Skip to Content

Tuesday, January 19th, 2021

ئه‌و ڕۆماننووسه‌ی تێكسته‌كانی خۆی ناخوێنێته‌وه‌

Be First!
by October 1, 2012 ئەدەب

 

 

 

  بابه‌تێكی له‌م چه‌شنه‌ مایه‌ی سه‌رنجێكی ئه‌وتۆیه‌ بۆ نێوه‌ندی رۆشنبیریمان، له‌م ئان و ساته‌دا كه‌ بڵاوكراوه‌ كوردییه‌كان ده‌لاقه‌ی زۆرتر شك ده‌به‌ن و خوێنه‌ران ته‌واو ناپه‌رژێنه‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو بلاڤۆكه‌كان، لێ‌ ئه‌م نووسینه‌ هیچ به‌ دامێنی ئه‌و باسه‌دا گوزه‌ر ناكات.. به‌ڵكو ده‌یه‌وێت ئه‌و لایه‌نه‌ نادیاره‌ كه‌شف بكات كه‌ ئه‌دیبان و داهێنه‌رانی كورد تێیكه‌وتوون و به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان چاپ و بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و گله‌یی له‌و خوێنه‌رانه‌ش ده‌كه‌ن گه‌ر رۆژێك تێبینی و سه‌رنجێكی ره‌خنه‌ییان هه‌بێ‌ و ئاراسته‌ی ده‌قه‌كانیان بكه‌ن.

  بێگومان هه‌موومان ده‌زانین كه‌ كرده‌ی داهێنان و ئه‌فراندن كرده‌یه‌كی گه‌لێك مه‌زنه‌ و چه‌ندین رایه‌ڵ و روانینی نوێ‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر پاشخانه‌كانی، كرده‌ و پرۆسه‌یه‌كه‌ هه‌روا به‌سانایی نایه‌ته‌ ده‌ست و ئه‌زموون فاكته‌ری بنه‌ڕه‌تی له‌دایكبوونیه‌تی، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌شێت راڕایی و دوودڵیی داهێنه‌ران به‌یان ببێت كه‌ له‌و كرده‌یه‌دا هاوشانی كاركردن ده‌بێته‌وه‌. واته‌ چ داهێنانێك نییه‌ دوودڵی داهێنه‌رێكی تێدا نه‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو ره‌هه‌ند و لایه‌نه‌ جۆربه‌جۆره‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندن و بوونی دیدگایه‌كی ره‌خنه‌یی خودیی كه‌ هه‌میشه‌ شانبه‌شانی ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

  كه‌سی داهێنه‌ر له‌میانی نووسینی رۆمانێكه‌وه‌ چه‌نده‌ها جار پرسی هه‌نوكه‌یی له‌ خۆی و له‌ تێكسته‌كه‌ی ده‌كات و له‌به‌ر تیشكی ره‌خنه‌دا جیهانه‌كه‌ی یه‌كاڵا ده‌كاته‌وه‌، ده‌شێت بۆ نووسینی ده‌قێكی له‌و چه‌شنه‌، رۆماننووس گه‌لێك ماندوو بیێ‌ و چه‌ندین جار تێكسته‌كه‌ی بخوێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌دوای پرۆسه‌ی چی نووسین دێته‌ئاراوه‌ و له‌ پرۆسه‌ی چۆن نووسیندا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت.. هه‌ربۆیه‌ ئاساییه‌ ره‌شنووسی رۆمانه‌كه‌ له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌ی نووسه‌ردا تاووتوێ‌ بكرێ‌ و ئینجا رێڕه‌وی سروشتی بگرێته‌به‌ر.

  زۆربوونی رێژه‌ی خوێنه‌ران و جه‌ماوه‌ری هه‌ر نووسه‌رێك به‌نده‌ به‌ زیره‌كی و هه‌ماهه‌نگی نێوه‌ندی رۆشنبیرییه‌وه‌ كه‌ بۆ ئێمه‌ی كورد شتێك كه‌م تا زۆر بووه‌ته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتن و چنینه‌وه‌ی خوێنه‌ران، به‌ڵام له‌دوای ئه‌و قۆناغه‌وه‌ ئیدی پێویسته‌ داهێنه‌ران باشتر و به‌رپرسیارانه‌تر پرۆسه‌ی نووسین دوپات بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ببنه‌وه‌ جێی ره‌زامه‌ندیی خوێنه‌ران و بڵند راگرتنی ئه‌و ئاسته‌ی پێیان به‌خشراوه‌ له‌ ئاكامی به‌خشش و به‌رهه‌مه‌كانیان.

  ( یان كیڤیلیك ) رۆماننووسی فه‌ڕه‌نسی خاوه‌ن رۆمانی ( زه‌ماوه‌ندی كێوی ) كه‌ ساڵی 1986خه‌ڵاتی گۆنكۆری پێبه‌خشراوه‌، ئێستا وه‌ك باڵیۆزی ئه‌ده‌بی فه‌ڕه‌نسی ئه‌ژمار ده‌كرێ‌ و له‌ یه‌كێك له‌ وته‌كانیدا ئه‌م راستییه‌ ده‌خاته‌ڕوو، ده‌ڵێت: له‌ سه‌ردانێكمدا بۆ وڵاتی فیلیپین بینیم رۆمانه‌كانم وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و زمانه‌ و به‌ ملیۆنه‌ها تیراژیان لێ‌ چاپ و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، من ئیتر ترسام و دوچاری حاڵه‌تێك هاتم كه‌ چیتر ئه‌و نووسه‌ره‌ی جاران نه‌مێنم كه‌ به‌سه‌ربه‌ستییه‌وه‌ وشه‌یه‌كیش بنووسم.

  زۆربوونی خوێنه‌ر و پڕفرۆشیی كتێبی داهێنه‌رێك ئه‌مجۆره‌ هه‌سته‌ دروست ده‌كات و نووسه‌ر ده‌خاته‌ چوارچێوه‌ی پابه‌ندبوونی ته‌واوه‌وه‌، وه‌لێ‌ لای ئێمه‌ی كورد به‌پێچه‌وانه‌وه‌، وه‌ختێ‌ نووسه‌رێك ناوبانگ په‌یدا ده‌كات و پڕفرۆشترین ده‌ستگیر ده‌كات، ئیدی نه‌خۆشی لووتبه‌رزی و فیزی نووسین ده‌گاته‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی و حساب بۆ هیچ شتێك ناكات، له‌ نه‌خۆشی خۆبه‌گه‌وره‌ زانیندا پێی شووره‌یی ده‌بێت گه‌ر پرسیار ده‌رباره‌ی تاقه‌ وشه‌یه‌كیش بكات یه‌كه‌مجار بێت به‌كاری بهێنێ‌، هه‌ربۆیه‌ وه‌ختێ‌ پیاده‌ی ده‌كات سوك و ئاسان ده‌كه‌وێته‌ هه‌ڵه‌وه‌.

  له‌م ماوه‌یه‌دا یه‌كێك له‌ نووسه‌ران ده‌رگای مشتومڕێكی له‌سه‌ر تێكستی رۆماننووسێكی كورد واڵا كرد و لای خۆیه‌وه‌ ده‌ستنیشانی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كرد كه‌ له‌ رۆمانه‌كه‌دا به‌ زه‌قی دیاریده‌ده‌ن، ئه‌و لای خۆیه‌وه‌ پرسی ده‌شێت ئه‌و هه‌ڵانه‌ بۆ ئه‌وه‌ بن تا خوێندنه‌وه‌ی زیاتر هه‌ڵبگرن و بكرێته‌ هه‌ڵایه‌كی نێو نێوه‌نده‌كه‌، یاخود بچووككردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ره‌خنه‌گرانه‌شی لێبكه‌وێته‌وه‌ كاتێك ده‌ستنیشانی هه‌ڵه‌كان ده‌كه‌ن، واته‌ هێنانه‌ به‌ر باسی ئه‌و هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتییانه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌سی ره‌خنه‌گر بكرێته‌ پۆلیس و تۆمه‌تبارێك كه‌ گوناهێك ئه‌نجام بدات و وا بكه‌وێته‌وه‌ كه‌ داهێنانه‌كه‌ له‌كه‌دار بكات!!

  من لای خۆمه‌وه‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی بوونی ئه‌و هه‌ڵانه‌ له‌ زۆرینه‌ی تێكسته‌كانی ئه‌و نووسه‌ره‌دا بۆ یه‌ك فاكته‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، یه‌ك هۆكار كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ نووسه‌ر له‌ هیچ وشه‌یه‌كی خۆی په‌شیمان نابێته‌وه‌ كه‌ ده‌ینووسێ‌ و هه‌موو شته‌كانی خۆی له‌لا جوانه‌ مادامه‌كی خوێنه‌رانێكی زۆر پێی سه‌رمه‌ستن و به‌رده‌وام هیچیش ناڵێن، یاخود هه‌موو هاوڕێكانی ده‌ست به‌ سنگه‌وه‌ ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ن و چاویان هیچ ئه‌و شتانه‌ نابینێ‌ كه‌ خوێنه‌ری ئاسایی لێیده‌ڕوانێ‌. بوونی ئه‌و هه‌ڵانه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌وێوه‌یه‌ كه‌ نه‌بوونی هه‌ڵسه‌نگاندن و نه‌خوێندنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی تێكسته‌كه‌ وه‌ك یه‌كه‌ و جیهانێكی گشتگیر لای كه‌سی داهێنه‌ر په‌یڕه‌و كراوه‌، ده‌نا چ واتایه‌كی هه‌یه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كدا كه‌سێتییه‌ك ناوێكی هه‌بێ‌ و له‌دوای چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی تره‌وه‌ ناوه‌كه‌ی بگۆڕدرێ‌ كه‌ هه‌رگیز ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌ڵه‌ی چاپ لێك نادرێته‌وه‌! یان چ واتایه‌كی ده‌مێنێ‌ خوێنه‌ر هه‌ست به‌و هه‌موو هه‌ڵه‌ و بۆشاییانه‌ بكات و بكه‌وێته‌ پاساوهێنانه‌وه‌ی نابه‌جێ‌  بۆ خودی خۆی و له‌ خوێنه‌ره‌وه‌ ببێته‌ پینه‌چی و ئه‌ركی ئه‌وه‌ بێت پینه‌كاریی ده‌قه‌كه‌ بكاته‌وه‌.. هه‌موو ئه‌مه‌ له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن كه‌ رۆمانووسه‌كه‌ بڕوای ته‌واوی به‌خۆی هه‌یه‌ و پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی نووسیویه‌تی تژییه‌ له‌ جوانی و راستی و هه‌رگیز به‌هه‌ڵه‌دا ناچێت چونكه‌ هێنده‌ لێهاتوو و ده‌ستڕه‌نگینه‌، له‌وێشه‌وه‌ ئیدی چ پێویست ده‌كات دیسانه‌وه‌ ده‌قه‌كه‌ی سه‌راپا بخوێنێته‌وه‌ و له‌ هه‌نگاونانی به‌ره‌وپێشه‌وه‌ی داببڕێت، یاخود شووره‌یی ده‌بێت ئه‌وده‌مه‌ی نووسه‌رێكی هێنده‌ ناودار و پڕفرۆش پاكنووسی تێكسته‌كانی بكات و هه‌موو ئه‌و به‌رامه‌یه‌ی ده‌قه‌كه‌ی له‌خۆی گرتووه‌ بیكاته‌وه‌ هه‌ڵم، بێگومان به‌پێودانگی خۆی!!  

 

 

ته‌ها ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ

 

Previous
Next

Leave a Reply