Skip to Content

Monday, January 18th, 2021

ئوپوزیسیون ، بەتایبەت گۆڕان بۆ لەئاست چارەنووسی مەلوود ئافەند بێدەنگن؟

Be First!
by July 18, 2012 گشتی

 

 

 

زیاتر لە مانگێکە مەولوود ئافەند رۆژنامەوانی رۆژهەڵاتی لە شاری سلێمانی  بێ‌سەروشوێنە و گشت ئاماژەکان بۆ ئەوەیە کە بە ئاسانکاریی وهاوکاریی ڕاستەوخۆی یەکێتی نیشتمانی (ئاسایشی سڵێمانی) لەگەڵ ناوەندە جاسووسی‌یەکانی حکوومەتی ئێران(کە هەمیشە لە باشوور دەستیان بۆ تێرٶر و سیخۆریی و دەستیوەردان ئاواڵەیە) رفێندراوە. هەر یەک دوو رۆژ پاش بێ‌سەروشووێن بوونی ئافەند، ڕاگەیەنەرەکانی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکوومەتی ئێران خەبەری گرتنی شەبەکە(تۆڕ)ی تێروریستیان بڵاو کردەوە کە گۆیا !! لە لایەن ئیسرائیلەوە راسپێردرابون زانا ئەتۆمی‌یەکان بکوژن. ناوەندە ئەمنیەتیەکان هەروەها ڕایان گەیاند ناوەندی ئەو تۆڕە تێروریستی‌یە لە وڵاتێکی دراوسێ بوە. پاشان لە خەبەرێکی دیکەدا وەزیری ئیتڵاعات ڕایگەیاند یەکێک لە رێبەرانی ئەو شەبەکە تێروریستیە لەلایەن “سەربازانی گومناوی ئیمامی زەمان”(مەبەست سیخۆرانی ناوەندە ئەمنیەتیەکانە) لە دەرەوەی سنوورەکان گیراوە و هێنراوەتەوە ولات. کە هەموو ئەمانە دەری دەخست کە ئافەند لە دەستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ئێرانە.

بەو شیوە حکوومەت خەریک بوو بواری ئەوەی خۆش دەکرد تا لە رفاندنی مەلوود ئافەند بەهاوکاریی ئاسایشی یەکێتی، داستانە درۆزنانەکەی “عەبدوڵماڵک رێگی”١ دووپات بکاتەوە. بەڵام بەختەوەرانە بەهۆی وشیاریی چالاکانی رۆژهەڵاتی لە باشوور و ناوەندە مەدەنی‌یەکان و ژمارێک ماڵپەڕی سەربەخۆ، کە دەسبەجێ بێسەر و شووێن بوونی ئافەند و ئەگەری رفاندنی لەلایەن ئێران بەهاوکاریی یەکێتی یان ڕاگەیەنەریی کرد و لەسەرتاسەری کوردستان و جیهاندا بڵاویان کردەوە، حکوومەتی ئێران مەیدانی مانۆڕدانی لێ بەسترا و ریسەکەی لێ بووە خوری.

 لە کاتی شوێن بزر بوونی مەولوود ئافەندەوە سەرەرای ئیعتراز و داواکاریی ژمارێکی زۆر تاک و ناوەند، یەکێتی نیشتمانی و دەسەڵاتی باشوور لەسەر چارەنووسی ئافەند بێدەنگیان پاراستوە و بەداخەوە ئەو بێدەنگیە تەنانەت هێزەکانی ئوپوزیسۆنی‌شی گرتوەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە ئەم هێزانە بەردەوام لەوە دەگەرێن کە خالێکی لاوازی حکوومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتی یان دەست کەوێ و لەقاوی بدەن، کەچی لە کەیسی مەولوود ئافەندا، ئەوانیش وەک یەکێتی و حکوومەت بێدەنگی‌یەکی جێ گومانیان پاراستوە.

وەک دەزانین گۆڕان بە هاوکاریی دوو حیزبی ئیسلامیی دیکە دەوری ئوپوزیسیونی حکوومەتی هەرێم دەگێڕن. ئەم ئوپۆزیسییون بوونەش وای لێکردوون کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ دیتنەوەی لاوازیەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار(یەکێتی و پارتی) و دەوڵەت وەگەڕ بخەن. لەم نێوانەدا باڵادەست بوونی گۆران حاشا هەلنەگر و دیارە. ئەوەیە دەبینین کە گۆڕان و کەسانی سەر بەم رەوتە کاتێک دژی دەسەڵات یا هەرکام لە حیزبەکانی دەسەڵات دەکەونە لەقاودانی گەندەڵی و تەنانەت ژیانی شەخسیی کەسەکان، خاوەنی زۆر زانیاریی وردن . بۆ نموونە کاتێک لە سەر جەلال تاڵەبانی و رێبەرانی یەکێتی قسە دەکەن، هێندە دەچنە ناو وردەکاریەوە کە تەنانەت هەست دەکرێ کە دەزانن سەرلەبەیانی تاڵەبانی چەند کەوچک شەکر لە چایەکەی دەکات!!! یا کاتێک باسی مووچە و دەس ناپاکیی مەسئوولین دەکەن بە وردەکاریەوە هەموو شتیک دەخەنە روو. مەسەلەن فڵانە مەسئوول عەرزی داوە بە هاو زاواکەی یا چەندە پارە بەهۆی خزمی یەکێک لە بەرپرسانەوە شووێن بزر کراوە و.. 

ئەو زانیاریانە دەتوانن بەو قەناعەتەمان بگەیەنن کە گۆڕان لە هەموو دامودەزگاکانی حكوومەتی و تەنانەت ئەهلی دا، خاوەن لایەنگر و کەسی خۆیە . بێگومان ئەوەش لەشکەر و هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و هەموو ناوەندێکی حکوومەتی دەگرێتەوە. 

وەک باسکرا مەولوود ئافەند لە سلێمانی(مەکۆی گۆڕان) رفێندراوە، تۆ بڵیی گۆران بەو دەس رۆیشتنەی کە لەم مەلبەندە هەیەتی ئاگای لەو رفاندنە نەبووبێ؟ من دڵنیام وەک چۆن گۆڕان لە چکۆلەترین وزە لە سلێمانی ئاگادار دەکرێ، لە م کەیسە و چۆنیەتی روودانی ئەو ئینسان دزییە بە روونی و بە وردی ئاگادارە. جا بۆ تا ئێستا لەو بارەوە بێ‌دەنگیی پاراستوە، لە خوارەوە ئەوەندەی پێم بکرێ تیشک دەخەمە سەری:

وەک دەزانین گۆڕان زۆر تامە زرۆیە لەسەر دەسەڵات و بەتایبەت لەسەر یەکێتی گەر خاڵێکی لاوازی بینی، لەقاوی بدا و بەو شیوە بۆ خۆی بانگەشە بکات. ئەمە هەقێقەتێکە کەلە چەند ساڵی رابردوودا ئێمە شاهێدی بووین. ئەم لەقاودانانەش هێندێک جار تەنانەت پرەنسیپی سیاسیان تێپەڕاندەوە کێشراوەتە ژیانی شەخسی و تایبەتیی‌ جلال تاڵەبانی، مەسعوود بارزانی و هێرو برایم ئەحمەد و بەرپرسانی دیکە‌ی یەکیتی و پارتی. پرسیار ئەوەیە ئەی چۆنە گۆڕان لە کەیسی رفاندنی مەولوود ئافەند دا،کە بەڵگەیەکی گەورە ی بەدەستەوە کە دەتوانێ شوێنی گەورە لەسەر ئاستی سیاسی و کەرامەتی ئینسانی و شەرافەتی ئەخلاقیی یەکێتی دانێ و زۆر بە قازنجی ئامانجەکانی گۆڕان تەواو دەبی، ئاوا بێدەنگیی لێ کردوە. تۆ بڵیی گۆران بۆ چ مەبەستێک پشت لە قازانجی خۆی دەکات؟ تۆ بڵیی حیکمەتیک لەو بێدەنگیەدا هەبێت؟

گەر چاوێکی کورت لە کۆی رووداوەکانی ئەم ماوە بکەین، بەو ئەنجامە دەگەین کەلەسەر شاردنەوەی هەقێقەتی رفاندنی مەولوود ئافەند چەشنە سازانێکی ناوچەیی بە میحوەریەتی حکوومەتی ئێران پێک هاتوە. لەو ماوەدا سەرەڕای ئەوە‌ی کاربەدەستانی پلەبەرزی یەكیتی و پارتی و هێزە ئیسلامی‌یەکان سەردانی ئیرانیان کردوە، ئێمە شاهیدی ئەوەین بۆ یەکەمجار نەوشیروان مستەفا سەرۆکی گۆڕان سەردانی ئێران دەکات. ئەویش لە کاتیکدا کە ئیران بۆ ئامانجی تایبەت کە جێگەی باسکردنی ئەم دەقە نی‌یە، چەشنێک دژایەتیی مەسعوود بارزانی دەکات.

پێش سەردانەکەی نەوشیران بەپێی زانیاریەکان هەم کونسوولی ئێران لە سلێمانی و هەم باڵوێزی ئێران لە بەغدا سەردانی گۆڕان و نەوشیرانیان کردوە. جیا لەوانەش بەپێی زانیاریی حکوومەتی ئیران بەشێوەی فەرمی داوای لە هەموو هیزەکانی باشووری کوردستان، بە خاوەن دەسەڵات و ئوپۆزیسیونەوە کردوە کەلەسەر کێشەی مەولوود ئافەند بە باش و خراپ هەڵوێست نەگرن و زانیاریی نەدەن. لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی ئێران لە رێگەی هێندێک راگەیەنەریی ژێر نفووزی خۆی لە باشوور، کەوتە بڵاوکردنەوەی خەبەر و زانیارییی لاوەکی و زۆر جار دژ بەیەک. بەشێوەیەک کە کەیسی ئافەند وەها بشێوێت کە ساخ کردنەوەی دژوار بێت. زۆر بەداخەوە هەر واشی لێهاتوە و دیسان بەداخێکی زۆرترەوە لایەنەکانی باشووری کوردستان بە حیزب و راگەیەنەرەوە دەوری گەورەیان لە هاوکاریکردنی حکوومەتی ئێران و هینانە ئاراوی ئەم وەزعە هەبوو.

ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێ روو لە بزووتنەوەی گۆڕان و بەتایبەت کاک نەوشیروان مستەفا بکەین و بپرسین هۆی ئەم بێدەنگی‌یەتان چۆن پاساو دەکەن؟ ئەو هەموو ئیدیعایەتان لەسەر پاکی و رەوشت و شەفافیەت چی لێهات؟ بۆ کە گەیشتە نۆرەی لاوێکی رۆژهەڵاتی چوونەوە دۆخەکەی جارانتان و مل کەجی حکوومەتی ئێران؟ ئاخۆ چ بەرژەوەندیەک وای لێکردن کە بۆ رفاندنی لاوێک لەگەڵ یەکێتی ببنە هاودەنگ و لەشاردنەوەی هەقێقەتی ئەو ئینسان دزییەدا ببنە شەریک؟ ئەگەر وا نی‌ێە من داواکارم بزووتنەوەی گۆڕان تێبینیی خۆی بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنێت. تا ئەو کاتە من هێشتا لەو باوەڕەدام کە ئەو بێ‌دەنگیە وەڵامدانەوەیە بە دەوڵەتێکی بێگانە و قوربانی کردنی خوێنی لاوێکی هاونیشتمانی بۆ بەرژەوەندیی نزم و سەخیفی حیزبی.

لەم نێوانەشدا نابێ ئیشارەیەک بە بێ عەمەلیی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکرێ. زۆر بەداخەوە ئەم هێزانەش، چارەنووسی هاونیشتمانیەکی خۆیان بەهێند نەگرت و لانی کەم وەک داکۆکی لە گیانی ئینسانێک، تەنانەت دەنگێکی ئیعترازیان لێ بەرز نەبوەوە. ئەگەرچی هۆی ئەم بێدەنگی‌یە ترس لە یەکتی و نان بڕینە، بەڵام رەنگە بە رواڵەت پاساوی ئەو هێزانە ئەوە بێت کە شیوە کاری مەولوود واتە هاوکاریی “ناوەندی ئیسرائیل – کورد” دەست و باڵی بەستوون کە داکۆکیی لێ بکەن. بە باوەڕی من ئەو تەنیا پاساوە. لەبەر ئەوە بۆ نموونە من و زۆری وەک من بوونی ئەو ناوەدەمان بە باش نەزانیوە. لەبەر ئەوە گەر ئیسرائیل خوازیاری پێوەندی لەگەڵ کوردە، دەبێ خۆی بە ئاشکرا لە ڕاگەیەنەرەکانی‌یەوە ڕایگەینێت و بە ئاشکرا و راستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ دەسەلاتی کوردی لە باشوور بگرێت. دانانی ناوەندێکی چکۆلە کە هیچ رەسمیەتێکی نی‌یە، بێگومان لە لایەن زۆر کەس و لایەنەوە دەکەوێتە بەر گومان و شکەوە. بەڵام لەهەر حاڵ داکۆکی لە مافی ئینسان نابێ گرێ بدرێ بە شیوەکار و تەنانەت مەوقعیەتی ئەو ئینسانە‌وە. بۆیە حیزبەکانی رۆژهەڵات دەبوا وەک داکۆکی لە چارەنووسی ئینسانێک وەدەنگ بهاتبان. لەبەر ئەوە گەر ئەمجارە کۆماری ئیسلامی بتوانێ بەئاسانی ئەم رووداوە تێپەرینی و بیکاتە دەسکەوت، ئەوا هەردەم ئەگەری دووپات بوونەوەی لە باشوور دەکرێ و بێگومان حیزبەکانی رۆژهەڵات کە دانیشتووی باشوورن، یەکەم زەرەرمەندی دەبن.

لە کۆتاییدا لە هەموو هاونیشتمانان داواکارم لە نامەیەکی رەسمی روو بزووتنەوەی گۆڕان و بەتایبەت بەرێز نەوشیروان مستەفا، داوا بکرێ هەموو زانیاریەکانیان لەسەر چۆنیەتی رفاندنی مەولوود ئافەند بۆ بیرورای گشتی بڵاو بکەنەوە .

 

١ – عەبدولمالک ریگی سەرۆکی بەرهەڵستکارانی چەکداری بەلووچ بە ناوی “جوندوڵا” لە بەلووچستان شەری چەکداریی دەستپێکردبوو و حکوومەتی وەزاڵە هێنابوو. ناوەندیی ئەو رێکخراوە لە پاکستان و رێسمەی بەدەستی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ئەو وڵاتەوە بوو. کە لەشەڕی سیاسی و ئەمنیەتیی خۆی دژی ئێران کەڵکی لێوەردەگرتن و سەرەنجام پاش ئیمتیاز دانی ئێران بە پاکستان لە سازانێکی ئەمنیەتیدا، پاکستان عەبدولمالک ریگی دەگرێ و تەحویلی ئێرانی دەداتەوە. بەڵام ئێران بە بێ ئەوە لانی کەم لە ناوەندە ئەمنیەتیەکانی پاکستان شەرم بیگرێ، دێت و داستانێکی درۆیین ساز دەکات و ڕادەگەیەنێت کە رێگیی بە کاری ئەمنیەتی و ئیتڵاعاتی گرتوە. واتا ریگی ویستویە بەسەر ئاسمانی ئیراندا بچی بۆ چێچن، بەڵام ئەمان زاینویانە و فڕۆکەکەیان ناچار بە دابەزاندن کردوە و ریگیان گرتوە. بەمشێوە پاش تۆزێک خۆ ڕانان کەوتنە بانگەشە بۆ خۆیان. بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا درۆبوونی ئەو جیرۆکە بۆ هەموو روون بوەوە و بەپێچەوانەی چاوەروانیەکانی حکوومەت بوە هۆی ریسوایی.

ئێستەش بە تەحویلدانی مەولوود ئافەند لە لایەن یەکێتی‌یەوە، ئیران بەتەما بوو لە داستانێکی وەک ریگی دا ناوەندە ئەمنیەتیەکانی خۆی بەهێز نیشان بدات، بەڵام بەختەوەرانە بەهۆی ئەوەی بەخێرایی بێ‌سەروشوێن بوونی ئافەند ڕاگەیەنەریی کرا، هەموو پلانەکانی حکوومەتی ئیران پووچەڵ کرایەوە. هەرچەند پێشتر زەمینە سازیی بۆکردبوو و وەک پێشتر ئیشارەم پێکرد، وەزیری ئیتڵاعات و ناوەندە ئەمنیەتیەکان بە بڵاو کردنەوە ڕاگەیەندراو و خەبەر، خەریک بوون زەمینەی ڕاگەیاندنی “پیرۆزی بزرک اطلاعاتی – امنیتی برون مرزی”(سەرکەوتنی زانیاری ئەمنیەتیی لە دەرەوەی سنوور)یان خۆش دەکرد، بەڵام هوشیاریی ڕاگەیەنەریی تاکی کورد و ناوەندە مەدەنی‌یەکان تا ئێستا ریسەکەیانی کردوەتە خوری. بۆیە خەریکی دارشتنی سناریوی دیکەن .

 

Previous
Next

Leave a Reply