Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

ئیتر بۆ پاشەوە

Be First!
by November 22, 2008 گشتی

 ئیتر بۆ پاشەوە
 سمكۆ عەبدولكەریم

 ئەمەش مەترسییەكى دیكەیە لە وڵاتێكدا كە تازە هەنگاو بەرەو كۆمەلگەى مەدەنى و دیموكراسى و فەراهەمكردنى ئازادى بیروڕا دەنێن ، حیزب هەبىَ بەو ئاراستەیە بیربكاتەوە و كار بكات ، لە یەك كاتدا هەم خۆی بە علمانى و ، هەم بە موحافیزكار پیشان بدات .
 ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەى هەم پێگەى جەماوەرى خۆى بپارێزىَ ، هەم دەسەڵات و بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆى قایمتر بكات ، ئەگەر نا ، ناكرىَ حزبێك خۆى بە خاوەنى ئێستا و ئایندە بزانىَ نەتوانىَ بە چاو و ئەقلى خۆى ببێنىَ و بیر بكاتەوە ، كەسمان لەگەڵ ئەوەدا نیین واقعى كۆمەڵگاكەى خۆمان لەبەر چاو نەگرین ، بەڵام زۆریشمان لەگەڵ ئەوەدا نیین ئایندەو پێشكەوتنەكان بكرێنە قوربانى  بۆچوونە باوەكان .
 ئەو بۆچوونانەى هەر یەكەو لە روانگەى خۆیەوە پێى وایە تەنیا بۆچوونەكەى ئەو راستەو هەڵقوڵاوى ئاینى ئیسلامەو ئەویتر بەتاڵە ، لە كاتێكدا ئێستا بە سەدان گروپ و رێكخراوى ئیسلامى دروست بوونە و ، هەر یەكەشیان لە ئاوازێك دەخوێنن و، بە هەوەسى خۆیان لێكدانەوە بۆ ئایەتى قورئانى دەكەن ، وەك چۆن ئێستا حكومەتى هەرێمى كوردستان و حكومەتى عیراقیش لە چوارچێوەى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆیان لێكدانەوە بۆ بڕگە دەستورییەكان دەكەن .
 پارتیش لەو روانگەیەوە رۆژێكیان اعلانى علمانییەتى خۆى دەكات و رۆژێكیشیان لە رێگەى مینبەرى مزگەوت و شاشەى تەلەفزیونەوە مەلاكان دێنێتە دەنگ و بە گژ یاساى بارى كەسێتى-یانەوە دەنىَ بۆ ئەوەى وەك هێزێكى علمانى لە روانگە و سەنگەرى ئیسلامییەوە كار لەسەر ئەقل و سۆزى كۆمەلگا بكات و، پێى وایە لەم رێگەیەوە دەتوانىَ پێگەى جەماوەرى خۆى فراوانترو بە هێزتر بكات .
 هەرچەندە لە یەك كاتدا و لە نێو ململانێكاندا كاركردن بۆ گۆڕِان یان كاركردن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات كارێكى قورسە ، بۆیە یان دەبىَ گۆرانى كۆمەلگا بكەیتە ئامانج یان گەیشتن بە دەسەڵات .
 ئەو دەسەڵاتەى هێندە شیرینە  بۆ گەیشتن پێى هێزە ئیسلامییەكانیش ئامادەن دەستبەردارى بەشێكى زۆر لە  پەیڕەوە پیرۆزەكانیان بن ، تەنیا بۆ ئەوەى دەسەڵات بگرنە دەست پەیتا پەیتا لەو پەیڕەوانەیان لادەدەن كە لە توانیاندا نییە كۆمەڵگاى لە گەڵ بسازێنن ، بۆیە بە ناچارى ئەگەر دەرچونیش بىَ لە بنەماكانى ئیسلام ئەوان ئامادەن خۆیان لەگەڵ بگونجێنن ، ئەگەر تا دوێنێش بە هێنانەوەى چەندین ئایەت داكۆكیان لە راستى و دروستى بۆچوونەكانیان كردبىَ  ، ئەوە دواى هەڵگەڕانەوەشیان لەو بۆچوونانە بە هێنانەوەى چەندین ئایەتى دیكە داكۆكى دەكەن .
 
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply