Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

ئه‌فسانه‌ی سه‌رۆك …. عه‌زیز ڕه‌ئووف

Be First!

 

 

 

كه‌م چركه‌سات هه‌یه‌ بارته‌قه‌ی ئێسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی قسه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی سه‌رۆك یان جێهێشتنی پۆسته‌كه‌ی بكرێت، كه‌م سات هه‌یه‌ بارته‌قای ئه‌م ساته‌ی ئێسته‌مان  كۆمه‌ڵگه‌ پڕ بێت له‌ باسكردن له‌ باشییه‌كانی سه‌رۆك له‌لایه‌ك و كه‌م و كوڕییه‌كانی له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ كه‌ سیاسه‌ت له‌م وڵاته‌ له‌سه‌ر سكه‌ی خۆی نیه‌ و ئیشكالێك هه‌یه‌، ئه‌گینا ئه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆك دیاری ده‌كات و هه‌ر هه‌ڵبژاردنیشه‌ ئه‌م پۆسته‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌شت ساڵه‌ ئه‌م پۆسته‌ ئه‌زموون ده‌كات و ناشاردرێته‌وه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌دا مه‌سه‌له‌ی خزمه‌تگوزاری لێده‌رچێت( ئه‌ویش وه‌كو پێویست نا)، سه‌رجه‌م كێشه‌كانی تر وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌. له‌ بوونی دوو ئیداره‌ییه‌وه‌ بۆ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و نه‌بوونی یاسا و ده‌ستور و فه‌زڵی حزب به‌سه‌ر هاوڵاتیدا و نه‌بوونی له‌شكرێكی یه‌كگرتووی كوردی و ئازادنه‌بوونی ئابووری له‌و ده‌ركه‌وته‌ ناشرینانه‌ بوون له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی چاره‌سه‌ریان بكات، به‌ڵكو هه‌ر خودی خۆیان به‌شێك بوون له‌ كێشه‌كان.

له‌ ئێستادا هه‌وڵێك له‌ ئارادایه‌ بۆ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ چوار ساڵی تر و گه‌ڕان به‌دوای به‌نده‌ یاساییه‌كاندا تاكو شه‌رعیه‌ت بۆ خۆهه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی  بدات بۆ چوار ساڵی تر. ئه‌مه‌ش بێ هیچ شتێك ناشرینكردنی ده‌م و چاوی پرۆسه‌ی دیموكراسییه‌. گه‌وره‌یی سه‌ركرده‌ ئه‌و كاته‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ بزانێت زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش ده‌نگی پێ ده‌دات و به‌ڵام بۆ جوانكردنی ڕوخساری دیموكراسی ئاماده‌ نین خۆیان هه‌ڵبژێرنه‌وه‌. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ نیه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك به‌ مه‌زنی بچێته‌ ناو مێژوو، به‌ڵكو زیاد له‌هه‌وڵێك ده‌خاته‌ گه‌ڕ كه‌ جارێكی تر سه‌رۆك بێت له‌كاتێكدا بێئاگا له‌وه‌ی مرۆڤی مه‌زن كورسییه‌كان سومعه‌ی بۆ دروست ناكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ جێهێشتنی كورسییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی مرۆڤه‌كان مه‌زنتر ده‌كات، نێڵسن ماندێلا له‌ ئه‌فریقای باشور باشترین نمونه‌یه‌.

ئه‌وه‌ی پێی وایه‌ له‌ ئێستادا پێویستمان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌، به‌ئاشكرا پێمان ده‌ڵێت ئه‌م وڵاته‌ له‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردندا زۆر لاوازه‌، ئه‌وه‌ی پێی وایه‌ له‌ ئێستادا پێویستمان به‌ بارزانییه‌ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، ئه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت كه‌ هه‌ر خودی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ كه‌ نه‌یتوانیوه‌ لانی كه‌م له‌م هه‌شت ساڵه‌دا نه‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تی ته‌نانه‌ت له‌ناو حزبه‌كه‌ی خۆشیدا ئاماده‌ بكات. مێژووی نوێ پڕه‌ له‌م جۆره‌ سه‌رۆكانه‌ی كه‌ پێیان وابووه‌ ئه‌گه‌ر خۆیان حوكم نه‌كه‌ن ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌ ناتوانێت خۆی به‌ڕێوه‌ ببات. سه‌ركرده‌ و شۆڕشه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی پڕ بوون له‌و سه‌رۆكانه‌ی كه‌ هه‌ر خۆیان به‌ هه‌ڵگری حه‌قیقه‌ت ده‌زانی، دواجاریش خۆیان بوون به‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌دا.

ئه‌وه‌ی پێی وابێت كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك نه‌بێت كۆمه‌ڵگه‌ گورگ ده‌یخوات، ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌سه‌لمێنێت له‌مێژه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌وڵی پیرۆزكردنی خۆی ده‌دات و زیاد له‌نه‌وه‌یه‌كی ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ستایشكردنی و زیاد له‌ هه‌وڵێكیش ده‌دات كه‌ سه‌رجه‌م ده‌رگاكان دابخات و به‌ خه‌ڵكیش بسه‌لمێنێت ئه‌وه‌ ته‌نها خۆیه‌تی ده‌توانێت ده‌رگاكان بكاته‌وه‌.

هه‌شت ساڵی ڕابردووی سه‌رۆكی هه‌رێم هێنده‌ جوان نه‌بوو تا بیه‌وێت ماوه‌یه‌كی تر حوكم بكات. له‌م هه‌شت ساڵه‌دا له‌بن ده‌ستی سه‌رۆكدا دنیایه‌ك ملیاردێر و ملیۆنێر دروست بوون كه‌ وه‌ك دێوێكی گه‌وره‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر بازاڕدا گرتووه‌ و زۆرینه‌ی ئه‌مانه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌تونێڵی سیاسه‌تدا تێپه‌ڕیون . كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رخۆر و خوڵقاندنی دۆخێكی نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و ده‌ركه‌وتانه‌بوون كه‌ سه‌رۆك به‌چاوی خۆی ده‌یبینێت و هه‌ر خۆی به‌شێكه‌ له‌ خوڵقاندنی ئه‌و دۆخه‌.

ئێستا زیاد له‌ هه‌وڵێگ ده‌بینین كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌یه‌وێت ماوه‌یه‌كی تریش حوكم بكات. به‌ڵام ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی تردا ده‌ژێت و سه‌رۆك ئه‌گه‌ر خۆشی كاندید بكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ری دۆڕاندنی هه‌یه‌. به‌ڵام جوانكردنی سیماكانی دیموكراسی قوربانی ده‌وێت و ده‌بێت سه‌ركرده‌كان ده‌سبه‌رداری ته‌ماحه‌كانی خۆیان بن. 

هه‌ر سه‌رۆكێك دوای دوو خول ئاماده‌بێت خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه‌، ئه‌وا نیه‌تی خراپه‌ و ده‌یه‌وێت ئاینده‌ له‌سه‌ر خۆی و نه‌وه‌كانی تاپۆ بكات. 

Previous
Next

Leave a Reply