ئه‌و وه‌ڵامه‌ی که شانسی بڵاوبوونه‌وه‌ی لێ زه‌وت کرا!….حه‌مه غفور
ئه‌و وه‌ڵامه‌ی که شانسی بڵاوبوونه‌وه‌ی لێ زه‌وت کرا!
حه‌مه غفورڕوونکردهوهیهکی پێویست؛ کاکه ئاسۆ عه‌لی نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسی لاو ته‌وه‌رێکی کردۆته‌وه سه‌باره‌ت به پرسی گهنجو نه‌خشی سه‌نته‌رو ڕێکخراوه‌کانی گه‌نجان له کوردستان، به سوپاسه‌وه لێی ته‌وه‌ره‌که‌ی ئاراسته‌ی منیش کردبوو که به‌شداری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بکه‌م. منیش وه‌ڵامه‌که‌م بۆی ڕه‌وانه‌کرده‌وه. به‌داخه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ته‌وه‌ره‌که‌ی بۆ ڕۆژنامه‌یه‌کی حیزبی ئاماده کردبوو بۆیه وه‌ڵامه‌که‌ی من شانسی بڵاوکردنه‌وه‌ی لێسه‌نرایه‌وه. له‌به‌ر گرنگی پرسی گهنجانو هه‌روه‌ها بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی بیروڕاکانیشم بۆ به‌رده‌م ڕای گشتی به باشم زانی سه‌ربه‌خۆ بڵاوی بکه‌مه‌وه.
پرسیار: ئه‌و سه‌نته‌ر و ناوه‌ند و ریَكخراوانهی به‌ناوی گه‌نجانه‌وه كاروچالاكی ده‌كه‌ن, ئایا له ئاستی داخوازییه‌كانی ئه‌مڕۆی گه‌نجانی كوردستانه؟
وه‌ڵام: من به‌بێ دوودڵی به یه‌ک ووشه ئه‌ڵێم؛ نه‌خێر! چونکه پرس‌و مه‌سه‌له‌ی گه‌نجان وه‌کو فهنۆمهین- دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێو ڕه‌هه‌ندی ڕوو له پێش‌و ڕه‌وتی گه‌شه‌و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵدا، وه له نێو کاروانی ئۆبژێکتیڤی مێژووی کۆمهڵایهتیو مانۆڕ‌و ته‌قالای ئینسان بۆ بنیاتنانی زه‌مینه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندرووست، باشتر، به‌رزترو شایسته‌ی مرۆڤی ئه‌مڕۆدا، هه‌روه‌ک چۆن به درێژایی مێژووی کۆمه‌ڵگا ئهکتیڤو کراوه‌کان جێگا بایهخو گرنگی پێدان بووه، له چوارچێوه‌ی ڕوانین‌و دیدگا‌و تێگه‌یشتنی باودا له‌م ده‌ڤه‌ره، یان باشتره بڵێین؛ له ناو تێڕوانینی ده‌سه‌ڵات وه جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی‌دا له به‌های پێشمه‌رگایه‌تی یان سه‌ربازی کردن وه یا چهکداربوونو گیانبازی‌و گیانلهسهردهستیو خه‌بات له‌ڕێی کورد‌و کوردایهتیو بڵندتر کردنی لیستی کاروانی شه‌هیدان زیاتری بۆ دانه‌نراوه! له کاتێکدا گهنجو پرسه‌کانی شتێکی ته‌واو جیاوازه‌و به‌هیچ جۆرێک له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنایه‌دا یه‌کناگرێته‌وه.
واته له سای ڕوانگه‌و که‌لتوری ده‌سه‌ڵاتدا پێودانگی ئینتیمای ئینسان بوونی گه‌نج، پێشمهرگایهتیو خۆفیداکردن بووه له ڕێی کورد‌و کوردایه‌تیدا! بۆیه ئینتیمای گه‌نج بۆ زاتی گه‌نج خۆی وه‌کو مرۆڤێک که شایسته‌ی گرنگیپێدانو هێنانهبهرهوهیه له‌پێناو بنیاتنادا جێگای گاڵتهجاڕیو پێکه‌نینی سه‌رانی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی بووه. له دیدگا‌و وێنایه‌کی به‌و جۆره‌شدا بۆ گهنجو ماف‌و ئه‌رکه‌کانی بێگومان ئه‌و سه‌نته‌رو پێگه‌و ڕێکخراوانه‌شی که هه‌ن به‌لای سه‌رکرده‌و لێپرسراوانی دوو حیزبی حاکمه‌وه وه‌کو جێگا‌و شوێنی ته‌شه‌نه‌ی مۆراڵی لادهرانهو ناشایسته‌و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ ڕهسمو عاده‌تی کورده‌واریدا ناوزه‌د ئهکرێو کراوه.
با که‌مێک زیاتر ڕۆبچینه ناو دیارده‌ی گهنجانهوهو سه‌رنجێکی فاکته‌ره سیاسی‌و حیزبیه‌کان بده‌ین؛
پاش حه‌ڤده ساڵ له سه‌ربه‌خۆیی دیفاکتۆی کوردستان، دوای گۆڕانکاری به‌رچاو له نه‌خشه‌ی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی جیهانو ناوچه‌که‌و کوردستانیش، وه‌کو توانه‌وه‌ی قه‌ڵای فاشیزمی بهعسیو شه‌ریکبوونی پارتی‌و یه‌کێتی له دهسهڵاتو حکومه‌تی ناوه‌نددا، هێشتا به توندی دوو حیزبی میلیشیایی کوردی قاچیان چه‌قاندۆته ناو که‌لتوری شاخ‌و کارکردن به فهرههنگو نه‌ریتی سات‌و سه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ هێزو ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که‌و جیهان به‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورده‌وه. به‌بێ سڵه‌مینه‌وه خۆیان هه‌ڵواسیوه به سیاسه‌تی سازان‌و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ درز‌و که‌لێن یاخود خیلافاتی ناو هاوکێشه‌ی هێزو ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی‌و جیهانیدا بۆ گه‌یشتن به مه‌رامه حیزبی‌و سیاسی‌و تایبه‌تیه‌کانیان. ته‌نانه‌ت به فریوکاری‌و به زه‌بری میلیشیا خواستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیشیان سه‌رکوت کردووه.
ئه‌مه ئاسۆ‌و ئاراسته‌یه‌کی ته‌سکی قهومپهرستانهیه که حه‌ڤده ساڵه ئه‌م حیزبانه کۆمه‌ڵگای کوردستانی به شوێندا ڕائهکێشنو به‌م ڕۆژه‌یان گه‌یاندووه. مه‌به‌ستم ڕاگرتنی کوردستانه له‌ناو سه‌رگه‌ردانی سیاسی‌و هه‌ڵواسراوی چاره‌نووسی ئه‌م خه‌ڵکه‌و ئه‌م کۆمه‌ڵگایه له‌پێناو ئاینده‌یه‌کی نادیار‌و ناڕۆشندا. پرسی گه‌نج له ئه‌ژێندای وه‌ها ئاراسته‌و دیدگا‌و نه‌ریتێکی سیاسی‌دا نه‌ک وه‌ڵامی درووست وه پێوستی پێنادرێته‌وه، به‌ڵکو به سه‌ختی به‌ره‌وڕووی پوکانه‌وه‌و پاشکۆبوون ئه‌بێت.
سه‌نته‌رو ناوهندو ڕێکخراوی تایبه‌ت به گه‌نجان له کوردستان هێنده‌ی جێگای لانی که‌مێکی ناچیز له حه‌زو هیواو ئاره‌زوی لاوانی له خۆیدا کردبێته‌وه، به‌رهه‌می په‌رچه‌کرداری توێژی گه‌وره‌ی گه‌نجان خۆیانه به پاڵپشتی کۆمه‌ڵگای مهدهنیو ڕه‌وتی مۆدێرنیزاسیۆنی سه‌ر ساحه‌ی کوردستان، نه‌ک هه‌ڵقوڵاوی نه‌خشه‌و پلانی دهسهڵاتو حیزب‌و حکومه‌ت بێت. دهسهڵاتو حیزبه‌کان ته‌نها مه‌راقیان ئه‌وه بووه یان ناوی ئه‌م ناوه‌ندانه بزڕێنن، یاخود هه‌وڵیان داوه بیانکه‌نه شوێنی نفوزی حیزبی خۆیان له دژی حیزبی به‌رامبه‌ر. نه‌ک سه‌نته‌رو ناوه‌ندی سالم‌و ئارام‌و پارێزراو له ڕووی ئه‌منیه‌وه بۆ گه‌شه‌و ههڵدانو بنیاتنان‌و پێگه‌یاندنی گه‌نجان وه یان بۆ کهیفو سه‌فاو ته‌رفیهی لاوانی ووڵات.
خودی هه‌واڵ‌و ڕاگه‌یاندنی ئههلیو غه‌یری ئه‌ویش به شێوه‌ی گشتی ئه‌و ڕاستیه ئه‌خه‌نه ڕوو که پرسی گه‌نج له کوردستان به نه‌خشه‌و به به‌رنامه په‌راوێز خراوه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه. وه‌رن با پێکه‌وه هه‌وڵ بده‌ین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌ینه‌وه؛ بۆچی ڕێژه‌و دیارده‌ی قهیرهکچیو قهیرهکوڕی له کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕوو له هه‌ڵکشانه؟ تائێستا چه‌ند سه‌د هه‌زار که‌س له گه‌نجانی کوردستان ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر بوون؟ ئه‌وانه‌ی شانسیان هه‌بوو له سنووری مینڕێژکراو و شاڵاوی شه‌پۆلی ده‌ریاکان له‌ناو کایه‌ی گروپه مافیاییهکاندا ده‌ربازبوون چه‌ندیان ئاسووده بوون؟ چه‌ندیان له غه‌ریبیدا تاڵاوی دووری‌و دابڕان تووشی گرفتاری کردن، وه یان به‌هۆی سیاسه‌تی دژه ئینسانی‌و دژه په‌نابه‌ری ووڵاتانی ئه‌وروپاییه‌وه نه‌خۆشیه ده‌روونیه‌کان ئاوقهیان بووه؟ ده‌شتی جهمالو ڕێبوار عارف‌و فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراقی هه‌تا که‌ی ده‌بێ شه‌ووڕۆژ بخه‌نه سه‌ر یهکو به‌شوێن هاوارو بێکه‌سی گه‌نجانی په‌نابه‌ردا بچن‌و سه‌ره‌نجامیش حکومه‌تی هه‌رێم ڕیکه‌وتن بۆ به‌زۆر ناردنه‌وه‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ کوردستان مۆر بکات؟ ئه‌گه‌ر ده‌شتی جهمالو فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران نه‌بووایه بارودۆخی گه‌نجانی په‌رته‌وازه‌ی هه‌نده‌ران ڕۆژگاریان له ئێستا ڕه‌شتر نه‌ئه‌بوو!؟ هێشتاش دوای کاره‌ساتی غه‌رقبوونی ده‌یان کۆمه‌ڵ له گه‌نجانی سه‌رهه‌ڵگرتووی کوردستان له داخی بێ سهرهوبهرهییو بێ به‌رنامه‌یی‌و گهندهڵیو ڕاووڕووتی ئه‌م حیزبه ده‌سه‌ڵاتدارانه له ده‌ریاکاندا، شه‌پۆلی خۆئاماده‌کردن‌و ووروژمی ڕووکردنه ههندهرانو گرتنه‌به‌ری ڕێگای هاتو نه‌هات شار‌و شارۆچکه‌کانی کوردستانی داگرتووه!!
هێشتا پرسی 10000 ده هه‌زار خوێندکاری ده‌رچووی ئاماده‌ییه‌کان بهلادانهخراوه، تۆ بڵێی خه‌مساردی ده‌سه‌ڵات چه‌ندی تریان حه‌واڵه‌ی چاره‌نووسی سه‌رهه‌ڵگرتن بکات!؟ له هه‌موو زانکۆکانی کوردستاندا که سه‌نته‌ری سه‌ره‌کی گه‌نجانه به‌رده‌وام خۆپیشاندان‌و ڕێپێوان‌و ناڕه‌زایه‌تی نیشاندانه له دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و ئه‌م دوو حیزبه بۆ هه‌موو شتێک! ئه‌و مامۆستا‌و کارمه‌نده گه‌نجانه‌شی که دامه‌زراون بێگومان پرۆسه‌ی مونه‌زه‌مه‌ی حیزبی به‌عسیان پێ بڕیون ئینجاش پێموایه زۆربه‌یان ده‌بێ کاری دوهه‌م یان سێهه‌میش بکه‌ن بۆ دابینکردنی ژیانێکی کوله‌مه‌رگی! گازینۆو چاخانه‌و شوێنی کۆبونه‌وه‌ی گه‌نجه بێکاره‌کان تادێت قه‌ڕه‌باڵغ تر ئه‌بن. ده‌یان هه‌زار گه‌نج ناچارکراون ملبده‌ن به هه‌ڵگرتنی چه‌کی میلیشایی حیزبه‌کان. تازه به سه‌راحه‌ت هه‌ندێک له گه‌نجان ناچاربوون بیر له هه‌ڵگرتنی چه‌کی ئه‌نجومه‌نه‌کانی ئیسناد بکه‌نه‌وه. کیژانی گه‌نجیش به‌هه‌ر ڕاده‌یه‌ک که کوڕان له تالوکهو له سه‌رگه‌ردانیدا بژین، ئه‌وانیش ئه‌گرێته‌وه‌و خهمناکترو بێئاسۆترو بێمافتر ئه‌بن. تا ئێستا زیاتر له 12هه‌زار کچ‌و ژن له کوردستان کوژراون که زۆربه‌یان گه‌نجن. ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر کچان‌و ژنانی کارمه‌ند له‌لایه‌ن وه‌زیرو به‌رپرسانه‌وه سکانداڵێکی بێپهردهیهو ویژدان ئه‌شێلێت. هه‌واڵی خۆسوتاندن‌و خۆهه‌ڵواسینی گه‌نجانی کوردستان شه‌رماوه‌ره! نازانم باسی کوێی پرسی گه‌نجان بکه‌م له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیزمی خۆماڵیدا!؟ به‌راستی کوردستان له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو حیزبی پارتی‌و یه‌کێتیدا گۆڕاوه بۆ دۆزه‌خێکی گه‌وره بۆ لاوان‌و گه‌نجان! تاکه‌ی ئه‌م دۆخه وا ئه‌مێنێته‌وه؟ دیار نیه.
تۆ بڵێی پڕۆژه‌که‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ جیاکردنه‌وه‌ی حیزب‌و حکومه‌ت به‌ناوی نوێبوونه‌وه، چه‌نده جێگای پرسی گه‌نجی تیادا جێکرابێته‌وه!؟ یان ئه‌وه شتێکی تره‌و ئه‌گه‌ری قووڵترکردنه‌وه‌ی گرفتاریه‌کانی گه‌نجانیشی لێئه‌کرێت! به‌ڕێز تاڵه‌بانی له‌به‌رده‌م قه‌یرانی گهندهڵیو قه‌یرانی حیزبی‌دا ناچاربووه له موقعی سه‌رکۆماره‌وه دابه‌زێته جێگای سه‌رۆکی یهکێتیو پرۆژه بۆ داپۆشینی قه‌یرانی ناو حیزبه‌که‌ی خۆی به نرخی پرۆژه‌ی چاکسازی‌و نوێبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگا به خه‌ڵکی بفرۆشێت! کێرڤی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گهندهڵیو بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌یی له ڕاده‌به‌ده‌ره‌و چاره‌هه‌ڵنه‌گره. گهندهڵیو ئه‌و بارودۆخه‌ی کوردستان‌و خه‌ڵکه‌که‌ی تێکه‌وتووه که گه‌نجان پشکی شێریان تیایدا به‌رکه‌وتووه، کتو مت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسهتو کارنامه‌ی ئه‌م حیزبانه خۆیانه. بۆیه نه تاڵهبانیو نه به‌رزانی ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ن. به‌ڵام به‌دوای توندتربوونه‌وه‌ی ململانێکان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک، وه له‌گه‌ڵ سازش‌و پاشه‌کشه‌کانی ناسیونالیزمی کورد له به‌رامبه‌ر حهریفهکانیدا، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌که‌ی تاڵه‌بانی سه‌دایه‌کی دایه‌وه له ئاستی کۆمه‌ڵگادا، یان ڕونتر بڵێم؛ خۆشباوه‌ڕیه‌کی لێکه‌وته‌وه، له‌وه ئه‌چێ میدیای دهستهمۆو به‌کرێگیراو خۆی مه‌ڵاسدابێ بۆ وه‌شاندنی که‌مپه‌ینێکی قه‌ومپه‌رستانه بۆ به‌سیجی گه‌نجان وه‌کو پێشمه‌رگه‌و سه‌ربازی دیفاع له کهرکوکو ناوچه نیزاعیهکانی وه‌کو خانه‌قین‌و قه‌ره‌ته‌په‌و ده‌وروبه‌ری. به‌ڵام ئه‌وه‌ش خه‌یاڵێکی ناقۆڵاو ناکۆک‌و نامۆیه به واقعیهوتو زیندوویی پرس‌و دیارده‌ی گهنجانو پێموایه ئه‌بێته جێگای پێکهنینو گاڵته‌جاڕی گه‌نج.
سه‌ره‌نجام پرسی گه‌نج له ناو ئه‌ژێندای ناسیونالیزمی کورد‌و حیزبه‌کانی یهکێتیو پارتیدا جێگایه‌کی له‌مه‌ی ئێستا باشتری بۆ ناکرێته‌وه. به‌ڵام به‌هه‌ر ڕاده‌یه‌ک گه‌نجان ڕیزی خۆیان له‌م جووڵانهوهیهو له حیزبه‌کانی جیاکه‌نه‌وه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤی شۆڕشگێڕانه دهعمبکهن، به‌و ئاسته‌ش ئاسۆیه‌کی ڕووناک بهدیئهکهن. خواستی جیابوونه‌وه‌ی کوردستان‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلارو نا قه‌ومی بزووتنه‌وه‌و مه‌یلێکی به‌هێزه‌و ئه‌کرێت بۆ ته‌حقیق کردنی ئه‌م خواسته داوای به‌رپاکردنی ڕیفراندۆمێکی ئازاد بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی کوردستان بکرێته شیعاری سهرهکیو کۆمه‌ڵگای له‌ده‌ور کریستاڵیزه بکه‌ن. ئه‌م ئاسۆیه زیندووه‌و ئیراده‌ی %98 له سه‌دی خه‌ڵکی کوردستانی له پشته. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و دوو حیزبه به توندی له به‌رامبه‌ری ڕاوهستاونو کوردستانیان کردۆته قوربانی فیدراڵیزمێکی بێ‌گیان!
2کانوونی دووهه‌م2009