Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

ئه‌و كاته‌ی مێژوو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌

Be First!
by May 24, 2009 گشتی

ئه‌و كاته‌ی مێژوو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌
كوشتنی روحی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ پێناو دیموكراتییه‌تدا
سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم

 

 سه‌رده‌مێك مشتومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ زۆر گه‌رم و گوڕ بوو ، جیاوازی بۆچوونه‌كانیش زیاتر له‌ دوو ئاراسته‌دا ده‌بیندران ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایا مێژوو خۆی خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ یان كاره‌كته‌ره‌كان رۆلیان هه‌یه‌ و ئه‌وان مێژوو دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ .
هه‌رچه‌نده‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ به‌ پێی قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كان جیاوازییان هه‌یه‌ و ، هه‌ردوو فاكته‌ریش كاریگه‌رییان هه‌یه‌ و ناكرێ‌ به‌ ته‌نیا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ مێژوو به‌ ده‌ر له‌ رۆلی كه‌سه‌كان و ته‌نیا به‌ هۆی ره‌وشه‌كه‌ و ئالوگۆڕه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ .
ئه‌گه‌ر به‌ وردی ئاوڕ بۆ ئه‌و مێژووه‌ دورودرێژه‌ی كورد بده‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ جگه‌ له‌ نه‌بوونی تێڕوانینێكی  فكری  و سیاسی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ،چه‌ندین هۆكاری دیكه‌ش هه‌ن كه‌ هۆكاربوونه‌ له‌ به‌ ئامانج نه‌گه‌یشتن و تێكشكان و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ قۆناغه‌كاندا به‌ ده‌ست هاتوون .
گه‌وره‌ترین كاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ ئامانجه‌ ستراتیژی و میكانیزمه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات تێكه‌ڵ به‌ یه‌كبرێن و له‌ پێناو خزمه‌تگه‌یاندن و كاركردن بۆ باشتركردن و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردن و پیشاندانی رووێكی جوان به‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ئاگاییه‌وه‌ بێت یان له‌ بێئاگاییه‌وه‌ ئامانجه‌ ناوه‌ندییه‌كان بكه‌یته‌ ئامانجی سه‌ره‌كیت ، كه‌  ده‌كرێ‌ هه‌موو ئه‌و ویست و ئامانجانه‌ به‌ پێی تێپه‌ڕاندنی قۆناغی گواستنه‌وه‌ و هاتنه‌پێشی ده‌رفه‌ته‌كان كاریان بۆ بكرێ‌ ، زۆرجاریش ده‌كرێ‌ له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ جییاجیاكانه‌وه‌ گوشاریش به‌كار بهێندرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبدرێ‌ هه‌ردوو ئاراسته‌كه‌ ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كه‌ و میكانیزم و چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و جوانكردنی روخساره‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و پێشببردرێ‌ و هه‌ردوو ئامانج و ئامانجه‌كانی دیكه‌ش له‌ خزمه‌تی یه‌ك دابن ، به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌شێك له‌و ئاراسته‌ سیاسیه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ .
 ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ی و به‌ وردی ئاوڕێكی خیرا بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی دوای راپه‌ڕین بده‌یته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و له‌وه‌ تێده‌گه‌یت كه‌ به‌شێك له‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ بانگه‌شه‌ی گۆڕان و چاكسازی ده‌كه‌ن  به‌ درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ خۆیان دووره‌ په‌رێز گرتوه‌ و ماوه‌یه‌ك گۆشه‌گیر لێی پاڵكه‌وتون و ماوه‌یه‌كیش هاتونه‌ته‌وه‌ مه‌یدان ، ئه‌گه‌ر  چاوێك به‌و نووسینه‌ی كاك نه‌وشیروان بخشێنیه‌وه‌ كه‌ له‌م دوایه‌دا له‌باره‌ی چه‌ند وێستگه‌یه‌كی دوای راپه‌رین نووسیبووی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م كاكه‌ له‌ ناخۆشترین چركه‌ساته‌كانی كۆڕه‌ودا ، له‌ كاتێكدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ نێو پڕ مه‌ینه‌تترین ژیاندا شه‌و رۆژیان ده‌گوزه‌راند ، وه‌ك له‌ زۆر نووسین بینیوه‌مه‌ و له‌ زۆر كه‌سایه‌تی سیاسیشم گوێ لێبووه‌ كاك نه‌وشیروان  یه‌كێك بووه‌ له‌ كاركته‌ره‌ سیاسییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی راپه‌رین و یه‌كێكیش بووه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی شۆَڕشی نوێ‌ ، ئا له‌م كاته‌دا وه‌ك بۆخۆی له‌و نووسینه‌دا ده‌یگێڕێته‌وه‌ ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ ناخۆشه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ ئه‌و ده‌رفتێكی باش بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاڵ لوتكه‌ شاخێك پاڵ بداته‌وه‌ و خۆی به‌ گوێگرتن به‌ رادیۆ خه‌ریك بكات و خۆی وته‌نی باشترین كات بووه‌ بۆ ئه‌نساتكردن .
هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نی ئه‌و پیاوه‌ زۆر شتی درخستوه‌ كه‌ كه‌سێكی نه‌فه‌س كورته‌و توانای به‌رده‌وامبوونی نییه‌ و به‌رگه‌ی شكسته‌كان ناگرێ‌ ، بۆیه‌ ده‌بینێن ئه‌و به‌رده‌وام له‌ كاتی قه‌یران و كێشه‌كاندا ونده‌بێ‌ و له‌ كاته‌كانی دیكه‌شدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ره‌نگه‌ له‌ هه‌ر وێستگه‌یكه‌دا عه‌قلی نه‌گرێ‌ له‌ فاڕگۆنه‌كه‌ بێته‌ خوارێ‌ و سواری فاڕگۆنێكی دیكه‌ بێت ، ئه‌مه‌ش رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌یه‌ كه‌ پێیان وایه‌ كاك نه‌وشیروان  فریادڕه‌سه‌  .
ئامانجی  كاك نه‌وشیروان له‌و هه‌نگاوه‌ی هه‌ڵیهێناوه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی خۆده‌ربازكردنییه‌تی له‌ پله‌ دووی نێو یه‌كێتی و بوون به‌ پله‌ یه‌ك و هاوشانی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ، هێنده‌ په‌یوه‌ندی به‌ پرسی گۆڕان و چاكسازییه‌وه‌ نییه‌ ، چونكه‌ گومان له‌وه‌دانییه‌ ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك سه‌ره‌ده‌ر له‌ سیاسه‌ت ده‌ربكات له‌وه‌ تێده‌گات كه‌ گۆڕان له‌ كوێوه‌ ده‌ست پێده‌كات ، ره‌هه‌نده‌كانی چاكسازیش روون و ئاشكران ، له‌ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌و هێزانه‌ كێن كه‌ ده‌توانن به‌ كرده‌وه‌ چاكسازی بكه‌ن ، به‌ هه‌موو پێوه‌رێك كاك نه‌وشیروان ده‌یتوانی ئه‌و گۆڕان و چاكسازییه‌ له‌ نێوخۆی یه‌كێتی-یه‌وه‌ كاری بۆ بكردایه‌ و درێژه‌ی پێبدابووایه‌ ، ئه‌گه‌ر تۆزێك نه‌فه‌سی درێژ بووایه‌ ده‌یتوانی ئه‌وه‌ بكات ، كاریگه‌رییه‌كی باشیشی ده‌بوو ،چونكه‌ گومان له‌وه‌دانییه‌ ئه‌مڕۆ هیچ هه‌وڵێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی سه‌رناكه‌وێ‌  ، ئێستاش ئیراده‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ له‌م رووی نوێبوونه‌وه‌ چاكسازی هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵبنرێ‌ ، تا راده‌یه‌كی باشییش ئاسۆكانی ئه‌م گۆڕان و چاكسازییه‌ ده‌ركه‌وتوون .  زۆرجاریش خستنه‌ڕووی هه‌ندێ‌ پێشنیاز و بڕیار كه‌ له‌ وه‌همه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك گۆمه‌كه‌ ده‌شله‌قێنێ‌ ، و نائارامییه‌ك دروست ده‌كات دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی راستییه‌كان و حه‌قیقه‌ته‌ بابه‌تییه‌كان ئه‌و ورده‌ شه‌پۆڵانه‌ش ئارام ده‌بنه‌وه‌ .
   ئه‌و نائارامییه‌ی كاك نه‌وشیروان و نائومێدبوونی له‌وه‌ی له‌ ناو یه‌كێتی گۆڕان ناكرێ‌ ، بڕیاری ئه‌وه‌ی دا وه‌ك ئه‌ویتری وارسێكی یه‌كێتی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌و په‌یام و ئامانجه‌ی بێنێته‌دی ، به‌ڵام كاك نه‌وشیروان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هێنده‌ی كاری بۆ قایمتركردن و به‌هێز كردنی پێگه‌ی خۆی ده‌كرد له‌ نێو یه‌كێتی ، هێنده‌ به‌ دوای ئه‌و گۆڕان و چاكسازییه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌یه‌وه‌ێ‌ بیهێنێته‌ دی ، بێگومان ئه‌وكات و له‌ نێو یه‌كێتی زۆر باشتری پێده‌كرا .
جگه‌ له‌وه‌ی گومانم هه‌یه‌ له‌وه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌ی بۆده‌كات پێشم وانییه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتبێ‌ شته‌ جه‌وهه‌رییه‌كان به‌لاوه‌ بنرێ‌ و به‌ دوای رواله‌تدا بگه‌ڕێن ، ئه‌و رواله‌تانه‌ی ده‌كرێ‌ له‌ هه‌ر قۆناغ و ده‌رفه‌تێكدا خه‌باتیان بۆ بكرێ‌ و بهێنرێنه‌ دی ، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وریا نه‌بین و ده‌رفه‌ت و قۆناغه‌كه‌ نه‌قۆزینه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ وه‌ك چۆن له‌ ئێستادا ره‌خنه‌ له‌ رابردوو  و سه‌ركرده‌كان ده‌گرین ، به‌و مانایه‌ی كه‌مته‌رخه‌مبوونه‌ و له‌ ئاستی به‌رپرسیارییه‌تی مێژوویدا نه‌بوونه‌ ،  له‌ ئاینده‌شدا سه‌ركرده‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌دی هاتوون بیانچه‌سپێنن و بناغه‌یه‌كی باش و پته‌و بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ قووله‌ی كورد دابنێن ، به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ به‌رسیارییه‌تی مێژوویی .
به‌لای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ ئه‌و ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزارنییه‌ كه‌ به‌رهه‌می ته‌بایی و یه‌كریزی یه‌كێتی و پارتی و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌ گرنگه‌ یان ملمڵانێك كه‌ جگه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كان هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گشتی لێچاوه‌نواڕ ناكرێ‌ .
هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ یه‌ك لیستی یه‌كێتی و پارتی له‌م قۆناغه‌دا زیان گه‌یاندنه‌ به‌ پڕۆسه‌ی دیموكراتی ، بیركردنه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌ولاوه‌ هیچی دیكه‌ نییه‌ ، ده‌رگاش له‌سه‌ر كه‌س دانه‌خراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێ‌ لیست دروست بكات و به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات ، پڕۆسه‌ی دیموكراتی فراوانبكات ، فه‌رموو كێ‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی خۆی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم كاندید بكات ، ئایا به‌پرسیارییه‌تی ئه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی كێ‌ ؟ ، كێ‌ رێگره‌ له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی دیموكراتی ، ئه‌و تێڕوانین و بۆچوونانه‌ش كه‌ دوای راگه‌یاندنی لیسته‌كه‌ی راگه‌ێنرا ، به‌و مانایه‌ی ئه‌و لیسته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی ناوه‌ته‌وه‌ و یه‌كێتی هه‌راسانكردوه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ؟ ، ئایا كێشه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا كێشه‌ی لیسته‌ ، یان كێشه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و تا ئێستاش خۆی به‌ خاوه‌نی یه‌كێتی ده‌زانێ‌ و ئاماده‌ نییه‌ واز له‌ یه‌كێتی بێنێ‌ و به‌ لیستی جیاش داده‌به‌زێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاماده‌ بێت واز له‌ یه‌كێتی بێنی و ده‌ستبه‌رداری هه‌موو شتێك بێت له‌ به‌رامبه‌ر لیسته‌كه‌ی پێم وانییه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ هێنده‌ مشت ومڕی لێكه‌وتباوه‌ .
له‌ كۆتایدا ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ بڵێم ئه‌وه‌ی ئه‌و باوه‌ڕی پێ‌ هه‌یه‌ و بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات جگه‌ له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی مێژوو و مێژووی ئیماڕه‌ته‌كان هیچی دیكه‌ نییه‌ ، به‌ڵام به‌ ناو و شێوازێكی دیكه‌و له‌ قۆناغێكی جیاوزتردا ، ئه‌مه‌ش رێك كوشتنی روحی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ له‌ پێناو دیموكراتییه‌تدا و ده‌مێكیشه‌ وتراوه‌ ئه‌شێ‌ مێژوو خۆی دووباره‌بكاته‌وه‌ ، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی كاریكاتێری .

 

 

Previous
Next

Leave a Reply