Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

ئه‌نفال … له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

Be First!
by May 23, 2012 ئەدەب

 

-1-
باژوو برا
ئه‌با له‌هه‌ب باوه‌ڕی هێنا
سه‌رده‌م ده‌می زینده‌ چاڵی موحه‌مه‌ده‌
له‌ مه‌نجه‌ڵی ئه‌م ئه‌نفاله‌ قڕ كاره‌دا
كه‌وچك كڕده‌
تێك و پێكه‌
به‌رماڵ، قورئان، كڵاو،بۆیمه‌، لانك، چرا
جامانه‌، مشكی، ده‌سرازه‌
حه‌تحه‌تۆكه‌، مت ومۆری، ته‌تكه‌ و په‌تكه‌
كڵاوشه‌ده‌
-2-
باژوو برا
به‌رماڵكه‌ی مامه‌ سۆفی
وابه‌ كۆڵی عه‌رعه‌ره‌وه‌
به‌ جاشێكی حه‌یته‌یان ووت
مستێ‌ خۆڵی كاسه‌ی سه‌ری ئه‌م عه‌ره‌ره‌
ئه‌م عه‌رعه‌ره‌ی به‌ خوێنی كورد موعه‌ته‌ره‌
بكه‌ دیاری و
بۆ ماڵی كوردی به‌ره‌وه‌
به‌ شۆڕشی ئه‌وێ‌ بڵێ‌
ئه‌وه‌ی كوڕێكی ئه‌نفاله‌ و ئه‌وه‌ی دوانی و
ئه‌وه‌ی سیانی و ئه‌وه‌ی هۆزێ‌
ئه‌وه‌ی كۆزێ‌
با دانیشێ له‌ دامێن و
ئه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌نفالی گرت
هێنایه‌ ماڵی كورده‌وه‌ و
راوێژكاری پێی بارق بوو
پشتوێن پان و ورگ شۆڕ و سه‌ری زل بوو
با دانیشێ‌ لای سه‌ره‌وه‌
-3-
باژوو برا
وه‌فیق ئێستا شۆڕشگێڕه‌
ده‌ شاعیری به‌بۆنی ئه‌نفال داگیرسا و
ده‌ شاعیری نێو برین و ئاگری جه‌رگ و
سۆمایی چاو
بۆم ته‌واوكه‌ ئه‌م نیو دێڕه‌
وه‌فیق ئێستا شۆڕشگێڕه‌
وه‌فیق بێت و شۆڕشگێڕبێت
گێڕی شۆڕش چه‌نێ‌ گێڕه‌
-4-
باژوو برا
بۆن دێ‌ بۆنی چه‌ته‌ و جاش دێ‌
ده‌ستێكم شۆڕش ده‌گرێ‌ و
ده‌ستێكم چه‌كی نۆكه‌ری
ئه‌مه‌ چ رۆژێكه‌ هاوڕێ‌
له‌نێو باخچه‌كه‌ی خه‌یاڵما
گوڵێكم ناو نابوو شنه‌
شنه‌ گوڵه‌كه‌ی عه‌رعه‌رم
جاشێكم دی گوڵم وه‌ری
-5-
باژوو برا
ساڵێكه‌ و دوان و سیان و چوار
بیابان وا له‌ چاومانا
كه‌چی هێشتا
هه‌تا ئێستا
ده‌ستی ره‌شی
ره‌شتر له‌ ده‌ستی هیتله‌ر و
ره‌شتر له‌ ده‌ستی فڕانكۆ و
مۆسۆلۆنی
ده‌ستی ئه‌وه‌
ده‌ستی سه‌دام
دێت و ده‌چێ‌ له‌ ناومانا
-6-
باژوو برا
نه‌وه‌رز وه‌رزی قوربانه‌ و
نه‌ ئاهه‌نگ ئاهه‌نگی قۆچه‌
نه‌واده‌ واده‌ی هۆلۆ كۆست
نه‌ سه‌رده‌م سه‌رده‌می كۆچه‌
نه‌ قه‌تڵ و عامی ئه‌رمه‌نه‌
نه‌هات هاتی هۆلاكۆیه‌
بۆچی ده‌ستی یه‌كیان به‌ردا
مه‌وله‌وی و خاكی تاوه‌گۆز
نالی و حه‌بیبه‌ و خاك و خۆڵ
خانی و مه‌م و زین و شیعر
ئه‌سیری و قه‌ڵا و ئه‌راپخا
بۆچی ده‌ستی یه‌كیان به‌ردا
له‌ هه‌ر كوێیه‌ك گوێ‌ هه‌ڵبخه‌ی
گوڵ و بزه‌ی به‌هار رۆیه‌
-7-
باژووبرا
دادگای لاهای نێو ده‌وڵه‌تی
بده‌نه‌ ده‌ست دادگای ویژدان
با نوقمی شه‌رمه‌زاری بێت
چه‌پكێ‌ له‌و گوڵه‌ی عه‌رعه‌ریش
به‌رنه‌ به‌رده‌م كۆشكی سپی ناواخن ره‌ش
بڵێن ئه‌م گوڵه‌ دیاری بێت
له‌ كورده‌وه‌
له‌و كورده‌وه‌ی
ئه‌و رۆژه‌ی وا ئه‌نفال كرا
كه‌س له‌سه‌ری نه‌كرده‌وه‌
1994

Previous
Next

Leave a Reply