Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

ئه‌مریکا بۆچی له‌ پشتی شۆفێنیزمی حکومه‌تی تورکیا دژ به‌ خه‌لکی کوردستان راوه‌ستاوه‌

Be First!
by January 10, 2008 گشتی

حسام ئازاد…..
ماوه‌یه‌کی زۆره‌ شۆفێنیزمی حکومه‌تی تورکیا له‌ کوردستانی تورکیا تاوان و وه‌حشیگه‌ری ئه‌نجام ده‌دا.وه‌ ئێستا بۆته‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ ئاستی ناوچه‌که‌، هه‌رجاره‌ی به‌ بیانوویه‌ک خه‌لک ده‌داته‌ به‌ر هێرش و زیانی گیانی و مالیان لێ ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆی دورست بوونی نائه‌منی و ئاواره‌بوونی زۆربه‌ی گونده‌کانی سه‌ر سنور.
هاوکات له‌گه‌ل شوفێنزمی حکومه‌تی ئێران و سوریا و عێراقیش دژ به‌ خه‌لکی کورد جه‌بهه‌ی اعلان نه‌کراو پێک دێنێ. ئێستا له‌ئاستی ناوچه‌که‌و دونیاش دا له‌ئاستێکی به‌رفره‌وان بۆ خه‌لک روون بۆته‌وه.‌ پ-ک-ک به‌هانه‌یه‌کی دیاری کراوه‌ که‌به‌ده‌سته‌وه‌ی گرتووه‌. ئه‌و جه‌ره‌یانه‌ هه‌ر چیه‌ک بێت به‌رهه‌می ئه‌و شوفێنیزمه‌یه‌. ئه‌گه‌ر فه‌رز بکه‌ین ئه‌و خه‌ونه‌ی تورکیا بۆ نه‌مانی پ-ک-ک بێته ‌دی کێشه‌ی حکومه‌تی تورکیا هێشتا له‌گه‌ل خه‌لکی کورد ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌وله‌تی تورکیا ناچاره‌ شوفێنیزمی خۆی چاره‌سه‌ر بکات. له‌ غه‌یری ئه‌وه‌  هه‌ولوو تێکۆشانی خه‌لک  بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه‌کانیان هه‌ر درێژه‌ی ده‌بێت و چه‌ندین گروپوو جه‌ره‌یانی تریش پێک دێت.
مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی لێره‌دا ئه‌و شۆفینیزمه‌یه‌، دیاره‌ له‌ دونیای ئینسانی و ئازادیخوازی ئه‌مرۆ شه‌ری شۆفینیزم به‌ شۆفینیزم جواب نادرێته‌وه‌‌، یان دیفاع کردن له‌خه‌لک به‌کوشتنی خه‌لکی تر چاره‌سار ناکرێت.حکومه‌تی تورکیا بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنیزمه‌ کێشه‌ی پ-ک-ک زۆر گه‌وره‌ ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌زمه‌ی له‌سه‌ر دورست ده‌کات و ئه‌زمه‌کانی خۆی پێ په‌رده‌پۆش ده‌کات. ئه‌گه‌ر قه‌راره‌ خه‌لکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ کوشتار و خوێن رشتن دوور بخرێنه‌وه‌ هه‌نگاوی یه‌که‌م چاره‌سه‌ر کردنی شۆفینیزمی خودی حکومه‌تی تورکیایه‌.
لێره‌دا ئه‌مریکا له‌ پشتی ئه‌و شؤفینیزمه‌یه وه‌ستاوه‌، هه‌لوێستی ئه‌و وولاته‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ پره‌ له‌ درۆ و ریای و فریووکاری. ماوه‌یه‌ک له‌وه‌و پێش خودی تورکیا ئاشکرای کرد که‌ ئه‌مریکا چه‌کو ئیمکانیاتی شه‌ر به‌ پ-ک-ک ده‌دات.له‌ ئاستی دونیاو ناوچه‌که‌ قسه‌یان له‌سه‌ری کردو ئاشکرایان کرد. مه‌به‌ستی ئه‌مریکا له‌وکاته‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ پ-ک-ک بۆ مه‌به‌ستی دیاری کراو به‌شوێن خۆیدا رابکێشی. به‌تایبه‌تی پژاک به‌شیکی ئێرانی ئه‌و رێکخراوه‌یه‌،پاشان ئه‌مریکا رووی له‌ پ-ک-ک وه‌رگێرا وه‌ ته‌ئکیدی دوباره‌ی له‌سه‌ر تیرۆریزم بوونی ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ کرده‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌ زمانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا رایانگه‌یاند که‌ گوایه‌ پ-ک-ک دوژمنی خه‌لکی ئه‌مریکایه‌.
ئه‌وه‌ مانایه‌کی واقیعی نیه‌ جیا له‌ پشگیری کردنی شۆفێنیزمی حکومه‌تی تورکیا دژ به‌ خه‌لکی کورد. دیاره‌ ئه‌مریکا له‌ ئێستادا مه‌به‌ستی سیاسی دیاری کراوی هه‌یه‌. له‌ حاله‌تی گشتی دا سیاسه‌تی دیاری کراوی بۆ دیفاع له‌ داخوازی خه‌لکی کورد نیه‌.
پاش ئه‌وه‌ی که‌ په‌رله‌مانی تورکیا بریاری له‌شکرکێشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستانی عێراق په‌سه‌ند کرد،له‌گه‌ل چه‌ند به‌رپرسێکی حکومه‌تی عێراقیش چاوپێکه‌وتنیان کرد. پاشان له‌سه‌ر پرۆژه‌ی هێرش کردن بۆ سه‌ر سنوره‌کانی کوردستانی عێراق به‌ به‌هانه‌ی شه‌ر له‌گه‌ل پ-ک-ک رێکه‌وتن. له‌و دانیشتنه‌ی که‌ له‌نێوان ئۆردوغان و بۆش له‌ ئه‌مریکا کرا ئه‌و پرۆژه‌یان ساغ کرده‌وه‌ وه‌ پاشان ناوه‌ندێکی هاوکاری نێوان ئه‌مریکاو تورکیایان له‌ ئه‌نقه‌را پێکهێنا. له‌و کاته‌وه‌ هێرشی سه‌ربازی تورکیا بۆ سه‌ر سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستی پێکرد،تاکو ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌. له‌وباره‌یه‌وه‌ حکومه‌تی عێراقیش هیچ کارێکی عه‌مه‌لی یان ناره‌زایه‌تییه‌کی به‌رچاوی دژ به‌ تورکیا نیشان نه‌داوه‌.
له سه‌ره‌تاوه‌ حکومه‌تی ئه‌مریکا له‌هه‌ولی ئه‌وه‌دابوو هاوکاریه‌کانی خۆی له‌گه‌ل تورکیا ئاشکرا نه‌کات، به‌لام حکومه‌تی تورکیا ئاشکرای کرد که‌ ئه‌مریکا پشتیوانی لێ ده‌کات، پاش ماوه‌یه‌ک، زۆر راشکاوانه‌ ئه‌مریکا هاوکاریه‌کانی خۆی راگه‌یاند.
راستیه‌که‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌لاله‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌ دانیشتنی ئۆردوغان و بۆش دارێژرا،وه‌ پاشان به‌ئاگاداری حکومه‌تی عێراقیش‌ راگه‌یاندرا. ئه‌مریکا وه‌ک وولاتێکی داگیرکه‌ر که عێراقی داگیرکردوه‌ مه‌سئولیه‌تی پاراستنی هه‌موو سنووره‌کانی ئه‌و وولاته‌ی له‌سه‌ر شانه‌، به‌لام ئه‌مریکا نه‌ک ئه‌و مه‌سئولیه‌ته‌ی جێ به‌جێ نه‌کردووه‌ به‌لکو له‌و پرۆژه‌یه‌دا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی گێراوه‌ بۆ مه‌به‌ستێکی سیاسی دیاری کراوی خۆی.
هه‌رچه‌ند لێدان له‌ ‌هێزه‌کانی پ-ک-ک مه‌به‌ستی تورکیایه‌ به‌لام هه‌ده‌فی سه‌ره‌کی نیه‌، بۆمباران کردن و لێدانی گونده‌کانی بناری قه‌ندیل که‌ پ-ک-ک لێ نه‌بووه‌،ئه‌و راستیه‌ ئاشکرا ده‌کات.‌ ئه‌و هێرشانه‌ی که‌ دژ به‌ پ-ک-ک ئه‌نجام ده‌درێت له‌ راستیدا مه‌به‌ستی ترساندن و نیگه‌ران کردن و پاشه‌کشه‌ کردنه‌ به‌ خه‌لکی کوردستانی عێراقه‌. له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌و مه‌سه‌لانه‌ که‌ له‌گه‌ل حکومه‌تی عێراق هه‌یانه‌ وازبێنن، وه‌هه‌روه‌ها‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌لکی کوردستان بکه‌وه‌نه‌ نائومێدی و زۆر له‌سه‌ر داخوازه‌کانیان پێ دانه‌گرن.‌جا دورست بوونی باروودۆخێکی له‌و باره‌ له‌گه‌ل ستراتیژی ئێستای ئه‌مریکا له‌ عێراق زۆر پێویسته‌.
ئه‌مریکا ده‌یه‌وێ به‌ رێکخستنی ئه‌و گروپ و هێزانه‌ی که‌ حکومه‌تی عێراق پێک ده‌هێنن ده‌سه‌لاتی سیاسی به‌رێ بخات و خۆی له‌ گیروگرفتی ئه‌وان دوور بخاته‌وه‌، وه‌ به‌ده‌ستێکی پر به‌‌شوێن مه‌به‌سته‌کانی تریدا بروات. ئه‌گه‌ر ئێستاش تورکیا هێرشه‌کانی خۆی  بۆ سه‌ر سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان رابگرێت، دواتر ئه‌مریکا هه‌ر وه‌ک و ئامرازی ترساندنی خه‌لکی کورد که‌لکی لێ وه‌رده‌گرێت و ده‌یکاته‌ فشارێک بۆ رازیکردنی خه‌لکی کورد به‌ شتێکی که‌م.
هه‌ر به‌و ده‌لیله‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌و هه‌موو ناکۆکیه‌ی که ‌له‌گه‌ل ئێران هه‌یه‌تی له‌ هێرشه‌کانی ئێرانیش بۆ سه‌ر سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان چاو پۆشی ده‌کات.
لێره‌دا هه‌لوێستی حیزب و ده‌سه‌لاتداران له‌ په‌رله‌مانی کوردستان جێ ی سه‌رنج راکێشانه،‌ ئه‌وان‌ که‌ خۆیان به‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا ده‌زانن نه‌یان ویست خۆش باوه‌ری خۆیان به‌ ئه‌و وولاته‌ که‌م بکه‌نه‌وه‌ یان شکی لێ بکه‌ن.
بۆیه‌ جیا له‌ هه‌ندێ هه‌لوێستی تاکه‌ که‌سی به‌بێ په‌یوه‌ند له‌گه‌ل یه‌کتر له‌باره‌ی عه‌مه‌لیه‌وه‌ کارێکی دیاریکراویان نه‌کرد، وه‌ له‌باری سیاسی و دبلۆماسی‌ هه‌ولی به‌رچاویان نه‌دا.
هه‌روه‌ها پێشیان گرت له‌ ناره‌زایه‌تی و خۆپیشاندانی کۆمه‌لانی خه‌لکی کوردستان. زۆر جار که‌ خۆشیان گیرو گرفته‌کان باس ده‌که‌ن، وه‌ها له‌خه‌لک گه‌وره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ له‌جیاتی ناره‌زایه‌تی و راوه‌ستانه‌وه‌، به‌ره‌و ئه‌و جێگایه‌یان ده‌به‌ن که‌ مه‌به‌ستی پرۆژه‌که‌ی بۆش و ئۆردوغانه‌.

Jan/2008

Previous
Next

Leave a Reply