە بەشەکانی تردا دروست بکەن. کوردستانی باشووریش، بڕوا ناکرێ هیچ ناسیۆنالیستێکی نەتەوە سەردەستەکان، ئێرەیی بەو بارودۆخە سیاسییەی هەرێم بەرن. وێڕای ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ریفراندۆمەکەی ٢٠٠٥ دا جیابوونەوەیان هەڵبژارد، بەڵام لەکاتێکدا کەرکوک نە گەڕێنراوەتەوە، نە کراوە بەهەرێمێکی سەربەخۆ بەزۆرینەیەکی کوردییەوە، جاروبار فووی ناسیۆنالیستیی بە باڵۆنی بەدەوڵەتبوونی  کورددا دەکرێ. لەولایشەوە ناسیۆنالیزمی کوردیی کەم فیکرو کەم مەعریفە وەک بارۆمەتر لەگەڵ دروشم و حەماسە حیزبیی و شەخسیی و ناوچەگەراییەکانی دەوڵەتی کوردییدا! هەڵدەستن و قوڵپ دەدەن و پێکەوەش خامۆش دەبنەوە.  
یەک حیزبی ناسیۆنالیستیی و یەک ئەکادیمیستی ناسیۆنالیستی ناسراوی کوردمان نەبینی متەقی(نطق) لێوە بێ و بڵێ دەوڵەتی کوردیی بەوشێوەیە دروست نابێ. ئەوەی گوترا، بەدڵی ئەوانیش بوو. ئەوانەی رەخنەیان لەو ئەجێندا ئێسنۆ-ناسیۆنالیستە کوردییە لۆکاڵییەی بە دەوڵەتبوون گرتووە، سیاسیی و رۆشنبیرانێک بوون کە چەمکی هاوڵاتییبوون و نیشتمانییبوون و مافی چارەی خۆنووسی گەلی کورد لە حەماسی نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی عەشیرەتیی جودا دەکەنەوە.  ناسیۆنالیزم، زیانی زیاتری بۆ گەلی کورد هەیە تا بە دەستکەوتەکانی دەگات. سەرەڕای ئەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیی، ناسیۆنالیزمێکە ئیڕیدێنتیزمی لێ دەتکێتەوە، ناتوانێ کوناودەری ناوچەگەرایی و عەشیرەتگەرایی و لۆژیکی خێڵ و حیزب و زاراوەی دەڤەرێک بکات، بەتەواوییش تێیاندا قەتیس بووە.
کورد مافێکی رەوای خۆیەتی سەربەخۆیی سیاسیی و کولتووریی بەسەر خاک و نیشتمانەکەیدا هەبێ. بەڵام ئەمانە بە پەمپدان و دیسکۆرسی ناسیۆنالیستیی لەدنیای نوێدا ناڕۆنە پێشەوە. کوردەکان ئەگەر لەیەک پارچەی کوردستاندا سەربەخۆیییان هەبووایە، واتە بیانتوانیایە دەوڵەتێکی نیشتمانیی بۆ پارچەیەکی کوردستان دروست بکەن، ئیتر تەواوی حەماس و شەوق و نۆستاڵژیای کوردبوون و نەتەوەییبوون و ئایدیۆلۆژیای ئێسنۆناسیۆنالیزمی کوردیی لەتەواوی پارچەکانی تردا، کەم تا زۆر خاو دەبووەوە. قازانجێکی سیاسیی و کولتووریی گەورەش بە بەشەکانی تر دەگەیشت و لەچوارچێوەی دەوڵەتەکانی تێیدا دەژین، دەیانتوانی بە زۆرینەی  داواکارییە سیاسیی و کولتوورییەکانیان بگەن، بەڵام رێگری سەرەکیی لەم ئاراستەیەدا، ئەو دەوڵەتانە نیین کە کوردستانەکانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵکۆ مێنتاڵیتی حیزب و سیاسیی و ناسیۆنالیستە ئیڕیدێنتیستەکانی کوردن کە رێگری سەرەکیین. شەڕی زەعامەت و قەڵەمڕەویی و حیزبی قائیدی ئومەی کوردیی تا هەنووکەش بەگەرمیی لەنێوان چەند حیزبێکدا برەوی هەیە. هەر ئەم قاچکێشانەوە حیزبییانە بەسە بۆ ئەوەی کۆڵەکەی ئەو دەوڵەتە کوردییەی جاروبار دیزایین دەکرێ، بڕوخێنێتەوە.
دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای دروستبوونییەوە وەک زەینەب ئاریکانڵی پێیوایە، وڵاتێکە مانیفێستەکەی لە پرۆسێسی بنیاتنانیەوە لەسەرحکومەتی فرە-سەر(polyarchy) و ئایین و ئۆین(tergiversations ) دروستبووە. ئەستەمە لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەرێمییەکاندا، گرەوی کرچوکاڵی ئێسنۆ-ناسیۆنالیزمی عەشیرەتیی کورد، بەم مێنتاڵە خێڵەکیی و زینەفۆبیایە بچێتە پێشەوە. سەبارەت بە کۆڵۆنیالیزەی کوردستان لە ٩٠ ساڵی رابردووداو بیرکردنەوەی هەنووکە لە دیکۆڵۆنایزەی decolonisation چوار وڵات پێکەوە، خۆبەخۆ کورتبینیی و جەهلی سیاسیی و کولتووریی ناسیۆنالیستە کوردەکان دەگەیەنێ. دەکرێ عێراق لە داهاتوودا دیکۆڵۆنایزە بکرێتەوە، بەڵام  پێوندیی بە فەشەلی سیاسیی عێراقەوە هەیە لەگەڵ ئیرادەی نیشتمانیی گەلی کوردستان لە کوردستانی عێراقەوە، بەهاوکاریی دەیان فاکتەری ناوخۆو دەرەوە ئەم هەنگاوە دەنرێ، نەک بە حەماس و بێزاربوونی حیزبێک یان کۆمەڵێ ناسیۆنالیست لە عێراقی مالیکیی .
سەرەنجام ئەو توێشووە ئایدیۆلۆژییانەی ناسیۆنالیستە کوردەکان بۆ داهاتووی هەرێمی  کوردستان بەتایبەتیی و کوردستان بەگشتیی هەڵیانگرتووە، کوردستان بەرەو خۆکوژییەکی سیاسیی زۆر سەرشێتانە دەبات، ئەگەر رەخنەی عەقڵانیی لە میتۆدی ئایدیۆلۆژیی و مانیفێستە زینەفۆبیاکانیان نەگیردرێ. ئەم هات و نەهاتەی دەوڵەتی کوردیی، ئەگەری ئەوەیشی هەیە کە هەرێمی کوردستانیش بەرەو پارچەپارچەبوونێکی تر بەرێتەوەو کێشە قووڵ و مێژووییەکانی عوسمانییە سوننەکان و سەفەوییە شیعەکان لەسەری کوردستانی عێراقدا بشکێتەوە. وردتر بگوترێ لە هەڵوەشاندنەوەی سبەینێی عێراقدا، چەند بەدڵی کوردەکان دەبێ، دەیانجار بەدڵی تورکیەو ئێران دەبێ. سەرەنجام ئەم مقۆمقۆی بە دەوڵەتبوونە، کەرکوک بۆ هەتا هەتایە لەدەست دەردێنێ و ناسیۆنالیزمی کوردیی هەر دەبێ لەخۆی بدات، یاخود بە( ئەگەری زۆر لاوازەوە) وەک گەڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ تورکیە، بە هەندێ پروتۆکۆڵی سیاسیی و ئابووریی لەگەڵ ئەو ناوچانەی لە ٣١ی ئابەوە لە ژێر دەستی پارتییدان ببن بەبەشێک لە ئۆتۆنۆمییەکی تورکمانیی- کوردیی، لەولاشەوە شەڕی زەعامەت و خاوەندارییەتی کێشەی کورد لەنێوان پەکەکە و پارتییدا بۆ چەندین دەیەی تر درێژەی بکێشێ و تورکیەش تەماشاکار بێت. لە ئەگەری هەر سیناریۆیەکی دۆزەخیی لەم چەشنە، نە دەوڵەتێکی کوردستانیی دروست دەبێ و نە ئیرادەی مرۆڤی کوردیش ئازاد دەبێ، هەرێمی کوردستانی عێراقیش بەکەرکوکیشەوە لەبار دەبرێ.
ناسیۆنالیزمیش وەک پانئیسلامیزم و کۆمۆنیزم و ئایدیۆلۆژیاکانی تر، رۆڵێکی زۆری لە گێلکردنی مرۆڤدا هەیە. ئەگەر بڕیارە ناسیۆنالیزم، رەهەندە نەتەوەییەکانی گەلێک بە مەنزڵی دڵنیایی بگەیەنێ، ئەوە باشترین کارێک کە دەیکات، پێویستە لە کوردستانی تورکیەدا دەستبەرداری چەک و خەباتی گەریلایی ببێ، لای کەم گەورەترین شەرمێک بە تەوێلی هەردوو ناسیۆنالیزمی پانتۆرانیی و کوردییەوە هەبێ، ئەوەیە کە کوردستانی تورکیا لەڕووی گەشەی ئابووریی و کولتوورییەوە لەشوێنێکی زۆر خراپدایە، ئەگەر بەرهەمی ئەم ناسیۆنالیزمە بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی تورکییە، ئەوە فاشیزمی نەتەوەیی و ئیسلامیی تورکیە بە بیانووی خەباتی چەکدارییەوە، نیوەی کوردستانی تورکییەی لە کولتووری جاشیەتییدا غەرقکردووە.
لەکوردستانی باشووریش ئەگەر ئەم هەڵپاچین و داپاچینەی ناسیۆنالیزمی کوردیی بۆ بەدەوڵەتبوون، ئەوە بێ کەرکوک تا هەنووکە لەناو خاشاکدا نغرۆ بێ، یەک لەسەر پێنجی گەنجی کورد بێکار بێ، لەبەرامبەریشدا ئۆلیگارشە سیاسییەکەی دەسەڵات، بە میلیۆن بڵێن یەک، ناسیۆنالیزمێک کە هەرێمی کوردستانی لەڕووی سیاسیی و پاوەنخوازیی حیزبییەوە یەک نەخستبێ و کێشەی کەرکوکیش نزیکەی دەیەیەکە بە ماددەی ١٤٠ و ٥٨ بەنگکراوە، پارەی نەوتی نەوەی ئێستا و داهاتووش بچێتە گیرفانی تەنیا دوو حیزب و هەندێ کەسی بنەماڵەکانی خۆیانەوە، باسکردنی دەوڵەتی کوردیی و هەڵچوونی ناسیۆنالیستەکان، حەتحەتۆکەی نەتەوەییەکان و گێلکردنی مرۆڤی کورد و خۆدزینەوەو قەیران دروستکردن نەبێ، هیچیتر نییە.


بەشی سێیەم و کۆتایی
کامیار سابیر

Previous
Next

Leave a Reply