Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

ئیزدیواجیەتى كەسایەتى لەدیدى ( عەلى وەردی )ەوە .

Be First!
by March 29, 2008 گشتی

   ئارى رەفیق……
 بەشى یەكەم……
 
 دكتۆر (عەلى وەردى) ئەو پیاوە بلیمەتەى كە لەتەواوى نوسین و پەرتوكەكانیدا قوڵبونەوەیەكى سەرنجڕاكێشى پێوە دیارە لە شیكردنەوەو ڕاڤەكردنى ئەو دیاردەو ئاریشە جڤاكیانەى كەرەوشى ژیانى كۆمەڵگا لە دیوەكانى كۆمەڵایەتى و سیاسی و بەگشتیش ئایندە دەخەنە مەترسیەوە .
 بەڵام ئەوەى كە (وەردى)لە ناواخنى نوسینەكانیدا سەرسامى كردوین ئەو تیۆرەیەتى لەبارەى دووفاقەیى كەسایەتى كە لەژێر رۆشنایى واقیعى كۆمەڵگاى عێراقیدا ڕاڤەى كردووە .
 ئەو هاتووە زۆرینەى هۆكارو مۆتیڤەكانى خەستبوونەوەى ئاریشە جڤاكیەكان و هەتا ئاڵۆزیە سیاسیەكانیش بۆ فەردانیەت و سیاسەت و كردەوە و هەڵە مێژوویەكانى كەسانى ئیزدیواجى و دووجەمسەر دەگەڕێنێتەوە .
 (وەردى) لە چەند دێڕێكدا بە سادەیى كرۆكى كەسایەتى ناجێگیرو دووڕوومان پێدەناسێنىَ و دەڵىَ 🙁 ئەو لەواقیعدا دووڕووى هەیە ، بە یەكێكیان خۆى دەسازێنىَ لەگەڵ ئامۆژگاریكارانیدا ، بەدیوەكەى دیكەش خۆى دەگونجێنىَ لەگەڵ خەڵكانى تردا ، خۆ ئەگەر ئەو راستیەشى پێگوترا ئەوا ملەچڕەى لێدەكا ).
 ئەم ناساندنە كورتە راستەوخۆ ئەخلاق و رەفتارو روخسارى ئەو كەسانەمان بیردەخاتەوە كە بەجۆرێك لە جۆرەكان چ لە دوێنىَ و چ لە ئێستادا مامەڵەمان لەگەڵ كردون بەشَكیان بەوپەڕى متمانەوە خزاونەتە ناو كایەكانى ژیانى كۆمەڵایەتیمانەوە، بەڵام دواجار بەپێى ئەزمون و قۆناغبەندى تەمەنمان و ساتەكانى روبەڕوبونەوەى هەڵوێستەكان بۆمان دەركەوتووە كە هەڵەیەكى گەورەمان كردووە لە هەڵبژاردنى هاوڕێیەتیمان لەگەڵ كەسێكدا كە گورگ ئاسا لە پێستى مەڕدا خۆى نیشاندەدا !هەر لەوێشەوە بۆمان دەردەكەوىَ كە ئیختیارەكەمان تەواو هەڵە بووە.
 كەواتە پرسیار ئەوەیە : بۆچى هەموومان تارادەیەكى زۆر لەیەك دەچین یاخود نزیكین لە مۆڕاڵى یەكتریەوە ؟!
 لەگۆشەنیگاى (عەلى وەردى)ەوە مرۆڤ لەڕووى ڕەفتارەوە كۆمەڵگا دروستى دەكات و كەسایەتى هەر تاكەكەسێك لە واقیعدا دروستكراوێكە لە دروستكراوەكانى ئەو كۆمەڵگایەى كە تێیدا گەشەدەكات ، هەر لەبەر ئەوەشە كە سروشتى تاكەكانى كۆمەڵگایەكى دیاریكراو لەزۆر سیمات و توخمەكانى كەسایەتى لەیەكترەوە نزیكن هەنێك جاریش هاوشێوەن لەگەڵ یەكتریدا .
 بیرمان نەچىَ ئەو دیوەى كە كەسانى دووجەمسەر(ئیزدیواجى) پێدەناسرێتەوە ئەوەیە كە ئەوان هەمیشە بەپێى بەرژەوەندى فەردانیەتى خۆیان مجامەلەى نامەبدەئى نمایش دەكەن و پەیوەندى كۆمەڵایەتى (ساختە)گرىَ دەدەن ، ئەوان لەگەڵ فێڵ و كوشتنى بەهاكانى (وەفاو راستگۆیى و پرەنسیپەكانى هاوڕێیەتیدا) گەورە بوون و زۆریش ئەستەمە ئەوانە لەبنەچەو ئەساڵەتى خۆیان یاخى بكرێن .
 بۆ نموونە : پەروەردەى دەزگا كۆمەڵایەتیەكانى كۆمەڵگاى ئێمە تاسەر ئێسقان پەروەردەیەكى توندوتیژو پاشكەوتوو ناكامڵە ، هەر لەدەزگاى خێزانەوە تا دەگاتە قوتابخانەو زانكۆ فاشیلەكانمان ، ئاخر زانكۆیەك بەدرێژایى چوارساڵ نەتوانىَ كێشەى نێوان دوو قوتابى چارەسەر بكا یاخود زانكۆیەك مامۆستایەكانى ئەوەندە بچووك ببنەوە لە محازەرەكانیاندا تەنها خەریكى سوكایەتى بن بە كەسایەتى یەكترى یاخود مامۆستایەك بەدرێژایى چوارساڵ راپرسییەك دروست نەكات بۆ تێگەیشتن لە ئاستى مەعریفى و ئەخلاقى خۆى چۆن دەتوانىَ كەسێك تەندروست ئاراستەى دەزگاكانى تر بكات ؟! پێمان خۆشبىَ یان ناخۆش هەر ئەو دەزگاو دامەزراوانەشن ئاراستەى ناو كایە كۆمەڵایەتى و ئیدارى و سیاسیەكانمان دەكەن .
 
 ماویەتى ……..
 ئارى رەفیق
    توێژەرى كۆمەڵایەتى
 
Ari_rafik@yahoo.com
 
 
      
 

Previous
Next

Leave a Reply