ئۆدیب پاشا، ڕه‌چه‌ڵه‌كی تێكسته‌كان
سه‌ره‌تای درامای كلاسیك
له ژێر ڕووناكی وته‌كه‌ی گۆته‌ی مه‌زندا ده‌رباره‌ی كلاسیك ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی مه‌به‌ست له كلاسیك هه‌ر تێكستێكی به‌بایه‌خ و گرنگه، ئه‌م گوزارشته له ئێستای دونیای نوێشدا هه‌ر وه‌هایه، هه‌میشه به‌و شتانه ده‌گوترێت كلاسیك كه گرنگ و تۆكمه و به بایه‌خن و خاوه‌نی قوڵایین و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵده‌گرن.
كلاسیك به‌ره‌به‌یانی سه‌رهه‌ڵدانی مێژووی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، هاوكات ده‌سپێكی گه‌شه‌كردنی مرڤایه‌تیشه، له پێش كلاسیك‌دا ئه‌وه‌ی هه‌بووه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و …. هتد له‌ساده‌ترین شێوه‌دا بووه و زیاتر به‌شێك بووه له ژیانی مرۆڤی ئه‌و قۆناغه و كه‌متر وه‌ك چالاكییه‌كی سه‌ربه‌خۆ خۆی به‌یانكردووه، به‌ڵام له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قۆناغه‌ی كه دواتر ناوی لێنراوه كلاسیك، گرنگی و بایه‌خی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و فه‌لسه‌فه….زانراوه و وه‌ك چالاكییه‌كی ژیاری سه‌یر كراوه، كه‌ڵه هونه‌رمه‌ند و فه‌یله‌سوفی گه‌وره ده‌ركه‌وتوون و خه‌ڵكیان له ڕێگه‌ی هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌وه هۆشیار كردۆته‌وه و كرده‌ی (زانین) بۆته خولیا.
ئه‌وه‌ی ئێمه مه‌به‌ستمانه باسی لێوه بكه‌ین، مێژووی درامای كلاسیك و شانۆنامه‌نوسه گرنگه‌كانی ئه‌و ده‌مه و به‌تایبه‌ت له نێو هه‌موویاندا (سۆفۆكلیس) و شانۆنامه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (ئۆدیب پاشا) و قورسایی ئه‌و شانۆنامه‌یه‌یه له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی شانۆنامه‌دا، كه یه‌كێكه له‌و شانۆنامانه‌ی تاكو ئه‌مڕۆش جیهانی شانۆ پێی ڕووناكه و به نه‌مریی ماوه‌ته‌وه.
یۆنان وه‌ك یه‌كه‌مین زێدی سه‌رهه‌ڵدانی دراما له جیهاندا، خاوه‌نی نوسه‌ری گرنگ و درامانوسی گه‌وره‌یه، كه هه‌ریه‌كێكیان به شێواز و تایبه‌تمه‌ندی خۆیانه‌وه له مه‌یدانی مێژووی درامای جیهانیدا ئاماده‌ییان هه‌یه و ناكرێت باس له درامای جیهانی بكرێت و باس له‌وان نه‌كرێت، چونكه به بازدان به‌سه‌ر مێژووی یۆنان‌دا كه‌لێنێكی گه‌وره ده‌كه‌وێته هه‌ر باسێكی مێژووییه‌وه ده‌رباره‌ی دراما و له ئه‌نجامدا قۆناغێك ده‌كه‌ین به ژێره‌وه كه پڕیه‌تی له تێكستی گرنگ و پڕبایه‌خی وه‌ها كه قۆناغه‌كانی پاش كلاسیك و ئێستاشی له‌سه‌ر بێت نه‌یانتوانیوه خۆیان له بیر و دیدگا و ڕوانینه‌كانیان ده‌رباز بكه‌ن.
كه‌واته یۆنان لانكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی درامایه، له‌سه‌ره‌تاشدا دراما ته‌نیا تراژیدیا بووه، ئه‌گه‌رچی بۆ خواوه‌ند (دیۆنسیوس) گریان و پێكه‌نینیش پێشكه‌ش كراوه، به‌ڵام پێش كۆمیدیا تراژیدیا فۆڕمی هونه‌ر وه‌رده‌گرێت و بایه‌خ و گرنگی تراژدیا ده‌گاته ئاستێك فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی یۆنان ئه‌رستۆ تالیس له كتێبی (هونه‌ری شیعر)دا به زۆریی باس له ترژیدیا ده‌كات، به خوێندنه‌وه‌ی كۆی كتێبه‌كه تێده‌گه‌یت ئه‌رستۆ پێی وایه درامای ڕه‌سه‌ن تراژیدیایه، هه‌ر له‌پاڵ تراژیدیادا باس له شیعری (هه‌جوو) یان (سه‌رزه‌نشت) ده‌كات، كه سه‌ره‌تایه‌ك بووه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی كۆمیدیا، دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی (ئه‌رستۆفانیس) مێژووی كۆمیدیا به‌شێوه‌یه‌كی كۆكراوه‌تر و پێگه‌یشتووتر ده‌ست پێده‌كات، كۆمێدیا له پێكه‌نینی په‌تی و گاڵته و گه‌پی ڕووت داده‌ماڵێت، كه ئه‌وكات له یۆنانی كۆندا پێیان وابوو پیشه‌ی كۆیله و كاسبكاری ئاساییه و ده‌وڵه‌ت پێی وابوو هاونیشتمانی سه‌رفراز نابێت، ئه‌گه‌ر بێت و نیشانه‌ی پاڵه‌وانێتی تیا ده‌رنه‌كه‌وێت، ئه‌ویش به دووركه‌وتنه‌وه پێكه‌نین و گاڵته‌بازی.
یه‌كێك له كۆمیدیا به ناوبانگه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ش درامای (بۆقه‌كان)ه، كه (ئه‌رستۆفانیس) له ڕێگه‌یه‌وه ڕه‌خنه ده‌گرێت و گاڵته به به‌رهه‌مه‌كانی (یۆربیدس و ئه‌سخیلۆس و سۆفۆكلیس) ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی كۆمیدیی دید و ڕووانینه‌كانی به‌یان ده‌كات.
ئه‌رستۆ له هه‌مان سه‌رچاوه‌دا واته كتێبی (هونه‌ری شیعر) باس له په‌یدابوونی هونه‌ری شیعر ده‌كات، كه ئه‌وكات له‌گه‌ڵ (دراما)دا دووانه‌یه‌كی لێك جیانه‌كراوه‌بوون، ئه‌و پێی وایه سه‌رهه‌ڵدانی شیعر دوو هۆكاری هه‌یه، كه هه‌ردووكیان هۆكاری سروشتین، یه‌كه‌میان: لاسیكردنه‌وه كه بۆ خۆی شتێكی زگماكییه له مرۆڤدا، دووه‌میان: ئه‌و خۆشییه‌یه كه لاسایكردنه‌وه به مرۆڤی ده‌به‌خشێت.
ئه‌وه‌شی پێم گرنگه و ناكرێت باسی لێوه‌نه‌كه‌ین ڕۆڵی (ئه‌سخیلۆس) و درامانوسانی پاش ئه‌وه كه هه‌ریه‌كه‌یان به جۆری خۆیان ڕۆڵیان هه‌بووه له به شانۆكردنی شیعردا، وه‌ك له كتێبی (هونه‌ری شیعر)دا هاتووه، ئه‌سخیلۆس یه‌كه‌م كه‌س بووه ژماره‌ی ئه‌كته‌ری له یه‌كه‌وه كردووه به دوو، هه‌روه‌ها ڕۆڵ و به‌شداریی كۆرسی كه‌م كردۆته‌وه، دیالۆگیشی كردووه به شتێكی سه‌ره‌كی، دواتریش (سۆفۆكلیس) ئه‌كته‌ری سێیه‌م و وێنه و دیمه‌نی شانۆیی زیاد كردووه.
دراما له‌و سه‌ره‌تا پرشنگداره‌ی یۆنانه‌وه تاكو ئه‌مڕۆ درێژه‌ی هه‌یه، پاش ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ی یۆنان یاخود هاومێژوو له ڕۆما و دواتر وڵاتانی دیكه‌ی دونیادا دێته ئاراوه، هه‌ردوو جۆره‌كه‌ی (تراژیدیا، كۆمیدیا) ڕۆڵ كاریگه‌ریی خۆیان هه‌یه له به‌ره‌وپێشبردنی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا.
سۆفۆكلیس كێیه؟
یه‌ك له دراما نوسه گرنگه‌كانی یۆنانی كۆنه، له ساڵه‌كانی (497- 495)پ.ز له شاری (كۆڵۆن) له دایكبووه، باوكی خاوه‌نی كارگه‌ی دروستكردنی چه‌ك بووه و یه‌كێك بووه له بازرگانه دیاره‌كانی (ئه‌سینا).
سۆفۆكلیس هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوییه‌وه شه‌یدای ئاوازی خۆش و موزیك بووه، بۆیه هه‌وڵی فێربوونی موزیك ده‌دات و ده‌بێته كه‌سێكی سه‌ركه‌توو له‌و بواره‌دا، هه‌روه‌ها حه‌زی به وه‌رزش بووه، جگه له به‌هره‌ی موزیك و وه‌رزشیش جه‌نگاوه‌رێكی كارامه بووه.
ساڵی (480) كه گریگه‌كان له جه‌نگه گه‌وره‌كه‌ی (سالامینا)دا به‌سه‌ر سوپای (پارسه‌كان)دا سه‌رده‌كه‌ون، به‌و بۆنه‌وه‌یه‌وه كه‌ژاوه‌ی سه‌ركه‌وتن سازده‌كه‌ن و (سۆفۆكلیس) هه‌ڵده‌بژێرن بۆ ئه‌وه‌ی پێشڕه‌وی كۆرسی نمایشه‌كه بكات، ئه‌ویش زۆر به سه‌روكه‌وتووی پێشڕه‌وییه‌كه‌ی ئه‌نجام ده‌دات و ده‌بێته جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵك و ده‌بێته سه‌ره‌تای هه‌ڵاتنی پاشه ڕۆژێكی ڕووناك و له‌پاشدا دوو جار هه‌ڵبژێردرێت بۆ ئه‌ندامیه‌تی سه‌ركرده‌ی باڵای جه‌نگ، كه ئه‌وكات وا باو بووه سه‌ركرده‌كانی جه‌نگ له (ئه‌سینا)دا (12) ئه‌ندام بن، دوای ئه‌و شكسته گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر (ئه‌سینا)دا هات له په‌لاماری (ئیسپارته)دا (10) سه‌ركرده هه‌ڵبژێرن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی (ئه‌سینا) بكه‌ن یه‌كێكیان (سۆفۆكلیس) بووه.
حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ سه‌ما و گیتار ژه‌نین وایكردووه، له دوو درامادا ئه‌و ڕۆڵانه بگێڕێت و سه‌ركه‌وتنیشیان تێدا به ده‌ست بێنێت، ئاره‌زووی بۆ نوسینی دراما وایلێده‌كات بۆی بخوێنێت و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی بۆ ئه‌فسانه و وردبوونه‌وه له چیرۆك و په‌نده ئایینییه‌كان ته‌رخان بكات، هه‌موو ئه‌مانه‌ش واده‌كه‌ن له ته‌مه‌نی بیست و هه‌شت ساڵیدا بۆ یه‌كه‌مجار بچێته گۆڕه‌پانی درامانوسانه‌وه و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا به‌سه‌ر بلیمه‌تێكی وه‌كو (ئه‌سخیلۆس)دا سه‌ركه‌وێت و خه‌ڵاتی یه‌كه‌می له ده‌ست بسه‌نێت.
پێش ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات جلی ماته‌مینی و پرسه‌ی به هۆی مردنی (یۆربیدس)ه‌وه له‌به‌ر كردووه، له پاش ئه‌وه‌ش به چه‌ند مانگێك له ساڵی (406) و له ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵیدا ده‌مرێت.
پوخته‌ی چیرۆكی درامای ئۆدیپ پاشا
ڕشانه‌وه و تاعون شاری (تیبا)ده‌ته‌نێت و به‌هۆیه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر ده‌مرن، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه خوداكان توڕه‌بوون، (ئۆدیبی پاشا) به‌ڵێن ده‌دات كه به‌هه‌رجۆرێك بووه خه‌ڵكی ڕزگار بكات، بۆیه (كریۆن)ی برای خێزانه‌كه‌ی ده‌نێرێته په‌رستگای (دڵف) تاكو بزانێت فه‌رمانی خوداكان به چییه، له ئه‌نجامدا ده‌رده‌كه‌وێت خوداكان گله‌ییان هه‌یه، چونكه (لایۆس)ی پاشای پێشوو، كه‌سێك كوشتوویه‌تی ئیستا له‌و شاره‌دایه، ئه‌و تاعونه‌ش ته‌نیا به كوشتن یان شاربه‌ده‌ركردنی ئه‌و كه‌سه كۆتایی دێت.
ئه‌م هه‌واڵه (ئۆدیب) نیگه‌ران ده‌كات و ده‌ست به هه‌ڕه‌شه‌كردن ده‌كات له‌و كه‌سه‌ی وه‌ها تاوانێكی ئه‌نجامداوه، له‌سه‌ر داوای (كریۆن) داوا له (ترسیاس)ی نهێنی زان ده‌كات، تاكو ئه‌و نهێنییه‌ی بۆ ئاشكرا بكات، له‌ئه‌نجامی چه‌ند گفتوگۆیه‌كدا (ترسیاس) خۆی بۆ ناگیرێت و ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی ئه‌م شاره‌ی به‌رنه‌فره‌ت خستووه ناوی (ئۆدیب)ه.
له ئه‌نجامدا (ئۆدیب) توڕه ده‌بێت و (ترسیاس) به درۆزن له قه‌ڵه‌م ده‌دات، چونكه ئه‌و دركاندنه ئازارێكی گه‌وره له دڵی (ئۆدیب)دا دروست ده‌كات، له‌م كاته‌دا (جۆكاستا)ی شاژن بۆ (ئۆدیب)ی ڕوونده‌كاته‌وه كه وه‌ختی خۆی (لایوس)ی پاشای پێشوو به فه‌رمانی خوداكان، منداڵێكی سێ ڕۆژه‌ی ده‌نێرێته شاخێكی سه‌ختی وه‌ها كه كه‌س ده‌ستی پێی نه‌گات، چونكه خوداكان پێیان وابووه ئه‌و منداڵه‌ی باوكی ده‌كوژێت و دایكی ماره ده‌كاته‌وه، (جۆكاستا) باسی چۆنێتی كوشتنی (لایوس)ی بۆ ده‌كات، كه گوایه به ده‌ستی چه‌ند بیانییه‌ك كوژراوه، به‌ڵام چۆنێنی كوشتنی (لایوس) هه‌مان ئه‌و كوشتنه‌یه كه (ئۆدیب) به‌رله‌وه‌ی بگاته شاری (تیبا) له ئه‌نجامی ده‌مه‌قاڵێدا پیاوێك ده‌كوژێت، به‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ی (جۆكاستا) ئه‌وه‌نده‌ی تر (ئۆدیب) وێران ده‌بێت و به ناخی خۆیدا ده‌چێته‌وه و ئازارێكی زیاتر له ناویدا بروسكه ده‌دات.
له ئه‌نجامی هاتنی په‌یامبه‌رێك كه هه‌واڵی مردنی پاشا (یولیپۆس) ده‌گه‌ێنێت، ده‌رده‌كه‌وێت كه (ئۆدیب) باوكی خۆی كوشتووه و ئه‌وه‌شی ئێستا ژنێتی له ڕاستیدا دایكێتی، تراژیدیای (ئۆدیب) لێره‌دا ده‌گاته ترۆپك، ڕووداوه‌كان ده‌چن به‌ناویه‌كدا، كه‌شی دراماكه گرژ ده‌بێت، له‌م كاته‌دا (جۆكاستا) خۆی ده‌گه‌ێنێته ناو كۆشك، تاكو خۆی بخنكێنێت، (ئۆدیب)یش به چۆكا دێت و ده‌ڕوخێت، به ده‌رزییه‌كانی سه‌ری (جۆكاستا) چاوه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌كۆڵێت، (ئۆدیب) له كۆشك دێته ده‌ره‌وه خوێن به چاوه‌كانیدا دێته خواره‌وه، داوا له (كریۆن) ده‌كات كه یارمه‌تی بدات تاكو له شار بچێته ده‌ره‌وه، داواشی لێده‌كات كه ئاگاداری منداڵه‌كانی بێت.
ئۆدیب پاشا ڕه‌سه‌نی تێكسته‌كان
تێكستی (ئۆدیب) له جۆری ئه‌و تێكستانه‌یه پاش خویندنه‌وه‌ی به درێژایی ژیانت نا‌توانیت ده‌ستبه‌رداری دونیا تایبه‌ت و قوڵاییه بێ وێنه‌كه‌ی ببیت، ئه‌و له یه‌كه‌مین خویندنه‌وه‌یه‌وه به كێشت ده‌كات به‌ره‌و جیهانێك كه پێشتر په‌یت پێ نه‌بردووه، له تێكستی (ئۆدیب)دا بۆ یه‌كه‌مینجار به‌ر بابه‌تێكی هه‌ستیار و سامناكی وه‌ها ده‌كه‌ویت كه ڕات ده‌گرێت و ترس و گومان و نه‌فره‌ت له قوڵایته‌وه به خه‌به‌ردێنێت، ئه‌وه‌ی پێشتر نه‌تبیستووه (ئۆدیب)پێت ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی پێشر ته‌نانه‌ت به خه‌یاڵیشتدا نه‌هاتووه و یه‌كجاریش بیرت لێنه‌كردۆته‌وه ئه‌م تێكسته ده‌یخاته به‌رده‌مت و تۆش به پێی ئه‌زموون و دونیابینی و تێگه‌یشتنت له به‌رده‌میدا ڕاده‌مێنیت.
(خه‌ونی كوشتنی باوك و سێكس كردن له‌گه‌ڵ دایك)دا ئه‌و كۆنسێپته‌یه كه (سۆفۆكلیش) له شانۆنامه‌ی (ئۆدیب پاشا)دا كاری له‌سه‌ر كردووه، كه له ته‌واوی مۆڕاڵه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و مرۆییه‌كاندا ڕێگه پێنه‌دراوه، خودی (سۆفۆكلیس)یش نایه‌وێت شه‌رعیه‌ت بداته جۆره ڕه‌فتارێكی وه‌ها، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت له میانه‌ی به‌یانكردنی تراژیدیای (ئۆدیب پاشا)و هه‌ردوو شانۆنامه‌ی (ئۆدیب له كۆڵۆن، ئه‌نتیگۆنا)ه‌وه، چاره‌نوسی خێزانێك نیشان بدات، كه هه‌ریه‌ك به شێوازی جیاواز تووشی به‌دبه‌ختی و مه‌ینه‌ت و كۆتاییه‌كی خه‌مهێنه‌ر ده‌بنه‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه كرده‌ی (پاكژبوونه‌وه) كه یه‌كێكه له ئامانجه‌كانی درامای كلاسیك به ئه‌نجام بگه‌ێنێت.
كاریگه‌ریی و قورسایی هه‌ریه‌ك له‌و سێ تێكسته‌ی كه پێشتر ناومان بردن واته (ئۆدیب، ئۆدیب له كۆڵۆن، ئه‌نتیگۆنا) كه ده‌توانین به سیانه‌ی (ئۆدیب) بیان ناسێنین، له جیهانی ئه‌ده‌بی دونیادا به جۆرێك دیار و به‌رچاوه، چه‌ندین خوێندنه‌وه و شرۆڤه‌ی جیاوازیان بۆ كراوه، ئه‌وه‌تا (فرۆید)ی گه‌وره ده‌رونناسی جیهان، له دوای چه‌ندین ساڵ له نوسینی (ئۆدیب)ه‌وه، له یه‌كێك له تێزه‌كانی خۆیدا (گرێی ئۆدیب) وه‌رده‌گرێت و شیكاری ده‌كات، قسه له‌سه‌ر كۆنسێپتی سێكسی كوڕ و دایك ده‌كات، له ڕێگه‌یه‌وه غه‌ریزه‌ی نێوان كوڕ و دایك شیده‌كاته‌وه، كه به پێی خوێندنه‌وه‌كانی (فرۆید) غه‌ریزه‌یه‌كی سێكسییه.
دونیای ئه‌ده‌بی جیهان هه‌تاكو ئه‌مڕۆش به قووڵی كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ریی بیر و دیدگای ئه‌م تێكستانه‌وه. هه‌ر بۆ وێنه (ئه‌لبێرد كامۆ) له شانۆنامه‌ی (خراپ تێگه‌یشتن)دا كار له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌تی ئۆدیب ده‌كات، به‌ڵام له‌وێدا له جیاتی كوڕ باوكی بكوژێت، دایك نازانێت و كوڕه‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت، یان نوسه‌ری سوێدی (لاش نۆرێن) ئه‌گه‌ر بێت و به‌رهه‌مه‌كانی به‌راورد بكه‌ین به (ئۆدیب پاشا) له چه‌ندین شانۆنامه‌یدا كاری له هه‌مان بابه‌تی (ئۆدیب)دا كردۆته‌وه به شێوه‌ی جیاواز، ده‌بینین له شانۆنامه‌ی (جورئه‌تی كوشتن)دا هه‌مان تێمای كوشتنی باوك له‌لایه‌ن كوڕه‌وه بوونی هه‌یه، پاش ئه‌وه‌ی كوڕێك كچه‌كه‌ی خۆشه‌ویستی شه‌وێك دێنێته‌وه ماڵه‌وه، دره‌نگانێك باوكه‌كه ئاره‌زووی سێكسی بۆ خۆشه‌ویستی كوڕه‌كه‌ی ده‌جوڵێت و نزیكه سێكسی له‌گه‌ڵدا بكات، كوڕه‌كه به‌م ڕه‌فتاره‌ی باوكی ده‌زانێت و توڕه‌ده‌بێت، پێی ده‌ڵێت: من ده‌مێك بوو ئه‌م بیرۆكه‌یه‌م هه‌بوو، مه‌به‌ستی بیرۆكه‌ی كوشتنی باوكێتی، بۆیه هه‌ڵده‌ستێت به كوشتنی باوكی، یاخود له شانۆنامه‌ی (شه‌ڕ)ی هه‌مان نوسه‌ردا،پاش ئه‌وه‌ی باوكێك به هۆی جه‌نگه‌وه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه ژنه‌كه‌ی و كچه‌كانی جێهێشتووه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لایان، ئه‌مه له كاتێكدایه كچه‌كه‌ی بۆته له‌شفرۆش، ژنه‌كه‌شی ئاماده نییه سێكسی له‌گه‌ڵدا بكات، له ساتێك‌دا به‌ها مۆڕاڵییه‌كان تێكده‌شكێن و باوكه‌كه پێی وایه چیتر گرنگ نییه هه‌ركه‌س له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌یدا سێكس بكات، ده‌یه‌وێت له كچه‌كه‌ی نزیك بێته‌وه و سێكسی له‌گه‌ڵ بكات، ئه‌م كاركردنه‌وانه له ناو (ئۆدیب)دا لای زۆر شانۆنامه‌نوسی دیكه‌ش هه‌یه، واته ده‌كرێت بڵَێین تێكستی (ئۆدیب پاشا) له توانایدا هه‌یه سه‌دان تێكست له هه‌ناوییه‌وه بێنه بوون.
(ئۆدیب) كانگایه‌كه به‌رده‌وام شتی نوێ و ڕه‌هه‌ندی نوێی تێدا ده‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وه‌ی ژوولیا كریستیڤا پێی وایه (تێكست ئاوێنه‌ی تێكسته) ته‌واو به‌سه‌ر (ئۆدیب پاشا)دا پراكتیزه ده‌بێت، چونكه (ئۆدیب) ئاوێنه‌ی سه‌دان تێكسته و بێكۆتا ده‌كرێت تێكستی نوێێ لێ به‌رهه‌مبێت، (ئۆدیب) یان هه‌ر تێستێكی دیكه‌ی كلاسیك بواری تێدایه بخرێته فۆڕمی نوێوه و له ڕێگه‌ی كرده‌ی (به‌هاوچه‌رخكردن)ه‌وه بكرێته خه‌می مرۆڤی نوێ، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و بابه‌ته ئه‌نتۆلۆژییه قوڵ و گه‌ورانه‌ی هه‌ریه‌كێكیان له هه‌ناوی خۆیاندا هه‌ڵیانگرتووه.
داستان به‌رزان
سه‌رچاوه‌كان:
– ئه‌رستۆ تالیس، هونه‌ری شیعر(پۆیتیكا)، وه‌رگێڕانی له ئه‌ڵمانییه‌وه: د.حه‌مید عه‌زیز، له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی وه‌رگێڕان.
– ویلیا‌م جیمز دۆرانت، مێژووی شانۆ، وه‌رگێڕانی:(پێشڕه‌و حسه‌ین) له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی وه‌رگێڕان.
– لاش نۆرێن، شانۆنامه‌ی (جورئه‌تی كوشتن)، وه‌رگێڕانی (هیوا قادر)
– لاش نۆرێن شانۆنامه‌ی (شه‌ڕ)، وه‌رگێڕانی: (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)، زنجیر(9)ی شانۆی بیانی، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس.
– درامای كوردی له ناو درامای جیهانیدا، حه‌مه كه‌ریم هه‌ورامی، چاپی یه‌كه‌م، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس.
ئه‌م نوسینه له ژماره (58)ی گۆڤاری (گه‌لاوێژی نوێ)دا بڵاوبۆته‌وه.