Skip to Content

Friday, May 7th, 2021

ئه‌م ده‌قه‌شانۆیه‌ چی ده‌كات له‌ مه‌ڵبه‌ندی 25 ی یه‌كێـتی ؟

Be First!
by August 12, 2009 گشتی

نــان  له‌تاریكدا چنگ ناكه‌ویًَ ئه‌گه‌ر مۆم ێكت بۆهه‌ڵ نه‌كه‌ن
پێشڕه‌و حه‌مید


ده‌قی شانۆی ( تۆكوڕی كامیانی جه‌لاد یان قوربانی ) كه‌ له‌كۆتای ساڵی 2008 دا به‌به‌رهه‌م تاو له‌گه‌ڵ هاوڕێ شانۆكاره‌كانماد بڕیارماندا له‌ڕۆژی شانۆیی جیهاندا نمایشی بكه‌ین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داوای ( هۆڵی ڕۆشنبیری ) ماكرد له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری ده‌ربه‌ندیخان , به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆشنبیری ده‌ربه‌ندیخان داواكاریه‌كه‌مان ڕه‌فزكرایه‌وه‌ , به‌بیانوی ئه‌وه‌ی هۆڵ بۆ پرۆژه‌كردن نییه‌و ته‌نها ده‌توانن  بۆنمایشكردن به‌كرێ‌ بمان ده‌نه‌ێ‌ , له‌كاتێكدا ته‌نها یه‌ك هۆڵ له‌و شاره‌داهه‌یه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و هۆڵه‌ نه‌درێته‌ شانۆكاران بۆپرۆژه‌كردن ئه‌وا ده‌بێت له‌ماڵ یان له‌شوێنێكی هاوشێوه‌ی ماڵێك خۆت ئاماده‌به‌كه‌ی  , به‌ڵام دوای چه‌ندین جار دوباره‌كردنه‌وه‌ی داواكاریه‌كه‌مان یه‌كێك له‌ فه‌رمانبه‌رانی ڕۆشنبیری ده‌ربه‌ندیخان به‌ناوی كاك ( حه‌سه‌ن محمد ) گیانی هاوكاری كردنی تێدابو به‌ڵام سه‌رله‌نوێ‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ره‌وه‌ داواكاریه‌كه‌مان شكتی هێنا , تائێره‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ئاساییه‌ به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌شانۆكاره‌كانی شاری ده‌ربه‌ندیخان هاوڕێم  ( سیروان ڕه‌فعه‌ت )  له‌گه‌ڵ ( م . محمد ڕه‌وف ) سه‌رقاڵی ده‌رهێنان و كاركرن ده‌بن له‌شانۆی ( گوێبگره‌ پیاوی بچوك ) ی ( ولیام ڕایش ) دا به‌رله‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ته‌موزی راِبردو , له‌لایه‌ن ڕۆشنبری ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ هۆڵه‌كه‌یان پێده‌درێت بۆ پرۆژه‌كردن و دوای دوو ڕۆژ له‌پرۆڤه‌كردن كلیلی هۆڵه‌كه‌یان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌ و پێان ده‌ڵێن كه‌ كلیله‌ی هۆڵه‌كه‌ له‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌نده‌ی 25 ی یه‌كێتی نیشتیمانی یه‌ ؟! ئه‌و انیش بۆوه‌رگرتنه‌وه‌ی كیله‌كه‌ ده‌ڕۆنه‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ند و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندپێان ده‌ڵێت كه‌ كلیله‌كه‌ لای كارگیڕی مه‌ڵبه‌نده‌ به‌ناوی ( نه‌ریمان مه‌جید ) كه‌ خۆی یه‌كێكه‌ له‌شانۆكاره‌ دێرینه‌كانی ئه‌و شاره‌ , دوای داواكردنی كلیلی هۆڵه‌كه‌و هۆكاری بونی ئه‌و كلیله‌ لای مه‌ڵبه‌ند ( نه‌ریمان مه‌جید ) پێیان ده‌ڵێت كه‌ نمایشكردنی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ ی له‌ئێستادا شتێكی باشنیه‌ و به‌زه‌ره‌ری لیستی كوردستانی ده‌شكێته‌وه‌ و ده‌قه‌كه‌ قسه‌له‌سه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ و مێژی پارتی و یه‌كێـی ده‌كات ؟! به‌ڵام كاتێك ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌قه‌ی ( پێشڕه‌و حه‌مید ) نییه‌ كه‌ كاری تێدا ده‌كرێت و ده‌قه‌كه‌ی ( ولیلم راِیش ) ه‌ , خێرا ته‌له‌فون ده‌كات و ئه‌و كه‌سه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌ی ( پێشڕه‌و حه‌مید ) ی له‌ هۆڵه‌كه‌وه‌ بردووه‌و ته‌سلیمی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێـتی كردوه‌ و ئاگاداری ده‌كات كه‌ زانیاریه‌كانت هه‌ڵه‌یه‌ ؟! هه‌روه‌ها ناوچه‌ی پارتی دیموكرات له‌ده‌ربه‌ندیخان داوه‌ده‌كه‌ن له‌ هه‌ردو ده‌رهێنه‌ره‌كه‌ كه‌یه‌كێكیان پارتییه‌ له‌كاتی پرۆڤه‌كردنه‌كاندا ئاماده‌بن ؟ چونكه‌ هێشتا بڕوابه‌وه‌ناكه‌ن كه‌ كام ده‌قیان نمایش ده‌كرێت له‌ڕۆژی دیاری كراودا ؟
پاش ته‌وای ئه‌م ڕوداوانه‌ شانۆگه‌ری ( گوێ‌ بگره‌ پیاوی بچوك ) ی ولیام ڕایش له‌ ڕیكه‌وتی ( 13/7/2009 ) بۆماوه‌ی یه‌ك ڕۆژ نمایش ده‌كرێ‌ .
بۆزانیاری خوێنه‌ران ده‌قه‌كه‌ی ( من )  لای كاك سیروان ده‌بێت و له‌هۆڵی ڕۆشنبیری به‌جێ‌ ده‌هێڵێت ؟ چونكه‌ پێشتر ده‌قه‌كه‌مان كۆپی كردبو بۆچه‌ندانه‌یه‌ك و دام به‌چه‌ند ئه‌كته‌رێك بۆئه‌وه‌ی خۆیانی بۆئاماده‌به‌كه‌ن , به‌لاچم كاتێك كه‌هۆڵه‌كه‌یان پێنه‌داین نه‌مان توانی نمایشی بكه‌ین و ئه‌و ده‌قه‌ لای سیراون مایه‌وه‌و له‌كاتی پرۆڤكردنی ده‌قه‌كه‌ی خۆیدا ده‌قه‌كه‌ منی لابو له‌ هۆڵه‌كه‌ به‌جێشی هێشتبو .
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌سته‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ ئه‌و ده‌قه‌ی من له‌ مه‌ڵبه‌ندی 25 ی ده‌ربه‌ندیخانی یه‌كێتی چی ده‌كات ؟ كێن ئه‌وانه‌ی جاسوسی به‌سه‌ر فیكره‌وه‌ ده‌كه‌ن ؟ له‌كام جیگای دونیادا هه‌بوه‌ كه‌ به‌رله‌نمایشكردن جاسوسی به‌سه‌ر ده‌قی ئاماده‌كراوه‌وه‌ بكرێت به‌رله‌نمایشكردنی ؟ ئه‌و ده‌قه‌ی من جگه‌له‌وه‌ی كۆمه‌لچێك هه‌قیه‌تی مێژوی له‌خۆده‌گرێت و توڕه‌بونی ناخی چه‌ند بونه‌وه‌رێكی هه‌ستیاری ئه‌م كۆمه‌لچگه‌ی له‌خۆیدا كۆكردو وه‌ته‌وه‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕیگه‌ی نمایشه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ی بكات , ئاخۆ چیی تری تێدا بو ؟ لیستی كوردستانی و مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێـتی و ناوچه‌ی پارتی بۆچی زه‌نده‌قیان له‌تێكستی ده‌قه‌شانۆیه‌كه‌ چی بو ؟ ئه‌و جاسوسه‌ی ده‌قه‌كه‌ی بردو ته‌سلیمی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی كرد چه‌ندی وه‌رگرت له‌وهه‌مو پاره‌یه‌ی كه‌ له‌كاتی پرۆسه‌ی بانگه‌شه‌كاندا به‌خشرانه‌وه‌ ؟ .
له‌ساڵی 2003 له‌ شانۆی ( بازنه‌كانی ده‌سه‌ڵات ) دا كه‌له‌شاری ده‌ربه‌ندیخان نمایشمكرد كه‌ ڕێگه‌ی یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌كانمه‌وه‌ وتم ( تف له‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ئه‌م دۆزه‌خه‌ی بۆدروستكردین ) ئێستاش له‌دوای شه‌ش ساڵ له‌ ئاراسته‌كردنی ئه‌و حیواره‌  ده‌ڵێم ( نه‌فره‌ت له‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ نه‌یان توانی تۆزێك له‌و دۆزه‌خه‌مان له‌كۆڵ بكه‌نه‌وه‌ ) .
خوێنه‌رانی به‌ڕێز له‌خواره‌وه‌ ته‌واوی ده‌قی شانۆیه‌كه‌ ده‌خوێننه‌وه‌  :

تــۆ كوڕی كامیانـی , جه‌لـلاد یان قوربانی
( ئه‌وه‌ فه‌ساد بونی ئه‌قڵه‌ , ژیانی كردو وه‌ته‌ گۆڕستان )
                                                                            پێشـڕه‌و حـه‌مـید  

كه‌سی یه‌كه‌م : كه‌سێكی سه‌یری , زمانت وا ده‌ڵێت , بالێت بپرسم ( تۆ ) له‌كام شوێنی خه‌ونه‌كانی خۆت دایت ؟
تۆ كوڕی كامیانی ؟  به‌رله‌وه‌ی وه‌ڵامێكت هه‌بێت , ڕێگه‌م بده‌ بونت بخوێنمه‌وه‌ ( تۆ ) ده‌مێكه‌ گومان له‌ خه‌ونه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خه‌ونه‌كانی خۆت ده‌كه‌ی .. ڕێگه‌م بده‌ باله‌وه‌ زیاتر ڕێگه‌ت نه‌ده‌م له‌سه‌ر ئیهانه‌كردنم به‌رده‌وام بیت ؟!
(  كه‌سی دوهه‌م ده‌یه‌وه‌ێت قسه‌كانی پێببڕێت  و كه‌سی یه‌كه‌م  به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر قسه‌كردن )
بهێڵه‌ با ( تۆ ) وه‌ك ئه‌و ( تۆ ) یه‌كی خاوه‌ن شوناسی خۆت بتخوێنمه‌وه‌ …. ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یكه‌ی بانگه‌شه‌ مه‌رگه‌ بۆ هه‌ردوكمان .
كه‌سی دوهه‌م : كام بانگه‌شه‌ی مه‌رگ ؟ ئه‌وه‌ ( تۆ ) چی بونه‌وه‌رێكی خه‌سیویت له‌ نێو مێشكی خۆتدا ؟
دیاره‌ له‌و كاته‌وه‌ خه‌سیویت كه‌ ئیراده‌ی خۆتت دایه‌ ده‌ست مانایه‌كی هیچه‌وه‌ , ئه‌م خۆ سڕینه‌وه‌ت له‌ كێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ ؟   تۆ …
 ( كه‌سیی یه‌كه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت )
كه‌سی یه‌كه‌م :  تۆ كابرا , له‌ژێر سێبه‌ری باڵای كام ( مژده‌  ) دا وون بویت ؟ بۆ ده‌ته‌وه‌ێ‌ به‌ناوی قوربانییه‌وه‌ له‌ خۆێنی من ده‌ست نوێژێك هه‌ڵبگری ؟  له‌وه‌زیاتر وون مه‌به‌ و به‌ناوی ( غه‌زای ) عه‌قڵه‌وه‌  له‌ كۆڵانه‌ تاریكه‌كانی ناختدا  مه‌حشه‌رێك مه‌خولقێنه‌ و من مه‌خه‌ره‌ به‌ره‌ی ئه‌هلی كوفره‌وه‌ .
كه‌سی دوهه‌م : گێلی …زۆریش گێلی
كه‌سی یه‌كه‌م :  داڕوخاوترین مه‌خلوقی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆتی
كه‌سی دوهه‌م : له‌نێو حیكمه‌تی هێماكاندا وه‌ره‌ده‌ره‌وه‌ , چاوه‌ڕوان مه‌به‌ لێت بپرسن چی ده‌كه‌ی ؟ هه‌میشه‌ به‌خۆت بڵێ‌ , له‌گه‌ڵ كێدابم باشتره‌ !
 به‌دمه‌ستێكی وه‌ك تۆ نه‌بێ‌ هه‌موكه‌س ده‌زانێت ( نــان ) له‌تاریكدا چنگ ناكه‌ویًَ ئه‌گه‌ر مۆمێكت بۆهه‌ڵ نه‌كه‌ن .
كه‌سیی یه‌كه‌م : نــان… ؟ تاریكی…؟ تاریكی ئه‌مڕۆ به‌ هه‌ڵكردنی هه‌مو مۆمی دونیا كۆتای نایه‌ت …ئه‌م تارییكه‌یه‌ی له‌ تاریكی ئه‌قڵه‌كانی ئێوه‌دا به‌رهه‌م هاتوه‌ , به‌گڕی دۆزه‌خیش ڕوناك نابێته‌وه‌ , هه‌مو شتێك تامێكی خۆی  له‌ده‌ست ئه‌دات ئه‌گه‌ر  سه‌ر بۆشۆڕكردنه‌وه‌ی تـێدابێت .
كه‌سی دوهه‌م : هه‌ڵده‌ له‌و هه‌مو جه‌نجاڵییه‌ی نێو سه‌رت كه‌قسه‌ی قۆڕ بۆی دروستكردویت …  ئه‌م قسانه‌ت توانای دروستكردنی دنكه‌ شقارته‌یه‌كیان نیه‌ تا له‌ تاریكی نێو ئه‌عقڵت ڕزگارت بكه‌ن , به‌كه‌ڵكی چی دێت قسه‌ی سواو ؟ بزانه‌ له‌م بێده‌نگیه‌دا  چی ده‌كه‌ی ؟ ئێره‌ خۆشتره‌ یان ماڵی شه‌هوه‌ت ؟
كه‌سی یه‌كه‌م : تۆهێشتا نازنی بڵێیت  : ( بۆچی تۆ له‌من ناچیت ) به‌ڵكو وافێركراویت بڵێیت : ( نابێت له‌من نه‌چیت , نابێت نه‌بی به‌ من ) .
بۆده‌بێ‌ من خۆم نه‌بم  ؟  بۆده‌بێت ئێمه‌ خۆمان نه‌بیت ؟  بۆزمانی غه‌زه‌ب به‌سه‌رماندا ئه‌بارێنن و پێمان ده‌ڵێن : (  نابێت وه‌ك ئێمه‌ نه‌بن ؟ ) .
مردنی كه‌سێك , ئیهانه‌كردن و سوككردنی كۆمه‌ڵگایه‌ك ئه‌عقڵی ڕزیووت ڕاناچه‌ڵه‌كێنێت ..ئیدی چ بكه‌م له‌چێژی ئه‌و ماڵه‌ی پڕبێت له‌شه‌هوه‌ت ؟ ئه‌وه‌ بێ‌ ویژدانیه‌ وێنه‌ كاڵه‌كانی ژیان به‌ڕه‌نگی ئه‌و ( مۆم ) انه‌ تۆخ بكرێته‌وه‌ كه‌ به‌گـڕی شه‌هوه‌ت پێكرابن , ته‌نها ووشه‌ شك ئه‌به‌م , ئه‌گه‌ر ئه‌وم نه‌بێت , وه‌ك تۆ ده‌بمه‌ چه‌رمێكی ئاوساو له‌خه‌ونی پیس .
كه‌سی ده‌وهه‌م : ئه‌وه‌نده‌ڕقت له‌خۆت نه‌بێت باشتره‌ , بۆ واهه‌ست ده‌كه‌ی هه‌میشه‌ كه‌سێك هه‌یه‌ به‌دواته‌وه‌ هاوارت لێده‌كات ؟  ئه‌وه‌ هـاژه‌ هـاژی ناخی ڕقاویته‌ ئارامی لێبڕیوت … ئارامی ته‌نها لای منه‌ ( به‌گاڵته‌پێكردنه‌وه‌ ) منیش له‌ باوه‌شی  ئه‌واندا پێی ئاشنابوم , ته‌نها له‌ باوه‌شی گه‌وره‌یی ئه‌واندا ده‌توانی ناشرینی ئه‌و بچوكییه‌ت بشاریته‌وه‌  , دوو دڵ مه‌به‌ ته‌نها هه‌نگاوێك به‌سه‌ بۆ خۆ گه‌وره‌كردنت , ئیدی به‌م هاش و هۆشه‌ی ناخت بێ‌ ده‌نگیی ئێره‌ مه‌شێوێنه‌ !.
كه‌سی یه‌كه‌م : به‌زمانێكی لێوان لێو له‌ درۆ و گۆمڕای ئێره‌ پڕمه‌كه‌ له‌بێَده‌نگی , ده‌بێ‌ هه‌میشه‌ مه‌منونی ئه‌وسیحره‌بیت هه‌ڵی لوشیت بۆ باوه‌شی جه‌نڕاڵه‌ شه‌هوانیه‌كانت , ده‌بێ‌ مه‌منون بی له‌و هه‌مو خه‌ونه‌ گه‌ورانه‌ته‌وه‌ پڕیانكردیت له‌ بچوكی,
ئای ئه‌وه‌ چ هه‌ستێكه‌ نیگات له‌ئاست ڕاستیدا پڕده‌كات له‌ خوێ‌ ؟
 ( كه‌سی دوهه‌م ده‌یه‌وه‌ێت قسه‌بكات كه‌سی یه‌كه‌م ڕێگه‌ی نادات )
هه‌رده‌م ده‌كه‌یته‌وه‌ بۆنی گوشتێكی سوتاو ده‌كه‌م , بیابانێك له‌خوێ‌ كرمه‌كانی ناخت نـاڕزێنێت … ئه‌وه‌چی ئامێزێكی گه‌رمه‌ ناهێلێت جه‌سته‌ت ڕه‌ق بێته‌وه‌ له‌شه‌رمه‌زاریدا ؟
كه‌سی دوهه‌م  : تۆ …
 ( كه‌سی یه‌كه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت )
كه‌سی یه‌كه‌م : هه‌ركه‌ بانگم ده‌كه‌ی جێ‌ ژوانی ماچه‌كانم بێهێنه‌مه‌ نێو هه‌ناسه‌ی شه‌هوانیتانه‌وه‌ , چاقه‌كانم گۆج ده‌بن , زمانم ده‌سوتێ‌ , گوێكانم كوێرده‌بنه‌وه‌ … ئیدی به‌سه‌ ده‌م مه‌كه‌ره‌وه‌ با له‌ وه‌زیاتر نه‌سوتێم ..ئیدی ..
 ( كه‌سی دوهه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت )
كه‌سی دوهه‌م : په‌رداخێك ئـاو ناخۆیته‌وه‌ , ئاوی ســارد ؟
بێده‌نگی
كه‌سی یه‌كه‌م :هیچ گه‌له‌ گورگێك له‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ڵپه‌ی بۆمل شكاندنت ئا ماده‌نه‌كردوه‌ , بۆچی له‌ته‌نیشت گه‌وره‌ شوانه‌كه‌تدا , شه‌ڕ به‌سه‌وزایی سروشت ده‌فرۆشی ؟خۆزگه‌ به‌وه‌ت ده‌زانی چی گورگێكی ناشرینی .
كه‌سی دوهه‌م : ( پێده‌كه‌نێت ) له‌ده‌لاقه‌ی كام خۆزگه‌ته‌وه‌ بێمه‌ ژوره‌وه‌ , تاپێت بڵێم ئه‌و ئارامییه‌ی واهه‌ست ده‌كه‌ی له‌سه‌ری پڕله‌ هیچه‌تداكۆتكردو وه‌ته‌وه‌ , پڕه‌ له‌ هه‌ناسه‌ی سارد ؟ له‌كام لاوه‌ , به‌ر به‌ هه‌ناسه‌ی ژه‌هراویت بگرم تائه‌م بێده‌نگیه‌ نه‌شێوێنی كه‌ نه‌وه‌ به‌ نه‌وه‌ی ( شۆڕش ) له‌ تـابوتی مه‌رگدا , زیندویانكردو وه‌ته‌وه‌ ؟
چیته‌ .. پێشه‌نگی ئه‌وه‌نده‌ چێژ به‌خشه‌ واجاڕای شۆڕش كردن بۆ ئه‌ده‌ی ؟ ئه‌گه‌ر تینوته‌ با په‌رداخێك ئاوت بۆبێنم .. ئاوی حــه‌یــات ؟! .
كه‌سی یه‌كه‌م : به‌ بچوكی خۆت گه‌وره‌یم له‌كه‌دار مه‌كه‌ , ئه‌و ئاوه‌ی ده‌ته‌وه‌ی ده‌رخواردی منی بده‌ی خۆت نۆشیبكه‌ , تا پاروی سه‌رشۆری نه‌یخنكاندویت .
من نامه‌وێ وه‌ك تۆ له‌نێو پێچی پشتوێنی یپاوه‌ گرگنه‌كانی دیوه‌خانه‌كه‌تاندا وون بم …گونهای من نییه‌ بچوك نابمه‌وه‌ … ئه‌وه‌ بچوكی تۆیه‌ خواردنه‌وه‌ی په‌رداخێك ئاوی مل شۆِری به‌شۆڕشكردن ده‌زانی .
كه‌سی دوهه‌م : (  به‌توڕه‌بونه‌وه‌  )   به‌سه‌ بۆڵه‌ بۆڵ , به‌سه‌ خۆگێل كردن !
كه‌سی یه‌كه‌م : (  به‌توڕه‌بونه‌وه‌  )    به‌س نیه‌ خۆ فرۆشتن ؟ به‌س نیه‌ خۆڵ له‌ چاوكردن ؟
( بێده‌نگیه‌كی كورت )
كه‌سی دوهه‌م : له‌ خوا بپاڕێره‌وه‌ با لاڵت نه‌كات ,  شۆڕش پڕه‌ له‌ حیكمه‌ت , پڕ له‌ ئیمان …
 قوربانی ئازادی بم وافیری كردویت هه‌مو جۆره‌كانی ڕشانه‌وه‌ تاقی بكه‌یته‌وه‌ … هه‌ی گرگن … ئه‌قڵ پوچ … شۆڕش هه‌رچی هه‌ناسه‌ی دزراو بوو گه‌ڕاندییه‌وه‌ , هه‌رچی چه‌قۆی له‌برین به‌جێماودابوو كردیی به‌ گولله‌و ناچه‌وانی دوژمونه‌كه‌تی پێ‌ داخ كرد , ئێستا بۆشۆڕش به‌ دۆزه‌خ ,  گه‌رم كردن ده‌زانی ؟
كه‌سی یه‌كه‌م : كام شۆڕش  ؟
كه‌سی دوهه‌م : ئه‌وه‌ی تۆ به‌هی خۆتی نازانی !!
كه‌سی یه‌كه‌م : وتم كام شۆڕش ؟
كه‌سی دوهه‌م : ئه‌وه‌ی فێری كردی پرسیارو گومان كردن چیه‌ … ئه‌وه‌ی فێری ..
  ( كه‌سی یه‌كه‌م قسه‌كانی پێێ‌ ده‌برێت )
كه‌سی یه‌كه‌م : ئه‌و شۆڕشه‌ی فێری   درۆی كردی , , یان ئه‌وه‌ی كردیتی به‌ كه‌سێكی قورمیشكراو ؟ ها ؟  ده‌ی زیاتر بڵێ‌ له‌باره‌ی شۆڕشه‌وه‌ , ده‌ی بابزانم تاچه‌ند له‌باره‌ی شۆڕشه‌وه‌ ده‌زانی ؟
كه‌سی دوهه‌م : زۆرله‌ وه‌زیاتر ده‌زانم كه‌ تۆهه‌ستی پێناكه‌ی , به‌ڵام  واهه‌ست ده‌كه‌م تۆكه‌سێكی له‌و كه‌سانه‌ی كه‌هیچ كه‌سێكتان قوربانی بۆشۆڕش نه‌داوه‌ , هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ به‌وشێوه‌یه‌ قسه‌ی …..
( كه‌سی یه‌كه‌م ڕێگه‌ی نادات ته‌وای بكات )   
وایه‌ …وایه‌ …شۆڕش … شۆڕشی شۆڕه‌سواران … ( به‌توڕه‌بونه‌وه‌ ) ئه‌وه‌ تۆده‌ڵیی چی ؟ ها  ؟ كه‌س هه‌یه‌ قوربانی نه‌دابێت ؟ شۆڕش …  باسی كام شۆڕش ده‌كه‌ی ؟ به‌س پێم بڵێ كام شۆڕشیان ؟  ئه‌وشۆڕشه‌ی فێری له‌زه‌تی ته‌ور وه‌شاندنی كردین ؟ یان ئه‌و شۆڕه‌ی فێری سه‌رپان كردنه‌وه‌ی كردین ؟ یان ئه‌وشۆڕشه‌ی  ….
كه‌سی دوهه‌م : ئه‌و شۆڕشه‌ی هه‌رچی گوڵی نیشتمان بو له‌ پێناویدا ژاكاو ئێستا درك و داڵی وه‌ك تۆ شه‌ق له‌به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌ڵئه‌دات , ئه‌ی گێل …  مل هوڕانه‌ ژه‌هری نـائـاگـای بـڵاو مه‌كه‌ره‌وه‌ ,  زۆرله‌ وه‌سوكتری بتوانی بێ‌ مـانــایی به‌ مانا باڵاكانی شۆڕش بده‌ی , واهه‌ست نه‌كه‌ی هه‌رچی ئه‌فسانه‌كانی شۆڕشه‌ درۆینه‌یه‌ , هه‌رچی جه‌نگاوه‌ره‌كانه‌یه‌تی جه‌لــلاده‌.
( بێده‌نگیه‌كی كورت و كه‌سی یه‌كه‌م بێده‌نگه‌ و كه‌سی دوهه‌م توڕه‌ ده‌رده‌كه‌وێت )
كه‌سی یه‌كه‌م : بڕواناكه‌م شۆڕش ئه‌فسانه‌ی هه‌بێت !
 نوكته‌یه‌كی خۆشه‌ ( به‌توڕه‌بونه‌وه‌ ) وابزانی هه‌مو جه‌نگاوه‌ره‌كانی شۆڕش فریشته‌ن !! تۆ كه‌ بڕوات به‌ راِستیه‌كانی شۆڕش نیه‌ , بۆلێ ناگه‌ڕێیت قوربانیه‌كانی  شۆڕش به‌ دوای خۆیاندا بگه‌ڕێن ؟
كه‌سی دوهه‌م : هێشتا له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی شۆڕش بێ ئاگای , ئه‌گه‌رنا …
( كه‌سی یه‌كه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت و توڕه‌ده‌بێت )
كه‌سی یه‌كه‌م : شۆڕش به‌دوای شۆڕشدا هه‌ڵده‌گیراسا و سه‌ری ده‌په‌ڕاند … سه‌ری جه‌لــلاد .. سه‌ری دوژمن …سه‌ری منداڵ … سه‌ری قوربانی … سه‌ری … ( ته‌وای ناكات و باری ده‌روه‌نی تێك ده‌چێت ) هێشتا بۆنی خوێن دێت , هێشتا ئه‌م خاكه‌ بۆنی باروتی لێنه‌بڕاوه‌ ( بۆكه‌سی دوهه‌م قسه‌ده‌كات )   شۆڕش له‌ دژی شۆڕش له‌ ته‌پۆڵكه‌ وشكه‌كاندا ته‌ڕ ته‌ڕده‌كرانه‌وه‌ , ئـــاخر شۆڕش نابێت جه‌نگاوه‌ری لێببڕێت ؟! ئه‌وه‌ حیكمه‌تێكه‌ ته‌نها شۆِرشگیڕه‌كان ده‌یزانن , هه‌موو شۆڕشێك  هه‌روایه‌ , ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێنێت, ئیدی دیاره‌ ئه‌وه‌ حیكمه‌تی شۆڕشه‌و من نازانم بۆچی ده‌بێت وه‌هابێت .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌یادم ناچێت , جه‌نگاوه‌ره‌كان … فریشته‌كانی شۆڕش !! كۆڵه‌ پشته‌كانیان پڕكردبو له‌ ڕق و مردن و به‌ره‌و جه‌نگ ملیان ده‌نا , ئای چیی دیمه‌نێك بو هه‌رچی كۆڵانه‌كانی شاربو  جمه‌ی ده‌هات له‌ كاسبكارو قوتابیی و فه‌رمانبه‌رو مامۆستاو هونه‌رمه‌ند …. هه‌ر وه‌ك سواڵكه‌ر له‌ ده‌رگای ماڵه‌كانیان ئه‌داو داوای نانیان ده‌كرد بۆ جه‌نگاوه‌ره‌ برسیی و ماندوه‌كانی شۆڕش ؟! ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یك بو دواشۆڕشی ته‌پۆڵكه‌ وشكه‌كان ده‌ستی پێكردبو , هه‌رچه‌ند هه‌فته‌یك بوو ,
منداڵه‌ بۆیاخچیه‌كانی شار چونه‌ به‌رده‌م باره‌گای شۆڕشگێره‌كان وبه‌ده‌م نزاو هاواركردنه‌وه‌ ده‌یان وت " شه‌ڕه‌كانتان , پێڵاوی لاستـیكـی كرده‌ پێی هه‌موومان , ئیدی ئێمه‌ چـی بۆیاخ بكه‌ین " ؟
ئــــاخ , ئه‌گه‌ر قه‌وانه‌ فیشه‌ك بۆیاخ ده‌كرا به‌ڕۆژێك هه‌مویان ده‌بونه‌  ( فیرعـه‌ون )  .
كه‌سی دوهه‌م : كابرای پاقله‌ فرۆشیش ده‌یووت " شه‌ڕهاتووه‌ته‌ سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه‌ی منیش , ئه‌وه‌تا هه‌ر ئه‌مڕۆ چوار پێنج موشته‌ری چه‌وری قه‌ڵه‌وه‌ی لێدزیم " … هه‌مو جدلـلاده‌كانی دونیا له‌پێش هه‌مویانه‌وه‌ ( جه‌للادی كورد ) به‌خۆیان و خه‌ونو حیكمه‌ته‌كانیانه‌وه‌ بۆ دوزه‌خ .
بێده‌نگی
كه‌سی یه‌كه‌م : دره‌نگ بویته‌وه‌ به‌خۆت … گومانهم هه‌یه‌ هێشتا بزانی حه‌قیقه‌ت له‌چیدایه‌ ؟!
كه‌سی دوهه‌م : بۆ پێت وایه‌ حه‌قیقه‌ت ته‌نها لای تۆیه‌ ؟ هێشتا به‌ئاوازه‌كۆنه‌كه‌ مه‌ست ده‌بیت , به‌ موسیقایه‌كی ناساز ده‌كه‌ویته‌ سه‌ماكردن …. سه‌مایه‌ك بۆخۆ لادانت له‌ ڕوو به‌ ڕووبونه‌وه‌ , سه‌مایه‌كیش بۆ گێلێتی خۆت !!
براده‌ر حه‌قیقه‌تی جوانی هه‌یه‌ ئه‌شێوێنرێ‌ .. حه‌قیقه‌تی فیكر هه‌یه‌ ئه‌سوتێنرێ‌ .. حه‌قیقه‌تێك به‌ ناوی ئینسان هه‌یه‌ ئه‌ی كه‌ی به‌ په‌ند ؟!  (  له‌سه‌رخۆ به‌ره‌و توڕه‌بون ده‌چێت )  ئیدی به‌ناوی خه‌ونی كرچوكاڵته‌وه‌ خه‌ون له‌ كه‌س حه‌رام مه‌كه‌.
 ئاخر تۆچیت , تا هه‌مو كوڕه‌كانی شۆڕش به‌ جه‌لــلاد بزانی ؟ هه‌رچی بڵێت یان نــا , ناتوانی بڕوام پێبهێنی كه‌ ( تۆ ) ,
( من ) نیت ! تــۆ هه‌ر به‌ مـــن ده‌چیت , ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ نه‌بێت كه‌ به‌ ناوی حه‌قیقه‌ته‌وه‌ درۆ كۆده‌كه‌یته‌وه‌ .
 [كه‌سی سێهه‌م و چوارم و پێنجه‌م دێنه‌سه‌ر شانۆ , كۆمه‌ڵێك كه‌ره‌سته‌یان پێیه‌ كه‌ وه‌ك ( موفره‌ده‌ ) به‌كاری ده‌هێن له‌ شانۆكه‌دا و سه‌رقاڵی ڕێكخستن و ئاماده‌كردنی سه‌رته‌خته‌ی شانۆ كه‌ ده‌بن بۆنمایشێكی شانۆی , كه‌سی سێهه‌م ده‌رهێنه‌ری نمایشی ناو نمایشی شانۆكه‌یه‌ ]
كه‌سی سێهه‌م :  ( بۆ كاره‌كته‌ری یه‌كه‌م و دوهه‌م )  وای ئێوه‌  چه‌ند گوناهن  !!
 وای ئێمه‌ چه‌ند گوناهین , ئه‌هلی مه‌مله‌كه‌تێكین , نه‌جه‌لــلادمان جه‌لـلاده‌ … نه‌ قوربانیمان قوربانیه‌ … ئه‌رێ‌ به‌ڕاست  له‌نێو ماڵه‌ گوناهه‌كانماندا , كێمان جه‌للاده‌ و كێمان قوربانی ؟ من ئه‌ڵێم نـازانم , ئێوه‌ش كه‌یفی خۆتانه‌ .
كه‌سی دوهه‌م : قسه‌ی هیچ .
كه‌سی سێهه‌م : وتت چیی .
كه‌سی دوهه‌م : هیچ , وابزانم زۆرمان نه‌ماوه‌ وانییه‌ ؟ كات چه‌نده‌ ؟
كه‌سی سێهه‌م : ( بۆكه‌سی چوارم و پێنجه‌م ) كه‌ره‌سته‌كان به‌پێی نه‌خشه‌ی نمایشكه‌كه‌ دابنێن و هیچ په‌ له‌ مه‌كه‌ن … با , به‌ ناوی جوانییه‌وه‌ , نـاشرینی خه‌ونی دۆزه‌خیمان پێوه‌نه‌بینێت  !
كه‌سی یه‌كه‌م : هه‌رگیز ئه‌م هۆڵـه‌ پڕنابێت له‌بینه‌ر , ماندوبونمان ته‌نها سه‌رئێشه‌یه‌كه‌و هیچی تر .
كه‌سی سێهه‌م : له‌نێو هه‌ر فه‌توایه‌كی سوردا كه‌سێكی موباره‌ك هه‌یه‌ , كه‌سێك به‌گۆشت و خوێنه‌وه‌ , له‌بری كتێبه‌ ئاسمانییه‌كان , مرۆڤ به‌سه‌ر دۆزه‌خ و به‌هه‌شت , نه‌فره‌ت و ڕه‌حمه‌تدا دابه‌ش ئه‌كات , له‌جیاتی ( خـوا ) لیستی حه‌رامه‌كان دائه‌به‌زێنێ‌ , ئه‌و بڕیار ئه‌دا كێ‌ ئه‌هلی فیرده‌وسه‌ و كێش ڕاپێچی دۆزه‌خ ئه‌كا  ( بۆكه‌سی یه‌كه‌م )  توش له‌خۆته‌وه‌  هیچ لیستێك دروست مه‌كه‌ و بڕیاری پێش وه‌خت مه‌ده‌, هه‌ركه‌ شانۆكه‌مان ته‌واو بو چاوبگێره‌ هه‌ركه‌سێك نه‌هاتبو غائیبی ده‌ .
كه‌سی دوهه‌م : ده‌شێ به‌ر له‌ ئێستا سیمای ئه‌و خه‌ڵكه‌م هه‌موی نه‌دیبێ‌ كه‌ بۆنمایشه‌كه‌دێن , وه‌لێ‌ هه‌رپێیام ده‌ڵێم , مرۆڤ هه‌یه‌ به‌ناوی ڕاستیه‌وه‌ زمانی درۆ ئه‌گرێ‌ ؟!
كه‌سی سێهه‌م : ته‌نها بیر له‌سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌ و به‌س .
كه‌سی یه‌كه‌م : ئه‌وه‌ گرفته‌كه‌یه‌ , گرفتێكی خراپیش ( كه‌سی سێهه‌م ده‌یه‌وێت قسه‌بكات و ڕێگه‌ی پێنادات ) هه‌رواشه‌ … له‌نێو مانشێتی ڕۆژنامه‌كاندا كه‌سێكی پیرۆز ده‌بینم , به‌ناوی هه‌مومانه‌وه‌ و له‌جیاتی نیشتیمان , به‌سه‌ر به‌ری شۆڕش و خیانه‌تكردندا دابه‌شمان ده‌كا , هه‌رئه‌و زاته‌ گه‌وره‌یه‌ بڕیار ئه‌دا  ئـاو و هـه‌وا بۆ كێ‌ حه‌ڵاله‌َو بۆكیش نییه‌ توخنی كه‌وێت , ئه‌ی ئینسانێك له‌كاره‌سات … ئه‌ی .. ( كه‌سی سێهه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت )
كه‌سی سێهه‌م : ئه‌مه‌ خزمه‌تكردنه‌ به‌ به‌شه‌ریه‌ت , یاخود به‌شه‌ریه‌ت پیسكردنه‌ ؟ ئه‌وه‌ڕه‌فتارێكی ئه‌خلاقییه‌ , یان ئه‌و په‌ڕی به‌د ڕه‌وشتی ؟ ئه‌م وڕینانه‌چین ؟ ( كه‌سی یه‌كه‌م به‌خێًرای دێته‌قسه‌كردن و قسه‌كانی بۆ وروژاندنی كه‌سی دوهه‌مه‌ ) 
كه‌سی یه‌كه‌م : جه‌سته‌یه‌كی سوری ئینسانت له‌ به‌رده‌ستایه‌ به‌ تۆخی له‌سه‌ری بنوسه‌ بژی مــرۆڤ , چه‌قۆیه‌كی سور سور , به‌ده‌سته‌وه‌ بگره‌ و له‌ نێو خه‌ونی مرۆڤدا بنوسه‌ بژی حه‌قیقه‌ت .   ( كه‌سی دوهه‌م خیرا وه‌ڵامی ئه‌داته‌وه‌ )
كه‌سی دوهه‌م : تۆیش پارچه‌یه‌كیت له‌ (  ته‌ور ) ده‌ته‌وێت خه‌ونه‌ جوانه‌كانت بنویسته‌وه‌ به‌ ده‌ست و خه‌تی جه‌لــلاد .
كه‌سی سێهه‌م : ئــای له‌ ( چه‌قۆ و ته‌ور و جه‌لــلاد ) ده‌ست و خه‌تیان چه‌ند ناخۆشه‌ , ئای مه‌مله‌كه‌تی حه‌قیقه‌ت به‌ چ ناشرینییه‌ك , شه‌ریعه‌تی جوانی ده‌نوسرێته‌وه‌ ؟!  ده‌ی چاوه‌ڕوانی چین ( بۆ كه‌سیی یه‌كه‌م و دوهه‌م  ) چه‌قۆكانتان هه‌ڵبگرن و یه‌كتری پارچه‌پارچه‌بكه‌ن , تابزانین پارچه‌ی كامتان به‌شی كلكه‌ ته‌ورێكی سوری تێداده‌بێت ؟!
كه‌سی چواره‌م : ( له‌نیوان كه‌سیی یه‌كه‌م و دوهه‌مدایه‌ ) كامتان چه‌قۆتان پێیه‌ , تا ئه‌و شه‌یتانه‌ی پێبكوژم كه‌ پێكه‌نینی به‌م گه‌مه‌ شێتانه‌تان دێت ؟  چیی بكه‌م له‌مۆمه‌كان ( بۆكه‌سی سێهه‌م ) ئێستا دایگیرسێنم , یان .. ( قسه‌كانی پێده‌بڕدرێت )
كه‌سی سێهه‌م : نه‌خێًر ئێستا نا , جارێ‌ پارچه‌ قوماشه‌كان هه‌ڵبواسن , ئه‌وه‌ ئێوه‌خه‌ریكی چین ؟  توزێ‌ بجوڵێن , گوێبگره‌
 ( بۆكه‌سی چواره‌م )  له‌جیگای قوماشه‌ ڕه‌نك ( سوره‌كان ) ئا … هیچ , هه‌رلایبه‌ن هه‌ڵی مه‌واسن .
( كه‌سیی یه‌كه‌م و دوهه‌م بێده‌نگن , كه‌سی چواره‌م و پێنجه‌م سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی سه‌رشانۆكه‌ن , كه‌سی سێهه‌م به‌ بێده‌نگی و بیزارۆییه‌وه‌ له‌ كه‌سی یه‌كه‌م و دوهه‌م ده‌ڕوانێت )
كه‌سی سێهه‌م :  كه‌س هه‌یه‌ به‌ په‌یژه‌ی به‌ دڕه‌وشتیدا بگاته‌ باڵه‌ خانه‌ی ڕه‌وشت ؟ بۆچی مانایه‌كی جوان ئه‌به‌خشه‌ ئه‌و چه‌قۆیه‌ كه‌ به‌ناوی كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌فه‌وه‌ سه‌ری ئینسان ده‌په‌ڕێنێ‌ ؟
 بۆ به‌چاوی حورمه‌ته‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئه‌و بێشه‌ره‌فیه‌ی كه‌ له‌ خوێنی ئینسانه‌كاندا به‌دوای شه‌رفدا ده‌گه‌ڕێ‌ ؟
باتێبگه‌م , تێم گه‌یه‌نن …ئێوه‌ نازانن چی ئارامییه‌ك ده‌به‌خشنه‌ ده‌روونم گه‌ر عه‌ناعه‌تم پێبكه‌ن كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌تان مانایه‌كی هه‌یه‌ و به‌دڕه‌وشتی نییه‌ ؟! خۆزگه‌ تێده‌گه‌یشتم كه‌ بۆچی واهه‌ست ده‌كه‌ن ئێوه‌ خۆتانن و قورمیش نه‌كراون ؟
ڕێگه‌مه‌ده‌ن خوێنی پیس بگاته‌ شاده‌ماره‌كانی ناختان …  بۆ ده‌متان پڕه‌ له‌ خوێن ؟ به‌رله‌ هه‌ر ئازارێك بونه‌وه‌رێكی گوناه له‌ناختاندایه‌ و ئازاری ئه‌ده‌ن … به‌رله‌هه‌ر ده‌نگێك , نوزه‌یه‌ك له‌به‌رائه‌ت له‌ناختاندایه‌ و ئه‌یخنكێنن , ئاخر بۆ ؟ بونه‌وه‌رێكی نامۆ له‌ ئێوه‌ ناچێ‌ و له‌ناختاندایه‌ بیكوژن تــاببنه‌وه‌ به‌خۆتان , ئاخر چۆن ده‌كرێ‌ به‌ده‌نگێكی ناساز گۆرانییه‌كی خۆش بوو ترێ‌ ؟!
( كه‌سی شه‌شه‌م و حه‌وته‌م دێنه‌سه‌رشانۆ یه‌كی ( ده‌ف ) ێكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ده‌یژه‌نن  , كه‌سی شه‌شه‌م له‌ كۆتای دواقسه‌ی كه‌سی سێهه‌مدا گۆرانییه‌كی شادی ده‌چڕێت , له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كه‌دا كه‌سایه‌تیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری یه‌كسان له‌سه‌ر شانۆكه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌ , ده‌كرێ‌ ماوه‌ی گۆرانییه‌كه‌ دیاری بكرێت و دوو خوله‌ك تێنه‌په‌ڕێنێ‌  )
كه‌سی پێنجه‌م : ( له‌دوای ته‌واو بونی گۆرانیه‌كه‌ )   ده‌م خۆش , ده‌م خۆش , په‌نجه‌كانتان سه‌لامه‌تبێ …به‌رله‌وه‌ی ئێوه‌بێن , خه‌ریك بو له‌ نێو ئه‌م كه‌شه‌ توڕه‌یه‌دا , شوێنێك بۆ هێمنی به‌كرێ‌ بـــگرم !؟
كه‌سی چواره‌م : واز له‌م هه‌مو ڕقـــه‌ بهێنن , با هه‌میشه‌ وێل نه‌بین و ساتێك بۆ خۆشه‌ویستن قه‌رزبكه‌ین !!
كه‌سی یه‌كه‌م : ته‌نها ده‌مه‌وێت بزانم كوڕی كامیانه‌ , جه‌لــلاد یان قوربانی ؟
كه‌سی دوهه‌م : هێشتا خۆت نیت , كه‌سێكی شێوێنراویت و هه‌ستی پێناكه‌ی , چونكه‌ بێ‌ هه‌ستی .
كه‌سی یه‌كه‌م  : ده‌مه‌وێت هه‌ست به‌ بونت بكه‌م , به‌ڵام یۆ نایه‌ ڵیت , چونكه‌ خراپ قورمیشكراوی .
كه‌سی سێهه‌م : ( توره‌ده‌بێت  ) …  بابه‌س بێت , ئیدی به‌سه‌ خول خواردنه‌وه‌ له‌بازنه‌ی بێ‌ هه‌ستیدا , ده‌بێ‌ بڕوا بهێنن كه‌ نیشتمان له‌نێو زه‌برو زه‌نگدا نــابێته‌ بــه‌هه‌شت …هه‌ست به‌وه‌بكه‌ن كات به‌ فیڕۆده‌ڕوات و هێشتا ئێوه‌ ده‌به‌نگانه‌ بێئاگان , ئێمه‌ نمایشێكمان له‌پێشه‌ ناكرێ‌ به‌م باره‌ خراپه‌ی ده‌رونمانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی پێشكه‌شكردنێكی باشبین .
( بێده‌نگیی یه‌كی كورت و كه‌سی سێهه‌م به‌ ئاماژه‌ كه‌سی چوارم و پێنجه‌م ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر كاركردن به‌رده‌وام بن , كه‌سی شه‌شه‌ م و حه‌وته‌م به‌ ده‌ست خشاندنیان له‌ كامه‌ی ده‌فه‌كان و یاریكردن به‌ زنجیره‌بازنه‌یه‌كانی ده‌فه‌كان جۆرێك له‌مۆسیقا دروست ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌و دیمه‌ن كورته‌ , كه‌سی یه‌كه‌م له‌ سوچێكی شانۆكه‌دا دانیشتوه‌  وڕوناكی ده‌كه‌وێته‌سه‌ری )
كه‌سی یه‌كه‌م : هه‌رچی ده‌رگای به‌خته‌وه‌ریه‌ داخراوه‌ و كلیله‌كانی له‌ گیرفانی ( حه‌زره‌تی فــه‌ساد ) دایه‌ … هه‌مو كون و قوژبنه‌كانی ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ هه‌روه‌ك ئه‌ندامه‌كانی له‌شم شاره‌زام , به‌ڵام هێشتا نازانم بۆهه‌رچی خه‌ونمان هه‌یه‌ ده‌كرێته‌ كه‌لاوه‌ ؟
بۆچی سه‌رخوان هه‌یه‌ پڕه‌ له‌نان و پێكه‌نین … سه‌رخوانیش هه‌یه‌ پڕه‌ له‌برسێتی ؟  ئێره‌ مه‌مله‌كه‌تێكه‌ پره‌ له‌و كه‌سانه‌ی هێشتا نازانن كوڕی كامیانن ,  جه‌لــلاد یان قوربانی … ئێره‌مه‌مله‌كه‌تی ( ته‌وره‌ , ته‌ور  ) ته‌وره‌كانیان ده‌خه‌نه‌ سه‌رملمان و پێمان ده‌ڵێن : به‌هه‌شتی ئێمه‌ هه‌ڵده‌بژێری یان دۆزه‌خی خۆت  ؟!
 ئه‌گه‌ردۆزه‌خی خۆم هه‌ڵببژێرم , ته‌ور به‌ ده‌سته‌كان به‌شێت به‌ مناڵانی شار ده‌م ناسێنن و له‌به‌رده‌م ده‌رگای مزگه‌وته‌كانیشدا وێنه‌كه‌م بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ژێره‌وه‌ به‌خه‌تێكی تۆخ ده‌نوسن ( هێشتا نازانی كێ باوكێتی )  !!
ئه‌مه‌ گه‌یشتنه‌ به‌دڵنیایی , ئیدی كه‌ی ئه‌وه‌ ده‌به‌نگیی و كاڵ فامییه‌ ؟
 ئه‌وه‌ حه‌قیقه‌تی ئه‌و زاته‌ گه‌ورانه‌یه‌ كه‌نازانم له‌كام ماڵی سوری شۆِرشه‌وه‌ هاتون ؟! ( كه‌سی سێهه‌م لیی نزیك ده‌بێته‌وه‌ ) ئه‌وه‌ فه‌ساد كردنی ئه‌قڵه‌ , ژیانی هه‌مومانی كردو وه‌ته‌ گۆڕستان , ئه‌وه‌ … ( كه‌سیی سیهَه‌م قسه‌كانی پێده‌بڕێت )
كه‌سی سێهه‌م : نه‌خۆشنیت وا ڕه‌نگت بڕسكاوه‌  ؟
كه‌سی یه‌كه‌م : له‌ هیچ ڕه‌نگێك ناچم تانه‌خۆشی تێدا بدۆزمه‌وه‌  !
كه‌سی چواره‌م : پێم نه‌وتن … مرۆڤگه‌لێكی ئێجگار خه‌یاڵ پڵاوین … هیچ شتێك نه‌ما له‌شوێنی خویدانه‌بێت , ته‌نها پێویستمان به‌كه‌مێك پشوو هه‌یه‌ .
كه‌سی سێهه‌م : (  بۆ جێبه‌جێكه‌ری ڕوناكی شانۆیه‌كه‌ ) ڕوناكییه‌كان بكوژێنه‌ره‌وه‌ با نه‌سوتێن ( كه‌سی دوهه‌م ده‌یه‌وێت مۆمێك دابگیرسێنێت )  ڕوناكی مۆمێك تاریكی له‌ دونیادا ناهێلێت ( مۆمه‌كه‌ی لێوه‌رده‌گرێت )  به‌ڵام ئه‌م مۆمه‌ی تۆ سه‌رشانۆكه‌ ڕوناك ناكاته‌وه‌ !؟
كه‌سی دوهه‌م : ئاخر ئه‌گه‌ر ڕوناكییه‌كان بكوژێنرێته‌وه‌ چاومان هیچ نابینێت .
كه‌سی سێهه‌م : ئه‌گه‌ر خۆمان بمانه‌وێت  چاومان هه‌موشتێك ده‌بینێت ئه‌گه‌ر له‌ تاریكیشدا بێت !!
( بۆجێبه‌جێگه‌ری ڕوناكی شانۆیه‌كه‌ )  گڵۆپه‌كان بكوژێنه‌ره‌وه‌ , ئه‌مه‌یان … ئه‌وه‌ش … ئه‌و سه‌ری شانۆش … به‌رده‌می من  … گڵۆپه‌ سوره‌كانیش , ئۆكه‌ی ( ok ) زۆرباشه‌ , بڕۆنه‌ ژوری خۆگوڕین كات درنگه‌ .
 ( ته‌وای كاره‌كته‌ره‌كان  سه‌رشانۆكه‌ به‌ جێ ده‌هێلن و ڕووناكی به‌شێوه‌ی ( ڤۆلۆ ) ده‌كه‌وێته‌سه‌ر كاره‌كته‌ری یه‌كه‌م و ورده‌وه‌رده‌ ڕوناكییه‌كه‌ كاریگه‌رتر ده‌بێت   )   
كه‌سی یه‌كه‌م : ( بۆ بینه‌ران )
 ئه‌ی ئێوه‌ …  نه‌وه‌ی كامیانن  , جه‌لــلاد , یانی قوربانی ؟
 تێبینی : بۆ نوسینی ئه‌م ده‌قه‌ شانۆیه‌ سود له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی  ( ئاراس عه‌بدولكریم ) وه‌رگیراوه‌.
                                                                                     
                                                                                 كۆتایی زستانی 2009
peshrawhameed@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply