Skip to Content

Thursday, October 22nd, 2020

ئێران ، تورکیا ، سوریا لە سێ ستووندا

Be First!

 

 

                                              

       
    فرمێسکەکانی کاندیدێک لە ئێران                             

لەبینەو بەردەکانی هەرای هەڵبژاردن لە ئێران لە ساڵی ٢٠٠٥دا ، پاش ئەوەی کچێکی گەنجی ئێرانی لە بەرامبەرکێیەکی ئاشکرادا بە ڕەفەسنجانی دەڵێ من دەنگت پێ نادەم ! ڕەفسەنجانی دەست دەکا بە گریان و بەڵێن دەدا ، کە ئەگەر گەنجانی ئێران دەنگی پێ بدەن ، ئەوا لە ژێر سایەی حوکمی ئەودا ، ئاواتەکانیان دێتە دی . لە هەڵمەت و کەمپینەکانی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥ دا ڕەفسەنجانی پۆلێ کچی گەنج ، بە مەکیاژی تازە لەبابەتی ڕەنگ کردنی ئەو بەشە لە تاڵەکانی پرچیان ، کە لەچەکانیان هاتۆتە دەرەوە، دەبرد بۆ هەموو شوێنەکان و بەڵینی دەدا ، بە کردنەوەی بواری زیاتر بە دیموکراتی کردنەوەی ، سیستەمی حوکم ، کردنەوەی بواری زیاتر بۆ گەنجانی ئێران ، لە کوردستانیش هەندێ بەڵێنی سیاسی و ریفۆرمی دابوو . لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵێش ڕەفسەنجانی بە بەراورد لە گەڵ ئەوانیتر ڕەنگە توانای جۆش دانی خەڵکی زیاتری هەبوو  ، بەڵام ئەم جۆش دانە بە بەراورد لەگەڵ تواناکانی خۆی لەچاو ٨ ساڵ لەمەوبەر زۆر سنووردار دەرچوو ! چونکە پاش دوورخستنەوەی  لە خۆکاندید کردن پەشێویەکی وا دروست نەبوو وەکو پەرچەکردار لەبەرامبەر موحافەزەکاران و دوورخستنەوەی ئەو بەبێ دەنگی جێگیربوو . ئەم دوورخستنەوەیە لە باری شەخسیدا ؛  بۆ  ڕەفسەنجانی لە ئێستادا ڕوونتر لەچاو هەربڕگەیەکی مێژووی ڕابردوو ڕاستەوخۆ تام وبۆی ئەو سیستەمەی دەرخوارد دەدا کە خۆی یەکێک بوو لەو کەسە سەرەکیانەی کە بناغەکانی دانا .
هەندێک لەو بڕوایەن ، یان ڕەخنەیان لە هەڵبژاردنەکانی ئێران لەوە چڕ دەکەنەوە کە موڕشیدو توندڕەوەکانی ژێرباڵی ئەو مۆنۆپۆلی دەکەن و ناهێڵن کاندیدەکانی ڕیفۆرمخوازەکان لە ماف و لە هەڵبژاردنێکی بێ ساختە کردن بەهرەمەند بن . ئەم ڕاستیە یەخەی ڕووی دەرەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەگرێ و ئەم ئەرگیۆمێنتە لەسەر نەزاهەتی هەڵبژاردن و ماف و هتد ، دەکرێ وەکو میتۆد نەک لە ئێران بەڵکو لە زۆرشوێنیتری دونیاش کە ڕژێمی سیاسی هاوشێوەی ئێرانیان نیە بیکەی بە چەق و ئەرگیومێنتی سیاسی و میدیایی لە (حاڵەتە باشەکانیشدا) بەشێک لە ڕای گشتیشی پێ جۆش بدەی .
بەڵام ، هەڵبژاردنەکانی ئێران تایبەتمەندیەکی خۆی هەیە کە دەکرێ لە پرسیار و گرفتی سەرەکی ” مانەوە ” ی ڕژێمە سیاسیەکە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت . هەڵبژاردن لە ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان هەمیشە ڕۆڵی ئەو پەنجەرەیە دەبینی کە بۆ ماوەیەکی دیارکراو خولیای گۆڕین یان ” ڕوخاندنی ڕژێم ” بە ” چاک کردنی ”  ڕژێم درێژە پێدەدا . ئەوە کاکڵی لۆژیکی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە لە گەمەی هەڵبژاردن . لە بەرامبەردا ڕیفۆرمخوازەکان و جەماوەر هەیە کە هەریەکەیان لە بەرامبەر هەڵبژاردندا ئەندێشەو میتۆدی تایبەتی خۆی هەیە . ڕیفۆرمخوازەکان لە هەرە پێشکەوتنخوازەکەیان بگرە تا دەگاتە میانڕەوە نزیکەکان لە باڵی موڕشید هەرگیز خەیاڵی گۆڕینی ڕژێم لە ئەجێنداکانیان نیە ، ئەوان دەیانەوێ سیستەم تا ئەو ئاستە کراوەبێت کە جێگای ئەوان لە جومگەکانی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی زەمانەت بکا . جەماوەری ئێران ، بەشێکی بڕوای بە هەڵبژاردن هەیە کە دەنگ یان بە کۆنەپارێزان دەدا یان بە ڕیفۆرمخوازان ، بەشێکی هیچ بڕوای بە هەڵبژاردن نیە ، بەشەکەییتر بڕوای بە هەڵبژاردن نیە ولەگەڵ ئەوەشدا دەیقۆزێتەوە بۆ دانانی فشاری سیاسی و سەپاندنی داخوازی بەسەر کاندیدەکانی هەردوولا ، هەندێ جاریش دەیکا بە خاڵی دەست بردن بۆ بەڕێخستنی ناڕازایەتی پان و بەرینی سەرتاسەری دژ بە ڕژێم .
     خاڵیک کە بە ئاشکرا دیارە ، لە گەڵ هەر هەڵبژاردنێکی تازەدا بە کارهێنانی هەڵبژاردن بۆ درێژە دان بە ” مانەوە ” بەروبومی زۆرکەمترو تاڵترە . ئەم جۆرە لە سیستەم هاوشێوەی هەر ڕژێمێکی تری داخراو ، لەگەڵ جێگیر بوونی جومگەکانی تەنها سەرکوتگەر نابێت بۆ جەماوەر ، بەڵکو لە ئەنجامی گەشەی مێژویانەی خۆی جێگای ئەو کەسانەشی تیا نابێتەوە کە زادەی یان بنیاتنەر بوونە لە هەمان سیستەم و دەیانەوێ بە شێوازێکیتر ڕەنگی مانەوەی بگۆڕن . ئەم بێ نەفەسیە سیاسیە خۆخواردنی مسۆگەر لە مەیدانی پراکتیک و ئیدارەدان بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێ و دوور نیە بەر لە هاتنی خولێکیتری هەڵبژاردن لە ٢٠١٧ دا نەک تەنیا کەس فرمێسکەکانی ڕەفسەنجانی لە بیرمابێت ، بەڵکو موڕشیدیش دوا شینی خۆی بکا !

                                
                                                ئۆردوگان و تویتەر

      لە یەکێک لە کاردانەوەکانی ئۆردوگان بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی ئێستای تورکیا بریتی بوو لە هێرش کردنە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ، ئۆردوگان ووتی :- (( هەڕەشەیەک هەیە ناوی تویتەرە ، لە تویتەر ئەتوانی باشترین نمونەی درۆ بدۆزیتەوە ، لە لای من تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەربادترین هەڕەشەن بۆ سەر کۆمەڵگا )) . دیارە بە ووردبونەوەش لە ئەکاونتی ئۆردوگان لە تویتەر دەردەکەوێ کە لە ڕیزی کەسە یەکەمەکانی تورکیایە لە کردنەوەی ئەکاونت لە تویتەر و تەنانەت زۆر ئەکتیڤیش بووە لە بەکارهێنانی ! ئەی ئەو هەڵوێستە توندە چیە بەرامبەر تویتەرو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ؟ ڕاستیەکەی ئەوەیە ، تویتەر ئێستا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕی لە ئالیەتی بەڕێوەچوون و ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی تورکیاو ڕۆڵی سەرەکیشی هەیە وەکو میدیایەکی جەماوەری کە وەڵامی میدیای حکومەت دەداتەوە .
     خۆپیشاندانەکانی تورکیا ، ڕەگێکی لەسەر ئابوری و ئاکامە کۆمەڵایەتیەکانی ئەم ئابوریەدایە . کە لە ڕوخساردا گەشە سەندوو خۆدەنوێنێ ، بەڵام لە دونیای واقیعیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تواناکانی ژیانی چینە کۆمەڵایەتیەکانی خوارەوەو تەنانەت بەشێکیش لە چینی ناوەڕاست لە بەرامبەر هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی هەموو یەکەکانی گوزەران لاوازو پەراوێزتر دەکا . ڕەگێکی تری لەسەر شێوازی حوکمڕانیە ، ئۆردوگان و وەکو خۆی ، وەک حیزبەکەی ، وەک حکومەتەکەی ڕۆژ لە دوای تاکڕەوانەتر مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگە دەکەن ، بە تایبەتی لە جێگیرکردنی ناسنامەی ئاینی و جیهان بینی حیزب و بزوتنەوەکەی خۆیان لە ڕێگای دەرکردنی یاسای جۆربەجۆر .
      لە تورکیا ئەگەر کەمالیست بی یان نا ، چەپ بیت یان راستڕەو بیت ، جۆرێک یان فۆرمێکی ئەگەر زۆر لاوازیش بێت لە ئازادی تاک هەیە لە هەڵبژاردنی شێوە یان ستایڵی ژیان ، ئەوەی ئەکەپە و ئۆردوگان لەم دە ساڵەی دوایی کردیان لە بابەتی ؛ زیاد کردنی ئەو ئەکادیمیست و مێژوو نووسانەی کە ڕۆژێک لە زانکۆ وانە دەڵێن و ڕۆژەکەیتر لە دادگا وەڵامی تۆمەتەکانی تاوانبارکردنیان دەدەنەوە لە تێکدانی ئاسایشی وڵات ، پڕکردنی بەندیخانەکان بە ڕۆژنامەنووس ئەکتیڤیستەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، فشارێکی بەردەوام بوو بۆ چین و توێژەکانی کە دژ بەو خۆساپاندنەن ، ئەم فشارەش چاوەڕی ی هەڵوێستێک یا ڕوداوێک بوو کە خۆی نمایش بکا ، بە تایبەتی کە هێرش بۆ سەر ئازادیە شەخسیەکانیش  بە زنجیرەیەک یاسا جۆشی زیاتر کرد لە هەست کردن بە تاکرەوەی ، کە دوا یاسا یاسای مەی خواردنەوە بوو ، کە لە باری سەپاندن هیچ جیاوازی نەبوو لە گەڵ یاسای قەدەغە کردنی حیجاب لە سەردەمی ئەتاتورکدا .
    بە چاوپۆشین لە جدی بوون ،  ئۆردوگان لە پڕۆسەی ئاشتی لە گەڵ ئۆجەلان و چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە هەوڵی ئەوەدابوو بەرەیەک یان شەڕێک لە بەرامبەر چارەنوسی سیاسی خۆی و حیزبەکەی سارد بکات و وەکو سەرمایەی سیاسی بەروبومەکەی بخاتە گەڕ بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندە . ئەوەی ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێ کردنەوەی بەرەیەکی فراوانترو گەرمترە دژ بە هەمان چارەنووسی سیاسی  ئۆردوگان ، بە دڵنیایی ئەم بەرە تازە فراوانەش کە لە کەمالیستەوە بگرە تە سەندیکا کرێکاریەکان بەشداران ، هەرگیز بەوە سارد نابێت تویتەری لەسەر بکوتێت یان لە تی ڤی بڵێت ” خەڵکی بە ناڕەوا ناوم دەبەن تاکڕەو من لە خزمەتی ئەوان دام ” !

                                             تاریکی لە هەردوو سەری تۆنێڵەکە

       (بەرەی نوسڕە ) لە سوریا خرایە لیستی تیرۆرەوە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی . ئەم بڕیارە جێ ی دڵخۆشیە ، چونکە ئەگەر تەنیا لە ئاستی ئیعلامیش بێت ڕەنگدانەوەیەک نیشان دەدا بەرامبەر لایەنێکی بزوێنەرو بکەری توندوتیژی تاوانەکانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی . ئایا ئەم بڕیارە لەمەیدانی عەمەلیدا هیچ  کاریگەریەک لە کوشت و کوشتارو ئەو جەهەنەمەی سوریا دادەنێت ؟ سەرەڕای بایەخی بڕیارەکە ، بەڵام گومانی زۆر هەیە کە ئەم بڕیارە لە مەیدانی عەمەلیدا ، واتا لە شارو کۆڵانەکانی سوریا بتوانێ لە ئێستادا کاریگەریەکی زۆر دابنێ ، لەبەر دوو هۆی سەرەکی :
یەکەم / چونکە ئەو هێزە ئیقلیمیانەی لە بابەتی سعودیە وقەتەر پاڵپشتی مادی و لۆجیستی بەرەی نوسرە و چەندین میلیشیایتر دابین دەکەن پێویستیان بە درێژە دان و سەپاندنی مۆرکێکی تائیفیە بە سەر ئێستاو ئایندەی سوریا .
دووەم / سوپای ئازادی سوریا بە چاوپۆشین لەوەی چەندە نوێنەرایەتی ئایندەیەکی باشتر دەکا بۆ سوریا ( کە نایکا ) گیرۆدەی پەشێوی و سەرگەردانیە لە ئیدارەکردن و سەپاندنی دەسەڵاتێکی مەرکەزی بەسەر ئەو هەموو میلیشیا و ڕێکخراوانەی کە خۆیان لە ژێر چەتری سوپای ئازاد پێناسە دەکەن . خۆ پێناس کردن لە ژێر چەتری سوپای ئازاد دیسپلین نیە بە قەد ئەوەی بەشێکی گرنگی پەیوەستە بە مەرجی وەرگرتنی کۆمەک و یارمەتی و مەعاش و چەک .
یەکێک لە سیفەتەکانی شەڕی ناوخۆ ، بە تایبەتی ئەو شەڕانەی مۆرکێکی توندڕەوی تائیفی و ناسیۆنالیستی وەردەگرێت ، تەنها بریتیە لە فراوان کردنی بازنەی کوشتن و تۆقاندن . کاتێک هێزێکی میلیشیایی ناتوانێ لەبەرەیەکی دیاریکراو سەرکەوتن بە دەست بێنێت ، بێ سێ و دوو تۆڵە لە خەڵکی سیڤیل دەکاتەوە کە شەڕەکە کەوتۆتە ناوچەی ئەوان .ئەزمونی یوگسلاڤیاو لە نەوەدەکان و لیبیا و سوریاش لەم ساڵانەی دوایدا دەری خستووە کە تاوانی پەلاماردانی خەڵکی سیڤیل و توندڕەوی زیاتر بەرامبەر بە دیلەکانی یەکتر، سەد لە سەد دەچێتە سەر کاتێک ئەو میلیشیا دیارکراوە مسۆگەر نیە لە کۆنترۆڵ کردنی شارێک یان گەڕەکێک بە تایبەتی لە یەکەم ساتەکانی گەیشتنی بۆ ئەو ناوچەیە یان لە دوا ساتەکانی جێهێشتنی یان ڕاکردن لەو ناوچەیە بە هۆی پەلاماری هێزەکانی بەرامبەرەوە . ئەم دیاردەیە بە هێزبوونی زیاتری بە خۆیەوە بینیوە لە گەڵ زیاد بوونی ئاسانکاری وێنە گرتن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کوشتن و بڕین بە تایبەتی ئیعدام کردنی بە کۆمەڵ یان تاکی دیل یان خەڵکی گوندێک یان گەڕەکێکی دیاریکراو .
شێوازی کوشتنەکان لەوە دەرچووە وەسف و زمان بتوانێ نامرۆڤایەتی بوونیان وەسف بکا ، ڕیکۆردکردنی ئەو تاوانانە لە باری دەرونیەوە بەشێکی پەیوەندی بە توانای کپ کراوی ئەندامانی میلیشیاکان هەیە کە بارودۆخی جەنگ دەرگایان بۆ واڵا دەکا کە ئەو توندو تیژیەی پێ ی جۆش دراوە ڕێگایەک بدۆزێتەوە تا لە هەست و تەماحی سایکۆلۆژیەوە ببێ بە واقیع بەرامبەر بە دوژمن چ بە زیندووی چ وەکو تەرم ، چ وەکو پۆلە گەنجێک کە دەتوانی سەریان ببڕی ، چ وەکو کۆمەڵێک ئافرەت کە دەتوانی ئیختیسابیان بکەی ئینجا بیان کوژی ، ئەمە باری سایکۆلۆژی دیاردەکەیە . بەڵام ، دیوەکەیتری ڕیکۆردکردنی ڤیدیۆیی ئەو تاوانانەو بڵاوکردنەوەیان لە لایەن ئەو میلیشیایانە بریتیە لە تۆمارکردنی چالاکی و دۆکیومێنت کردنیان ، چونکە ئەمە ڕێگایەکەی کە ئەوانەی پاڵپشتی مادی و لۆجیستیان دەکەن بەردەوام بن لە پارەو چەک ناردن !
بە (مارکێت) کردنی شەڕی میلیشیایی و جیهادی ئەمڕۆ نیە دەستی پێکردووە . ئەفگانستانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دابەش کردنی چەک و پارەی CIA بە سەر موجاهیدەکان ، ئەم پیشەیەی کردە تایبەتمەندیەکانی ئەو جەنگانەی کە ئایدیۆلۆژی موتوربە کراوی ئاینی  ببێتە سەرخان و پەرچەمی خوێناوی ئەجێندایەک لە چارەنوسی وڵاتێک کە هاوکێشەیەک دروست دەبێ :- سەرێکی پارەیە سەرەکەیتر کوشتنە ! کە دەشڵێین پارە تەنیا مەبەست کاش نیە ، بەڵکو چاوپۆشینیشە لە ڕێگاکانی پەیداکردنی پارە ، ئەمڕۆش لە سوریا هەموو کەسێک بۆی  هەیە بازرگانی بە چارەنووسی مرۆڤ بکا چ  زیندوو چ وەکو تەرم لە ماركێتێکی گەورە کە ناوی نراوە ” ئازاد کردنی سوریا ” .

بۆ ئاڵوگۆرکردنەوەی سەرنج و بابەتەکانتان لەگەڵ نووسەر سەردانی لاپەرەکەی بکەن لە فەیسبوک:

https://www.facebook.com/pages/Rzgar-Omer-%DA%95%D8%B2%DA%AF%D8%A7%D8%B1-%D8%B9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%B1/448966521864472
ڕزگار عومەر 

Previous
Next

Leave a Reply