Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

ئه‌ندرێ مالرۆ پیاوی رینیسانس…. دیدار مه‌سیفی

Be First!
by February 29, 2008 گشتی

پیاوێک له‌ مانگی یازده‌ له‌ دایک بوو له‌ مانگی یازده‌ش مرد، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی یازده‌ ساڵ وه‌زیری به‌ ناو و ده‌نگی که‌لتوری فه‌ره‌نسا بێت، ئه‌و له‌ په‌رستگایه‌کی بودییه‌کان دا له‌ که‌مبۆدیا له‌ سه‌ر دزی ده‌گیرێت. کاتێک له‌گه‌ڵ کلارای ده‌ستگیرانی ده‌یه‌وێت چه‌ند پارچه‌ ئه‌نتیکێکی کۆن له‌م شوێنه‌ هه‌ڵگرێت و به‌ نیازی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن بۆ ئه‌مریکا و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بن. ئه‌و کات ئه‌ندرێ مالرۆ له‌هه‌ره‌تی لاوی دا بوو و هه‌ر بیست ساڵێک ده‌بوو ته‌مه‌نی، وه‌ گه‌شته‌که‌شی بۆ که‌مبۆدیا سه‌ره‌تای رێگایێکی دوور و درێژ بوو که‌ ئه‌و تا له‌ ژیان دا بوو هه‌ر به‌ دوای گه‌یشتن به‌ ئه‌وسه‌رییه‌وه‌ وێڵ بوو. چونکه‌ ئه‌و گه‌شته‌ی تافی لاوی چه‌نده‌ گرێیه‌کی کوێری له‌ که‌سیێتی ئه‌و دروست کرد، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ بوو به‌ بلێسه‌یه‌ک ناخی ئه‌و پیاوه‌ بلیمه‌ته‌ی پته‌وتر و رووناکتر ڕاگرت. له‌م رووداوه‌ دا ئه‌ندرێ مالرۆ به‌ سێ ساڵ حوکم ده‌درێت به‌ڵام خزمه‌ته‌که‌ به‌جێ ناگه‌ینێت چونکه‌ که‌مبۆدییه‌کان له‌ به‌ر فه‌ره‌نسی بوونی لێی خۆش ده‌بن و ئه‌و سزایه‌ی به‌سه‌ردا ناسه‌پێنن‌. به‌وه‌ش مالرۆ زیاتر خۆی به‌ شه‌رمه‌زار ده‌زانێت و له‌وێشه‌‌وه‌ ده‌ست ده‌کات به‌ شه‌رمه‌زارکردنی سیسته‌می کۆلۆنیالیزم. 

گه‌وره‌یی مالرۆ ده‌توانرێت به‌و‌ رووداوه یه‌ک به‌دوای یه‌کانه‌شدا بپورێت که‌ هه‌رگیز نه‌یانتوانی کۆڵ به‌و پیاوه‌ فه‌ره‌نسی یه‌ هۆشمه‌نده بده‌ن و‌ له‌ پێکانی ئامانجه‌کان و ئه‌و په‌یامه‌ی هه‌ڵیگرتبوو دوای بخه‌ن. ئه‌و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ گرێیه‌که‌ی ده‌روونی خۆرسك له‌ دایک ببوو و پولداری و رێ و شوێنی بنه‌ماڵه‌که‌یان بۆ ئه‌و هیچ نه‌بوو به‌‌ مایه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌ری.        
 به‌ر له‌ رووداوه‌که‌ی که‌مبۆدیا و دواتریش به‌ربه‌ستی زۆر هاتنه‌ رێگای ئه‌ندرێ مالرۆ وه‌ک ئه‌وه‌ی قه‌ده‌رێکی شووم بێت و بیه‌وێت ئه‌و له‌ ئه‌نجام دانی کاره‌کانی په‌ک بخات. به‌ڵام دوا جار هیچ شتێک نه‌یتوانی ئه‌و گڕه‌‌ له‌ ناخی  ئه‌و دا خامۆش بکات که بۆ نوسین و ئازادی گه‌لان هه‌ڵیکردبوو. ئه‌ندرێ مالرۆ له‌ سایگۆن رۆژنامه‌یه‌ک ده‌رده‌کات و کولونیالیزم به‌ توندی ڕیسوا ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی ویستبیه‌تی له‌ نزیکترین شوێنه‌وه ‌هه‌ڵه‌که‌ی راست بکاته‌وه‌ و به‌ دونیا بڵێت که‌وا ئه‌و له‌م سیسته‌مه‌ دزه‌ شتێکی نا د‌روست فێربوو و په‌شیمانه‌ له‌ کرده‌وه‌که‌ی که‌مبۆدیا.    

له‌ سه‌رده‌می منداڵی، دایکی و باوکی مالرۆ هه‌رده‌م کێشه‌ و گرفتیان هه‌بوو و ئه‌وه‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌‌ سه‌رئێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆ مالرۆ دروست کردبوو. به‌ڵام که‌ دواتر له‌ سێبه‌ری دایکی و ماڵه‌ باپیری گه‌وره‌ بوو، هه‌رگیز له‌ خه‌یاڵی دا نه‌بوو که‌ رۆژێک باوکی به‌ تراژیدیترین شێوه‌ دونیا به‌ جێده‌ هێڵێت و ده‌رزێکی قوول ده‌خاته‌ دڵی ئه‌و.                          
ساڵی 1930  کاتێک ئه‌و خه‌ریکه‌ گه‌شتێکی ئارکیۆلۆژی بۆ ئێران و ئه‌فغانستان بکات باوکی خۆی خۆی ده‌کوژێت، ئه‌و بۆ دڵنه‌وایی دانه‌وه‌ی خۆی به‌ درێژایی رۆژانی مانه‌وه‌ی له‌و دوو ووڵآته‌ خه‌ریکی  نوسینی  دووه‌مین رۆمانی ده‌بێت به‌ ناوی {رێگای شاهانه‌}  ئه‌ندرێ مالرۆ سه‌ره‌رای نوسین خه‌باتکارێکی سه‌رسه‌خت بووه‌ له‌ داکۆکی کردن له‌ مافی گه‌لانی ژێرده‌ست. به‌ خوێند‌نه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی ئه‌و پیاوه‌ مرۆڤ هه‌ست ده‌کات که‌ ژیانی مالرۆ زۆر درێژ و چڕ و پڕ دیاره له‌و ماوه‌ی که‌ ژیاوه‌‌.   
مالرۆ له‌ ئیسپانیا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رابه‌ری تیمێکی ئازادیخوازه‌کان بووه‌، جوانترین شاکاریشی ده‌رباره‌ی شه‌ری ناوخۆی ئیسپانیا نوسیوه‌. له‌ شه‌ڕه‌دا ئه‌و بریندار ده‌بێت و چه‌ندین جار له‌ ده‌ست نازییه‌کان خۆی رزگار کردووه‌. هه‌روه‌ها له‌ کاتی مانه‌وه‌ی له‌ ئیسپانیا مالرۆ له‌ که‌سه‌ ده‌گمه‌نه‌کان بوو که‌ به‌ هۆی هاوڕێیه‌تی نزیکی له‌گه‌ڵ پیکاسۆ دا ئاگاداری قۆناغه‌کانی  نه‌خشاندنی گێرنینکا  بێت.

هاوشان له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌ گه‌وره‌کانی دونیا، خه‌م و گرفتی ژیانی تایبه‌تی و رۆژانه‌ هه‌رگیز به‌رۆکی مالرۆیان به‌رنه‌داوه‌، ئه‌و کاتێک له‌ ئه‌لسازی- فه‌ره‌نسا دا ده‌جه‌نگا ژۆسێتی هاوسه‌ری له‌ کاتی خه‌وتندا له‌ کاره‌ساتی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌مرێت. هه‌روه‌ها مالرۆ له‌ ژۆسێت دوو کوڕی هه‌بوو به‌ ناوی پییر و ڤینسینت که‌ حه‌فت ساڵ دوایی مه‌رگی دایکیان ئه‌وانیش ده‌بنه‌ قوربانی کاره‌ساتی وه‌رگه‌ڕانی ئۆتۆمبێل و هه‌رتک پێکه‌وه‌ ده‌مرن. 

ئه‌ندرێ مالرۆ پاش هه‌ر کۆستێک رۆمانێکی به‌ به‌رهه‌م هێناوه‌ و به‌ به‌رده‌وام عه‌شقی خۆی له‌گه‌ڵ ژیان و ژن و ئازادی تازه‌ و تازه‌تر‌ کردۆته‌وه‌. ئه‌و کاتێک له‌ سه‌رده‌می دیگۆل ده‌بێته‌ وه‌زیری که‌لتور، ده‌یه‌وێت شۆڕشێکی جیهانی به‌رپا بکات و به‌ گه‌رمی کار بۆ بیرۆکه‌یه‌ک ده‌کات که‌ وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک بۆ‌ رووداوه‌که‌ی که‌مبۆدیا له‌ دڵی دا چه‌که‌ره‌ی کردبوو، ئه‌و ده‌یه‌ویست بیرۆکه‌ی مۆزه‌خانه‌ی ژێر دیوار بنیات بنێت واته له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ووڵاتانی کۆلۆنیالیزم تا سه‌ر بازرگانی به‌ گه‌نجینه‌کانی مرۆڤایه‌تی بکه‌ن، ده‌بێت‌ خه‌ڵک ببن به خاوه‌نی ئه‌و شاکار و ئه‌نتیک و شته‌ مێژووییانه‌ی له‌ مۆزه‌خانه‌کان ئاخنراون‌. کاتێک ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر لوڤه‌ر دا ‌ده‌بێت له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا ده‌بێت که‌ لوڤه‌ر بکات به‌ مولکی هه‌موو دونیا، به‌ڵام مخابن دواتر ئه‌و خۆی له‌ به‌رامبه‌ر داوایه‌ک ناگرێت که‌ جاکلین کینه‌دی جوانترین ژنی کۆشکی سپی لێی ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی که‌مێک مۆنالیزا له‌ ماڵه‌ کاتیه‌که‌ی هه‌ڵبواسێت، نه‌وه‌ک مالرۆ بۆ په‌رستگاکه‌ی که‌مبودیای ببات که‌ گه‌لێک له‌ ئه‌و نزیکتر بوو!                                                                                                                                           
     ‌dmasifi289@yahoo.ca  

 

Previous
Next

Leave a Reply