Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ئــەو دیوی تێكستَێكی فۆلكلۆری دە ڤـەری (كۆیـە)

ئــەو دیوی تێكستَێكی فۆلكلۆری دە ڤـەری (كۆیـە)

Closed
by October 17, 2012 ئەدەب

 

 

      دەگوترێ ئەدەبی فۆلكلۆر ئاوێنەی بێغەل و غەشی واقیعحاڵی میللەتانە. شایەر و بێژەرو قسەزان و دنیادیتەوحەكیمەكانیان، لە ئان و ساتی خۆیدا، بە زمانی سادەو پاراو خۆشرەوانی خاڵی لە تەسەنوع، خەون و دیدو مراز و مەراقی خۆیان هەڵرشتووەو گرتە بایەخدارو بەرچاوەكانیان تۆماركردوەو  بیسەرە داخ لە دڵ و دەروون سوتاوەكانیش، خۆیانیان تێدا دۆزیوەتەوەو ئەزبەریان كردوە.

       دە ڤەری (كۆیە) لە كوردستانی باشووردا، لەبەر قامتێ تایبەتمەندی خۆی، یەكجار دەوڵەمەند بووە لە ئەدەبی فۆلكلۆر و میللیدا، سەت حەیف و مەخابن، ئەوەندەی تۆماركراوە ، نەختەكی یەكجار یەكجار كەمە  لە چاو ئەوەی كە بەساڵچووەكان ئاماژەیان پێداوە. گلەییەكەش دەخریتە ئەستۆی ئەدیب و رۆشنبیرو خۆێندەوارەكانی ساڵانی زوو ـ تێڕادەیەك ئێمەمانانیش دەگرێتەوە ـ لە قەدرنەزانینی ئەو گەنجینەیە و نەپاراستنی.

  لەم (16) تێكستە فۆلكلۆرییەی لە سەر زاری دایكەمەوە (*) تۆمارمكردوە، دیمەنێكی یەكجار جوانی بێمیكیاژی كۆمەڵی كوردەواری دەڤەری (كۆیە) دەبینبن، كە دەكرێ بەم چەند سەرە قەڵمە تۆخیكەمەوە:

كیژان و كچانی دڵسووتاو وئەشق لەسەر، بەوپەڕی ئازادی و دەنگی زوڵاڵەوە، سۆز ئەڤین و خۆشەویستی راست و دروستی خۆیان دەربڕیوەو بۆ هاوڕاز و دەستەخوشكانی خۆیان گوتوتەوە و كەسیش لە باوك و براكانیان نە دەستیان لێبەرزكردونەتەوە نە هیچ نارحەتی و سەغەڵتییەكیشیان دەرحەق نیشانداون.

بە زمانێكی زاری كۆیانەی كۆن، تێكستەكانیان داڕشتووەو وەك ئاووزرزرە لە گەروی خۆشیان دەرچووە.

ناوی چەند شوێن و هەوارێكیان پاراستووە ، كە رەنگ بێ ئێستا ئاسەواریان نەما بێ  ، وەك: باخچەی هەواوان كە لە ناو شاری بووە لە دەوری گەرەگی (هەواوان) لە كۆیە / گردی جادری كە لە نزیك گوندی تۆپزاوایە ، بەرەو هەولێر / حوجرە كە پڕ بووە لە كوڕی لاو گەنجی فەقێ و موستەعید و شاگرد / پردی حاجی یەحیا كە لە تەنیشت پردی حاجی بەگم و پردێ بووە لە گەرموك و شیوی ڕەزان لە كۆیە. 

دیوی كۆمەڵایەتی ئەو تێكستانە نیشانی دەدەن كە لە سەردەمی شەری جیهانی         ( شەری نێوان ئینگلیز و روس) گوتراون، جوولەكە لە شاری كۆیە ژیاون و كچە كۆیش حەزیان لێكردن و كوڕەگەنجەكان روونیان لە سەری داوە تا كاكۆڵیان لوس بێ و پشتێنی شاڵی (كرمان )یان بەستووەو ملی مۆریان لە ملكردوە. سعاتی باخەڵیان بە زنجیر بەستووە.

فەرهەنگێكی وشەی زاری كۆییان پاراستووە. وەك: ڕەش و بێشە / فەسڵێ= كاتێ/ كورەلاو / كندر/ مەغبەرێ= مەقبەرە = گۆڕستان / جووتم = هاوسەرم 

تێكستەكان وێنەی هونەری ناسكیان تێدایە ، وەك: لە كونە زەنگیانان راودەكەن / لۆخۆم دەگرم یەخەی سعات / خوا قەرەم و چارەنووسە / خۆ من جوتیارنیم جووتم بولبول بێ، تۆم رەیحان و خەرمانم گوڵ بێ

لە رووی ئایینەوە ، غەیرە ئیسلامەكانیش بە ئاسوودە ی و بێ كێشە لە گەڵ خەڵكی شاردا ژیاون. زۆریش باوەڕیان بە قەدەرو چارەنووس و مەرگەوە هەبووە.

ئەمەش تێكستەكان:

1

ئــەو گــەڕكە چ گـەڕكــــە

فەسڵێ لاوك رووی تێدەكا

جــەهەنەم بی خۆشی دەكا. 

2

ئــەو گــەڕەكە چــەنــد كــافرن

قــەدری غــەریبــان نــاكــرن

لایــان وایــە قــەت نــامــرن.

3

بمبــەنــە كــردی جــادری

بمبــەستنــەوە بـە كنـدری

دەست هەرناكرم لە قادری.

4

بمبــەنــە بـاخچـەی هـەواوان

بمبـەستنــەوە بـە دوو داوان

دەست هەرناكرم لە كوڕەلاوان.

5

ئـەو كـوڕلاوە چـاو بـەرەكـە

شـاری كرمـان لە كـەلـەكـە

وەختە لۆی ببمـە جوولەكە.

6

وەختێ دەمبـەن لو مـەغبـەرێ

سعاتێـك دامنێــن لــە سێبــەرێ

هــەتــا لاوكــم دێـــتە ســـەرێ.

7

فەسڵێ قەبــرم دەكــن میــرات

لۆخۆم دەكـرم یـەخــەی ســعات

هــەر لــەبــۆ خــۆم ببمە لـەیــلات.

8

ئـەو هـەتیـوە زەرد ئـەسمـەرە

لـە كونە زەنگیــانــان راوكــەرە

دەچیە ســەفەر ئەمنیش بەرە.

9

ئـەو هـەتیــوە كــاكول لووســە

كــاغــەزەكــم لـۆ بنــووســــە

شــەری ئینگلیـز و عروســـە

خوا  قــەرەم و چارەنووســە.

10

فــەسڵی قــەبــرم دادەڕێــژن

قـەبرم بـە گـوراوێ داڕێـژن

هـەتا لاوك دێ نــەمنێژن.

11

چــاوی رەشی رەش و بێشــە

ئەبرۆی قەیتان ، قەرەم كێشە

تــۆ بــەگزادە من دەروێشـــە

ئیــزراعیــل روحــم بكێشـــە.

12

هەرمگرن بــە چــوار دەســتان

بمبەن لۆ حوجرەی چاو مەستان

شینم لۆ بكەن بە چوار دەستان.

13

هەرمگرن بــە پێنج و دوو

بــمبــەنە گـەرەكـی ژوورو

شینم لۆ بكەن مل بە موورو.

14

كـەزیـت پردی حاجیحیایە

بەشــت خۆشــە لە دنیــایـە

ئیمانم چــاوی لـەیلا یە.

15

خــۆ من جــوتیــارنیم

جــووتــم بــولبــول بێ،

تـۆم رەیحان و 

خەرمانم گوڵ بێ،

پیشەی عاشقان

             هەر گوڵ چنین بێ!

*(زبیدە عەبدوڵڵای كەبابچی) دایكم لە ساڵی (1934) لە شاری كۆیە هاتۆتە دنیا.

 

فـازیـل شەوڕۆ

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.