Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

ئه‌رێ به‌راست ده‌سكه‌وته‌كان مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌؟….مه‌جید ساڵح

Be First!
by April 1, 2009 گشتی

ئه‌رێ به‌راست ده‌سكه‌وته‌كان مه‌ترسیان له‌سه‌ره‌؟
مه‌جید ساڵح

ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسی حزبی و حكومی لێره‌و له‌وێ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هێشتا ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی به‌ده‌ست هاتوون ده‌ڵه‌مه‌ن و ترسی ده‌ره‌كی زۆر له‌ ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كیسمان بچێت. ئه‌م قسانه‌ هه‌مان ئه‌و قسانه‌م بیر ده‌خاته‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دورو درێژ هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌یاندا به‌ گوێ خه‌ڵكدا و ده‌یانوت "حكومه‌ته‌كه‌مان ساوایه‌" و ده‌بێت ته‌حه‌مولمان هه‌بێت. دواتر ده‌ركه‌وت حكومه‌ته‌كه‌مان ساواكه‌مان "دوانه‌یه‌"و پێكه‌وه‌ نایانكرێت، بۆیه‌ دوای شه‌ڕێكی ماڵوێرانكه‌ر و خوێناوی، یه‌كێكیان له‌ به‌ هاوكاری دۆستان ئه‌وی تری له‌ هه‌ولێر ده‌رپه‌ڕاند و ناچاری كرد  سلێمانی بكاته‌ پایته‌خت.
با له‌ خۆمان بپرسین ئایا به‌ڕاستی ده‌سكه‌وته‌كان ده‌ڵه‌مه‌ن و ترسی له‌ ده‌سچونیان له‌سه‌ره‌؟
ئێمه‌ ده‌زانین له‌ عێراقدا ده‌ستورێكی هه‌میشه‌یمان هه‌یه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خواسته‌كانی گه‌له‌كانی تێدا فه‌راهه‌م كراوه‌. "په‌رله‌مانی سه‌ربه‌خۆ، حكومه‌تی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ، 17% بودجه‌ی عێراقمان له‌ به‌رده‌ستدایه‌، مافی دروستكردنی سوپای هه‌رێمی كوردستانمان هه‌یه‌، 6 ساڵه‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و شه‌نگارمان له‌ژێر ده‌ستدایه‌……..له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر هه‌مواركردنێكی ده‌ستور پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ عێراقیه‌كان ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن و گه‌ر سێ پارێزگا نارازی بوو ئه‌وا هه‌مواركردنه‌كه‌ سه‌ر ناگرێت.
له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمیش به‌ پێی راگه‌یاندنی حزبه‌كان وه‌زعمان له‌ گه‌ڵ توركیا و ئێران زۆر باشه‌و به‌ نسبه‌ت سوریاشه‌وه‌ مانگ نییه‌ چه‌ندین ته‌نه‌كه‌ هه‌نگوێنی كوردستان نه‌چێت بۆ ماڵی سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د و وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كانی و نمه‌ك گیر ده‌به‌ن گه‌ر ناحه‌قیمان له‌ گه‌ڵ بكه‌ن.
له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌ گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌، هه‌ر به‌ پێی راگه‌یاندنه‌كانی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات بێت له‌ لوتكه‌دایه‌و زۆربه‌ی وڵاتانی ئۆروپی و به‌ ئه‌مریكاشه‌وه‌ پشتگیریمان لێده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ده‌ستوری عێراق سه‌ید ئه‌حكام بێت.
كه‌واته‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ چین له‌ سه‌رمانن؟ من پێم وایه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌وتوه‌ته‌ سه‌ر سكه‌ی خۆی و مه‌ترسیه‌كی ده‌ره‌كی وای له‌ سه‌ر نه‌ماوه‌، هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌و په‌ڕی زۆربه‌یان  به‌ فیدراڵی كوردستان رازین و مافی خۆشیانه‌ نه‌یانه‌وێت به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق فیدراڵی بێت.
حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه‌ ترسی گه‌لی هه‌رێمی كوردستان زۆر جیاوازه‌ له‌و ترسه‌ی كه‌ به‌رپرسانی كوردستان هه‌یانه‌. ترسی خه‌ڵك ئه‌وه‌یه‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پێشكه‌وتن به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینی و هه‌رێمه‌كه‌ی ئه‌میش له‌ شوێنی خۆیدا په‌نته‌رناش ده‌كات. به‌ڵام ترسی به‌رپرسانی هه‌رێم له‌وه‌یه‌ ئه‌و ره‌فاهیه‌ت و شانشینیه‌یان له‌ ده‌ست بچێت كه‌ خۆیان و ماڵ و منداڵیان و بگره‌ خزمه‌كانیان تێدا ده‌ژین. خه‌ڵك باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون حكومه‌تی مه‌ركه‌زی و ئه‌منی به‌سره‌و ناسریه‌و تكریت به‌ خه‌ونیش بێت تازه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك.. پیشاندانی بێچوه‌ گورگ به‌ خه‌ڵك بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌، نه‌ك له‌ خه‌مخۆری.
خه‌ڵك له‌وه‌ تێگه‌یشتوون كه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ ماڵی خۆمان رێكخه‌ینه‌وه‌و له‌ رێگه‌ی حكومه‌تێكی هه‌رێمی چالاك و خه‌مخۆر و دور له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی حزبی و په‌رله‌مانێكی ئه‌كتیڤ و سیستمێكی دادوه‌ری مۆدێرن و دابین كردنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، ده‌توانین رێگه‌ له‌ ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌كی بگرین، نه‌ك به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕو شۆڕ.

Previous
Next

Leave a Reply