Skip to Content

Monday, September 28th, 2020

ئێما گۆڵدمان، ژنێك کە ڕووی لە خوا، مێرد و کۆیلەتی وەرگێڕا!*

Comment
by April 8, 2008 گشتی

نووسینی ناهید نوری- شهرزاد نیوز……
و. لە فارسییەوە: هەژێن………

شهرزاد نیوز: "من ئازادیم دەوێت، ئازادی ڕادەربڕین، مافی بەهرەمەندبوون لە شتە جوان و شادیبەخشەکان بۆ هەمووان. ئێما گۆڵدمان وتەبێژ و نووسەرێکی بەتوانا بوو و بە ورەبەرزییەوە بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی پەیوەندی سێکسی و ئازادی لە ڕێگری لە سکپڕبوون، یەکسانی و سەربەخۆیی ژنان، پەروەدەی ڕادیکاڵ، مافی پێکهێنانی سەندیکا و مافەکانی کارگەران دەکرد.

هەر لەم ڕوەشەوە، ڕكوکینەی دەسەلاتدارانی دەوروژاند. وی، بە " زۆر مەتریسدار" و یەکێك لە دوو ئانارشیستە مەترسیدارەکانی ئامەریکا، چەندین جار کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و دەستگیر کرا.

سەردەمی منداڵی

ئێما گۆڵدمان لە 27 جونی 1869 لە کوڤنۆ ی لیتوانیا لە خێزانێکی (ghetto) یەهوودیدا لەدایك بووە. ئەزمونی منداڵی وی پڕبوو لە توندوتیژی بەرامبەر ژنان، توندوتیژی زەویداران بەرامبەر جوتیاران، ستەمگەری دەوڵەتی گەندەڵ و دژایەتی یەهودییەکان.

چوارساڵ لە فێرگەی سەرەتایی یەهوودییان لە شوێنی لەدایکبوونی داپیرەی، گونیگزبێرگ، خوێندی. لە سێزدە ساڵیدا خێزانەکەیان ماڵیان گواستەوە بۆ سانت پیتەرزبۆرگ و شەش مانگ دواتر لەگەڵ خوێندکارانی ڕادیکاڵ و بۆچوونە شۆڕشگێڕییەکان  ئاشنا بوو.

لەوێ دەستی بە خوێندنەوەی نووسینی پۆپۆلیستەکان و نیهیلیستەکانی (nihilism) ڕووس کرد. بەڵام باوکی دەویست هۆگری وی بۆ ئازادی تێك بشکێنێت. بە بۆچوونی وی: « ئەو شتانەی کە کچانی یەهوودی دەبوو فێری ببن، ئەوەبوو کە چۆن ماسی لێبنێن (دروستکردنی خواردنی ماسی)، بڕشتە بە ڕێکوپێکی ببڕن و مناڵی زۆر بۆ مێردەکانیان بێننە ژیانەوە». لەم ڕووەوە، ڕێگری لە درێژەی خوێندنی وی کرد. لەبری ئەوە ناردی بۆ کارکردن لە کارخانە و هەوڵیدا لە پانزدە ساڵیدا ناچار بە شووکردنی بکات.

هوشیاری ڕامیاری

ئێما گۆڵدمان و خوشکەکەی بە خەونی دونیای پڕ لە یەکسانی، دادپەروەری و ئازادی لە ساڵی 1885دا لە ڕوسیەوە بەرەو ئامەریکا هەڵهاتن. ئێما گۆڵدمان لەگەڵ گەیشتنی بە «وڵاتی ئازادی، پەناگەی تەواوی سەرکوتکراوانی ولاتان» دڵخۆش بوو و بیری دەکردەوە "ئێمەش لە دڵی گەورەی ئامەریکادا شوێنێك بەدەست دێنین". بەڵام کەتواری ویژدانتەزێنی ژیانی کارگەران لە ئامەریکا بە خێرایی هیواکانی کردە نائومێدی. لە کارخانەیەکدا وەرگیرا، گەرچی هەلومەرجی کارکردن لە چاو ڕوسیە باشتر بوو، بەڵام شێوازی کار خێراتر بوو، پەیڕەوی کارکردن دژواتر بوو و ئێما گۆلدمان بۆ دە کاتژێر و نیو تەنیا دوو دۆلار و پەنجا سێنتی وەردەگرت. ژیانی خێزانی نشینگە یەهوودییەکان، بە هەمان ئەندازەی ڕوسیە تەنگ و بەرتەسك بوو.

ڕوداوێك بە خێرایی هوشیاری ڕامیاری لە ئێما گۆڵدمان دا وروژاند. لە 4 ی مانگی مای 1886دا، هەڵسوڕاوانی کارگەری و رادیکاڵ لە شیکاگۆ خۆپیشاندانێکیان بەڕێخست تاوەکو ناڕەزایەتی بەرامبەر سەرکوتی بێپەردەی مانگرتن لەلایەن پۆلیسەوە دەربڕن. کاتێك کە پۆلیس هەوڵیدا ڕێگری لە خۆپیشاندانەکە بکات، بۆمبێك تەقییەوە، ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون و پۆلیسێك کوژرا. لە تێکهەڵپژانی دواتردا، ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران، بە زۆری بەهۆی تەقەکردنی پۆلیسەوە کوژران و 6 پۆلیسیش بە سەختی بریندارکران.

پۆلیس و بڵاوکراوەکان چەندین ئانارشیستی ناسراوی (شیکاگۆ)یان بە تەقاندنەوەی بۆمبەکە تاوانبار کرد. سەرەرای نەبوونی بەڵگەی پێویست، هەشت کەس سزادران، کە سزای حەوت کەسیان، لەسێدارەدان بوو. چوار کەسیان لە 11ی نۆڤەمبەری 1887دا لە سێدارەدران. سزای دوو کەسی تریان بە زیندانی هەمیشەیی کەمکرایەوە و کەسێکیان خۆی کوشت. ئێما گۆڵدمان بە دڵنیابووی لە بێتاوانیان، دەستی بە خوێندنەوە کرد و بەخێرایی گۆرا بە ئانارشیستێکی باوەڕپتەو. بە پێچەوانەی وێناکردنی گشتییەوە، شێوەی بنەڕەتی هەڵسورانی ڕامیاری ئێما گۆڵدمان، پەروەردە بوو نەك توندوتیژی. وی بۆ وەستانەوە بە ڕووی سیستەمی ڕامیاری ئەو کاتە و ئامادەکردنی خەڵك بۆ شۆڕش، سوودوەرگرتن لە قسەکردنی پێباشبوو.

وتاردان و نووسینەکانی

ئێما گۆڵدمان دەهەی دواتری بۆ ڕاگەیاندنی کۆمەڵگەی ئامانجی خۆی تەرخانکرد. لە ساڵێکدا چەندین جار بەسەرتاسەری ئامەریکادا گەشتی دەکرد و بە زمانی ئاڵمانی، عیبری و ئینگلیزی وتاری دەدا، وتارەکانی لەمەڕ بابەتگەلی وەك ئانارشیزم، ڕامیاری، ئازادی بەرگرتن لە سکپڕی، ئازادی ئابوری ژنان، پەروەردەی ڕادیکاڵ و دژایەتی جەنگەوە بوون. هەروەها وی نامە و وتاری جۆراوجۆری دەنووسی. یەکەمین بەرگی پەرتووکەکەی لە ساڵی 1910دا بەنێوی «ئانارشیزم و وتارگەلی تر» بڵاوکردەوە. تێڕوانینەکانی لەمەڕ شانۆی هاوچەرخ لە ساڵی 1914دا لە ژێر ناونیشانی «گرنگی کۆمەڵایەتی درامای هاوچەرخ» بەچاپ گەیاند.

ساڵی 1906، بە سروشوەرگرتن لەو تێڕوانینەی « کە کوشندەترین هۆکار لە کۆمەڵگەدا، نەزانینە» بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ڕامیاری و ئەدەبی خۆی بەنێوی " دایکە زەوی" دەستپێکرد و تا ساڵی 1917 بەردەوام بوو.

ڕێڕەو «مەزهەب»

وی لە سالانی پێگەینندا بۆی دەرکەوتبوو کە ئامانجەکانی ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕێسای دێرینەی یەهودی، کە پێ لەسەر دادپەروەری جیهانی دادەگرێت. بەلام یەهودیبوونی وەك ڕێڕەوێك ڕەتدەکردەوە و باوەڕی وابوو کە ڕێڕەو لەخۆیدا سەرکوتگەرە. وی وێنای دونیایەکی دەکرد کە شوناسی مرۆیی شوێنی باوەڕە مۆڕالییەکان، نەژادی و ڕێڕەوییەکان دەگرێتەوە. ئێما گۆڵدمان سەرەڕای ڕەخنەی توندوتیژی لە سەهیۆنیزم لە دەهەی 1930دا بە هۆی هەڵویستەی لەسەر « پێداویستی نائومێدانەی ملیۆنان مرۆڤ کە بەرەبەرە لەنێودەچوون» لەگەڵ هەوڵی یەهوودییەکان  بۆ نیشتەجێبوون لە فەلەستین هاودەردی خۆی نیشاندا، بەڵام بەمەرجێك کە ڕێز لە نیشتەجێیانی ئەو سەرزەمینە بگرن.

مافی ژنان

ئێما گۆڵدمان لە ساڵی 1897دا نووسی: " من خوازیاری سەربەخۆی ژنانم. مافی ئەوان بۆ پارێزگاری لە خۆ، بۆ بۆخۆ ژیان ،  بۆ ئەوینداری لەگەڵ هەرکەس کە دەیانەوێت، هەرچەند جارەی دەیانەوێت." بەپێچەوانەی زۆرێك لە ئانارشیستەکانی ئەودەم کە وا بیریان دەکردەوە کە ستەم لە ژنان بە دامەزراندنی کۆمەڵگەی نوێ لەنێودەچێت، ئێما گۆڵدمان پێیوابوو کە ژنان بەدەست ستمەگەلی تایبەتەوە ئازاردەچێژن کە هۆکاری تایبەتی خۆیان هەیە. وی لە تەواوی سەردەمەکانی هەڵسورانی خۆیدا، پێداویستی ژنان بە ڕزگاری ئابوری، کۆمەڵایەتی و سێکسی پێشنیاردەکرد. بە تێڕوانینی وی، خێزانی پیاوسالارانە، ستەمی سێکسی و گیروگرفتی دارایی لە ڕێوشوێنی ژێردەستی ژناندا ڕۆڵیان هەیە و ڕێگری بوژانەی تاکایەتی ئەوان دەبن، هەروا ئێما لە خەباتدا بۆ بەدەستهێنانی ئامرازگەلی بەرگرتن لە سکپڕی، بووبووە ڕوخساێکی دەرکەوتوو.

ئێما گۆڵدمان چەندین جار لەسەر پێشنیارکردنی تێڕوانینەکانی لەم بوارانەدا دەستگیرکرا. هەروەهالەگەڵ بزووتنەوەگەلی ژنان کە بە کۆنەپارێزی دەزانین، نەیاری دەکرد. وی دژی تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدانی ژنان و کردنەوەی دەرگەی کارەپیشەییەکان بەڕووی ژناندا بوو و پێیوابوو کە پەرە بە خۆشباوەڕی بە چاکسازی لەم سیستەمە گەندەڵە دەدەن. بە تێڕوانینی وی، ئەمانە دەبنە هۆی بەلاڕێدابردنی ژنان لە خەباتە گرنگ و سەرەکییەکەدا: پێشکەوتنی ژن، ئازادی ژن،  سەربەخۆی ژن، دەبێت لە دەرونی خۆیەوە سەرهەڵبدات. سەرەتا بە خستنەڕووی خۆی وەك کەسایەتییەك نەك وەك یەك کاڵا. دووەم، ملنەدان بە مافی کەسانی تر بەسەر جەستەی خۆیدا؛ … بە سەرپێچی لە کۆیلەتی خوا، دەوڵەت، کۆمەڵگە، مێرد، خێزان و هیتر … بە ڕزگاربوون لە کۆتی قسەی خەڵکی و ڕێساکۆمەڵایەتییەکان».

ئەوین و پەیوەندی سێکسی

بەپێچەوانەی هەندێك لە هاوڕێکانییەوە، کە لە رامیاریدا رادیکاڵ بوون و لە ژیانی تایبەتیدا کۆنەپارێز، پێیوابوو کە مرۆڤ دەبێت بەبێ هیچ جۆرە سنووربەندییەك بچێتە پای پەیوەندییە سێکسییەکان و چێژیان لێوەرگرێت، کە ئەمە پەیوەندی بە تێڕوانینەکانی لەمەڕ ئازادی بێسنوور و ئەزموونی هاوسەری سەرنەکەوتووانەییەوە هەبوو. وی لە ساڵی 1889دا وتی : " ئەگەر ڕۆژگارێك ئەوینداری پیاوێك ببم، بەبێ هاوسەری باو و دانپێدانراو تێکەڵ بەو دەبم، کاتێك کە ئەم ئەوینە مرد، بەبێ مۆڵەت بەجێیدەهێڵم".

بەهۆی بەرگریکردنی لە هاوسێکسبازان ڕووبەڕووی هەندێك نەیاری تەنانەت لەناو  ئانارشیستەکاندا بووەوە، کە پێیانوابوو وەها تێڕوانینگەلێك دەبنە هۆی سەرهەڵدانی دژایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی ئانارشیستی. ئەوی بڕوادار بە پێداویستی ئەوین و پەیوەندی سێکسی بۆ بەدەستهێنانی کەسایەتی و بەرەوپێشچوونی کارەکەی، لەسەرتاسەری تەمەنیدا بەسەرهاتی ئەویداری گەرموگوڕی هەبوو. درێژترین و گەرمترین پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەی ، «بۆن ریتمان» بوو کە وەها هەستگەلی سێکسی لە ویدا چێکرد، کە هەندێك کات سێبەری بەسەر لایەنی هۆشمەندی و شیکەرەوانەیدا دەکرد. ئێما بۆ وی نووسی " تۆ دەرگەکانی زیندانی ژنبوونی منت کردونەتەوە. گشت ئەو هەستگەلەی کە ئەم هەمگە سالە لەمندا تێر نەبووبوون، هەروەك شەپۆلی تۆفانیی دەریایەکی هەڵچوو سەریان دەردێنا".

خەبات دژی جەنگ و وەدەرنان (وڵاتبەدەرکردن)

بە بەشداریکردنی ولاتەیەکگرتووەکانی ئامەریکا لە جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1916دا، ئێما گۆڵدمان تەواوی وزەی خۆی خستە پێناو دژایەتی ئامادەکاری لەشکری دەوڵەت. ئەگەرچی وی پاسیڤیست (ئاشتیخواز) نەبوو، بەلام پێیوابوو کە دەوڵەت مافی ئەوەی نییە جەنگ هەڵگیرسێێت. سەرەڕای تێڕوانینی وی، جەنگ جیهانی یەکەم، دیمەنی خراپترین لایەنەکانی جەنگی هاوچەرخ (مۆدێرن) بوو: لە ڕوانگەی وییەوە ئەمە جەنگێك بوو کە سەرمایەداران بە هەزێنەی کارگەران و چەوساوان هەڵیانگیرساندووە. دوڵەت لە ساڵی 1917دا لەبەر چالاکی دژی جەنگ گۆڤاری « دایکە زەوی» قەدەخەکرد.

لە 15ی جونی 1917دا کاتێك کە ئێما گۆڵدمان و ئەلێکساندەر بێرکمان بە تۆمەتی ئاژاوەنانەوە دەستگیرکران و بە دووساڵ زیندانی و وڵاتبەدەرکردنیان پاش ئازادبوونیان لە زیندان سزا دران. سێپتەمبەری 1919 دەستبەجێ پاش ئازادبوونیان لە زیندان، دووبارە دەستگیرکرانەوە و  لە 21 سێپتەمبەری 1919دا، لەگەڵ ئەلێکساندەر بێرکمان و 247 رادیکاڵی بیانی تردا، بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەرکران. بەڵام ئەم وڵاتە کە سەرەتا هیوای زیادی پێی بوو، چاوەڕوانییەکانی نەهێنایەدی و پاش بیست و سێ مانگ، ئەم دوو ئانارشیستە سۆڤیەتییان جێهێشت.

دوورخستنەوە

ئێما گۆڵدمان بێجگە لە گەشتێکی نەوەد ڕۆژە لە ساڵی 1934دا بۆ ئامەریکا، باقی تەمەنی خۆی لە سوید، ئاڵمان، فەرەنسە، بریتانیا، ئەسپانیا و کەنەدا لە گەران بەدوای «یانە»ی رامیاری تازەدا بردەسەر. وی بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتنامەی نیشتەجێبوونی بریتانیا لە ساڵی 1925دا لەگەڵ کارگەرێکی کانەکان خەڵکی وێلس هاوسەری کرد. لە دەهەی 1920دا و 1930دا کە گیروگرفتی ئابوری زۆروزەبەند و دوورخرانەوەی چالاکییە رامیارییەکانی کەمکردبووەوە، فرەتر ڕووی لە نووسین نا. لە ساڵی 1931دا پەرتووکێکی هەزار پەڕەیی بەنێوی «ژیاندنی ژیانی من- Living My Life» بڵاوکردەوە. لە سەرەتای دەهەی 1930دا دەرکی مەترسی لەڕادەبەدەری فاشیزم و نازیزم کردبوو. سالانی دواتر فرەتر بە خستنەڕووی مەترسی هیتلەر و فاشیستەکان خەریك بوو.

لە جونی 1936دا کە جەنگ نێوخۆی ئەسپانیا هەڵگیرسا، ئێما گۆڵدمان بە گەرمی و ورەیەکەوە کە وەبیرهێنەرەوەی ساڵانی یەکەمی هەڵسوڕانی بوو لە ئامەریکا، تێکەڵی بوو. ئانارشیستەکان لە هەندێك بەشی ئەسپانیا خۆشەویستییەکی فراوانیان بەدەستهێنابوو و کاتێك کە گۆڵدمان سەردانی شار و کێڵگە سۆشیالیستییەکان (هەرەوەزییەکان)ی لە «ئاراگۆن و لوانتە»ی کرد، بەدیتنی شتێك کە بە تێڕوانینی وی سەرەتای شۆڕشێکی ڕاستەقینەی ئانارشیستی بوو خۆشی و گەشکە دایگرتبوو. پاش سەرکەوتنی فرانکۆ لە ئەپریلی 1939دا، چووە کەنەدا و لەوێ کەوتە سەرپەرشتیکردنی پەنابەرانی ئەسپانی.

ساڵی 1940 بەهۆی وەستانی دڵەوە (سەکتە) چیتر نەیتوانی قسە بکات. پاش مردنی لە 14ی مای 1940دا، تەرمەکەی مۆڵەتی درایێ بچێتەوە خاکی ئامەریکا. گۆڕی ئێما گۆڵدمان لە شیکاگۆ لە نزیکی گۆڕی ئانارشیستەکانی راپەڕینی « هایمارکت»ە کە سروشبەخشی وی بوون. هاری وینبێرگەر پارێزەر و هاوەڵی وی، لە بەگۆڕسپاردنەکەیدا وتی: " تۆ بۆ هەمیشە لە دڵی هاوەڵەکانتدا زیندووی و بەسەرهاتی ژیانی تۆ تا کاتێك کە بەسەرهاتی ژنان و پیاوانی ئازا و ئامانجداری بگێڕدرێتەوە، زیندوو دەمێنێتەوە".

* مەبەست لە وەرگێڕانی ئەم ژیاننامەیە، ناساندنی ئەم کەسایەتییە شۆڕشگێڕە و ئاشناکردنی خوێنەرانی کوردە بە بەرهەم و نووسینەکانی، نەك پیرۆزکردن و بە بتکردنی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، چونکە هاودەمی وی. هەزاران شۆڕشگێڕی گومناو بە خوێن و خەباتی خۆیان ئەو زەمینەیان لەبارکردووە، کە ئێما گۆڵدمان و دەیانی وەك ئەو بتوانن خامەکانیان ئازادانە هزر و بۆچوونی خۆیان دەربڕن؛ بە واتایەکی تر ئەگەر خوێن و خەباتی ئەو هاوڕێ گومناوانە نەبوایە، بەرهەمەکانی ئێما گۆڵدمان و کەسانی دیش لەدایك نەدەبوون. و.ك

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە فارسی کلیکی ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە:
سەرچاوەی لێوەوەرگیراو

بۆ خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئێما گۆڵدمان، کلیکی ئەم بەستەرەی خوارەوە بکەن:
پەرتووك، گۆڤار، وتار، نامەکانی ئێما گۆڵدمان

بۆ پەیوەندی و خوێندنەوەی بابەتەکانی تری وەرگێڕ کلیکی ئەم بەستەرانەی خوارەوە بکە:
پەیوەندی لەگەڵ وەرگێڕ
بابەتەکانی تری وەرگێڕ

 

 

Previous
Next

Leave a Reply