ئیدی دونیـــــا وایه.. گارسۆن!
(ئه‌ی یاری نامیهره‌بان)*،
ئیدی دونیا وایه!
نازانم چه‌نێكه!
هێنده هه‌یه كه ده‌زانم چه‌ند شه‌و و ڕۆژێكه،
چاوم له‌م بنمیچی ته‌نهاییه بڕیوه!
له‌سه‌ر پشت پاڵكه‌وتوم
سیگار ده‌كێشم و
به فیكه خۆم ده‌لاوێنم!
هه‌ر له خۆوه ده‌كه‌ومه فكری تۆ!
ده‌توانم به‌وه‌نده‌ش قایل بم،
كه به ته‌نها.. بیرت لێ بکه‌مه‌وه!
حه‌زم ده‌كرد لێره‌بای..
سه‌ری په‌نجه‌كانت،
بنی پێیه‌كانت،
به‌سه‌ر ئه‌م چۆڵه‌وانییه‌ی
خۆم و
ماڵه‌كه‌مدا.. بخشانایه و
سه‌دای ئه‌م بێده‌نگییه بیماره‌شمت،
وه‌ك په‌رستارێكی به ئه‌زموون
بلاواندایه!
ئیدی ناچمه ده‌رێ!
ئاخر.. من هه‌ر وه‌ختێك بڕۆم،
دوور ده‌ڕۆم!
دوور دوور.. گه‌ر جاده لێگه‌ڕێ!
گارسۆن.. له یادت بێ،
من خه‌ڵكی ئێره‌نیم!
له نێوان پێكه‌كه‌ی ده‌ست و
له‌بی ده‌ریاشدا،
به‌بێ مه‌زه..
ئه‌م ته‌نهاییه خانه‌خوێیه هه‌ڵده‌بژێرم!
بیرت نه‌چێ گارسۆن،
كه هاتیته‌وه..
ده‌بێ سوێندم بۆ بخۆی،
كه ئه‌م توڕه‌هاته
ناولێنانێت ژیان!
سوێندم بۆ بخۆی،
له‌گه‌ڵ ده‌ستا و
هه‌ر له‌سه‌ر حسابی خۆت،
لیوانێك به‌خته‌وه‌ری و
قاشێك ئومێد و
چه‌ند ده‌نكێك دڵخۆشیم.. بۆ دێنیت!
به تاتۆی سه‌ر باڵی ئه‌و كچه سوێندم بۆ بخۆ،
تا دێیته‌وه،
ئه‌م ته‌نهاییه هه‌ڕاجم ناكا!
ئاخر زۆرجاران..
كه ته‌نهایی تێیداوم
وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌خسیرێك
وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی بێ كه‌ڵك.. دابه‌شكا،
به‌سه‌ر دونیادا دابه‌شی كردوم!
بیرمه ساڵێكیان،
وه‌ك خۆره
وه‌ك به‌دترین ڤایرۆس
وه‌ك تاڵانچییه‌ك.. كه ته‌نهایی تێیدام
ده‌سته‌كانم،
هه‌ر ئه‌م ده‌ستانه‌ی ئێستا،
كه سیگارم پێگرتوون
له “ته‌لئه‌بیب”.. پۆلیسێك بۆ دڵدانه‌وه،
به نێو پرچی كچێكا ده‌یگێڕان!
دڵم،
هه‌ر ئه‌م دڵه‌ی ئێستام كه ته‌پ و كوت،
له غه‌مگینییا لێئه‌دا،
له “مه‌قادیشۆ”.. له جه‌سته‌ی پڕ گوله‌ی شه‌هیدێكا بوو،
كه پڕبوو.. له نه‌عله‌ت و له په‌شیمانی!
قاچه‌كانم،
هه‌ر ئه‌م قاچانه‌ی ئێستا كه بێخواستی خۆم،
تا لای تۆ په‌لكێشی كردم
له “ته‌نجه”.. مناڵێكی خۆش خه‌یاڵ
له ڕێی مه‌كته‌ب دۆزیبویه‌وه و
بۆ گه‌وره‌بوونی،
هه‌ڵهاتنی تیا پاشه‌كه‌وت ده‌كرد!
له بیرمه..
ده‌مم.. له “كه‌ربه‌لا”،
پڕبوو له بانگ و سه‌ڵای “حه‌سه‌ن و حسین”!
چاوه‌كانم.. له “ڕۆما”،
شاهیدییان له‌سه‌ر مێژووی جه‌نگ ئه‌دا!
په‌نجه‌كانم.. له “قاهیره”،
به‌ردیيان بۆ “ئه‌هرامه‌كان” ئه‌كێشا!
بیرمه..
له “شام”.. خه‌نجه‌ریان له پشتم چه‌قاند!
له “وارشۆ” زمانم له گۆ كه‌وت!
له “سه‌مه‌رقه‌ند” قه‌فه‌زه‌ی سنگمیان شكاند!
له بیرمه..
لێوم له “شیراز” موعتاد بوو!
گوێچكه‌م له “پاریس” كه‌ڕ و
سه‌ریشم له “ئه‌سته‌مبوڵ” كاس!
گارسۆن!
ئه‌و ده‌مانه وابوو!
ئه‌و ساڵانه وابوو!
ئه‌و زه‌مانه وابوو.. كه ته‌نهایی تێیئه‌دایت!
گارسۆن!
ئه‌و ڕۆژانه‌م له دڵ ده‌رناچن..
كه ئه‌و هاتوو،
پارچه به پارچه.. كۆيكردمه‌وه!
له‌ت به له‌ت.. دۆزیمیه‌وه و
مسقاڵ به مسقاڵ.. كڕیمیه‌وه!
تا خستمیه‌وه سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی،
ئه‌م دونیا خه‌ره‌كه شكاوه!
نێوان خۆمان بێ.. گارسۆن،
غه‌ریبی ئه‌كه‌م!
غه‌ریبی.. یاری نامیهره‌بانم!
حه‌زم ده‌كرد لێره‌بـــــــــا!
تا سه‌ری په‌نجه‌كانی،
به‌ناو ئه‌م چۆله‌وانییه‌م و
بنی پێیه‌كانیشی،
به‌ناو ئه‌م ته‌نهاییه‌ما.. بخشاندبا!
ئێستا.. ئیدی ئه‌و كه نییه
ده‌توانم به‌وه‌نده قایل بم،
كه ته‌نها.. بیرت لێ بکه‌مه‌وه!
ئیدی دونیـــــا وایه.. گارسۆن!
هێمن حه‌مه جه‌زا
* له گۆرانییه‌كی (ماملێ)وه وه‌رگيراوه.
مانگی (8 تا 10 / 2012)