Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

ئۆزیدینما ئیوالا و دره‌نده‌کانی بێ نه‌ته‌وه‌

Comments

    دیدار مه‌سیفی……..

 له‌ تازه‌ترین دیمانه‌دا سه‌لمان روشدی له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا که‌ ئێستاکه‌ چی به‌ ده‌سته‌ بۆ خوێندنه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ رۆمانێکی قه‌واره‌ بچووکی کوڕێکی گه‌نج ده‌کات که‌ له‌ ساڵی 1982 له‌ پایته‌ختی ووڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ دایک بووه‌، به‌ڵام به‌ ره‌گه‌ز که‌سێکی نێجیری و ئه‌فریقاییه‌ و ئێستاکه‌ ژیان له‌ نێوان واشنتۆن و لاگۆس دا به‌سه‌ر ده‌بات. ئه‌و به‌ پله‌یه‌کی به‌رز له‌ زانکۆی هارڤارد ئه‌ده‌بی ئینگلیزی ته‌واو کردووه‌ و به‌ تاکه‌ رۆمانێک توانیویه‌تی گه‌وره‌ترین به‌هره‌ی نوسین نیشان بدات و سه‌رنجی گه‌لێک نوسه‌رانی گه‌وره‌ی دونیای بۆ خۆی رابکێشێت.                  
 لێره‌دا به‌ر له‌ ناسندنی رۆمانه‌که‌ی ئه‌و نوسه‌ره‌ ره‌شتاڵه‌ به‌هره‌مه‌نده‌ پێویسته‌ بڵێن که‌ نوسه‌ره‌ گه‌وره‌کانی دونیا دوور له‌ بیرته‌سکی و په‌رستنی ره‌گه‌ز و ناوچه‌ و زمانی تایبه‌ت به‌ خۆیان، ئه‌وان ته‌نها به‌ ده‌وری سێبه‌ری خۆیان ناخولێنه‌وه‌ و به‌ ده‌رکه‌وتنی به‌هره‌ی تازه‌ هه‌رگیز روویان موچ و مۆڕ نابێت. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئۆزۆدینما ئیوالا رۆمانه‌که‌ی به‌ زمانێکی جیهانی وه‌ک ئینگلیزی نه‌نوسیبوایه‌ له‌وانه‌ بوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ شکستی ده‌خوارد و رۆمانه‌که‌ی ده‌که‌وته‌ ده‌ستی نوسه‌رێک که‌ له‌ دیالێکت و نوسینه‌کانی خۆی بترازێ چاوه‌کانی چ زمان و ده‌قێکی دیکه‌ نابینن، یان ده‌که‌وته‌ ده‌ستی که‌سێک که‌ به‌ ناو نوسه‌ره‌ و وه‌ک سیاسه‌توان هه‌رده‌م به‌ له‌ق بوونی کورسی نیگه‌رانه‌. 

 

 {دره‌نده‌کانی بێ نه‌ته‌وه‌} ناوی رۆمانه‌ قه‌واره‌ بچووک و به‌ ناو و ده‌نگه‌که‌ی ئیوالایه‌ که‌ تێیدا به‌ زمانێکی ساده‌ و ساکار به‌ڵام بوێر و قووڵ تاڵترین رووداوه‌کانی شه‌رێکی ناوخۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ له‌ ووڵاتێکی ناو نه‌هێنراوی کیشوه‌ره‌ پڕ له‌ ده‌رد و کێشه‌که‌ی ئه‌فریقیا روویداوه‌‌.   
 ئه‌و رۆمانه‌ رووداوه‌کانی خۆی له‌ زاری منداڵێکی نۆ ساڵان ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ هه‌م پاڵه‌وانی چیرۆکه‌یه‌ و هه‌م قوربانی. ئه‌و ده‌که‌وێته‌ ناو گێژاوی شه‌ری بێره‌حمی ناوخۆ و به‌ زۆرداری راپێچی ژیانێکی پڕ له‌ سته‌م و ترس ده‌کرێت و به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌موو سیما جوانه‌کانی ژیانی منداڵی له‌ ده‌ست ده‌دات و دونیای لێ ده‌بێته‌ دۆزه‌خ.  رۆمانه‌که‌ له‌ شوێنێک دا ده‌ست پێده‌کات که‌ ئاگوی پاڵه‌وان و قوربانی له‌ لایه‌ن به‌تالۆنێکی چه‌کداره‌ هه‌ڵگه‌راوه‌کان دا له‌ شوێنی خۆ حه‌شاردانی ده‌دۆزرێته‌وه‌ و ده‌که‌وێته‌ به‌ر نێزه‌ و قۆنداخی تفه‌نگ و هه‌موو گیانی سوور ده‌بێت به‌ خوێن. ئاگو به‌و رووداوه‌ له‌ پڕ و ناکاوه‌ ژیانی ئارامی منداڵی لێ سه‌ر و بن ده‌بێت و جارێکی دیکه‌ دایک و تاقه‌ خوشکه‌که‌ی نابینێته‌وه‌. ئه‌وان به‌ر له‌ هاتنی چه‌کداره‌کان و داگیرکردن و وێرانکردنی گونده‌که‌یان له‌گه‌ڵ ته‌واوی ژن و منداڵه‌ بچووکه‌کان له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی (یو- ئێن) بۆ شوێنێکی دووری شه‌ڕ ده‌گوازرێنه‌وه‌. به‌ڵام ئاگوی‌ منداڵ به‌ گوێره‌ی داب و نه‌ریتی کۆ به‌ منداڵ دانانرێت، بۆیه‌ باوکی مامۆستای له‌ ترسی پلار و قسه‌ی خه‌ڵکی گوند ناچار ده‌بێت ئه‌و بگێڕێته‌وه‌ تا وه‌ک هاوته‌مه‌نانی له کوڕی‌ خه‌ڵک، به‌شدار بێت له‌ شه‌ڕ و پارێزگاری له‌ گونده‌که‌ی بکات.                                                  
  که‌ چه‌کداره‌کان دێن زۆر درنده‌ ده‌بن و به‌ره‌ی گوند زوو شکست پێده‌هێنێنن، ئاگو ده‌بینێت که‌ چۆن باوکی ده‌درێته‌ به‌ ده‌سترێژ و پیاوه‌کانی دیکه‌ی گوندیش چۆن زۆربه‌یان ده‌کوژرێن و منداڵه‌کانیش یه‌خسیر ده‌کرێن. ئاگو له‌و شوێنه‌ی خۆی تێیدا حه‌شار داوه‌ شه‌ڕێک ده‌بینێت که‌ پیسترین جۆری شه‌ڕه‌ کاتێک یه‌ک نه‌ته‌وه‌ وه‌ک دره‌نده‌ی بێ نه‌ته‌وه‌ ده‌که‌ونه‌ گیانی یه‌کتر، شه‌ڕێک که‌ برا هه‌موو خاڵه‌ لاوازه‌کانی براکه‌ی ده‌زانێت بۆیه‌ له‌ دوژمن ئاسانتر و خێراتر ئه‌و خوێنه‌ی لێ ده‌ڕێژێت که هه‌رگیز‌ نه ‌ده‌بوو به‌ ده‌ستی ئه‌و‌ بڕژێت.                                              
 ئاگو هه‌ر که‌ ده‌گیرێت رووبه‌رووی دوو پرسیاری ده‌کرێته‌وه‌ یان ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ باوه‌ کوشته‌کانی خۆی چه‌ک هه‌ڵده‌گرێت یان  ئه‌وه‌یه‌ رووبه‌رووی ده‌سترێژ ده‌بێته‌وه‌ و ده‌کوژرێت. ئاگو زراو رژاو، بوون به‌ چه‌کدار هه‌ڵده‌بژێرێت و زوو به‌ برینداری فڕێ ده‌درێته‌ پشته‌وه‌ی لۆریێکی پڕ له‌ سه‌ربازی برسی و چاو پڕ له‌ خوێن.                                                            
 گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌ تاڵه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ له زاری منداڵێکی نۆ ساڵان موچرک ده‌خه‌نه‌ گیانی هه‌ر که‌سێک و وای لێده‌که‌ن که‌ قوڵتر و به‌رپرسیاتر ئاکامه‌کانی ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕه‌ هه‌ڵسه‌نگێنێت.   ئاگو به‌ درێژایی رۆژانی درێژی چه‌کداری خۆی له‌ نێوان دوو دونیادا ده‌بینێته‌وه‌ که‌ یه‌که‌میان رابردوو و به‌سه‌رچوو و کورت بووه‌، به‌ڵام پڕ له‌ خۆشه‌ویستی و ئارامی، که‌چی دوومیان درێژ و نه‌بڕاوه‌ و سته‌مکار، پڕ له‌ کوشتن و بڕین و تاڵانی. ئاگو به‌ درێژایی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ی ته‌نێکی بچووک و بێده‌سه‌ڵاته که‌ نه‌ ده‌توانێت رابردوو وه‌ک خۆی بگێڕێته‌وه‌، نه‌ کۆتایی به‌ ژیانێک بهێنێت که‌ سه‌رکرده‌ دڵره‌قه‌که‌ی به‌سه‌ری دا هێناوه‌. ئه‌و سه‌ره‌ڕای به‌ زۆر کرانی به‌ چه‌کدار و ئه‌نجامدانی کوشتن و بڕین و تاڵانی، زۆربه‌ی شه‌وان له‌ لایه‌ن سه‌رکرده‌ی به‌تالیۆنه‌که‌ هه‌تک ده‌کرێت و به‌ زۆری کارێکی پڕ له‌ شه‌رم و ناڕه‌وای پێده‌کرێت. ئه‌و کاتێک ده‌ردی دڵی خۆی له‌ لایه‌ن چه‌کدارێکی هاوته‌مه‌نی خۆی ده‌کات، ره‌شبین ده‌بێت و ئینجا تێده‌گات که‌ زۆربه‌ی چه‌کداره‌کان له‌ لایه‌ن ئه‌و پیاوه‌ هه‌تک و سووک و ریسوا کراون تا به‌ به‌رده‌وام سه‌رشۆر و گوێرایه‌لی فه‌رمانی‌ سته‌مکارانه‌ی ئه‌و بن. ئاگو له‌ گێرانه‌وه‌ی وورده‌کاری په‌یوه‌ندی له‌گه‌ل سه‌رکرده‌که‌دا زیاتر خوێنه‌ر به‌ ناخی ئه‌و برینه‌دا ده‌بات  که‌ شه‌ڕ و سته‌م و زۆرداری له‌ جه‌سته‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی ده‌کات. ئه‌و رۆمانه‌ی ئۆزیدینما ئیوالا یه‌کێکه‌ له‌ جوانترین ئه‌و رۆمانانه‌ی که‌ ده‌رباره‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و به‌کارهێنانی منداڵان له‌ جه‌نگ دا نوسراوه. نوسه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی پاڵه‌وانه‌که‌ی زیره‌کی و شاره‌زاییه‌کی بێوێنه‌ی ده‌رخستووه‌ ئه‌ویش به‌ به‌کارهێنانی زمانێکی ساده‌ و شکاوی ئینگلیزی تا کت و مت له‌ ئاخاوتنی که‌سێکی وه‌ک ئاگو بچێت. منداڵێک که‌ گێرانه‌وه‌ی به‌ سه‌رهاتێکی پێ سپێردرابێت که‌ تێیدا له‌ ناخه‌وه‌ ترسا و ڕاچله‌کاو بێت و به‌ زه‌قی کاری له‌ زمانی گێڕانه‌وه‌شی کردبێت.                 
 ئاگو له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی رۆمانه‌که‌ له‌ بازنه‌یه‌کی داخراوی زوڵم دا ده‌خولێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێکی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوونی به‌تالیۆنه‌که‌ی، ئه‌و ووردتر ئاکامه‌کانی شه‌ڕ ریسوا ده‌کات و هه‌وڵ ده‌دات خۆی له‌ کۆڵ ئه‌و باره‌ قورس و خوێناوییه‌ بکاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و بوونی سه‌رکرده‌ سته‌مکاره‌که‌ به‌ شتێکی نه‌گۆڕ و درێژ خایه‌ن ده‌بینێت و هه‌ست ده‌کات رزگاربوون له‌ ژێر چه‌پۆکیدا له‌ مه‌حال گه‌لێک مه‌حالتره. که‌ رۆمانه‌که‌ له‌ کۆتایی نزیک ده‌بێته‌وه‌ ئیوالای نوسه‌ر خۆی ده‌که‌وێته‌ په‌رۆشی بۆ رزگارکردنی ئاگو له‌ ژێر ده‌ستی سه‌رکرده‌ زاڵمه‌که‌، بۆیه‌ کاره‌کته‌رێکی به‌ ناوی رامبۆ ده‌هێنێت تا له‌ پڕ کۆده‌تایه‌ک به‌ سه‌ر سه‌رکرده‌که‌دا بکات و بیکوژێت. لێره‌دا ئیوالا به‌ سپاردنی چاره‌ی ئاگو له‌ ده‌ستێکه‌وه‌ بۆ ده‌ستێکی دیکه‌ پشوویێک به‌ ئاگو و خوێنه‌ر ده‌دات ، به‌ڵام رۆمانه‌که‌ ته‌واو ده‌بێت و ئه‌مجاره‌ ئیوالایه‌‌ هه‌ست ده‌کات رزگاربوونی ئاگو کارێکی گه‌لێک ئه‌سته‌مه‌، چونکه‌ رامبۆش زه‌مه‌نێکی گه‌ره‌که‌ تا خوێنی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ به‌ر چاوی لابچێت و له‌ خۆبایی نه‌بێت به‌ ده‌سه‌ڵاتی تازه‌!  dmasifi289@yahoo.ca
  
 

Previous
Next

Leave a Reply