Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

ئه‌ی ئه‌بێ‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌نفالی كرێكاراندا كێ‌ بدریت به‌دادگا !؟

Be First!
by April 18, 2009 گشتی

ئه‌ی ئه‌بێ‌ له‌به‌رانبه‌ر "ئه‌نفالی كرێكاران"دا كێ‌ بدریت به‌دادگا !؟
ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌قوربانیانی كار
خه‌سره‌و سایه‌
Saya.xasraw@yahoo.co.uk

ئه‌مساڵ له‌یادی ئه‌نفالدا، هه‌راوهوریایه‌كی ته‌بلیغاتی كوردستانی گرته‌وه‌، ئه‌حزابی ده‌سه‌لاتداری كوردستان به‌دانانی تاجه‌گوڵینه‌ له‌سه‌ر گۆڕی "ڕوفاقی ئه‌نفال" به‌رنامه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كانیان ڕازانده‌وه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ حزب ولایه‌نه‌ ناسیونالیستییه‌كان بۆگه‌رم كردنی فه‌زای كوردایه‌تی كه‌وتنه‌ غه‌مخوری بۆكورد و كوردستانه‌وه‌. هه‌رله‌م پێوه‌نده‌شدا باسی دادگایی تاوانبارانی ئه‌نفال كرایه‌ سه‌رله‌وحه‌ی ڕۆژنامه‌كان و جارێكیتریش ڕووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیان له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌عسی له‌گۆڕنراودا، كرده‌وه‌ بابه‌تێكی سیاسی بۆسه‌رگه‌رم كردنی خه‌ڵك و دورخستنه‌وه‌یان له‌كێشه‌و گرفته‌كانی ڕۆژانه‌یان كه‌له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی ئێستاوه‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پاوه‌.
ئاشكرایه‌ كه‌ئه‌نفال تاوانێكی كۆمه‌ڵكوژی ودژی ئینسانی ڕژێمێكی قه‌ومییه‌ و به‌ڕووخانی ئه‌م ڕژیمه‌ش ئیتر دادگایی كردن مانایه‌كی واقعی ناداته‌ ده‌ست كه‌س و پاروه‌ نانێك بۆسه‌ر سفره‌ی خه‌ڵكی هه‌ژارو مه‌ینه‌ت بار زیاد ناكات. ئه‌نفال و تاوانكاری ونه‌هامه‌تیه‌كانیان ئێستا بۆته‌ مێژوویه‌كی ڕه‌شی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ونه‌ته‌وه‌چێتی، به‌لام ئه‌وه‌ی له‌م سیناریۆیه‌دا ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌یه‌كه‌م باسی ئه‌نفال له‌لایه‌ن ناسیونالیزمی كورده‌وه‌ به‌ئایدیۆلۆژیاو حسی نه‌ته‌وه‌چیتییه‌وه‌ ده‌رخواردی خه‌ڵكی كوردستان ده‌درێـت، و دووه‌میش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لاتی هه‌رئه‌م حزبانه‌یه‌ كه‌به‌دوای مێژوویه‌كی 18ساڵیدا نه‌یان توانیوه‌ برینه‌كانی ئه‌نفال له‌سه‌ر شانی خێزانی قوربانیان هه‌ڵگرن، وه‌یا به‌دابین كردنی خزمه‌تگوزاری و سیسته‌مێكی ئازادانه‌ غه‌م ومه‌ینه‌تیه‌كانی سه‌رشانیان سوك بكه‌نه‌وه‌. له‌وه‌ش زیاتر هاولاتیانی كوردستان له‌ژێرسایه‌ی ده‌سه‌لاتی ناسیونالیستی كورددا، ئه‌نفالێكی شاراوه‌ و شێنه‌یییان بۆهاولاتیان هه‌ڵخستووه‌، بێكاری وگرانی ونه‌بوونی و بێخانه‌و لانه‌یی و موحتاجبوون به‌داوده‌رمان و قوتابخانه‌ی پێشكه‌وتوو تا نه‌بوونی ئاووكاره‌با…هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌وبه‌لاو موسیبه‌تانه‌یه‌ كه‌ڕۆژانه‌ ژیانی خه‌ڵكی كرێكارو زه‌حمه‌تكێشی كوردستان ئه‌نفال ده‌كا و جه‌سته‌یان ده‌شكێنێ‌.

له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌ی باسناكرێ‌ قوربانیانی كاره‌. كرێكارانی كاره‌با، كۆمپانیاكان، شاره‌وانی، وسه‌دان بوواری تری به‌رهه‌مهێنان، كه‌ڕۆژانه‌ هه‌زاران ئینسانی كرێكار ته‌نها بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگای كاره‌وه‌ بژێوی خۆی وخێزانه‌كه‌ی دابین بكات، ناچاركراون به‌ته‌حمولكردنی هه‌لومه‌رجی سه‌ختی كارو كرێ‌ی كه‌م. هه‌لومه‌رجێك كه‌ كه‌مترین ئه‌منیه‌تی كاری تێیدا نییه‌ و ئه‌مه‌ ویرای ئه‌وه‌ی هیچ یاسایه‌كی كار چاودێرنییه‌ به‌سه‌ر شێوازی كاركردنی ئه‌م ئینسانانه‌دا. له‌ئاوه‌ها حاڵه‌تێكدا ئه‌نفالی شێنه‌یی كرێكاران یه‌ك واقعیه‌تی به‌رده‌وامه‌. له‌م ئه‌نفاله‌دا گه‌رچی كرێكاران به‌كۆمه‌ل ناخرێنه‌ نێو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ئه‌نجامی سه‌ختی هه‌لومه‌رجی كار، كاره‌با ده‌یان گرێ‌ و ده‌كه‌ونه‌ به‌ر ڕووداوه‌كانی كاره‌وه‌ و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، وه‌یا جه‌سته‌یه‌ان تێكده‌چێ‌ و پارچه‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی له‌شیان وونده‌كه‌ن ودواتریش به‌گیرفانی خاڵی وبه‌بێ‌ هیچ زه‌مانه‌تێك ڕه‌وانه‌ی ماڵه‌وه‌ده‌كرێنه‌وه‌ و ده‌بنه‌ بارو سوكایه‌تیه‌ك به‌سه‌ر خێزانه‌كانیانه‌وه‌ ودواتریش به‌ئۆردوی كه‌مئه‌ندامانه‌وه‌ پیوه‌ست ده‌بن. ئه‌مه‌ ئه‌نفالێكی شاراوه‌یه‌و كۆمه‌ڵگاش لێ‌ی بێئاگایه‌ و ده‌سه‌لاتدارانیش له‌به‌رامبه‌ریدا خۆیان بێمه‌سئول كردووه‌.
به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئاماره‌كانی ئه‌م قوربانیانه‌مان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ تا ڕێژه‌كه‌ی  له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی گۆره‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا به‌روارد بكه‌ین، به‌لام ئه‌وه‌ی ئه‌كیده‌ قوربانیانی كار شه‌پۆلێكه‌ له‌ئینسان كوژی هێمنانه‌و شێنه‌یی. كه‌وایه‌ كێ‌ به‌رپرسیاری ژیانی ئه‌م ئینسانانه‌یه‌ و كێ‌ ده‌بێت له‌چاره‌نوسی خۆیان وخێزانه‌كانیان به‌رپرسیاربكرێت؟ ده‌بێ‌ كێ‌ بدرێت به‌دادگا و وه‌ك سه‌رانی حكومه‌تی به‌عس له‌قه‌فه‌زی ئیتهامدا ڕووبه‌رووی سزای مه‌رگی شاراوه‌ی هه‌زاران ئینسانی كرێكار بكرێته‌وه‌، كه‌به‌هۆی كاره‌كانیانه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن وه‌یا پارچه‌یه‌ك له‌له‌شیان ده‌بیته‌وه‌؟
ئاشكرایه‌ به‌رپرسیاری یه‌كه‌م ده‌سه‌لات و ئه‌حزابێكه‌ كه‌ژیانی فیرعه‌ونیان بۆخۆیان و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان سازداوه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ كرێكاران وئاماده‌ به‌كارانی كۆمه‌ڵگاشیان خستۆته‌ به‌رده‌م ده‌ستاڕی كارو مه‌رگه‌وه‌. له‌هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌لانی كه‌می مه‌ده‌نیه‌ت وئینسانیه‌ت بۆته‌ پره‌نسیب،  ئاوڕدانه‌وه‌ له‌قوربانیانی كار جێگای سه‌رنج وپێزانینه‌. هه‌رده‌سه‌لاتیك كه‌ خۆشی به‌به‌رپرسیار له‌ژیانی ئێستاو داهاتووی هاولاتیانی بزانێ‌ ئه‌ركیه‌تی كه‌ئاورێك له‌م ئینسانانه‌ بداته‌وه‌ و باری گران و میحنه‌تی سه‌رشانی خۆیان وخێزانه‌كانیان ته‌حمولكات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌رده‌سه‌لاتێك نامه‌سئولانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ قوربانیانی كار كورسیه‌كانی خۆی قایمكات، له‌به‌رده‌م حوكمی دادگای خه‌ڵك وجه‌ماوه‌ری كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشاندایه‌. ده‌با ئایاری ئه‌مساڵ بكه‌ینه‌ ڕۆژی ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌دژی ده‌سه‌لاتداران و سازدانی دادگایه‌ك بۆ لێپرسراوكردنی ده‌سه‌لاتدارانی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ژیان ومه‌رگی هه‌زاره‌ها ئینسانی كرێكاری ئه‌م ولاته‌. كۆمه‌لگای كوردستان به‌بێ‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ئه‌نفالی شاراوه‌ی كار، له‌به‌رده‌م مه‌ترسی تێداچوونی نه‌وه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی دا ڕاده‌وه‌ستێ‌ وبه‌دیار هه‌لومه‌رجی سه‌ختی كاردا ده‌مێنێته‌وه‌. بائایاری ئه‌مساڵ رۆژێك بێت بۆ باشكردنی هه‌لومه‌رجی كارو پاراستنی ئه‌منه‌یتی كار و به‌دیهێنانی زه‌مانه‌تی كۆمه‌لایه‌تی فراوان.

 

Previous
Next

Leave a Reply