Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئه‌نالیزه‌ی خود  …. پۆڵا سەعید

ئه‌نالیزه‌ی خود …. پۆڵا سەعید

Closed
by December 3, 2012 گشتی

 

 

 

 

 کێشه‌ی خود، هۆکاری سه‌ره‌کیی کێشه‌کانی تاکه. کۆی کێشه‌کانی تاک ده‌بێته هۆی خستنه‌وه‌ی کێشه‌ی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵ و نه‌گوونجاندن له‌گه‌ڵ یه‌کدا. مه‌رج نییه تاکێک، که دووره‌په‌رێزه له هه‌موو ئه‌کتیڤیتێتێکی کۆمه‌ڵ، تاکێکی ئه‌سۆسیال بێت، یاخوود تاکێک، که هه‌میشه له هه‌وڵی ناخۆشکردنی ژیانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵدایه، به پراکتیزه‌کردنی تووندوتیژییشه‌وه، تاکێکی ئه‌نتی سۆسیال بێت. به‌شێکی گه‌وره‌ی ئه‌و تاکانه‌ی، که کێشه‌ی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵدا هه‌یه، یان خاوه‌نی تێکچوونێکی که‌سایه‌تیین یان خاوه‌نی وێنه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ن له‌سه‌ر “خود”یان. شێمای جه‌سته پێناس له چۆنێتیی خود ده‌کات، لێ زۆرینه‌یجار شێمای جه‌سته له گه‌شه‌کردنی “خود”دا وه‌ک ئیندیڤیدووم به‌رهه‌م نه‌هاتووه، به‌ڵکوو له پرۆسه‌یه‌کی فێربووندا گه‌شه‌ی کردووه، لێره‌دا تاک ده‌توانێت بڵێت: من ئه‌وه‌م، که من نیم.

زه‌ویی بیرده‌کاته‌وه، مرۆڤیش له‌گه‌ڵیدا. مرۆڤ وه‌ک سوبستانس وه‌ک ئۆرگانیزم بریتییه له بوونێک، ئامانج تێیدا بریتییه له پراکتیزه‌کردنی بیرێک، بریتییه له گۆڕانێک. ناوکی مرۆڤ ناوده‌نرێت ئه‌نه‌رگیی، لێره‌دا ده‌ڵێم: جه‌سته‌ی مرۆڤ هیچ نییه بێجگه له ماڵێک، که ئه‌نه‌رگییه‌ک تێیدا ده‌ژیی.

مرۆڤ ئه‌م ئه‌نه‌رگییه ناوده‌نێت “ڕۆح”، ئامانج تێیدا موڵکدارێتییکردنی ڕۆحه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: کێ خۆی به خاوه‌نی ڕۆح ده‌زانێت؟ وه‌ڵام: مرۆڤ ڕۆحی کۆی بوونه‌وه‌ره‌کانی کردووه به موڵکی خودا. به‌ڵام ڕۆح هیچ نییه بێجگه له ئه‌نه‌رگییه‌کی ئینتێل ئه‌کتوێل، که له ڕێگای جه‌سته‌وه پراکتیزه‌ی بیره‌کانی ده‌کات. ئه‌م ئه‌نه‌رگییه له ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌دا ئازاد و پڕه، لێ له جه‌سته‌دا چ دیله و چ مه‌ترسیی لاوازبوونیشی هه‌یه. کاتێک پلاتۆن ده‌ڵێ: جه‌سته قه‌فه‌زی ڕۆحه و له‌گه‌ڵ مردنی مرۆڤدا ئه‌م قه‌فه‌زه ده‌شکێت و ڕۆح ئازاد ده‌بێت، هیچ ناڵێت: بێجگه له ڕاستییه‌ک. لێبه‌ڵێ ڕاستیی ڕووتی نه‌خستۆته‌ به‌رده‌ممان. پلاتۆن له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێ: ڕۆیشتنی ڕۆح ڕۆیشتنێکی هه‌تاهه‌تاییه. پلاتۆن لێره‌دا تیشکی نه‌خستۆته سه‌رئه‌وه‌ی، که ڕۆیشتنی ڕۆح وه‌ک ئیندیڤیدووم هه‌تاهاییه نه‌ک گشتییانه. مردنی تاک وه‌ک مرۆڤ یان ئاژه‌ڵ یه‌کجاره‌کییه، هاتنه‌وه‌ی تاک وه‌ک ئیندیڤیدووم دووباره‌بوونه‌وه‌ی نییه، به‌ڵکوو هاتنه‌وه له ئیندیڤیدوومێکی تردا ده‌بێت. ئه‌نه‌رگیی له سوڕێکی ژیانی هه‌تاهه‌تاییدا ده‌ژیی، له هه‌رجارێکی هاتنه‌وه‌یدا ئیندیڤیدوومێکی تره نه‌ک هه‌مان ئیندیڤیدووم. واته ئه‌نه‌رگیی یان ڕۆح هه‌مان بوونه، لێ له جه‌سته‌یه‌کی تردا له شێمای جه‌سته‌یه‌کی تردا، له بیرێکی تردا.

ئه‌نه‌رگیی بێجگه له پراکتیزه‌کردنی پرۆسه‌یه‌کی فیزیکیی، پرۆسه‌یه‌کی ده‌روونییش پراکتیزه ده‌کات. سه‌ختتریین کار لێره‌دا به‌رهه‌مهێنانی “خود”ه. ته‌نها له ڕێگای خودێکی ته‌ندروسته‌وه ئه‌نه‌رگیی ده‌توانێت ته‌ندروست درێژه به ژیانی جه‌سته بدات. ته‌نها له جه‌سته‌یه‌کی ته‌ندروستدا ئه‌نه‌رگیی ده‌توانێت خاوه‌نی کریاتیڤیتێت بێت.

تێکچوونی به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی سانا ده‌بینرێ، که‌چیی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانم بڵێم: هیچ که‌س نه ده‌یبینێت نه درکی پێده‌کات. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: بۆچیی من شتێک ده‌بینم، که که‌سی تر نایبینێت؟ وه‌ڵام: چونکه من سه‌رنج له “خود”ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ ده‌ده‌م. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد به خۆشه‌ویستیی ده‌ژیی، لێ ئاخۆ ئه‌م تاکانه چییان خۆشده‌وێت؟

1. ئه‌و شته‌ی، که خۆیانن “خودی خۆیان”،

2. ئه‌وه‌ی که خودی خۆیان بوون،

3. ئه‌وه‌ی، که خۆیان ده‌یانه‌وێت ببن،

4. ئه‌و که‌سانه‌ی، که به‌شێکن له خودی خۆیان.

له‌ناو ئێمه‌ی کورددا، خود وشه‌ی باوی سه‌ر زمانی هه‌موو تاکێکه، به ئه‌کادێمیی و نائاکادێمییه‌وه، هه‌موو تاکێک وه‌ک یه‌ک ته‌ماشای خود ده‌کات من کێشه‌م له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌دا نییه، که ئاخۆ کورد له فارسه‌وه وه‌ریگرتووه یان نه‌خێر. کێشه‌ی من له‌گه‌ڵ چۆنێتیی به‌کارهێنانی چه‌مکه‌دایه، که پێناس له  چه‌مکه‌که‌ ناکات.

 

با بپرسین “خود” چییه؟

دوو بیرمه‌ندی کارای جیهانی ده‌روونناسیی له‌سه‌ر چه‌مکی “خود” دوواون، که ئه‌ویش “کارڵ گووستاف یوونگ و هاینتس کۆت”ه. ئاخۆ ئه‌م “خود”ه له‌لای هاینتس چلۆن ده‌رده‌که‌وێت؟ له‌لای هاینتس “خود” بریتیی نییه ئینستانسێکی، یه‌که‌یه‌کی ده‌روونیی وه‌ک “من، هه‌ڵسوڕێنه‌ری حه‌ز، له‌سه‌رووی منه‌وه”، به‌ڵکوو سه‌نته‌ری ئه‌کتیڤیتێت و ئینیتیاتیڤی ئینته‌رێسه‌کانی تاکه “ئینیتیاتیڤ: سه‌ره‌تا، یاخوود جوڵاندن بۆ مامه‌ڵه‌کردنێک”. به واتایه‌کی تر “خود” بریتییه له‌و بوونه‌وه‌ره ناوه‌کییه‌ی، که هه‌وڵده‌دات دوای ڕێگای خۆی بکه‌وێت. جیاوازیی نێوان یوونگ و کۆت له‌وه‌دایه، که له‌لای یوونگ “خود” دوا پله‌ی پرۆسێسی ئیندیڤیدوومه، لێ له‌لای کۆت له سه‌ره‌تا‌ی گه‌شه‌ی مرۆڤه‌وه له سکی دایکه‌وه ده‌ستپێده‌کات، نه‌ک دواپله‌ی پرۆسێسی گه‌شه‌ی ده‌روونیی مرۆڤ بێت.  من خودی خۆم له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌‌که‌ی کۆتدام. خود وه‌ک سه‌نته‌ری که‌س له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ژیانمانه‌وه ده‌ستپێده‌کات. له‌و سروشته‌ی تاک تێیدا ده‌ژیی و گه‌شه‌ ده‌کات:

1. سه‌ره‌تا ویسته ئیدیاڵییه‌کانی دایک و باوک د‌ه‌کات به ڕێگای خۆی، که هی ئه‌و نییه، 

2. خودێکی گه‌وره‌ی گراندیۆسانه، که ڕه‌نگدانه‌‌وه‌یه‌کی نارسیستانه‌ی هه‌یه،

3. وێستگه‌کانی گه‌شه‌ی سه‌رده‌می منداڵیی.

کێشه‌ی ناکۆییه‌کانی کۆمه‌ڵی ئێمه ته‌نها پرسیارێکی ئه‌نتاگۆنیزمانه نییه، به‌ڵکوو کێشه‌ی “خود”ه. به‌شێکی گه‌وره‌ی تاک له وڵاتی ئێمه‌دا خاوه‌نی خودێکی چ تێکچوو چ پێنه‌گه‌یوون. ئه‌گه‌ر منداڵێک نه‌توانێت خودی خۆی پێبگه‌یه‌نێت، له ئاینده‌دا ناتوانێت وه‌ک تاکێکی گه‌ییوو ‌په‌یوه‌ندیی سۆسیال دروستبکات.

لێره‌دا ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر بوون وه‌ک ئه‌نه‌رگیی. مرۆڤ باوه‌ڕ به بوونی “خود” ناکات، باوه‌ڕ به هه‌بوونی خۆی وه‌ک ئه‌نه‌رگیی ناکات، هه‌ربۆیه ئه‌نه‌رگیی له ڕێگای جه‌سته‌وه هه‌وڵی تێگه‌یاندنی مرۆڤ ده‌دات بۆ سه‌لماندنی ئێکسیستێنسی. له تیۆریی سه‌لماندنی خودادا، جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌بێته ئاسترومێنتی به‌ڵگه‌ی بوونی خودا، که ئه‌ویش “یێسووس”ه. واته مرۆڤ توانای تێگه‌یشتنی خودای نییه یان نه‌بووه، هه‌ربۆیه خودا ناچارده‌بێت له شێوه‌ی مرۆڤدا خۆی پیشان بدات. شێمای جه‌سته وێنه‌ی ئه‌نه‌رگییه، وێنه‌ی خوده. ده‌شێت شێمایه‌کی ئاوها ویستراوی ئه‌نه‌رگیی نه‌بێت، به‌ڵکوو ئه‌و سروشته‌ی، که مرۆڤ تێیدا په‌روه‌رده ده‌بێت فاکتۆرێکی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی. هه‌روه‌کوو چلۆن له سه‌ره‌وه‌دا به سێ خاڵ تیشکم خستۆته سه‌ر قۆناغه‌کانی گه‌شه‌ی “خود”. لێبه‌ڵێ شێمای جه‌سته هه‌میشه شیاوی گۆڕانه. مرۆڤ درک ده‌کات، که ئه‌وه خۆی نییه، هه‌ربۆیه ده‌ستده‌کات به گۆڕانی شێمای جه‌سته‌ی. بۆ نموونه تاکێک له سه‌ره‌تای هه‌رزه‌ییه‌وه خه‌ریکی گه‌وره‌کردنی موسکله‌‌کانی جه‌سته‌یه‌تی، به‌شێوه‌یه‌ک، که له ئاینده‌دا ده‌بێت به دۆڵابێکی پێگرتوو، ئامانج تێیدا بردنه‌وه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵکیی و به‌ده‌ستهێنانی ڕێزه، پێدانی هه‌ستی ترسه به به‌رانبه‌ر، چونکه تاک لێره‌دا پێیوایه، ئه‌گه‌ر به‌رانبه‌ره‌که‌ی لێیترسا ئه‌وا ڕێزیشی ده‌گرێت.

شێمای جه‌سته بریتییه له‌و وێنه‌یه‌ی، که مرۆڤ هه‌یه‌تی بۆ خۆی، بۆ نموونه “جوڵه، هه‌ستکردن، بیرکردنه‌وه، له قسه‌کردن و مامه‌ڵه‌وه بیگره هه‌تاوه‌کوو ڕووی ده‌ره‌وه‌ وه‌ک قه‌ڵه‌ویی، باریکیی، موسکولوس، جوانیی و ناشیریینیی بریتیین له شێمای جه‌سته، که هه‌موو کات شیاوی گۆڕانه. مایکڵ جاکسن له ڕه‌شه‌وه خۆی کرد به سپیی، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه نییه، که ئه‌م مرۆڤه وه‌ک ڕه‌ش هه‌ستی به که‌میی خۆی کردبێت، نه‌خێر ئه‌م مرۆڤه وه‌ک ڕه‌ش هه‌ستی به بوونی “خود”ی خۆی نه‌کردووه هه‌ربۆیه ڕه‌نگی له ڕێگای ته‌کنیکی مێدیسینه‌وه گۆڕیوه، ئامانج تێیدا دۆزینه‌وه‌ی “خود” بووه.

تێکچوونی شێمای جه‌سته ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک نه‌خۆشیی ده‌روونیی وه‌ک “بولومیی، ئه‌ناڕۆکسیا نێرڤوزا، دێپرێسیۆن، پسیشۆزن …هتد. یه‌کێک له سیمپتۆمه‌ شازه‌کانی ئه‌م نه‌خۆشییانه بریتییه له بینینی جه‌سته‌ی خۆ وه‌ک دوژمنێک. ئه‌وانه‌ی پسیشۆزن ته‌نها زیان به ژیانی خۆیان ناگه‌یه‌نن، ته‌نها ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیاندا له‌ناونابه‌ن، به‌ڵکوو هی ده‌وروبه‌ره‌که‌شیان. تاک لێره‌دا ته‌نها دوژمنی خۆی نییه، که له ڕێگایه‌وه ماتۆڕی مه‌رگ داده‌گیرسێنێت، دوژمنی نه‌ک ده‌وروبه‌ر به‌ڵکوو هی جیهانیشه. مه‌ترسیی گه‌وره له کۆمه‌ڵگای کورددا ئه‌وه‌یه، که ئه‌مانه ئه‌کتیڤتریین ئاسترومێنتی کۆ تووڕه‌کانی ئێمه‌ن. ئه‌مانه سانا ده‌کرێن به بکووژ، چه‌قۆکێش، تێهه‌ڵده‌ر …هتد.

هیچ کات دره‌نگ نییه ده‌ستپێبکه‌یت ببیت به خۆت. ئه‌نه‌رگیی “ڕۆح” له سروشتدا باشه، ئه‌نه‌رگییه‌کی خراپ بوونی نییه، هیچ ئه‌نه‌رگییه‌کی لاواز له سروشتدا بوونی نییه، ئه‌نه‌رگیی ته‌نها له جه‌سته‌دا لاواز ده‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌وه، که مرۆڤ یه‌کپارچه له سروشت داده‌بڕێت و کولتوور ده‌کات به سروشتی خۆی. فه‌یله‌سووفان چ سه‌رقاڵبوون و چ هێشتا به‌رده‌وام سه‌‌رقاڵن به بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی، که ئاخۆ مرۆڤ له سروشته‌وه باشه یان خراپه؟ مرۆڤ، که کولتووری کردووه به سروشتی خۆی یان سروشتی دووهه‌می خۆی نزیکمان ده‌کاته‌وه له وه‌ڵامێک، که تێیدا جارێک بڵێین: به‌ڵێ، مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه و جارێکیش بڵێین: نه‌خێر مرۆڤ له سروشته‌وه خراپ نییه، به‌ڵکوو باشه.

ئه‌گه‌ر پسیشۆئه‌نالیزانه له قووتابخانه‌ی “فرۆید”ه‌وه بڕوانینه گه‌شه‌ی مرۆڤ، ئه‌وا ئه‌و سروشته‌ی، که ئه‌وی تێدا له‌دایک ده‌بێت و په‌روه‌رده ده‌بێت به‌شێکه له سروشتی ئه‌و. ته‌واوی ئه‌م پرۆسێسه وه‌ک مامه‌ڵه‌کردن، قسه‌کردن، بیرکردنه‌وه …هتد. کاریگه‌رێتییه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر نائاگایی مرۆڤ هه‌یه، که به‌پێی ئه‌م مۆدێلی که‌سایه‌تییه، مرۆڤ له سروشته‌وه خراپه.

ئه‌گه‌ر له قووتابخانه‌ی هومانیسته‌کانه‌وه وه‌ک “کارڵ ڕانسۆم ڕۆجه‌”وه ته‌ماشا بکه‌ین ئه‌وا بوونه‌وه‌ری مرۆڤ بریتییه له یه‌که‌یه‌ک و یه‌کجاره‌کییه‌کی ئیندیڤیدووالانه، ئامانج تێیدا بریتییه له باشکردنی هه‌لومه‌رجی مرۆڤ و تێگه‌یشتنی باشتری تاکه‌کان. بۆ نموونه له ڕوانگه‌ی ئه‌م قووتابخانه‌یه‌وه هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیی دووهه‌م فونکسیٶنێک بوون بۆ باشترکردنی مرۆڤ. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئاخۆ پێویست بوو مرۆڤ به‌و قۆناغه‌دا تێپه‌ڕێ، هه‌تاوه‌کوو بگات به‌وه‌ی، که هیچ که‌س به‌رپرس نییه له هه‌ست و بیرکردنه‌وه‌ی تاک، خودی تاک خۆی نه‌بێت؟! له‌م قووتابخانه‌یه‌دا مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێک ته‌ماشاده‌کرێت، که به‌دوای پراکتیزه‌کردنی خوددا ده‌ڕوات، که هه‌وڵی ڕیالیزه‌کردنی خودی ڕاسته‌قینه ده‌دات، واته ده‌یه‌وێت بچێته سه‌رڕێگای ئیندیڤیدووێلی خۆی.

ماوه‌ته‌وه بپرسم: له نیشتیمانی ئێمه‌دا چه‌ندمان خۆمانین؟ چه‌ندمان بۆ تاکه جارێک سه‌رنجی شێمای جه‌سته‌ی خۆمانداوه؟ چه‌ندمان درکمان به‌وه کردووه، که مامه‌ڵه‌کانمان، قسه‌کردنمان و بڕیاره‌کانمان به‌رهه‌می پرۆسه‌یه‌کی فێربوونه؟ فێربوون له دایک و باوکه‌وه، خوشک و براوه، فێربوون له کۆمه‌ڵه‌وه‌یه؟

من بیرده‌که‌وه، که خۆم نیم، که‌واته هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی “خود”ی خۆم ده‌ده‌م. ئه‌ی تۆ چییده‌که‌یت؟

 

02.12.2012

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.