Skip to Content

Wednesday, September 30th, 2020

ئه‌نفالكراوه‌كان له‌ دوای‌ له‌سێداره‌دانی‌ عه‌لی‌ كیمیاوی‌

Be First!
by March 4, 2008 گشتی

مه‌جید ساڵح  …..


عه‌لی‌ كیمیاوی‌، ناوێكی‌ زۆر ئاشنا به‌لای‌ گه‌وره‌ و بچووكی‌ كورده‌وه‌، پیاوێكه‌ ده‌ستی‌ له‌ خوێنی‌ هه‌زاران رۆڵه‌ی‌ ئه‌م گه‌له‌دا سووره‌ ‌و تاكو ئه‌و ساته‌ی‌ فه‌رمانی‌ له‌سێداره‌دانه‌كه‌شی‌ بۆ ده‌رچوو، هیچ په‌شیمان نه‌بوو له‌وه‌ی‌ به‌ سه‌ر كوردستاندا هێناویه‌تی‌. دووژمنێكه‌ نابێت به‌ ئاسانی‌ ئاسه‌واری‌ تاوانه‌كانی‌ له‌ هزری‌ ئێمه‌دا بسڕێته‌وه‌.
كیمیاوی‌ كه‌ له‌مانگی‌ ئابی‌ 2003دا له‌لایه‌ن هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، له‌ گه‌ڵ سه‌دام حسێن ‌و پێنج تاوانباری‌ دیكه‌دا به‌ تۆمه‌تی‌ جێبه‌جێكردنی‌ تاوانی ئه‌نفاله‌كان درانه‌ دادگا، له‌ پاش له‌سێداره‌دانی‌ سه‌دام حسێن ئه‌م دیارترین تاوانباری‌ كه‌یسی‌ ئه‌نفاله‌. له‌ 24 ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵدا حوكمی‌ له‌سێداره‌دانی‌ بۆ ده‌رچوو.
دوو مانگ زیاتره‌ ئه‌و حوكمه‌ی‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كان له‌عیراقه‌وه‌ بۆ ده‌رچووه‌ ‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی‌ دادگای‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی‌ عیراق حوكمی‌ له‌سێداره‌دانه‌كه‌ی‌ په‌سه‌ندبكات. له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئێمه‌ سی‌ رۆژمان له‌ به‌رده‌ستایه‌ تاكو به‌چاوی‌ خۆمان شاهیدی‌ جێبه‌جێكردنی‌ به‌شێك له‌و عه‌داله‌ته‌ بین كه‌ ده‌مێكه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین.
به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌نفال، له‌ ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵی‌ دادگایه‌كه‌دا كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی‌ زۆریان نواند، هه‌ر له‌وه‌ێ‌ كه‌ نه‌یانتوانی‌ تیمێكی‌ به‌رگیری شاره‌زا ‌و راوێژكاری‌ یاسایی‌ بۆ كه‌یسه‌كه‌ ئاماده‌كه‌ن تا ئه‌وه‌ی‌ كه‌مته‌رخه‌مبوون له‌ گه‌یاندنی‌ حه‌قیقه‌تی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ڕێگای‌ راگه‌یاندنكانی‌ جیهان به‌ رای گشتی‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ دادگای‌ په‌لامارێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك ئه‌نفال، له‌و هه‌زران كه‌سه‌ی‌ كه‌ راسته‌وخۆ به‌شدارییان له‌ گرتن ‌و كوشتن ‌و وێرانكردنی‌ كوردستاندا كرد، ته‌نها حه‌وت تاوانبار ده‌ستنیشانكران ‌و ئه‌وانی‌ دیكه‌ش هه‌ركه‌سێكیان به‌ ته‌زكییه‌ی‌ حزبێك له‌ كێشه‌كه‌ هێنرانه‌ده‌ره‌وه‌. سه‌یرتریش له‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌و شه‌ش كه‌سه‌ی‌ كه‌ ماوون حوكمی‌ له‌سێداره‌دان ته‌نها بۆ سێ كه‌سیان ده‌رچوو.
به‌ هه‌رحاڵ، هیچ ئاسۆیه‌ك له‌ئارادا نییه‌ ئه‌وانه‌ی‌ دیكه‌ كه‌ به‌شدارییان له‌و تاوانه‌دا كردووه‌ راپێچی‌ به‌رده‌م دادگا بكرێن، چونكه‌ نه‌ لای‌ یه‌كێتی‌ ‌و پارتی‌ هیچ حه‌ماسه‌تێك بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هه‌یه‌ و نه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش بیری له‌ شتێكی‌ له‌و جۆره‌ كردوه‌ته‌وه‌. پاش له‌سێداره‌دانی‌ عه‌لی‌ كیمیاوی‌، ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌نفالزه‌ده‌وه‌ گرنگه‌ ‌و له‌ڕێگایه‌وه‌ خه‌مخۆری‌ ‌و راستگۆیی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ پێهه‌ڵده‌سه‌نگێنێت ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك چۆن رووفاتی‌ بارزانییه‌كانی‌ به‌ڕێزه‌وه‌ هێنایه‌وه‌، ئاواش به‌زووترین كات رووفاتی‌ ئه‌نفالكراوه‌كانی‌ دیكه‌ له‌ژێر لمی‌ بیابانه‌كانی‌ عیراق بهێنێته‌وه‌ بۆ كوردستان ‌و له‌ شوێنێكی‌ شایسته‌دا مۆنۆمێنتێكی‌ دیاریان بۆ دروستبكات، بۆئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ ره‌مزێك بۆ زیندوو هێشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و تاوانه‌ له‌ كۆهزری‌ نه‌وه‌كانی‌ ئاینده‌دا.

ئه‌نجا هه‌وڵه‌كانی‌ خۆی‌ بخاته‌كار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌زاران گونده‌ی‌ كه‌ له‌ په‌لاماره‌كانی‌ ئه‌نفالدا ته‌ختكران. هاوكات ده‌بێت حكومه‌تی‌ كوردستان چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ نه‌كات كه‌ی‌ ‌و چۆن حكومه‌تی‌ عیراق قه‌ره‌بووی‌ ئه‌نفالكراوه‌كان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت له‌و بودجه‌یه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ ژیانێكی‌ شایسته‌ و گونجاویان بۆ دابینبكات.

Previous
Next

Leave a Reply