Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئه‌و نایەی كە نەوترا ئێستا دەبێ بووترێت

ئه‌و نایەی كە نەوترا ئێستا دەبێ بووترێت

Closed
by September 5, 2008 گشتی

ئەو نایەی كە نەوترا ئێستا دەبێ بووترێت
 فەخرەدین گەرمیانی

 تورك لە فارس خراپترەو بڕوا بكەن عارەب لە هەردوو لایان ، ڕەنگە خوێنەری ئەم وتارە من بە كەسێكی (شۆڤێنی) تێبگات ! بەڵام بڕوا بكەن   تەنیا وەك هەر كەسێكی ئاسایی من نەتەوەكەی خۆم خۆشدەوێت و رك و قینم لە هیچ نەتەوەیەك نییە بەوانەی سەرەوەشەوە كە نزیكەی سەدساڵە ئێمە دەچەوەسێننەوە و نە كورد بە نەتەوە دەزانن و نە كوردستان بە وڵات و خاكی كوردان ، كردەوەكانی ئەو سێ نەتەوە سەردەستانەی داگیركەرانی خاكەكەمان ئەوەی نەشیاوەو ناكرێ بە كوردیان كردووەو ئێستاش هەر بەردەوامن چی خراپە دەرهەق بە كورد دەیكەن..
 لە ساڵی 1991 كاتێك لە ئاوارەیی پاش كۆڕەوەكەی ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی كوردستان گەڕاینەوە  بۆ هەولێری قەڵاو منارە، هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەر خەریكی دەرهێنانی شانۆگەرییەكی (كۆراڵ ئاسای شیعریی) بوو كە هۆنراوەكە لە نووسینی من بوو بە ناونیشانی "گەشتێكی خوێناویی" لە هۆڵی گەل نمایشكرا ، كە باسی كۆڕەوەكەی دەكرد و هەندێك لە نەهامەتیەكان دیكەی گەورە كە تووشی گەلەكەمان بووە ، لە كاتی پرۆڤەكردن بووین كە كابرایەك هاتە تەنیشتمەوەو دەستی كردە منگە منگ و داوای ئەكرد ئەم شانۆگەرییە نەكرێت باشترە چونكە بۆنی "ناسیۆنالیستیی" لێدێت و پاشان ڕەنگە برا عارەبە چاوڕەشەكان بە شۆڤێنی لەقەڵەممان بدەن و هەر نەیدەبڕییەوە ، لە داخا دڵم خەریك بوو شەق بەرێ و گوتم برا تۆ سەربە چ لایەنێكی ؟ بە گوفتاریا دیاربوو كە كۆمۆنیستی كرێكارییە ، بەڵام ئەو وەڵامی نەدامەوە ، تا هێزم تیابوو هاوارم كرد (ئەرێ لالۆ شۆڤێنی مانای چییە؟) ئەویش هەر بەهەمان تۆنی دەنگە بەرزو خۆشەكەی گوتی گەرمیانی شۆڤێنی یانی نەتەوە پەرست ، منیش دووبارە هاوارم كرد بۆ هەموو ئەوانەی لە هۆڵەكەدا پرۆڤەیان ئەكرد و گوێیان لەم گفتوگۆیە دەگرت ، گوتم لالۆ لەم ساتەوە لای خۆت بنووسە كە من شۆڤێنیم ، لە ڕاستیدا من لە داخی ئەو كابرا كۆمۆنیستە كرێكاریە وام وت ، ئیتر كابرا بە هێواشی هۆڵەكەی بە جێهێشت و لە كۆڵمان بووەوە ، من تاسەر ئێسك كورد پەرست و كوردستان پەرستم و لەو پێناوەدا بەشی خۆم خەبات و قوربانیم داوە  بەڵام هەرگیز ڕقم لە هیچ نەتەوەیەكی دیكە نەبووە و نییە.
 با بێمە سەر مەبەستی ئەم نووسینە كورتەم ، لەم ڕۆژانەی ڕابوردوودا هەروەك هەمو لایەك ئاگەدارە بە شێوەیەكی زۆر ناشیرین و ناشایستە پێشمەرگەی كوردستانیان لە قەرەتەپە دەركرد و بە هۆسەكەی ساڵی 1963 ی زەمانی حەرەس قەومی ئاڵای كوردستانیان لە سەر باڵەخانەكان فڕێداو ئاڵاكەی بەعسیان هەڵكرد ، ئەوجا بەرەو جەلەلاو خانەقین و ئەودوای شوێنەكان وا وردە وردە تەنگ بە كورد هەڵدەچنن بۆ داگیركردنی هەموو ئەو شوێنانەی كە سەرە بە كوردستانن و هێشتا نەگەڕاونەتەوە بۆ سەر نیشتمانی دایك. نوری مالیكی سەرەك وەزیران بەوەشەوە ناوەستێ بەڵكو دەڵێت ئەگەر هەر پێشمەرگەیەك لە پاش (هێڵی شین)ەوە بگرین لێپرسنەوەی لەگەڵ دەكەین !!!
 تو شەرەفتان ئەمە چ جیاوازییەكی لەگەڵ بڕیارەكەی عەلی حەسەن مەجید (عەلی كیمیاوی) ساڵی ئەنفالەكەی 1988 هەیە كە فەرمانی دەركرد بۆ سوپای ئاسمانی و زەمینی و جاشەكان كە هەركەسێك بگرە تاكو ئاژەڵیشتان لە دەرەوەی جادەی سەرەكیی شارەكان بینی لە كوردستان بیكوژن چونكە ئەوە هێڵی سوورە (ناوچەی موحڕەمە) بوون و نەئەبوو كەسی تێدا بێت !! هێڵەكەی عەلی كیمیاوی سوور بوو ، ئەوەی مالیكی شینە.
 مالیكی ئەڵێت سوپای عێراق هەقی خۆیەتی نەك بێتە جەلەولاو خانەقین و باقوبە ، بەڵكو هەقی خۆیەتی بێنە هەولێرو سلێمانیش بە پێی دەستووری عێراق ؟! بەینی خۆمان بێت مالیكی ڕاست دەكات ، ئەی ئێمە پارچەیەك نین لە عێراقی هیوا ؟ بەڵام باشە من لێرە ئەپرسم ئەگەر مالیكی بە پێی دەستوورەكەی وا دەڵێت ئەی مادەی 140 دەستوور نییە؟ یان بۆ هێنانی سۆپای داگیركەری عێراق دەستوور ئەخوات بەڵام بۆ مادەی 140 ناخوات ؟ هەر هەموومان ئەزانین ئەو دەستوورەی ئێمە سوێند بەسەری ئەخۆین لای برا چاوڕەشەكان قیمەتی ئەو كاغەزەی نییە لەسەری نووسراوە!!
 هەتیوە ناموبارەك و دەم ڕووتەكەی ڕەوتی سەدریش داوا دەكات كە ئاڵای عێراق دەبێت لە هەموو شوێنێك هەڵكرێت و ئاڵای كوردستان توڕبدرێت ،ئەم كەڵە پیاوە ئازایە كاتی خۆی بەعس باوكیان كوشت نەوێرا باسیشی بكات بەڵام ئێستا بووەتە شێری بێشە لە دژی كورد و خواستە ڕەواكانی كوردستان.
   باسی مەشهەدانی ڕیش كۆڵكنەكەی سەرۆكی بەناو پەڕلەمانی عێراق ناكرێت كە لەسەر تەختی نەخۆشخانەوە لە ئەردەنەوە هەڕەشە دەكات و ، بڕیارە ئازاو بوێرەكەی ئەنجوومەنی كەركووك بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە "گاڵتەجاڕیی" وەسفكرد ئەم چاوچنۆكە بە ئاشكرا دیارە ئەجەندای وڵاتانی دەوروبەر پێڕەو دەكات و تا سەر ئێسقان دوژمنی كوردە ، لەم عێراقی نوێی هیوایەدا ئەوەنە ڕیشدارو عەمامەبەسەر كۆبوونەتەوە وەك ڕفیق حزبیەكانی بەعسی زەیتوونی لەبەرەكانی جاران پیاو سەریان لێدەرناكات.
 مالیكی هەڕەشەی ناردنی سوپا دەكات بۆ هەموو ئەو ناوچانەی كە ناوی لێناوە هێڵی شین واتا هێڵی پێش ڕووخانی ڕژێمی سەددام كە كەركووك و موسڵ و ئەودوای شوێنەكانی تریش دەگرێتەوە ، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە لەم كاتەدا دەڵێت بودجەی 17% كوردستان زۆرەو دەبێت بودجەكەی بكرێتە 14% وەرە بزانم كێشەی سوپاو ناوچە داگیركراوەكانی كوردستان لە لایەن سوپا نوێیەكەی عێراقەوە چ پێوەندییەكی هەیە لەگەڵ بودجەی كوردستان ، ئەگەر ئەمە هەڕەشەی  ئەوە نەبێت كە ئەگەر نەكشێنەوە لە ناوچەكان ئێمەش دووبارە مەسەلەی بۆدجەی كوردستان دێنینەوە گۆڕێ ، بەحیسابی خۆی مالیكی سەركردەكانی كورد بە بودجە دەترسێنی ، لە ژێی هەستیار دەدات ، دەبا ئەمجارە سەركردەكانی كوردستان ئەو "وەتەر"ەی مالیكی بپسێنن ؟؟
 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ ڕۆژنامەی (شەرق ئەلئەوسەت)ی سعودی كە لە لەندەن دەردەچێت ئاماەژەیەكی بەوەكردوە كە سەربەخۆیی هەقی هەموو نەتەوەیەكە بە كوردیشەوە ، بەڵێ سەد دەر سەد وایە دەبا ئەمجارە كوردیش زللەیەك لە بناگوێی حكومەتەكەی مالیكی بدات و بڵێت مادام وایە ئێوە تەنیا دەستوور بۆ قازانجی خۆتان بەكار دێنن ، هەڕەشەی بڕینی بودجەمان لێدەكەن ، شوێنەكانی كوردستان دووبارە داگیر دەكەنەوە ((فەرموو عێراقی خۆتان بۆ خۆتان ، كوردستانی خۆمان بۆ خۆمان بە هەموو ناوچەكانیەوە بە كەركووكیشەوە)) تاكو هەموو داواكاریەكانمان جێبجەجێ نەكرێت ڕێگەی دوورمان "بەرزاییەكانی حەمرین" دەبێت و هەركەسێك ئازایە با لە حەمرین تێپەڕێت بزانە چۆن هەردوولاقی لە بنا دەبڕینەوە؟!!
 نەرم ونیانی و دیپلۆماسیەت لەگەڵ عارەب چ شیعە و چ سوننە بە كەڵك نایەت ، باشە من دەپرسم خەڵكی نەجەف لەبەرچی خۆپیشاندان دەكەن دژ بە گەڕانەوەی كەركووك و مادەی 140ی دەستوورە وێرانەكەی عێراق؟!! ئەی هەر ئەو شیعانە نەبوون مەترێك زەوی نەبوو تێدا دانیشن لە ترسی بەعس تەنیا كوردستان داڵدەیان بوو لە ڕۆژەكانی تەنگانەدا ؟ ئەوا شیعە چاكەو پیاوەتیی كوردی دایەوە!! شیعەو سوننە وەك* "ماری كۆبرا ئەگەر پێشیان بڵێی جەنابی كۆبرا هەر پێتەوە ئەدەن"  ئەوەی بەزۆر داگیركرا دەبێت بەزۆر وەریگرینەوە خۆ كوفر نابێت سەركردەكانی كوردستان ئێوەش جارێك هەڕەشەیەكی بەڕاستیی بكەن و بەغدا چۆڵكەن ، بزانن چۆن بە هەڵەداوان دەكەونە دواتان بە ئەمەریكاشەوە چونكە ئەوان وایان لێهاتووە كە هەرچیەك بكەن لە دژی كورد بەداخەوە زۆر بە ئاسانی بۆیان دەچێتەسەر پێموایە خوینەری بەڕێزیش لەگەڵ ئەم ڕایەدان بە هەموومانەوە بەسەركردەكان بڵێین ئەمجارە گوێمان لێبگرن ،بەڕێزان سەركردەكانی كوردستان كاتی ئەوە هاتووە ئەو نایەی ساڵانێكە دەبوا بوترایە بە برا عەرەبەكان , ئێستا  دەبێ بووترێت نا….نا.
 
 
 
 فەخرەدین گەرمیانی – كۆنگۆی دیموكرات
 01-09-2008
  * گوتەیەكی نەستەقی گەلی ڕواندایە لە ئەفریكا
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.