Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

ئیخوان وه‌ك به‌ڵته‌جه‌

Be First!
by December 7, 2012 گشتی

 

ئیخوان نزیك به‌ سه‌ده‌یه‌ك وه‌ك نه‌یارێكی ده‌سه‌ڵات له‌ میسردا درێژه‌ی به‌ ژیانی سیاسی خۆی داوه‌. چه‌ندان جار كاری كردووه‌ تا ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا كه‌وتۆته‌ جه‌نگ‌و به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌ی سه‌خت‌و هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆكه‌كانی داوه‌، قوربانی زۆری داوه‌‌و ژماره‌یه‌كی زۆری لێخراوه‌ته‌ زیندانه‌كانه‌وه‌، كاری نهێنی‌و ئاشكرای كردووه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌توانین بڵێین كه‌ مێژووی نوێی میسر به‌شێكی به‌نوسینه‌وه‌ی مێژووی ئیخوان‌و ئیسلامی سیاسی ده‌ست پێده‌كات.

دوای 83 ساڵی له‌كاری به‌رده‌وامی ئیخوانه‌كان سه‌ره‌نجام به‌هاری عه‌ره‌بی زه‌مینه‌ی زیندووبوونه‌وه‌‌و سه‌ركه‌وتنیان بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات فه‌راهه‌مكرد، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا براوه‌ ده‌رچوون‌و پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و وڵاته‌یان برد. گه‌رچی ئیخوان له‌میسری سه‌رده‌می پێش شۆڕشدا به‌ڵایه‌ك بووه‌ بۆ نووسه‌ران‌و ژماره‌یه‌كی زۆریان كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر ره‌حمه‌تی ژه‌قۆی ئه‌وان، هه‌ڕه‌شه‌ بوون بۆ سه‌ر ژنان‌و زۆر جاریش مایه‌ی كاره‌سات بوون بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وان وه‌ك به‌شێك له‌ نه‌یارانی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری به‌ژمارهاتوون‌و ئه‌مه‌یش ئه‌و به‌هایه‌ی بۆ دروست كردوون كه‌ له‌ سه‌رده‌می شۆڕشدا وه‌ك به‌شێك له‌ شۆڕش سه‌یر بكرێن، به‌ ده‌ربڕینێكی تر ئه‌گه‌ر گونجاوبێت ده‌توانین بڵێین له‌ زه‌ینی گشتیدا ئه‌وان وه‌ك شۆڕشگێڕ سه‌یركراون، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا زۆرترین ده‌نگ‌و پشتیوانی بۆ خۆیان به‌ده‌ستبهێنن.

به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی میسر دۆخێكی نه‌خوازراوی بۆ ئیخوانه‌كان‌و ئیسلامی سیاسی میسر هێنایه‌ پێشه‌وه‌. كاتێك سه‌رۆكی نوێی میسر ویستی ده‌ستور به‌ ویستی خۆی دابڕێژێته‌وه‌‌و یه‌كه‌مین ئاماژه‌كانی قۆرخكردنی ئه‌نجامه‌كانی شۆڕشی ده‌رخست، میسر جارێكی تر بووه‌وه‌ به‌ ئاگری ناڕه‌زایه‌تی‌و مه‌یدانی ئازادی بووه‌وه‌ به‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌‌و خرۆشان‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگی نا به‌ رووی كه‌سانێكدا كه‌ خه‌ریكه‌ ژیانی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی میسر تاریكتر ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌تا ئاراسته‌ی ناڕه‌زایه‌تی به‌ره‌و رووی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت‌و سه‌رۆكایه‌تی میسر كرایه‌وه‌، حكومه‌تی ئێستا هه‌وڵیدا خۆی به‌ره‌نگاری ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ بێته‌وه‌‌و كاره‌كه‌ی وه‌ك جۆرێك له‌ هه‌وڵی ئاشوب ناساند، كاتێك ناڕه‌زایه‌تییه‌كان فراوانتر بوون وه‌ك هه‌وڵێك بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێشووی میسر‌و وه‌ك كاری لایه‌نگرانی موباره‌ك تۆمه‌تبار كرا، كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هێزه‌كان خرانه‌ ئاماده‌ باشییه‌وه‌ به‌و ئومێده‌ی پۆلیس‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئومێدێك بن بۆ راوه‌ستاندنی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌، ئه‌م هه‌وڵه‌یه‌ش بێئومێدانه‌ بوو، چونكه‌ زۆر زوو ئه‌و هێزانه‌ نا ئاماده‌یی خۆیان بۆ به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌رخست‌و ده‌سه‌ڵاتی ئێستای میسریان تێگه‌یاند كه‌ ناتوانێت پشتیان پێبه‌ستێت.

میحنه‌تی ئیخوان لێره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كاتێك كه‌ ناچاربوو خۆی وه‌ك پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵات ده‌ربكه‌وێت‌و هه‌موو توانا به‌شه‌ری‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی خۆی بخاته‌ كار تا بتوانن ئاپۆره‌ی ناڕه‌زایه‌تی كه‌م‌و كزتر بكاته‌وه‌، ئه‌وان كه‌وتنه‌ ئه‌و به‌ری ناڕه‌زایه‌تییه‌كان‌و به‌كرده‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر جه‌ماوه‌رێكی فراوانی خه‌ڵكدا هێزی خۆیان هێنایه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و كار به‌ راده‌یه‌كیش گه‌یشت كه‌ فتوانی حه‌ڵاڵكردنی خوێنی خۆپشانده‌ران درا‌و به‌رگری له‌ده‌سه‌ڵاتی مورسی وه‌ك جیهاد ناوبرا.

ده‌ركه‌وت كه‌ ئیخوان هێزێكی سیاسی دووربین نییه‌‌و له‌كاتوساتێكی له‌بارنه‌بوودا ویستی كوده‌تا بكات. له‌كاتێكدا ئیخوان یه‌كێك بووه‌ له‌به‌ژدارانی روخاندنی ده‌سه‌ڵاتی موباره‌ك، به‌ڵام ده‌یه‌وێت وه‌ك تاكه‌ هێز به‌رهه‌مه‌كان بچێنێته‌وه‌‌و سه‌ركه‌وتنی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا قۆسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو ‌و ئه‌م جاره‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ به‌رنامه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆی نه‌ك به‌رنامه‌یه‌ك كه‌ مورسی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا رایگه‌یاندبوو، جێبه‌جێ بكات.

كۆمه‌ڵگای میسری ده‌توانێت بوار بداته‌ ئیسلامییه‌كان تا به‌ڕێوه‌بردنی وڵات ئه‌زموون بكه‌ن‌و به‌ڕاستیش بواری پێدان، سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی پێدان، گوێی بۆ به‌ڵێنه‌كانیان گرت‌و چاوه‌ڕرێشی كردن، به‌ڵام كاتێك ده‌بینێت به‌ڵێن ده‌بێته‌ بڵقی سه‌ر ئاو، كاتێك كه‌ ده‌بینێت به‌كرده‌وه‌ هیچ چاكسازییه‌ك ناكرێت‌و سه‌رباری ئه‌وه‌یش له‌سه‌ره‌وه‌ كار له‌سه‌ر به‌رته‌سكردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان‌و به‌ ئیسلامیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا ده‌كرێت له‌ دۆخێكی وادا كۆمه‌ڵگای میسری ئیخوان‌و ئه‌و ئیسلامیانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڵێن‌و په‌یمانه‌كانی خۆیاندا ئه‌مین نه‌بوون ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سنورێك بۆ كاره‌كانیان دابنێن، ئیخوان به‌ راستی ئه‌و ئاگادارییه‌ی پێگه‌یشت، به‌ڵام گوێی پێنه‌دا تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی جارێكی تر كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كراوه‌یه‌ ئامانج‌و سه‌رۆكی تازه‌ هه‌ڵبژێرراو له‌ ترسی جه‌ماوه‌ر ناچار ده‌بێت له‌ كۆشك هه‌ڵبژێت، ئیخوان كه‌ ده‌یتوانی وه‌ك هێزێكی سیاسی میسری رۆڵی سیاسیانه‌ی خۆی بگێڕایه‌‌و به‌و ئاسانییه‌ خۆی نه‌كردایه‌ته‌ دووژمنێكی سه‌رسه‌ختی خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام ئه‌مه‌ی نه‌كرد‌و له‌ راستیدا كه‌وته‌ سه‌نگه‌ری پاراستنی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ك‌و هه‌ستا به‌ گێڕانی ئه‌و رۆڵه‌ی پێشتریش له‌ شۆڕشی میسردا به‌ڵته‌جییه‌كان بۆ موباره‌ك گێڕایان، ئێستا ئیخوان هێزێكی نه‌یاری 83 ساڵه‌ی دژ به‌ ده‌سه‌ڵات نییه‌، به‌ڵكو هێزێكی به‌ڵته‌جی چه‌قۆكێشه‌‌و كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشی میسر بدزێت. ئیخوان هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ باجه‌كانی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ده‌دات‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌م روداوانه‌ش رزگاری بێت هێشتا ناتوانێت قه‌ره‌بووی ئه‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ ئیتر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان‌و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی خۆی مایه‌ی كاره‌ساته‌‌و خۆی بووه‌ته‌ ئامانجی جه‌ماوه‌رێكی فراوانی ناڕازی، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئیخوان ته‌نیا له‌ میسردا ئه‌م باجه‌ نادات، به‌ڵكو له‌سه‌رجه‌م رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌بێت بیدات، ئه‌مه‌یه‌ ئه‌نجامی به‌ به‌ڵته‌جه‌بوونی هه‌ر هێز‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ك.

 

سه‌لام مارف

Previous
Next

Leave a Reply