Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

ئه‌ركی له‌پێشینه‌ی تاك له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا

Be First!
by June 29, 2009 گشتی

 

دوای ئاشكراكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان له‌(25/7) له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌دانیشتنێكی په‌رله‌مانی كوردستاندا، له‌گه‌ڵ ده‌نگدان بۆ دیاریكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ده‌نگی خه‌ڵك، له‌هه‌مانكاتیشدا (111) ئه‌ندامی تازه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه‌ دیاریده‌كرێن، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشیه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا ژماره‌یه‌ك قه‌واره‌ به‌لیستی جیا له‌م پرۆسه‌یه‌دا پشكدارن‌و له‌ئێستاوه‌ جۆش‌و خرۆشی خه‌ڵك ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌شداریكردنی رێژه‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی لێدوانی به‌رپرسانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئاماده‌سازی ته‌واو له‌هه‌موو روێكه‌وه‌ بۆ به‌رێوه‌چوونی پرۆسه‌كه‌ له‌واده‌ی دیاریكراو و به‌به‌شداری ژماره‌یه‌كی زۆر له‌چاودێرانی بیانی كراوه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی كاتی پروپاگه‌نده‌ له‌لایه‌ن لیست‌و قه‌واره‌كان، لێره‌وله‌وێ‌ له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی  راگه‌یاندندا باس له‌چه‌ند كارێكی دوور له‌رێنماییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن‌و به‌ده‌ر له‌بنه‌ماكانی دیموكراسی له‌لایه‌ن دۆست‌و لایه‌نگرانی لیسته‌كاندا ئه‌نجامدراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ كرداره‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئاستێك ببنه‌هۆكاری مه‌ترسی، وه‌لێ‌ هه‌موو كارێك له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موولایه‌كمان پێش ئه‌وه‌ی بیرله‌وه‌بكه‌ینه‌وه‌ ده‌نگ به‌كێده‌ده‌ین‌و كار بۆ سه‌ركه‌وتن‌و سه‌رخستنی كامه‌ لیست ده‌كه‌ین، ئه‌ركی هه‌رتاكێكمان خۆدوورگرتنه‌ له‌هه‌رجۆره‌ كارێك كه‌ببێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی پشێوی‌و له‌كه‌داركردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه‌وا هه‌ڵبژاردنێكی چاره‌نوسساز ده‌بێت بۆ داهاتووی به‌ڕووبارێك خوێن وه‌ده‌ستهاتوه‌ی باشوری كوردستان، دواتریش ئه‌ركی هه‌رتاكێكی هه‌رێمی كوردستانه‌ ببینه‌ پاسه‌وان‌و پارێزه‌ر بۆ به‌بێگه‌رد تێپه‌ڕاندنی ئه‌م پرۆسه‌ دیموكراتیه‌ی ده‌سته‌به‌ری مافی هاوڵاتی بوون بۆ دیاریكردنی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌كات، خوانه‌خواسته‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌مانخاته‌به‌ر به‌رداتاشی زه‌مانه‌و مێژوو هه‌رگیز لێمان نابورێت، له‌هه‌مانكاتیشدا باجێكی زۆر له‌سه‌ر كورد به‌گشتی ده‌كه‌وێت‌و له‌م شكسته‌ هه‌ستانه‌وه‌ ئاسته‌م ده‌بێت، چونكه‌ چاوی زۆرێك له‌وڵاتانی جیهان به‌دۆست‌و نه‌یاره‌وه‌ له‌ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردان له‌باشوری كوردستاندا ده‌بێت، كه‌وایه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌مجاره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن زامنی پاراستن‌و پاڵپشتی وڵاتانی زلهێزی جیهانه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان‌و وڵامێكی كه‌مه‌رشكێنیش ده‌بێت بۆ دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و چه‌پكه‌گولێكیشه‌ بۆ دۆستانمان له‌هه‌رسوچێكی گۆی زه‌وی.  
    

Previous
Next

Leave a Reply