Skip to Content

Monday, January 25th, 2021

ئه‌نفال ….كه‌ڤاڵی خه‌مه‌كان …. كوردۆشوانی

Be First!
by April 13, 2011 ئەدەب

ڕۆژی جه‌ژنه‌و
مناڵێكی ئاوێته‌ی خه‌م
به‌هه‌نیسكی گریانه‌وه‌
وتی دایه‌ ،
خۆزگه‌ باوكم ئه‌نفال نه‌كرایه‌ !!
هه‌زار خۆزگه‌
ته‌نها جارێك به‌رله‌مه‌رگی
ره‌نگ وروخساریم بدیایه‌ !
ئه‌ی خودایه‌
چه‌ندشادوئاسوده‌ده‌بوم
گه‌رپێكه‌وه‌
ئه‌م جه‌ژنه‌مان بكردایه‌ !
باوكی منیش
وه‌كو باوكی هاوڕێكانم
بۆچه‌ند ساتێ
له‌ئامێزی بگرتمایه‌ !!
خۆزگه‌ رۆژێ
بێ خه‌م ومه‌ینه‌تی وگریان
ژینمان به‌سه‌ر ببردایه‌ !
ئاخ بابه‌ گیان
خۆزگه‌ ئه‌نفال
تۆی له‌ ئێمه‌ دانه‌بڕیایه‌…؟
****
له‌گه‌ڵ ئاه و خۆزگه‌ی مناڵ
دایك ده‌ستی كرد به‌گریان
خه‌م ومه‌ینه‌تی وهه‌ژاری
بوركانێكی پڕله‌گڕبوو
هه‌مو ساتێك سه‌دان جار
ناخی ده‌سوتان !!
دایك و منداڵ
به‌دڵی پڕ حه‌سره‌ته‌وه‌
له‌ ئامێزی یه‌كتریدا
ئاوێته‌بون !!!
ئه‌شكی چاویان
هێمابو بۆ نائومێدی
وه‌ك بارانی هه‌وری خه‌می
ئه‌وده‌رده‌ بون !!
دایكی دڵ پڕله‌خه‌م وژان
وتی تۆمه‌گری رۆڵه‌گیان
ئه‌م وڵاته‌ بێ یاسایه‌
هه‌زاران له‌یاد كراوی
وه‌ك ومن وتۆی تێدایه‌؟!!
له‌م نیشتمانه‌ڕه‌شپۆشه‌
هه‌زاران ئه‌ستێره‌ی وه‌ك تۆ
وا له‌ژێرتاریكی هه‌وری
بێكه‌سی وهه‌ژاریدایه‌!
جگه‌رگۆشه‌م
هێشتاوشك نه‌بۆته‌وه‌
خوێنی زامه‌كه‌ی نیشتمان
هێشتابۆنی هه‌رواماوه‌
سێوی كۆمه‌رگی هه‌ڵبه‌جه‌
هێشتا ده‌نگی له‌گوێمانه‌
شین وهاواری لمستان؟!!!
هێشتا هه‌ربه‌دی ده‌كرێ
به‌روخساری ئه‌م گه‌له‌وه‌
ڕه‌نگی مه‌رگ وڕه‌نگی ترس و
هیوابڕان…؟
چاوه‌ڕوان بوین دوای ئازادی
ئاسوده‌بینه‌وه‌ به‌ژیان !
لێ مخابن
وا ده‌بینیت جارێكی تر
نه‌هامه‌تی گه‌ڕایه‌وه‌
بۆخاك ووڵاتی كوردان !!
رۆڵه‌ی شیرین وبێنازم
ئه‌ودوژمنه‌ی كه‌سه‌كانی تۆی ئه‌نفال كرد
زوحاكێ بو كه‌ تینوبوبه‌خوێنی كورد!!
به‌ڵام دیسان واكورد ئه‌نفال ئه‌كرێته‌وه‌ ؟!
ئه‌م جاره‌ خۆی تیخ به‌ده‌سته‌و
زامه‌كان ئه‌كولێنێته‌وه‌
ته‌ماشاكه‌
ئه‌ولاوانه‌ زۆریان وه‌ك تۆ
كه‌س وكاری ئه‌نفال كراوه‌كانمانه‌!!
ناپرسیت بۆ؟
روی گولله‌یان له‌یه‌كتره‌و
پشتیان له‌ دوژمنه‌كانه‌ !!
بۆچی دایه‌ ؟؟
چونكه‌ئه‌وان فیرنه‌كران
ئه‌وینداربن
به‌نه‌ته‌وه‌وبه‌نیشتمان
ئه‌وان هه‌مو بێ تاوانن
ئه‌وان پاكن
ئه‌وان ته‌نها چاوه‌ڕوانی
فه‌رمانێكی سه‌رۆك وسه‌ركرده‌كانن ؟!!
رۆڵه‌ ئه‌مه‌ مه‌رگه‌ساته‌
ئه‌مه‌ هۆكاری نه‌مان وخاپوركردنی وڵاته‌ !
ئه‌م شه‌ڕه‌شوم ودژواره‌
شه‌ڕی نیوان براكانه‌ ؟!
ئه‌مه‌ شه‌ڕی ئازادی نیشتمان نیه‌
شه‌ڕی كورسی ده‌سه‌ڵات و
شه‌ڕی سامانی وڵات و
شه‌ڕی پڕكردن كیرفانه‌ !!!
ئه‌مه‌جه‌نگێكی جودایه‌
ئه‌مه‌ مژده‌ی خۆشی وشادیه‌ بۆدوژمن
بۆوڵاتیش مه‌زنترین تراژیدیایه‌ ؟!!
ئه‌مه‌شه‌ڕی داگیر كارو
ئازادیخوازه‌كان نیه‌ ؟
ئه‌مه‌شه‌ڕی یه‌كگرتنه‌وه‌ی
نیشتمانی زامدارنیه‌ !
رۆڵه‌گیان ئه‌م شه‌ڕه‌ شومه‌
له‌ریشه‌وه‌ ده‌ری دێنێ
هیوای دواڕۆژێكی گه‌شی 
گه‌لی ئه‌م خاك و وڵاته‌
ئه‌م گه‌ڵاڕیزانی مه‌رگه‌
ئه‌م لێزمه‌بارانی خوێنه‌
ته‌نهاشه‌ڕی ده‌سه‌ڵاته‌ !!!
ئه‌مه‌ شه‌ڕی سڕینه‌وه‌ی
هه‌موبه‌هاكانی ژیانه‌
ئه‌مه‌ ره‌شه‌بای خه‌زانی
هه‌ڵوه‌رینی گوڵه‌كانه‌ !!
بنوو كورپه‌م .
ئێمه‌ی كوڵۆڵ كه‌سێك نیه‌
گوێ ڕادێرێ له‌ناڵه‌ مان
كه‌سێك نیه‌ ته‌ماشاكات
له‌ژیانی مه‌رگ ئاسا و
له‌ وێرانی ئه‌م حاڵه‌مان ؟!!
بنو ڕۆڵه‌
باله‌نێو خه‌وێكی قوڵدا
ئاسوده‌ییت بێته‌ به‌رچاو
با ئاشنابیت
به‌جیهانی ڕه‌نگاڵًه‌یی
منداڵانی خوداپێداو !
رۆله‌ی شیرینی بێ نازم
ئه‌مێستا من
له‌م تاریكستانی ژینه‌
بۆ تروسكه‌یه‌ك روناكی
بۆ ڕۆژگارێكی ئاسوده‌
ته‌نها بۆتۆ
هه‌میشه‌ ئاواته‌ خوازم
چرۆی گه‌شی ته‌مه‌نی من
به‌قوربانی ژیانی تۆبێ
نه‌فره‌ت له‌وه‌ی
گیرۆده‌ی مه‌ینه‌تی كردین
له‌مێژو دا شه‌ره‌مه‌زارو ره‌نجه‌ڕۆبێ !!
من ده‌زانم ژیانی من وتۆی لانه‌واز
تابلۆیه‌كی نادیاره‌
له‌به‌رچاوی ئه‌وكه‌سانه‌ی
هه‌رده‌م وێبڵن
له‌ دوای كورسی ده‌سه‌ڵات و
پول وپارو ؟!
هه‌زارمخابن كوردستان
ده‌ریایه‌ك خوێنی گه‌شی كورد
بۆئازادی تۆ به‌خشرا
كه‌چی هێشتا به‌دی ناكه‌م
تروسكه‌یه‌ك
به‌ئه‌ندازه‌ی تیشكی چرا !!
وڵاته‌كه‌م
ئێستا خاكی پیرۆزی تۆ
پێشه‌نگایه‌ ؟!!
هه‌زاران كه‌ڤاڵی ره‌نگینی
به‌خوێن نه‌خشراوی تیایه‌ ؟
له‌هه‌ر وڵاتێكی دوری ئه‌م هه‌ساره‌ به‌رینه‌وه‌
پۆل پۆل بینه‌ر
دێنه‌سه‌یرت بۆنیگایه‌ !!!
به‌ڵام هه‌رگیز كه‌سێك نه‌بو
وه‌ك خه‌مخۆری تۆده‌ركه‌وێ
كه‌سێك نه‌بو
ویژدانی بۆت راچه‌ڵه‌كێ !!
مرۆڤ دۆسته‌كانی جیهان
پێمان بڵێن
ئێوه‌ له‌ كوێدا رازا بون
ئه‌وده‌مه‌ی وڵاتی ئێمه‌
كوشتارگه‌یه‌كی مه‌زن بوو
بۆبێ ده‌نگ بون
ئه‌وساتانه‌ی نیشتمانێ سه‌روبن بوو ؟!!
نه‌بیستنتان
هێمابو بۆتاوان باری
بێ ده‌نگیتان
هێمابو بۆ شه‌رمه‌زاری  !!
ژیان دۆسته‌كان بۆبێده‌نگن
ئه‌وكاتانه‌ی ئه‌هریمه‌نێك
هه‌زاران رۆح ئه‌سوتێنێ و
جوانی شارێ ره‌شپۆش ئه‌كات؟!
بۆبێده‌نگن ئه‌وكاتانه‌ی
بیابانێك سه‌دان هه‌زارچاوی گه‌شی
پڕله‌سۆمای دواڕۆژی رون
له‌ناو لمدا خامۆش ئه‌كات ؟!!!
خۆ ده‌زانن ئه‌م وڵاته‌
لانكه‌ی مرۆڤایه‌تیه‌ ؟
خۆده‌زانن نه‌ته‌وه‌ی كورد
تینوی ئاشتی وئازادییه‌ ؟
تاكه‌ی ده‌یان ملوێن مرۆڤ
بێ ناسنامه‌و بێ ئاڵا بێ؟
تاكه‌ی بۆ ژیان و ئازادی
هه‌رله‌خه‌ون وخه‌یاڵابێ ؟!
بۆچه‌ندساتێ گوێ راگرن
له‌بانگ و په‌یامی كه‌سێك
كه‌ پاشماوه‌ی مه‌رگه‌ساته‌
دلنیابن بێده‌نگ نابێت له‌سته‌مكار
ئازادیخواز ئه‌م وڵاته‌ ،
ئه‌ی وڵاته‌ زلهێزه‌كان
ئه‌ی دوژمنانی كوردستان
ئه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی خوازه‌كان
ئه‌م په‌یامه‌ بۆهه‌موتان
واتێنه‌گه‌ن گه‌لی ئێمه‌
به‌بێده‌نگی دائه‌مێنی
دڵنیابن كۆیللایه‌تی په‌سه‌ند ناكات
سه‌ری به‌رزی بۆهیچ كه‌سێ
تامردن دانانه‌وێنێ
هه‌رده‌م سازوئاماده‌یه‌
قه‌ڵای سته‌م بڕوخێنێ
تاكه‌ی كه‌ڕولاڵ وكوێرن ئیدی به‌سه‌ ؟!
به‌ڕاستگۆیی ته‌ماشاكه‌ن وببینن
په‌یڤه‌كان له‌ده‌م ده‌ربێنن
له‌خه‌فڵه‌ت و بێده‌نگیدا مه‌توێنه‌وه‌
به‌ویژدانێكی زیندووه‌
پێكه‌وه‌ ڕابن ڕامێنن !!!
ئه‌م وڵاته‌ زێدی به‌ها وپیرۆزییه‌
مه‌مله‌كه‌تی شارستانی و
واری په‌یامبه‌ره‌كانه‌ !!
هه‌موسته‌مكاری جیهان كۆبێته‌وه‌
بێ به‌هایه‌
چونكه‌ ئێره‌ شوێنی ماندونه‌ناسانی
به‌رخۆدان وتێكۆشانه‌ ؟!!!

 

1994

Previous
Next

Leave a Reply