Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ئێستا پێویستە هەموان یەکگرتووی ئیسلامی بین

ئێستا پێویستە هەموان یەکگرتووی ئیسلامی بین

Closed
by May 23, 2012 گشتی

 

 
بە جیا لەوەی کە چۆن لە یەکگرتووی ئیسلامی دەڕوانین و جیاوازی فیکری و سیاسی و چۆنێتی تێروانین و دنیا بینیمان لەگەڵ ئەم هێزە سیاسییەدا، هەیە، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر هەیە و دەبێت دانی پێدا بنێین، ئەویش ئەوەیە، کە ئەوەی لە کۆنگرەی یەکگرتودا ڕویدا(ئاڵوگۆڕکردنێکی ئاشتیانەی دەسەڵاتی کەسی یەکەمی حزبێک)، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی سیاسی دونیای ئێمەدا، خاڵێک کە پێدەچێت جێپەنجەی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، بۆ داهاتوویەکی دورمەودا، جێبهێڵێت.
ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتی کەسی یەکەم بە ئاشتیانە و بی جیابونەوە و لێکترازانی هێزێکی سیاسی کوردی کارێکی ئاسان نییە و نەبووە، چونکە سەرۆکەکان و کەسە یەکەمەکانی هیزە سیاسییەکانی ئێمە هەمیشە خۆیان بە زەرورەت زانیوە، بۆیە زۆربەیان بەسەر کورسییەکەیانەوە گیانیان سپاردووە، بۆیە یەگرتووی ئیسلامی ئاوێکی ڕشت، کە ئیدی هێزە سیاسییە کوردییەکان ناتوانن بە ئاسانی بازی بەسەردا هەڵدەن و پێی تینەخەن.
جوانترین گەمەی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی لەم کۆنگرەیەیانەدا، جگە لەوەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بوو لە سەڵاحەدین بەهادینەوە بۆ محەمەد فەرەج، بوونی چەند کاندیدێک بوو بۆ پۆستی ئەمیداری گشتی، چونکە بوونی چەند کاندیدێک بۆ پۆستێکی لەو جۆرە، مانا ڕاستەقینەکەی سیاسەت دەخاتە ڕوو، کە مرۆڤەکان بۆیە سیاسەت دەکەن بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، بە مانایەکی تر بوونی چەند کاندیدێک، واتای کێبڕکێی گرتنە دەستی دەسەلاتی یەکەم لە نێوان چەند کەسێکدا.
بەڵام پێش ئەم هەوڵەی یەکگرتوو( بوونی چەند کاندیدێک بۆ پۆستی ئەمینداری یەکگرتوو)، هەمیشە سەرۆکەکان پێیان دەوتین، کە ئارەزووی دەسەڵاتمان نییە، بەڵکو پێوستی کورد و کوردستان وایکردوە کە ئیمە ئەم پۆستە وەربگرین، وە ناخوازین کەسی یەکەم بین چونکە چەرمەسەری زۆری تیدایە، کە ئەمەش درۆیەکی گەورە بوو لەگەڵ ئیمەدا دەیانکرد، بۆیە یەکگرتوو لەم کۆنگرەییەدا هەموو ئەو قسانەی کردە بڵق.

دیارە ئەبێت جیاوازییەک بکەین لە نێوان یەکگرتوو و وە باقی هیزە سیاسییەکانی تری کوردستان، چونکە یەکگرتوو، جگە لەوەی هێزێکی زۆر باش ڕێکخراوە لەپەیوەند بە ڕێکخستن و جۆری ڕێکخراوەیی و دیسپلینی حزبییەوە، ئەم هێزە یەکەمین هێزی سیاسی کوردییە لە مێژووی نوێندا کە توانی هیزی چەکداری نەبێت و بە شێوەیەکی مۆدێرن خەباتی سیاسی خۆی بکات.
یەکیک لەو جوانیانەی تری کۆنگرەی ئەم هێزە سیاسیەی ناوی یەکگرتووە، شەفافیەتی کۆنگرە و دەنگدانی ئەندامانی کۆنگرە بوو بە کاندیدە جیاوازەکان ( واتا لە خولی یەکەمی خۆپاڵاوتنەکەدا هیچ کاندیدێک دەنگی ڕەهای ئەندامانی کۆنگرەی نەهێنا)، واتا پێشوەخت کاندیدەکان نەیاندەزانی کە کێ دەردەچێت، بە مانایەکی تر دەنگدانی ئەندامانی کۆنگرە بە کاندیدەکان شانۆگەریەک نەبوو، کە پێشوەخت ئەنجامەکەی زانرابێت و تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک پرۆسەی دەنگدان ئەنجام بدەن.
ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵاتی کەسی یەکەمی یەکگرتووی ئیسلامی، جگە لەوەی کە هەم بۆ ئەو هێزە و بۆ ئەزمونی حزبایەتی کارێکی بێ وێنە بوو، پێدەچێت کێرڤی دەنگدەرانی یەکگرتووش بەرز بکاتەوە، بەتایبەتی لە نێو گەنجان و خوێنەوارەکاندا، چونکە یەکگرتوو بەم کارەی ئومیدێکی بەخشیوە بە گەنجان، کە دەکرێت هێزێکی سیاسی بیت لەناو هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئەو کلتورە قێزەونە تێکبشکێنیت کە سەرۆکەکان دەبێت بەسەر کورسی دەسەڵاتەوە ملیان لارببێتەوە و بمرن، ئەم کارەش وەک تازەگەرییەکی کایەی سیاسی دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی دەنگدەران بە یەکگرتوو. کە ئەمەش گەشبینییەک بۆ داهاتووی سیاسی ئەم هێزە دابین دەکات و ئەگەر هێزە سیاسییەکانی تر بە خۆیاندا نەچنەوە، ئەوا دوادەکەون و ئەو کات ئایندەی سیاسی یەکگرتوو لە هەموو هێزە سیاسییەکانی تر ڕۆشنتر دەبێت.
لە ئێستادا تەنها گریمانەیەک کە لێی بترسین لە پەیوەند بە داهاتووی یەکگرتووەوە، ئەو پرسیارەیە، کە ئایا تا چەند کاریگەری و هەیمەنەی ئەمینداری پێشووی یەکگرتوو دەبینین بەسەر ئەمیندارە نوێکەوە، یاخود بەسەر سیاسەت و داڕشتنی پلان و ستراتیژ، کارنامە و دیسپلین، تەکتیک و تەکنیک، کرانەوە و تۆکمەبوون، بازدان بەسەر باڵباڵێنە و بەردەوامی دان بە شەفافیەت، کرانەوە بەرەوڕوی کەسانی غەیرە ئیسلامی، جۆری تێڕوانین بۆ مرۆڤ و دین و دونیا، ئالیەتی کارکردن بە کەرەستە سیاسییەکان و داڕشتنی سیاسەتێک کە بگونجێت لەگەڵ کۆمەڵگای ئێمەدا و ڕەوینەوەی ترس و گومانی خەڵکانی غەیرە ئیسلامی. ئەگەر بێت و یەکگرتوو بتوانێت هەیمەنەی ئەمیداری پێشوو وەلا بنێت و وەک ئەندامێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دا بکات ( یان خانەنشین بکرێت)، وە پاشان ئەمینداری نوێ بتوانێت دونیابینی خۆیمان بۆ پراکتیزە بکات لە کارو بەرنامەی یەکگرتوو، ئەوا گومانی هەیمەنەی ئەمیداری پێشووش دەڕەوێتەوە، ئەو کاتە ناچار دەبین بڵێین هەموان یەکگرتووی ئیسلامین، بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەو جیاوازییە فیکری و مرۆڤی و دینییەی لەگەڵ ئەم هیزەدا هەمانە.

Arei1976@hotmail.com
ئەم وتارە لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ژمارە ٣٢٥ دا بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.