Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

ئۆشۆ نهێنییەکانی ژیانمان بۆ باس دەکات

Be First!

 

 

 

 

هیندوستان وەکو مەڵبەندێکی شارستانی کۆنی جیهان، سەدان بیرمەند و زانا و خەڵکی بەتوانای لێ پەیدابووە. من پێشتر وامدەزانی کە لەسەدەی پێشوودا ، لەم وڵاتە مەزنەدا تەنها ” تاغور” یان هەبووە، کە زیاتر وەکو شاعیر و بیرمەند و حەکیمێکی مەزن ناسراوە. لێ پاشان ئاگاداری بیرمەند و حەکیمێکی تری ئەم وڵاتە مەزنە بووم ، کە ئەویش ئۆشۆ یە .  

ئۆشۆ یەکێکە لە بیرمەندە گەورەکانی وڵاتی هیندوستان و جیهان.  وانە و کتێبەکانی بۆ سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێڕاون. خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییشدا ، چەند کتێبێکی کراون بەکوردی. یەکێک لەو کتێبە نایابانەی کەلەسەر ئۆشۆ نوسراون، کتێبی ” نهێنییەکانی ژیان” کە وەرگێری بەتوانا ئازاد بەرزنجی  لەئینگلیزییەوە کردوویەتی بەکوردی. 

لێرە پێم خۆشە ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ بکەم ، ئەویش ئەوەیە کە هیچ کاتێک ئۆشۆ خۆی ئامادە نەبووە، کتێب یان وانەکانی خۆی بنووسێتەوە، بەڵکە پاشان ئەم وانانە لەلایەن خوێندکارەکانیەوە نووسراون. ئەو ڕێک وەکو سوقرات، باوەڕی بە نووسینەوەی ووتەکانی خۆی نەبووە.

دەتوانم بڵێم  لەم کتێبەدا، بەشێکی زۆری هزر و بۆچوونەکانی ئۆشۆمان بۆ دەردەکەوێت. لەم کتێبەدا ئۆشۆ باسی پرسگەلێکی زۆر دەکات، کە پەیوەندییەکی ڤرە نزیکیان بە ژیانی ڕۆژانەوەمان هەیە. ئەو پرسگەلانەشی ناوناوە ” نهێنییەکانی ژیان “

ئۆشٶ لە ڕێگای کردنەوەی دەرگای نیقاشی چەند باسێکەوە، باس لە حیکمەت و مانای ژیان دەکات . لەم کتێبەدا باسی کۆمەڵێک تەوەر دەکات : ( دەربارەی هونەری ژیان ، دەربارەی خۆشەویستی، دەربارەی پەیوەندی، دەربارەی گرژی و خاوبوونەوە، دەربارەی من، دەربارەی تێڕامان، دەربارەی ڕاست و هەڵە، دەربارەی ئازادی و بەرپرسیارێتی ، دەربارەی خۆرهەڵات و خۆرئاوا) 

 

ئۆشۆ و ژیان /

ئۆشۆ لەبارەی ژیانەوە دەڵێت : ( نابێت پشت بکەیتە ژیان ، بەڵکو چێژی لێ ببینە، لەبەرئەوەی ژیان خۆی لە خۆیدا دیارییەکی یەزدانییە. ل 21)

لەلایەکی ترەوە پشت بە حیکمەتی بودییەکان دەبەستێت و  دەڵێت : ( هەر شتێک مەرگ بتوانێت لێتی بستێنێتەوە ، ناگرینگە، بەڵام ئەو شتەی کە مەرگ  نەتوانێت لێتی بستێنێتەوە ، گرینگە . ل20 ) 

(ئەم ژیانە لە کاروانسەرایەک دەچێت ، شەوێک تێیدا دەمێنیتەوە و بۆ بەیانی بەجێیدەهێڵیت ل20) 

( ئامانج لە ژیان ، ژیان خۆیەتی. ژیان ناوێکی تری خودایە . ل24 ) 

( ژیان گۆمێک نییە ئاوەکەی وەستاوبێت، بەڵکە ڕووبارێکە ئاوەکەی ڕاناوەستێت.ل225.)

ئۆشۆ و خۆشەویستی / 

 

دواتر ئۆشۆ پێناسەی تایبەتی خۆی بۆ خۆشەویستی  دەکات و دەڵێت : ( خۆشەویستی بۆن و بەرامەی خۆناسینە و خۆبوونە. شادییەکی لێوانلێوە . خۆشەویستی ئەو ساتەیە کە تێیدا دەزانیت تۆ کێیت . ل 59)

دواتر شرۆڤەیەکی ئێجگار تایبەت بۆ ترس و  ڕق و خۆشەویستی دەکات : ( ڕق پێچەوانەی خۆشەویستی نییە ، وەکو خەڵکی وا دەبینن، بەڵكە ڕق بریتییە لە خۆشەویستی ، بەڵام بە ئاوەژوویی. پێچەوانەی خۆشەویستی ترسە. لە خۆشەویستیدا مرۆڤ دەکرێتەوە و ئاوەڵا دەبێت، لێ لە ترسدا ، گڕمۆڵە و داخراو دەبێت. لەترسدا مرۆڤ گوومان دەکات، بەڵام لە خۆشەویستیدا متمانە دەکات ل60)

 

ئۆشۆ و پیاوانی ئایینی /

 

ئۆشۆ بە پێچەوانەی حەکیمەکانی تری هیندوستانەوە، شەڕێکی عەلەنی دژی پیاوانی ئایینی دەکات و هەمیشە لە دژی ئەوان قسەی کردووە. (پیاوانی ئایینی بەدرێژایی ژیانت، وەکو مۆتەکە بە دواتەوەن و دەیانەوێت بێنە ناو رۆحتەوە. مۆتەیەک کە ناهێڵێت بحەسێیتەوە، ناهێڵێت خاوبیتەوە، بەردەوام هەرچییەک بکەیت، لۆمەت دەکات و مەحکومت دەکات. ل 229 )

( لە ڕاستیدا ئەو قەشەو پیاوە ئاینییانە گەورەترین دوژمنی خودا بوون . ل230 ) 

 

ئۆشٶ ئازادی /

پاشان ئۆشۆ وەکو بیرمەندێک وحەکیمێکی بەتوانا، دیدی تایبەت خۆی هەیە، بەرامبەر بە ئازادی دەردەبڕێت .  (ئازادی و بەرپرسیارێتی دوو ڕووی هەمان دراون  ئەگەر ئازادیت دەوێت ، دەبێ خۆت بە بەرپرسیار بزانیت لەهەر شتێک کە  دەیکەیت، بەڵام ئەگەر بەرپرسیاریت نەوێت، واتە ئازادیشت لەدەست دەدەیت . ل262) 

پاشان دێت ووشەو مانای بەرپرسیارێتی ڕوون دەکاتەوە دەڵێت : ( بەرپرسیارێتی، واتە هەرچییەک دەیکەیت ، خۆت لێی بەرپرسیاریت . ل 268) 

لەبەرامبەر ئازادیدا، ووشەی کۆیلایەتی هەیە. کە دوو ووشەو چەمکی دژ بەیەکن . کە بە بروای ئۆشۆ، کۆیلایەتی لە ترسەو دروست دەبێت، بەڵام ئازادی لە باوەڕ بە خۆبوونەوە. : (  هەموو لە ئازادی دەترسن ، هەربۆیە دەبینین کۆیلایەتی لەناخی کەسەکاندا خۆی حەشار داوە. کۆیلایەتی بۆ دایک و باوک، بۆ ئایین، بۆ دەوڵەت ، بۆ دراوسێ. ل265) 


ئۆشٶ و هیندوستان 

یەکێک لەو خاڵە جوانانەی لە بیری ئۆشۆ ئەوەیە، کە هیچ دەمارگیرییەکی نەتەوەیی یان ئایینی و مەزهەبی بەسەریدا زاڵ نییە. لەم کتێبەدا  ڕەخنەی توند لە هیندییەکان دەگرێت ،  هیچ نەتەوەیەک هێندەی نەتەوه‌کەی خۆی، بەر هێرشی رەخنەی ئەو ناکەوێت . کەئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، کە ئەم بیرمەندە، بە تێڕوانینێکی تەسکی نەتەوەیی و ئایینیەوە، بۆ ژیان ناڕواناێت. 

( پێنچ هەزار ساڵ لەمەوبەر ، مانوو ڕاست و هەڵەی بۆ هیندۆسەکان دیاری کردووە. بە درێژایی ئەو پێنچ هەزار ساڵە و تا ئەمڕۆش ، هیندۆسەکان بە دەستوور و ڕێنماییەکانیەوە پابەندن. دوای ئەم پێنچ هەزار ساڵەش ، لە هیندوستان ملیۆنەها مرۆڤ هەن، کە وەکو مرۆڤ ڕەفتاریان لەگەڵدا ناکرێ، بگرە وەکو مێگەل سەیر دەکرێن ، کەچی هێشتا خەڵکانێکی زۆر هەن مانگا دەپەرستن….. 

بەڵام هەر ئەو خەڵکانە خۆیان لە ئاستی کۆشتنی هەزاران مرۆڤ و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و کوشتنی منداڵاندا بێدەنگن. شارانێک وێران دەکرێن و ئەم مانگا پەرستانە نقەیان لێ نایەت . ل229)

ئۆشۆ بە پێچەوانەی خەڵکانی ترەوە، کە خەڵكی هیندوستان وەکو خەڵکانێکی ناتوندوتیژ و ئاشتیخواز ناسراون،  ئەو بە جۆرێکی تر سەیری نەتەوەکەی خۆی دەکات. ( سەدان ساڵە لەم وڵاتەدا وانەی ناتوندوتیژی دەوترێتەوە، بەڵام خەڵكەکەی بەهیچ جۆرێک ناتوندوتیژ نین. لە ڕاستیدا زەحمەتە وڵاتێک هەبێت ، هێندەی ئەم وڵاتە خەڵكی توندوتیژی تێدا بێت. ڕۆژانە توندوتیژی بەرچاو دەکەوێت. سادەترین بیانوو بەسە بۆ ئەوەی  پاس بسووتێنرێ و خەڵک بکوژرێ و پۆلیس بکەوێتە تەقەکردن. ل 252٠ )

لە دوایین بەشی کتێبەکەدا، ئۆشۆ قسە لەبارەی تەوەرێکی گرینگ دەکات، ئەویش پرسی خۆرئاوا و خۆرهەڵاتە.  بە بڕوای ئۆشۆ خۆرهەڵات و خۆرئاوا ، دوو جیهانی تەواو جیاوازن لەیەکتری . 

ئۆشٶ دەڵێت : (خۆرئاوا بریتییە لە تەرکیزی عەقڵ . خۆرهەڵات بریتییە لە تێڕامانی ئەقڵ. خۆرئاوا بیر دەکاتەوە. خۆرهەڵات بیرناکاتەوە. خۆرئاوا ئەقڵە ، خۆرهەڵات نائەقڵە…)

پاشتر زیاتر شیدەکاتەوەو دەڵیت : ( ئەم دابەشبوونی خۆرئاوا و خۆرهەڵات هەر بەتەنها زەویش ناگرێتەوە، بەڵکو ئەقڵ و مێشکیش دەگرێتەوە. مێشک دەبێت بە دوو کەرتەوە. خۆرهەڵات و خۆرئاوا. بەشی چەپی مێشک بریتییە لە خۆرئاوا، بەلای ڕاستەوە بەستراوەتەوە، بەشی ڕاستیش بریتییە لە خۆرهەڵات ، بەلای چەپەوە بەستراوەتەوە. بەشی چەپی مێشک” خۆرئاوا” حساب دەکات، بیردەکاتەوە، لۆجیکییە. زانستەکان لەڕێی ئەمەوە بەرهەم دێن. بەشی ڕاستی مێشکیش  ” خۆرهەڵات” شاعیرە، عاریفە، بە هەست شت دەزانێت، پڕ هەستە، تەمومژاویی و ناڕوونە. هەموو شتێک تێیدا کایۆسە” فەوزا و ئاشووبە”. بەڵام ئەو کایۆسە جوانی خۆی هەیە، شیعری گەورە و گۆرانی تێدایە. ئەقڵی حسابگەرا ، دیاردەیەکی بیابان ئاساییە. بەڵام ئەقڵی نا حسابگەرا ، باخچەیە. باڵندەکان لێرەدا دەخوێنن و گووڵەکان لەوێدا شکۆفە دەکەن. . ل333)

 

ئەمریکا گەورەترین  مەترسییە بۆ سەر جیهان 

ئۆشۆ پێش خەڵکانی تر دەکەوێت ، شرۆڤەی تایبەتی خۆی بۆ ئەو زلهێزه‌ جیهانیه‌  دەکات، کە ئەمڕۆ بەتەواوەتی هەژمونی خۆی بەسەر جیهاندا سەپاندووە. ئۆشۆ بە پێچەوانەی حەکیمانی تری هیندوستان، بۆچوونێکی  تایبەتی بەرامبەر بە ئەمریکا هەیە. 

( ئەمریکا گەورەترین مەترسیەە بۆ سەر جیهان. چی چەکی ئەتۆمەی هەیە ، وا لە دەستی منداڵاندا. رووسیا ئاقڵانەتر ڕەفتا دەکات ، چونکە مێژوو و ئەزموونێکی درێژیان هەیە. لەئەمریکا مێژوو نییە. . ل 151) 

 

بەر کۆتایی/

بەدڵنییایەوە مەرج نییە زۆربەی ئەو بۆچوونانەی ئۆشۆ لەبارەی ژیانەوە گووتویەتی ، راست و دروست بن. بگره‌ ئەو خۆشی هەمیشە داوای تێڕامان و بیرکردنەوەی نوێ دەکات. بەڵام ئەوەی لەم کتێبەدا گرینگە، ئه‌وه‌یه‌ ئۆشۆ ،کۆمەڵێک کلیلی بیرکردنەوەت دەداتێ، تاوەکو خۆت بە دوای نهێنییەکان ژیاندا بگەڕێیت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک ئازاد بەرزنجی بکەین، بەڕاستی  کارێکی باشی کردووە، کە  دەرگایەکی نوێی لەبەردەم خوێنەرانی کورد کردۆتەوە، بۆ ئەوەی به‌  بیروبۆچوونی نوێ ئاشنا بن .

 

 

سەرچاوە: ئۆشۆ. نهێنییەکانی ژیان. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئازاد بەرزنجی. چاپو بڵاوکردنەوەی ئەندێشە. سلێمانی. 2013. 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply