Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی باڵه‌كایه‌تی باڵه‌كایه‌تی ده‌بینن

Be First!
by May 6, 2009 گشتی

ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی باڵه‌كایه‌تی باڵه‌كایه‌تی ده‌بینن
 ئیبراهیم گه‌له‌ژێری /چۆمان

كه‌س نی یه‌ له‌ ژیان  خه‌ون به‌وه‌ نه‌بینێت كه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژانی ژیان  یه‌كێك له‌ دۆست وهاوڕێ كانی بگاته‌ پله‌یه‌كی به‌رز ، كه‌سیش نی یه‌ خۆی ئاره‌زوی ئه‌وه‌ نه‌كات كه‌ خۆی كه‌سێك بێت له‌ و كه‌سانه‌ و بگاته‌ ئاستی پله‌یه‌كی به‌رز به‌تایبه‌ت پله‌ سیاسی و كارگێریه‌كان ، له‌و ساتانه‌شدا دونیایه‌ك خه‌یاڵ له‌ مێشكمان گوزه‌ر ده‌كات .
جوانترین شتێك یاخود وێنه‌یه‌كی دیفاكتۆی بۆخۆمان دروست ده‌كه‌ین خۆمان ده‌بین به‌ په‌پوله‌یه‌ك و دڵی هیچ كه‌سێك زیان پێناگه‌ینین ، هه‌ر له‌م خه‌یاڵه‌ماندا كه‌سێكی به‌وه‌فا ده‌بین به‌رامبه‌ر به‌ هاونیشتمان و هاو شاریه‌كانمان ، به‌لێن دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌ر كاتێك كه‌ بزاندرێت یه‌كێكمان پالێوراوی ئه‌و حزبه‌ ده‌بین كه‌ وه‌ك كۆیله‌یه‌ك له‌ به‌رده‌میدا چۆك داده‌ین ، هه‌ر شتێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و بێت بێ‌ دوو دڵی جێ‌ به‌جێ‌ ی ده‌كه‌ین له‌و كاته‌دا وه‌ك شتێكی ته‌قلیدی و تۆماركردنی مێژویه‌ك بۆخۆمان روخسه‌تی ئه‌وه‌ له‌ به‌رپرسه‌ حزبیه‌كانمان وه‌رده‌گرین و له‌ گه‌شتێكی مه‌یدانیدا روو ده‌كه‌یینه‌ دوورترین گوند تاكه‌ هه‌وارێك كه‌ ماڵێكی باڵه‌كایه‌تی تیا بێت ، له‌وكاته‌ چه‌ند قسه‌یه‌كی سوواو دوباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌لێن له‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتی حزبمان سڵاومان هێناوه‌ هاتوین به‌ناوی ئێوه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ئێوه‌وه‌ به‌ده‌نگی ئێوه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و شوێنه‌ كه‌ بتوانین خزمه‌تێك به‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان بكه‌ین !!؟؟له‌وێ‌ به‌لێنه‌كان به‌قه‌د كزه‌ بایه‌ فێنكه‌كان هه‌ڵده‌رێژین هیچ بیركردنه‌وه‌مان نی یه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت خه‌ڵكێكی زۆر له‌ده‌وری خۆمان گرد بكه‌ینه‌وه‌ ،هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ به‌لێن ده‌ده‌ین  كه‌ چه‌ندین كۆسته‌رو پاستان بۆ ره‌وانه‌ ده‌كه‌ین و ریش سپیه‌كانتان وه‌رن سه‌ركرده‌كانمان ببینن دڵیان به‌ئێوه‌ خۆش ده‌بێت ؟ دڵسۆزی ئێوه‌ هه‌رگیز له‌ بیر ناكرێت ئه‌مانه‌و سه‌دان وشه‌ی تر كه‌ ناكرێ‌ هه‌مویان بلێن دوباره‌ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌وكاتانه‌شدا دڵمان فراوان ده‌بێت هه‌ڵده‌ستین چه‌ند پاره‌یه‌ك ده‌ده‌ینه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ قسه‌یان ده‌ڕوات یاخود له‌ هه‌ڵبژاردندا پشتمان ده‌گرن ، خۆ هه‌مووشمان شاره‌زای ئه‌وه‌ بوین كه‌ زۆرترین شتێك له‌م ووڵاته‌ فێڵ كردنه‌ له‌ دیموكراسی ! به‌ڵام له‌وكاتانه‌دا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت پله‌ وه‌ربگرین ئاماده‌ی قسه‌ی ره‌قین ڕه‌خنه‌ی توندیش  به‌ سینگێكی فراوانه‌وه‌ وه‌ر بگرین سڵ له‌ هیچ ناكه‌ینه‌وه‌ گوڵی سوور له‌و كات ده‌كرین له‌سه‌ر گۆری شه‌هیده‌كان داده‌نێین سڵاو له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌ین ، جامی مۆنیكا و په‌ترۆڵه‌كانمان ته‌واو ده‌هێنینه‌ خواره‌وه‌ ئه‌و كات ده‌لێین ئه‌ها برا جوتیاره‌كان سه‌یركه‌ن له‌به‌ر دڵ سوتانمان به‌ماندو بونی ئێوه‌ فێنك كه‌ره‌وه‌ی  ئۆتۆمبێله‌كانمان داخستوه‌ ؟! له‌هه‌موو ماڵێك كه‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر رێگه‌مان لاده‌ده‌ین و تێر قسه‌ی خۆش ده‌كه‌ین ،ته‌نیا شتێك كه‌ بیری لێنه‌كه‌ینه‌وه‌ توره‌ بونه‌ ؟ ئه‌وكات هیچ توڕه‌ نابین سه‌ر له‌ ماڵی پێشمه‌رگه‌ كۆن و نوێ‌ كان ده‌ده‌ین جوانترین قسه‌ی ره‌وانبێژی كه‌ پڕی بێت له‌ سۆز بۆیان ده‌كه‌ین ئه‌وانیش خۆش باوه‌رانه‌ بروا ده‌كه‌ن و ده‌ست له‌سینگ بۆمان ده‌وه‌ستن، به‌راستی چركه‌ ساتی خۆشی ژیانه‌ چونكه‌ كه‌ هیچمان پێناكرێت هه‌موو شیان بڕوامان پێده‌كه‌ن !؟ من له‌م ووتاره‌  ڕۆشنایی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر شتێك كه‌ پێویسته‌ هه‌موومان ویژدانانه‌ بیر بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ویژدانی زیندوو مانای هه‌ست كردن به‌ مرۆڤایه‌تی یه‌، چه‌ند سالێك ده‌بێت په‌رله‌مانی كوردستان هه‌لبژێردراوه‌ مایه‌ی به‌خته‌وه‌ری خه‌ڵكی ئێمه‌شه‌ كه‌ سێ‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌سه‌ر لیسته‌ جیا جیاكانی حزبه‌ سیاسیه‌كان كورسیه‌كی په‌رله‌مانیان به‌ر كه‌وتووه‌.
 ڕه‌نگه‌ زۆربه‌مان ئه‌و كات زۆر به‌وه‌ دڵخۆش بوین كه‌ خه‌ڵكی باڵه‌كایه‌تی  له‌ په‌رله‌مان ماناو سودێكی زۆری  ده‌بێت به‌وه‌ی كه‌ هیچ نه‌بێت به‌پێ‌ ی ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ پێیان سپێردراوه‌ خزمه‌تێكی به‌رچاو به‌ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ن ، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی كه‌ رژێمی صه‌دامی گۆڕبه‌گۆر له‌گه‌ڵ خاك ته‌ختی كرد هه‌رچی مانای ژیان هه‌بوو له‌م سروشته‌ جوانه‌ی باڵه‌كایه‌تی جگه‌ له‌ زمانی تفه‌نگ و ته‌قینه‌وه‌ مین رێژ كردن تاكه‌ باڵنده‌یه‌كی له‌م سروشته‌ جوانه‌ نه‌هێشت ،خه‌ڵك چاوه‌رێ‌ ی  ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ ده‌كات ، خه‌ڵك ده‌یه‌وێت به‌رپرسه‌كانی سنوره‌كه‌ی خۆی زوو زوو سه‌ردانی ئه‌و ناوچه‌یان بكردبایه‌ وه‌ك سه‌ردانی ره‌سمی نه‌ك وه‌ك سه‌یران كردن ؟دیسان به‌ره‌و هه‌لبژاردن ده‌رۆین ئه‌مجاره‌ ده‌بێت كێی تر له‌ باڵه‌كایه‌تی وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌و سنوره‌ له‌ لیسته‌كان بگاته‌ په‌رله‌مان ، بێگومان ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌و سێ‌ ئه‌ندامه‌ی ئێستا بن ،ئه‌وا خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی گله‌یی بكات ،  من هه‌رگیز چاوم  له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنوره‌كه‌مان جێ به‌جێ‌ بكه‌ن كه‌ مافی هه‌موو ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی یه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ چاومان لێ‌ بووه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ رۆژێك هه‌رسێ‌ كیان پێكه‌وه‌ گه‌نجه‌كانی ئه‌م سنوره‌یان ئاگادار بكربایته‌وه‌ داوایان كردبا كه‌  كۆرێكی كراوه‌یان بۆ ساز بكه‌ین و گوێ‌ بۆ داواكاریه‌كانمان بگرن ، چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌ركێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌رشانه‌ ، راسته‌ ئه‌وان وه‌ڵامی خۆیان هه‌یه‌ بۆئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌و پێمان ده‌لێن كاكه‌ بوارمان نی یه‌ ! به‌ڵام ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌مه‌ ناچێته‌ خانه‌ی بڕوا پێ بونه‌وه‌،چونكه‌ چی تیا ده‌بێت  خۆیان له‌ یادی ڕاگواستنی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی سه‌ردانی  چۆمان  بكه‌ن و له‌گه‌ڵ رۆشنبیرانی ئه‌م شاره‌ دابنیشن و چاوپێكه‌وتنێكی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرن و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا باسی هه‌ڵگیرانی ئه‌م سنوره‌ بكرێت كه‌ تاكو ئێستا هیچی وای بۆنه‌كراوه‌ كه‌ بلێن له‌ ئاست كاولكاری ئێمه‌ دابووه‌ بۆیه‌ پێشنیارێك ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م ئه‌و به‌رێزانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی باڵه‌كایه‌تین ده‌بنه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی داهاتوو  له‌ هه‌لبژاردنی ئاینده‌ ، كه‌ له‌  یادی راگواستنی باڵه‌كایه‌تی و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ر له‌م سنوره‌ چۆڵ بونی ئه‌م ناوچه‌یه‌ سه‌ردانێكی ئه‌م سنوره‌ بكه‌ن و كه‌مێك له‌ مه‌ینه‌تیه‌كانی خۆمان به‌رنه‌  په‌رله‌مان..
gelejeri@yahoo.com 

Previous
Next

Leave a Reply